“بەشێك لەهایكۆكانی كیا ڕۆستەمی”
شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی
لەنێوان من و تۆ و
مانگدا،
نهێنییەك هەیە
*
تریفەی مانگ
مانگ ڕووناك دەكاتەوە
*
سەروەختێك لەماڵ هاتمەدەر
كەس لەو ناوەدا نەبوو
جگە لەخۆم و مانگ
*
دڵی خۆم بۆ مانگ كردەوە
سەروەختێك خۆر هەڵات،
نهێنییەكەم ئاشكرابوو
*
لەكونی دەرگاكەوە
سەرما دێتە ژوورێ،
هەروەها ڕووناكیش
*
لەژێر تریفەی مانگدا
پێكەكە بەتاڵ و
دڵیش چۆڵ و هۆڵ
*
لەنێوان من و مانگدا گفتوگۆیەك هەیە
ئەو نابیستێ و
منیش گوێم لێی نییە
*
چەند دووریت ئەی مانگ!
چەند نزیكیت
*
هەورێكی ڕەش
لەدواجاردا توانی،
مانگ لە ئامێز بگرێت
*
بێدەنگی مانگ
دڵم پارە پارە دەكات
*
گوڵەكانی بیابان
كەس بۆنی نەكردن
كەس نەیچنین
كەس نەیفرۆشتن
كەس نەیكڕین
*
لە كەناری زەلكاوەكەدا
چەند گوڵێكی سپی و
بۆنێكی ناخۆش
*
داخۆ دەبێ درەختە گەورەكان
چۆن سەیری درەختە بچوكەكان بكەن؟
*
گەر لەبنی زەریادا كانییەك هەبێت
دەبێت شكڵ و شێوەی چۆن بێت؟
*
سەروەختێك هەنگێك لەسەر گوڵەكە نیشتەوە
پەپوولەكە فڕی
*
ستایشكردنی بەهار و
سەرزنشتكردنی پایز
فایدەی بەچی،
گەر بەردەوام ئەویان بێت و ئەمیان بڕوا
*
ڕۆژێكیان لە قەسابخانە
هەنگێك دای بەدەستی قەسابێكەوە
*
ئەمڕۆ باخچەكەم فرۆشت،
تۆ بڵێی درەختەكان بەوە بزانن؟
*
من تەنها لە دیمەنەكە ڕامابووم
كاتێك سێوێك لە درەختەكە
بەربووەوە
*
دوو هێڵی تەریب بەیەك
تەنها لێبوردەیی،
وایان لێدەكات بەیەك بگەن
*
منداڵەكە پرسیاری كرد
بۆ تا ئەو ئاستە
ماسی حەزی لە مەلەیە
*
نەگەڕانەوە
ئەو ڕووبارانەی بەرەو دەریا ملیان نا
ئەو سەربازانەی چوون بۆ جەنگ
ئەو هاوڕێیانەی بەرەو تاراوگە ڕۆیشتن
*
نووسین و خوێندنەوەی نەدەزانی
وەلێ شتگەلێكی دەوت
نەكەس وتبوونی و
نەكەسیش نوسیبونی
*
لە پەنجەرەكەمەوە
دوو قوللە دیارن
وەك یەك بەرزن
دوو سەگ دیارن، یەكێكیان سپی
ژن و مێردێك، هەردووكیان تەنها
*
با
كۆپلە شیعرێكی
لە تەنافی ماڵە دراوسێ دزی
*
عاشقە مایەپووچەكان
لە تاریكی شەودا
بە دوور لە چاوی حەس حەس
مانیفێستێكی شیعرییان دەركرد
*
ئەو كۆلارەیەی لە سەردەمی منداڵیدا
بەخشیم بە با
ئەمڕۆ لەسەر قەسیدەكەم نیشتەوە
*
بزمارێك لەپێمدایە،
هاوڕێكەم بەوە نازانێت
*
بەمەبەستی فڕین
كەوتنم تاقیكردەوە
*
ئەمڕۆ لە حەوشەی ماڵە بێدەنگەكەمدا
پشیلەیەك كۆترێكی خوارد
*
فەزای ماڵەكەم هەروا بێدەنگ دەبێت
تا ئەو ئافرەتە دەگەڕێتەوە ناوی كە دەیناسم
*
خەونم بینی كە ماڵەكەمم فرۆشتووە،
ئای لەو خەوە ناخۆشە
*
ماڵەكەم چوار ژووری نوستنی تێدایە،
لە ژورێكدا كەجێخەوێكی بۆ دوو كەس تێدایە
بە تەنها دەنووم
*
من گەورەی ماڵ بووم
ئەندامانی ئەو ماڵە یەكبەیەكیان ڕۆیشتن،
ئێستا هەریەكەیان لە جێیەكدا
سەرقاڵی ژیانن
*
لەماڵی دراوسێكەمان ئاهەنگێك هەیە
نازانم بەچ بۆنەیەكەوەیە
*
هەزار وەڵام لەسەر لێومە
كەس ناپرسێت
*
ئەم شەو
كەسێك دەبێت بەمیوانم،
دەزانم لە كوێ دادەنیشێت
دەزانم چی دەخواتەوە
وەلێ: نازانم چی دەڵێت؟!
*
با بە زمانی گەڵا
گەڵا بە زمانی با
*
ئەندێشەكانیشم
تا ئەودیو دیواری ژوورەكەم ناڕۆن
*
من نە باشم و نەخراپ
خراپە لە من بێبەرییە
هەروەها چاكەش،
من منم
*
مەسەلەكە بە لێكتێگەیشتن دەستیپێكرد،
بەلێكتێنەگەیشتن تەواوبوو
*
بە درێژایی ڕۆژ باران دەباری
من بە درێژایی ڕۆژ نوستبووم
ئەو بەدرێژایی ڕۆژ دەگریا
*
هاوین بۆ تۆ
زستان بۆ من
بەهار بۆ تۆ
پایزیش هەر بۆ تۆ
*
بە زەحمەت ڕازی بوو
بە ناچاری وەڵامی دایەوە
بە شێنەیی گوزەشت
*
هاوڕێكانم
هەمیشە مایەی سەرئێشەن بۆ من
شتێكی نەیارەكانمم بە بیردا نایەت
*
چەند ساڵێك هاوڕێیەكی گیانی بە گیانیم بوو
وا دوو ساڵە
بە خوێنی سەری یەك تینووین
*
كۆشكی تەنیایم خاپوور بوو،
سەروەختێك میوانێكی ڕەزا قورس پەیدابوو
*
هاوڕێكانم لێم تێناگەن
ئاسان نییە تێگەیشتن لە كەسێكی دی
*
بەبێ غەم
بێ بەختەوەری،
بەرەو لایەك مل دەنێم
*
لە سەرەتای بەهاردا
لە ماڵ چوومە دەر
لە درێژترین شەوی هاویندا
لە ژێر درەختێكدا نوستم
لەپایزدا، با سەری بردم
*
بەدرێژایی شەو بیرم دەكردەوە
ئەوە وایلێكردم
بە درێژایی ڕۆژەكە بخەوم
*
خەونم بینی
كیسەڵێكی پیر
هەردوو چاوی هەڵكۆڵیم
*
خەونم بینی
سەربازێكم بەبێ سەر
*
چەند زۆرن ئەوانەی وەك من شەو بێدارن
هەریەك لەگۆشەی تەنهایی خۆیدا
*
لەتاو شەقام پەنا بە ماڵەوە دەگرم
لەبەر ماڵەوەش پەنا بۆ شەقام دەبەم
*
گورگەكان دەلورێنن
سەگەكان دەوەڕن
من هەڵدەلەرزم
*
بەبێ هۆ پێدەكەنم
عاشق دەبم، بێ هیچ هارمۆنییەتێك
دەژیم بەبێ فانتازیا
*