هاروکی مۆڕاکامی بەستوویەتی

262
0
بڵاوکردنەوە:

لە پەراوێزی پیاوی سەهۆڵین

 

نووسینی: گۆران سەمەد

لە شوێنێکدا هاروکی مۆڕاکامی  ئاوڕ لە چرکەساتی بوون بە نووسەری خۆیی دەداتەوە و پێمان دەڵێت؛ تەنیا ڕۆژێک و لە کەشێکی شادی خۆرەتاو، (لەوەیە دەستتێوەردانی خوایی بێت) لە ساڵی هەزار و نۆسەت و حەفتا و هەشت، بە بیرەیەکی ساردەوە لەسەر چیمەنەکە بەدیار یاریی بایسبۆڵ، لەناکاو بڕیارمدا ببم بە  ڕۆماننووس(١)، هەر ئەوەندە و هیچی دیکە.

یەکەمجار، بەر چیرۆکی (هەموو منداڵانی خودا دەتوانن سەما بکەن(٢)ی وی کەوتم. دواتر دەرکەوت چیرۆکەیل و ڕۆمانەکانی دیکەی وی دونیای ئەدەبیان داگیرکردووە، بە تایبەت ڕۆمانی (دارستانی نەرویجی). فەزای وی تژییە لە گێڕانەوەی فەنتازی و تیستاتیکا، مینا دڵگیریی هاش و هوشی شەپۆلە خاوەکانی دەریا.

ئەوەی لە چیرۆکدا جێی بایەخ دانە و کارێک دەکات بە نەمریی بمێنێتەوە، ئەو دۆخە جادووییەیە، کوو نووسەر دەیئافرێنێت لە ڕێگەی سەنعەتی چیرۆک هۆنینەوەدا. دۆخێک دێتە بوون، لە ڕێگەی گێڕەڕەوە خوێنەر تێکەڵ دەبێت بە فەزای چیرۆک و ناتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت. هەڵبەتە ئەمەش کارێکی وا ئاسان نییە و کاری هەموو نووسەرێکیش نییە. ئەوەی وا دەکات ئەم دۆخە دروست بێت، لە تەک زمان، تەکنیک، گۆشەنیگا و لایەنەکانی دیکەی چیرۆکدا، جۆرێک لە بیرڕەنگینیی گێڕانەوەی دەوێت لە ڕێگەی نیشاندان و نەخشاندی ڕووداو و کەسایەتی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆک. موڕاکامی یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی لە نیشاندان و خولقاندنی فەزا لێهاتووانە ئەوە دەکات. ئەوەتا بۆ ئەوەی باوەڕ بە بوونی بۆقێکی گەورەی هەشتا سانتیمی بکەین تا شەڕ لەگەڵ کرمێکی لەخۆی گەورەتر بکات، دێت دەیکاتە هاوڕێی گیانی بە گیانی کاتاگیری ئەندامی بانکی قەرزپێدان لە تۆکیۆ. لە نیشاندانی بۆق ئەوەندە ورد ڕۆچووە، گریمانەی ئەوە ناکەیت خەو و خەیاڵ بێت، بە تایبەت کاتێک وێنای دەست و پەنجە پەردەدارەکان و ماسولکەکانی قورگی بۆق نیشان دەدات لەکاتی وتنی؛ قیڕ، قییڕ، قیییڕ.

مۆڕاکامی، بەدانانی ناونیشانەکانی شتێکمان لە ناوەڕۆک پێ دەڵێت، بەڵام شێوازی نووسی وی تەقلیدی نییە تا لە ڕێگەی سەردێرەکەیەوە ناوڕۆک و کۆتایی چیرۆک لە زاکیرەماندا هەڵگۆزین، ناچارین دێڕ بە دێڕ لەگەڵی ئاوێتە بین تا لە ئەفسوونی ناونیشانەکانی تێبگەین.

لە چیرۆکی (پیاوی سەهۆڵین(٣) نیشاندانێکی وا هونەرییانەمان بۆ دەکات، خوێنەر دەباتەوە جەمسەری باشووری سەهۆڵین، لە ڕێی دەربڕینگەلێکی ئیستاتیکای مینا (کاتێک جووت دەبووین، من وێنای تۆپەڵە بەفرێکی ڕەقم دەکرد/ نیگا شەختاویییەکانی، مێشکمی بەستابوو/ هەناسەی سپیتر/ تۆنی سەهۆڵین/ منداڵدانم بەستوویەتی و سکم سەهۆڵینی بچکۆلەیە) (ناکرێ لێرەدا پاشخانی وەڕگێر فەرامۆش بکەین، کە چەندە هەوڵی داوە ناپاکی لە دەقەکە نەکات و بیگەیێنێت). لە سەرتاسەری ئەو دەقە خوێنەر دەکەوێتە بەر کۆمەڵێک پرسیاری پێش وەختە وەک؛ تۆ بڵێی هەبووێکی سەهۆڵێن بە مستێک هەپرون هەپرون نەبێت؟ ئایا بەڕاستی سەهۆڵ ئاشق دەبێت و بەرگەی گەرمانی هاوین دەگرێت؟ ئەی بۆچی چۆڕاوە بەستووەکانی زستان ئەوەندە نامێنمەوە و دەتوێنەوە؟ هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ لێزانی و وردەکارییەکانی مۆڕاکامی لە هونەری گێڕانەوەدا. بە مانایەکی دیکە، مۆڕاکامی ئەو نووسەرەیە توانیویەتی بە شێوازی خۆی پانتایییەکی بەرفراوان لە ئەدەبیاتی دونیا داگیر بکات.

مۆڕاکامی لەو نووسەرانەیە لەنێو زۆرێک لە چیرۆکەکانی بۆشاییەک جێ دەهێڵێت تا خوێنەر مانایەکی دیکە بە دەقەکانی بدات. وەکو ئەوەی گۆستاف فلۆبێر لە نامەیەکدا بۆ جۆرج ساندا دەنووسێ: ئەگەر خوێنەر بەخۆی نەتوانێ ئەنجامی ئەخلاقی پێویست لە کتێبەکەوە/ دەقەکەوە هەڵێنجێ…(٤) سوود لەو قسەیەی فلۆبێر وەردەگرین، هەروەها ئەگەر بەسەر دەقەکانی ئەو چیرۆکنووسەدا جێبەجێی بکەین، دەرک بەوە دەکەین کە مۆڕاکامی هونەرییانە خوێنەر دەکاتە بەشێک لە گێڕانەوەکانی. یەکێکی دیکە لە جوانییەکانی هۆنینەوەی چیرۆک لای وی، سەربەستی کارکتەرەکانە وەک ئەوەی هەن. بەر کەمترین دەستتێوەریی نووسەر ناکەویت لەو ساتانەی کارەکتەرەکان ڕۆڵیان دەبێت (بڕوانە کاتاگیری گۆشەگیر). هەروەها نیشاندانی باری کەسەکان، شوێن/ماڵ، وەسفیە کورت و ورد و چڕەکانییەتی بۆ هەر ماتەرێکی پەیوەست بە دەق، بەشێوەیەک ویستوویەتی خۆی پەرژین بکات لە هەر پەیڤێکی زێدە و تێهەڵقووڕتان.

بێگومان شێوازی گێڕانەوە لە چیرۆکدا بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی “گرێ”کان بەیەکەوە ببەستیتەوە، ئەمەش پێویستی بە ڕیتم و هاوسەنگی هەیە تا هارمۆنیەت بدەیت بە دەق. لەوەشدا مۆڕاکامی هێواش و بێ پەلەکردن درێژە بە چیرۆکەکانی دەدات و پارێزگاری لەو پێویستییە ڕیتمیە کردووە. لە چیرۆکی پیاوی سەهۆڵێن خوێنەر دەرک دەکات نووسەر پشێوی و پەیڤی زێدەی بەکار نەهێناوە تا بە کوتا بگات. هاوسەنگییەک لەناو ئەگەرکاندا بوونی هەیە کە چیرۆکەکەی بەیەکەوە بەستۆتەوە تا کۆتایی.

هاروکی مۆڕاکامی، لەدایکبووی١٩٤٩ی ژاپۆنە و بەهۆی کارەکانییەوە چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی فانتازیا جیهانی، خەڵاتی کورتە چیرۆکی نێودەوڵەتی فرانک ئۆکۆنۆر، خەڵاتی فرانز کافکا.

 

سەرچاوەکان:

١- سەیوان محەمەد، مۆڕاکامی، گ.باران، ژ.١، لا ٤٩.

٢- هەڵۆ فایەق، مۆڕاکامی، گ. کەلێن، ژ.٦، لا ١٠٢.

٣- دینۆ، مۆڕاکامی، ژنەڤتن.چیرۆک، ٢٠٢٣.

٤- ڕۆمان لە نێوان وتن و نیشانداندا، حەمەکەریم عارف، گ.باران، لا٥٠.

بڵاوکردنەوە: