ڕووناکییەکی سارد، لە ئاسۆدا پێمان پێدەکەنێ

953
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: رامیار محەمەد

بەبۆنەی هەڵکردنی ئەم زریانی نامۆبوونەوە،

لەم جەنگەڵستانی تەنهاییەوە،

لەم غەڵبەغەڵبی بوونەدا…

بۆنی ئەشقی ئەم ژیانە ناگا بە من.

 

ئازیزم تۆ نازانی من لە هەڵاتنێکی هەمیشەییدام،

تۆ ویستت خۆشەویستییەکەت بە من بفرۆشی،

نەتزانی من خۆشەویستیم بەجێهێشت

لەناو دیوارە شکاوەکانی گەڕەکەکەمان.

بڕۆ ئازیزم، هیچ پەناگەیەک

لەم دڵە وشکەوەبووەدا نادۆزییەوە.

لەسەر سنگی ئەم هەموو خواوەندەدا،

لە جێگە تاریکەکانی ئەم ژیانەدا،

لە نێوان پەڕە دڕاوەکانی کتێبەکانمدا،

تۆم خنکاند،

نەمردی.

 

بڕۆ ئازیزم،

لە قەفەزی ژیانمەوە،

لەژێر ستەمی ئەو هەموو چەکەدا،

هیچ خۆشەویستییەک لەدایک نابێ.

یەک تکام لە تۆ هەیە،

کە ئەم شیعرەت بینی…

نەهێڵی بزانن من نووسیومە،

ئەگینا سەرم دەبڕن!

 

شاخەکانم فەرامۆشکرد،

پشتم لە ئەو دارە ڕووتانە کرد،

خۆمم لە خۆمدا دەربەدەر کرد،

ئیتر دڵمم ڕووخاند و

هیچ پەناگەیەکی تێدا نەمایەوە بۆ هیچ خودایەک!

 

تۆ هیچت لە دەست نایەت

لەناو ئەم هەموو بێکەسییەدا،

لەم بێ دەستییەدا و

لەم تاریکیی ڕۆژە،

ئەوەی پێت دەکرێ تەنها گریانە.

 

نایبینی مەگەر؟

وا ڕووناکییەکی سارد،

لە ئاسۆدا

پێمان پێدەکەنێ،

مەگەر نایبینی؟

تروسکاییەکی وشک،

لە ئاسمانەوە درۆمان بۆ دەکات.

 

تۆ هەرگیز هیچ نابینی،

هەرگیز فێرنابی هیچ ببینی،

پێم وابێ تۆ هەرگیز هیچت نەدیوە!

 

شەڕ بەخۆم دەفرۆشم،

لەم ئازارە تێناگەم!

قسەیەکم هەیە لێم وەربگرن:

بە پەنهانی خۆشەویستی بکەن،

لەم بەستەڵەکەدا

هیچ دارێک نابیننەوە بۆ سوتاندن.

من گڕ لە شیعرەکانم بەردەدەم،

وشەکانم توڕ دەدەمە بڵێسەی کۆتا نامەمان،

دەمەوێ خودایەک بخوڵقێنم،

کە ئیتر کاری بەسەر خۆشەویستی ئێمەوە نەبێ.

 

ژوورەکەم ساردە،

ئەم ڕاڕەوە ترسناکەی ماڵەوەمان زۆر دەمترسێنێ،

شەوە زەنگە،

خودا لەوە دەچێ نوستبێ!

 

من هیچ چەکێکم نییە،

بڕوا ناکەم بمەوێ هەشمبێ،

من شیعر دەکەمە چەک،

قسە بە زمان دەکەم…

شیعر دێنمە دەرەوە لە ماڵ،

کۆچی پێ دەکەم!

 

من هیچ خۆشەویستێکم ڕەنگبێ نەبێ،

لەوانەیە هەشمبێ،

من ڕقم لە هەستە،

هەست دەربەدەر دەکەم،

سەیرە!

ئەوەشی دواجار دەیباتەوە هەر هەستە.

 

باوڵەکەی باوکم دەکەمەوە،

دەڵێن شتی زۆر تێدایە،

بەڵام بۆگەنێک سەرتاپای ژوورەکەمی داگرت.

 

لەسەر شەقامەکان بە سەرخۆشی

گڕم لە خۆم بەردا،

نەمردم!

لە یانە شەوانەکان،

تا دوا ڕادەی مەستبوون خۆم مەستکرد،

چەقۆم لە خۆمدا،

نەمردم!

لە نامەیەکی خۆماندا وتم خۆم دەکوژم،

خۆم هەڵواسی،

نەمردم!

کێ بوو دەیوت قەدەری مرۆڤ

بە دەستی خۆیەتی؟

ببینن هاوڕێیان،

من قەدەریشم لەنێو دەستەکانی ئێوەدا

نێژراوە.

 

جانیوەری ٢٠٢١

بڵاوکردنەوە: