نووسینی: ژان دۆست
لە کرمانجییەوە: ئەحمەد کاوە
بۆ حەلیم یووسف، نەوەی تۆز و دڵبەستەی سەراب
لە فڕۆکەخانە، یەکەمین پرسیاری لە هاوڕێکەی خۆی کرد:
– ئەسپاردەکەی منت هێناوە؟
هاوڕێکەی وەک ئەوەی چاوەڕێی ئەو پرسیارەی بێت، دەستی خستە ناو جانتاکەی سەر شانی و بە خەنینەوە گوتی:
– تۆ بە تەلەفۆن گێژت کردم: مشتێک خۆڵ و مشتێک خۆڵ، پێت وایە هیچ کەس نەهاتووەتە غەریبی؟
کیسە خۆڵەکەی لە بن جانتاکەی خۆی دەرهێنا و خستییە ناو دەستی.
بە ڕوویێکی خاڵیی لە هەست و سۆز لە هاوڕێ تازە لە وڵات هاتووەکەی خۆی ڕاما و بە کپیی سەیری شەمەندەفەرەکەی کرد.
لە شەمەندەفەریش هەر بێدەنگ بوو. گرمەگرمی شەمەندەفەر، ژاوەژاوی تیمێکی براوەی تۆپی پێی پشت خۆی و تریقانەوەی کۆمەڵێ کچی کەزیسوور و خەزێمشۆڕی ناو شەمەندەفەرەکەی، نەدەبیست. چاوی هەر لەسەر ئەو مشتە خۆڵەی ناو دەستی بوو.
ئەوانەی دەهاتن و دەچوون سەیریان دەکرد، لایان وابوو خەوتووە یانیش سەرخۆشە، تاکو کاتی پشکنین هات و داوای بلیتی لێکرا، دەستێکی لەسەر مشتە خۆڵەکە لابرد و خستییە گیرفانییەوە، بێ ئەوەی سەیری پیاوەکە بکات، بلیتەکەی پێ دا. کاتێک پیاوەکە بلیتەکەی سەیر کرد، لێوی خۆی کرۆشت و بلیتەکەی دایەوە دەستی کە هێشتان لە هەوا بوو، ئەوسا ڕۆیشت.
سێ ساڵ دەبوو لە وڵات دوور کەوتبووەوە، لەو وڵاتە نوێیەی کە نەدەبووە وڵاتی خۆی، تووشی کۆمەڵە ئاستەنگ و دژوارییەکی زۆر ببوو. ساڵێکی تەواو لەگەڵ پەنابەران ژیا. وا دوو ساڵێک دەبێت لە خانووێکی بچووک دەژی. بواری فێربوونی زمانی بۆ نەدەڕەخسا، نەشیتوانیبوو لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا سێ هاوڕێ بناسێت، هیچ کارێکیشی بە دڵخوازی خۆی نەدەبینی. شەوگارە بێدەنگەکانی لەو بازاڕەی هەموو دەرگاکانی بە ڕوودا داخستبوو، گران تێدەپەڕی. گەر تەلەفۆنەکەی دەستی نەبوایە، دوور نەبوو شێتیش ببێت. هەرچەندە هەفتەی جارێکیش زەنگی نەدەبیست، بەڵام لێی ببووە ئۆخژنیێک بەوەی پەیوەندی بە ژمارەی نەناسراو بکات و بەپەلە بڵێت: – ببوورە، ژمارەکەم بە هەڵە لێداوە!
زۆر جار دەنگی زبر و توند وەڵامیان دەدایەوە: – دوو…بارەی نەکەیتەوە!
بەڵام ئەو ڕستەی ” ژمارەکەم بە هەڵە لێداوە”ی هەمیشە دووبارە دەکردەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەنگی مرۆڤێک بژنەوێت و چەند چرکەیەک لەگەڵی قسە بکات. دۆخی ئابووریی بازاڕ زۆر گوشاندی و ناچاری ئەوەی کرد کار بکات. بەڵام ئەو فێربوونی زمانی لە پێش کارکردن دانابوو. بۆ ئەمەش دەیکرد و نەیدەکرد هیچ یارمەتیدەرێکی نەدەدۆزییەوە، تاکو ڕۆژێک لە بەرامبەر فەرمانبەرە زمانفسە چاو پشیلەکەی هاوکاری گریا و وتی: – پێش کار دەرفەتی فێربوونی زمانم پێ بدەن، تکا دەکەم!
خولێکی سێ مانگی لە بۆ پەیدا کرد. کاتێک هەر سێ مانگەکە تەواو بوون، تەنیا فێری چەند شتێک بوو: ناوی من فڵانە، لە فیسار وڵاتەوە هاتووم و لەگەڵ چەند شتێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانە.
هەمدیس نامەی کار بەسەر قوتووی پۆستەکەی بارین، ئەو قو…تووە بێدەنگ و ساردەی تەنیا نامەی فەرمیی ساردوسڕی تێدا دەدیت. لە ناچاریدا بووە بڵاوکەری ڕێکلامەکان، بە کاتژمێر لە کۆڵانە بێدەنگەکانی گۆڕستان-شێوە دەگەڕا و ڕێکلامی خواردنگە، سەرتاشخانە و ڕۆژنامەی ڕێکلامەکانی هەموو چوارشەممانی دەخستە ناو قوتووی پۆستەی ماڵەکان. ڕۆژ بە ڕۆژ ژێر نینۆکی قاچەکانی ڕەش هەڵدەگەڕان تا وای لێهات لە هەر قاچێکی دوو سێ نینۆک دەشکان و لێدەبوونەوە.
زۆرجار لە بەیانییان بە وەڕینی سەگەکانی ماڵان بێدار دەبووەوە، ئاوێکی تاڵ بە دەمی دەکەوت و لە گەڕان بەردەوام دەبوو. نەک تەنها هەر سەگی ماڵان، بەڵکو خودی خاوەن ماڵەکانیش بەبێ ئەوەی سڵاوی بەیانییەکەی لێ بگێڕنەوە، بە ڕوویەکی ترش و بێ ئەوەی لێی بنۆڕن دەیانگوت: – ئەم شتە پووچانە مەخەرە ناو قوتووی پۆستەکەمان!
دوای ئەم گوتنانەیان لە ئۆتۆمبێلەکانیان سوار دەبوون. خۆزگەکانی خۆی هەڵدەقورتاند و خێچ ڕوانینانە لە قوتووێکی تری دەنۆڕی.
شەمەندەفەر لە وێستگەی پێش وێستگەی بازاڕ وەستا، هەندێک دابەزین و هەندێکی تریش سوار بوون، کۆمەڵە کچە کەزیسوور و خەزێمشۆڕەکان لە پێکەنیندا دەتریقانەوە، تیمە سەرکەوتووەکەش بە دەستە درێژەکانیان قوتووی بیرەیان لە دەست بوو و پێکەوە دابەزین. بۆ ساتێک سەیری کۆمەڵە کچە کەزیسوور و خەزێمشۆڕەکانی کرد، لە پشتەوە وەک ئەوەی بترسێ لە بردنی مشتە خۆڵەکەی ناو دەستی، توند و گورج دەستی لە کیسە سیخناخ بە مشتە خۆڵەکەی گیر کرد و دووبارە بوو بە دەنگی گرمەی شەمەندەفەر.
لە هەموو شوێنێک خۆی بە تەنیا دەدیت. لە شەمەندەفەر، لە خواردنگە، لە سەمای ناو کۆڵانان و مارکێتەکان. نەیدەوێرا تەماشای ناو چاوی خەڵک بکات، دەترسا کەسێک بەو زمانە لەگەڵی بکەوێتە قسە، کە ئەو هێشتان فێری نەبووە پێی قسە بکات. دەنگی هیچ کەسی سەرنج نەدەدا.
لەبەرئەوەی بە زمانی دایکیشی هەر کەم قسەی دەکرد، دەترسا لاڵ ببێت. بۆیە لەگەڵ خاولی، پەنجەرە و جلوبەرگی ناو ماڵی خۆی دەپەیڤا، لەگەڵ هەور و بارانان، لەگەڵ خاچی سەر دەرگای ماڵان، وە لەگەڵ پەیکەری جلوبەرگی پشت جامەکان.
کاتێک گەیشتە ماڵەوە و دەرگای کردەوە؛ بە دەنگێکی بیستراو و شکاو، بە کیسە پڕ لە خۆڵەکەی گوت: – فەرموو دەرباز بە!
وە بە دەربازبوونی، لەبەر خۆیەوە گوتی: – ببورە تۆم تا ئەو غەریبییە هێنا، لێ پێویستیش بوو بێیت.
لە سەرەتادا سەیری ژووری خەوتنی کرد و کیسەکەی لای سەری خۆی دانا، بەڵام دواتر لەبەرخۆیەوە گوتی: – ئەمە جێگای تۆ نییە.
ڕۆیشت لە هۆڵەکە داینا، بەڵام دووبارە ئەم شوێنەی بە شیاو بۆ نەدەبینی. نەیدەزانی لەکوێ دایبنێت. لە کۆتایییدا سەیری گەرماوی کرد، کیسەکەی لە دەست شل ببوو و لەسەر ئەرزە ڕووت و ساردەکەی گەرماوەکەی دانا.
خۆڵی وشک، کەلەلا و بێدەنگ. ئەو خۆڵەی هەزاران جار لە زێدی خۆی لەسەری دەهات و دەچوو. لە سەر ئەرزی گەرماوەکە، ناڵینێکی تێدا فراژا!
ترپە ترپی دڵی خێراتر بوو و ئەسرین لە چاوەکانیدا دەبریسکانەوە. سەیرێکی مشتە خۆڵەکەی کرد و بە دەنگێکی لەرزیوەوە گوتی: – بۆنی ڕووخان و وێرانەت لێ دێت خۆڵەکەم!
چەند قومێکی بیرەی بە هۆڤانە گووڕ کرد و دووبارە سەیری خۆڵەکەی کردەوە: – سێ ساڵ دەبێت لێت دوور کەوتووم. بمبوورە گەر زمانی ئاخاوتنم لەبیر کردبێت. بمبوورە گەر بێڕێزانە لەم شەوە گاور ئاسایەدا بۆت بدوێم. دێتەوە بیرت خۆڵ! ئەو کاتەی پۆلیس هاتنە سەر ماڵمان و هوروژمیان بۆ سەر ژوورەکەم هێنا؟ دێتە بیرت کاتێ پێنووسەکەی منیان شکاند و کاغەزەکانم کە تەنیا و تەنیا هەڵبەستم لەسەریان بۆ ئەوینی تۆ دەنووسی، لەبەر چاوی من و تۆ هاتنە سووتاندن؟ کتێبەکانم چەشنی کەروێشکێکی تۆقیو لەژێر ڕەفەکانەوە فڕێدران، تەنانەت ئەو کاغەزە سپیانەی هێشتا هەستەکانی خۆمم بەسەردا نەڕژاندبوون، لەسەر مێزەکەمیان کۆکردەوە. دەستەکانی منیان لە پێش چاوت -گەر چاوت هەبێت- کەلەپچە کرد و بە پێلاقە منیان لە ماڵەکەم هێنایە دەر و وەک توورەکەیەکی کا منیان خستە دواوەی جێپێک لە ڕەنگی خۆت! ئەو شەوە تۆ بێدەنگ مابوویت، تۆ پێڵاوی پۆلیسەکانت دەلێسایەوە و ئاگات لە ئازاری دەستە کەلەپچە کراوەکانمت نەبوو! کاتێ دوای حەفتەیەک بە هەمان جێپ هاتمەوە ماڵ، لەژێر جامەکەیدا سەیری خوارەوەم دەکرد، دڵم دەگووشرا وەختێ دەمدیت تایەی جێپەکە بەسەرت دەکەوت. بەڵام تۆ، چ خۆشحاڵییێکت دۆخ بوو! تۆ گەواهیدەرە بێدەنگەکەی کەتوارەکە بوویت. شۆپی پێڵاوی پۆلیسەکان وێنەیەکی سەرشێتی بێبەزەیییانەیان لەسەرت دەنەخشاند و تۆش هەر لە خەوە پڕ لە پرخە پرخەکەتدا بوویت!
دێتەوە بیرت دڵم لە پاییزێکدا هەژانێکی تووش بوو؟ ئەرێ، بێ شک دێتەوە بیرت هەر نیوەڕۆیەک دڵبەرەکەم لەسەرت دەڕۆیشت و دەهاتە ژوورەکەم. لە پشتەوە دەستەکانی لەسەر چاوە پڕ تامەزرۆبووەکانمی دادەنا و بە بزەوە دەیگوت: من کێم؟ منیش خۆم نەزان دەکرد و دەستم دەخستە سەر ئەو دەستانەی وەک دوو کۆتری ماڵیی وابوون، دەستم دەبرد بۆ سەر لێوە گەرم و پڕەکانی، لەسەر مەمکە سێو ئاساکانی، بۆ سەر هەردوو ڕانەکانی و لەسەر …. و دەمگوت: – تۆ پەری ئەجندەکانی. دوای ئەم پەیڤانە، هەردووکمان لەسەر یەکتری چەشنی دوو هەوری هاری لە-دوو-شوێن-جیاواز-هاتوو کە بایەکی شێت بیانئاژوێتن، دڕندانە لێک دەئاڵاین!
هەر دەمێکی نیوەڕۆ بە ڕستنی تەونی کراسێکی درێژ، بەسەر پەری ئەجندەکاندا گوزەر دەبوو، تۆش ئاگاداری داوە دانراوەکانی ناو دڵم بوویت، کەچی تاقە یەک ڕۆژیش ئەو ڕاستییە ڕووتەت نەخستە بەردەمم، تەنیا ڕۆژێکیش – بە پستەپستێکیشەوە – بە منت نەگوت: – ئاگاداری دڵت بە، نەکەویتە ناو ئەم جۆرە داوانەوە! جارێک نەتگوت: – هەی شێت! خۆت مەدە دەست ئەم ڕەوڕەوەیە، دەنا لە تاو ئازاری ئەم دڵەتەوە دەمریت! پێمت نەگوت: – بەسە ئەم شتانە بوەستێنە، دەنا دڵت لەت لەت دەبێت!
من و تۆ دۆست بووین خۆڵەکەم. من بۆ تۆ ماندوونەناسانە هەڵبەستم دەهۆنییەوە. تا هێز لە سییەکانمدا هەبوو هەر بۆنم دەکردی، بەجۆرێک تەنانەت بۆنی ئەو پارچە و پەڵانەی بەسەر جلەکانیشمەوە دەنووسان، دەکرد. لەبەر ئەو ئەشقەت بۆ یەک حەفتە جلەکانم وەک خۆی دەهێشتنەوە! دەمگوت: – ئەوە تۆزێکی پیرۆزە! تۆزی خۆڵەکەمە. ئەو خۆڵەی لەبەر دەرگاکەم منداڵیییە خنکێندراوەکەم و گەنجێتیییە پڕ ڕەشبینیییەکەمی چەشنی ڕازێکی شاردراوە لەناو خۆیدا، لە ئامێز گرت.
هێواش هێواش چاوەکانی سوورتر دەبوون و قوتووی بیرە لە بەرامبەریدا ڕیزیان بەستبوو، بەڵام هەرگیز چاوی خۆی لەسەر خۆڵە چلمسیوە ڕەنگ پەڕیوە ژاکاوە پەرێشانەکەی سەر ئەرزی گەرماوە ڕووت و ساردەکە، لانەدەبرد!
– من پەرێشان بووم، نەدار بووم، بێچارە بووم. من بەبێ ئەوەی کەسێک ببینم و پارچەکانی دڵم کۆبکاتەوە، تەنیای تەنیا دڵە شکاوەکەمم لە کۆڵانان دەگەڕاند. ڕۆژانە دە جار منت بەم حاڵە دەبینی – گەر چاوت هەبێت – کەچی هەر لەو بێدەنگییە بێ پایانەت دەمایت!
ئەی نەدەبوو لەپێناو ئەو ساتە سەختە خاو و خلیچکە بێئاکامانەم لەو ئەرز و ئاسمانە دۆزەخییە گەڕابای و سەیرێکی منت کردبا؟ ئەی پێویست نەبوو ڕەوشی منت بەو خەڵکە پیشان بدابا؟ ئەی نەدەبوو منت لە هەمبەر ئەو تەڵە مەرگاوییانەی ناو دڵم ئاگادار بکردبایەوە؟ منێک تۆم وەک دایکی خۆم دەبینی و بگرە لە دایکێکیش شیرینتر!
من لە داخی ئەم ژیانەم ئاگرم لە کتێبەکانم، دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵی خۆیشم بەردا، هاتم خۆشم بسووتێنم، بەڵام تۆ هەر بێدەنگانە سەیرمت دەکرد. دەشێ لەو ساتانەدا بەو دۆخەم تێر پێکەنیبیت و گوتتبێت: ئەم گەنجە شێت بووە!
من واتای ژیانی خۆمم لە خۆشویستن و پاراستنی تۆ دا دەبینی! ئەگەر هەر وشەیێک یان گوتنێکی هەڵەم لەسەرت بیستبا، هار دەبووم، شێت دەبووم و دەهاتم تۆم لە چاوەکانی خۆمدا دەشاردەوە. بە ڕاددەیەک ئامادەی ئەوە بووم خوێنە گەرم و سوورەکەشم لەپێناو تۆ بڕێژم.
بەڵام تۆ! ئاااااااااخ من لەم شەوەدا چیت پێ بڵێم و چی نەڵێم! کوا پێم بڵێ ئەو کاتانەی زەویم لێ تەنگ و تەسک دەبوو و دڵیشم لەناو دەستەکانی خەیاڵ و خۆزگەدا دەبوونە زەویێکی کراوە، تۆ چیت بۆ کردم؟! تۆ چیت دەکرد ئەو ساتانەی منت بە برسیێتیی، بێئومێدیی و غەمگینیی دەدیت؟! من بۆ تۆ دەگریام. من ڕێگەم نەدەدا بایێکیش هەڵبکات و تۆم لەبەر دەرگاکەمان لێ بڕفێنێ. نەمدەهێشت هیچ کەس لەپێش چاوەکانم بتبات. من خەوم لە خۆم دەتۆراند بۆ ئەوەی نەکا دزەکانی خۆڵ بێن و تۆ ببەن بۆ بازاڕێکی ناسنەکراو! کوا بڵێ – گەر زمانت هەبێت – کاتێ سەیری ئەو وڵاتەم کرد کە نابێت بە وڵاتم و ڕۆیشتنم هەڵبژارد، بۆ بێدەنگ بوویت؟!
تۆ هەموو ڕۆژێک دەتبینی، ئێستاش هەر دێم و دەچم لە خۆم دەگەڕێم، لە بوونێکی ئارام و ئەوینێکی پاک دەگەڕێم، لە ژیانێک دەگەڕێم وەک مرۆڤ تیایدا بژیم. بەڵام تۆ بۆ من نەبوویتە پنتی ئەم بوونە، ئەم ئەوینە، ئەم ژیانە. تۆ هەر و هەر بێدەنگ دەمایت، وەک چۆن ئێستاکەش لەم شەوە لاڵەدا لەسەر ئەم ئەرزە سارد و ڕووتەدا، هەر بێدەنگیت!
بۆیە پێم مەڵێ: – بۆ منت هێنایە ئەم غەریبییە؟
ئەوە تۆیت کە منت خستە ناو ئەم وێرانەیە، هەڵەی تۆیە خۆڵ، هەڵەی تۆیە. وا بیرمەکەرەوە من لێرە هەڵتبگرم و لای سەری خۆمت دابنێم، وە هەموو بەیانیێکیش بۆنت بکەم و چاوەکانیشم دابخەم و بڵێم: – ئەی گیااااان! بۆنی بەهەشتت لێ دێ!
نا، نا من دەت…
زنجیری پانتۆڵەکەی بە ڕقێکی پڕ لە خەمەوە کردەوە و بووە شڕەشڕی میز بەسەر مشتە خۆڵەکە.
سەرچاوە:
Mistek ax, Jan Dost, Antolojiya Çîrokên Kurdî, Firat Cewerî (II), R: (101-106), Sal 2018