دێکارت: ڕێخۆشکەری جیهانە مۆدێرنەکەمان

503
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڤاڵتەر تسیگلەر

لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

تێبینیی وەرگێڕ:

(ئەم موحازەرەیەی ڤاڵتەر تسیگلەر کە تۆمارە ڤیدیۆییەکەی لە یوتوبدا دابەزێنراوە و هەر لەوێوە وەرگێڕرداوە، یەکێکە لە زنجیرە موحازەکانی ئەو لە بارەی فەیلەسوفانی جیاواز، موحازەرەکانیش “شەست خولەکی”ن، بۆیە بۆ نموونە ئەم موحازەیەی ئێرەی هەروەها ناوناوە “دێکارت لە شەست خولەکدا”.

***

بەڕێزان لە دڵەوە سڵاوتان لێدەکەم. ئێمە ئەمڕۆ خۆمان بە ڕێنێ دێکارتەوە خەریک دەکەین. ڕاسیۆنالیستە مەزنەکە. ڕەنگە ڕستە کورت و لە جیهاندا بەناوبانگەی بناسن: “من دەهزرێم، کەواتە من هەم”. فەڕەنسییەکان تێکڕا دەیناسن، چونکە دێکارت لە فەڕەنسا پێکهاتەیەکی چەسپی وانەی فێرگەییە. ئەمەش ڕەوایە. ئاخر ئەو بە باوکی فەلسەفە دادەنرێت، ئەم نازناوەی باوکی فەلسەفەش تەواو شایستەیەتی، چونکە پاشان دەبینن کە جیهانێک هەیە پێش دێکارت و جیهانێک پاش دێکارت. لە بنەڕەتدا چۆن کریستۆف کۆلۆمبوس کیشوەرێکی نوێی ئاشکرا کرد کە جیهانی نوێیە، بە هەمان شێوە دێکارت ڕەهەندێکی تەواو نوێی زانینی پێشان دا، ئێمەش لەکاتی دێکارتەوە و پابەند بە کەشفکرنەکەی ئەوەوە جیهان بە چاوانی دیکە دەبینین. ئەو لە بنەڕەتدا هزری خستە جێی ئیمان، ئەوە لایەنیکەم بۆ زانست. ئێوە دەبێت پێشبینی بکەن، مرۆڤان لە خۆرئاوای کریستیانی پتر لە هەزار ساڵ بڕوایان بە پەیڤەکانی پەیامهێنان هەبوو، وەک موسا یان ئیبراهیم لە تێستامێنتی کۆندا، یان کەراماتەکەی (prophetia) یۆهانس لە تێستامێنتی نوێدا، بێگومان هەروەها پەیڤی حەزرەتی مەسیح، کە بێگومان زۆرترە تەنیا لە پێغەمبەرێک – ئاخر کوڕی خودایە. پاشان پەیڤی خودا لە نووسراوی پیرۆزدا تۆمار کرا. ئیدی پتر لە هەزار ساڵ مرۆڤان زانینی خۆیان سەبارەت بە ڕەچەڵەکیان، سەبارەت بە ئادەم و حەوا و گەردوون، لە نووسراوی پیرۆزەوە وەردەگرت. ئەوجا ڕێنێ دێکارت دێت و ئەم کتێبە دەنووسێت (پێشانی جمهوری دەدات – و): “مێدیتاسیۆنێس دێ پریما فیلۆسۆفییا” (“هزرین لەبارەی یەکەم فەلسەفە”). لەم کتێبەدا داواکارییەکی یەکجار گەورە دەخاتە بەردەم. ئەو دەبێژێت، ئێمە چیدی بۆمان نییە زانینمان لە پەیڤی پێغەمبەرەکان و ئێپیفانییەکانی قدیسەکانەوە وەربگرین، بەڵکو ئەوەی ئێستا پێویستمانە، بریتییە لە … سیتات دەهێنمەوە:

:

“[…] زانینێکی ڕاست و جەخت”.

ئەوجا دێکارت هەوڵێکی لەڕادەبەدەر و ڕادیکال دەدات بۆ ئەوەی دوایەمین بناغەیەکی زانین، جۆرێک لە پنتی ئەرخەمیدی، ببینێتەوە و پاشان لێوەی مرۆڤ سەرجەم جیهان بناسێت، شرۆڤە بکات و سەروەری بەسەریدا بنوێنێت. سیتان دەهێنمەوە:

“ئەرخەمیدێس داوای هیچی دیکەی نەکرد جگە لە پنتێکی چەسپ و نەبزۆک تاکو زەمین لە شوێنی خۆی بجووڵێنێت، منیش بۆم هەیە، گەر کەمترین شتی مسۆگەر و نەبزۆک ببینمەوە، ئیدی بە هەمان شێوە هیوای مەزنم هەبێت “.

کەواتە دێکارت پرسیاری بناغەیی دەکات: ئایا پنتێک هەیە کە بەڕەهایی مسۆگەر و نەبزۆک بێت؟ هەمووتان وەڵامەکەی دەناسن کە ڕستە کورت و بەناوبانگەکەیەتی، واتا: “من دەهزرێم، کەواتە من هەم […]”. ئەو پرسیارە کە داخۆ واتای ئەو ڕستە کورتە چی بێت و چۆن ئەو پێی گەیشتبێت، هەروەها بۆچی ڕستەکە زۆر گرنگە، ئێستا بۆتان ڕووندەکەمەوە. لەم ساتەدا جارێ بۆ ئێمە ئەوە گرنگە کە دێکارت دەرچەی خۆی، فەلسەفەی خۆی، لە هزرەوە وەردەگرێت. تەنیا لە هزرەوە. هزرین ئەدگاری کرۆکیانەی مرۆڤە،

“ئەوە تەنیا هزرینە کە ناشێت لە من جیابکرێتەوە […]. کەواتە من بەتەواوی بوونەوەرێکی هزرڤانم […]”.

ئەم فەلسەفە نوێیە کە لەم کتێبەدا هزرین دەکات بە بناغەی زانست و فەلسەفەکەی، سێ ئەنجامی مەزنی لێکەوتەوە. یەکەمیان بۆ کەسی خۆی هاتە ئاراوە. ئەو لە ئێستا بەدوواوە دەبوو بەدرێژایی ژیانی بە ترسەوە بژی، چونکە ئێستا دەشیا تۆمەتی گومڕایی بدرێتە پاڵ و بسووتێنرێت، ئەمەش بەڕاستی ئەو دەمە ڕووی دەدا. ئەوجا لەوەش بەئاگا بن کە ئەو بیست نشینگەی جیاوازی گۆڕی. ئەو سەرەتا لە فەڕەنسای کاتۆلیکییەوە گواستییەوە بۆ هۆڵەندای تا ڕادەیەک لیبەرالتر، لە کۆتایشدا بۆ سویدی پرۆتێستانتی، لێرەشدا بە هیچ کەسێکی نەدەگۆت کە لەکوێ دەژی. هەمیشە خۆ حەشارداو مایەوە، شوێنی گوزەرانی بە نهێنی دەهێشتەوە، تەنیا مێرسێن کە نزیکترین هەڤاڵی بوو، هەندێک جار دەیزانی ئەو لەکوێ دەژی. ئەمەش بێگومان بێهۆ نەبوو. ئاخر یان ئیمان چواندنی هەیە (کتێبی بیبل پێشان دەدات – و) یان هزر (کتێبەکەی دێکارت پێشان دەدات – و). ئەویش ڕاسیۆنالیست بوو. کەواتە ڕاسیۆ، هزر، بنەڕەتی ئەو بوو. لێرەشدا هەردووکیان پێکەوە پڕگرفتە. دوایی دێینە سەر ئەم پرسە. بێگومان خەمی دێکارت بێهۆ نەبوو، ئاخر کاتێک پێش مێدیتاسیۆنەکان ئەم کتێبە (یەکێکی دیکە پێشان دەدات – و) دەنووسێت، ئەم توێژینەوە بچووکە بە ناونیشانی: “توێژینەوە لە مێتۆدی هزرینی دروست”، ئەوا لێرەشدا مەسەلەکە لەبارەی مێتۆدە بۆ ئەوەی مرۆڤ دروست بهزرێت. بەڵێ، کاتێک ئەم کتێبە بچووکە دەنووسێت، دەبیستێت کە گالیلێی گالیلێۆ ی هاوچەرخی شکاتی گومڕابوونی لێکراوە، چونکە گۆتبووی زەمین بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە. بێگومان گالیلێۆ لە هەمووی پاشگەزبووبۆوە، گۆتبووی ئەوە هەمووی قسەی پووچە و ئەو سەهوو بووە. بۆیە نەسووتێنرا. وەلێ تەنیا لەبەر ئەوەی گۆتبووی کە زەوی بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، حوکمی زیندانیی هەمیشەیی بەسەردا درا. هەر ئەوەندەی دێکارت ئەو هەواڵەی بیست، هەندێک بەشی ئەم کتێبەی ورد دڕاند و سووتاندنی. تەنیا بەشە ماوەکەی بڵاوکردەوە، ئەوەش نەک بە ناوی خۆیەوە، بەڵکو بە ناوێکی خوازراوەوە، تا هەمان مسیبەت تووشی ئەویش نەبێت. بێگومان ئەمە کەمێک کاریگەریی نواند، وەلێ دوای مەرگی خۆی هەموو نووسینەکانی یاساغ کران، ئەوە چە لە لایەن شای فەڕەنسا و چە لە لایەن پاپاوە.

دووەم ئەنجامی مەزنی مێدیتاسیۆنەکانی یەکەم فەلسەفە ئەوە بوو کە دێکارت ڕاستییەکەی لەم کتێبەدا گۆڕانی بە زانستێکی نوێ دا: تیۆریی مەئریفە. ئەو یەکەم کەس بوو کە پرسیی، داخۆ چۆن ئێمە بە مەئریفەی جەخت بگەین. لەکاتی دێکارتەوە ئەم زانستە نوێیەی تیۆریی مەئریفە هەیە و هەمان پرسیاری ئەو دەکات. ئەمڕۆ تەنیا لە پێنچ خولەکدا مێژووی تیۆریی مەئریفەتان پێدەدەم، ئەوە دەرچوو لە ڕاسیۆنالیزمەوە، لە دێکارتەوە بەسەر ئەمپیریستەکان و ئیمانوێل کانتدا تا ئەمڕۆ. بەڕێزتان پاشان بەوەش دەزانن کە ئێمە ئەمڕۆ چی بە ڕاست و دروست دادەنێین.

سێیەم ئەنجامی مەزن بریتی بوو لە دوالیزمە مەزنە کارتێزییەکە. ئێمە هەروەها دەتوانین ببێژین: دوالیزمی دێکارتی. دوالیزمی کارتێزی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی ڕێنی دێکارت. ئەو ڕوونی کردبۆوە کە لە سەرجەم گەردووندا تەنیا دوو گەوهەر (زوبستانس) هەن: ڕێس ئێکستێنزا، واتا گەوهەری کشاو؛ ئەمە هەموو شتێکە: مێز، پاکەت، کورسییەکان، جەستەکان، ڕووەک، بەرد، ئاژەڵان، لەشی خۆمان، پلانێتەکانی گەردوون. ئەمە پێکڕا ماتەریی کشاوە، گەوهەری کشاوە، ڕێس ئێکستێنزایە. ئەوجا هەروەها ڕێس کۆگیتانس هەیە. ئەمە دووەم گەوهەرە: هۆشمان، هزرمان، ئاوەزمان. بیرۆکە کرۆکییەکەی نێو ئەم دوالیزمەش لای دێکارت ئەوەیە کە ئێمە دەبێت بە شیمانەکانی ئاوەز و هزرین سەرجەم سروشتی دەرەکی، ڕێس ئێکستێنزا، بناسین، شرۆڤە بکەین و دەسەڵاتی بەسەردا بنوێنین. وەک ئەو خۆی وشەییانە دەبێژێت: ئێمە دەتوانین بە ڕێس کۆگیتانس خۆمان هەڵزنێنین بۆ بوون بە سەروەر و شارەزای سروشت. بەڕێزتان پاشان دەبینن، ئەمە لەنێو دێ ئێن ئا-ی ئەوروپیانەی ئێمەدایە، ئەم دوالیزمە هێشتا هەر لەگۆڕێیە و، وەک زۆر کەشفی دیکەی فەلسەفەیی، ئاکامی زۆر پۆزەتیڤی هەبوو، وەلێ هەروەها ئاکامی ناهەموار، ئەمەش هەر هەرئێستا دەبینن. سەرەتا دەمەوێت کرۆکی ئەم کتێبە شکۆمەندەتان پێبناسێنم: مێدیتاسیۆنێس دێ پریما فیلۆسۆفییا. بۆچی مێدیتاسیۆن لەبارەی یەکەم فەلسەفە؟ ئێمە هەموومان پەیوەند بە مێدیتاسیۆنەوە سەرەتا بیر لە بودا دەکەینەوە، یان بودیستەکان کە بە چوارمشقی دادەنیشن و خەریکی مێدیتاسیۆنن. بەڕاستیش بودا لەژێر دارهەنجیرێکدا گەیشت بە مەئریفە مەزنەکانی، بە ئیشراقەکەی. ئەو لە دۆڵێکی تەواو چەپەکدا کشابۆوە بۆ نێو تەنیایی و خەریکی مێدیتاسیۆن بوو، ئەوجا بە چوار مێدیتاسیۆن گەیشت بە مەئریفەی سەرهەڵدان و لەناوچوونی ئەزەلیانەی گەردوون و نیرڤانا. هەروەها دێکارت مێدیتاسیۆنی ئەنجام دا، نەک بە چوارمشقی، بەڵکو کشایەوە بۆ خانوویەک لە گوندێکی چەپەکدا، لەوێش بۆ سەر قەنەفەیەکی بەردەم ئاگردانەکە. وەلێ دێکارت پێویستی بە شەش مێدیتاسیۆن بوو. ئەم کتێبە شەش مێدیتاسیۆنی جیاواز لە خۆ دەگرێت. نوێیەتی و نائاسایی ئەم کتێبە بۆ ئێمە ئەوەیە، ئەمە هەرئێستا دەیبینن، کە وەسفکردنەکەی نێوی هاوشێوەی ڕۆمانێکە. ئەمە کتێبێکی کلاسیکیی فەلسەفەیی نییە، بەڵکو نزیکەی بە ستایلی ئەدەبی، هاوشێوەی تۆماری یادەوەری، نووسراوە. ئەو مێدیتاسیۆنەکانی خۆی و کەشفکردنەکانیمان بۆ وەسف دەکات. جگەلەوە کتێبەکە بە فەڕەنسی نووسراوە کە تەواو نائاساییە، ئاخر ئەو جۆرە کتێبانە بە زمانی لاتینی بۆ دەستەبژێرانی زانست دەنووسران. باشە. ئیدی کاتێک ئەو بۆ نێو تەنیایی دەکشێتەوە، سەرەتا دەبێژێت، ئەو دەیەوێت خۆی لە هەر پێشبڕیارێک ئازاد بکات کە ئەو لە دەرەوە لە جیهاندا فێری بووە، بیستوویەتی یان وەریگرتووە، بۆ ئەوەش پێویستمان بە مێتۆدێکی نوێیە، واتا مێتۆدی گومانی ڕیشەیی. سیتات:

“گەر ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دابنێین لە هەر شتێک گومان بکەین کە تێیدا کەمترین شوبهەی ناجەختییەک ببینینەوە، ئیدی دەتوانین خۆمان لە پێشبڕیاران ڕزگار بکەین ”

ئێمە دەبێت گومان لە هەر شتێک بکەین کە تێیدا کەمترین شوبهەی ناجەختییەک دەبینینەوە، بۆیە ئەم مێدیتاسیۆنەی یەکەم بەوە دەست پێدەکات، کە ئەو لەسەر قەنەفەکەی دادەنیشێت و لەوە دەهزرێت، داخۆ وەک باوە من چی بە بێگومان و کردەکی و ڕیال دادەنێم. ئەوجا بەو ئیدێ سانایە دەگات کە … بەڵێ بۆ ئێمەش هەموومان لەم هۆڵەدا و بۆ منیش هەر ئەوهایە … ئێمە بەگشتی ئەوە بە ڕیال دادەنێین کە بە چاوانمان دەیبینین، دەیبیستین، بۆنی دەکەین، دەیچێژین و بە دەست دەیگرین. کەواتە پێنج دەرکەوەرەکەمان بەزۆریی هەستێکمان بۆ کردەکێتی پێدەدەن. ئەوجا دێکارت دەبێژێت، سیتات:

“هەر شتێک کە من تا هەنووکە بە ڕاستم داناوە، بەهۆی دەرکەوەرەکان یان نێوەندیاریی دەرکەوەرەکانمەوە بووە.”

پاشان کاتێک ئەو لەسەر قەنەفەکەی دانیشتووە، گومانی بۆ دێت و دەهزرێت کە داخۆ دەرکەوەرەکان بەڕاستی شایانی متمانەپێکردن بن، ئەوجا چەند بیرۆکەیەکی بۆ دێت: ئەوە کە ئێمە دەیبینین، هەردەم ڕاست نییە. گەر ئێوە گۆچانێک بە دەستەوە بگرن و بەشێکی بخەنە نێو ئەستێڵێکەوە، ئەوا گۆچانەکە لە ڕووبەری ئاوەکە بۆ ژێرەوە ئەوها دەنوێنێت هەروەک شکابێتەوە، وەلێ لە ڕاستیدا تەواو ڕێکە؛ ئەوە تەنیا ئەنجامی دیتەنییانەی شکانەوەی تیشکە لە ئاوەکەدا کە وامان لێدەکات گۆچانەکە بە شکاوە دابنێین. کەواتە دەشێت دەرکەوەرەکان فریومان بدەن. یان ئێمە بورجی کڵێسەیەک دەبینین کە ڕەنگە لە مس دروستکرابێت. بورجەکە لەبەر تشکی خۆرەتاوی نیوەڕۆدا زێڕین دەبریسکێتەوە و ئێواران سوورباوە، وەلێ ئەو نە سوور و نە زەردی زێڕینە. کەواتە دەشێت دەرکەوەرەکان فریومان بدەن. دێکارت خۆی نموونە بەناوبانگەکەی مێوی هەنگمان بۆ دەهێنێتەوە:

“گریمان […] ئەم پارچە مێوە […] کە ڕەقە، ساردە، دەتوانین بەسانایی بە دەست بیگرین، ئەوجا گەر بە کەشک پێیدا بکێشین، ئەوسا دەنگی لێوە دێت، بەکورتی، خاوەنی هەر شتێکە […] کە دەشێت بەڕێیانەوە بەڕۆشنی وەک هەر جەستەیەک بناسرێت. وەلێ ببینە، کاتێک من هێشتا هەر دەدوێم، کەسێک لە ئاگرەکە نزیکی دەخاتەوە […]، ئیدی بۆنی نامێنێت، ڕەنگەکەی دەگۆڕرێت، فۆرمەکەی تێکدەچێت، گەورەتر دەبێت و شل دەبێتەوە […].”

کەواتە دەرکەوەرەکان زۆر یاریدەمان نادەن. گەر لە مێوەکە بڕوانین، جارێک شلە و جارێکی دی ڕەقە. کەواتە هەرگیز ناتوانین لە سەدا سەد پشت بە دەرککردنی دەرکەوەرەکانمان ببەستین. بۆیە ئەو دەبێژێت:

“ئێستاش بۆم ئاشکرا بووە کە ئەمان (واتا پێنج دەرکەوەرەکە) هەندێک جار فریومان دەدەن، ئەوەش فرمانێکی ژیرییە کە هەرگیز بەتەواوی باوەڕ بەوانە نەکەین کە تەنانەت یەک جار فریویانداوین.”

گۆیا ئەو لێرەدا دەبێژێت، کێ جارێک درۆ بکات، چیدی بڕوای پێناکرێت، جا گەر تەنانەت ڕاستی ببێژێت. هەر ئەوها گەرەکە مامەڵە لەتەک پێنج دەرکەوەرەکەماندا بکەین. کەواتە گەر تەنانەت یەک جار ئێمەیان فریودابێت، ئیدی ناتوانین لە سەدا سەد پشتیان پێببەستین. ئەوجا بیرۆکەیەکی دیکەی بۆ دێت: مرۆڤ درێژە بە گومانکردن دەدات و لەوە دەهزرێت، داخۆ هەموو شتێک کە دەرکەوەرەکان ئەوها پێشانمان دەدەن، ناکردەکی بێت. دێکارت لێرەدا دەبێژێت، دەشێت دەرکەوەرەکان پەیوەند بە شتە دوورەکانەوە فریومان بدەن، وەک بورجی کڵێسەکە، یان مێوی هەنگەکە گەر هاتوو بڕێک لێمانەوە دوور بن، وەلێ خۆ هەردوو دەستم، لەشم، لێرەن کاتێک من ئەم پەڕە کاغەزانە بە دەست دەگرم. بۆیە دێکارت دەبێژێت:

“وەلێ با دەرکەوەرەکان پەیوەند بە […] بابەتانی دوورەوە […] فریومان بدەن، خۆ هێشتا هەر […] زۆر شتی دیکە هەن کە ناتوانین گومانیان لێبکەین، […] وەک بۆ نموونە لەوە کە من […] ئێستا لە تەنوورەی زستانەدا […] لەبەر ئاگردانەکە دانیشتووم و دەست بەم کاغەزەدا دەهێنم […]. ئایا چۆن مرۆڤ دەتوانێت نکۆڵی لەم کردارەی من بکات؟”

کاتێک ئێمە دەست بەم کاغەزانەدا دەهێنین، دەبێت بەڕاستی ببێژین کە ئەمە ڕیالە. وەلێ پاشان دێکارت بیرۆکەیەکی گوماناویی سامناکی بۆ دێت: زۆر دەشێت من تەنیا خەون ببینم کە من ئێستا لە تەنوورەی زستانەدا لەبەر ئاگردانەکە دانیشتووم و ئەم کاغەزانەم بەدەستەوە گرتووە. ئایا لەکوێوە من بەگشتی دەزانم کە من تەنیا وێنەی نێو خەون نابینم، خۆیشم ڕاستییەکەی لەنێو پێخەفەکەمدا ڕاکشابم و نووستبم؟ ئایا چۆن من بتوانم نیشانەیەکی جەخت بۆ ئەوە بدۆزمەوە؟ ئەوجا دێکارت کردارێکی شێتانە دەنوێنێت و سەری بەملاولادا ڕادەوەشێنێت، تەنانەت ملی دەتەقێنێت و دەبێژێت: من ئێستا ئەو هەستەم هەیە کە بێدارم.

“[…] ئێ خۆ ئەم سەرە کە من بەملاولادا دەیبزوێنم، نەنووستووە […]. خۆ ئەمەم لەکاتی نووستووییدا ئەوها ڕۆشن لێڕونادات.”

ئەوجا تەگبیر لەتەک خۆیدا دەکات و دەهزرێت، ئێ باشە، خۆ دەشێت خەونم بە تەقینی ملمەوە بینیبێت. ڕەنگە بەڕێزتان پێكڕا ئەو سترانە نایابەی سترانسازی نەمسایی ڤۆڵفگانگ ئەمبرۆس بناسن، کە ئەوها دەیچڕێت (تسیگلەر خۆی سترانەکە بە دیالێکتی نەمسایی دەچڕێت – و) … کەواتە سترانەکە بە ئەڵمانیی باڵا دەبێت بە: تکایە نقورچم لێبگرن، لەو باوەڕەدام کە خەون دەبینم. لێرەدا دێکارت دەبێژێت، تەنانەت ئەمەش یارمەتیمان نادات بۆ ئەوەی بە جەختی بزانین کە ئێمە ئێستاکانێ بێدارین و خەون نابینین. گەر تەنانەت کەسێک نقورچمان لێبگرێت و ئێمە شئور بە ژان بکەین، دەشێت لێرەشدا خەون بە ژانپێکەوتنەوە ببینین. کەواتە ئەمیش نیشانەیەکی مسۆگەر نییە. ئیدی ئەو دەگات بەو ئەنجامە کە:

“گەر وریاتر لەوە بهزرێم، ئەوا تەواو ڕوون دەبینم کە هەرگیز ناشێت بێداری و خەونبینین بە نیشانەی جەخت لە یەکدی جیابکرێنەوە.”

گەر مرۆڤ بەڕاستی گومان بکات، ئەوا مەسەلەکە بەڕاستی ئەوهایە. ئێمە هەموومان کە لەم هۆڵەدا دانیشتووین، ئەو هەستەمان هەیە. ڕەنگە بەڕێزیشتان ئەوە بزانن. من لە لایەنی خۆمەوە موئایەشەی ئەمەم کردووە. لە تەمەنی زارۆکیمدا خەونم دەبینی کە دەتوانم بەسەر پێخەفەکەمەوە بەرز بمەوە و لەنگەر بگرم، بێگومان نەک بفڕم، بەڵکو تەنیا دەمتوانی بەسەر پێخەفەکەمەوە لەنگەر بگرم، نەک زۆر بەرز، بەڵکو ڕەنگە مەترێک و بیست یان پەنجا سانتیمەتەر. ئەوجا بێدار بوومەوە و گۆتم ئێستا تاقیی دەکەمەوە کە داخۆ بەڕاستی بتوانم لە بەرزییەوە لەنگەر بگرم. سەرەتا سەری نەگرت، ئەوجا تەواو تەرکیزم کرد و بەڕاستی بەرزبوومەوە. پاشان ویستم هەموو خانەوادەکەم بانگ بکەم و توانا نوێکانی خۆمیان پێشان بدەم، ئێستا لەم ساتەدا بەڕاستی بێداربوومەوە. لێرەدا ئەوە ناسۆراوی بوو کە من لە خەونەکەمدا بێداربوومەوە و توانستیشم بۆ بەرزبوونەوە و لەنگەرگرتن هەر خەون بوو. بۆیە دێکارت دەبێژێت: گەر وریاتر لەوە بهزرێم، ئەوا تەواو ڕوون دەبینم کە ئێمە هەرگیز ناتوانین بەجەختی ببێژین، ئێمە نیشانەی مسۆگەرمان هەیە کە ئێمە بەڕاستی بێدارین. وەلێ کاتێک دێکارت وەک هزرڤان و گومانکەرێکی کامڵ لەسەر قەنەفەکەی لەوە دەهزرێت، داخۆ لە خەوندا شتێکی ڕاست لەگۆڕێ نەبێت، بیرۆکەیەکی بۆ دێت: ئێمە زۆر جار خەون بە پاشماوەی ڕۆژەوە دەبینین، کەواتە بەوەوە کە ڕۆژی پێشوو موئایەشەمان کردووە، شتەکانیش کە خەونیان پێوە دەبینین، وێنەدانەوەی ڕووداوانی ڕیالن. سەرەتا ئەم سیتاتە دەهێنمەوە:

“[…] کەواتە ئێمە دەبێت […] دان بەوەدا بنێین کە ئەو شتانەی لە خەوندا بینراون […] وێنەن و تەنیا بەگوێرەی شتانی ڕاستینە وێنەیان داوەتەوە […].”

ئەو شتانە کە لە خەوندا بینراون، شتانی ئەوتۆن کە بەگوێرەی پێشوێنە یان نموزەجی ڕاستینە وێنەدەدرێنەوە. گەر ئێمە بۆ نموونە خەون بە ئەسپێکی باڵدارەوە ببینین، ئەوا ئەسپەکە ڕیالێتییەکی ڕاستە و بەگوێرەی نموزەجەکەی خەونمان بینیوە، بێگومان باڵەکانیش، بۆ نموونە مەل باڵی هەیە، هێندە نەبێت کە لەیەکدانیان … بەڵێ … لێرەدا خەونەکە ناڕەحەتمان دەکات. گرێدانی ئەم دوو ئەدگارە، واتا ئەسپی فڕۆک … ئا لێرەدا خەونەکە ناڕەحەتمان دەکات. وەلێ دێکارت دەبێژێت … ئێستا شتێکی پێکەنیناوی دەهێنێتە نێوانەوە کە تەنیا لە ماتماتیکییەک دەوەشێتەوە. ئاخر دێکارت ماتماتیکی بوو، سیستەمی پۆتان کە دوو تەوەرەی x و  yی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو. ئەمە هەر بە خەیاڵی ماتماتیکییەکدا دێت. من خۆم ئەزموونی ئەوهام نەکردووە (تسیگلەر پێدەکەنێت – و). بە هەر حاڵ دێکارت خەونی بینی بوو کە (پێدەکەنێت – و) دوو کۆی سێ دەکاتە پێنج (پتر پێدەکەنێت – و). کتوپڕ لە سەریدا تێڕوانینێکی بۆ دێت: ئێ باشە، گەر من خەون بە شتێکی ئەوهاوە ببینم، لێرەدا هیچ گرنگ نییە کە داخۆ من خەون ببینم یان بێدار بم؛ بەڵێ دەشێت ئەوە کە خەونم پێوە بینیوە، دوایەمین جەختییەک بێت، چونکە ئەندازە و ژمێرە بەند نین بە ئەدگاری بەرجەستەوە، بە باڵ یان بە ئەسپەوە، بەڵکو ژمارەکان نمرەی تەواو ئەبستراکتن. بۆیە سەرەتا لەوە دەهزرێت کە ڕەنگە ئەندازە و ژمێرە دوایەمین پنتی ئەرخەمیدییانەی زانین بن.

“[…] با من بێدار بم یان نووستبم، خۆ هەمیشە 5 = 3 + 2”.

ئەوجا دێکارت لەمەوە دەرئەنجامێنێت، کە

“مرۆ بۆی هەیە ڕەوایانە لەوێوە دەربئەنجامێنێت کە […] ژمێرە، ئەندازە، […] کە تەنیا بە گشتیترین شتەکانەوە خەریکن […]، شتێک لە جەختیی گومانهەڵنەگر لە خۆ دەگرن.”

ئێستاش دەبێژێت، ڕەنگە بە ژمێرەکەی خۆی شتێکی دۆزیبێتەوە کە جەختە، وەلێ بەدوویدا گومانێکی دیکەی بۆ دێت. بەڕێزتان دەبینن کە ئەو ڕیشەییانە گومان دەکات. ئەو دەزانێت کۆکردنەوە و لێدەرکردن بەندن بە بەڵگەنەویستەوە (ئەکسیۆمەوە)، بەڵی سەرجەم ماتماتیک، ئەندازەش بەندە بە بەڵگەنەویستەوە و لەسەر بەڵگەنەویست هەر شتێکی دی دادەمەزرێت. وەلێ ئێستا کتوپڕ بیرۆکەیەکی بۆ دەبێت: ئەی ئایا چۆن دەبێت گەر خودی ئەکسیۆمەکان هەڵە بن. ئایا چی دەبێت گەر گیانێکی خراپ، دەسەڵاتێکی دەر-زەمینی، ماتریکسێکی هەڵەمان بۆ بهێنێتە نێوانەوە، مانیپولەمان بکات و سەرجەمی بەڵگەنەویستەکانمان هەڵە بن؟ لێرەدا دێکارت لە گێنیوس مالیگنوس، لە گیانێکی خراپ، دەدوێت، ئەوجا گەر شتێکی ئەوها هەبێت – ئاخر ئەو دەیەوێت بە گومانەکەی هەموو شتێک هەڵاوێردێت – ، ئەوسا دەبێت گومان لە ڕاستیی بەڵگەنەویستەکانی ماتماتیک بکەین. سیتات:

“بۆیە دەمەوێت گریمانە بکەم […] کە گیانێکی خراپ […] هەموو کۆششی خۆی تەرخان کرد بۆ ئەوەی فریوم بدات. […] هەر ئەوها دەشێت من خۆم فریو بدەم جا تا چەند 2 و 3 کۆبکەمەوە.”

دەبینن، ئەو لێرەشدا جەختیی نییە! لە کۆتایی ئەم مێدیتاسیۆنەی یەکەمدا تەواو نائومێدە و هەموو شتێک بە بێبنەما دادەنێت. جارێکی دی هەمووی دوبارە دەکاتەوە. “من” ناتوانێت متمانە بە پێنج دەرکەوەرەکە بکات، چونکە فریومان دەدەن؛ هەروەها مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت بەجەختی ببێژێت کە داخۆ ئەو خەون دەبینێت یان بێدارە؛ ئەوجا، سێیەم، مرۆڤ ناتوانێت متمانە بە بەڵگەنەویستەکانی ماتماتیک و ئەندازە بکات، پێکڕا دەشێت ماتریکسێک بن کە تێکدەرانە هێنرابێتە نێوانەوە، کە لە زایینمانەوە هەمانە یان نەوە بەدووی نەوەدا بۆمان مابێتەوە. هەمووی دەشێت. بۆیە بڕیار دەدات، هیچ شتێک بە ڕاست دانەنێت کە ئەو خۆی بەمسۆگەری نەیسەلمێنێت. ئەوجا دەگات بەو سەرئەنجامە کە:

“[…] من دەمەوێت بڕوا بهێنم کە ئاسمان، هەوا، زەمین […] و سەرجەم شتە دەرەکییەکان تەنیا گەمەی فریودەری خەونن […]. […] نامەوێت خۆم ئەوها ببینم هەروەک دەست، چاو، گۆشت و خوێنم هەبێت.”

ئەمە ڕستەیەکی دژوارە. ئەو لەسەر قەنەفەکەی دانیشتووە و گومان دەکات کە داخۆ هەموو شتێک تەنیا فریودان نەبێت. ئەوجا دەبێژێت، دەمەوێت ئەوها لە خۆم بڕوانم هەروەک دەست، لاق، گوشت و خوێنم نەبێت. نزیکبۆتەوە لە تێکچوون. ئیدی تەواو شەکەت دەچێتە نێو پێخەفەکەیەوە. ڕۆژی ئایندە دوای بێداربوونەوە دەست بە مێدیتاسیۆنی دووەم دەکات. بەڕێزان، ئەم مێدیتاسیۆنەی دووەم زۆرترین کارتێداکراوی هەر کتێبێکی فەلسەفەییە لە سەراپای جیهاندا. مێدیتاسیۆنەکە بە دانپیانانێک دەست پێدەکات. دێکارت دەڕوات لەسەر قەنەفەکەی دادەنیشێت و دەبێژێت:

“تێڕوانینەکەی دوێنێ […] خزاندمییە نێو گومانی بەهێزەوە […] هاوشێوەی […] بەربوونەوە بۆ نێو گێژەنگێکی قووڵ […].”

ئەو جارێکی دی ڕۆژی یەکەم دەهێنێتەوە پێش چاوانی و دەیهێنێتەوە یاد کە بۆچی خزێنرایە نێو گێژەنگەوە، ئەوجا دێتەوە یادی کە ئەو لە توانایدا نەبوو شتێکی چەسپ ببینێتەوە. لەسەر ئەمەش دەبێت ئێستا مێدیتاسیۆنی دووەم بنیاتبنێت. ئەوە بە جۆرێکی دیکە ناشێت. سیتات:

“کەواتە من گریمانە دەکەم، هەر شتێک کە من دەیبینم، هەڵەیە […]: […] جەستە، شێوە […] بزووتن و جێ تەنیا وێنان. کەواتە ئایا چی ڕاست دەمێنێتەوە؟”

کەواتە ئایا چی ڕاست دەمێنێتەوە؟ ئێستا دێکارت لەم مێدیتاسیۆنەی دووەمدا خۆی لە بەردەم وێرانەی گومانەکەیدا دەبینێتەوە. پاشماوەیەکی وردوخاشبووی زل لە بەردەمیدا کەوتووە. ئەو سەرەتا بە کوتەکی گومان دەرککردنی بەرجەستەی وردوخاش کرد، گۆتی هیچ جەختییەک نییە، پاشان سەرلەنوێ کوتەکەکەی سووڕاندەوە و ئەو جەختییەشی تێکشکاند کە ئێمە بێدارین، بەڵێ دەشێت ئێمە خەون ببینین، ئەوجا لە کۆتاییدا بە کوتەکی گومان بنەڕەتەکانی ئەندازە و ژمێرەی خستە ژێر گومانەوە. ئێستاش لە بەردەم هێندێکی وردوخاشدایە. ئێستا پەست بووە و دەپرسێت: ئایا ئێستا چیی ڕاست دەمێنێتەوە؟ ماوەیەک لەوە دەهزرێت کە ڕەنگە هیچ پنتێکی ئەرخەمیدی نەبێت، تەنانەت ڕەنگە هیچ جەختییەکی دوایەمین لە ژیانی مرۆڤدا نەبێت، پاشان کتوپڕ بەرچاوی ڕۆشندەبێتەوە و ڕاستی دەناسێتەوە، ئێستا مەئریفە تەواو مەزنەکەی بۆ دێت. ئەو یەکە کە هەردەم کوتەکەکەی دەسووڕاند، ئەو من-ە کە گومانی کرد، کە گومانی لە دەرکەوەرەکان کرد، کە گومانی کرد داخۆ بێدار بێت یان خەون ببینێت، ئەو یەکە کە کوتەکەکەی سووڕاند، ئەو من-ە هەردەم هەمان من-ە. ئەم من-ە جەختە. گەر من گومان بکەم، لێرەشدا گومان هزرینی ڕەخنەییە … ئەرێ کاتێک من گومان دەکەم، ئەوا دەبێت من هەبم. دەبێت من هەبم. سیتات:

“با هەر فریوم بدات …” …

… لێرەدا مەبەستی لە خەون و گیانی خراپە. کەواتە دێکارت دەبێژێت، ئەوە چیدی گرنگ نییە کە داخۆ ئێمە خەون ببینین یان گیانی خراپ فریومان بدات؛ لەو ساتەدا کە من گومان لە هەموو شتێک دەکەم، دەبێت من هەبم. ئێستاش لەم سیتاتەدا دەبێژێت …

“هەرچۆنێکی دەوێت با فریوم بدات، سەرباری ئەوە تا ئەو کاتەی من بهزرێم، هەرگیز بۆی ناچێتە سەر کە من هیچ بم […].”

ئەوە گرنگ نییە کە داخۆ ئێمە خەون ببینین یان گیانێکی خراپ فریومان بدات، گرنگ ئەوەیە، لەو ساتەدا کە من گومان دەکەم، من لێرەم. لەو ساتەدا کە من ڕەخنەییانە دەهزرێم یان گومان دەکەم، من هەم. دەبێت من هەبم. سیتات:

“[…] لە کۆتاییدا بۆم دەردەکەوێت کە هەرکات من ئەم ڕستەیە: ‘من هەم، من ئێکزیستێنسم هەیە’ دەرببڕم یان لە هۆشدا دیاری بکەم، بەزەرووری ڕاستە.”

هزرکەرێک، مرۆڤێکی هزرکەر، دەشێت لە زۆر شتدا بەسەهوودا بچێت – دەشێت هەڵە بکات، بەسەهوودا بچێت. وەلێ کە ئەو دەهزرێت و دەشێت بەسەهوودا بچێت، ئەم هەقیقەتە کە ئەو تەنانەت دەشێت بەسەهوودا بچێت، هێشتا هەر ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەو دەبێت لە ساتی هزریندا هەبێت. بەم شێوەیە دێکارت دەگات بە ڕستە بەناوبانگەکەی:

“من دەهزرێم، کەواتە من هەم”.

ئێوە دەتوانن بۆ ئەوە هەروەها ببێژن: “من گومان دەکەم، کەواتە من هەم”. ئێمە دەبێت لەو ساتەدا هەبین. ئێوە دەتوانن پرۆبەیەکی پێچەوانە بکەن: گەر ئێوە مردبن، چیدی گومان ناکەن. یان ناشێت ئێوە لە خەوندا خەون ببینن کە ئێوە گومان دەکەن. بێگومان ئەوە لە کەتواریشدا هەر ئەوهایە. وەلێ هەر ئەوەندەی بهزرێن، ئیدی ئێوە هەن. ئەوجا لەم ڕستەیەوە کە ئێستا پنتە ئەرخەمیدییەکەی دێکارتە، گۆڕان بە سەرجەم فەلسەفەکەی دەدات. سیتات:

“بەم شێوەیە بڕوام کرد، دەتوانم ئەم ڕستەیە بەدڵنیایی وەک یەکەم بنەڕەتی ئەو فەلسەفەیە وەربگرم کە بۆی دەگەڕام”.

بێگومان ئەو ئێستا کێشەیەکی هەیە. ئەو لە جەختیی هزرەوە گۆڕان بە سەرجەم فەلسەفەکەی دەدات. هەر بۆیە ئێمە دەبێژین: ڕاسیۆنالیزم. ڕاسیۆ، ئاوەز. ئێستا ئەو کێشەیەکی یەکجار گەورەی هەیە. ئاخر بەڕێزانم ئایا ئێستا مەسەلەکە پەیوەند بە خوداوە چۆنە؟ ئایا نابێت پاشان گومان لە خوداش بکرێت؟ ئەو دەیزانی، گەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات، ئەوا ڕەوشەکە بۆ ئەو زۆر پڕمەترسی دەبێت. ئیدی دێکارت … چی ببێژم … بەڵێ … ئەو کارێکی باشی کرد: ئەو بەرەو پێش هەڵات. ئێستا هەوڵ دەدات فاکەڵتیی تیۆلۆگی لە پاریس بهێنێتە نێوانەوە. ئەو تەنانەت ئەم کتێبە (کتێبەکە هەڵدەگرێت و دەیکاتەوە – و) پێشکەشی … بەڵێ لە یەکەمین لاپەڕەیدا دەنووسێت:

“بۆ جەنابانی زۆر دانا و مەزن […] ی فەکەڵتیی پیرۆزی تیۆلۆگی لە پاریس”.

ئەو کتێبەکە پێشکەشی تیۆلۆگەکانی پاریس دەکات و پێشتر چەند دانەیەکیان بۆ دەنێرێت تاکو هەر لە سەرەتاوە کڵێسە بهێنێتە نێو مەسەلەکەوە. بێگومان ئەوە بەس نەبوو کە تەنیا کتێبەکەیان پێشکەش بکات. ئەو هەوڵی دیکەش دەدات: سەلماندنی هەبوونی خودا. ئەمە سێیەم مێدیتاسیۆنە. دێکارت ویستی بەم سەلماندنەی هەبوونی خودا بە تیرێک دوو نیشان بپێکێت. یەکێکیان ئەوەیە کە ویستی نەبێت بە نیشان بۆ هێرشی ئەوان کە گۆیا ئەو گومڕایە، چونکە ئەوەتا دەیسەلمێنێت کە خودا هەیە؛ وەلێ ئەو هاوکات بەو کارە دەیتوانی بەوەفا بمێنێتەوە بۆ ڕاسیۆنالیزمەکەی، چونکە ئێستا نابێژێت کە خودا هەیە لەبەر ئەوەی پێغەمبەرێک ئەوها دەبێژێت، بەڵکو ئەو دەتوانێت بە پرنسیپی لۆگیکی، تەواو ڕاسیۆنال، بیسەلمێنێت کە دەبێت خودا هەبێت. ئەم سەلماندنەی خودا زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەمەشتان بەکورتی پێشان دەدەم، وەلێ ڕەنگە باشتر بێت سەرەتا بە ئێکسپێریمێنتێک (تەجروبەیەک) دەست پێبکەین، چونکە دێکارت دەبێژێت، ئێمە هەموومان ئیدێیەکی خودامان هەیە. من تێگەکەتان بەکورتی پێدەبێژم و ئەوجا خۆتان بڕوانن چە ئیدێیەکتان لە سەردا هەیە. ئاگادار بن: خودا. لە بنەڕەتدا هەموومان پەیوەند بەم تێگەیەوە ئیدێی هاوشێوەمان هەیە: ئەزەلییەت، کامیلێتی، گشتزانی (عەلیمێتی)، بەتوانا بۆ هەر شت (جەبەروت). ئێمە ئۆتۆماتیکییانە ئەم ئیدێیانەمان لەمەڕ خودا هەیە، هەمووشیان لە سەرماندان. دێکارت دەبێژێت، ئیدێی خودا لای ئێمە هەموومان هەردەم وەکیەکە، خودا وەک ئیدێ

“[…] ئەزەلییە، بێدوایەکییە، گشتزان و بەتوانایە بۆ هەر شت […]”.

ئەوجا ئێستا شتێکی سەرنجڕاکێش ئەنجام دەدات. ئەو دەبێژێت: ئێ باشە، ئێمە زۆر ئیدێمان لە سەرماندا هەیە، لە کۆتاییشدا زەین هەمیشە بە چەشنێک کارا دەبێت کە ئێمە ئیدێکان لە ئیدێگەلی قووڵتری هۆییترەوە دەرئەنجامێنین. دێکارت ئەمەی تا ڕادەیەک لە پلاتۆن وەرگرتووە، واتا ئیدێگەلی هۆییتر هەن کە کامیلترن لەو ئیدێیە کە ئێمە هەنووکە دەیهزرێنین. سیتات دەهێنمەوە:

“گەر ئێمە […] ئیدێکان کە ئێمە لەنێو خۆماندا هەمانن، بخەینە ژێر تاقیکردنەوەیەکی دیکەی درێژەپێدراوەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت […] کە ئەوان چەند زۆرتر […] کامیلێتی لە خۆ بگرن، دەبێت هۆکەشیان ئەوەندە کامیلتر بێت […]”.

ئەمەتان تا ڕادەیەک بە نموونەیەک بۆ باس دەکەم، چونکە بەمە ڕوونتر دەبێتەوە. گریمان ئێمە ئیدێی دەورییەکمان (قاپێکمان) هەیە، یان قڕسێکی هەڵدان ی ئەنتیکە، یان ئیدێی پارەیەکی زیوین، ئەوجا دەمانەوێت پارەیەکی زیوین، قڕسێکی هەڵدان، یان دەورییەک لە قوڕ، دروست بکەین. گریمان ئێمە بەرهەمهێنەرین. ئێمە ئیدێیەکی ڕوونمان سەبارەت بەو شتە پێویست دەبێت کە دەمانەوێت دروستی بکەین. وەلێ ئەم ئیدێیە کە ئێمە لە سەرماندا هەمانە، شتێکی هۆییتری وەک بناغە هەیە، واتا لای هەر سێ ئیدێکە ئیدێی کامیلتری خولگەیێتی هەیە، واتا بەبێ خولگەیێتی پارەی کانزایی، دەوری یان قڕس نابێت. لە ڕاستیشدا خولگەیێتی ئیدێیەکی کامیلترە. ئێوە دەزانن، ماتماتیکییەکان فیگوری یەکجار جوانی ئیدیالی جەستەی ئەندازەییان داڕشتووە؛ گەر ئێوە خولگەیێتیتان لە بازنەدا هەبێت، ئا لەوێدا هەر پنتێک بەتەواوی هەمان دووریی لە پنتی نێوەندەوە هەیە. ئەمەیە ئیدێ بناغەییەکەی خولگەیێتی. ئەوجا گەر ئێمە پارە زیوینەکەمان، دەورییە قوڕینەکەمان دروست بکەین، یان قڕسەکە، هەمویان لەم ئیدێیە جیاوازن، چونکە هەرگیز وەک خۆی بەدیی ناهێنین کە ئیدی هەموویان ماتماتیکییانە خولگەیی بن. پارە زیوینەکە کە دەیڕێژینە قاڵبەوە، هەردەم هەندێک هەڵەی تێدەکەوێت، یان قڕسی هەڵدانەکە، یاخود دەورییەکی دروستکراو لە قوڕ کە هەرگیز تەواوەتی نییە. بۆیە ئەو ئیدێیە کە بەوان بناغەییە، کامیلترە لە ئیدێ کردەکییەکەی نێو سەرمان. ئێستاش دێکارت پێشانمان دەدات کە ئەوە پەیوەند بە خوداوە چۆنە. وەک گۆتمان خودا ئەزەلییە، بەتوانایە بۆ هەر شت، کامیلە، گشتزانە. ئێستاش لەنێو خۆماندا بۆ ئیدێیەکی هۆیی دەگەڕێین کە بەهای باڵاتر و کامیلتری لەم ئیدێیە هەیە، لێرەشدا ئەو دەبێژێت: ئێمە هیچ نابینینەوە. ئایا چۆن ئێمە لەنێو ئێمەی مرۆڤ خۆماندا ئیدێیەک ببینینەوە کە کامیلترە لە ئیدێی کامیلێتی، گشتزانی و بەتوانا بۆ هەر شت؟ لەنێو خۆماندا هیچ نابینینەوە. بۆیە ناشێت ئیدێکە لە ئێمە خۆمانەوە هاتبێت. ئێمەی مرۆڤ هەر چۆنێک بیگرین، بەتوانا نین بۆ هەر شت، کامیل نین، و هتد. بۆیە ئێمە ئەم ئیدێیە لەنێو خۆماندا نابینینەوە، بەڵکو دەبێت لە دەرەوە هاتبێت. سیتات:

“لەبەر ئەوەی ئیدێی ئەو باڵاترین کامیلێتییانە بە هیچ شێوەیەک لەنێو خۆماندا نابینینەوە، ئەوا دروست لەمەوە دەرئەنجامێنین کە ئەوان لەنێو شتێکی دیکەی لە ئێمە جیاوازدان، واتا لەنێو خودادان […]”.

کەواتە ناشێت ئیدێکە لە ئێمە خۆمانەوە بێت هاوشێوەی ئیدێی خولگەیەتی. ئەمە ئیدێی کامیلێتی ناگرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە دەرەوە بێت بۆ نێو ئێمە، کەواتە تەنیا دەشێت لە خوداوە بێت. پوختە: گۆیا ئەو دەبێژێت: ئێمە دەتوانین خودا بهزرێنین، کەواتە ئەو دەبێت هەبێت. ڕەنگە لۆگیکییەکانی ئەمڕۆ پەیوەند بەمەوە ببێژن: ئەوە دەرئەنجامی خولگەییە، چونکە دێکارت لایەنیکەم بەپێشیانی گریمانەی ئەوە دەکات کە خۆی دەیەوێت بیسەلمێنێت. ئەو ئیدێی خودا بە ڕیال، بە کردەکێتیی ئەبسولوت، دادەنێت، هەروەها دەبێژێت ئەم ئیدێیەی ئێمە لەمەڕ خودا بە هەر حاڵ پێگونجاوێکی ڕیالی هەیە، ئەوجا هەروا سووک و ئاسان لەمەوە دەرئەنجامێنێت کە دەبێت خودا هەبێت، چونکە ئەو ئیدێکە بە ڕیال دادەنێت، ئەوجا کاتێک ئەو ئیدێکە بە کردەکی دادەنێت … بێگومان ئەو هەروەها دەتوانێت ببێژێت کە ئەو ئیدێکەی بە شێوەیەکی سەیر بۆ هاتووە، ئەمە هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، گرنگ ئەوەیە کە ئیدێکە بەڕەهایی ڕاستە، لێرەشەوە لۆگیکیانە ئەو دەرئەنجامە دەکەوێتەوە کە دەبێت خودا هەبێت. دەشێت لۆگیکییەکان ببێژن، کە سەلماندنەکە بەڕاستی سەرناگرێت. لە کۆتاییشدا دێکارت بەم سەلماندنەی خودا دووجارە شکشتی هێنا: سەلماندنەکە جارێک لۆگیکییانە وتوێژهەڵگرە، ئەوجا تیۆلۆگیی کاتۆلۆکی لە سۆربۆن هیچ کەیفی پێی نەهات و ئەوەی بە باش دانەدەنا، چونکە ئەوان دەیانگۆت، مرۆڤ ناتوانێت سەرەتا ڕاسیۆنالانە گومان لە خودا بکات، پاشان سەرلەنوێ لۆگیکییانە بە ئەرگومێنت بیهێنێتەوە نێوان، نەخێر ئەوە گرنگە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ ئیمانی بە خودا هەبێت. ئەوە بوو ئیدی ئەو ناچار بوو بەردەوام بێت لە خۆشاردنەوە و لە پەنهانیدا بژی. وەک گۆتمان، ماوەیەکی کورت دوای مردنی هەموو کتێبەکانی یاساغ کران، ئەوە کاتێک پێشتر تەنیا ئەو مەترسییە لەگۆڕێ بوو کە لەسەر لێوارەکەوە بەربێتەوە. ئەمەش ناسۆراوییە، چونکە دێکارت بڕوای بە خودا هەبوو. لایەنی کەم زۆرینەی بیۆگرافەکان دەبێژن کە دێکارت ئیماندار بووە. منیش هەر لەو بڕوایەدام. ئەو خۆیشی بەڕاستی نامەیەک بۆ مێرسێنی هەڤاڵی دەنووسێت کە ئەو لەو باوەڕەدایە کاتێک لەشمان دەمرێت، واتا لەشمان کە تەنیا شت ی کشاوە، ڕێس ئێکستێنزایە، ئەوا ڕێس کۆگیتانس دەمێنێتەوە: هۆش، هۆشمان، ڕاسیۆمان، بەو ڕێیەوە کاری تێناکرێت و بەردەوام دەژی. سیتات دەهێنمەوە:

“ئەوجا گەرچی من […] جەستەیەکم هەیە، […] هێشتا هەر […] لەبەر ئەوەی بوونەوەرێکی هزرکردووی نەکشاوم، […] ئەوا جەختە کە من بەڕاستی لە جەستەم جیاوازم و دەتوانم بەبێ ئەو هەبم”.

ئێمە سەرلەنوێ لای دوالیزمی کارتێزین، دوالیزمی ڕێس کۆگیتانس و ڕێس ئێکستێنزا. وەلێ لەبەر ئەوەی دێکارت گەوهەری هزریو و گەوهەری جەستەیی لە یەکدی جیاکردۆتەوە، ئەوا پرسیاری لێکرا داخۆ چۆن هاوئاهەنگییان چێ ببێت. گەر من بەیانی زوو دوای بێداربوونەوە هەستم و بۆ نموونە بڕۆم بۆ گەرماوەکە، ئەوا خۆ دەبێت ڕێس کۆگیتانس، ئاوەز، هەر چۆنێک بێت بە پێکانم ڕابگەیەنێت کە ئەوان ڕووەو گەرماوەکە بڕۆن. کەواتە ناشێت گەوهەرەکان بەتەواوەتی لە یەکدی جیابووبێتنەوە. ئەو خۆیشی ئەم نموونەیە دەهێنێتەوە، ئەمەش وێنەکەیەتی کە ئەو خۆی نیگاری کێشاوە. لێرەدا دەبینین کە چۆن پێی کەسێک دەسووتێت.

“گەر بۆ نموونە دەمارەکانی پێ بەهێز […] ببزوێنرێن، ئەوا بزووتنەکە کە بەڕێی مۆخی بڕبڕاگەی پشتەوە […] دێتە نێوەوە، ئاماژەیەک بە هۆش دەدات کە شئور بە شتێک بکات […] و […] کاریگەری لەسەر هۆش دەنوێنێت تاکو هۆکەی نەهێڵێت”.

کەواتە ئەوە وەک سیستەمێکی هیدراولیکییە. لەو سەردەمەدا هەروەها هەوڵ بۆ ئەوەش لەگۆڕێ بوو کە میکانیکیانە لە مرۆڤ، لە ئاژەڵان، لە هەر شت، تێبگەن. هەوڵەکە لەگۆڕێ بوو. بەڵێ نابێت دێکارت بەکەم بگرین، ئەو بە ڕاسیۆنالیزمەکەی زەمینەی بۆ زانستێکی سروشتیی بەرەڵاکەر خۆش کرد. ئەوجا هاوچەرخانی دێکارت هەبوون، وەک کێپلەر، گالیلێیۆ کە تەلەسکۆب یان تێرمۆمەتری تا-ی کەشف کرد، یان نیوتن کە هاوچەرخێکی درەنگتری ئەو بوو و گۆڕانی دا بە میکانیکە تایبەتەکەی و تیۆریی هێزی ڕاکێشان. بە زانستەکەی نیوتن وا دانرا کە ئیدی مرۆڤ جیهانی بەتەواوی ناسیوە. یان هیرۆنیموس فابریتسیوس، ئەمیش بۆ من سەرنجڕاکێش بوو. ئەم پزیشکی نەشتەرگەری بوو کە توێکاریی لاشەی ئەنجام دا. ئەوجا ئێوە دەزانن کە دێکارت چیدی توێکاریی لاشە بە گوناه دانانێت، چونکە لەش تەنیا ڕێس ئێکستێنزایە. ئەوە هیچ گوناه نییە، تاوان نییە لە هەمبەر لەش، ئەوە تەنیا زانستە. ئێمە دەبێت بچینە نێو سروشتی دەرەکییەوە، لێی تێبگەین، شرۆڤەی بکەین و سەروەریی بەسەردا بنوێنین. ئەم پزیشکە نەشتەرگەرە، هیرۆنیموس فابریتسیوس، دەوری 1600 تەنانەت دەریخست کە بۆچی دەشێت زارۆک بەمردوویی لەدایکببێت.

ئەو زۆر جوان زانستی ئێمبریۆنال (ئاوڵەمەزانی)ی بەرەو پێش برد. بە دیدی ئەو پێدەچێت ناوکەپەتکە لە ملی یان بە شانی ئاوڵەمەکەوە ئاڵابێت و هتد. ئەوجا بووکەڵە ئەندامبزۆکەکەش سەرنجڕاکێشە.

وا دادەنرێت کە هیرۆنیموس فابریتسیوس ئەم بووکەڵە ئەندامبزۆکەی بۆ مەبەستی فێرکاری بەکارهێناوە، چونکە مرۆڤ بەم بووکەڵەیە زۆر چاک دەتوانێت ڕێس ئێکستێنزا پێشان بدات، واتا چۆن هەموو ئەندامەکان کارایی خۆیان دەنوێنن. ئێمە دەتوانین بایانبدەین و بڕوانین کە چۆن ئەوان کارا دەبن. ئەوە بە نموونەی ئەم بووکەڵە ئەندامبزۆکە. ئێوە لێرەدا دەستپێکە لەڕادەبەدەرکەی زانست دەبینن کە چۆن دەیەوێت بچێتە نێو هەموو شتێکەوە. لەم دوالیزمە کارتێزییەدا ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە بە دیدی دێکارت ئاژەڵان پێکڕا سەر بە ڕێس ئێکستێنزان. بێگومان مرۆڤ ڕێس کۆگیتانس و ڕێس ئێکستێنزای هەیە، یان ئێمە جەستە و هۆشمان هەیە، وەلێ ئاژەڵان ئەوها نین. وەک دێکارت دەبێژێت، ئاژەڵەکان هاوشێوەی ئۆتۆمات کارا دەبن، یان هاوشێوەی مەکینەی قوڕمیشکراوی سەئات. ئێمەش هەندێک جار ئەو هەستەمان هەیە، کە ئاخ خۆ ئەم ئاژەڵە زۆرترە لە ئۆتۆمات، بەڵێ ئەویش دەهزرێت. وەلێ دێکارت دەبێژێت کە ئێمە لەمەدا سەهووین. سیتات دەهێنمەوە:

“سەیرە […] کە زۆر ئاژەڵ لە هەندێک ئەنجامداندا لە ئێمە کارامەترن، […] وەلێ لەمەوە ئەو دەرئەنجامە ناکەوێتەوە کە ئەوان زەینیان هەیە، […] نەخێر بەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەوان زەینیان نییە و تەنیا سروشت لەنێو ئەواندا […] کردار دەنوێنێت.”

کەواتە گەر پشیلەیەک لە درەختێکەوە پشتاوپشت بەربێتەوە، ئەوا خۆی دەسووڕێنێتەوە و بە چوار پێی لەسەر زەوی دەگیرسێتەوە. پێدەچێت دێکارت پەیوەند بەمەوە بیگۆتایە: ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە پشیلەکە ڕێس کۆگیتانسی هەیە، لێدەهزرێت و تاوتوێ دەکات کە گەر خۆی بسووڕێنێتەوە، ئیدی گیرسانەوەی لەسەر چوار پێی کەمتر ئازاری پێدەگەیەنێت، بەڵکو ئەوە سروشتە کە پشیلەکە دەسووڕێنێتەوە، ئەوە سروشتە کە لەنێو پشیلەکەدا کارایە و دەیسووڕێنێتەوە بۆ سەر چوار پێی. وەلێ پشیلەکە لە بنەڕەتدا ژیندار نییە (بێگیانە). ئەو جەستەی پەتییە، ڕێس ئێکستێنزای پەتییە. ئیدی لە ئەنجامی ئەم جۆرە هزرینە ترسناکەدا کە وایدادەنێت ئاژەڵ سەر بە ڕێس ئێکستێنزایە، ئاژەڵان دروست کران. مرۆڤ هەوڵی دا بۆ لەسەردروستکردنەوەی ئاژەڵان، چونکە وا دادەنرا، هەر وەک چۆن دێکارت دەبێژێت، ئاژەڵان هاوشێوەی مەکینەی قوڕمیشکراوی سەئات کارا دەبن. ئێوە بەم وێنەیە یەکەم مراویی زانستی دەبینن:

ژاک دی ڤۆکانگسۆ (Jacques de Vaucanson)ی فەڕەنسی ساڵی 1773 بە زیاتر لە 400 پارچەی بزۆک یەکەم مراویی بزۆکی دروست کرد. ئەمە لە سەرجەم فەڕەنسادا بەفراوانی ئاهەنگی بۆ گێڕرا کە گۆیا ئیدی زانست لە توانایدایە ئاژەڵ دروست بکات. ئەم مراوییە بەڕاستی دەیتوانی کەمێک بڕوات، باڵ بەیەکدا بدات، تەنانەت دەیتوانی بواقێنێت. هاوکات ڤۆکانگسۆ خۆیشی نمایشێکی زەبەلاحی بۆ سازدا: دانی بۆ ڕۆ کرد و مراوییەکە دانەکانی خوارد، جمهوریش چەپڵەی زۆری بۆ لێدا، ئەوجا پاش کەمێک مراوییەکە ڕیقنەی کرد و سەرلەنوێ چەپڵەڕێزان لێدرایەوە، ئەویش چونکە مراوییەکە هەموو دانەکانی هەرس کردبوو. باشە. وەلێ درەنگتر ساغبۆوە کە مراوییەکە توانای هەرسکردنی نەبوو. ئەو دوو دەڤری لە نێویدا دانابوو: دانەکان دەکێشرانە نێو یەکێکیانە و لە ئەویدیکەیاندا پێشتر ڕیقنەی سەوز ئامادەکرابوو (پێدەکەنێت – و) کە ئیدی ڕیقنەکەی لێوە دەردەهات هاوشێوەی سەئاتێک کە چک چک بەرەو پێش دەبزوێت (پتر پێدەکەنێت – و). بێگومان نامەوێت ببێژم کە ڤۆکانگسۆ گوێی جمهوری بڕی. ئەو فریوی دان. وەلێ ئایا بۆچی ئەمەتان بۆ دەگێڕمەوە؟ نەک لەبەر ئەوەی ڤۆکانگسۆ فریودەر بوو، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەم ئۆفۆڕییە (هەستی شادییە هەژاوە) ببینن کە ئەو دەمە لە زانستدا هەبوو. ئێمە دەبێت ڕێس ئێکستێنزا بناسین، مانیپولەی بکەین، لەسەری دروست بکەینەوە و بەسەریدا سەروەر بین. ئەمە بیرۆکە یەکجار مەزنەکە بوو. بۆیە ڕێنێ دێکارتیش دەبێژێت، کە ئێمە ئێستا بەتەواوی ئەم دەستپێکە نوێیەمان پێویستە، بە ڕێس کۆگیتانسی خۆمان، بە ئاوەزمان. ئەو دەبێژێت:

“[…] بە ئەو دەتوانین بە لێزانیی ئەوتۆ بگەین کە بۆ ژیان ئەوپەڕی سوودمەندە، […] هەر بەم شێوەیەش دەتوانین خۆمان بکەین بە سەروەر و شارەزای سروشت […].”

ئێمە بەڕاستی ئەمڕۆ بە لێزانییەکانمان پێشکەوتنی زۆرمان بەدیهێناوە کە بۆ ژیانمان زۆر سوودمەندن. کەواتە ناتوانین ئەوە نزم بنرخێنین. گەر ئێمە تاعونمان هەبێت، ئەوا ئەنتیبایۆتیکێکی بەهێز دەخۆین، یان لە ڕەشی سیفیلیسدا، یاخود نەخۆشییەکانی دیکەدا کە بەڕێی بەکتریاوە سەرهەڵدەدەن، پزیشکی لەڕادەبەدەر لەچاو ڕابوردوودا پێشکەوتووە. یان بێزەحمەتییەکانمان، بۆ نموونە مەکینەی دروێنەمان هەیە، پەیینمان هەیە، پێستیدسید و فونگیتسیدمان هەیە، ئێمە بە شێوازێکی هەرگیز پێشبینینەکراو بەرهەمدەهێنین، هەموو بەیانییەک زوو دوش ی گەرم دەکەین کە لە سەردەمانی دێکارتدا بە هیچ شێوەیەک نەدەشیا. ئێمە هەروەها دەتوانین سوود لە وزەی فۆسیل (بەردەنی) وەربگرین، بەسەریدا زاڵ ببین و دەریبهێنین. وەلێ ئێوە هەروەها دەبینن کە ئێمە بە دوالیزمی کارتێزی هێدی هێدی دەگەین بە سنوورێک. ئێمە هێشتا هەر ئەم جۆرە هزرینەمان هەیە: ئێمە لێرەین، سروشت لەوێیە، وەلێ ماوەیەکە … بەڵێ … دێکارت جارێ هیچی لەبارەی گەرمبوونی کلیما، پەستاوتەی گەرمی(greenhouse effect) نەدەزانی، وەلێ ئەمڕۆ دەبێت بەڕاستی کەمێک تێڕوانینمان بگۆڕێن، ئاخر ئێمە نەک تەنیا سەروەر و شارەزای سروشتین، بەڵکو هەروەها دەبێت هەوڵ بدەین ببین بە هاویاری سروشت، یان ببین بە پارێزەری سروشت. ئا لێرەدا هێدی هێدی دەگەین بە کۆتایی دوالیزمی کارتێزی.

ئێستا بەدیهێنانێکی دیکەی دێکارتتان پێشان دەدەم کە گۆڕاندانە بە تیۆریی مەئریفە. بە پێنج خولەک گۆڕانی تیۆریی مەئریفەتان پێشان دەدەم. ئەمەم لەگەڵ خۆمدا بۆ هێناون:

 

 

دێکارت گۆڕانی دا بە ڕاسیۆنالیزم، ڕاسیۆنالیستەکانیش بریتی بوون لە سپینۆزا، مالبڕۆنژ، لایبنیتس و ڤۆلف. وەک خۆتان دەزانن، دێکارت پێمان دەبێژێت، گرنگ ئەوەیە کە بە ڕاسیۆ، بە زەین، ڕاستی ببینین. لێرەوە واژەی ڕاسیۆنالیزم هاتووە. دەرکەوەرەکان بێسوودن. سیتات دەهێنمەوە:

“من دەزانم کە […] جەستەکان نەک بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە […]، بەڵکو تەنیا بەڕێی زەینەوە دەناسرێن، نەک بەو ڕێیەوە کە مرۆڤ دەیانبینێت، بەڵکو بەو ڕێیەوە کە مرۆڤ شتەکان دەهزرێنێت.”

کەواتە ئێمە شتەکان بەڕێی بینینەوە ناناسین، بەڵکو دەیانناسین کاتێک ئێمە دەیانهزرێنین. ئەو هەروەها نموونەیەکی دیکە دەهێنێتەوە: کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، ئێمە تۆپێکی بچووکی سوور دەبینین، ئەوجا کاتێک من لەسەر ئەم زەمینە زەبەلاحە وەستاوم و چیا و هەر شتێکی دیکەی شیاو دەبینم، ئەو هەستەم هەیە کە خۆر زۆر بچووکترە لە زەمین. وەلێ دێکارت دەبێژێت، ئەستێرەناسە هزرڤان و ژمێرەرەکان دەبێژن: نەخێر وانیە، خۆر لە زەمین گەورەترە. ئێمە تەنیا بە هزرین کردەکێتی دەناسین. مەسەلەکە لای ئەمپیریستەکان تەواو پێچەوانەیە. ئایا ئەمپیریکوس کە وشەیەکی لاتینییە، چە واتایەک دەگەیەنێت؟ واتاکەی بریتییە لە پشتبەستن بە ئەزموون. ئەمپیریستەکان پشت بە ئەزموون دەبەستن. لۆک، بەیکن، هۆبس، بێرکلی و هیوم ئەمپیریستە بەواتاکان بوون. تێڕوانینی ئەمان تەواو پێچەوانەی ئەوەی دێکارتە. هەر شتێک کە ئێمە بتوانین لێی بڕوانین، دەستی بۆ ببەین، دەستی لێبدەین، بەبەرجەستەیی ئەزموونی بکەین و بتوانین تێیدا خەریکی ئێکسپێریمێنت (تەجروبەی زانستی) بین، پێکڕا ئەزموونی ئێمەن و تەنیا ئەمانیش یارمەتیمان دەدەن بە مەئریفەی کردەکی بگەین. بۆ نموونە بەیکن کە ئەمپیریستێکی مەزن بوو، هەوڵی دا گۆشتی باڵندە بە ساردکردن بەرگەگر بکات (و زوو خراپ نەبێت – و). ئەو لە هەندێک شوێن، وەلێ هەروەها لە ساردخانەدا بە بەشداریی خۆی دەستی کرد بە هەڵگرتن، بۆ نموونە بەفری خزاندە نێو باڵندە مردووەکانەوە تاکو خراپ نەبن. ئەو بەزۆریی گۆشتی ئەو باڵندانەی دەخوارد کە دوای بەستن خاو دەبوونەوە. بەیکن بە یەکێکی ئەم ئێکسپێریمێنتانە مرد. بەڵێ، ئێوە پێکەنینتان دێت. ئەمە هیچ زیانێکی بە ناوبانگی ئەو نەگەیاند. ئەو ئەمپیریستێکی زۆر چاک بوو، ئەمەش یارمەتی داین پتر بەرەو پێش بڕۆین. بەڵێ. کەواتە لە کۆتاییدا ئەزموون گرنگە. باوەجو ئەمپیریستەکان نکۆڵی لە هەبوونی ئاوەز ناکەن. ئەوان دەبێژن: نەخێر تەواوە، دێکارت لەسەر هەقە، وەلێ ئاوەز تەنیا دەڤرێکی بەتاڵە؛ سیتات دەهێنمەوە، ئا، ئەمەتا: “هەر شتێک لەنێو زەیندا هەبێت، پێشتر لەنێو دەرکەوەرەکاندا بووە”. ئەمە گۆتەی جۆن لۆکە. هیچ شتێک لەنێو زەینی ئێمەدا نییە گەر پێشتر بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە نەهاتبێتە نێوییەوە. کەواتە ڕاسیۆکەی دێکارت لە بنەڕەتدا دەڤرێکی بەتاڵە و لەکاتی زایینمانەوە ئەزموون و دەرککردن دەخەینە نێوییەوە. وەکو دی هیچ لە ڕاسیۆدا نییە. ئەمە بوو ناکۆکیی نێوان ئەمپیریست و ڕاسیۆنالیستەکان. ئایا کامیان لەسەر هەقە؟ ڕاسیۆنالیستەکان یان ئەمپیریستەکان؟ ئێستا فەیلەسوف ئیمانوێل کانت دێتە نێوانەوە و پێمان دەبێژێت، کە هەردووکیان لەسەر هەقن، وەلێ هەروەها هیچ کامیان لەسەر هەق نییە. چە ئەم و چە ئەویانە. ئێمە لە زانستدا پێویستمان بە ڕێنومای هەوڵدان و ئێکسپێریمێنتی بەردەوامە، هەروەها دەبێت ئەمە بنووسینەوە، بپێوین و ئەنجام بدەین، پاشان دەبێت بە دوازدە کاتێگۆرییەکەی زەین کار لەوەدا بکەین کە لە نەزەردا دەرکمان کردووە. بەدووی ئەوەدا ئاوەزمان دێتە نێوانەوە و کار لەوەدا دەکات کە ئێمە بینیومانە. ئێمە هەردووکیانمان پێویستە. ئاخر گەر ئێمە تەنیا نەزەرمان هەبووایە، ئەوسا لەنێو شێواویی شئورە دەرکییەکاندا لەناودەچووین، و تەنیا شئوری دەرکیی شێواومان دەبوو. ئەوە ئاوەزە کە سەرەتا هەمووی ڕێکدەخات، دەپۆلێنێت، دەهێنێتە نێو پەیوەندیی هۆئەنجامییەوە و هتد، بەو ڕێیەشەوە مەئریفە دەخاتەوە. ئەوجا بە پێچەوانەشەوە گەر تەنیا ئاوەزمان بەبێ نەزەر هەبایە، ئیدی ئایا دەبوو ئاوەز بەبێ نەزەر لە چی بهزرێت؟ لەم ڕووەوە بەواتاترین سیتاتی ئیمانوێل کانتم بۆ هێناون:

“بەبێ توانستی دەرکگیری هیچ بابەتێکمان نابێت و بەبێ زەین هیچ بابەتێک ناهزرێنرێت. بیرۆکە بەبێ نێوەرۆک بۆشە، نەزەر بەبێ تێگە کوێرە”.

ڕوونە. بیرۆکە بەبێ نێوەرۆک، واتا گەر من تەنیا بهزرێم و هیچم بۆ لێهزرین پێنەدرابێت، ئیدی هزرینم بۆشە؛ لێرەدا هیچ لەنێو سەرمدا نییە، بۆشە، ئەوجا گەر من بە پێچەوانەوە تەنیا نەزەری جیاوازم هەبێت و بە هیچ شێوەیەک نەتوانم کاریان تێدا بکەم (لێیان تێبگەم – و)، ئەوسا ئێمە لە بنەڕەتدا کوێرین. ئێمە هەردووکیانمان پێویستە. بەمەش کانت لە بنەرەتدا بناغەیەکی بۆ ئەو زانستە سروشتییانە ڕشت کە ئێمە تا ئەمڕۆ هەمانن. ئاخر دەبێت زانایانی سروشت هەردەم ئێکسپێریمێنتەکانیان ئەنجام بدەن و بخەنە بەردەم، پرسیارەکان پێشان بدەن کە ئەوان لە بابەتی لێتوێژنەوەی دەکەن، هەروەها دەبێت مێتۆدەکەیان پێشان بدەن، واتا ئەو مێتۆدەی هزرین کە چۆن ئەوان سەرجەمی ئەوەیان کردووە بە تیۆری. دەبێت هەردووکیان پێشان بدرێن. هەردووکیشیان پرۆسەی مەئریفە دەخەنەوە. سەرباری ئەوە هەنگاوێکی دوایەمینیش نرا. لێرەدا دەگەم بە کۆتایی تیۆریی مەئریفە، بە کۆتایی مێژووی تیۆریی مەئریفە، واتا بە هزرڤانی نەمسایی سێر پۆپەر، کە هزرڤانێکی نەمسایی ئینگلیزییە و لە ئێنگلاند تایتڵی ئادل (نەجیب) ی پێدرا. ئەو خۆیشی زانای سروشت بوو. پۆپەر گۆتی: کانت لەوەدا ڕاست بوو کە ئێمە ئەزموون و زەینمان پێویستە، وەلێ گەر بۆ نموونە بەردەوام گۆڕان بەسەر ئەزمووندا بێت، ئیدی مەئریفە زانستییەکانیشمان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بۆیە هیچ مەئریفەیەکی زانستیی ڕەها لەگۆڕێ نییە. نموونەیەکی پۆپەر وەردەگرین: هەموو قازەکان سپین. ئەمە ڕاستییەکی زانستی بوو بەدرێژایی سەدان ساڵ. لە گشت لای جیهاندا قازە پێگەیشتووەکان سپی بوون. وەلێ پاشان توێژەران لە پانتاگۆنیا لە ڕەوتی گەشتێکی زانستیدا قازی ڕەشیان بینییەوە. لێرە بەدوواوە ڕستەکە چواندنی نەما. بۆیە پۆپەر دەبێژێت، گەر ئێمە لە گەردووندا بە تەلەسکۆپی بەردوام باشتر هەر بزووتنێک ببینین کە بە کشانی گەردوون نەگونجێت، ئیدی دەبێت تاوتوێی تیۆرییەکە بکەین. تەنانەت نیوتن کە بە خودا دادەنرا، بەڵێ نیوتن کە سەرجەم میکانیکی بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان گۆڕان پێدا، درەنگتر بە پێویست دانرا کە لە زۆر ڕووەوە ئاینشتاین وەک لەبریی بۆ ئەو ڕوونکردنەوەیەی جیهان لای نیوتن دابنرێت. هەر بۆیە پۆپەر دەگات بەو سەرئەنجامە کە:

“[…] ئێمە […] تەنانەت لە مسۆگەرترین و باشترین زانستدا بەتەواوی بەندین بە زانینێکەوە کە وابۆچوونە […]. پێشکەوتنی زانستی لەوەدایە کە […] بەهەڵەچوون بدۆزینەوە و بەڕێی باشترێکەوە جێی بگرینەوە: بەڕێی هیپۆتێزی چاکترەوە.”

کەواتە، ئێمە هەمیشە تەنیا دەتوانین هیپۆتێز (گریمانە) دابنێین، هەموو توێژەر و زانایەکیش دەبێت لەوە بەئاگا بێت کە ئەوەی ئەو دەیناسێت، دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ڕوونکردنەوەی باشتر جێی بگیرێتەوە.

ئێستا تەواو لە کۆتاییدا دەمەوێت ئاشناتان بکەم بە گومانی کارتێزی. پڕبەهاتر لەوە کە مرۆڤ پێشینیی دەکات، ئەوەیە کە ئێمە گومان بکەین بە مێتۆدی بنەڕەتی. دێکارت لەم کتێبە بچووکەدا، لەم توێژینەوەیەدا لەبارەی مێتۆدی هزرینی دروست (کتێبەکەیان پێشان دەدات – و)، دەبێژێت، ئەو لە بنەڕەتدا هەردەم مێتۆدێکی چواربارەی گومان بەکاردەهێنێت. ئەمەشم لەگەڵ خۆمدا بۆ هێناون. ئەو دەبێژێت، چوار ڕێسا هەن:

“یەکەم ڕێسا ئەوە بوو کە هەرگیز شتێک بە ڕاست دانەنرێت گەر بەتەواوی نەناسرێت؛ […] دووەم ئەوە بوو کە هەر […] پرسیارێک تا ڕادەی شیان بەسەر پرسیارانی وردتردا […] داببەشێنرێت. سێیەم ئەوە بوو […] کە من لە سادەترین […] بابەتەکانەوە دەستم پێکرد و هێدی هێدی بەرەو توێژینەوە لە بابەتە ئاڵۆزەکان بەرزبوومەوە […]. چوارەم لە کۆتاییدا ئەوە بوو بەتەواوەتی بەسەر هەموویدا بچمەوە […] تاکو جەخت بم لەوە کە هیچم لەبیرنەچووە”.

بۆ ئێمە سەرەتا دوو ڕێساکەی یەکەم گرنگن، واتا هەرگیز شتێک بە ڕاست دانەنرێت گەر بەتەواوی نەناسرێت، هەروەها هەر کێشەیەکی ئاڵۆز، پێش ئەوەی بڕوای پێبکەین، بەسەر تاکە کەرتەکانیدا داببەشێنین و تاکە کەرتەکان بپشکنین کە داخۆ ڕاست بن، ئەوجا لە کۆتاییدا لە ئەنجامەکە بڕوانین کە داخۆ هیچمان لەبیرنەچووبێت. ئێستا نموونەیەکتان پێدەدەم کە بۆچی ئێمە ئەمڕۆ ئەم گومانە کارتێزییەمان بە هەرحاڵ پێویستە. ئێوە دەزانن، ئێمە لە سەردەمی باڵادەستیی میدیاکاندا دەژین، لە جڤاکێکدا دەژین کە تێیدا هەمیشە پتر بەر حیکایەتی جیاواز دەکەوین. من تەنانەت دەمەوێت بە موبالەغەوە ببێژم، ئێمە لە جڤاکی حیکایەتخوانیدا دەژین. بەتایبەتی ئا لێرەدا ئەم گومانە کارتێزییە زۆرترە لە زەرووری. دەمەوێت ئەمەتان بە نموونەیەک پێشان بدەم کە بە ناوبانگێکی خەمگین گەیشتووە. مەبەستم لە نموونەی گۆتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە، گۆتارەکەی کۆلین پاوڵ کە لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی و سەرجەم پرێسی جیهاندا پێشکەشی کرد. ئێوە لێرەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەبینن کە مۆدێلێکی وروژێنی ئانتراکسی بەدەستەوە گرتووە.

ئەو پێشتر گۆتی کە ئەوە تەنیا مۆدێلێکە. وەلێ ئەو ویستی بەوە پێشانی بدات کە لە ئێراق لەژێر دەسەڵاتی سەددام حسێندا ئەو وروژێنەی ئانتراکس بەرهەمدەهێنرێت. مۆدێلەکەی بەرەو کامێراکان بەرزکردەوە. ئەوجا مەغزای سەرجەمی ئەو گۆتارە کە ئەو لەوێ پێشکەشی کرد، ئەوە بوو کە یونۆ ڕێبدات بدات بە هێڕشبردن بۆ نێو ئێراق تاکو لە چەک دابماڵرێت، چونکە گۆیا ئێراق چەکی بیۆلۆگی و کیمایی و ئەتۆمی بەرهەمدەهێنێت و بەوەش دەبێت بە هەڕەشە بۆ سەرجەمی جیهان. بێگومان کۆلین پاوڵ بە گۆتارەکەی ئەو ڕەزامەندییەی پێنەدرا، چونکە یونۆ پشکنەری خۆی لەوێ هەبوو و هیچیان نەدۆزیبۆوە، سەرباری ئەوە کۆلین پاوڵ لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە بەریتانیای مەزن بەشداریی لەو جەنگە هێرشبەرەدا کرد، پێکەوە لەتەک کوالیسیۆنی ڕەزامەنداندا، لەتەک پتر لە سی دەوڵەتدا، کە پشتگیریی هێرشەکەیان بۆ سەر ئێراق کرد. کۆلین پاوڵ لە دەستپێکی گۆتارەکەیدا لە بەردەم نێوەندی گشتیی جیهاندا دەبێژێت … ببین ئەمەم بۆ هێناون:

“[…] ئەوە کە من ئەمڕۆ پێشانتان دەدەم، بەندە بە فاکت و سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە. ئەمانە وادانان نین. ئەوانە کە ئێمە ئەمڕۆ پێتان دەدەین، فاکت و دەرئەنجامگیرین و بەندن بە کاری هەواڵگریی باوەڕپێکراوەوە”.

ئەوجا کۆلین پاوڵ بە پێشاندانی پاوەر پۆینت یان سلاید 24 سلایدی پێکەوە لەتەک هەندێک گفتوگۆی بڕراوی بێتەل و تۆماری تەلەفونکردنی گوێلێگیراودا پێشکەش کرد. ئەم 24 سلایدە، پێکڕا وەک سەرجەم، بەڵێ … کاتێک وەک سەرجەم لێیان ڕوانرا، ئیدی وا دانرا کە ئێراق بەڕاستی زۆر ترسناکە. وەلێ من وای دادەدەنێم، گەر مرۆڤ لێرەدا لەتەک دێکارتدا گومانی بکردایە، هەرگیز نەیدەتوانی بڕوا بەو سلایدانە بکات. ئێمە یەکەم و دووەم ڕێساکەی ئەو دەناسین، کە بریتین لە:

“[…] هەرگیز شتێک بە ڕاست دانەنرێت گەر هاتوو بەتەواوی نەناسرێت؛

[…] هەموو پرسیارێکی گەرەکی لێتوێژینەوە بۆ خاتری وەڵامدانەوەی باشتر تا ڕادەی شیان بەسەر پرسیارانی ئاسانتردا […] داببەشێنرێت”.

من دەبێژم، گەر مرۆڤ یەک بە یەک لەو 24 سلایدەی بڕوانییانە و ورد بووایەتایەوە کە داخۆ ئەوانە بەڕاستی بەڵگە بن، ئەوا ڕەنگە بۆی ئاشکرا ببووایە کە ئەوانە بەڵگە نین، ئیدی ڕەنگە کوالیسیۆنێکی ڕەزامەندان لەتەک پتر لە 30 دەوڵەتدا چێنەبووایە. من ئێستا تەنیا 3 سلایدتان پێشان دەدەم. کۆلین پاوڵ جارێک ئەم سلایدەی نمایش کرد:

ئەم سلایدە وێنەیەکی گیراو بوو بە ساتێلایت، کە بەڕاستی ڕوونتر نییە لەوەی ئێستا بەڕێزتان دەیبینن. ئەوجا کەسێک تێیدا چوار چوارگۆشەی بچووکی سووری نیشانە کردووە و لێرەش لای چەپەوە نووسیوێتی: “aktive chemical Munition Bunkers”، کەواتە پەناگەی تەقەمەنیی چالاکی کیمیایی. وەلێ گەر ئێمە گومان لەوە بکەین کە ئێمە لێرە دەیبینین، ئەوا سەرەتا تەنیا فۆتۆیەکی ناڕۆشن دەبینین کە کەسێک بە پێنوسی بۆیەی تەڕ نیگاری لەسەر کێشاوە. وەلێ مەسەلەکە ئێستا بەدتر، دراماتیکیتر دەبێت، بۆ نموونە بڕواننە ئەم سلایدە:

لێرەدا کۆڵین پاول گۆتی کە لێرە لە سەرەوە هۆیەکی گواستنەوەی پاکژکردنەوە (Decontamination Vehicle) ئاشکرا کراوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی مرۆڤ ماشێنێکی بەم چەشنەی پاکژکردنەوەی پێویست دەبێت تاکو خۆی لەو چەکە جەنگییانە پاکژ بکاتەوە کە ئەو بەریان کەوتووە، ئیدی پاوڵ لەمەوە ئەو دەرئەنجامەی دەرکێشا کە دەبێت ئەمە پەناگەیەکی تەقەمەنیی کیمیایی بێت. درەنگتر زانرا کە ئەوە لە ڕاستیدا وێنەیەکی ڕەنگین بووە و بە ڕەنگی ڕەش-سپی پێشاندراوە. گەر وێنەکە بە ڕەنگینی پێشان بدرایە، ئەوسا دەبینرا کە ئەوە تەنیا ئۆتۆمبێلی ئاگرکووژانەوەیە. وەلێ پێشاندانەکە کارایی خۆی نواند. ئەمە شێتییە. من ئەم سلایدەیان بەدتر لەوی پێشتر دەبینم. ئەمیش هەروەها سلایدێکی بەڵگەیە:

دەزانن، یونۆ لەوێ پسپۆری خۆی هەبوو بوو، هەروەها چاودێرانیش کە هیچیان نەدۆزییەوە، چەکی نە کیمیایی، نە بیۆلۆگی و ئەتۆمی. پەیوەند بەمەشەوە کۆلین پاوڵ گۆتی: بەڵێ، ئەوان هیچیان پێنادۆزرێتەوە، چونکە ئێراق و سەددام حسێن شیمانەی بزۆکی بەرهەمهێنانیان بۆ چەکی بیۆلۆگی هەیە. ئەمەش لێرەدا دەبینین. ئەوان لە لۆرییەکدا چەکە بیۆلۆگییەکانی جەنگ دروست دەکەن، یان لە واگۆنی شەمەندەفەردا، ئەوجا هەر ئەوەندەی پشکنەرەکانی یونۆ دێن، ئیدی واگۆنی شەمەندەفەرەکە و لۆرییەکە لەوێ دەڕۆن، ئیدی ئەو شوێنە جێدەهێڵن. وەلێ گەر ئێمە لەم نیگارەش گومان بکەین، دەبینین ئەوە تەنیا نیگارێکە کە گرافیکییەک کێشاوێتی. هەموو دوازدەساڵانێک دەتوانێت نیگارێکی ئەوها بکێشێت. بۆ ئەوەش وەزیری دەرەوە گۆتی، بەڵێ، ئەوە تەنیا نیگارێکە، وەلێ نیگارەکە کێشرا بەگوێرەی زانیارییەکانی کەسێکی هەڵاتوو بۆ لای خۆیان و نابێت ئاشکرا بکرێت، چونکە وەکو دی ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان هەر لێرەوە دەزانن کە ئێراق چەکی لەو جۆرەی هەیە. وەلێ گەر ئێمە یەک بە یەک لەم سلایدانەمان بڕوانیایە، گەر ئێمە پابەند باینایە بە گومانی کارتێزییەوە، ئەوسا ئەو هێزەی قەنائەتهێنانمان نەدەبوو. بەڕاستیش دوای جەنگەکە هیچ لە ئێراق نەدۆزرایەوە. ئەوجا کۆلین پاوڵ درکاندنی کە گۆتاردانەکەی هەروەک ببێژین تەنیا درۆ بووە و هیچ بنەڕەتێکی نەبووە. ئەو گۆتی، ئەو خۆیشی لە لایەن دەزگای هەواڵگرییەوە فریودراوە، وەلێ شێفی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکیی پاراست، کە گۆیا پیاوێکی بەحورمەتە، بە پێچەوانەوە دەبێت فریودانەکە لە نهۆمە نزمترە ناونجییەکانەوە هاتبێت. بەڵێ. چە شێتییەکە. وەلێ گەرەکە هیچ نەبێت قسەیەکیش بۆ کۆلین پاوڵ بکەین. ئەو لە یادوەرییەکانیدا نووسیی، ئەو کارە کە ئەو ئەنجامی دا، ئازاری دەدات، ئەوە لەکەیەکی شەرمەزارییە (پێدەکەنێت – و) بە تەرقیە سیاسییەکەی ئەوەوە. وەلێ بەڕێزانم، هەقی ئەم لەکەی شەرمەزارییە بریتی بوو لە ژیانی نیو ملیۆن مرۆڤ. بۆیە گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە، کە ئێمە گومان بکەین. گەر بەڕێزتان لە هەواڵەکاندا هەر وێنەیەکی ساتەلایت ببینن کە تێیدا کەسێک نیگاری شتێکی کێشاوە و لەسەری بە خەتی سوور نووسراوە کە ئەو شتە چییە، گومانی لێبکەن. بەڵێ گومانی لێبکەن. بەگشتی گرنگە، وەک دێکارت دەبێژێت، ئێمە هەردەم گومانێکی ناجەخت ڕابگرین، ئاخر هزرینی ڕەخنەیی یەکسانە بە گومان، ئەمەش هیچی دیکە نییە جگە لە فەلسەفە. فەلسەفاندن بەواتای ڕەخنەییانە بهزرێین. سیتات دەهێنمەوە:

“ڕاستییەکەی ژیان بەبێ فەلسەفاندن بە چەشنیکە هەر وەک مرۆڤ چاوانی بنووقێنێت و هەرگیز هەوڵ نەدات بییانکاتەوە”.

کەواتە ئێمە دەبێت بە چاوی کراوەوە بەنێو ژیاندا تێبپەڕین و هەردەم ئەم ڕستە سەنترالییەی دێکارت پێشبینی بکەین:

من بوونەوەرێکی هزرڤانم، واتا بوونەوەرێکم کە گومان دەکات.

 

زۆر سوپاستان دەکەم.

(چەپڵەڕێزان – و).

 

سەرچاوە:

Dr. Walther Ziegler. Descartes – Der Wegbereiter unserer modernen Welt. Descartes in 60 Minuten.

 

فەرهەنگۆک

دەرئەنجامی خولگەیی: سەلماندنێکە کە ئەوەی گەرەکی سەلماندنە، لەنێو پێشدانراوەکەدایە. بۆ نموونە: “ئەم هەڵبەستە کەلامی خودایە چونکە گۆتراوە کە کەلام لە خوداوە هاتووە”. لە پێشدانراوی “گۆتراوە کە کەلام لە خوداوە هاتووە”دا دەرئەنجامەکە هەیە، واتا: “هەڵبەستەکە کەلامی خودایە”.

ئێپیفانی: دیاردانی خودا لە کەسی حەزەرەتی ئیسادا.

فونگیتسید: کەڕووکوژ

ماتڕیکس: تۆڕ، بونیاد، نموزەج. بۆ نموونە لە ماتماتیکدا سیستەمی قەوارانە کە لە بونیادێکی دێڕی ئاسۆیی و خانەی ستوونیدا ڕێکدەخرێن.

پاشماوەی ڕۆژ: تێگەیەکی پسیکۆئانالیزی زیگموند فرۆیدە. بەزۆری ئەو ئەزموون و موئایەشانەی ڕۆژانەن کە ئێمە کردوومانن و لە خەوندا دەردەکەونەوە.

پێستیدسید: مادەی پارێزەری ڕووەک لە زیندەوەرانی زیانبەخش.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: