یاداشتێکی کورت دەربارەی ڕۆمانی بەندەر فەیلیی بەختیار عەلی

655
0
بڵاوکردنەوە:

(لێرەدا هەوڵمداوە دوور بم لە گێڕانەوەی ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو ڕۆمانەکە)

نووسینی: ڕەوا زەیدان

 

کارەکتەر وەکوو توخمێکی سەرەکی ڕۆمان، جووڵێنەری ڕووداوەکانە. کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان دەژین، دەمرن، دەخۆن، دەخۆنەوە و تووڕە دەبن، بەردەوام لەڕێی پەیڤەکانیانەوە دەیانەوێت خۆیان نمایش بکەن. تەکنیکی پەیڤینی کارەکتەر دیالۆگە. دیالۆگیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، چ ڕاستەوخۆ، چ ناڕاستەوخۆ، یان خۆدواندن و تەنانەت مەنەلۆگیش، زمان خولقێنەری هەموو ئەمانەیە. دەبێ کارەکتەرەکە بەپێی شوێنی  ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خۆی قسە بکا. دەبێ هەر کارەکتەرێك بە وشەیەك، یان شێوە قسەکردنێك لە کارەکتەرێکی دیکە جودا بکرێتەوە. ئەگەر نا، خوێنەر چۆن کارەکتەرەکانی لە زەیندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا تێبینم کرد، نەمدەتوانی زمانی کارەکتەرەکان لەیەک جیابکەمەوە، قورسە جیاوازی لەنێوان کارەکتەرەکان بکەیت. جگە لەوەش قورسە جیاوازی لە نێوان کارەکتەری ئەم ڕۆمانە نوێیە و ڕۆمانەکانی تری نووسەردا بکەیت. هەر زوو بۆت دەردەکەوێت جیاوازی کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانی نووسەر تەنها ناوە. لەم ڕۆمانە نوێیەدا، نووسەر دەیەوێت ژیانی بەندەر فەیلی بۆ ئێمەی خوێنەر بگێرێتەوە، ژیانێک کە لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە گەورەبوون. منداڵیک نە دونیا دەبینێت و نە هیچ دونیابینییەکی بۆ دەوروبەری هەیە، نە هیچ دەزانێت و نە پەرۆشی زانینیشە. منداڵێک کە هەر کارەکتەرێک دەیەوێت بەجۆرێک حەز و خولیاکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، هەر کەسەو بە جۆرێک دەیەوێت دروستی بکات، بیکاتە ئەو کەسەی خۆی دەیەوێت. یەکێک دەیەوێت بیکاتە جەللاد، یەکێک فێری عەشق و یەکێکی تریش فێری ئازادی دەکات، یەکێک دەیەوێت سواڵکەر بێ، هەر یەک بە جۆرێک دەیەوێت فکر و بیرکردنەوەیەک بەسەر ئەم منداڵەدا بسەپێنێت.

لە ڕووی چیرۆکەوە، دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆمانە تا ڕادەیەک هاوشێوەی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکییە، بە هەندێک جیاوازییەوە. ئەم چیرۆکە نوێیە، چیرۆکی ئازاری کوردبوون دەگێرێتەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک چیرۆکێکی فەرامۆشکراو و لەبیرکراو بێ، چیرۆکی کوردانی فەیلی. ئاوڕدانەوەیەک لە هەموو ئەو ئازار و نەهامەتییانەی کوردانی فەیلی لە ڕابردوودا بینیویانە، بەندەر فەیلی لەم ڕۆمانەدا تەنها ناوێک نییە، بەڵکو میتافۆڕێکە بۆ میللەتێک کە هەردەم لە دۆخی زیندان و نامۆبووندا دەژی، هەڵچوونە دەرونییە کتوپڕەکانی کەسێک دەگێڕێتەوە، کە لە زیندانە هەمیشەییەکەی خۆیدا کەمترین دەرفەتی هەیە دونیا ببینێت و تێی بگات. بەندەر لە جیهانێکدا دەژی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، بەرەی فەرمانبەرانی زیندان لەگەڵ بەرەی زیندانییان و مەحکومەکان، بەرەی ئەوانەی کاروباری مەرگ ڕێک دەخەن لەگەڵ بەرەی ئەوانەی بەرەو مەرگ بەڕێ دەکرێن. بەندەر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی قوربانیی ئەو هێزە گەورانەیە کە بە مێژووی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن، بێ ئەوەی ئەو هیچیان دەربارە بزانێت یاخود بیانناسێت یان تێیانبگات، ئەو منداڵێکە دەرکراوەتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێپەڕینی هەموو گەردەلوول و ڕەشەبا توند و وێرانکەرەکان دەکات لەسەر جەستەی خۆی.  ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان دروستی دەکات تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی ئەم کارەیە، وەک گێڕەرەوەی کتێبەکە لە سەرەتادا دەڵێت، ئیشەکە تێڕامــان و قووڵبوونــەوەیە لــە دەروونــی ســادە و ســاکاری مەخلوقێــک کــە جیهانــی بــە جۆرێــک بۆ بچوککراوەتــەوە، دواتــر هەمــوو شـتێکی بێبایـەخ، لای ئـەو بەرتەقـای دابەزین لەسـەر ڕووی ئەسـتێرەیەکی نامــۆ، گــەورە و گرنــگ دەردەکەوێت. یەکەم دیمەنی بردنە دەرەوەی بەندەر و بینینی  پردی جمهوری، یادەوەری بینینی ئەو پردەی بۆ یەکەم جار بیر هێنامەوە، هەستم دەکرد تا ساڵانی پێش ئێستایش خەونم ئەوە بوو ئەو پردە بەو شێوازە جوانە ببینمەوە. دەتوانم بڵێم ئەو ڕووداوە، تاکە ڕووداوی ناو ڕۆمانەکە بوو کە سەرنجی ڕاکێشام ئەویش تەنیا لەبەرئەوەی پەیوەندی بە یادەوەرییەکی منداڵیمەوە هەبوو.

لەبارەی گێرانەوەوە، ئەم ڕۆمانە یەک ئاراستە و تاک گێرەرەوەیە، ریتمێکی هێواشی هەیە، پڕ لە مەنەلۆگ و دیالۆگە، زمانێکی سادەیە و تەکنیکەکانی هیچ جیاوازییەکی لە تەکنیکەکانی پێشوو نییە، گەر ورد بیت لە خوێندنەوە زوو تێدەگەیت چی ڕوودەدات، ڕووداوەکان لە زاری کەسی سێیەمی تاک وە باس دەکرێن، لێرەدا چیرۆکخوان هیچ بەژدارییەکی لەناو رووداوەکانی چیرۆکەکەدا نییە، چیرۆکخوان شاراوەیە، گێرانەوە بە کەسی سێیەمی تاک شێوازێکە بۆ گێرانەوەی چیرۆک کە تیایدا چیرۆکخوان ئاگاداری هەست و سۆز و بیرکردنەوەی هەموو کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکەیە، دەکرێ لە چەند گۆشە نیگایەکی جیاوازەوە چیرۆکەکە بگێردرێتەوە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا هەست بەو گۆشە نیگا جیاوازانە ناکرێت، زیاتر وا هەست دەکەیت گیرەرەوە یەک کەسە و خودی چیرۆکخوان خۆیەتی نەک کەسی دی.  گێرەرەوەی بەشدار لە زۆر شوێندا زانیاری لە کارەکتەر زیاترە، تارمایی گێرەرەوە باڵی بەسەر ڕۆمانەکەدا کێشاوە، هەندێ بیرەوەری و زانیاری هەن کە قورس کارەکتەری سەرەکی کە بەندەر فەیلییە، دوای ئەو هەموو بارودۆخە دەروونی و لەبیرچونەوەیە، توانیبێتی بەو شێوە ورد و درشت بۆ کەسێکی باس بکات، کە لە چەندین شوێندا لە زاری خۆیەوە دەڵێیت کە تەنانەت ناوی شتەکانیشی لەبیر چۆتەوە، چ بگات بەوەی وردەکاری ڕووداوێک بەو شێوە بیر مابێت و بگێرێتەوە. لەم ڕۆمانەدا کارەکتەر مردووە، من وەک خوێنەر هیچ کام لە کارەکتەرەکانم نە خۆشویست نە رقیش لێ بووە، جیاواز لە ڕۆمانەکانی پێشوو پێم وایە کەم کەس هەبێ کارەکتەری سەوسەن گوڵدانچی و غەزەلنوس لەبیر بکات، بەڵام بەندەر فەیلی و هەموو کارەکتەرەکانی تری ناو ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیش کارەکتەرێک نین لە فکر و بیری خوێنەردا بمێننەوە. لە هەندێ شوێندا ڕووداوەکان خۆیان دووبارە دەکەنەوە، بەندەر دوو جار دەخرێتە بەر فێرکردن، دووجار مامۆستای بۆ دەگیرێت، دووجار ڕا دەکات، دووجار جیا دەکرێتەوە لەوانی تر، ئەوەی منی خوێنەر دەیبینم ئەوەیە نووسەر ڕووداوەکانی دووبارە کردۆتەوە بە جیاوازییەکی کەمەوە، کە دەکرا زۆر شتی جیاوازتر باس بکات. ڕەنگە ئەم ڕستەیە لەسەرم قورس بێت کە دەیڵێم، بەڵام هەندێ چاپتەر دەتوانیت جێی بهێڵیت و نەیخوێنیتەوە بێ ئەوەی هیچ کاریگەری لەسەر چیرۆکەکە هەبێت، من هەمیشە کێشەم لەگەڵ ئەم جۆرە لە زیاد وتنەی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی هەبووە، ناکرێت ئەوەی دەکرێت لە یەک لاپەرەدا جێی بکەیتەوە دە لاپەرەی بۆ تەرخان بکەیت. ئەوەی دەیڵێم، لە دژایەتی و ڕقلێبوونەوە نییە، بەڵکو لە خەمخۆری و خۆشەویستی کەسێکە کە کۆی کارەکانیم خوێندۆتەوە هەمیشە چاوەرێی کاری باشتر و باشتری لێ دەکەم. ئەوەی من دەمەوێت لەبارەی تەکنیکی ئەم ڕۆمانەوە بیڵێم زۆر کورت و پوختە، ھەست بە جیاوازیی لە داڕشتنی تەكنیكی نووسینی ئەم ڕۆمانە و هیچ کام لە ڕۆمانەکانی تری نووسەردا ناکەم. لە سەرەتاوە ئاماژەم بە کێشەی هاوزمانی کارەکتەرەکان دا، کارەکتەرەکان هەموویان وەک یەک دەپەیڤن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ڕۆماننووس هێندەی خەمی گەیاندنی تێمەکەیەتی، هێندە لە خەمی ئێستاتیکای کارەکتەرسازی و زمانی ڕۆمانەکەدا نییە. ئاخر تا ئێستایش جاوازی لەنێوان شێوە قسەکردنی “نەوفەل خەلیفە سەفوان” و “شادی ڕەزوان حەمدان” و “نەدا بوستانی” ناکەم. هیچ قسەیەك نییە، یەکیان پێ بناسمەوە. ئەم کێشەیە لە دواهەمین هەناری دونیاشدا بەدی کردووە بەهەمان شێوە جیاوازی لەنێوان شێوە قسەکردنی “محەممەدی دڵشووشە” و “یاقووبی سنەوبەر” و “سەریاسی سوبحدەم” لە ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی “بەختیار عەلی”دا ناکەم. کارەکتەرەکان وەک یەک قسە دەکەن، بەدرێژای ڕۆمانەکەش هیچ شێوازێکی تایبەت بە کارەکتەرەکان بوونی نییە. ئاخر ناکرێ دوو کارەکتەر لە ڕۆمانێکدا هەمان شێوەژیان و شێوەئاخاوتنیان هەبێ.

هەموومان ئەتوانین بگێڕینەوە، بەڵام هەموومان ناتوانین بە شێوازی جیاواز بگێڕینەوە، نووسین بۆ خۆی دۆزینەوەی شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوەیە. من پێموایە هەموو خولقاندنی دنیایەک پێویستی بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک چۆن هەموو قەڵایەک ڕێگای نهێنی خۆی هەیە بۆ چوونە ژوورەوەی، ئاوهاش هەموو ڕۆمانێک ڕێگای تایبەتی و ڕاستەقەنەی خۆیی هەیە بۆ گێڕانەوە. جیاوازی ڕۆمانە لە جیاوازی دەستنیشانکردنی شوێن و کولتوور و کەسایەتییەکانیەوەیەتی. هەروەها بە کۆنکرێتکردنی زمان لە گوزارشتکردن و فرەبێژی نەکردن لە ئاوەڵناو و درێژنەکردنەوەی ڕستەدا، هەروەها خۆدزینەوە لەو داڕشتنە باوەی کە لە ناو زمانی کوردیدا هەیە بۆ گێڕانەوە. دەتوانم دانی پێدابنێم، بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە گەورەکانی ئێمە و شایەنی ڕێز و پێزانینە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، هەرشتێکی نووسی لامان پەسەند بێت. توانەیەکی گەورە و داهێنەرانەی هەیە لە هۆنینەوەی چیرۆک و دارشتندا، بەڵام لەرووی تەکنیک، زمانی کارەکتەرەکانەوە بەندەر فەیلی لە لاوازترین ڕۆمانەکانی نووسەرە.

ئەم یاداشتە کورتەی سەرەوە، دەکرێت وەک نائومێدبوونێکی سادە و ڕوونی من بۆ دوا ڕۆمانی نووسەر سەیربکرێت نەک هیچی دی، وەک خوێنەرێکی بەردەوامی بەرهەمەکانی و ڕۆمانیش.

بڵاوکردنەوە: