میزکردن لە چەرخی مزگەوتەکاندا

805
0
بڵاوکردنەوە:

زاموا محەمەد

 

چەند ڕۆژێک پاش حەڤدەى شوباتى دووهەزار و یازدە، پاشنیوەڕۆکەى، کاتێک بە لاى بەردەرکی سەرادا تێپەڕیم، هەستم کرد میزم دێت. بەرەو نزیکترین مۆڵی ئەو ناوە بەڕێ کەوتم، تاکو لە یەکێک لە تەوالێتەکانیدا میزەکەم هەڵبڕێژم. حەز دەکەم لێرەدا گێڕانەوە بووەستێنم و بڵێم: ئەمە چیرۆکێکی سادەى مۆدێرنیستانە نییە کە لە کۆتاییدا کارێکتەرە تەنهاکە بگەڕێتەوە ماڵەوە و بخەوێت، وەک ئەوەى هیچ ڕووی نەدابێت، شێوازێک کە بەتایبەت جیلە وێڵەکەى پاش جەنگ و باڵە ساکارەکەى مۆدێرنیزم، حەزیان پێی بوو؛ بۆ نمونە هەمینگوەی بوایە کارێکتەرێکى دەخستینە بەردەم کە لە ئێوارەدا پاکەتەکەی جگەرەى تێدا نەدەما، پاشتر بە تەنیا، دەچوو بەرەو مارکێتێک بۆ کڕینی جگەرەى تر … هاوڕێی گێڕانەوە، کەمێک وێنەى باقوبریقی گڵۆپی سەر شەقامەکان، کەمێکیش جووڵەى ڕێبوارەکان دەگوێزرایەوە، دواتر کارێکتەرەکە دەچووە ناو مارکێتەکەوە و جگەرەیەکى دەکڕی، بەڵام بەر لەوە، دیالۆگێکى لەم چەشنە لە نێوان ئەو و فرۆشیارەکەدا درووست دەبوو: “پاکەتێک سیگاری (بۆ نمونە با بڵێین مارلیبۆرۆی دەوێت) مارلیبۆرۆم دەوێت.” فرۆشیار وەڵامى دەدایەوە:”سەعاتەکە پیلی تێدا نەماوە.” دواتر کارەکتەرەکەى هەمینگوەى دەگەڕایەوە بەرەو ماڵ، کەمێک وێنەى گڵۆپ و شەقام و ڕێبوارەکان دەگوێزرایەوە، ڕەنگیش بوو کارێکتەرەکە کەمێک بیر لە چاککردنەوەى جیهان بکاتەوە. بێگومان هەموو ئەمانەش، بە عادەتى خۆی، هەمینگوەى بە پەخشانێک بۆی دەنووسینەوە کە هەموو دێڕەکانى بە(And) دەستیان پێ دەکرد. دەگەیشتە ماڵەوە، دەچووە جێگاوە، دەخەوت، چیرۆکەکە لەپڕ تواو دەبوو. پاشتریش، بەپێی سەلیقەى ئەوساى خوێنەر و ڕەخنەگران، ئەم دەقە وەک شاکارێک لە قەڵەم دەدرا. بە هەرحاڵ: میزەکەمم هەڵڕشت، لە تەوالێتەکە هاتمە دەرەوە و لە دەستشۆرەکە، بە دەم ژماردنى دەرگاى تەوالێتەکانەوە کە لە ئاوێنەکەى بەردەممدا دەردەکەوتنەوە، دەستەکانمم شۆرد. شەش دەرگا بوون، فلات و ئەستوور و بێ پەنجەرە. گەنجێک، بە ڕیشێکى درێژ و شەرواڵێکى کورتەوە خۆی کرد بە ژووردا، من دەستشۆرەکەم جێهێشتبوو، بە کلێنسێک دەستەکانمم وشک دەکردەوە.

–           سەلامو عەلەیکوم، برام.

–           سەرچاو.

چووە یەکێک لە تەوالێتەکانەوە. چوومە دەرەوە. گەڕامەوە ژوورەوە، چونکە وەک هەموو جارێک، سەعاتەکەمم لە قاراغی دەستشۆرەکەدا دانا بوو. دامکەند بوو تاکو تەڕ نەبێت، گەرچی وەک دەگوترا دژە ئاویش بوو. لەو شەش دەرگایەدا یەکێکیان داخرا بوو، ئەوانى تریش لەسەر پشت؛ هەڵبەت کوڕە ڕیش درێژەکە لەو تەوالێتەیاندا بوو کە دەرگاکەى داخراوە. لەپڕ تەقەتەق و خشەخشێکى نائاسایی لەودیو دەگاکەوە هات. زوو زانیم کێشەی چییە. تێگەیشتن لە مەسەلەکە تەنیا پێویستى بە فیکرێکى سادەى فۆکۆییانە و خەیاڵێکى کاواباتاییانە هەبوو: لە مزگەوتەکاندا بەشی سەرەوەی دەرگاکان بە بۆشیی جێدەهێڵدرێن بۆ ئەوەى خەڵکیی ناچار بە دانیشتن بکرێن، تاکو بەپێوە میز نەکەن و لە نوێژ نەچن؛ لەوێوە فۆکۆ دەستپێدەکات، کە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە ئەوانەى بە دانیشتنە زۆرەملێکەى تەوالێتەکانى مزگەوت ڕادێن، لە هەر تەوالێتێکى تردا میز بکەن بۆی دادەنیشن، جا دەرگاى تەوالێتەکە سەربۆش بێت یان نا. کاواباتا لەوێدا دەکەوێتە کار کە تۆ خەیاڵت بۆ ئەوە بڕوات ڕۆژێک لە رۆژان، دیندارێکى ئەوپەڕگیر، میز یان گوویەکى زۆری پێیە و ڕێی دەچێتە تەوالێتێکەوە کە سەرەوەی دەرگاکەى بۆش نییە. چی دەکات؟ حەتمەن دەبێت هەوڵ بدات کونێک بکاتە دەرگاکەوە. بە چی؟ بێگومان بە سیواکەکەى، چونکە هیچ شتێکی تری پێ نییە بە کەڵکی ئەو کارە بێت. بە هەرحاڵ، با واز لە هەڵڕشتنى ئەو وردەکارییانە بێنم کە دڵنیام خوێنەر لە گێڕانەوەیەکى فلاتی نیشاندانخوازدا ناتوانێت هەڵیانبهێنجێنێت: ئەی من چیم کرد؟  لە بەختی هاوڕێ گیرخواردووەکەماندا، چیرۆکی کڵێساى ئاندرێ مۆروام بیرکەوتەوە؛ بەهاى مرۆڤ لە بەردەم بەهاى کاری هونەریدا.

دەرگاى کراوەى تەوالێتەکەى تەنیشت تەوالێتى گەنجە ڕیشنەکەم داخست. قایشی پانتۆڵەکەمم لە کەمەرم کردەوە. بە قایشەکە کێلۆنى هەردوو دەرگاکەم تووند پێکەوە بەست؛ بەم شێوەیە نە دەیتوانى بێتە دەرەوە و نە میزەکەشی بکات. لە مۆڵەکە هاتمە دەرەوە، ئیدی چەند شێوازێکم لەبەردەمدا بوو بۆ تەواوکردنى چیرۆکێک. دەکرا مەسەلەکە تەواو کاواباتاییانە دەربخەم و بنووسم: کاتێک دەرگای تەوالێتەکەیان کردووەتەوە، بینیویان گەنجەکە وەک تەختەیەک ڕەق بووە، لە ئێوارەى ئەو ڕۆژەدا چیدی نەیتوانیوە خۆی بگرێت و میزەڵدانى تەقیوە. یان دەکرا ناهونەرمەندانە خۆم بە کافکادا هەڵبواسم: کاتێک دەرگاکەیان کردووەتەوە، بینیویانە کە گەنجەکە بووەتە مێروویەکى زەبەلاح؛ پاڵکەوتوو لەسەر پشتی، لە قاچە فرە و باریکەکانى ڕوانیوە. بەڵام بڕیارمدا کاتێک چوومە ماڵەوە، بیر لە کۆتاییەکى باشتر لەو دوانە بکەمەوە. بەڕێکەوتم بەرەو چوارباخ؛ چوارباخ شوێنێک نییە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە، یان لە بارەیەوە بنووسێت، بەس لانى کەم لە بازاڕەوە نزیکە.

 

بڵاوکردنەوە: