من دەچم بەرەو دەریایەکی ڕەش

1488
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

سەرێکم هەیە پڕییەتی لە بێزاری،

خەیاڵێکم هەیە پڕە لە مردن…

بەڵام قاچم دەڕوات بەرەو تروسکاییەک.

هێشتاش گێژاویی هەناسەم

ناوەوەم دەکاتە سەهۆڵبەندان.

بۆ خاتری ئەو دڵۆپە فرمێسکانەی دایکم

لە ڕۆژێکی تەماویدا ڕشتنی…

بۆ خاتری ئەو هەناسانەی باوکم

لە سەفەرە سەختەکەیدا هەڵیمژین،

واز لە من بێنن!

مناڵێک لە کەناری دەریایەکی ڕەشەوە

هاوارم لێ ئەکاو ئەڵێ:

خۆتان قوتار کەن،

ئەمە دوا دەرفەتە…

ئیدی هیچ سەحەرێکی سارد

ناتانگرێتە باوەش.

فرمێسکەکانی بە لمی کەنارەکە دەسڕێ و دەڵێ:

خۆزگە من دەبوومە بەردێک،

دەبوومە دڵۆپێک ئاو،

پریشکێک ئاگر،

تا ئیتر ئێوە

نەمشکێنن

نەمبەن

نەمسوتێنن!

بە پێوە دەچێتە سەر دەریاکەو

دەنگی دەبیستم دەڵێ:

چی دەکەی لەو سەر زەمینە ترساوە،

وەرە بەرەو ئەم دەریا ڕەشە،

من ئاواز بەو دڵۆپە ڕەشانە دەژەنم،

من بێهودەیی دەخەمە دوا قوتوی مێژووەوە،

سەما لەگەڵ بۆنی دایکا ئەکەم.

لە کەناری ئەو دەریا ڕەشەوە

بە تەنها،

سەیرکردنی ئەم ڕەشییە بەس نییە!

بە تەنها،

چون بۆ شەڕ بەس نییە!

بە تەنها،

سوتاندنی خودا بەس نییە!

لە کەناری ئەو دەریا ڕەشەوە

من باڵ لە خۆمدا دەڕوێنم،

دەڕۆم بەرەو سەرەوە،

ئیتر من خۆم دەبمە لوتکە،

خۆم دەبمە ئاسمان و

خۆم دەبمە هەور.

ئازادی لە دوا دڵۆپی ئەم دەریایەدا دەچێنم

بە دزییەوە گوێ لە ناڵەی ئازادی

ئەو شەپۆلە ڕەشانە دەگرم.

لەم دەریا ڕەشەوە

نامەیەک بەو ماسییە کوێرە دەسپێرم و

پێی دەڵێم بیگەیەنێ پێت،

ماچێکی پێدا دەنێرم.

لە تەنیشتمەوە بیابانێک

باسی کێلی گۆڕەکانم بۆ دەکات،

باسی ئازایەتی ئەو قاچە قورسانە دەکەن،

لەولامەوە گوڵزاری سوور

بەرەو لای تۆ بانگم دەکات،

گۆرانییەک

لەم ژاوە ژاوەدا

گوێم ڕادەکێشێ و

هەواڵی شیعرێکی نوێم دەداتێ.

دەمرم،

زیندوو دەبمەوە و دەشکێم،

ئاسمان شەق دەکەم،

هەمووی هەڵدەلوشم

ئەو پەرستشانەی ئێوە.

کاتژمێرەکان درۆزنن،

من ئیتر کاتژمێر لە دەست ناکەم،

کات لە مرۆڤێک دەڕوات شاعیر نەبێ.

خۆم دەدەمە دەستی تۆ،

ئەی ئەو تنۆکەی ونبووی لێم،

ئەی ئەو ڕووناکییەی خوداوەندان

بە تاسوقەوە بانگی لێدەکەن…

من مردم،

بەخەبەر هاتمەوە لەم دەریا ڕەشەدا

لە گەرمترین بیابانی خوادا…

وەنەوزم دا لە قوڵترین دەریای ئێوەدا،

تابلۆی ئەو فریشتانەم کێشا، لەو سەرەوە،

ئەوانەشم بینی و وێنەم کێشان

تەوتەم پەرستان…

دەمرم،

خوداوەند جەنگی هەڵگیرساند لەگەڵم دووبارە،

بە گوێی ئازادیی نەکرد،

دڵە یاخییەکەمی تڕۆ کرد،

من دەچم بەرەو دەریایەکی ڕەش،

کە تیایدا ماسییەکان

کوێرانە مەلە دەکەن.

تیایدا شاعیران، زمانێکی تریان خولقاند،

جیا لە ئێوەی مرۆڤ،

شاعیران خەڵتانی خوێنییان کردین،

بە دەنگ،

بە پیت،

بە وشە،

بە ڕستە،

دواجار ونبووین،

لە نێوان وشەکانی شاعیراندا،

خۆمان دۆزییەوە،

لەنێوان وشەکانی ئەواندا،

خۆمان کوشت،

لە نێوان وشەکانی ئەواندا.

شتەکان دەمان بەن،

هەڵێن!

زریانێکی بەهێز بەڕێوەیە…

وێنەکان دەمانخۆن،

هەموو بووین بە شت،

ئەی وشە چی؟

من دەگەڕێمەوە بۆ وشە،

شت لە وشەدا جێی نابێتەوە.

خۆم دەخەمە داوی ژیانەکەی ترەوە،

ژیانێکی ترم بۆ چییە؟

خودام ناوێ،

ئارەزووی بینینیشی ناکەم!

ژیانی دیکەم ناوێ،

من لێرە ڕادەکەم، دەچم بەرەو ئەو دەریا ڕەشە،

خودایە زیندووم مەکەوە،

تاقەتی ژیانێکی تریشم نەماوە.

لە زبڵخانەی شارەوە هاتووم،

ئەگەڕێم بۆ شارۆچکەی مردووان،

لە زەمینێکی پیسدا،

شوێنێکی ئارام و پاک گومان ناکەم.

من ئەو ڕۆژە دەمرم،

کە تۆ لە ڕۆژمێرەکەمدا نەمای،

کە ئیدی لێوم تەڕ نەبوو بە لێوی تۆ،

بێگومانم کە ئیتر دەژیم،

ئێوە بۆ خۆتان بچن بمرن،

من لە گۆڕستانی ژیانەوە،

لە کەناری ئەو دەریا ڕەشەوە،

چاوەڕێی دوا وەڵامی ئێوە دەکەم.

 

فێبریوەری ٢٠٢١

بڵاوکردنەوە: