دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ چی ڕووی دا کاتێک ئێران میوزیکی قەدەخە کرد؟

323
0
بڵاوکردنەوە:

 

جۆشوا ئەسکیو

لە ئینگلیزییەوە: شارۆ شاھۆ

 

دوای شۆڕشی 1979ی ئیسلامی موزیک لە ئێران قەدەخە کرا. گۆرانی ڕۆژئاوایی قەدەخە بوو، دووکانەکانی تۆمارکردن داخران و هۆڵی کۆنسێرتەکان بێدەنگ بوون. هەر کەسێک بە میوزیکی ‘نائیسلامی’ دەستگیر کرابا، بە یاسا پێبژاردنی بەسەر دەسەپا، دوور دەخرایەوە  یان زیندانی دەکرا. بەڵام ئەمە وای لە خەڵک نەکرد کە گوێیان بۆ موزیکە ڕۆژئاواییەکان ڕانەگرن و چێژی لێ نەبینن. ئێران پێش شۆڕش لە لایەن شایەکی دۆشدراو بە کەلتووری ڕۆژئاواوە فەرمانڕەوایی دەکرا، محەمەد ڕەزا پەهلەوی کە ڕێگەی بە چەند پلەیەکی ئازادیی کولتووری دابوو، لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێگەپێدانەش زۆربەی ئێرانییەکان لەو ڕۆژگارەدا هەموو ژیانی خۆیان بە چێژوەرگرتن لە مۆسیقای ڕۆژئاوایی بەسەر دەبرد و بە ئاسانی گوێیان لە باندە دڵخوازەکانیان دەگرت. بە هەر حاڵ، ئەم پرسە تەواو جیاواز بوو بۆ ئەوانەی لە دوای شۆڕشەوە لەدایک بووبوون.  لە بارەی کەلتوورەکانی ترەوە پەرۆش بوون، نەیاندەتوانی بە ئاسانی دەستیان ڕابگات بە میوزیک و گۆرانییە دڵخوازەکانیان، بەو پێیەی یاسای توند دانرابوو لە لایەن ڕژێمی نوێوە بۆ قەدەخەکردنی مۆسیقا و گۆرانییە ڕۆژئاواییەکان.

“هەموو شتێک لە زەوی ڕۆچوو”

ھاوشێوەی بازاڕی دەرمانی نایاسایی لە ئەورووپا،  کاسێت و ئێڵ پیەکانی سەتەلایت  لە دەرەوەی وڵاتەوە بە قاچاخ دەهێنران بۆ ناو ئێران و بە نهێنی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکران، وڵاتانی دراوسێ وەک تورکیا و عێراق بەناوبانگترین سەرچاوەی میوزیکی قەدەخەکراو بوون، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە کەسە بەبەختەکان ھەبوون کە  لە دۆست و خزمانی ڕۆژئاوا موزیکیان وەردەگرت.

دەریا حوسێنی، کە لە ساڵانی هەشتاکاندا هەرزەکار بوو، گوتی:”زۆر ئەستەم بوو دەستمان بە شریتی ڕەسەن و کوالێتی بەرز بگەیشتایە.

بە دڵنیاییەوە، کوالێتی باشترین نەبوو، بەڵام لەو ڕۆژگارەدا ئێمە بە جۆرێک بووین کە گرنگی تەواومان نەدەدا بە پرسی کوالێتی میوزیکەکان. هەموو ئەوەی ئێمە دەمانویست تەنھا  نوێترین بڵاوکراوە بوو. پاش ئەوەی  حکومەتی ئیسلامی لە ساڵانی دوای ڕاپەڕیندا دەستی لەناو کۆمەڵگا توندتر کرد، دەستخستنی میوزیکی ڕۆژئاوای بەتەواوی زەحمەت بوو، ھاوکات نرخیشی ڕۆژ بەڕۆژ گرانتر دەبوون، سەرباری بوونی مەترسی دەستگیرکردن کە لەکاتی کڕین یاخود مامەڵەکردن بە میوزیکەوە. دەبووایە چاوەڕێی چەشتنی قورسترین سزا بووبایت.

بەڵام، بەتێپەڕبوونی کات، میوزیک ئاسانتر دەستدەخرا، بەوپێیەی بازاڕێكی گەورەی ڕەش پەرەی پێ درا لە لایەن گەنجان و ھاووڵاتییانەوە بۆ میوزیکە قەدەخەکراوەکان، بەجۆرێک  تا ساڵی 1986 دوایین ئەلبوومە ڕۆژئاوایەکان  تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگەیشتنە شەقامەکانی ئێران.

مازیار بەھاری، ڕۆژنامەنووس و فیلمسازی کەنەدی ئێرانی دەڵێت: “دەتوانیت هەموو شتێک لە بازاڕی ڕەشدا بەدەست بهێنیت” تەنانەت نادیارترین جۆری میوزیکیش. هونەرمەندە دڵخوازەکانی ئەو لەو کاتەدا لێد زۆپلین، پینک فلۆید و دەیڤد بۆوی بوون. بەهاری لەسەردەمی ھەرزەکاریدا بە جۆرێک شەیدای گۆرانییە ڕۆژئاواییەکان بووبوو، وەک کەسێکی ئاینی چۆن پەیوەست دەبێت بە نزا و نوێژخوێنەیەوە  ئاواش:  بەھاری  گوێی لە گۆرانی کۆچبەرانی زۆپلین دەگرت بۆ ماوەی چەند مانگێک بە بەردەوامی.

ئەو گوتی: من سەرم دەخستە نێوان دوو بڵندگۆی گەورەی دەنگ بەرز وگوێم لە گۆرانییەکان دەگرت و چێژم وەردەگرت بە ڕادەی مەستبوون، بەڵام دایکم ھەمیشە بە پەشۆکاوی خۆی دەکرد بە ژوورەکەمدا و پێی دەگوتم کە دەنگی بڵندگۆکان کز بکەم لە ترسی ئەوەی نەوەک یەکێک لە دراوسێیەکان پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن. ھەر بۆ زانیاریتان ناوبانگی پینک فلۆید لەو سەردەمەدا لە ئاستێکی جیاواز و نموونەیدا بوو بەجۆرێک ئەگەر ئەوان تەنانەت لەم سەردەمەشدا کۆنسێرتیان بکردایە لە ئێران ئەوا بە نزیکەی لە کۆنسێرتەکەیاندا 10 ملیۆن کەس ئامادە دەبوو.

ھەرووھا ئاماژەی بەوەشدا: ” لەو ڕۆژگارەدا وەک چۆن هەندێک پێغەمبەر موحەمەد و ئیمامە شیعەکانیان بە ڕابەر و سەرداری ڕۆحی خۆیان دەزانی، ئاواش زۆرێک لە ئێمە، دەیڤد گلمۆر و ڕۆجەر واترز و ڕۆبێرت پلانت و جیمی پەیجمان بە ڕێبەری ڕۆحی خۆمان دەزانی، وەک بتی پیرۆز مامەڵەمان لەگەڵ دەکردن.

ئەوە بازرگانییەکی مەترسیدار بوو بۆ فرۆشتنی میوزیکی پۆپ:

دەریا حوسێنی ئاماژەی بەوەدا کە بەردەستی میوزیکە ھەمەجۆرەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدابوو، تاکە شوێنک لێوەی بتوانیایە میوزیک و گۆرانی دەستبخەیت کۆڵانەکانی پشتەوەی شەقامەکان بوو، ئەو کەسەی کە شریتی گۆرانیەکانی دەفرۆشت تەواو بە ترسەوە کارەکەی ئەنجام ئەدا چونکە گەر دەستگیربکرایە ئەوا ڕووبەڕوو قورسترین سزا دەبووەوە.

حوسێنی گوتیشی: “لە هەندێک ناوچەی شارەکە کاتێک کە ئێمە تێ دەپەڕین، پیاوێکی هەڕەمەکی لێمان نزیک دەبووە و بە چرپەوە دەیگوت:  شریت ، شریت. شریتت ناوێت. زۆرکات فرۆشیارەکان وەک گرووپە نھێنییەکان ھەڵسوکەوتیان دەکرد. بە ھێما و نیشانەی جۆربەجۆر دەتتوان تازەترین ئەلبوومەکانت لە لای ئەوان دەستبخەیت. زۆرکاتیش دواین گۆڕانکارییە ھونەریەکانمان لە فۆرشیارەکان خۆیانەوە دەست دەکەوت. کە ئاخۆ چی گۆرانیبێژێکی نوێ ئەلبوومی دەرچووە؟ کێ ئێستا بەناوبانگترینە؟  تاکو ئێستاش ئەو چرپەیەی کە لە فۆرشیارەکانەوە بەر گوێم دەکەوت کە دەیان گوت: ئەلبوومە نوێیەکەی مێلتیکامان ھەیە، لەناو یادەوەریمدا  دەزرنگێتەوە و ناتوانم لە یادی بکەم. لەو ڕۆژگارەشدا ئەستەم بوو متمانە بە ھەموو فرۆشیارە گەڕۆکەکان بکەیت، چونکە هەمیشە مەترسی گرتن یان ناپاکی هەبوو لە لایەن فرۆشیارە گەڕۆکەکانەوە. ئێمە دەترساین و مەترسییەکی گەورە ھەبوو لەو کاتانەدا بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، پرۆسەی دەستخستنی شتە نایاساییەکان بوونە شتانێکی پڕخۆشی و چێژبەخش و تەواو ھەستمان بەوە دەکرد کە ئێمە مرۆڤانێکی تەواو یاخین.

مازیار بەهاری لە تەمەنی 16 ساڵیدا. تابلۆکەی پشتەوەی وێنەی ھەردوو ڕۆکستار ئیگلس و جێف بیک ە .

یەکێک لەو کەسانەی کە پێشتر فرۆشیاربووە – خوازیاربوو کە ناوەکەی بە نەزانراوی بمێنتەوە – بە یۆرۆنیوزی گوت: چیرۆکی دەستکردنم بە کاری فرۆشتنی شریت و کاسێتەکان لەو کاتەوە بوو کاتێک یەکێک لە خزمەکانمان لە ئەمریکاوە ئەلبومی مێلتیکای بۆ ھێنامەوە، منیش لەماڵەوە کۆپی ئەلبوومەکەم ئامادەکرد و لە ناو ھاوڕێکانمدا بڵاوم کردەوە، تەنانەت ھۆنراوەی گۆرانیەکانی ناو ئەلبومەکەم وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی لەڕێگای فەرھەنگێکەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی باسە وەرگێڕانەکانم ھیچ ھەستێکیان دروست نەدەکرد بۆ ئەو کەسەی دەیخوێندنەوە. بە هەر حاڵ، دواجار توانیم لەو ھاوینەدا ٢٠٠ دۆلار کۆ بکەمەوە بە فرۆشتنی کاسێتە کۆپی کراوەکان و وەرگێڕانی گۆرانییەکان.

شەیتان میوزیک  دەپەرستێت:

شتەکان ھەروا ئاسان نەبوون بۆ فرۆشیار و کڕیارانی میوزیکە ڕۆژئاواییەکان. لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە بازگەکانی پۆلیسدا دەپشکێنران. گەر ڕوویدابایە شریتێک بدۆزرێتەوە لە لایەن پۆلیسەوە، ئەوا  لەڕێگای ئامێرێکی موگناتیسی گەورەوە کە کاسێتەکەی پێیدا تێپەڕ دەکرا، سەرجەم ناوەڕۆکی ناو کاسێتەکە دەسڕایە. یەکێک لە فرۆشیارەکان بە پێکەنینەوە پێی گوتم: هەندێک جار ئەو شریتە بەتاڵەیان پێ دەداینەوە و من هەوڵم دەدا دووبارە سوودی لێ وەرگرمەوە و بۆ تۆمارکردنی گۆرانیی تر.

ھێشتا ئەمە لەچاو پرۆسەی گرتن و لێدانەکان شتێکی وانەبوو کە فرۆشیارەکان و دابەشکارەکانی میوزیک و گۆرانیەکان ڕووبەڕووی دەبونەوە لەو ساڵانەدا زیندانەکان جمەیان دەھات لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی فرۆشیتنی گۆرانی دەستگیر کرابوون کە سەرباری لێدان و ئەشکەنجەیان بە پارەی زۆریش غەرامەدەکران.

مازیار بەهاری لە تەمەنی 17 ساڵیدا دەستگیر کرا و خرایە ناو خانەیەکی زیندانی 30 پیاوەوە کە لەگەڵ “بکوژان و قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان و دەستدرێژیکاران” بوو. بەتۆمەتی ئەوەی کە  لە قاوەخانەیەک لەگەڵ کچە خۆشەویستەکەی چەند کاسێتێک گۆرانیەکانی (The Doors and Queen) پێ بووە.  بەهاری دەڵێت” پۆلیس بەڕاستی سووکایەتییان پێ کردم و زۆریان لێدام، تەنیا لەسەر ئەوەی چەند کاسێتێکم پێبوو کە قەدەخەکراو بوون. ئەوان پێیان گوتم شەیتان میوزیک دەپەرستێت، ئەم میوزیکەش من بە نا ئەخلاقی دەکات گەر دەستبەرداری نەبم.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای هەوڵەکانیان، دەسەڵاتداران نەیانتوانی بەر بە شەپۆلی شریتەکان و ئێڵ پیەکانی سەتەلایت بگرن، نەک تەنها لە لایەن فرۆشیارانەوە، بەڵکو لەلای خەڵکی ئاسایش کە لەناو ئێراندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرد.

لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، برای دەریا حوسەینی سەربازێکی سوپا بوو لە نزیک سنووری عێراق لە ئەرکدا بوو.  بۆ ئەو ئاسان بوو کە بتوانێت شریتی ڕۆژئاوای قاچاخ، لەگەڵ تیشێرتی باند و کەلوپەلی تری یاساخ کراو بدۆزێتەوە و بیکڕێت. ھەروەھا براکەی هەوادارێکی گەورەی مۆسیقا بوو ھەر بەرھەمێکی نوێ ھەبوایە دەیھێنایەوە بۆ ماڵ کاتێک دەگەڕایەوە لە بەرەکانی جەنگ. دەریا حوسەینی گوتی: کاتێک کە لە قوتابخانە کۆپی شریتەکانم دەبرد بۆ ھاوڕێکانم لەترسی ئەوەی نەبادا ئاشکرا نەبم لەناو مەمکبەندەکەمدا شریتەکانم دەشاردەوە.

“میوزیک بۆشایی ژیانی پڕک ردەوە”

ساڵانی هەشتاکان یەکێک بوو لە سەختترین سەردەمەکانی مێژووی ئێران نزیکەی 500 هەزار ئێرانی لەشەڕە خوێناوییەکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق کوژران و حکومەتی نوێ ڕژێمێکی ئیسلامی سەرسەختی پیادەکرد و بێبەزەییانە هەموو ئەو کەسانەی سەرکوت کرد کە بەرگریان دەکرد لەدژی ڕژێمی نوێ.

دەریا حوسێنی گوتی: “میوزیک  بەڕاستی لە ڕووی دەروونییەوە یارمەتیدەر بوو بۆ ئێمە” کاتێک لە ئاهەنگ و کۆبوونەوە نهێنیەکانماندا یاریمان کرد، میوزیک بوێری پێدەبەخشین.

ئەو لە بەردەوامیدا ئاماژەی بەوەدا : “ئەو میوزیکە بۆ من، خەڵکی دەوروبەرم و پێم وایە زۆربەی خەڵک لە وڵاتەکەم هیچ ڕێکەوتێکی بەسەرچوونی نییە”. لە دوای ڕاپەڕینەوە میوزیک  بووە بە بەشێک لە مێژووی ئێران.  میوزیک سەرباری ئەوەی وەک ئامرازێک لە هەڵاتن لە زەحمەتی لە لایەن گەنجانەوە سەیردەکرا، تێمایەکی سیاسیشی هەبوو، کاسێتەکان وەک چەکێک وەھابوو لە ئێران. تەنانەت کاسێتەکان  لە لایەن خودی خومەینی (ڕابەری باڵای پێشووی ئێران) بەکارهێنران پێش شۆڕش، بۆ دابەشکردنی وتار و پێدانی پەیام بە خەڵک لە کاتێکدا کە لە تاراوگە بوو.

خومەینی 14 ساڵ لە تاراوگە ژیانی بەسەر برد لە ھەریەکە لە تورکیا و عێراق و فەرەنسا. ئەم وێنەیە لە 31ی کانوونی دووەم 1979 گیراوە، ڕۆژێک پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران.

لە کۆتایشدا، مازیار بەھاری ئاماژەی بەوەکرد کە دوای ڕاپەڕین، گوێگرتن لە مۆزیک و هەڵپەڕکێ،  پێکەوە بوون بە ئامرازی بەرخۆدان، چونکە نەماندەویست لەگەڵ ئەو کارەی کە حکومەتی ئیسلامی پێی دەگگوتین بیکەین.  گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی باجی خۆی ھەبوو، دەبوایە بە سەختی بجەنگابایت تاکو گوێ بگریت بۆ ئەو میوزیکەی کە دڵخوازت بوو. لەم کاروانەدا نەک بە تەنیا میوزیک بەڵکو تەواوی ژانرەکانی تری ھونەر لە  فیلم و تابلۆکان کۆمەکیان کردین تاکو بەجۆرێکی تر سەیری ژیان بکەین بەجۆرێک کە تێبگەین ئەوە کەلتوور و ھونەرە دواجار دەتوانێت فریادڕەسمان بێت و شکێنەری ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بێت کە بە ئەقاڵێتی دیکتاتۆری پەردەپۆش کراون. ھەروەھا ناشبێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە چالاکی سیاسی دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەرییەکی گرنگی هەبێت، بەڵام کاریگەری کولتوور زۆر درێژ خایەنتر و قووڵترە.

سەرچاوە:

https://tinyurl.com/mv9crkx4

 

 

بڵاوکردنەوە: