لە ئێستایەکی بێ شۆکدا

518
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

شۆڕبوونەوە بۆ ناو بازنە داخراوەکانی پەژارە دیاردەیەکی مەترسیدارە بۆ هەر نەتەوەیەک کە گوزارشت لە بوونی خۆی بکات لەناو ئێستای ژیانی مۆدێرمی مرۆڤایەتی لە هەر کوێیەکی ئەم زەمینە بێت. پرسی هیچگەرایی و بەنەفرەت بوونی خود دیاردەیەکی زاڵی ژیانی ڕۆژەڤی تاکی کوردە لەناو ئەزموونێک کە زۆرێک لە بیریاران پێیان وایە لەسەر ڕێگەی شکست بێت کە ئەویش ئەزموونێکە بەناوی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتێکی بە ناو عێراق کە وەک مێزی یاری پۆکەر هێزە ناوچییەکان یاری لەسەر چارەنووس و چیرۆکەکانی شکست و سەرکەوتنی دەکەن. لێرەدا سەرباس باسی ئیمڕۆی تاکی کوردە بەرانبەر پرسی شۆک و تێگەیشتنی بەرامبەر بە شۆکبوون. شۆکبوون وەک ئەکتێک لە کایەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا. لێرەدا بە هێنانە پێشی گوتەیەکی سیاسەتڤان و ڕۆمانوسی ئەمەریکی « جۆن فیفەر» لە ڕۆمانی زانستی (Splinterlands) بابەتەکەمان سەرپێ دەخەین، جۆن فیفەر لە ڕۆمانەکەوە گوزارشتێک دەخاتە ڕوو بەوەی کە “ئیمبراتۆریەتەکان سروشتی هەرزەکاریان هەیە و پێیان وایە دەتوانن جاویدانبن و بۆ هەمیشە بژین.؛ بێ ئاگان لەوەی لە جیهانی جیۆپۆلەتیک و بایۆلۆژیدا هەرگیز ڕێکەوتی بەسەرچوون دیار نییە بۆ پێدراوەکان! بۆیە لێرەدا ئەستەمە جیاکارییەک بکرێت لەنێوان گەشەکردنی ئازارەکان و زەقبوونەوەی پرسی مەرگ لە ژیاندا، هەر بۆیە کاتێک کۆتایی دێت هەمیشە شۆکێکی لەگەڵ خۆی پێیە کە چاوەڕواننەکراوە”.

تاکی کوردی لە چوارچێوەی ئەم ئەزموونەدا تەنانەت توانستی درک کردن بە کۆتاییە شۆکهێنەکانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان لەدەست داوە. ناتوانێت چیتر شۆکبێت، بەڵکو شۆکبوونی زیاتر بەرەو دیاردە میتافیزیکییەکان ئاراستەکردووە. لە ئێستادا وەک مرۆڤێکی ڕۆبۆرتی پڕۆگرامکراو بەهەلپەرستی خۆی بەڕێوەدەبات تاکو ئەو جێگایەی کە ئیتر درک بەوە دەکات چیتر ناتوانێ بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت پرسی هەڵهاتن و ئامادەکاریەکانی بۆ ئەو پرسە کارگێڕدەکات. ئیتر هەر لە کڕێنی پاسۆپۆرتی بیانیەوە بێت هەتاکو هەڵهاتن لەژێر ناوی کۆچی زانستیدا.  هەر لەم ئاراستەیەشەوەیە کە لە ئێستادا تاکی ئێمە شۆک نابێت، شۆک نابێ بەوەی کە پەرلەمان بوونی نیە، هەڵبژاردن دەکرێت یاخود نا؟ یاخود تەنانەت هەڵوەستەش وەرناگرێت لەسەر سکانداڵەکانی گەندەڵی بەرپرسان و هەڵکشانی دیاردەی توندوتیژی و نەمانی بەهای کۆمەڵایەتی و نەتەوەی ، تەنانەت شۆک نابێ بە ئاشکرابوونی گەورەترین کارگەی مادەی هۆشبەر لەم ناوچەیەدا کە بەشێنەی تاک بەرەو خاڵیبوونەوەی بەها و مرۆڤبوونی خۆی ئەبات. ئەم جۆرە لە چیرۆکی تاک تەنها وەک جۆرێک لە نمایشی کات بەسەر بردن تەماشای دەکات ئەگەر چی ئازاریش بچێژێت تێیدا!

لە چواچێوەی ئەم نووسینەدا، نموونەیەکی گرنگ دەخەینە بەرباس ئەویش سکانداڵ و ئابڕووچونی شازادە ئاندرۆیە لە کۆمەڵگایەکی زیندوی ئینگلیزیدا. کاتێک شازادە ئاندرۆ بۆیەکەم جار لە دادگا لەلایەن یەکێک لەو قوربانییانەی کە دەسترێژی سێکسی کردبووە سەری بەناوی « جوانا سیۆبێرگ» سکاڵای لەسەر کرا. بووە هۆکاری ئابڕوچونێکی گەورە لەسەری و  شاژنە ئەلیزابێس سەرجەم نازناوە شاهانەییەکانیشی لێسەندەوە. نەک ئەمە بەتەنها بەڵکو  نەشیتوانی لە چاوپێکەوتنێکی دامەزراوەی میدیایی BBC بەباشی وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس (سام ماکاليستر) بداتەوە لەسەر دۆسیەی تێوەگلانەکانی لەگەڵ ملیاردێری ئەمریکی جێفری ئیبستن کە ئەویش هەر بۆخۆی سکانداڵێکی شۆکهێنەری جیهانی بوو لەسەر دروگەی ئیپستن یان (دورگەی چێژ) و دەستدرێژیکردن بۆسەر منداڵی خوار تەمەن هەژدە ساڵ. چیرۆکی ئابڕوچوونی شازادە ئاندرۆ لەلایەن کۆمپانیای نێتفلێکس فیلمێکی فیلمێکی بەڵگەنامەی بەهێزی بەناوی (Scoop)ی لە ٢٠٢٤ لەسەری بەرهەمهێنرا. کەئەمەش بۆ خۆی بووە نموونەی پەندێک لەناو کۆمەڵگا زیندووە مۆدێرنەکاندا. کە ئەگەر چی لە خێزانێکه بەهێز و بەناوبانگیش بیت هێشتا ناتوانی لەبەرامبەر پرسی شۆکبوونی کۆمەڵی خەڵک و میدیای زیندوو دەربازببیت. بۆیە گرنگە لێرەدا تاک ئەو پرسیارە لەخۆی بکات بۆچی من شۆک نابم کە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتم بە نموونەی ئاندرۆ و ئیپستنەکان تەنراوە کەچی بۆمن هێشتاکە بابەت نیە؟ مەترسی ڕاستەقینە لێرەدا ئەوەیە کاتێک هاونیشتمانی توانستی شۆکنەبوونی نەما ئیتر ناتوانێ بەراستی ئەزموونی مرۆڤبوونی خۆی بکات و هەڵوێستە بکات بەرامبەر ئێستایەکی تراویلکەی و ئایندەیەکی نادیاردا.

لەکۆتایدا ئەوەی گرنگە کە تاکی کوردی لە هەرکوێیەک بێ دەبێ هێزکردبێت لەناو خۆیدا و چیرۆکی نوێ بخولقێنت، نەبێتە تاکێکی ونبووی ناو نمایشەکانی بێ شۆکبوونی ئەم ئێستایەی کە تێیدا دەژین. میکانیزمی بەرخۆدانی بێ سەرکردەیی (Resistance leaderless) ئاوابکات لەناوخۆییدا کە بەبێ ئەوی تری سەردار و سەرکردەی ساختە خۆی ئەرکداربکات بە جوڵەی پچوکیش بێت  لەناو دیاردە و پێدراوەکاندا ڕۆڵی خۆی ببینێت. خاوەن چیرۆکی خۆیبێت و لە ئایندەدا بتوانێت کە بۆ نەوە و یارانی بگێڕێتەوە کە ئەم لە میسلی مرۆڤە ڕۆبۆرتییەکان نەبووە و بەڵکو ئازادانە توانیوێتی خاوەن (نا)ی خۆیبێت ئەگەر چی باجیشی لەبەرامبەردا دابێت . دواجار نابێ ئەو وتەیەی فەیلەسوفی چینی «لاو تزو» لەیادبکەین کە دەڵێت: ڕێگای هەزارن میل تەنها بە هەنگاوێک دەستپێدەکات.

 

بڵاوکردنەوە: