ماركۆزه، كه یه‌كێكه له كاریگه‌رترین فه‌یله‌سوفانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت و به ماركسیسته-نوێكان و باوكی چەپی نوێ دادەنرێت، كۆمه‌ڵگا و چەرخەكەی خۆی له ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌دارییەكی پیشەسازیی تۆتالیتاردا پێناسه ده‌كات. سه‌رمایه‌دارییه‌ك كه به‌هێزترین چه‌كی، له نیگای ماركۆزه‌وه، بریتییه له پێشكه‌وتنی ته‌كنیك. مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ند كه‌سێكی ملكه‌چكراوه به تۆتالیتاریزمی كۆمه‌ڵگای ته‌كنیكی و پیشه‌سازی و مرۆڤێكە لەژێر بێڕەحمیی هەیمەنەی ئامێردایە. ئه‌م كۆمه‌ڵگا و مێژووه نوێیه له ڕێگه‌ی چه‌پاندنی تاكه‌كانیه‌وه ئیمكانی گۆڕان له‌ناو ده‌بات چونكه جۆره عه‌قڵانییه‌تێكی نوێ (عه‌قڵانییه‌تی ته‌كنه‌لۆژی) باڵ به‌سه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی دیكه‌ی عه‌قڵانییه‌تدا ده‌گرێت و عه‌قڵ كورت ده‌بێته‌وه بۆ سازشكردن و چه‌پاندنی تاكه‌كان بۆ عه‌قڵانییه‌تی سه‌رمایه‌داریی ته‌كنه‌لۆژی و به‌كاربه‌ری كه پێش هه‌موو شتێك ئه‌م عه‌قڵه نوێیه نكۆڵیی له ئازادی، به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه، ده‌كات.
ئه‌م كۆمه‌ڵگا و سیستمه واده‌كات تاكه‌كان له فره-ڕه‌هه‌ندیی بكه‌ون؛ كه به دیدی ماركۆزه ئه‌م فره‌ییه ئومێدی گۆڕینی جیهانه. ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له سایه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگا نوێیه‌دا هه‌ست به تاكڕه‌هه‌ندبوونی خۆی ناكات، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه ئیتر كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی تر تۆتالیتاره چونكە له ڕێگه‌ی سه‌ركوت و توندوتیژی تێبینیكراوه‌وه كۆمه‌ڵگا په‌ك ناخات، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی به كۆیله‌كردن و زه‌لیلكردنێكی “نه‌رم”ه‌وه ده‌مانچه‌پێنێت و سه‌ركوتمان ده‌كات. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگاكانی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه دیموكراسی و ته‌كنۆكراسی و ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران و پڕۆفێشناڵیزم و حكوومه‌تی ده‌ستوری و یاسای و ده‌یان ناوی دیكه له‌و پۆشاك و ده‌مامكه فریوده‌ره نوێیانه‌ی سه‌رمایه‌داری بوون كه بۆرژوازیی له‌به‌ری كردوون و هه‌ر كاتێكیش پێویستی پێ بوبێت گۆڕیونی یاخود ناوێكی دیكەی لێناون. له كاتێكدا، ئه‌وه ڕوونه ئه‌مانه له‌و میكانیزمه نوێیانه‌ی خۆحه‌شاردانی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی سیسته‌مێكن كه هه‌میشه تاكه‌كانی له فره-ڕه‌هه‌ندێتیی داماڵیوه و هێناونێتییە ژێرباری ستاندارد و پێودانگه جیهانییه‌كانی خۆیه‌وه (standardisation)، بەتایبەتیش كورتكردنەوەی عەقڵ و توانا لەڕادەبەدەرەكانی بۆ ئامڕازگەرای و هێزی پۆزەتیڤ و گوێڕایەڵ و بەڵێ بۆكەر.
به گوێره‌ی ماركۆزه، سه‌رمایه‌داریی نوێ سه‌رمایه‌دارییه‌كه بزوێنه‌ره‌كه‌ی ئه‌و مرۆڤانه نین كه پێیان ده‌وترێت بۆرژوازی، به‌ڵكو به ته‌كنیك و عه‌قڵانییه‌ته نوێكه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و پیشه‌سازی هه‌ڵده‌سوڕێت. به مانایه‌ك له ماناكان ده‌توانین بڵێین كۆی مرۆڤایه‌تی به ده‌ستی ته‌كنیك و عه‌قڵانییه‌ته ناعه‌قڵانییه‌كه‌ی ئه‌م سیستمه‌وه گیری خواردووه؛ و ته‌نیا ڕزگارییه‌كی مومكینیش پشت به تێكشكاندنی ئه‌م بزوێنه‌ره نوێیه و كۆده‌زگاكانی ده‌به‌ستێت. ده‌كرێت مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ند مرۆڤێكی دیموكرات و لێبورده و پلۆرالیست و لیبڕاڵ و نیۆلیبراڵ و هتد بێت، به‌ڵام ناتوانێت مرۆڤێكی ئازاد بێت. به ده‌رئه‌نجامیش، كۆمه‌ڵگای تاكڕه‌هه‌ند كۆمه‌ڵگایه‌كی نائازاده، هه‌رچه‌نده دیموكرات و لیبڕاڵ و پلۆرالیستیش بێت. بۆیه ئامانجی سه‌ره‌كیی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگاكان ده‌بێت خه‌بات بێت له‌پێناو ئازادییدا، كۆمه‌ڵگا و تاكی ئازادیش ته‌نیا له كۆتاییهێنان به‌م جۆره سیستمه‌دا مه‌یسه‌ر ده‌بێت.
چه‌مكه‌كانی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی ته‌كنیك بۆ ماركۆزه لێكدابڕاو نین و پێیوایه هه‌رچه‌نده چه‌رخی ئێستامان به دیموكراسی و پێشكه‌وتنی ته‌كنیكی و پیشه‌سازیی به‌ناوبانگه، به‌ڵام هه‌موو بوونیان له‌ناو نه‌بوونی ئازادییدا هه‌یه: نا-ئازادی خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كیی سه‌رده‌مه‌كه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا خه‌بات له‌پێناو ئازادییدا ده‌كاته ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆی. پێده‌چێت سه‌یر بێت باس له دیموكراسییه‌ك بكه‌ین به‌بێ بوونی ئازادی! به‌ڵام نا، هیچ سه‌یر نییه، چونكه كاندید و هێزه سیاسییه‌كان و ئه‌و هه‌ڵبژاردن (اختیار)انه‌ی كه هه‌مانن و وا ده‌رده‌كه‌ون ئازادیی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه تێیاندا، وه‌همێكه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له ڕێگه‌ی دیموكراسییه‌وه دروستی كردووه تاكو بڵێت ئه‌وه هه‌ڵبژاردن و ده‌ی فه‌رموون هه‌ڵبژێرن: ئەمەیە ئازادییەكەی بۆرژوازی! ماركۆزه پێیوایه هه‌موو هێزه‌كانی ناو پڕۆسەی دیموكراسی ئه‌و هێز و كاندید و هه‌ڵبژاردنانه‌ن كه له جێگه‌یه‌كی به‌رزه‌وه به‌سه‌رماندا سه‌پێنراون و هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرین ده‌رئه‌نجام هه‌رچه‌ند خۆی به دژ و ئۆپۆزیسیۆنیش بزانێت، خزمه‌تی سیستمه‌كه ده‌كات و نابێته دژیه‌كی و ناكۆكییه‌كی گه‌وره له‌ناو سیستمه‌كه‌دا. ئه‌مه ئه‌و نا-ئازادییه نه‌رم و مه‌عقوله‌یه كه سیستمه‌كه به ناوی دیموكراسییه‌وه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكاندا سه‌پاندوویه‌تی. ڕاستە ئەمە پڕۆسەی دیموكراسیی بۆرژوازییە، بەڵام پڕۆسەی لە ئازادیی دامڵینیشە. هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌یه كه سیستمه‌كه به‌رژه‌وه‌ندی و پێداویستییه تایبه‌تییه‌كانی دەسەڵات و سه‌رمایه و خه‌ڵكی ئاسایی وێكچوو و هاوتا كردووه و وایان پیشان دەدات كە جیاواز نین. پێده‌چێت كه‌سێك بێ بوونی له پێگه‌ی سه‌رمایه‌دار و بازرگانیدا، هێشتا خه‌ون به بوونی ئۆتۆمبێلی دوا مۆدێل و كۆشك و تەلار و های لایف و ژیانی ملیاردێرانه‌وه ببینێت، هۆكاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و جیاوازییه واقیعییه و واكردن له هه‌موو كه‌س خه‌ون به یه‌ك شته‌وه ببینن. كۆمه‌ڵگای پێشتر لانی كه‌م ویژدان و بیركردنه‌وه و ڕه‌خنه‌ی به پرۆژه ده‌بینی به ته‌نیشت هه‌موو پڕۆژه‌كانی دیكه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا پڕۆژه بازرگانییه‌كان جێگای هه‌موو پڕۆژه له‌پێشتره‌كانی دیكه‌یان گرتووه‌ته‌وه.
هەوڵی قوتابخانەی فرانکفۆرتی ئەوەبوو ڕەخنە بکاتە میکانیزمی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی هۆشیار، واتا فیکری ڕەخنەیی ببێتە بناغەیەک بۆ لادانی فۆرمەکانی سەرکوتکاری و دامەزراندنی عەقڵێکی ڕەخنەیی لەبری عەقڵی ئامرازگەرایی. چونکە وەک هۆکهایمەر دەستنیشانیکردبوو، لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا دەسەڵات جێگەی عەقڵ، ملکەچی جێگەی ئازادی، و ئەرک جێگەی مافی گرتۆتەوە. بۆیە مارکۆزە عەقڵانییەتی کۆمەڵگای هاوچەرخی پشکنی، تاکو لە نهێنیی توانای کۆمەڵگای سەرمایەداریی تێبگات، کە بریتییە لە عەقڵانییەتی تەکنەلۆژی. بەجۆرێک، توانای تەکنیکیی کۆمەڵگای پیشەسازیی پێشکەوتوو بۆتە هۆی کۆنترۆڵکردن و هەیمەنەکردن بەسەر تاکدا، کە سەرجەم فۆرمەکانی هەیمەنەی ڕابردووی تێپەڕاندووە. چونکە کۆمەڵگا باڵادەستەکانی پێشووی وەک کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی بەشێوەیەکی ناعەقڵانی کۆنترۆڵی چینی چەوساوەیان کردبوو، بۆیە مرۆڤ توانای ناڕەزایەتی و گۆڕانکاریی هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ هەیمەنەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا بەرگێکی عەقڵانیی پۆشیوە. لێرەوە مارکۆزە کرۆکی ناعەقڵانییەتی کۆمەڵگای تاکڕەهەند کەشف دەکات، ئەو پێیوایە توانای تەکنەلۆژیی ئەم کۆمەڵگایە ڕووکار‌ی چینایەتی دەشارێتەوە، بۆنموونە کرێکار و خاوەنکار دەتوانن تەماشای هەمان بەرنامەی تەلەفزیۆنی بکەن، هەروەها دەشێت سکرتێرەی خاوەن کۆمپانیا شیکپۆش بێت، ڕەشپێستێکی زنجییش دەتوانێت ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها بکڕێت. بۆیە مرۆڤی تاکڕەهەند لە دیدی مارکۆزەدا ئەو کەسەیە کە پێیوایە مرۆڤێکی ئازادە تەنیا لەبەرئەوەی دەتوانێت لەنێوان پاکێجێکی گەورە لە خزمەتگوزاری و کاڵادا دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام ئایا ئەم کەسە هەمان وەهمی کۆیلەیەکی نییە کە پێیوایە ئازادە لەبەرئەوەی مافی هەڵبژاردنی ئاغاکەی هەیە؟ کەواتە لۆژیکی کۆمەڵگای چینایەتیی سەرکوتکار و چەوسێنەر، بریتییە لە لۆژیکی هەیمەنەکردنی مرۆڤ بەسەر سرووشتدا، هەر هەمان لۆژیکیش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دیاریدەکات. عەقڵانییەتی تەکنەلۆژی لەبری ئەوەی هێزێکی ڕزگاریخواز بێت، کەچی بۆتە بەربەست لەبەردەم ئازادبوونی مرۆڤدا و کردوونی بە ئامرازگەلێکی کۆنترۆڵکراو، هەربۆیە ئەم واقیعە تەکنەلۆژییەی ئەمڕۆ بریتییە لە واقیعی کۆیلەکردن و بەشتبوونی مرۆڤ، نەک واقیعی ڕزگاربوونی. لەمڕووەوە مارکۆزە دێت پەردە لەسەر ڕەهەندە سیاسییەکەی تەکنەلۆژیا هەڵدەماڵێت، چونکە لۆژیکەکەی لۆژیکی کۆنترۆڵ و هەیمەنەیە، و خزمەت بە ئەجێندای سیاسیی هێزە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان دەکات. مارکۆزە دەڵێت؛ سەرجەم سیستەمە هەرە دیکتاتۆرەکان لە مێژوودا لە کۆتاییدا نەیانتوانیوە ڕەهەندە نێگەتیڤەکەی کۆمەڵگا هەڵبوەشێننەوە، لە کاتێکدا سیستەمە دیموکراتییەکان (شارستانییەتی پێشکەوتوو لەڕووی پیشەسازییەوە) سەرکەوتووبوون لە لابردنی ئەم ڕەهەندە، وەک ئاماژەیەک بۆ سیستەمی فرەحیزبی و دروستکردنی جەمسەرگیریی وەهمی، کە کار لەسەر هەڵمژینی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە دەکات. هەموو ئامانجی ئایدۆلۆژیای باڵادەستیش بریتییە لە پەرتەوازەکردنی هێزە کۆمەڵایەتییەکان و بێهیواکردنی خەڵک لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی.
یەکێکی تر لە وەڵامەکانی مارکۆزە بۆ تاکڕەهدندیی مرۆڤ لەم قۆناغەی سەرمایەدارییدا، بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی پێداويستيى ناپێويست بۆ پێداويستيى زه‌رووری. واتا “خه‌ڵك له ڕێگه‌ی كاڵاكانيانه‌وه پێناسه‌ی خۆيان ده‌كه‌ن. جه‌وهه‌ری ڕۆحى خۆيان له ئۆتۆمبيل و ئامێری ته‌له‌فزيۆن و ماڵى ڕازاوه و چێشتخانه‌ی مۆدێرندا ده‌بيننه‌وه. ته‌كنه‌لۆژيای هاوچه‌رخ سيفه‌تێكى عه‌قڵانى به‌سه‌ر نه‌قسى ئازاديى مرۆڤدا ده‌به‌خشێت”. هەربۆیە پێیوايه له‌سايه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌دا مه‌حاڵه مرۆڤ سه‌روه‌ری خۆی بێت و ستايلى ژيانى خۆى هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مڕۆ نه‌قسى ئازادی، خۆی وه‌ك واقيعێكى ناعه‌قڵانى و سياسى پيشان نادات به‌ڵكو گوزارشت له‌و واقيعه ده‌كات كه مرۆڤ ناچار و ملكه‌چى ده‌زگاى ته‌كنه‌لۆژى بووه، به‌شێوه‌يه‌ك به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانیى بۆ دابينده‌كات. به‌رخۆرى وه‌ك جۆرێك له ئالووده‌بوون، بنه‌چه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى پيشه‌سازى، به‌رهه‌مهێنانى زياد له پێويست، ئاره‌زووى سه‌رمايه بۆ بازاڕكردنى به‌رهه‌مه‌كان به هه‌موو شێوه و ئامرازێك. ئه‌و وه‌همه بۆ خه‌ڵك دروستده‌كرێت كه كاڵاى ناپێويست گرنگترين شته بۆ به‌كاربه‌ر/به‌رخۆر. شانبه‌شانى گه‌شه‌سه‌ندنى لۆژيكى دروستكردنى كه‌ره‌سته‌كانى به‌رهه‌مهێنان و هه‌مه‌جۆريى به‌رهه‌مه‌كان، ميكانيزمه‌كانى بازاڕگه‌رييش په‌ره‌يپێدراوه، كه به‌پله‌ى يه‌كه‌م نه‌ست/لاشعور ده‌كاته ئامانج، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م فاكه‌ڵتييه‌كانى بيركردنه‌وه‌ى مرۆڤ داگيرده‌كات. له‌ڕێگه‌ى ته‌كنيكى ئيلهامبه‌خش و خه‌واندنى موگناتيسييه‌وه ئه‌و وه‌همه لاى مرۆڤ دروستده‌بێت كه ئه‌و ئازاده، به‌ڵام ئه‌و له قووڵاييدا ئيراده‌ى لێزه‌وتكراوه، كاڵا و به‌رهه‌مێكى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت كه پێويستى پێى نييه، كه‌چى هه‌ستده‌كات شتێكى زه‌رووره، ژيان به‌لايه‌وه گرنگ نييه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرنگه وه‌ك ئه‌وانى تر بێت، بۆيه هه‌ستێكى وه‌همى لادروستده‌كات گوايه سه‌ركه‌وتوو بووه، واتا بونيادنانى پێناسه‌يه‌كى ده‌ستكرد، ديدى خه‌ڵكى به‌لاوه گرنگه نه‌ك ڕازيبوون له‌خودى خۆى. هەموو ئەمانەش لەڕێگەی ئەو سەدان کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەی لەسەر قووت و سامانی سرووشتیی ئەم خاک و خەڵکە کراوەتەوە، و خەریکی بەنجکردنی جەماوەری بەشمەینەتن، لەمەدا تیۆری ڕەخنەیی کۆمەکمان دەکات و پرسیارمان لەسەر ئەم عەقڵانییەتە لەلا دروستدەکات، زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا مارکۆزە وتی: دڵیان به‌و ده‌ستكه‌وته عه‌قڵانييانه خۆشه كه ناعه‌قڵانييه‌تى كۆى سيسته‌مه‌كه‌ى شاردۆ‌ته‌وه.