پیاوی بچکۆلە

1307
0
بڵاوکردنەوە:

ئەلفۆنسینا ستۆرنی شاعیرێکی پۆستمۆدێرنی ئەرجەنتینی و دەنگێکی دیاری ئەمریکای لاتینە. لەدایکبووی ١٨٩٢ـی سویسرایە، تەمەنی چوار ساڵ بووە لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ئەرجەنتین کردووە. منداڵییەکی دژواری هەبووە، قاپشۆری و بەردەستی و کارەکەری و دروومانی کردووە. یەکەمین دەقی لە  تەمەنی ١٢ ساڵیدا نووسیوە. خوێندنی تەواو کردووە و ساڵانێک مامۆستای لادێ بووە. ماوەیەک لە تیپێکی شانۆی گەڕۆکدا سەمای کردووە، ماوەیەکیش ڕۆژنامەنووس بووە. ١٥ بەرهەمی بڵاو کردووەتەوە. دواساڵەکانی تەمەنی گیرۆدەی شێرپەنجەی مەمک بووە. نیوەشەوی ٢٥ـی ئۆکتۆبەری ١٩٣٨، ژوورەکەی بەرەو مار دێل پلاتا جێ هێشتووە و هێواش-هێواش بە ئاڕاستەی زەریاکە هەنگاوی ناوە، بەم شێوەیە کۆتاییی بە ژینی خۆی هێناوە. خۆکوشتنە دڵتەزێنەکەی بە ناونیشانی ئەلفۆنسینا و زەریا هۆنراوەتەوە و سترانبێژی مەزنی ئەرجەنتینی، مێرسێدێس سۆسا، گوتوویەتییەوە.

 

پیاوی بچکۆلە

ئەلفۆنسینا ستۆرنی

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

 

پیاوی بچکۆلە، پیاوی بچکۆلە،

کەنارییەکەت دەیەوێ هەڵبفڕێ، ئازادی بکە…

کەنارییەکە منم، پیاوی بچکۆلە،

دەمەوێ ئازاد بم.

 

لە قەفەزەکەتدا بووم، پیاوی بچکۆلە،

پیاوی بچکۆلە هەر دەمخەیتە قەفەزە،

دەڵێم بچکۆلە چونکە لێم تێناگەیت،

قەتیش لێم تێناگەیت.

 

منیش لە تۆ تێناگەم، بەڵام سەرباری ئەوە،

دەمەوێ هەڵبێم، قەفەزەکەم لێ بکەرەوە،

نیو کاتژمێر خۆشم ویستی، پیاوی بچکۆلە،

داوای زیاترم لێ مەکە.

 

سەرچاو:

Hombre pequeñito, Alfonsina Storni, Antología poética, 1968, P: 25 (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)

بڵاوکردنەوە: