نووسینی: بێرتراند بادی
وەرگێڕانی: د. عادل باخەوان
به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌ره‌تای جوڵاندنی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌یه که له‌مێژوویه‌کی درێژدا، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی “نه‌جوڵاو” خۆیان به‌ده‌ره‌وه ناساندبوو. هه‌رچه‌ند ئه‌م کۆمه‌ڵگەیانه وا ده‌رده‌که‌وێت که پێکه‌وه ڕێگایه‌کیان گرتبێته به‌ر، به‌ڵام؛ له‌ڕاستیدا زۆر له‌یه‌ک جیاوازن و پێویسته کلیک له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌یان بکه‌ین. پێش ئه‌م ڕووداوە مه‌زنانه، ئێمه وێنه‌یه‌کی دیاریکراوی ڕژێمی سیاسی دونیای عه‌ره‌بیمان نییه. ئه‌وه‌ی که هه‌مانه ته‌نیا تیپۆلۆژیایه‌کی گشتیه، ڕێگەمان پێده‌دات ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌کانیان به‌سه‌ر سێ مۆدێلی سه‌ره‌کیدا دابه‌شبکه‌ین:
مۆدێلی “ترادیسیۆنێل”، که له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی ترادیسیۆنێل خۆی درووستکردوه و به‌رده‌وامی به خۆی داوه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م مۆدێله هه‌موو میرنشینه عه‌ره‌بیه‌کان ده‌گرێته‌وه که له‌یه‌ککاتدا ترادیسیۆن و شه‌رعیه‌تی ئایینی پێکه‌وه گرێده‌ده‌ن. لێره‌وه ئێمه هه‌ڵده‌که‌ین گه‌ر شه‌رعیه‌تی ئیسلامی به ته‌نیا له‌سه‌ر هێزه ناڕازیه‌کان پاوانبکه‌ین، چونکه له یه‌ککاتدا دابه‌شبووه به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا.
مۆدێلی “کۆنسێرڤاتۆری کۆماری”، له زۆربه‌ی دۆخه‌کاندا ڕه‌هه‌ندێکی به‌هێزی سه‌ربازی و پۆلیسیان هه‌یه، وه‌ک میسر و تونس. له‌یه‌که‌میاندا سه‌رۆک ڕاسته‌وخۆ له سوپاوه دێت و مناڵی شه‌رعی ئه‌و ڕووبه‌ریه، له دوه‌میشیاندا سه‌رۆک له ده‌زگا پۆلیسیه‌کانه‌وه دێت و شه‌رعیه‌تی خۆی له‌و ڕووبه‌ره‌وه وه‌رگرتووه.
مۆدێلی سێیه‌میش بریتیه له: ڕژێمه “شۆڕشگێڕه‌کان”ی سه‌ده‌ی ڕابوردوو، که کۆی شه‌رعیه‌تی خۆیان له‌سه‌ر چه‌مکی شۆڕش بیناکردوه و به‌ناوی شۆڕشه‌وه ده‌سته‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست و وازیان لێ نه‌هێناوه. به پێچه‌وانه‌ی ڕژێمه ترادیسیۆنێل و کۆنسێرڤاتۆره‌کانه‌وه، ئه‌م ڕژێمانه هەردەم خۆیان وه‌ک به‌ره‌ی ناڕه‌زا، به‌رامبه‌ر ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی ناوخۆی و جیهانی خستوه‌ته سه‌ر شانۆ. لێره‌دا ده‌کرێت باس له لیبیای قه‌زافی، عێراقی سه‌دام و سوریای ئه‌سه‌د بکه‌ین.
له نێوان ئه‌م سێ مۆدێله‌دا خاڵێکی هاوبه‌ش هه‌یه، کە هه‌ر سیانیان پێکه‌وه کۆده‌کاته‌وه: زانسته سیاسیه‌کان ئه‌و خاڵه هاوبه‌شه ناوده‌نێت “ئۆتۆکراسی مۆدێرن[1]“، چه‌مکێک که له ساته‌وه‌ختی جێبه‌جێکردنیدا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. ئه‌م ڕژێمه عه‌ره‌بیانه، به ترادیسیۆنێل و شۆڕشگێڕه‌کانیشه‌وه، به کۆماری و میرنشینه‌کانیشه‌وه، هه‌موویان پێکه‌وه هه‌ڵگری سرووشتێکی “ئۆتۆکراتی”ن و ڕێگا به به‌شداریکردنی هاوڵاتیان ناده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه دایانده‌پڵۆسن و سه‌رکوتیانده‌که‌ن. له‌هه‌مانکاتدا هەردەم خۆیان وه‌ک ڕژێمی مۆدێرن ده‌خه‌نه سه‌ر شانۆ، به‌تایبه‌تی له چرکه‌ی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕۆژئاواییه‌کاندا.
بۆ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی دونیای عه‌ره‌بی له لایه‌ن ڕۆژئاواییه‌کانه‌وه، له ساڵانی شه‌سته‌کان وحه‌فتاکاندا چه‌مکی “ئۆتۆکراسی مۆدێرن” سه‌رله‌نوێ دێته‌وه نێو توێژینه‌وه سیاسی و ستراتیژیه‌کان. بۆ بیناکردنی کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌کان له‌سه‌ر نۆرمه‌کانی مۆدێرنیتێی جیهانی، ڕۆژئاواییه‌کان به‌خۆیان ده‌گوت، قۆناغێک له سوڵته‌ویه‌ت، له ئۆتۆکراسی، له ده‌سته‌ڵاتی تاکه که‌س پێویسته. بۆ گه‌یشتن به به‌هه‌شتی دیموکراسی، ده‌بێت ئازاربچێژین و چه‌ند نه‌وه‌یه‌کی دونیای عه‌ره‌بی بکه‌ین به قوربانیی ڕژێمه ئۆتۆکراته مۆدێرنه‌کان!
گه‌ر تادوێنێ سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تدان به ڕژێمه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی بریتیبوبێت له: “قۆناغی گواستنه‌وه به‌ره‌و دیموکراسی”، له دوای یازدەی سێپته‌مبەری ٢٠٠١ وه، سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی شه‌رعیه‌ت درووستده‌بێت که بریتیه له: “فه‌رمانی ئاسایش”. هێزه گه‌وره ڕۆژئاواییه‌کان دێن و ڕژێمه عه‌ره‌به‌کان به‌سه‌ر دوو کاتیگۆریدا دابه‌شده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی که “ئاسایش”ی ناوخۆی، ناوچه‌یی و جیهانی ده‌پارێزن، و ئه‌وانه‌ش که ئه‌م ئاسایشه ناپارێزن. ئه‌وانه‌ی که له‌به‌ره‌ی دژه تیرۆردان و ئه‌وانه‌ی که له‌م به‌ره‌یه‌دا نین، وه‌ک عێراقی سه‌دام و لیبیای قه‌زافی و سوریای ئه‌سه‌د. بێگومان ئه‌م مێژووه ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ سەر‌ده‌می بیل کلینتۆن که چه‌مکی ” الدول المارقة “ی به‌کارهێنا. شکستی ئه‌م چه‌مکه له‌وه‌دابوو، کە به پێچه‌وانه‌ی عێراقی سه‌دامه‌وه، لیبیای قه‌زافی و سوریای ئه‌سه‌د، به‌ناوی شه‌رعیه‌تی ئاسایشه‌وه، توانیان سه‌رله‌نوێ بگه‌ڕێنه‌وه نێو باوه‌شی کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی. لیبیا چه‌ندین گه‌ره‌نتی به ڕۆژئاواییه‌کان به‌خشی که وازی له زه‌بروزه‌نگ و تیرۆریزم هێناوه و به‌هه‌موو تواناکانیه‌وه دژایه‌تی تیرۆر ده‌کات. هه‌روه‌ها چه‌ندین گه‌ره‌نتی له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنی “کۆچ له‌ده‌ریاوه به‌ره‌و ڕۆژئاوا” به ئه‌ورووپیه‌کان به‌خشی. دیاره له ئێستادا دیارده‌ی کۆچ و کۆچبه‌ران یه‌کێکه له گرفته هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی وڵاتانی ئه‌ورووپا و هه‌رکه‌سێک به‌شداریبکات له که‌مکردنه‌وه‌ی باوه‌شی بۆده‌که‌نه‌وه، با ئه‌و که‌سه قه‌زافیش بێت. هه‌روه‌ها سوریا، پاش هه‌وڵدانێکی زۆر توانی هه‌موو لایه‌ک به وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکای جۆرج بۆشیشه‌وه، قه‌ناعه‌تپێبکات که ئه‌کته‌رێکی گرنگه له دژایه‌تی کردنی تیرۆریزمدا و له‌م بواره‌دا هاوکاری بێسنووری ڕۆژئاواییه‌کانی کرد، به‌تایبه‌تی له دوای یازدەی سێپته‌مبەرەوه.
لێره‌وه ڕۆژئاوایه‌کان به‌ناوی دوو شه‌رعیه‌ته‌وه ته‌مه‌نی ئه‌م ڕژێمه ئۆتۆکراته عه‌ره‌بیانه‌یان درێژکرده‌وه : “شه‌رعیه‌تی گه‌شه‌کردن” و “شه‌رعیه‌تی ئاسایش”. ته‌نانه‌ت ڕژێمی به‌عسی سوریش وه‌ک گه‌ره‌نتیه‌ک بۆ ئاسایشی ناوچه‌یی و جیهانی ده‌ستنیشانکرا و دیپلۆماته ڕۆژئاواییه‌کان به‌رده‌وام پێیانده‌گوتین : له‌بیرتان نه‌چێت که له ١٩٧٣ وه تا ئێستا له سنووره‌کانی سوریاوە ته‌قه‌یه‌ک له ئیسرائیل نه‌کراوه!
ڕۆڵی ئیسلام
بێگومان جیاوازی کولتووری له نێوان ڕژێمه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی و ڕژێمه سیاسیه‌کانی کیشوه‌ره‌کانی دیکه‌دا هه‌یه، به‌ڵام؛ بایه‌خێکی گه‌وره‌ی نییه. ئیسلام چه‌ند له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانه‌وه بۆ شه‌رعیه‌تدان به ده‌سته‌ڵاته تاکڕه‌ویه‌کانیان به‌کارهاتووه، هێنده‌ش له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زای و ڕه‌فزه‌وه به‌کارهێنراوه. واته ئیسلام چه‌ند چه‌کی ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتدارانه هێنده‌ش قه‌ڵغانی ده‌ستی بێده‌سته‌ڵاته‌کانه. به‌ڵام؛ ده‌ستنیشانکردنی ئیسلام وه‌ک هۆکاری سته‌مکاری ده‌سته‌ڵاتداران یان هۆکاری بزووتنه‌وه‌کانی ناڕه‌زایی هه‌ڵه‌یه‌کی بابه‌تیه و نابێت توێژه‌رانی بواری زانست بیکه‌ن.
کو‌لتوور وه‌ک چۆن هەردەم توانیویه‌تی ببێت به سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هێمایانەی که پڕاکتیکی سته‌مکاری ئاسانده‌که‌ن، ئاواش توانیویه‌تی ببێت به سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هێمایانەی که پڕاکتیکی ناڕه‌زایی و ڕاپه‌ڕین ئاسانده‌که‌ن. له ده‌ره‌وه‌ی به‌کارهێنانه جۆراوجۆره‌کانی ئیسلام و به پێچه‌وانه‌ی تێزی ململانێی شارشتانیه‌ته‌کانه‌وه، ئێمه پێمانوایه که ئیسلام وه‌ک ئایین به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌لومه‌رجی چوارچێوه‌کانی سته‌مکاری نه‌ڕه‌خساندوه، به پێچه‌وانه‌وه، هه‌روه‌ک چۆن “کریستیانیسم” بۆ خزمه‌تکردنی دیموکراسی به‌کارهێنراوه، ئاواش بۆ خزمه‌تکردنی سته‌مکاری به‌کارهێنراوه، ئه‌مه بۆ ئیسلامیش ڕاسته و په‌یوه‌ندیان به جه‌وهه‌ری ئیسلامه‌وه وه‌ک ئایین نییه.
به‌ڵام؛ له‌هه‌مانکاتدا ده‌بێت دانبه‌وه‌دابنێین که له دونیای عه‌ره‌بیدا، ڕه‌مزه ئاینیه‌کان زیاتر له سه‌رچاوه سیاسی و ئایدیۆلۆژیه‌کان ئاماده‌بوون، و چه‌ند یه‌که‌میان ده‌وڵه‌مه‌ندبووه هێنده‌ش دوه‌میان هه‌ژاربووه. ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاره له به‌شێکی زۆر له تراژیدیا‌کانی دونیای عه‌ره‌بی ئایین نییه، هه‌ژاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیه، خودی ئه‌م دونیایه‌یه.
زه‌مه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌مه‌نی سیاسی
په‌یوه‌ندی نێوان کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی گرفتی سه‌ره‌کی دونیای عه‌ره‌بیه. من زۆر دوودڵم له به‌کارهێنانی چه‌مکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ خوێندنه‌وه‌ی پانتاییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی، چونکه هه‌ر له‌سه‌رده‌می هانا ئه‌رێنته‌وه تا ئێستا ده‌زانین که “ئۆتۆریتاریسم/ده‌سته‌ڵاتگه‌رایی” هەردەم له‌سه‌ر دڕاندنی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کاریکردووه. هه‌ژاری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له دونیای عه‌ره‌بیدا تائێستاش په‌یوه‌ندی به سرووشته سته‌مکاریه‌که‌ی پڕاکتیکردنی ده‌سته‌ڵاته‌وه هه‌یه. “ئۆتۆریتاریسم”ی عه‌ره‌بی هەردەم توانیویه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ مۆدێله‌کانی “مه‌حسوبیه‌ت”دا ڕێکبخات و کلیک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه شاقوڵیه‌کان بکات نه‌ک په‌یوه‌ندیه ئاسۆیه‌کان.
ئێمه گه‌ر بمانه‌وێت بڕۆینه نێو وشیاری شۆڕشه عه‌ره‌بیه‌کانی ئێستاوه، به بۆچوونی من، ده‌بێت تێبگه‌ین له‌وه‌ی که ئه‌م شۆڕشانه ئینتیمایان بۆ زه‌مه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه نه‌ک سیاسی. چوارچێوه‌ی “ته‌عبئیه/مۆبیلیزاسیۆن”ه جه‌ماوه‌ریه‌کان بریتییه له: دۆزینه‌وه‌ی مۆدێلێکی دیکه‌ی چۆنیه‌تی بیناکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه، له‌نێو کۆمه‌ڵگه په‌رته‌وازه‌بووه‌کاندا. هه‌ر ئه‌مه‌شه که سه‌رکه‌وتنی ئه‌نته‌رنێت وه‌ک مۆدێلێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیمان پێده‌ناسێنێت و هه‌ر ئه‌مه‌شه که سرووشته تۆخه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کی خۆپیشاندانه‌کان و ڕه‌هه‌نده کاڵه سیاسیه‌که‌یمان پێڕاده‌گه‌یەنێت.
هه‌ڵه‌ده که‌ین گه‌ر بڵێین ئه‌م بزووتنه‌وانه ڕێکنه‌خراونه‌بوون. ڕێکخراوبوون به‌ڵام؛ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک سیاسی. ئه‌وان گوزارشتبوون له خواستی بیناکردنه‌وه‌ی هاریکاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێشئه‌وه‌ی گوزارشتبن له چوارچێوه‌کانی گه‌ڕان به‌دوای حیزبی سیاسی و سه‌رکرده‌دا. هه‌ڵه‌ی چاودێره ڕۆژئاواییه‌کان له‌وه‌دابوو که پێیانوابوو لاوازی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له دونیای عه‌ره‌بیدا به‌ره‌و خه‌وتنێکی بەردەوامی ده‌بات. ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌یبینین پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه : له پانتاییه‌کدا که کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خراپ دروستبووبێت، داینامیکی بیناکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی توانای “مۆبیلیزاسیۆنی” بێ پێشینه‌ی ده‌بێت.
هه‌ر ئه‌مه‌شبوو که ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌کانی ئێستای سه‌رسامکرد. که‌س نه‌مابوو که بڕوای به‌م داینامیکه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی پانتایی سیاسی عه‌ره‌بی مابێت. که‌س به ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگه نه‌یده‌ڕوانی، هه‌مو لایه‌ک ته‌ماشای سیاسیمان ده‌کرد وه‌ک تاکه ئه‌کته‌ری گۆڕانکاری، به‌تایبه‌تی چوارچێوه‌یه‌کی تاقانه له سیاسه‌ت که بریتی‌بوو له: “جیابونه‌وه‌ی به‌شێک له ڕژێمی ده‌سته‌ڵاتدار بۆ له‌ناوبردنی به‌شه‌که‌ی دی”. ئێمه پێمانوابوو که بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رگیز درووستنابێت، چونکه نه‌مانده‌ویست ته‌ماشای درووستبونه‌که‌ی بکه‌ین!
بۆ تێگه‌یشتن له‌م بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که له دروستبوندایه، پێویسته به‌دوای کرده دامه‌زرێنه‌ره‌کانی نێو ڕووبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیدا بگه‌ڕێین : لاوازی ژێرخانی ئابووری، یاخیبوون له بێ کاری، لاوازی موچه، گه‌نده‌ڵی، نادادپه‌روه‌ردی کۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵام؛ پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆکارێکی دیکه‌ی مه‌زن هه‌یه که بیناکاری هه‌مو ڕووداوه‌کانه : یاریکردن به “که‌رامه‌ت”، سوکایه‌تی بە که‌سایه‌تی، که هه‌زاران هاوڵاتی هێنایه سه‌ر شەقامەکان و پێکه‌وه هاواریان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ره‌فی ئه‌تککراویان ده‌کرد.
له تونس، بڵێسه‌ی شۆڕش له خۆسووتاندنی “موحه‌مه‌د بوعه‌زیزیه‌وه” ده‌ستیپێکرد. ئه‌و خۆی نه‌سووتان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ کاربوو، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسدا، ژنه پۆلیسێک زله‌یه‌کی لێدابوو. ئه‌م سوکایه‌تیپێکردنه، به‌ته‌نیا کاری ژنه پۆلیسێک نییه، به‌ڵکو که‌ره‌سته‌ی کۆی ڕژێمێکه که له‌ڕێگایه‌وه ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کدا بسه‌پێنێت. ئه‌و درووشمه‌ی که خۆپیشانده‌ران، هه‌ر له قاهیره‌وه تا تونس، ده‌یانوته‌وه بریتی‌بوو له: “که‌رامه‌ت”، شانازی، شه‌ره‌فی له‌ده‌ستچوو. لێره‌دا هه‌موو ئه‌و به‌هایانه ده‌دۆزینه‌وه که پێشتر فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی عه‌ره‌بی پێیان ناساندبووین. ئه‌و ڕه‌گه‌زانه ده‌دۆزینه‌وه که له‌نێو کولتووری ڕابوردووی عه‌ره‌بیدا هه‌بوون : کولتووری شه‌ره‌ف.
ئه‌مه هۆکاری سه‌ره‌کی ئاماده‌نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی کۆنکرێتی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که بوو. پرسیاری “که‌رامه‌ت” زۆر قوڵتره له پڕۆگرامێکی سیاسی یان کرده‌یه‌کی پارتیزانی، چونکه به‌هایه‌کی سه‌ره‌کی و قوڵی مرۆییه. گه‌وره‌یی ئه‌م شۆڕشه عه‌ره‌بیانه له‌وه‌دایه، کە نه‌ک هه‌ر یه‌که‌م شۆڕشی پۆست لینینیستن، واته شۆڕشی بێ حیزب، بێ سه‌رکرده، بێ ڕێکخستن، به‌ڵکو له‌هه‌مانکاتدا شۆڕشی هیومانیستی زه‌مه‌نی ئێستامانن، واته مرۆڤیان کردووه به ناوه‌ند، شه‌ره‌فی مرۆڤ، که‌رامه‌تی مرۆڤ قوڵایی شۆڕشه‌کان پێکده‌هێنن. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌کته‌ره سیاسی و ڕۆشنبیریه‌کانی تووشی شۆک کرد، چونکه ئه‌وان خۆیان به میراتگری به‌ها هیومانیسته‌کان ده‌زانی.
جیابونه‌وه و پرۆژه‌ی کۆلێکتیڤ
ئایا ده‌توانین باس له جیابونه‌وه بکه‌ین ؟ چیرۆکی جیابونه‌وه‌ی گرووپه بچوکه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی مێژوویه‌کی درێژیان هه‌یه و له ئێستاشدا به‌شێک له‌و گرووپانه بوون به ناوه‌ندی ڕووداوه‌کان. جیابونه‌وه له تونس : له‌بیرمان یەت “بن بریک”، ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ی که جیابووه‌وه و ڕۆڵێکی کارای له شۆڕشدا بینی. له میسر : بزووتنه‌وه‌ی “کیفایه” جیابونه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند و دواتر کارایی سه‌ره‌کی به‌سه‌ر مه‌یدانی ئازادیه‌وه دانا. بێگومان له چرکه‌ی جیابونه‌وه‌یاندا ئه‌مانه بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوون. به‌ڵام: ئه‌وه‌ی دواتر وه‌ریانده‌گێڕێته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌ڕینه‌وه‌یانبوو له هه‌ڵوێستی تاکه که‌سیه‌وه بۆ هه‌ڵوێستی کۆلێکتیڤ، له جووڵه‌ی تاکه‌وه بۆ جووڵه‌ی کۆ. هه‌ڵه‌ی چاودێره‌کان له‌وه‌دابوو که باوه‌ڕیان به‌وه‌نه‌بوو که ڕۆژێک ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه، خۆی به‌دیبێنێت.
ئێمه ئه‌زموونێکی دیکه‌مان له‌م بواره‌دا هه‌یه. له ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵاتدا، ئه‌زموونی په‌ڕینه‌وه له “جیابونه‌وه” بۆ “بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی” ڕووداوێکی مێژوویی بوو. به‌ڵام؛ جیاوازی گه‌وره‌ی نێوان ئه‌م دوو ڕووداوه له‌وه‌دایه، ساڵی ١٩٨٩، هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه‌ی ده‌ویست و پشتیوانی لێده‌کرد و به‌رنامه‌ی بۆ داده‌ڕێژا. ده‌رەئە‌نجام گۆڕانکاری گه‌وره به‌سه‌ر ئه‌ورووپادا هات و ململانێی دوو جه‌مسه‌ری کۆتایی پێ هات. به‌ڵام؛ له دونیای عه‌ره‌بیدا، کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی نه‌ک هه‌ر به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه نه‌بوو، نه‌ک هه‌ر پشتیوانی لێنه‌ده‌کرد، به‌ڵکو تا دوا هه‌ناسه‌ش پشتیوانی له ده‌سته‌ڵاتداران و ڕژێمه‌کان ده‌کرد. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شبوو که ڕووداوه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی هه‌موومانی تووشی سه‌رسامی کرد.
هه‌روه‌ها ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌کانیش سه‌رسامبوون، چونکه هیچکامیان کاروانی ئه‌م ڕووداوانه‌یان پێشبینی نه‌کردبوو. سرووشتی ڕژێمی ئۆتۆکرات وایه، که هەردەم پێویستی به ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیه. له ڕژێمه توندوتیژه‌کاندا، هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت پێگه‌که‌ی بپارێزێت ده‌بێت به‌رده‌وام به باڵای سه‌رۆکدا هه‌ڵبدات و پێی بڵێت که نه‌ک هه‌ر به‌ته‌نیا ئه‌و، به‌ڵکو هه‌موو کۆمه‌ڵگه خۆشیده‌وێت. ئه‌و که‌سه‌ی که به‌پێچه‌وانه‌وه بجوڵێته‌وه، ئۆقیانوسی توڕه‌باونی دیکتاتۆر ده‌ورووژێنێت و ڕه‌نگه به‌ده‌ستی خۆی کۆتایی به‌ژیانی خۆی بێنێت. لێره‌وه دیکتاتۆره‌کان هەردەم دڵنیاده‌کرێنه‌وه، چونکه به‌رده‌وام ناچارین پێیان بڵێین : هیچ گرفتێك نییه و هه‌موو شتێک باشده‌ڕوات به‌ڕێوه. نه بن عه‌لی، نه موباره‌ک و نه ئه‌سه‌د له‌هه‌لومه‌رجی ئه‌وه‌دانه‌بوون که پێشبینی ڕووداوه‌کان بکه‌ن، بۆیه کاتێک ڕووداوه‌کان گەیشتن نه‌یانزانی چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.
مامه‌ڵه‌ی حکومه‌ته ڕۆژئاواییه‌کانیش له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوانه‌دا باشترنه‌بوو له‌وه‌ی ڕژێمه عه‌ره‌به‌کان. به‌ناوی ئاسایش و جێگیریه‌وه، وڵاتێکی وه‌ک فه‌ره‌نسا، تا دوا نه‌فه‌س پشتیوانی له “بن عه‌لی” ده‌کرد. به‌ڵام؛ له‌ڕاستیدا بن عه‌لی و موباره‌ک و ئه‌سه‌د و قه‌زافی، گه‌ره‌نتی ئاسایش و جێگیر نه‌بوون، به‌ڵکو له‌ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه هه‌لومه‌رجێکی پڕ له تیرۆریان سه‌پاندبوو. بۆیه که ڕووداوه‌کان گه‌یشتن، هه‌روه‌ک چۆن بن عه‌لیان پێچایه‌وه، ئاواش ئه‌و وه‌زیره فه‌ره‌نسیه‌یان پێچایه‌وه که پشنیاری کرد، پۆلیسی فه‌ره‌نسی بنێرێت بۆ ڕزگارکردنی دیکتاتۆر.
تایبه‌تمه‌ندی عه‌ره‌بی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه
ئه‌م بزووتنه‌وانه به خێرایی خۆیان به جیهانی عه‌ره‌بی ناساند و کۆتای‌یان به مێژوویه‌ک له عه‌ره‌بایه‌تی و پان-عه‌ره‌بیسم وه‌ک ئایدیۆلۆژیای هه‌یمه‌نه‌دار، وه‌ک پڕۆژه‌ی حکومه‌ت هێنا. به‌ڵام؛ ئه‌مه واتای ئه‌وه‌نیه که جیهانی عه‌ره‌بی کۆتایی پێهاتووه. ڕاسته که چه‌ندین ساڵه توێژه‌ران باس له دابه‌شبوونی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌که‌ن، به‌ڵام؛ ئه‌وه‌ش ڕاسته که چرکه‌ی ناڕه‌زایی و ڕه‌فزکردن هه‌موویانی پێکه‌وه کۆکردوه‌ته‌وه : هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی پارێزراو نه‌بوو له ته‌قینه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی، به‌ڵام؛ له‌هه‌مانکاتدا ئه‌م په‌تایه به‌ر هیچ وڵاتێکی دیکه ده‌ره‌وه‌ی دونیای عه‌ره‌بی نه‌که‌وت. بێگومان که‌مێک له‌رزین له ئێران و چه‌ند ڕووداوێکی په‌رواێزکراو له چین به‌ر هه‌ستمان که‌وتن، به‌ڵام؛ هێنده به‌هێزنه‌بوون که ڕه‌وتی شته‌کان بگۆڕن. نه له ئه‌فریقای نزیکدا، نه له قه‌وقازدا و نه له ئاسیای سه‌نتڕاڵدا شتێک له وێنه‌ی شۆڕشه‌کانی دونیای عه‌ره‌بیدا ڕووینه‌دا.
ڵێکدانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه له نێو خودی پڕۆسێسی بیناکردنی شووناسی جیهانی عه‌ره‌بیدایه. ئه‌وه‌ی له وڵاتێکی عه‌ره‌بی ڕوویدا، ده‌کرا له وڵاتێکی دیکه‌ی عه‌ره‌بیدا ڕووبدات و ئه‌مه‌ش گوزارشتبوو، له ڕسته به‌ناوبانگه‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما، « Yes we can ». ئه‌وه‌ی له تونس‌دا به‌دیهات، بۆچی له میسر یان یه‌مه‌ن یان وڵاتێکی دیکه‌ی عه‌ره‌بیدا نابێت به‌دیبێت؟
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته هاوبه‌شه‌ی توانایی، گه‌لانی دونیای عه‌ره‌بی هه‌ڵگری سیسته‌مێک له به‌های هاوبه‌شن : “منی یه‌مه‌نی، مافی خۆمه که شووناسی خۆم له شووناسی برا تونسیه‌که‌م و برا میسریه‌که‌مدا ببینم”. لێره‌دا ئیشکالیه‌ته‌کانی ناسینه‌وه و هاریکاری، به هه‌موو واتاکانییەوە ده‌رده‌که‌ون.
به‌ڵام؛ ئه‌م هاوکێشه‌یه نه‌یتوانی له ده‌ره‌وه‌ی دونیای عه‌ره‌بیدا خۆی به‌دیبێنێت. ئه‌مه‌ش به‌ره‌و ڕامانێکی دیکه‌مان ده‌بات. بزووتنه‌وه‌کانی شۆڕشی دونیای عه‌ره‌بی له‌و گه‌لانه پێکهاتوه که هەردەم، ڕۆژئاوا وه‌ک که‌ره‌ستەی به‌کارهێنراو، بۆ پاراستنی ئاسایش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه. له نێو جێۆ-ستراتیژی هاوچه‌رخدا، جیهانی عه‌ره‌بی پێگه‌یه‌کانی”ئیستیسنائی” هه‌یه: عه‌ره‌به‌کان لێره نین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بکرێن، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌وانی دیکه بکه‌ن. پێش هه‌موو شتێک دونیای عه‌ره‌بی ته‌نیا وه‌ک پارێزه‌ری ئاسایشی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بایه‌خی پێدراوه. زۆر به‌ده‌گمه‌ن ڕۆژئاوا بیری له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی دونیای عه‌ره‌بی کردوه‌ته‌وه. بێگومان ئه‌م “سوکایه‌تی پێ کردنه” ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌بوو له شه‌پۆلی شۆڕشه‌کاندا. گه‌ر بڕیاربێت ڕاپه‌ڕینی عه‌ره‌به‌کان له‌پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی “که‌رامه‌ت”دا بێت، چوونه ده‌ره‌وه له‌م “سوکایه‌تی پێ کردنه” ڕۆژئاوایه‌ش ده‌بێت به ئامانجێکی سه‌ره‌کی ڕاپه‌ڕیوه تازه‌کان.
ڕا-واتای سێیه‌م، په‌یوه‌ندی به‌و مۆدێلانه‌وه هه‌یه که پڕۆسێسی گه‌شه‌کردن له کۆمه‌ڵگه ئه‌فریقی و ئێرانی و ئاسیاویه‌کان ده‌به‌ن به‌ڕێوه. هه‌ر یه‌کێک له‌م مۆدێلانه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و جیاوازن له یه‌کتری. له ئه‌فریقادا بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ڕووبه‌ڕووی ڕژێمێکی دیکه‌ی ده‌سته‌ڵات په‌رست ده‌بێته‌وه که زۆر جیاوازه له‌وانه‌ی دونیای عه‌ره‌بی. ڕێزمانی سیاسی له چاد، گابۆن، بورکینافاسۆ و سه‌نیگال هه‌مان رێزمانی دونیای عه‌ره‌بی نییه، و پێویسته خۆمان له گشتاندنی بێ هوده بپارێزین.
په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی
ئه‌م شۆڕشانه گوزارشت له سه‌رکه‌وتنی مۆدێلێکی تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن. تۆڵه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن له سیاسه‌ت. به‌ڵام؛ بۆ قسه‌کردن له سەر هاوڵاتیبوون، ده‌بێت قسه له‌سه‌ر پەیوەندی بۆ ده‌وڵه‌ت بکه‌ین، پەیوەندییەکی زاڵ به‌سه‌ر هه‌موو پەیوەندییە کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و ئاینیه‌کاندا. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م بزووتنه‌وانه له‌وه‌دایه که له بری گه‌ڕان به‌دوای ئینتیمادا، به‌دوای “به‌شداریکردن”دا ده‌گه‌ڕێن. هه‌ر ئه‌مه‌شه که وا له من ده‌کات باس له کولتووری به‌شداریکردن بکه‌م نه‌ک کولتووری دیموکراسی یان کولتووری هاوڵاتی. ئاره‌زووی به‌شدایکردن له بڕیاره سیاسیه‌کاندا لای بزووتنه‌وه‌کان ئاشکرایه، گرفته‌که له‌وه‌دایه که ئاسان نییه، چوارچێوه‌یه‌کی ده‌زگایی بۆ چۆنیه‌تی ئه‌م ئاره‌زووی به‌شداریکردنه بدۆزرێته‌وه.
ئایا به‌هێزبوونی ئه‌م په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه به لاوازبوونی په‌یوه‌ندیه‌کانی دیکه کۆتایی دێت؟ ئایا کۆتایی به په‌یوه‌ندی خێڵه‌کی دێنێت؟ باوه‌ڕناکه‌م، چونکه به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندیه‌کانی خێڵ وه‌ک فاکتێکی به‌هێز به‌ر هه‌ستمان که‌وت نه‌ک هه‌ر له لیبیادا، به‌ڵکو له تونس و یه‌مه‌نیشدا. ئایا ده‌توانین باس له پاشەکشه‌ی تۆڕه ئاینیه‌کان بکه‌ین؟ لێره‌شدا ده‌بێت وریابین. هیچ ئاماژه‌یه‌کمان له‌به‌رده‌ستدا نییه، که باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی تۆڕه ئاینیه‌کان بکات یان بمانباته‌وه سه‌ر ونبوونی ئه‌و گوریسه‌ی که ئایین به سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. با ئێمه گۆڕینی ڕه‌نگی گوریسه‌که‌مان لێنه‌بێت به له‌ناچوونی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گۆڕاوه ڕه‌نگی گوریسه‌که‌یه، ڕه‌نگی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئایین و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسه‌ته. کاتێک، که له ئاستێکی لاوازیشدابێت، خۆپیشانده‌ره‌کان سیاسه‌ت ناکه‌ن، خێرا ئایین؛ ئاینیه‌کان ئه‌و بۆشایه پڕده‌که‌نه‌وه.
ئه‌نته‌رنێت یه‌کێکه له‌و مێکانیسمانه‌ی که به‌شداریده‌کات له داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا. بۆ ڕژێمه‌کان، دڕانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه مۆدێرنه‌ی که ئه‌نته‌رنێت درووستیده‌کات زۆر سه‌ختتره له دڕانی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه ترادیسیۆنێله‌کان. ده‌سته‌ڵات ده‌توانێت سه‌ندیکاکان بشکێنێت، ڕێکخراوه‌کان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت خێزانه‌کان له یه‌کتری جیابکاته‌وه، به‌ڵام؛ دڕانی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه ڤیرتیوله‌کانی سه‌ر ئه‌نته‌رنێت زۆر زه‌حمه‌ته.
به زمانێکی دیکه، ئه‌نته‌رنێت به وه‌کاله‌ت له‌بری حیزبه سیاسیه‌کان کارده‌کات. لێره به‌دواوه ئیتر پێویستیان به ڕێکخستنی سیاسی نییه. ئه‌م تێکنیکه نوێیه، ئه‌نته‌رنێت، به‌جۆرێک له جۆره‌کان، مه‌رگی فۆرمه کۆنه‌کانی حیزبی سیاسی و ڕێکخستنی سیاسیمان پێڕاده‌گه‌یه‌نێت، چیتر “چیبکه‌ین ؟”ه‌که‌ی لینین ناتوانێت وه‌ڵامی پرسیاره‌کان بداته‌وه. چۆن ڕێکخستنی سیاسی کلاسیکی کۆتایی پێ نایه‌ت، له کاتێکدا به کلیکێک سه‌دان که‌سی تاک ده‌که‌ونه په‌یوه‌ندیه‌وه و ده‌توانن پێکه‌وه بڕیاربده‌ن و خۆپیشاندانه‌کان ڕێکبخه‌ن!
بیناکردنه‌وه‌ی سیاسی
پێکه‌وه گرێدانی زه‌مه‌نی سیاسی و زه‌مه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی کارێکی زۆر سه‌خته. شۆڕشه‌کانی عه‌ره‌ب که سه‌ر به زه‌مه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تین، به ئاسانی وه‌رناگێڕدرێنه سه‌ر زه‌مه‌نی سیاسی. ڕێکخستنی حکومه‌تێک بریتیه له: چوونه نێو سیسته‌مێکی ئاماده‌باشی سیاسیه‌وه. له چرکه‌ساتی شۆڕشی عه‌ره‌بیدا، ئێمه چۆن ده‌توانین له بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ ئه‌زموون، بێ درووشم، بێ ئاڕاسته‌ی سیاسی، حکومه‌تێک پێکبهێنین؟ که‌س ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه.
له مێژووی ئێمه‌دا نموونه‌یه‌کمان له‌م مۆدێله نییه. له ساته‌وه‌ختی شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا، چرکه‌یه‌کمان هه‌یه که چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌زموونه‌دا کۆی ده‌کاته‌وه (ته‌نیا چه‌ند خاڵێک) : بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی “عه‌فه‌وی” خۆی درووستده‌کات و ده‌ڕژێته سه‌ر شەقامەکان، به‌ڵام: خێرا له لایه‌ن دوو ئه‌کته‌ره‌وه ده‌قۆزرێته‌وه. سه‌ره‌تا له لایه‌ن فه‌رمانده سه‌ربازیه‌کانه‌وه که دواتر چینێکی سیاسیان لێ درووست ده‌بێت، پاشان له لایه‌ن ته‌وژمه فیکریه‌کانه‌وه که له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریه‌وه سه‌رچاوه‌یانگرتبوو.
بێگومان دونیای عه‌ره‌بی خاڵیه له‌م ته‌وژمه فیکریه به‌هێزانه‌ی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری. به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ڵبژاردنی به‌په‌له، ڕه‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که نوخبه‌یه‌ک بێنێته سه‌ر ده‌سته‌ڵات که زۆر باشترنه‌بن له‌وه‌ی ڕابوردوو. ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری به‌شداریکردنی سیاسه‌تی خودی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌شدا، دوور نییه، له لایه‌ن نوخبه‌ی نوێوه وه‌ک پارو قوتبدرێت. ئێمه پێویسته دانبه‌وه‌دابنێین که هه‌ڵبژاردن یه‌کسان نییه به دیموکراسی، یاخود هه‌ڵبژاردن بریتی نییه، له: ئیدیالی ڕزگاربوونی هه‌نوکه‌یی. ئێمه ئازادنین له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ڵبژاردنێکی به‌په‌له، ده‌کرێت هه‌لومه‌رجی گەیشتنە ده‌سته‌ڵاتی گرووپێک خۆشبکات که دواتر ببێت به نه‌فره‌ت به‌سه‌ر خودی کۆمه‌ڵگه‌وه.
دیموکراسی، نه‌ک به ته‌نیا له ئه‌ورووپادا، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی گشتی دوو پایه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه. یه‌که‌میان بریتیه له: “گرێبه‌ستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی”، و دوه‌میشاین بریتیه له: “ئاماده‌بوونی پانتاییه‌کی گشتی بۆ گوفتوگۆی ئازاد”. له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هیچ یه‌کێک له‌م دوو پایه‌یه بوونی نییه. باسکردنی له “گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی” له کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌کاندا، که بوون به هه‌زار پارچه‌وه، به‌شێکه له بێهوده‌یی. له ئاماده‌نه‌بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا، گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێت له دایک ببێت.
هه‌روەها ڕاسته مه‌یدانی ئازادی هه‌یه، به‌ڵام؛ ئه‌م مه‌یدانه ناتوانێت ببێته پانتاییه‌کی بەردەوامی گوفتوگۆی ئازادی هه‌میشه‌یی. گرفتی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه که هەردەم له‌سه‌رەوه شته‌کان به‌سه‌ر خواره‌وه‌دا ده‌سه‌پێنرێن و ئه‌مه‌ش بووه به‌هۆی نه‌بوونی پانتاییه گشتیه‌کانی گوفتوگۆ.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م تێبینیانه و به‌شێوه‌یه‌کی، وه‌ک ساڵی ١٩٨٩ که بوو به به‌رواری مێژوویی بۆ کۆتایهێنان به دیکاتۆریه‌ت له وڵاتانی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵاتدا، ئاواش ساڵی ٢٠١١ ی به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌بێت به به‌رواری مێژوویی که‌وتنی دیکتاتۆریه‌ت له دونیای عه‌ره‌بیدا. ئیدی ٢٠١١ چرکه‌ساتی دابڕانه له‌نێوان دوو قۆناغدا. ئه‌وه‌ی له‌م دونیایه‌دا ڕووده‌دات، دروستبوونی سه‌ره‌تاکانی پڕۆسێسێکی نوێیە؛ که چه‌ندین داتای نوێ به‌دوای خۆیان ڕاده‌کێشێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆسێسه درووستی ده‌کات، چاوه‌ڕوانیه، ده‌بێت هه‌موومان چاوه‌ڕوانبین، چونکه نازانین به‌ره‌و کوێمان ده‌بات.
١ ئۆتۆکراسی ئه‌و ڕژێمه سیاسیه‌یه که هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌کان له ژێر کۆنترۆڵی یه‌ك که‌سدان و به کلیکێك ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی شته‌کان بگۆڕێت.
بێرتراند بادی
پڕۆفیسۆر له په‌یمانگای خوێندنه سیاسیه‌کانی پاریس،
ئه‌ندامی سه‌نته‌ری خوێندن و توێژینه‌وه جیهانیه‌کان.
نووسه‌ری کتێبی:
(دیپلۆماسی ڕێکه‌وتن، به‌زمانی فه‌ره‌نسی، ٢٠١١)