سۆراغی ناسنامەیەکی ون

549
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

 

پێشکەشە بە ئەوانەی باجی کوردبوونیان دا.

ئەوانەی ژیانیان بوو بە ناسنامەی نەتەوەیەک.

 

ون بوو، لێم ون بوو. تازە بۆم نادۆزرێتەوە. دۆزینەوە؟ دۆزینەوەی چی؟ باشە بۆ لێم ون بوو؟ ئەرێ خۆ من گیرفانەکەم زنجیریشی هەیە، نازانم چۆنە و چۆن لێم کەوت! لێم کەوتووە؟ دڵنیا نیم. لەوانەیە لێیان دزی بم. کێ چووزانێ؟ خۆ ئەم شارە پڕ بووە لە دز. دزین؟ نا نا، کێ کاری بەوەیە لە منی ببات؟ بۆ نا؟ دەشێت لێیان دزی بم. تۆ بڵێیت؟ هەموو شتێک ئەگەری هەیە. من دڵنیام شەقامەکان لێیان دزیوم. ئا ئا زۆر جار شەقامەکان خۆیشم ون دەکەن. یان تۆ بڵێی لە گەڕەکی سابوونکەران لێم نەکەوتبێ؟ ئەها ئاخر کۆتا جار پێش ئەوەی بزانم لێم ون بووە لەوێ چایم دەخواردەوە. ئاخر بڵێ تۆ کەی هی شاری «غەریب»؟ تۆ کوڕی خالیدە چڵمنی شوانکارەی. بۆ لەو باخ و دارستانانەی شارباژێڕەوە هاتووی بۆ ئێرە؟ چوزانم وام بەسەر دێت. تازە دزیان. نا نا خوا گەورەیە دەیدۆزمەوە.

هەر دەگەڕێم و دەڵێم بەشکوو بیدۆزمەوە. منداڵیمم بیر کەوتەوە، کە شتێکمان لێ ون دەبوو دەمان گوت: «دۆزە دۆزە بۆم بدۆزە، هی خۆم نییە هی پیرۆزە.» باشە تۆ بڵێی ئەو پیرۆزە کێ بێت؟ جا ئێستا من کارم بەسەر ئەوەوە چییە؟ من ناسنامەکەمم ون کردووە و وێڵم بە دوایدا. دەزانم، خۆم دەزانم شەقامەکان لێیان بردووم. ئەو شەقامە گوواویانەی بۆنی زێراب و گوویان لێ دێت. هەموو شتێک لێرە بۆنی گووی لێ دێت. ئەو شەقامە کۆنە لێی بردم. دەنا خۆ گیرفانەکەم داخرابوو. شەقامەکان زۆر جار بۆنی شتی نامۆ دەکەن. بۆنی کەسی نامۆ، ڕۆحی خاڵی، ناسنامەی بێ نەتەوە… بۆنی دەکەن و وەک شەولەبان بێ ئەوەی کەس ئاگادار بێ دەیدزن. لە منیان دزی. هەر باشە خۆمیان نەدزیوە. بیری دایکم ئەکەم. غەریب تۆش سەیری، بیری چی دایکت ئەکەی؟ خۆ ئەو داماوە خۆی لە بیری خۆیدا نەماوە تا تۆ بیری بکەی. شەو و ڕۆژ کار دەکات، باوکم پساندوویەتی هێندەی بەم لا و لادا ببات. بووە بە هەشت پارچەوە نازانێ فریای چی بکەوێ. بۆ من لە داخی باوکم نەبووایە دەهاتم بۆ ئەم شارە گەڕ و گولە؟

هەر دەگەڕێم و نایدۆزمەوە، نایدۆزمەوە و هەر دەگەڕێم. زەلامێکی پیر دەبینم، لێی دەپرسم:

– مامە گیان ناسنامەکەی منت نەدیوە؟ هیچ ناسنامەیەکت نەدیوە کەوتبێ؟

ئەویش بە تووڕەییەوە وەڵامم دەداتەوە:

– ناسنامەی چی تەواوی؟ کێ لێرە ناسنامە هەڵدەگرێ باوکەکەم؟ بڕۆ بە شوێن خۆتدا بگەڕێ نەک ناسنامە.

سەرم لە قسەکانی سووڕما. بەڵام خۆم هیچ تێک نەدا و دەستم کردەوە بە گەڕان. «دۆزە دۆزە بۆم بدۆزە هی خۆم نییە هی پیرۆزە». تازە پیرۆزیش بە فریام نایەت.

لەو قرچەقرچی گەرمایە سەرم خەریکە دەکوڵێت. گەلاوێژ هەر وایە. مانگی گەلاوێژ دەڵێم. هەموو گیانم دەکوڵێت. مێشکم شڵەقاوە. تازە ناسنامەکەم نادۆزمەوە. لێیان دزیم.

لەسەر شۆستەکە دادەنیشم و خەو دەمباتەوە. پاش تۆزێک یەکێک دێت و هەڵم دەستێنێ. دەڵێی شێوەی دەکەم. کوا با بزانم… بەڵێ دەیناسم، ئەوە «لوقمان»ە. «لوقمانی مەلاژن». وایان پێ دەگوت. لە شارباژێڕ وایان پێ دەگوت. ماوەیەکی زۆر هاتوچۆمان پێکەوە هەبوو. دراوسێمان بوو. قژە لوولە چڵکنەکەی هەر وەک خۆی ماوە. چاوە بچووکە ناشیرینەکانی و لووتە درێژەکەی هەر وەک جاران دەمترسێنن. من لەو منداڵترم. لەوانەیە هاوتەمەنی باوکم بێت. تۆ بڵێی؟ ئەوەیان جارێک نازانم.

سەری بۆ شۆڕ کردوومەتەوە و تەماشام دەکات. ئێوارەیە. بازاڕ چۆڵ بووە. چۆڵ چۆڵیش بووە. شەقامەکان بانگی مرۆڤە تەنیاکانی زەوی دەکەن. کۆڵانەکان بۆ پەناهەندەیی مرۆڤ دەگرین. ئاخر بڵێ لوقمان تۆ لێرە چی دەکەی؟ تۆش وەک من سەرت لێ شێواوە. لەپڕ لوقمان پێم دەڵێت:

– غەریب، بۆ چی وا دۆشت داماوە؟

منیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێم:

– جا لەوە زیاتر چیم پێ دەکرێ؟ ناسنامەکەمم ون کردووە و تازە ناشی دۆزمەوە. لێیان دزیوم. ئەو شەقامە گوواویە لێی دزیم.

لوقمان قاقایەکی بەرز لێ دەدات و پێم دەڵێ:

– باشە شەقام چۆن ناسنامە دەدزێ؟

منیش بە خەمێکی زۆرەوە کە لە دڵمدا پەنگی خواردووەتەوە پێی دەڵێم:

– با دەیدزێ. شەقامەکانی ئێرە دزن. بەتایبەتی هیوایەتیان ناسنامە دزینە.

لوقمان دووبارە قاقایەکی دیکە لێ دەداتەوە.

– بە ڕاستمە.

ئەویش بەدەم پێکەنینەوە پێم دەڵێ:

– هەستە، من بۆت دەدۆزمەوە، هەستە غەریب.

بە بێزارییەوە لە شوێنی خۆم هەڵدەستم و قووت دەبمەوە. باشە لوقمان نەمردبوو؟ ئێستا بیرم کەوتەوە! نا نەمردبوو. کوڕە با با مرد، ئەوە نەبوو ئەو ساڵە باوکم بۆی گریا. بیرمە باوکم بۆی گریا. من نەمدیبوو باوکم بگری، بەڵام بۆ مەرگی لوقمان گریا. تۆ بڵێی شەقامەکان توانای زیندووکردنەوەی مرۆڤیشیان نەبێ؟ شەقامەکان نیشتمانی مرۆڤە پەراوێزخراوەکانن. ڕەنگە لە قووڵایی ئەم شەقامەوە ئەویش زیندوو بووبێتەوە. پاش بێنەوبەردەیەکی زۆر بۆم ڕوون بووەوە کە شەقامەکان دەترسن بۆیە ونمان دەکەن. شەقامەکان بیری ئازادیی مرۆڤ دەکەن. مرۆڤ لە شەقامەکانەوە بۆی ڕوون دەبێتەوە کەوا شەقامەکان گۆڕستانی خەڵکانی پەناهەندەن. پەناهەندە؟ نازانم… ڕەنگە مرۆڤ خۆی بوونەوەرێکی پەناهەندە بێ. ئەرێ باسی چی دەکەم؟ باشە ئەم ناوە بۆ وا چۆڵە؟ هەر دەڵێی یەکجار خەڵک چوونەتەوە ماڵەوە و تەرکی ژیانیان کردووە. هەوایەک دێت، گڕەیە، گەرمە. بە سابوونکەراندا دێینە خوارەوە و هیچ زیندەوەرێک نابینم. هەست بە ترس دەکەم. خوایە چی ڕووی داوە؟ پرسیار لە لوقمان بکەم باشترە:

– ئەرێ کاک لوقمان دونیا بۆ وا بە جارێک چۆڵ بووە؟

لوقمان سەیرم دەکات و بە خەمێکەوە، کە لە چاوانیدا دەیبینم پێم دەڵێ:

– مەگەر شەقامەکان شتەکان نادزن؟ خۆت وات گوت. دیارە هەموو مرۆڤایەتییان دزیوە.

لە قسەکانی سەراسیمە دەبم.

– کاک لوقمان پێ ناچێت خەڵک مابێت!

– خەڵک دەمێنێ. تۆ ئەو بۆمبەت دیوە کە لە هێرۆشیما و ناکازاکی دان؟

– بەڵێ دیومە.

بە خەندەیەکی درۆوە دەست دەکاتەوە بە قسەکردن:

– بڕوا بکە سەد بۆمبی ئاوا لە زەوی بدەن، نەک سەد، هەزاران بۆمبی ئاوا لە تەواوی زەوی بدەن، مرۆڤ لەناو ناچێت.

من سەرم لە قسەکانی سووڕ ماوە، ئاخر لوقمان پیاوێکی گێژۆکە بوو. ئەم قسە زلانەی نەدەزانی. لەگەڵ بۆچوونەکەی هاوڕا نیم، ئەمەش پێ دەچێ یەکێک بێ لە قسە پڕوپووچەکانی دیکەی ئەو. وەک چۆن جاران دەهات و لە ماڵی ئێمە دەستی دەکرد بە قسەی پڕوپووچ و بەدەم دیشلەمە خواردنەوەوە قسەی بە با دەکرد، ئەمەیش هەر وایە. پاش کەمێک لە ڕۆیشتن بە ژێر ڕووناکی مانگدا و گوزەرکردن بەو شەقامە چۆڵانەدا، لوقمان لەپڕ، وەک ئەوەی لە شتێک پاشگەز بووبێتەوە پێم دەڵێ:

– خۆی با قسەکەم دووبارە بە جۆرێکی تر بکەمەوە. دەتوانم بڵێم: هەزاران بۆمبی ئاوا لە زەوی بدەن، هەموو مرۆڤایەتی لەناو دەچێت، بەڵام ئێمەی کورد لەناو ناچین غەریب. نەک زەوی، هەزاران بۆمبی لەو جۆرە لە کوردستانەکەی خۆمان بدات، کورد لەناو ناچێت. ئێمە لەناو ناچین. کیمیابارانی هەڵەبجەت بیرە؟

– من چوار ساڵان بووم کاتێک هەڵەبجە وای لێ کرا.

تەماشام دەکات و چاوی زیت دەکاتەوە:

– ئێ تەواو تەواو، کەوایە بیرت نایە. بێ گومانم لەوەی کە ئەنفالیشت بیر نایە!

– نەخێر بیرم نایە. بەس زۆرم بیستووە.

– غەریب تۆ دەزانی، ئەو بۆمبانەی بەر ژاپۆن کەوتن زۆر خۆشتر بوو لە کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە؟

– لوقمان ئەم قسانە چین دەیانکەیت؟

– تۆش هەر وەکوو خەڵکی دیکەی، بە لاتەوە گرنگ نییە چی ڕووی داوە ها؟

– بە لامەوە گرنگە، بەڵام ئێستا من بەدوای ناسنامەکەمدا دەگەڕێم، با بیدۆزینەوە، قسە لەوەش دەکەین.

لوقمان قاقایەک لێ دەدات و چاوی هێندەی دیکە بچووک دەبێتەوە، لووتیشی هێندەی دیکە زل دەبێت:

– غەریب تۆ ئێستا بێناسنامەی. ناسنامەی خۆتت ون کردووە. تۆ نە هەڵەبجەت بیر دێت نە ئەنفال. ئەی چی کارت بە ناسنامە هەیە؟ خۆ تۆ هەر ونی.

– ئەی چی بکەم؟ ئەو کاتە چوار ساڵان بووم.

– باشە. دەتەوێ بەڕاستی ئەو ڕووداوانە ببینی.

– بۆ نا.

هەر کە وا دەڵێم، ڕاستەوخۆ لە هەڵەبجە خۆمان دەبینینەوە لەگەڵ لوقمان. لوقمان بەردەوام خەندەم بۆ دەکات. من لە هیچ شتێک تێناگەم. خەریکە شێت دەبم. خوایە ئەمە چییە ڕوو دەدات. لوقمان دەزانێ من گێژ بووم و دووچاری دۆخێکی ناخۆش هاتووم. پێم دەڵێ:

– غەریب مەترسە. شەقامەکانی ئێرە مرۆڤ و ناسنامە نادزن. دەزانی بۆ؟

– نەخێر نازانم. لە هیچ شتێکیش تێناگەم.

– غەریب لێرە مرۆڤەکان ڕاکشاون و شەقامیان دروست کردووە. لێرە مرۆڤ خۆی شەقامە. نایبینی ئەم لاشانە شەقام دروست دەکەن؟ ئێرە پڕیەتی لە ناسنامە. ناسنامەکان لە باخەڵی ئەو لاشانەدان، بەڵام شەقامەکان نایان دزن. چونکە لێرە شەقامەکان ناسنامەن.

سەرم لێ تێکچووە. لاشەی زۆر دەبینم. بەشێکی زۆریان کەف بە دەمیانەوە وشک بووەتەوە. منداڵ دەبینم لە باوەشی دایکیدا نووستووە و پێ ناچێ هەڵبستێت. لوقمان دەست دەکات بە گەڕانی باخەڵی یەک یەکی لاشەکان و سەر زەوییەکە دەپشکنێ. من بەپەلە دەچم بۆ لای و دەڵێم:

– بۆ وا دەکەی لوقمان؟

– تۆ ناسنامەکەت لێرە یان لە گەرمیان لێ کەوتووە. با سەرەتا ئێرە بگەڕێین. پاشان دەچین بۆ گەرمیان.

من لە هیچ تێناگەم. گەرمیانی چی و هەڵەبجەی چی؟ لوقمان شێت بووە. باشە لوقمان مردبوو، دڵنیام مردبوو. بە شڵەژاویەوە لێی دەپرسم:

– لوقمان تۆ نەمردبووی؟

– جا ئێستا تۆ کارت بەمە چییە؟ مەگەر ناتەوێ ناسنامەکەت بدۆزینەوە؟ وەرە بەدوایدا بگەڕێین.

منیش ناچار دەستم کرد بە گەڕان لەگەڵیدا. پاش گەڕانێکی زۆر، هیچمان دەست نەکەوت. نەمان دۆزییەوە. نایشی دۆزمەوە. من هەر دڵنیام کە ئەو شەقامانەی سلێمانی لێیان بردووم. بەتایبەتی سابوونکەرانی نەعلەتی. پاش گەڕانێکی زۆر، لوقمان پێم دەڵێ:

– ئامادەی بچین بۆ گەرمیان؟

– نازانم.

– دەبێ بزانی. دەچین ناسنامەکەت دەدۆزینەوە لەوێ. دڵنیام لەوێیە.

– کەواتە با بچین.

هەر کە وام گوت، دووبارە وەک جاری پێشوو، لە چاوترووکانێک خۆمان لە گەرمیاندا دەبینینەوە. کۆمەڵێک ئیڤا و زیلی زۆر دەبینین و خەڵکەکەی ناوی هەموویان وەستاون. وەک ئەوەی هیچ شتێک نەبینن و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێ. ئەسڵەن ئەوان هەر ناشجووڵێن. وەستاون. وەک پەیکەر وەستاون. لوقمان دووبارە دەست دەکات بە کنە و پشکنین. ئاوڕێکم بۆ دەداتەوە و دەڵێ:

– وەرە با بگەڕێین.

منیش شوێنی دەکەوم.

هەموو شوێنێک گەڕاین، باخەڵی هەموو مرۆڤێکی دەستبەسەرمان پشکنی. سەر زەوییەکە هەمووی گەڕاین. نەبوو. نییە. ناشبێت. پێ دەچێ لوقمان بێ ئومێد بووبێت:

– غەریب ئێمە نامرین. دەمرین، بەڵام لەناو ناچین. لە ناویش دەچین، بەڵام دووبارە سەر هەڵدەدەینەوە.

– ئێستا کوێ ماوە بگەڕێین لوقمان؟

– نازانم. شەقامەکانی ئێرەش گەڕاین. من بڕوام وایە تۆ ناسنامەت لێ ون نەبووە. تۆ ناسنامەت هەر نییە تا لێت ون بووبێت.

– هەمە. هەمبوو.

– ناتبێت.

– باشە بە بێ ناسنامە چی بکەم؟

لوقمان دیسان قاقایەکی گەورەی لێ دا:

– بگەڕێ، دەیدۆزییەوە.

یەکێک بە دەست ڕام دەچڵەکێنێ. لە خەو ڕادەپەڕم و هاوار دەکەم: لوقمانننننن… خەڵک هەمووی تەماشام دەکەن. ئەوە خەون بوو؟ خەون بوو. خەونی چی غەریب؟ با خەون بوو. تەماشایەکی کابرا دەکەم و پێم دەڵێ:

– کاکە گیان ئەم ناسنامەیە هی تۆیە؟

منیش بە دەنگی بەرز پێدەکەنم و دەڵێم:

– هی خۆمە بەڵێ، بەڵێێێێ.

– فەرموو، لە نزیکی خۆتەوە کەوتبوو.

– دەست خۆش کاکە گیان زۆر مەمنوونم.

بە شەقامەکەدا وەک شێت هەڵدەبەزمەوە و ڕادەکەم. ناسنامەکەمم دۆزییەوە، ناسنامەکەمم دۆزییەوە خەڵکینە. ئەو شەقامانەش نەیانتوانی لێمی بدزن. ناسنامەکەمم دۆزییەوەەەەەەەە.

 

٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی

 

بڵاوکردنەوە: