گۆگڵ: وشەکان لەودیو ڕێزمانەوە

1023
0
بڵاوکردنەوە:

نوسینی: بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی: کازیوە نەریمان

 

ژیانی مرۆڤ وەکو گفتۆگۆیەکی درێژ وایە لەگەڵ جیهاندا. مرۆڤ لە جیهان ئەکۆڵێتەوە و جیهانیش بە هەمان شێوە لە مرۆڤ ئەکۆڵێتەوە. ڕێکخستنی گفتۆگۆی نێوان مرۆڤ و جیهان دەکەوێتە سەر ئەو پرسیارانەی بە شیاوی دەزانین ئاڕاستەی جیهانی بکەین یاخود جیهان ئاڕاستەی ئێمەی بکات. هەروەها ئەو وەڵامانەی لە مێشکی خۆماندا پێشبینی دەکەین بۆ پرسیارەکان. ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت کە خودا جیهانی دروست کردووە، ئەوا ئەو پرسیارانەی دەیکەین و ئەو وەڵامانەی کە چاوەڕێ دەکەین دەستمان بکەوێت جیاواز دەبن لەوەی کە ئەگەر بڕوامان وابێت کە ئەم جیهانە بەدیهێنراوێکی خودایی نییە واتە خواوەند جیهانی دروست نەکرووە. هەروەها ئەگەر بڕوامان وابێت کە مرۆڤ بونەوەرێکی هۆشمەندە ئەوا گفتۆگۆکە بە جۆرێکی تر دەکەین لەوەی کە بڕوامان وابێت مرۆڤ بونەوەرێکە کە شوێن غەریزە کەوتبێت. هەر بۆیە گفتوگۆی نێوان ئێمەی مرۆڤ و جیهان دەکەوێتە سەر چەن بیروبۆچوونیکی فەلسەفەیی پێشوەختە کە ئامڕاز و شێوازی گفتوگۆکە دیاری دەکەن.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، گفتۆگۆی ئێمە لەگەڵ جیهان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوەیە. ئەگەر بمانەوێت پرسیارێک ئاڕاستەی جیهان بکەین، ئەوا وەک بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ڕەفتاردەکەین. هەروەها ئەگەر جیهان پرسیارێک لە ئێمە بکات،ئێمە وەک دابینکەری دووەمی زانیارییەکە وەڵام دەدەینەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، سروشتی گفتوگۆکەمان بەندە لەسەر ئەو ڕێسا تایبەت و شێوازانەی کە لە رێگەیانەوە لە چوارچێوەی ئینتەرنێتدا پرسیار دەکرێت و وەڵام دەدرێتەوە، واتە شێوازی پرسیارکردن و وەڵام دانەوەمان هاوشێوەی پرسیارکردن و وەڵام دانەوەیە  لە چوارچێوەی ئینتەرنێت خۆیدا.  بە پێی ئەوەی کە ئینتەرنێت لە ئێستادا بە دروستی کار دەکات، ئەم ڕێسا و یاسانە لەلایەن گۆگڵەوە دیاری دەکرێن، کەواتە ئێستا گۆگڵ هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت لە کۆندا فەلسەفە و ئاین دەیانگێڕا. گۆگڵ یەکەم مەکینەی فەلسەفەیی ناسراوە و گفتۆگۆی ئێمە لەگەڵ جیهاندا بەڕێوەدەبات بەوەی جێگەی هەموو گریمانەیەکی ‘ناڕوون’ی  مێتافیزیکی و ئایدۆلۆجی دەگرێتەوە بە چەند یاسایەک کە بە فەرمی دانپێدانراون و لە هەموو جیهاندا پەیڕەو دەکرێن واتە یاساکان دەکات بە شوینگرەوەی گریمانە ناڕوونەکان. بۆیە زۆر گرنگە توێژینەوە فەلسەفییە هاوچەرخەکان شێوازی کارکردنی گۆگڵ شیبکەنەوە بە تایبەتی ئەو خاڵە فەلسەفیانە باس بکەن کە شێواز و بونیادی گۆگڵ دیاری دەکات. لە کاتێکدا هەوڵ دەدەم پشانتان بدەم  کە گۆگڵ (وەکو مەکینەیەکی فەلسەفی) ڕەگ و ڕیشەیەکی خۆی هەیە  لە مێژووی فەلسەفەدا بە تایبەت فەلسەفەی هاوچەرخ.

وەرن با  سەرنج بدەین لە ئەو ڕێسا و یاسانەی گۆگڵ هەیەتی بۆ پەیوەندی کردن بە جیهانەوە ، بە پێی ئەم یاسایەنە هەموو پرسیارێک دەبێت پێکهاتبێت لە وشەیەک یان چەن وشەیەک. ئەو وەڵامەی گۆگڵ دەیداتەوە لە چەن دەقێک پێک هاتووە کە هەمان ئەو وشەیە یان چەند وشەیەی تێدایە کە لە پرسیارەکەدا هەبووە و ئامێری گەڕانی گۆگڵ دۆزیویەتەوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە پرسیارێکی شیاو لەلایەن گۆگڵەوە پێناسە دەکرێت بە پرسیارکردن سەبارەت بە واتای وشەیەک یان چەند وشەیەک. وە پێناسەی وەڵامی شیاو دەکات بۆ ئەو پرسیارە بە چەن دەقێک کە هەمان ئەو وشەیە یاخود کۆمەڵە وشەیەی تێدایە کە لە پرسیارەکەدا هەبووە.لێرەدا سەرجەم ئەو دەقانەی بەردەست بن بە پێی واتای ڕاستەقینەی وشەکە یان ئەو کۆمەڵە وشەیە دیاری دەکرێت کە بەکار هێنەرەکە داغڵی کردووە و مەکینەی گەڕانی گۆگڵ دۆزیویەتەوە . وە بە هۆی ئەوەی ناتوانین هیچ پرسیارێک لە گۆگڵ بکەین جگە لەو پرسیارەی  سەبارەت بە واتای ڕاستەقینەی وشەکانە ، ئەو واتا ڕاستەقینەیە وەکو تاکە وەڵامیک دەرەکەوێت بۆ ئەو بابەتەی پرسیار لەبارەیەوە کراوە. بە پێی ئەوانەی کە باسمان کرد، زانیارییە ڕاستەکە لێرەدا وا دەردەکەوێت بریتی بێت لە  دەرکەوتنی  سەرجەم وشەکانی ناو هەموو ئەو زمانانەی کە لە ئێستایا مرۆڤایەتی بەکاری دەهێنێت.

بەم جۆرەش گۆگڵ زمان دەکات بە چەند کۆمەڵە وشەیەکی تاک تاک و بە شێوەی کۆد وەریان دەگرێت. گۆگڵ لە ڕێگەی ئەو ووشانەوە کار دەکات کە ڕێسا باوەکانی زمان نایانگرێتەوە. ئێمە کاتێک لە بری ئاین یاخود ئارەزووی  سێکسی  زمانمان وەک ڕێگایەکی گفتوگۆکردن هەڵبژارد لەگەڵ جیهاندا،  وامان دانا بوو کە پرسیارەکانمان ئەو کاتە دروستن کە لە قاڵبی ڕستەیەکی ڕێزمانی ڕاستدا بن وەکو: ( ئایا واتای ژیان چییە ؟)، (ئایا خودا جیهانی دروست کردووە ؟). ئەوە ڕوونە کە ئەم ئەم ڕستانە تەنها دەکرێت بە ڕستەیەک وەڵام بدرێنەوە کە لە ڕووی ڕێزمان و بابەتەوە ڕاست بێت.

هەموو گفتوگۆکان لەلایەن گۆگڵەوە وشە وشە دەکرێن و دەکرێن بە ۆرد کلاود کە کۆمەڵە وشەیەکن بە پێی ڕێسا ڕێزمانییەکان کار ناکەن واتا لەودیو سنووری ڕێسا ڕێزمانییەکانەوەن ڕێسا. ئەمۆرد کڵاودانەرەکان کار بەوە دەکەن کە ئایا وشەیەکی دیاریکراو لە ۆرد کڵاودەکەدا بوونی هەیە یاخود بوونی نییە. کەواتە گۆگڵ پێشبینی ئەوە دەکات کە وشەکان چیتر بە یاسا ڕێزمانییەکانەوە گرێ نەدراون  . گۆگڵ، وەک ئامێرێکی فەلسەفەیی، لەسەر بیروبۆچوونێک بەندە کە ئەویش ئازادی وشەکانە لە ڕووی ڕێزمانییەوە واتا ملکەچ نەبوونیان بۆ ڕێزمان هەروەها ئەوەی کە هەموو وشەکان یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە بە هەر ئاڕاستەیەکدا کۆچ بکەن کە بەردەست بێت واتا  لە ۆرد کلاودێکەوە بچنە ۆردکلاودێکی تر.ئاڕاستەی جوڵەی وشەکان  خاسیەتی یەک وشەی تاکە کە لە گۆگڵدا بەردەستە . هەروەها سەرجەمی هەموو ئەم ئاڕاستە و کڵاودانە خاسیەتی زمان خۆیەتی کە هێزە ڕێزمانییەکەی بەرامبەر بە وشەکان نەماوە. زمان لەڕێگەی ڕێزمانەوە توانی هەڕەمێک لە نێوان وشەکاندا دروستبکات. ئەم هەڕەمەش ڕێگای کارکردنی پرسیارە فەلسەفییە کۆنەکانی دیاری دەکرد سەبارەت بە دانایی و ڕاستی. کاتێک لە ڕێگەی گۆگڵەوە پرسیار دەکەیت، گۆگڵ کۆمەڵێک ۆرد کلاودی ڕێزمانیت وەک وەڵام دەخاتە بەردەست، و لە ناو ۆرد کلاودەکان دەست دەکات بە گەڕان بە دوای وشەدا.

     لە ڕاستیدا، تێگەشتنی ڕاستی وەکو واتای ڕاستی وشەکان، شتێکی نوێ نییە لە فەلسەفەدا. ئەفلاتوون سەبارەت بە واتای وشە تاکەکانی وەکو( دادپەروەری یان باش) گومانی کردبوو. بەم جۆرە ئەفلاتوون هەستا بە ڕزگارکردنی وشەکان لە ملکەچ بوونیان بۆ ڕێزمانی  داستانی ئەفسانەیی و وتاری بەبریق و باق،ئەفلاتوون بڕوای وابوو کە واتای ڕاستەقینە تەنها دەکرێت لە ۆردکلاودێکی دەگمەندا بدۆزرێتەوە کە لە ئاسمانی پڕ لەو بیرۆکەدایە  کە لە تێگەشتنی مرۆڤ بەدەرە. دواتر فەرهەنگ و ئینسایکلۆپیدیا هەوڵیاندا یەک یەک واتا باوەکەی وشەکان پێناسە بکەن مەبەستم ئەو واتایانەیە  زۆر دووبارە دەبنەوە. دووەم هەنگاو لە مێژووی ئازادکردنی وشەکان ئینسایکلۆپیدیا و فەرهەنگەکان بوون، بەڵام لێرەشدا دووبارە واتای وشەکان سنوردارکرا بەهۆی چۆنێتی بەکارهێنانیانەوە لە چەند دەقێکی باو و ئامادەکراودا. فەلسەفەی سەدەی ٢٠ پرۆسەی ئازادکردنی وشەکانی درێژتر کردەوە.سترەکچەڵیزم کە بە فێدیناند دێ سۆسیۆو ڕۆمان ئوسیپلیچ یگابسۆن دەستی پێکرد، لە سەرەتادا گرنگی بە بەکارهێنانە باوەکانی وشەکان دەدا بەڵام دواتر سەرنجییان خستە سەر بەکارهێنانی ڕاستەقینەی وشەکان لە چوارچێوەی زمانە زیندوو و مۆدێرنەکاندا. ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ئازادکردنی وشەکان بەڵام کۆنسێپتی بەکارهێنانە باوەکانی وشە وەکو خۆی مایەوە. دەتوانین هەمان شت دەربارەی دەستووری لێکۆڵینەوەی ئەنجلۆ ئەمێریکان بڵێین لە “زمانی سادە” کە بەندە لەسەر ئایدۆلۆجیای بوون. گۆڕانکاری ڕاستەقینە دوای ستڕەکتەڵیزم هات- بە تایبەت لەگەڵ دێریدنز دیکۆنسترەکشن، لێرەدا یەک وشە ئەکرا لە چەن کۆنتێکستێکدا بەکار بێت، وە کاتێک وشەیەک لە کۆنتێکستێکەوە ئەچێت بۆ کۆنتێکستێکی تر واتای وشەکە بە تەواوەتی دەگۆڕێت. بە پێی ئەمەش هەر هەوڵدانێک بۆدانانی کۆنتێکستێکی باو  کە واتای وشەکان تیایا دەربکەوێت بە سەرنەکەوتوو دادەنرێت.زمانەوانەکان ئەمە پێناسە دەکەن بەوەی کە هەر وشەیەک دەتوانێت بە چەن ڕێگەیەکی ناکۆتا بچێتە ژمارەیەکی نا کۆتا کۆنتێکستەوە. دیکۆنسترەکشنستەکان پێیان وابوو وشەکان دەتوانن بچنە ژمارەیەکی ناکۆتا ۆردکڵاود و نا کۆتا ئاڕاستەیان هەیە واتا جوڵەی وشەکان بێسنوورە. بۆیە هەر ڕستەیەک پرسیار سەبارەت بە واتای وشەکان بکات پرسیارێکی بێ وەڵامە.

گۆگڵ لانی کەم دەتوانێت بە دوو ڕێگا وەڵامی دیکۆنسترەکشن بداتەوە. یەکەمیان، گۆگڵ هەمان تێگەشتنی تۆپۆلۆجیکاڵ سپەیسی هەیە بۆ زمان کە تێیدا هەر وشەیەک  بە ڕێرەوی خۆیدا دەڕوات- بێ گوێدان بە هەر هەوڵدانێک بۆ ئەوەی وشەکان بکرێنە ناو کۆنتێکستێکی جێگیر کە پێش وەختە ئامادەکراوە یاخود هەر هەوڵێک بۆ ئەوەی واتایەکی جێگر و باو بکرێت بە بەریاندا. دووەمیان، گۆگڵ پێی وایە کە ژمارەی ڕێڕەوی وشەکان سنووردارە، هەر بۆیە دەتواندرێت ئەژمار بکرێن و پشان بدرێن. بێگومان ئێمە دەتوانین ژمارەیەک ڕێرەو و کۆنتێکستی ناکۆتا بۆ هەر وشەیەک بێنینە پێش چاوی خۆمان. لەگەڵ ئەوشدا ئەم بیرکردنەوەیە ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کەهەر ڕستەیەک بۆ ئەوەی “ڕاستی” بێت ئەوا دەبێت هەڵگری فەرمانێکی یاخود زانیارییەکی دیاری کراو بێت. گەر بەو جۆرە نەبێت، ئەوا ئەم کۆنتێکستە کۆنتیکستێکی خەیاڵییە و پەیوەندی بە گەڕانەکەی ئێمەوە نییە بە دوای ڕاستی و دانایی و زانیاریدا. دەتوانین  بڵێین کە گۆگڵ بە تەواوەتی دیکۆنسترەکشن پێچەوانە دەکاتەوە  ئەویش بەوەی شوێنی ژمارەیەکی بێسنوور کۆنتێکستی خەیاڵی  بە مەکینەیەکی گەرانی سنووردار دەگرێتەوە . ئەم مەکینەی گەڕانە بۆ ئەگەرە ناکۆتاکانی واتای وشەیەک ناگەڕێت بەڵکو بۆ کۆمەڵە کۆنتێکستێک دەگەڕێت کە بەڕاستی بەردەست بن و واتای وشەکەی تیادا پێناسەکرابێت.لە ڕاستیدا، نمایشی ناکۆتای خەیاڵیشمان سنووری خۆی هەیە، لە بارودۆخێکدا کە هەموو وشەکان لە هەموو کۆنتێکستەکاندا دەردەکەون. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، هەموو وشەکان لە واتاکانیاندا لە یەک دەچن، هەموویان دەکەونە ناو یەک سیگنیفایەرەوە کە هیچ واتایەکی نییە. گۆگڵ لە ڕێگەی سنووردارکردنی گەڕانەکانی بۆ ئەو کۆنتێکستانەی کە بوونیان هەیە و پێشتر پشاندراون ڕێگە لە ڕوودانی بارودۆخێکی لەو جۆرە دەگرێت. ڕێڕەوی وشە جیاوازەکان بە سنووردارکراوی دەمێنێتەوە،هەر بۆیە جیاوازن لە یەکتری. دەتوانین بڵێین کە هەر وشەیەک کۆڵێکشنێک واتایتایبەت بە خۆی دەبێت.کۆلێکشنی واتاکان بریتییە لە کۆی ئەو کۆنتێکستانەی کە ئەم وشەیە لە کاتی ڕۆشتنی لە ۆرد کلاودێکەوە بۆ ۆرد کلاودێکی تر چۆتە ناوییان وە دەتوانین ئەمە بە نیشانەی سەرەکی وشە ناو ببەین. لە کۆنتێکستی گەڕانی گۆگڵدا، بەکارهێنەری ئینتەرنێت خۆی لە بارودۆخێکی مێتالینگویستیک دەبینێتەوە، بێگومان بەکارهێنەرەکە وەکو بەکارهینەرێک وەک کۆنتێکستێکی وشە بە ئینتەرنێت نەناسێندراوە. هەر بۆیە بێگومان کەسێک دەتوانێت ناوی کەسێکی تر لە ئینتەرنێت لێبدات و هەموو ئەو کۆنتێکستانەی دەست بکەوێت کە ئەو ناوە تیایدا دەردەکەوێت. بەڵام ئەم ئەنجامە بەکارهێنەر وەک دابینکەری دووەمی زانیاری پشان دەدات نەک وەک وەک بەکارهێنەر. لە هەمان کاتدا، ئێمە ئەوە دەزانین کە گۆگڵ گەڕانی ڕۆژانەی بەکارهێنەرەکان تۆمار دەکات و بە پێی ئەوە کۆنتێکستێکییان بۆ دروست دەکات. ئەم کۆنتێکستانە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ مەبەستی ڕیکلام و بازاڕگەڕی بەکاردەهیندرێن و زۆر کات لە بەکارهێنەر خۆی دەشاردرێنەوە.

     هایدیگەر بە جۆرێک باسی زمان دەکات کە ماڵی مرۆڤ بێت، خانوویەک بێت کە مرۆڤ تیایدا دەژی. ئەم مێتافۆرە تێگەشتنمان بۆ زمان دەکاتە قاڵبی ڕێسا ڕێزمانییەکانەوە :چونکە وەک چۆن خانوو نەخشەی هەیە زمانیش ڕێزمانی هەیە.هەر چۆنێک بێت،  ئازادبوونی وشەکان لەو ڕێسایانەی لە ڕێزماندا بۆیان دانراوە وا دەکات خانووی زمان بگۆڕێت بۆ ۆرد کڵاود. بەمەش لە ڕووی زمانەوانییەووە مرۆڤ بێ ماڵ دەمێنێتەوە. لە ڕێگەی ئازادکردنی زمانەوە بەکارهێنەر دەکەوێتە سەر ڕێڕەوێک کە زیاتر زمانەوانییە،وەکو هایدگەر پێشنیاری دەکات،لە بەکارهێنەرێکەوە کە وەکو شوانێک ئاگای لە وشەکانە، دەبێتە بەکارهێنەرێک کە بە بەکارهێنانی کۆنتێکستی کۆنی زمانەوانی یان ناوچەیی و هەرێمی یانیش دروستکردنی کۆنتێکستیکی نوێ وەک سەرپەرشتیارو بەڕێوبەر وایە بۆ وشەکان. سەرەنجام چیتر وشەکان وەکو پێشووتر بەکارناهێنین بەڵکو لە بری ئەوە،بە بە هێمنی و بەکرداری و بە بەکارهێنانی مێتالینگویستیک ولە دەرەوەی سنوری زمان ڕێگە بە هەبوون یان نەبوونی وشەکان دەدەین لە کۆنتێکسێکی دیاریکراودا.

ئەم گۆڕانکارییە بنچینەییە لە بەکارهێنانی زماندا ڕەنگدانەوەیەکی تەواو دیاری هەیە لەسەر زیاتر هاوتا بوونی کۆنتێکستی ئەرێنی و ڕەخنەیی. هەڵوەشاندنەوەی ڕێزمان وئازادکردنی وشە تاکەکان، جیاوازی لە نێوان بەڵێ و نەخێر، لە نێوان پریپۆزیشنی ئەرێنی و ڕەخنەیی بە تەواوەتی کەم دەکاتەوە. تەنها شتێک کە گرنگ بێت ئەوەیە کە ئایا وشەیەکی دیاریکراو ( ناو، وێنە یان بیردۆز) لە کۆنتێکستێک یان چەند چەند کۆنتێکستێکی دیاری کراو دەچێتە دەرەوە یاخود نا.لە گەڕانی وشەدا دەرکەوتنی وشە لە کۆنتێکستی ئەرێنی و نەرێنی هەمان بڕ لە نیشانەی سەرەکیی دەدات بە وشە. بەمەش کرداری بنچینەیی زمان، ئەرێنی کردن و نەرێ کردن،پەیوەندییان بەیەکەوە نامینێت و شووێنییان دەگیرێتەوە بە پرۆسەی کەم کردنەوەی وشە یاخود زیادکردنی چەند وشەیەکی دیاریکراو لە چەن کۆنتێکستێکی دیاریکراودا کە ئەمەش لە دەرەوەی سنورەکانی ڕێزمانە،ئەمەش پێناسەیەکەی پڕاوپڕی بەڕێوبەر یان سەرپەرشتیاری وشەیە. بە کەسێک دەوترێت بەڕێوبەر یان سەرپەرشتیاری وشە کە وەکو ۆرد کلاود مامەڵە لەگەڵ نوسراودا بکات، ئەو کەسە سەرنجی لای ئەوە نییە کە ئایا ۆرد کلاودەکە ” دەڵێت چی” بەڵکو سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کامە وشە لەو نوسراوەدا دەردەکەوێت و کامە وشە دەرناکەوێت.

لە ڕاستیدا ئەم گەشەسەندنە لە لایەن چەن جوڵانەوەیەکی هونەری سەدەی بیستەوە پێشبینی کرابوو، بە تایبەت لەلایەن فلیپۆ تۆماسۆ مارنێتی کەلە ساڵی ١٩١٢،لە نوسراوێکیدا سەبارەت بە وێرانکردنی ڕێزمان داوای کردووە وشەکان ئازادبکرێن . هەروەها لە ساڵی ١٩١٤دا، ڤێرژنێکی سەرەتای ۆرد کڵاودی پێشکەش کرد کە ناوی نابوو ” ۆردس سێت فری- ئەو وشانەی ئازادکران”.لە هەمانکاتدا دەستی کرد بە پراکتیس کردنی هونەر و سیاسەت، ئامانج لەم کارەی بێزارکردن وتوڕەکردن و سەرسامکردنی چینی بۆرجوازی ئەوروپی بوو. بەم جۆرەش فلیپۆ تۆماسۆ بووە داهینەری پروپاگەندەی نەرێنی و خراپ لەسەرخود. ئەو لەوە تێگەشتبووکە لە سەردەمی وشە ئازادکراوەکاندا ئەگەر مایەی ڕق و کینەی خەڵکی بیت ئەوا دەرکەوتنت لە میدیادا زیاتر دەبێت وەک لەوەی کە خەڵکی سۆز و بەزەییان بۆت هەبێت. هەموومان دەزانین کە ئەم ستراتیجییە چۆن بوو بە ستراتیجیییەک بۆ خۆ بەناوبانگ کردن لە سەردەمی گۆگڵدا.

دەتواندرێت هەنگاوێکی تری سەرەتایی بۆ ئازادکردنی وشەکان لە چۆنێتی بەکارهێنانی زمان لەلاین فرۆیدییەنەوە ببیندرێت. لێرەدا وشە تاکەکان بە نزیکەیی وەکو بەستەری ئینتەرنێت کار دەکەن: وشەیەک خۆیان لە یاسا ڕێزمانییەکانیان ئازاد دەکەن و وەکو ئامڕازیکی پەیوەندییان لێ دێت لە نێوان کۆنتێکستەکاندا.ئەم داهێنانە فرۆیدییە لە هونەری سڕیاڵی و ئەدەبدا زۆر بەکاردەهات.  هونەری بیرکردنەوەی ساڵآنی ١٩٦٠ەکان بۆ ١٩٧٠کان، مەودایەکی دامەزراوی بۆ ۆرد کلاودەکان و کۆنتێکستی وشەکان دروست کرد . هونەری ئاڤانت گارد هەوڵیداوە دەنگەکان و پیتەکانیش ئازادبکات لە فۆرمە ڕێزمانییە بڵاوەکانی وشە.  کاتێک کەسێک “لە کاتی ڕاستیدا”: لە گۆگڵ بە دوای شتێکدا دەگەڕێت، ئەوا ئەم هەوڵدانە هونەرییانە دێنەوە یادی. مەکینەی گەڕانی گۆگڵ دەست بە کارەکەی دەکات پێش ئەوەی شێوە ڕێزمانییە دروستەکەی گەڕانی وشە- بیرۆکە دەستپێ بکات.

بۆیە دەتوانین بڵێین کەوا گۆگڵ بە نزیک بوونەوە مێتالینگویستیک وکرداریی و تەڵەکەبازییەکەی لە زمان زیاتر پەرەبەخۆی دەدات لە دەستووری هوونەری ئاڤانت گاردیی سەدەی بیستەم وەک لە دەستووری فەلسەفی هونەری. بەڵام لە هەمان کاتدا،هەرئەم دەستوورە هوونەریەیە کە ڕووبەرووی پراکتسەکانی گۆگڵ دەبێتەوە چونکە تێکۆشان بۆ ئازادکردنی وشەکان لە هەمان کاتدا تێکۆشانە بۆ یەکسانبوونیان. ئازادبوونی وشەکان زمانێک دێنێتە بوون کە وەک دیموکراتییەکی بێ وێنەی وشەکانە و لەگەڵ دیموکراتی سیاسی وشەکان دەگونجێت. بێگومان ئازادبوونی وشەکان و یەکسان بوونیان لە نێوان خۆیاندا وایان لێدەکات بە شێوەیەکی جیهانیش بەردەست بن. دەتوانین بڵێین کە شعری ئاڤانت گرەیدی سەدەی بیستەم وێنای گۆگڵی نمونەیی دروستکردووە کە تیایدا وشە ئازادەکان بە سەربەخۆیی دەجوڵێن. ئەو گۆگڵەی کە لە ڕاستیدا بوونی هەیە تەنها داهینانێکی سیاسی و تەکنەلۆجی نییە  بەڵکو لە هەمان کاتدا ناپاکییەکە لە خەونی نمونەیی  ئازادکردنی وشەکان.

بێگومان ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئایا گۆگڵ بەڕاستی هەموو ئەو کۆنتێکستانە پشان دەدات کە بوونیان هەیە کاتێک بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی زمان بەکاریدەهێنین، کە کۆکراوەی تەواوی هەموو ڕێڕەوەکانی وشە تاکەکانە. ئەوە ڕوونە کە وەڵامی ئەم پرسیارە وەڵامێکی نەرێنییە. پێش هەموو شتێک، بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری ئەم کۆنتێکستانە بە نهێنی دەمێننەوە بۆ ئەوەش کە بتوانی ئەو کۆنتێکستانە ببینیت پێویستیت بە مۆڵەتی تایبەتە. سەڕەڕای ئەمەش چەن کۆنتێکستێکی تاک هەمیشە لە لایەن گۆگڵەوە دەبرێنە پێشەوە – هەروەها بەکارهینەر بە شێوەیەکی گشتی تەماشای چەن پەڕەیەکی سەرەتا دەکات لەوانەی کە پشانی دەدرێت. بەڵام گرنگترین کێشە پەیوەندی هەیە بە پێگەی مێتالینگویستیک لە ئامێری گەڕانی گۆگڵ خۆیدا. وەک پێشتریش تێبینی کراوە، بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە پێگەیەکی مێتالینگویستیکەوە دەست بە گەڕان دەکات. بەکارهێنەرەکە قسە ناکات بەڵکو لە بری ئەوە وشە و کۆنتیکستەکان دیاری دەکات و هەڵیان دەسەنگێنێت. هەرچۆنیک بێت، گۆگڵ خۆشی لە نوێنەرایەتییە زمانەوانییەکان دەدزیتەوە. گۆگڵ پێشوەختە ئەو کۆنتێکستانە دیاری دەکات کە دەیان کات بە پێشەنگ کە ئەمەش بەشێکە لە کرداری سەرپەڕشتی و بەڕێوەبردنی وشە. ئەو کەسەی کە لەسەر هێڵ بە دوای شطێکدا دەگەڕێت دەزانێت کە هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی کۆنتیکستەکانی بەندە لەسەر پرۆسەی دیاریکردن و دانانی کۆنتێکستەکان وەکو پێشەنگ لەلایەن مەکینەی گەڕانی گۆگڵەوە. بەکارهێنەر تەنها دەتوانێت ئەوە ببینێت کە گۆگڵ پشانی دەدات.بەم جۆرەش، بەکارهێنەران گۆگڵ وەک شتێکی خودگەرایی شاراوە ئەزموون دەکەن کە (ئەگەری هەیە مەترسیدار بێت) و لە جیهانی پلانگێڕاندا کار دەکات. ئەم بیرکردنەوە پلانگێڕییانە ئەستەم دەبوون ئەگەر گۆگڵ بێ سنوور بوایە، بەڵام گۆگڵ سنووردارە و هەر بۆیە گومانی تەڵەکەبازی لێ دەکرێت. بێگومان خۆ لادان لەم پرسیارانە ئەستەمە : “بۆچی ئەم کۆنتێکستانەم پشان دەدات و ئەوانی ترم پشان نادات؟” “بۆچی گۆگڵ لە ئەنجامی گەڕانەکانم ئەم کۆنتێکستانە دەکات ب ە پێشەنگ و لە پەڕەکانی سەرەتا پشانم دەدات؟” “ئەو کۆنتێکستە شاراوانە چین کە گۆگڵ لە ڕێگەی چاودێریکردنی تۆماری گەڕانی رۆژانەی بەکارهێنەرەکانی تۆماری دەکات؟”

ئەم پرسیارانە بەرەو دیاردەیەکمان دەبات کەبە شێوەیەکی زیاتر پێناسی هۆشمەندی ئەم چەند دەیەیەی ئەم دواییەمان بۆ دەکات. من لێرەدا باسی پێچەوانبوونەوەی سیاسەت وتەکنەلۆژیا دەکەم لە مێژووی مێتافیزیکس. قسەیەکی زۆر هەبوو و هەیە لەسەر کۆتای هاتنی مێتافیزیکس. بەڵام من دەڵێم کە لەڕاستییدا ئەوە پێچەوانەکەی ڕاستە: ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین کۆتای مێتافیزیکس نییە بەڵکو دیموکراتی بوون و بڵاوبوونەوەی مێتافیزیکسە. بێگومان، هەموو بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت لە “جیهاندا نییە” چونکە بەکارهینەرەکە لە زماندا نییە. هەروەها گۆگڵ خۆی وەکو ئامێرێکی مێتافیزیک پشاندەدات کە بە هەمان شێوە لەلایەن خودگەرایی مێتافیزیکاڵ و مێتالینگویستیکەوە فریودرابێت. بەمجۆرەش بابەتی گەڕان لە گۆگڵدا تێکەڵ دەبێت بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەک کە لەلایەک مێتافیزیکیە ولەلایەکی تریش سیاسی و تەکنەلۆژییە. مێتافیزیکیییە لەبەر ئەوەی کۆششکردنێکە کە بۆ ڕاستییەکەی دیاریکراو “دنییایی” نییە – یان، بە شێوەیەکی تر بڵێین، بۆ کۆنتێکستێکی دیاریکراو نییە. بەڵکو کۆششێکە بۆ گەیشتن بەو ڕاستییانە،وەکو کۆکۆکراوەی هەموو ئەو کۆنتێکستانەی کە بوونییان هەیە. کۆششە لە پێناو دەستکەوتنی نموونەیی هەموو زانیارییەکان بە سەربەخۆیی –جوڵانی سەربەخۆی وشە ئازادکراوەکان بە ناو هەموو مەوداکاندا.

هەرچۆنیکبێت، ئەم کۆششە دەبێتە هەوڵێکی سیاسی و تەکنەڵۆژی، چونکە ئاماژە بەوە دراوە کە هەموو وشەکان لە ڕووی مێتافیزیکسەوە یەکسان و ئازادن. هەروەها  هەر کاتێک وشەکان بچنە ناو کۆنتێکستێک یان لە کۆنتێکستێک بێنە دەرەوە دەبێت بەوە بناسرێت کە بەهۆی هێزی سیاسی و تەکنەلۆژی یانیش ئابوریییەوە بووە . بە بێ ڤێرژنێکی نموونەیی ئەو وشانەی کە بە تەواوەتی ئازادکراون گۆگڵ ئەستەم دەبێت- هەروەها هەڵسەنگاندنی گۆگڵیش ئەستەم دەبێت. تەنها ئەو کاتە دەتوانین پرسیار دەربارەی نیشانەی سەرەکی هەموو وشە تاکەکان بکەین کە زمان خۆی بووبێت بە ۆرد کڵاودێک، چونکە تەنها لەم بارودۆخەدا نیشانەی سەرەکی وشە تاکەکان لە ئەنجامی ئەوەن کە وشەکان بە جۆرێک لە دەرەوەی ڕێسا ڕێزمانییەکان چووبنە ناو کۆنتێکستێک یاخود هاتبێتنە دەرەوە لێی. ئەو گۆگڵەی کە ” لە ڕاستیدا بوونی هەیە” دەکرێت لە چەن لایەنێکەوە هەڵبسەنگێندرێت دەربارەی ئەوەی دەتوانین چی ناو بنێین گۆگڵی نمونەیی- گۆگڵێک کە کۆنسێپتی هەموو وشەکان بە یەکسانی و  ئازادی بەرجەستە دەکات’. نموونەکەی ئاڤانت گرەید بۆ وشە ئازادەکان ‘شعرێکی قورسی’ بەرهەم هێناوە، کە وا دەردەکەوێت بۆ زۆرێک لە خوێنەران بەردەست نەبێت. هەرچۆنێک بێت، ڕێک ئەم نموونە ناوازەیەیە کە هەوڵی کاتی و  رۆژانەمان دیاری دەکات بۆ ئەوەی بە بە شێوەیەکی جیهانی بە ئازادی بە زانیارییەکان بگەین.

 

سەرچاوە:

Boris Groys.in the Flow.brooklyn,N.Y:Verso,2016

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: