نووسینی: مەحمود چاوش
کەلاخستن یان کەنارخستنی کولتووری (بە لاتینی مارگینالیزاندن ـ Marginalisierung) بە یەکێك لە چوار ستراتیژیەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری (بە لاتینی ئاکولتوراتسیۆن- Akkulturation) ناوزەددەکرێت، کە جۆن ڤیدەپ بێری(1) لەسەر بنەمایەکی زانستی شرۆڤەی کردووە.ئەم کەلاخستنە کولتوورییە بە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆدا تێدەپەڕێت، کە تاکێك، گروپێك یان گرووپێکی کولتووری بەهۆی تەنگپێهەڵچنینەوە دەهاوێژرێتە کەناری کۆمەڵگەیەکەوە، کە تێیدا بە شێوەیەکی زۆر لاواز بەشداری ژیانی کولتووری، سیاسی و بژێوی (ئابوری) کۆمەڵگە دەکات.
بێگومان ئەم کەلاخستنە تەنها بەلاوەنانێکی کولتووری نییە، کە لە لایەن کولتوورێکی جیاوازتر و زاڵتر و زۆرینەترەوە نەفی دەکرێت، بەڵکو تەواوی ناکۆکییەکانی نێو خودی کولتوورەکان دەخاتە نێو قەیرانێکەوە، کە تەنانەت کۆمەڵگە مۆدێرنەکانیش بە هەموو توانای هزری و زانستی و کۆمەڵایەتییانەوە نەیانتوانیوە چارەیەك بۆ ئەم ستراتیجیە بدۆزنەوە. ڕێگرەکانی کەلاخستنی کولتووری ئاڵۆزترن لەوەی، کە ئێمە هەستی پێدەکەین و ڕۆژانە بەرەنگاری دەبینەوە. گەر بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە، ڕەنگە پێمان سەیربێت، کە تەنانەت لەنێو کولتوری خانەخۆی و هۆمۆگێندا (هاوکولتووریدا) ئەم کەلاخستنە پڕاکتیزە دەکرێت، وەک کەلاخستنی بەساڵاچوان، کەمئەندامان، هەژاران، هاوڕەگەزانبازان، تەنانەت ژنان و مناڵانی بێ باوانیش (هەتیوان)، کە تاکو ئێستاش لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێن. ئەم دیاردەیە دەتوانرێت تا سنووری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاکەکەسی هەنگاوبنێت. کەلاخستن زۆرێك ڕەهەند لەخۆدەگرێت، سەرئەنجام مرۆڤ ڕووبەڕووی لە “قاڵبدان” یان “بەکەمدانان” دەبێتەوە.
لە زۆرینەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پرۆسەی کەلاخستنی کولتووری بۆتە هۆکاری نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرامبەر گروپێك یان ئێتنییەك، کە لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا ڕووەو هەژاری، کولەمەرگی و بێدەرەتانیان دەبات، ژیانیان تەنگەتاو دەکات و لە بازنەدانێکی کولتووری یان لەمۆڵگەخزاندن (گێتۆکردن)دا چەقدەبەستن. نمونەی گەڕەکە هەژارەکانی شارە گەورە و مێترۆپۆلەکانی وەك مۆمبای هیندوستان و لیما لە پێرۆ زۆر بەڕوونی ئەم کارەساتە مرۆییەی لەمۆڵگەخزاندن پێشان دەدەن، کە ملیۆنان مرۆڤ ڕۆژانە لەژێر سەختترین و بێدادترین بارودۆخدا ژیان دەگوزەرێنن. لێرەدا ئاشکرایە، کە ئەم دیاردەیە لەنێو کولتوورێکی هۆمۆگێنیشدا بەئەنجام گەیەندراوە و بەردەوام دەگەیەنرێت.
هۆکارەکانی پشتگوێخستن و توڕدانی تاکێك، گروپێك یان ئێتنییەك بۆ کەناری کۆمەڵگەیەك
مرۆڤ بەردەوام و لە تەواوی مێژوودا بۆ ئەوە هەوڵی داوە، ژیانی پڕئارامی و خۆشبەختانە بەسەربەرێت، بژێوی، تەندروستی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە هاوکێشەیەکی یەکساندا هاوسەنگ بکات، ئاخر ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی مرۆڤ لە دروستکرنی شارەکان و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای نوێوە هەر بۆ ئاسانکاری ژیان بووە، واتا نێوەندی پیشەی دەستی و بازرگانیی بووە، کە لە بەرژوەندگەرایی مرۆڤدا بوون. مەخابن ئەم پڕۆسەی مێژوویی پێشکەوتنخوازییە گەلێک دیاردە و پێکهاتەی نێگەتیڤی لەتەك خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمهێناوە، کێشمەکێش و دووبەرەکایەتی و تەنگژە (قەیران) جەنگییەکان کەمتر نەبوونەتەوە، بارودۆخی هەژاری و نەداری بەردەوام لە زیادبووندایە. باری کۆمەڵایەتی و خێزانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لاوازی و بەرەو نەمان ڕاپێچدەکرێت.
سەرئەنجام هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، گەر سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی بن، مرۆڤ ڕاپێچی بێدەرەتانی و تائاستی تاوانکردن دەبات. گەر ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی گرووپی ئێنتیدا بڕوانین، ڕوونتر دەبێتەوە، کە بەشدارییە سیاسی و ئابوری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەیەك لەو گروپە دادەبڕرێن لەم بوارانەدا. لە تەواوی مێژوودا ئەم کەلاخستنی کەلتوورییە بە خواستی مرۆڤەکان نەبووە و هۆکارە دەرەکییەکان پەستانی کۆمەڵایەتیان خستۆتە سەر کەسێک، گروپێک، یان ئێتنیەك و توڕیان داونەتە کەناری کۆمەڵگەکە. کەلاخستنی ئەرمەنەکان لە یەکەم جەنگی جیهانی لە لایەن عوسمانیە بەناو موسڵمانەکانەوە، کەلاخستنی جووەکان لە دووم جەنگی جیهانی لە لایەن ڕژێمی تۆتالیزمی نازی هیتلەرەوە دوو نمونەی کەلاخستنی گروپێک یان ئێتنیەكن، کە بە شێوازی سیستماتیکی پلانی بۆ داڕێژراوە و بەئەنجام گەیەنراوە. دەسەڵاتداران لەم پرۆژە و پلانانەدا پرسیان بە ئەرمەنی و جووەکان نەکردووە و ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون. ئەم دەسەڵاتدارانە مێژوویان کردۆتە کەلاوەیەکی کەڵەکەبوو لە زبڵخانەی ئایدۆلۆجی و ستراتیجیەکانیاندا. نووسەر و فەیلەسوفی ئەڵمانی جوو و هاوکاری قوتابخانەی فڕانکفۆرت ڤالتەر بێنیامین (Walter Bendix Schoenflie Bejamin) (2) بەڕوونی لە هەڵبژاردەی نووسینەکانیدا ، بەتایبەت لە نووسینی تێگەی مێژوودا باس لەم کەلاوەخانەیەی مێژوو دەکات و تێگەی پێشکەوتن بەمانا مێژووییەکەی ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێشکەوتن بە دیدی ئەو تەنها وێرانەی لە هەنووکەدا کەڵەکەکردووە.3 بێنیامین وێناکردنی ئەم وێرانکاری و کەلاوە مێژووییە دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی پێشکەوتن. لە “هەڵبژاردەی نووسراوەکان”دا باس لە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات بە وێنەیەکی “پاول کلێ” بەناوی “ئانگیلۆس نۆڤۆس”وە، کە فریشتەیەکی لەسەر وێنە کراوە بەناوی فریشتەی مێژوو. ئەم فریشتەیە باڵەکانی کراونەتەوە، دەمی داچەقیوە و چاوەکانی زەقە و لە شتێك دەڕوانێت، کە دەیەوێت لێی دووربکەوێتەوە، کە مێژووی ڕووداوەکانە. 4 بێنیامین ڕوونتر باس لە ئەرکەکانی نەوەی داهاتو دەکات، کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مێژوو لە ئەستۆی خۆیان بگرن (نەوەکانی داهاتو ئەرکیان ئەوەیە، کار لە ڕابردوویاندا بکەن). بە بیروڕای بێنیامین مرۆڤایەتی کاری لەسەر ڕووداوەکانی مێژوو نەکردووە، بۆیە ئێستامان وێرانە. ئەو دەبێژێت: “ئێمە دەبێت وەکالەتێک بدەینە هزرمان، سەردانێکی ڕابردوو بکات، بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی ئێستامان تێبگەین.”5
نووسەر و فەیلەسوف و ڕەخنەگرانی قوتابخانەی فڕانکفورت زۆر زوو لە سیستەمی ئەم پڕۆسە مێژووییە تێدەگەن و شڕۆڤە بۆ ئەم گرفتەی “مێژوو” دەکەن.
ئەگەر دیاردەی کەلاخستنی کولتووری لە مێژووی کۆندا بە شێوەیەکی ڕێکنەخرا و لابەلا بووبێت و کەمتر لە ڕۆژگاری ئێستادا ڕوویان دابێت، ئەوا پێکهاتەکانی مۆدێرنە و پێشکەوتی تەکنەلۆجیا، بە ڕێنیسانسیشەوە، کەلاخستنی کولتووریان هاویشتۆتە باڵاترین شێوازی ڕێکخراوی نامرۆڤانەوە. لەبازنەدانی ملیۆنان مرۆڤ لە گەڕەکی تایبەتی شارە مێترۆپۆلەکاندا نمونەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەم دیاردەیەن.
بێگومان کەسان و گروپی تایبەتیش بە خوازیاری خۆیان لە کەناری کۆمەڵگەیەكدا خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و ناخوازن تێکەڵی کۆمەڵگەکەیان ببن، کە ئەم بابەتەش نووسینی تایبەتی خۆی دەخوازێت.
جۆرەکانی کەلاخستنی کولتووری
1 کەلاخستنی کولتووری لە نێو کولتوورێکی خانەخوێدا: وەلاوەنان و کەلاخستنی کولتووری لە کۆمەڵگەیەکی هاوکولتووری (هۆمۆگێن)یشدا بەئەنجام دەگەیەنرێت، کە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان لە نێو کولتوورە خانەخوێکەدا بە هەمان پڕۆسەی کەلاخستن و گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن.
2 پڕۆسەی کەلاخستنی کولتووری لە نێوان کولتووری زۆرینە و زاڵ لەتەك کولتووری کەمینە و لاوازدا بەرپادەبن، کە دەرئەنجام دەبێتە دروستبونی گێتۆ و لەبازنەدانی گروپێك یان کەمینەیەک. بۆ نمونە کەلاخستن و وەلاوەنانی کەمینەی تواڕێک (Tuareg) لە مالی و نێجیریا لە ئەفریقادا. کولتووری تواڕێکەکان لە ئەنجامی پڕۆسەی تەنگپێهەڵچنینەوە بەرەو کەناری کولتووری ئەو دەڤەرە نراوە.
3 خۆکەلاخستنی ئارەزوومەندانەی تاکێک، گروپێك یان کەمینەیەك بۆ دەرەوەی کولتوورێکی جیاوازتر لەخۆ. لێرەدا مەرج نییە ئەم پرۆسەیە بە شێوەی گوشاری سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەشێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و کەسی ڕووبدات. هەندێجار تاکێکی هەمان کۆمەڵگە بە هەر هۆکارێکی کەسیەوە بێت خۆی دەهاوێژێتە کەناری کۆمەڵگەکەی. ئەم کەنارخستنی کولتوورییە باس لە گۆشەگیر و خۆکەنارخستنی کەسانێك ناکات، کە بەهۆی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەخرێنە کەناری کۆمەڵگەوە، بەڵکو زیاتر باس لەدابڕانی تاکێك یان گروپێك لە کۆمەڵگە دەکات. ئەوەی ئاشکرایە ئەم کەنارخستن و خۆکەلاخستنی کولتوورییانە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ڕوودەدەن.
بێگومان کەلاخستنی کولتووری تەنیا نیشانە و دیاردەی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ڕیشەی لە قوڵایی مێژوودا داکوتیووە و جووتلایەنە لە مێژووی خۆکەلاخستن و کەلاخستنی کولتووریدا ڕودەدات و دەبێت بە گرفتێکی ئاڵۆزی مێژوویی. بۆ نمونە مێژووی گروپە کۆچەر و دەشتەکیەکانی چادرنشینی سنتی و ڕۆماکان، کە بە (قەرەج)6 ناوبانگیان دەرکردووە، ئەو گروپانە لەخۆدەگرن، کە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا بە شێوازی جیاواز لە داب و نەریت و نۆرمی ئەواندا ژیانی خۆییان پیادەکردووە. ئەم گروپانە بەهۆی شێواز و جۆری ژیانیانەوە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا کەلاکەوتون و تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو دەڤەرانە نەبوون. ئەم ڕەوشە جووتسەرییە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە دەینرخێنێت: کولتووری خانەخوێ ئەوان بەوە تاوانبار دەکات، کە توانای وەرگرتنی نۆرمەکانی ژیانی ئەوانیان نییە و خۆیان ناگونجێن و خۆیان وەدەردەنێن، لەوبەرەوە جەخت لەوە دەکەن، کە کولتووری خانەخوێ ڕێزی بۆ کولتوور و شێوازی ژیانی ئەوان نییە، بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەوان لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوان بریتی دەبێت لەدەستبەرداربوونی کولتوور و داب و نەریتی خۆیان. لەسەرئەنجامی ئەم ڕەوشە جووتلایەنەدا قەرەجەکان هیچ بەشدارییەکی کولتووری سیاسی لەو وڵاتانەدا نەکردووە.
دەرئەنجام دەگەینە ئەو پنتە، کە “کەلاخستنی کولتووری” و “خۆکەلاخستنی کولتووری”، کە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە ڕوودەدات،” بەرهەمی ئەو ئاڵۆزیانەن، کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکاندا بەرپابوون و بەردەوامیشن. بە بەرجەستەیی ببێژین، کۆچ و پەنابردنەبەر وڵاتانی ئەوروپا، چڕبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران تێیاندا، وەك سەرئەنجام بەهۆی پیادەکردنی ژیانی تایبەتی کولتوورییانەوە جۆرێک لە خۆکەلاخستن و هەروەها کەلاخستنی دەرەکیان لە لایەن گەلی خانەخوێوە لێکەوتۆتەوە، بۆ نمونە لە شارە گەورەکانی وەك پاریس و بەرلین و لەندەن و ئەوانی تردا. بێگومان ئاشکرایە لەم ڕەوتەدا زۆر گیروگرفتی وەك نەگونجانی کولتووری و نەخۆشی دەروونی و تاوانکاری هاتونەتە گۆڕێ
پەراوێزەکان
- جۆن ڤیدەپ بێری لە ساڵی 1939 لە شاری مۆنتریاڵ/کەنەدا لەدایکبووە و پڕۆفیسۆری زانستی دەروونناسی و توێژەری کۆچبەرییە. مامۆستایە لە زانکۆی کینگستن/کەنەدا. گەلێك توێژینەوەی لەسەر تێگەی (Akkulturation) کردووە و سەرەتاکانی ئەم بابەتەی هێژاندووە. بە بیروڕای ڤیدەپ کەلاخستنی کولتووری بەشێکی دانەبڕاوی ئاڵوگۆڕی کولتوورییە و بە لەبازنەدانی کولتووری یان “گێتۆکردن” ناوزەد دەکرێت.
- ڤالتەر بێنیامین لە (07.1892) بەرلین هاتە ژیانەوە و لە (26.09.1940) لەسەر سنووری فەڕەنسا-ئیسپانیا لە کەناری پۆرتبۆ بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست نازییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
- کاوە جەلال: ماتەریالیزمی مێسیایی ی ڤالتەر بێنیامین، لاپەڕە 14
- Walter Benjamin, Illuminationen, Ausgewählte Schriften I, Suhrkamp Taschenbuch 345, Frankfurt am Main, Erste Auflage 1977.
- هەمان سەرچاوە لاپەڕە 252
- واژەی “قەرەج” بۆ کەمایەتییەکانی “سنتی و ڕۆما” بەکارهێنراون، لە ڕوانگەی ڕەگەسپەرستی و بەچاوسوککردن و جیاکارییەوە نرخێندراون و جۆرێکن لە بوغزاندن و کەلاخستن بەرامبەر ئەم گروپانە.