نووسینی: سان ساراڤان
بەشی یەکەم:
گرنگه بە پێكهاته‌كانی نووسینی سکریپت ئاشنا بین و هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سه و رێچكانه بگرینه به‌ر كه سینه‌مای جیهانی به‌رهه‌می هێناون، به تایبه‌تی له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا كه كه‌لێنێكی گه‌وره هه‌یه له نووسینی سكریپت و زۆرینەی كاره بهرههمهێنراوهكان گیرۆده‌ی هه‌بوون و داڕشتنه‌وه‌ی سكریپتێكی تۆكمه‌ن، كه هه‌موو پرنسیپه‌كانی نووسینی سكریپتی تێدا به‌رجه‌ستە بووبێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ده‌مه‌وێت میكانیزمی نووسینی سكریپت و توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا بخەمەڕوو.
زۆر گرنگیشه تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی نووسەری سکریپت ئازاده به چ ئاڕاسته‌یه‌ك كارده‌كات، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌م كه‌ره‌ستانه و ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه لێره‌دا باسی لێوه ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌م كه‌ره‌ستانه كه‌م تا زۆر له سكریپته‌كاندا ده‌بێت په‌یڕه‌وبكرێت، من ته‌نها نووسینی سینه‌مای ئێكسپریمنتاڵی لێ ده‌رده‌كه‌م، كه‌ئه‌ویش هه‌موو ئازادییه‌كت ده‌بێت و ڕه‌نگه هیچ هه‌ل و مه‌رجێك له‌م كه‌ره‌ستانه نه‌گرێته‌خۆ، هه‌ڵبه‌ته من زیاتر باسی سینه‌مای فیکشن ده‌كه‌م به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و سینه‌مایه‌ی كه شوناسی رۆژهه‌ڵاتیشی هه‌ڵگرتووه سەرەڕای جیاوازی کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
هیچ بیرۆكه‌یه‌كی سینه‌مایی به‌بێ بوونی پاڵه‌وان نابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانه‌كه ئاژەڵیش بێت هه‌ربۆیه ده‌بێت بیرۆكه و كاره‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كان بە هه‌ماهه‌نگی بنیات بنرێن.. چه‌ند خاڵێكی گرنگ هه‌یه كه ده‌بێت له سه‌ره‌تای نووسیندا خۆتت تێدا یه‌كلا كردبێته‌وه كه ئه‌م رێكاره سهرهتاییانهن:
- هه‌میشه پێش هه‌موو شتێك ئه‌و جیهانه هه‌ڵبژێره و ده‌ستنیشانی بكه كه كاركته‌ری پاڵه‌وانه‌كه‌تی تێدا دەژی، له‌چ ژینگه و بارودۆخێکدا ده‌ژین خۆیان كێن و ده‌وره‌به‌ریان كێیه و چی ده‌كه‌ن. نموونە زۆرن کە گوزارشت لەم خاڵە بکات، کەسێک لە سروشتدا دەژی و دەرووبەرەکە بریتییە لە سروشت و ڕەنگە ئاژەڵ و سەختی وەرزەکان. یان کەسێک لە جەنگدایە و دەرووبەر و باروودۆخی جەنگ دەووری داوە. یان کەسێک لە شارێکی پڕ ئاژەوە و گەڕەکێکی میللی و هەژارنشینە.
- كاره‌كته‌ری پاڵه‌وان كێیه؟ چی ده‌وێت و ئامانجی چییه؟ ده‌یه‌وێت به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو بنێت؟ کە ئەمەش لە سەرەتای فیلمەوە دەست پێدەکات و بە نێوەندێکدا دەڕوات و کۆتایی بە ئامانجەکەی دێت. لە هەندێک فیلم‌دا ئەم ئامانجە دەشێت سادە بێت و تەنها گوزەرانی ژیانێکی ئاسایی بەڵام دەکرێت ئامانجەکەی زۆر سانا بێت. یان کەسێکی بێکارە و بە دوای کارێک‌دا دەگەڕێت بە شکۆمەندی بیکات و خۆی لە کێشەکان بەدوور بگرێت، یان ئامانجی پاڵەوانێک ئەوەیە لە کێشە دەروونییەکانی ڕزگاری ببێت…مەرج نییە هەموو جارێک ئامانجەکە ئەرێنی بێت یان پاڵەوان پێی بگات، زۆرجار پاڵەوان ناگاتە ئامانج بەڵام ڕێبازەکەی دەبێتە کۆتا ئامانج، وەک ئەوەی لە فیلمی عومەر مووختار لە کۆتاییدا دەکوژرێت و بە شێوەیەکی ڕەمزی چاویلکەکەی دەبێتە ڕەمز بۆ گەلەکەی.
- هاوسۆزی بۆ كاره‌كته‌ره‌كه‌ت دروست بكه:
لێره‌دا هاوسۆزی به‌زه‌یی نیه، به‌واتایه‌كی تر هه‌موو جارێك خۆت بخه‌یته شوێنی ئه‌و وه‌ك به ئینگلیزی ده‌وترێت خۆت بخه‌ره پێڵاوی كاره‌كته‌ره‌كه‌ته‌وه بۆ ئەوەی بزانیت ئەوەی بەسەر ئەودا دێت بەسەر تۆدا بهاتایە چیت دەکرد و چۆن ژیانت دەگوزەراند. ئاشكرایه هاوسۆزی دروستكردن له رێگای دوو هۆكارەوە بەدی دێت:
یه‌كه‌م: دروستكردنی دۆخی ناله‌بار بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ت.
دووه‌م: فێربوون له‌و ناله‌بارییه.
ئه‌مه واده‌كات كه خوێنه‌ری سكریپته‌كه‌ت هاوسۆز بێت له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كه‌دا. خوێنه‌ر خۆی ڕووبه‌رووی ئه‌و پرسیاره ناڕاسته‌وخۆیه ده‌بێته‌وه گه‌ر من له شوێنی ئه‌وبم چی ده‌كه‌م!
ئەمەش بە قووڵبوونەوەی تەنگژە و کێشەی نەخوازراو دێت کە پاڵەوان ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە هەمان کاتدا و لە چەند لایەکەوە، یان دوا بە دوای یەکتر دێن و پاڵەوان پیایدا بە سەختی تێدەپەڕێت. وەک لە فیلمی پیررەمێرد و زەریادا، پیرەمێرد لە ناو چەقی زەریادا وەستاوە و خۆی شەکەتە و بارانیش دەبارێت خەریکە بەلەمەکەی پڕدەبێت لە ئاو سەرەڕای ئەوە نەهەنگیش شاڵاوی بۆ دەهێنێت، ئەوەی ئێمە و پیرەمێرد لێی فیردەبین هیواو ئارامیی و بەرگەگرتنی ناخۆشییە.
- قه‌تیسبوون و دروستكردنی گرێ كوێره‌یه‌ك كه به ئاسانی نه‌كرێته‌وه، به‌واتای ده‌گه‌یته شوێنێكی داخراو و هیچ رێگایه‌ك یان په‌نجه‌ره‌یه‌ك نامێنێت كه بتوانیت خۆتی تیا ده‌رباز بكه‌یت، هیچ بژارده‌یه‌كت نامێنێت كه بیگریته به‌ر.
- هه‌ڵپێچانه‌وه و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی شته‌كان: زۆرگرنگه ئه‌م توخمه كاری له‌سه‌ر بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی دارێكی ئه‌فسوناوی له ژووره تاریكه‌دا بدۆزیته‌وه و ده‌رگاكانت بۆ واڵا بكات، كه‌م تا زۆر به‌پێی چیرۆكی فیلمه‌كه‌ت به‌كارهێنانی هه‌ڵپێچانه‌وه و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه دووباره و سێباره ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش به‌پێی هه‌ڵوێست و ئه‌و بارودۆخەیە كه پاڵه‌وانه‌كه‌ت پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
هەر کێشەیەکی بچوک یان گەورە کاتێک ڕووبەڕوی پاڵەوانەکە دەبێتەوە ئەگەر لەگەڵ کەسێدا بێت یان ڕواڵەتی سروشتی (نموونەی بڕینی دەریایەکی بەستەڵەکی) بێت یان شتێک بێت (نموونە:وەک زانایەک لە تاقیگەیەکدا کار دەکات و کێشەی لە گەڵ چەند مادەیەکی کیمیاییدا هەیە لە گەیشتن بە دۆزینەوی چارەسەر بۆ ڤایرۆسێکی کووشندە). بە کرداری دەگاتە ترۆپکی ململانێ و شڵەژان بەرهەم دەهێنێت واتە دەگاتە خاڵێکی بەرز لە کڵایماکس، لە دوایدا کێشەکە هەڵدەگەڕێتەوە و هەڵپێچانەوە دروست دەکات، ڕەنگە دەرئەنجام بگەیتە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و دەرمانی ئەو ڤایرۆسە بدۆزیتەوە، جا ئەگەر بە کاتیی بێت و كێشەی تر تێیدا سەرهەڵنەدات یان بە هەمیشەیی بێت و کێشەکە بنبڕ ببێت، مەرجە پیشاندانی هەموو ئەمانە بە کردار بێت.
- یه‌كێكی تر له رێكاره سه‌ره‌تاییه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بوون و هه‌ڵچنینی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌یه كه پاڵه‌وان ڕووبه‌رووی ده‌بێته‌وه. هێشتا پاڵه‌وان كه له گرفتێك ده‌ربازی نه‌بووە، كه‌چی گرفتی دووه‌م و سێهه‌م و چواره‌م به‌سه‌ریدا ده‌بارێت.
- دروستكردنی هێڵی دووه‌م یان هێڵی باکگراوند بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌یت پاڵنه‌ره‌كانی كارەكته‌ر چین و چ هۆكارێكن. ئه‌میش زۆربه‌ی كات له فیلمه رۆژئاواییه‌كاندا له‌سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌دا پیشان ده‌درێت و زانیاری به‌خش ده‌بێت بۆ خوێنه‌ر كه بزانین به‌گشتی چی ده‌گوزەرێت. هێڵی دووەم زۆر گرنگە بۆ شیکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووری و دەروونی کە چواردەوری کارەکتەری سەرەکی گرتووە و سیاقی سکریپتەکەت پێکدێنێت.
- هێڵكاری و پلانت بۆ پاڵه‌وان هه‌بێت له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه ده‌بێت له‌سه‌ره‌تای سكریپته‌كه‌وه یان له ١٠ ده‌قه‌ی یه‌كه‌می سكریپته‌كه‌وه پلانی سه‌ره‌تایی و هێڵكاری ئاراسته‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌ت بزانیت. وە هێڵکارییەکت لە بەردەستی خۆتدا هەبێت و هەنگاو بە هەنگاو لە سکریپتەکەتدا دایبڕژێتەوە.
- تارمایی یان تارماییه‌كان ده‌بێت ئاشكرا بێت. هه‌میشه له‌كاری درامیدا به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ده‌بێت ئه‌م خەسڵەتە كاریگه‌ر بێت، كه‌ئه‌مه‌ش دەکرێت هۆكارێكی رابردوو بێت كه هه‌میشه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌یه‌وێت به‌سه‌ریدا زاڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئامانجه‌كانی. نابێت ئه‌م تاراماییه به‌خێرایی و له‌ماوه‌یه‌كی كورتی سكریپته‌كه‌ت بگاته ئه‌نجام. بۆیه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ئه‌وه‌یه كه به‌خێرایی له‌م تارماییه رزگارت بێت یان به‌ئازار نه‌بێت بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ت. وەک هەژاری و بێکەسی و جەنگ.
تا ئێستا ئێمه باسی پرۆسه‌ی نووسین ده‌كه‌ین نه‌ك به‌رهه‌مهێنان و چاره‌سه‌ركردنی ده‌رهێنان، بۆیه بۆ ئه‌م توخمه پێویسته به باشی له سكریپتدا ڕه‌نگبداته‌وه. ڕەنگە هەموو ئەم توخمانە زۆر بە سادەیی و کردەی بچووک گوزارشتیان لێ بکرێت.
- مۆته‌كه و كابووس كه پاڵه‌وان هه‌ڵگرێتی.
بۆ زیاتر قوڵبونه‌وه له دنیای ناوه‌كی و ده‌ره‌كی پاڵه‌وان وا پێویست ده‌كات ئاگامان لەو ترسه هه‌بێت كه پاڵه‌وان هه‌ڵگرێتی، ئه‌كرێت كه‌سێك یاخود شتێك بێت یان پێكهاته سروشتی بێت كه له پاڵه‌واندا له‌م سێ رێگایه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
– جه‌سته‌یی وه‌ك نه‌خۆشی و ته‌ندروستی و ژیان.
– كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و گرفته‌كان. خێزان و كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا له‌خۆ ده‌گرێت.
– دوا هۆكار ده‌رونییه كه ئه‌میش زۆرن وه‌ك زۆرلێكردن بۆ گۆڕینی بیروباوه‌ڕ و ته‌نگه‌ژه‌ی ده‌روونی و ترس لە شتێک بێت.
- پێشبینیكردنی ئاڕاسته‌ی ڕووداو: لێهاتوویی سكریپتنووس له‌وه‌دایه كه بتوانێت ده‌رفه‌ت بڕەخسێنێت بۆخوێنه‌ری فیلمه‌كه كه پێشبینی كۆتایی فیلمه‌كه بكات ، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی دیمەنێكی بچوك ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاكانی سكریپته‌كه‌دا بۆئه‌وه‌ی پێشانی بده‌یت و ده‌رفه‌ت بره‌خسێنیت كه خوێنه‌ر تەوەقوعی شتەکان بکات تا زیاتر تێكه‌ڵی ڕووداو و هێڵه درامیهكەت ببێت و ئاوێته‌ی ببن… له‌گه‌ڵ مۆته‌كه و كابوسی پاڵه‌وانه‌كه كارلێك بكات زیاتر. (وەک ئەوەی لە فیلمی ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، لە دیمەنێکی بچووکدا منداڵەکان بە دوای کاردا وێڵن و برسێتی و سەرما تەنگی پێ هەڵچنیوون و کەسانی هەلپەرست ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە و ژیانی منداڵانی پێ تاڵ ئەکەن)
- ڕه‌نگدانه‌وه و ئاوێنەدانەوە كه مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كارهكتهرهێكی لاوه‌كی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌خشێت و ئاوێنەکردنەوە و لاسایی پاڵەوان و بەهاکانی بکاتەوە ، ئه‌ویش له‌ڕیگه‌ی كرده‌ی جه‌سته‌یی و فیزیكی ده‌بێت یان دایه‌لۆگ.. ئه‌م كاره‌كته‌ره لاوه‌كیه هه‌ڵده‌ستێت بهلاساییكردنهوهو هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی شوێن پێی پاڵه‌وان، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی كاردارنه‌وه‌ی دره‌وونی ده‌بێت بۆ كاره‌كته‌ری پاڵه‌وان یان زۆرجار ئه‌م كاره‌كته‌ره لاوه‌كیه ئه‌یه‌وێت وه‌ك پاڵه‌وانه‌كه بێت به‌ڵام ناتوانێت وه‌ك ئه‌و كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد ئەو پێكهاتانەی سه‌ره‌وه سه‌ره‌تاییترین هه‌نگاون له‌پێناو دروستكردن و نووسینی سكریپتی فیلم دا كه ئه‌شێت به‌پێی بابه‌ته‌كه‌یان بیرۆكه‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت جا گه‌ر هه‌رجۆرێك بێت له فیلمی فیكشن. ئەکرێت لە فیلمێکدا بەکەمترین ڕیژە ئەمانەی تیا بەکار بهێنرێت.
هه‌ندێك پێكهاته‌و توخم هه‌ن له نووسینی سكریپت دا کە ده‌بنه ناواخن و كه‌ره‌سه‌ی پەیوه‌ندی ناو پێكهاته‌كانی تری نووسینی سكریپت، كه‌ئه‌مانه‌ش ده‌كرێت به‌كار بهێنرێت بەپێی بیروباوه‌ڕو جۆری فیلم و رووداوه‌كان، ئه‌م كه‌ره‌سه نێوهندیانه ده‌شێت ببێتە داینامیك و باڵابوونی هێڵی درامی ناو چیرۆك .
- پێچاوپێچ بوون و گه‌ڕانه‌وه و لهمپهرو به‌دبه‌ختی ئه‌مانه هه‌مووی كهرهسهن كه ده‌كرێت جێگای بكرێته‌وه له سكریپتدا. بینه‌ر یان خوێنه‌ر ده‌بێت بوارێكی هه‌بێت به‌وه‌ی چی رووده‌دات، واته بوار بده به‌بینه‌ر پێشبینی و خه‌مڵاندن بكات بۆههنگاوی داهاتوو كه ئه‌مه‌ش سه‌رنجی زیاتر دروست دەکات بۆ چیرۆكه‌كه‌ت.
- پێشبینیكردن ئاسان بكه بۆ بینه‌ره‌كه‌ت ، با زۆر ئاسانیش نه‌بێت ، چونكهگهر ئاسان بێت هێڵی درامی فیلمه‌كه‌ت دائەتەپێت، بوونی دەرفەتی پێشبینی كه‌ره‌سه‌یه‌كی گرنگه له تەبا بوون لەگەڵ هێڵه درامیهكهت.
- ڕیكه‌وت، كه‌ئه‌مه‌ش وه‌ك توخمێك به‌كاربهێنرێت به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو وچنراو، ده‌كرێت یه‌ك تا دووجار له‌م توخمه به‌كاربهێنرێت به‌ڵام گه‌ر زۆرتر‌بوو ئه‌وا ڕه‌نگه ببێته هۆی داپچرانی بینه‌رو خوێنه‌ری سكریپته‌كه‌ت. زۆرینەی فیلمە باووەکانی بۆلیوود ئەم کەرەستەیە بە شێوەیەکی زیادەڕۆیی تیا بەکار ئەهێنرێت.
- غه‌مگینی وتاریكی ، كه‌ره‌سه‌یه‌كی نێوهندیه كه‌وا لهپاڵهوانهكهت ده‌كات دوور بكه‌وێته‌وه له‌ئامانجه‌كانی كه هه‌میشه هەوڵدەدات لێی ده‌ربچێت و بوه‌ستێت بەڵام ڕەنگە سەخت بێت ، به‌ته‌واو بوون و زاڵبوون بە سەر غه‌مگینی وتاریكی ڕەنگە ببێته كۆتایی هێڵهكهت، بۆیه تا دواساته‌كانی سكریپته‌كه‌ت ده‌بێت به‌رده‌وام بێت و ببێته هانده‌ر بۆ به‌رده‌وامی كاره‌كتەره‌كه‌ت له پێکانی ئامانجه‌كەیدا. به‌كارهێنانی به‌پێی چیرۆكهكهدهگۆرێت . زۆر سكریپت هه‌یه پاڵه‌وان ده‌گاته ئامانج و كۆتاییه‌كی تراژیدی و تاریك له‌خۆ ده‌گرێت.
- كۆتایی سكریپته‌كه‌ت یان فیلمه‌كه‌ت.. چه‌ند جار فیلمت بینوه و كۆتاییەكەیت به‌دڵ نه‌بووه؟ هه‌ڵه‌بەته زۆرجار.. یان هه‌ندێ جار ته‌كنیكی كۆتایی پێهێنانی فیلمه‌كه‌ت به‌دڵ نییە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشەکە زۆر گه‌وره‌یە و دەگوزەرێت لە سەرەتا و ناوەندی سکریپتەکەت بەڵام گه‌یشتن بە كۆتایی زۆر کەمووکوورتی تێدایە ، بۆیه ده‌بێت كۆتایی سكریپته‌كه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی بڕوات ، ئاگات له هه‌موو ئه‌و دیمەنانه بێت كه دەیگوزەرێنیت له‌سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاستدا..
پێكهاته‌ی سكریپته‌كه‌ت لهكارهكتهرو ڕه‌شنوس(وه‌سفی دیمەنەکان)و دیالۆگ پێك دێت
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بچمه سه‌ر چه‌ند رێسایه‌كی دروستكردنی كاره‌كته‌ر له سكریپتدا كه‌ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن:
- ئامانجی سه‌ره‌كی پاڵه‌وانه‌كه‌ت.. ئایا پاڵه‌وانه‌كه‌ت ئامانجی چییە ؟ سه‌ره‌ڕای سەرجەم به‌ربه‌ست و بارودۆخه‌كان ده‌یه‌وێت بگاته چ ئامانجێك ، ئه‌مه گرنگترین خاڵه بۆ كاره‌كته‌ری پاڵه‌وان دیاربكرێت.
- پێداویستییه ناوه‌كییه‌كانی پاڵه‌وان ده‌بێتە به‌ربه‌رست بۆئه‌وه‌ی نه‌گاته ئامانجه‌كانی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌یش خۆیان ده‌بنه گرفتی لاوه‌كی له سكریپتهکه،. نموونه پیداویستی ناوه‌كییه‌كان زۆرن ( خۆزگه‌یه‌ك كه ئه‌بینرێت یان هۆگربوونێک، ناسینه‌وه‌و تێگه‌یشتن، دڵنیایی و ده‌ستبه‌رداربوون، خۆشه‌ویستی، هه‌ستكردن به‌ژین ، هه‌ستی گه‌شه‌كردن و برەودان…هتد)
- پلانی كاره‌كته‌ره پاڵه‌وانه‌كه.. كه‌ئه‌مه‌ش ده‌بێت زۆر ڕوون بێت بۆنووسهری سكریپته‌كه، پلانه‌كانی چیین سه‌ره‌ڕای گرفت و لهمپهرو نه‌هامه‌تی و كێشه ناوه‌كییه‌كانی پاڵه‌وان، ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانه‌كه واز له ئامانجه‌كانی بهێنێت، ئه‌وا هه‌موو شتێك كۆتایی دێت و داده‌چێت.. ره‌نگه هه‌ندێك جار بته‌وێت كه پلانه‌كه بگۆرێت ، ئه‌مه‌ش پێده‌چێت ئاسانتر بێت به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مه‌ش بینای بۆ بكرێتەوە سەر لە نوێ.
- مۆتیڤ و خواسته‌كان: كه ده‌كرێت ئه‌مه‌ش دووبه‌ش له‌خۆ بگرێت كه:
مۆتیڤ و پاڵننهره ده‌ره‌كییه‌كان كه له‌كه‌سی دژ و به‌دكاردا به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌بێته هانده‌ر بۆ درێژه‌پێدانی سكریپته‌كه. هه‌روه‌ها مۆتیڤ و پالنه‌ره ناوه‌كه‌ییه‌كان ، كه‌ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یه بەو كێشه ناوه‌كییانه‌ی پاڵه‌وانه‌كه به‌به‌رده‌وامی په‌رچه‌كرداری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
پاڵه‌وان ده‌كه‌وێته سه‌ر لێواری مەرگ و ژیان… وه‌ك پێشترباسم كرد دروستكردنی هاوسۆزی زۆر گرنگه كاتێك كه پاڵه‌وان ده‌كه‌وێته بارودۆخێکی ناهەموار و هاوسەنگی تێکده‌چێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێك ده‌بێته‌وه كه‌زۆر سەختە ئاڵنگاری بكات، نموونه‌ش زۆرن وه‌ك مناڵبوون و ژنهێنان و جیابوونه‌وه‌و.. بێ لانه‌یی، مایه‌پووچبوون، نه‌خۆشی و ئالووده‌بوون.. هتد.
ململانێ- (کۆنفلیکت):
كێشه‌كان له سكریپتدا هه‌میشه ده‌كرێن به دوو به‌شه‌وه:
- ململانێی لاوه‌كی، هەموو ئەو کێشە و ململانێ بچووک و مامناوەندییانە دەگرێتەوە کە کارەکتەر دێتەبەردەمی بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دژوەوە یان هەندێ کارەکتەری لایەنگری خۆی یان هەڵوێست و باروودۆخی گشتی.
- ململانێی ستوونی یا سه‌ره‌كی … ڕاستەوخۆ ئەو ململانێیانە دەگرێتەوە کە دژە پاڵەوان بۆی درووست دەکات یان باروودۆخی گشتی هەر لە سەرەتای سکریپتەکەوە روو دەدات بە یەک هێڵی سەرەکی تا دەگاتە کۆتای سکریپتەکە کە دەبێتە بەربەست و درووست‌کردنی کێشە لە گەیشتنی بە ئامانجەکەی
په‌یوه‌ندییه‌كانی پاڵه‌وان
ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ئه‌وه‌بێت له سكریپتدا كه پاڵه‌وان ته‌نیا بكه‌یت و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نه‌بێت به ده‌وروبه‌ریه‌وه، بۆیه ده‌بێت هه‌میشه په‌یوه‌ندیه‌كی سه‌رتاسه‌ری هه‌بێت بهدژهكهیهوه، دژەکەی(کە دەکرێت کەسێک نەبێت بەڵکو باروودۆخی ژیان خۆی بێت) یان دووژمنه‌كه‌ی دەبێت به‌باشی دروست بكرێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه ته‌واو بكات له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی.. كه‌ره‌سه‌یه‌كی تری ئه‌م په‌یوه‌ندییه، بوونی چه‌ند ده‌مه‌وانه‌یه‌كە یان دەرچەیەكە (وەک وەلفی مەنجەڵی هەڵمیین) پێویستە بوونی هەبێت بۆ ئەوەی ئەو په‌یوه‌ندییانه‌ی پیادا تێپه‌ر بێت كاتێك کە پەیوەندییەکان درێژه ده‌خایه‌نن، بوونی هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی پەستان و گووشار لە پەیوەندییەکاندا (نموونە، کەسێکی دژ یان لایەنگر بە درێژای هێلی چیرۆکەکە هاودەمی پاڵەوان دەکات ، دەشێت ئەم پەیوەندییە لە کەلێنێکدا کۆتایی پێبهێنرێت لە خزمەتی چیرۆکەکەشدا بێت وەک پاڵنەری دەرەکی و ناوەکیش سوودی لێ ببینرێت). هه‌روه‌ها بوونی ووت‌وێژی ئه‌خلاقی و ئاكاریی كه‌ره‌سه‌یه‌كی ترە بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان. هەبوونی چەند لاوازیەک سه‌ره‌ڕای به‌هێزی پاڵەوانەکە زۆرگرنگە له‌په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كاندا. دروستكردنی دژه‌كان له‌ناو خوودی پاڵه‌وان زۆر گرنگه واته پاڵه‌وان ئه‌بێت چه‌ند سیفه‌تێكی دژی هه‌بێت تا په‌یوه‌ندییه‌كەی به‌ره‌و ئاڕاستەیەک بڕوات. نموونە وەک کەلەڕەقی سەرەڕای هەوڵ ودنیابینی .. دوا كه‌ره‌سه‌و توخمی په‌یوه‌ندی شوێن و جوگرافیایه‌كه ئه‌شێت پاڵه‌وان به‌به‌رده‌وامی له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا بسوڕێته‌وه.
- شووێنی رووداوه‌كان، وه‌رزی بۆنه‌و نه‌ریت، سروشت، كه‌ش و هه‌وا هه‌ندێك تێروانینی كلاسیكی هه‌یه بۆ كه‌شه سروشتییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ نموونه
هه‌وره بروسكه: هۆگری و هه‌ودابوون، تیرۆر، مردن.. هتد.
باران: :- دڵته‌نگی، ته‌نیایی، بێزاری، له‌باربوون، ڕۆمانسیەت
با :- په‌رتبوون، تێكچوون.
ته‌م:- سه‌رلێ شێوان، په‌نهانی” نادیاری و ئاڵؤزی
خۆر:- دڵخۆشی، ئازادی، گه‌نده‌ڵی، باوه‌ڕی شاراوه.. هتد
به‌فر:- نووستن، مردن، پاكژی و هێمنی، كپبوون
- چۆڵەوانی: پاڵەوانێکی باڵا
- گوند: پاڵەوانێکی کلاسیکی
- شار: پاڵەوانێکی ئاسایی
- شارێکی ستەمکار: دژە پاڵەوانێک
به كورتی:
- له‌رێگه‌ی ستراكتۆره‌وه كاره‌كته‌ره‌كه‌ت كه‌شف ده‌بێت.
- پاڵه‌وان مه‌رجه كێشه‌ی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی هه‌بێت.
- قۆناغه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كه‌ت ، ئەوە هه‌ڵبژیره کە ده‌گونجێت له‌گه‌ڵیدا
- ئه‌و حیكایه‌تخوانه به‌جۆشەی كه له‌ناختدا گوزه‌ر ده‌كات مەیکوژە و هەرگیز فەرامۆشی مەکە چوونکە زۆرت دەداتێ و بیرت فراوان دەکات .
نووسینی دیمەن
دیمەنیش له دووبه‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت ، ئه‌وانیش دیالۆگ و ڕه‌شنووسه،وەک ووتمان ڕەشنووس زانیاریەکە وەسفی شوێن و کات و کردە دەکات لەگەڵ ناوی کارەکتەرکە، واباشتره كه‌مترین ڕەشنووس هه‌بێت وه‌ك چۆن کەمتریین دیالۆگیشیت هەبێت.
رێكاری بنچینه‌یی نووسینی دیمەن:
- ئه‌وه بنووسە كه ده‌یبینیت له‌سه‌ر سكرین نه‌ك ئه‌وه‌ی لە مێشكتدا هەیە، ئەمە یەکێکە لە گرفتی سکریپتنووسوکانی ئێمە زۆر جار ئەوی بە دەمی پێت دەڵین لەسەر چیرۆکی سکریپتەکە زۆر جوانترە لە خوێندنەوەی و بینینەوەی لەسەر سکریین. ئه‌مه‌وێت ههڵویستییهك بكه‌م له‌سه‌ر جیاوازی چیرۆكنووسی ئه‌ده‌بی و سكریپتنووس ، زمانی وەسف زیاتر کەرەستەی چیرۆکەنووسە بەڵام سکریپتنووس بەکردە بەشێکی بچووک یان نیشانەیەکی بچووک وێنە دەکات، هەروەها دەبێت دروستكردنی وێنه بێته ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵ و مێشك، خوێنه‌ری سكریپت ئه‌و وێنه‌یه له رهشنوسدا درووست بكات نه‌ك خوێنه‌ره‌كه‌ی خه‌یاڵ دروست بکات بۆ وەسفی بارودۆخەکە وەک لە چیرۆکدا هەیە. ئه‌مه‌ش بهئاڕاستهكردنی زمانی نووسین دروست دەبێت بۆنموونه ناڵێین كاروان خه‌مۆكی هه‌یه چونكه نیشانه‌كانی خه‌مۆكی زۆرن ، زۆرجار خوێنه‌ر به‌وشێوه‌یه وه‌ریده‌گرێ، كه له مێشكی خۆیدایه و وێنەی خۆی بۆ درووست دەکات، ده‌ڵێن كاروان شانه‌كانی داته‌پیوه و چاوی لەزەوییە.. بۆیه ئه‌و نووسەرهی كه بیرۆكه‌كه‌ی زۆربخاته ناو سكریپته‌وه ئه‌وه واباشتره ئیشكه‌ی بكاته رۆمان نه‌ك سیناریۆ.. وەک ئەوەی ئالان پارکەر کردی لە ٢٠٠٣ڕۆمانی (The Sucker’sKiss) دا، سەرەتا وەک سکریپت دەستی پێکردوو ووتی نەمتوانی وەک سکریپتنووس بەرداوام بم لەگەڵیدا بۆیە کردمە ڕۆمان.
- كاری سه‌ره‌كی سكریپت : وه‌سفكردنی ئاكشن وكردهیه وه‌ك ئەوەی چۆن له‌سه‌ر سكرین ده‌رده‌كه‌وێت، بۆنموونه نه‌نوسیت كاروان و نێرگز به‌گه‌رموگوڕی له‌سه‌ر جێگه‌ن، به‌ڵكو بنوسی كاروان ڕاكشاوه نێرگز ده‌ستی له‌سه‌ر سنگی كاروان داناوه و كاروانیش ده‌ستی لهسهردهموچاوی نێرگزه.
- زیاده‌رۆیی مه‌كه له نووسین.. كێشه‌ی نووسه‌ری ئێمە ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێت زۆر بلێت و هه‌موو شتێك جێگابكاتهوهو، مه‌نووسه كاروان قاچی چه‌پی له‌سه‌ر قاچی ڕاستی داناوه له‌سه‌ر کوورسیەکی تەختە دانیشتووه، قاوه ئه‌خواته‌وه، قاوه‌كه‌ش له‌ده‌ستی ڕاستیه‌وه ده‌خاته ده‌ستی چه‌پی و ره‌نگی كوپه‌كه سپی و گوڵداره، ده‌یه‌وێت قاوه‌كه بخواته‌وه یه‌كسه‌ر زەنگی ته‌له‌فون لێ ده‌دات.. ئه‌توانیت به كورتی بنوسه كاروان له‌سه‌ر کوورسیەکە جێ به‌خۆی ناگرێ ، كه زەنگی ته‌له‌فوون لێ ده‌دات قاوه‌كه ده‌پرژێنێت لە دەستی.
- هه‌ر دیمەنێك ده‌بێت وه‌ك سكریپته‌كه سه‌ره‌تا و ناوه‌راست و كۆتایی هه‌بێت، نه‌ك سه‌ره‌تاو ناوه‌راستی بۆدروست بكه‌ین ، ئێمه‌ی خوێنه‌ر و بینەر هه‌ر چاوه‌ڕێ كۆتایی بینین، چونکە ئەمە بهلاڕیمان ده‌بات و دادەپچێرێین له هێڵی درامێكه..
میتۆد‌و رێکاری نووسینی دیمەنێك
سكریپتنووس ده‌بێت ئه‌م به‌رچاوڕونیانه‌ی هه‌بێت كاتێك ده‌یه‌وێت دیمەنێك گه‌لاڵه بكات، بۆیه واباشتره ئه‌م خاڵانه په‌یڕه‌و بكات وەک هێڵکارییەک بۆ خۆی:
- ژماره‌ی دیمەن
- كۆتایی دیمەنی پێشوو
- كێ له دیمەنه‌كه‌دایه
- بیرۆكه‌ی دیمەنه‌كه بۆنموونه( كاروان و نێرگز جیاده‌بنه‌وه)
- ئامانجی سه‌ره‌كی كاره‌كته‌ری پاڵه‌وان(كاروان ده‌یه‌وێت داوای هاوسه‌رگیری بكات).
- كۆتایی دیمەنه‌كه(نێرگز، ڕای لێ نابێت).
- كێشه‌كه چییه؟. ( نێرگز ده‌مێكه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه کاروان بێتەخوازبێنی به‌ڵام كاروان زۆر دره‌نگ داوای هاوسه‌رگیری لێ‌كرد).
- خاڵی وه‌رچه‌رخان( كاروان ئه‌ڵقه‌یه‌ك پیشانی نێرگز ده‌دات).
چه‌ند رێكارێك بۆكارهێنانی فێڵی ته‌نکیکی و ڕه‌شنوسی سه‌ركه‌وتوو:
١-ئه‌كشن وكرده: ئه‌كشن/ كرده پێكهاته‌یه‌كی بنچینه‌ییه ده‌كه‌وێته نێوان دایایهلۆگ و یان چه‌ند دیالۆگێكهوه، بۆیه واباشتره ئه‌كشن بنوسیت نه‌ك وه‌سف( وه‌سف زیاتر ده‌كه‌وێته ناو نووسینی ئه‌ده‌بیاته‌وه)، ئه‌كشن وا له‌ستافی به‌رهه‌مێھن ده‌كات ببزوێن و هه‌ریه‌ك لای خۆی دیدی خۆی بكاته سه‌ری و هاوبه‌شی زیاتر دروست ببێت.
٢- ئاماژەبەخشین و زانیاری:ئه‌و شتانه به‌كاربهێنه كه ده‌تباته سه‌ر زانیاری نوێ تر.. واته چه‌ند نووسینێك هه‌ڵبژێره كه زانیاری به‌خشبن وه له‌مەوه زانیاری زیاتر بدات له‌پێشاندانی بار‌و دۆخێكی دیاریكراو.. بۆنموونه سیمای ژورێك وێنه بکه كه زانیاری ته‌واوت ده‌داتێ له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كه‌ت، ژورێك دووئینجانهی جوان و چه‌ند كتێێكی ریزکراوی تێدایه له‌سه‌ر مێزێك له‌گه‌ڵ چاویلكه‌یه‌ك.. یان ژورێك نیو كوپ قاوه‌و ته‌پڵه‌كێكی پڕ له فلته‌ری جگه‌ره‌ی له‌سه‌ره، چه‌ند په‌ره‌كاغه‌زێكی لولكراو بڵاوبۆته‌وه له‌سه‌ر مێزه‌كه..
٣-جوڵه‌كان وێنه بكه:هه‌میشه كه‌مترین وه‌سف بهكاربێنه لهكردهو جوڵه‌كاندا واته جوڵه‌و كرده ئاوێته بكه، له جیاتی وه‌سفكردنی یان كه‌مترین به‌كارهێنانی ووشه‌ی وه‌سفی، ئه‌بێت ئه‌م سێ خاڵه په‌یره‌و بكرێت له ڕه‌شنووسدا ( ژمارەی دیمەن، چ کاتێکە لە ڕۆژ یان شەو، لۆكه‌یشن و ناسینی كاره‌كته‌ر، چی ڕووده‌دات…).
نموونه( له ژوڕێكدا ، رۆژه، كاروان ، نوقمی كۆمه‌ڵه فایلێكی كۆن و بێ سوود بووه).
٤- ڕێسای زمان نووسین : كه ده‌بێت زۆر ساده بێت ، زمانی خوێندكارێكی ناوه‌ندی ئاسا بێت ووشه‌ی قورس و زاراوەی ئاڵۆزی تێدا به‌كار نه‌هێنرابێت.
٥-فرمانی لاواز: واز له‌به‌كارهێنانی زمانی لاواز بێنه بۆنموونه: كاروان ده‌چێته ژووره‌كه‌ی، (چوون )كردارێكی گشتی یه چه‌نده‌ها ووشه‌مان هه‌یه گوزارشت له چوون بكات وه‌ك ڕاكردن، بازدان، خۆهاویشتن، قایمكردن، خزان، دزه‌كردن، ڕاكێشان، تێ ته‌قاندن، قه‌ڵه‌مباز.. هتد.
٦-به‌كارھینانی زاراوه‌ی داینامیكی وئیكۆنۆمی..واز له‌به‌كارهێنانی ده‌یه‌ها ووشه بێنه، كه بته‌وێت مانا به‌رهه‌م بهێنت ، بۆیه ده‌توانیت به دوو‌و ووشه هه‌مان مانا بگه‌یه‌نێت، وه‌ك ده‌ڵێن به‌به‌ردێك دوو چۆله‌كه بپێكه یان (خیر الکلام ما قل و دل)..
٧-وه‌ك ریكلام بنووسه. وه‌ك ده‌وترێت ئیكۆنۆمی كردن له ووشه‌دا خۆی به‌ربه‌سته به‌ڵام به‌ربه‌ستێكی داهێنه‌رانه‌یه، چه‌ند ووشه‌یه‌كی كه‌م به‌كاربهێنه كه ئاماژه‌ن بۆ شتی تر وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕیكلامدا په‌یره‌و ده‌كرێت.
٨- هه‌ست واڵا بكه: واته په‌ردە له‌سه‌ر هەستی دیمەن پەخشان بكه، هه‌ستی دیمەنەکە بدۆزەرەوە بۆئه‌وه‌ی هه‌ست بە ڕووداوەکە بكه‌ین ، نه‌ك شته‌كان چۆن ده‌بینرێ بە بێ ڕۆح. نووسەری سكریپت ده‌بێت دەستنیشانی هه‌سته‌کان بکات ، دیمەنەکە چ هەستێکت دەداتی، بۆنموونه بنوسه( ده‌ره‌وه، شارێكی جه‌نگه‌ڵستان.. ئێواره، داروپه‌ردووی ڕوخاوی شارێیكی نوێ، بینای داڕمان ، سوتانی سه‌یاره، ڕیكلامی دوکانەکان شێواوه.. ته‌لی پچراوی دارتێڵی كاره‌با، شۆرتی كاره‌با، وه‌ك قیامەت وایە).
٩-واز له شیعریه‌ت بێنه له نووسیندا : به‌واتای واز له وێنه‌ی ئه‌ده‌بی و وه‌زن و قافیه‌و ئه‌جناس و ووشه هاوده‌نگه‌كان و كه‌ره‌سه‌ی جوانكاری بهێنە، تۆ ناته‌وێت زمان جوان بكه‌یت به‌ڵكو ده‌ته‌وێت نووسین و سكریپته‌كه‌ت پیشان بده‌یت، ئه‌مانه ده‌بنه هۆی به‌لادابردنی خوێنه‌ری سكریپته‌كه‌ت، كاری تۆ بۆ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر ئاوێته‌ی سكریپت و دیمەنه‌كه‌ت بكه‌یت نه‌ك وه‌ستایه‌تی خۆت لە ووشهسازیدا پیشان بده‌یت.
١٠- ڕێكاری چوار ڕسته‌یی: ڕەشنوسهكه نابێت درێژ تر بێت له چوار ڕسته، خۆ ئەگه‌ر كه‌متر بێت زۆر باشتره ، گه‌ر ئاكشنت زۆربوون ئه‌وا واباشتره فێڵێك به‌كاربهێنیت ، ئه‌ویش دانانی دیالۆگ له‌دوای چواره‌م ڕسته‌وه. خۆئه‌گه‌ر سكریپته‌كه‌ت دیالۆگی كه‌م بوو ده‌توانێت (ده‌نگی پڕكه‌ره‌وه و گوزارشتیی ده‌نگی به‌كاربهێنیت).
١١- ستاێڵی په‌ڕه‌كانت:.. باپهرهكانت ئاسان بخوێنرێته‌وه و سه‌رنج ڕاكێشن بن، ده‌توانیت گه‌شه به ستایڵی خۆت بده‌یت له نووسینی ڕه‌شنووسدا.
١٢-كاره‌كته‌ر... ڕه‌نگه قه‌ت نه‌توانیت بگه‌یت به وه‌سفی كاره‌كته‌ری خۆت بۆیه ئه‌و پرسیاره له خۆت بكه ، ئایا به‌سێ ووشه ئه‌توانم كاره‌كته‌ره‌كه‌م وه‌سف بكه‌م ( كاروان.. ناكه‌س به‌چه… پاڵه‌وانی شه‌وان…. سەردەستە).
١٣- فەرمانی راستەخۆی چالاك… هه‌میشه فەرمانی چالاك به‌كار بێهنه بۆنمونه كاروان هه‌وڵ نادات له‌سه‌ر كورسیه‌كه دابنیشێت به‌ڵام له‌سه‌ر كورسیه‌كه داده‌نێشێت ئه‌مه هه‌ڵه‌یه چونكه (هه‌وڵدان) ووشهیهكە ووزه‌ی فرمانه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه و وا له هێزی كاروان ئه‌كات ڕۆبچێت.
١٤-ووشه‌ی نه‌زۆك تێپه‌ڕێنه… كاتێك ڕسته‌كه‌ت ته‌واوكرد ئیتر بۆسته ووشه‌ی تر مه‌خه‌ره كۆتایی کە بتباته سه‌ر ڕسته‌یه‌كی نه‌وتراو و ڕسته‌ی داهاتوو.. ڕسته‌كه كه ته‌واوبوو بۆسته.
١٥-واز له هه‌روه‌ها وبه‌ڵام بێنه.. له نووسینی ڕه‌شنوسدا ئه‌م ووشانه هه‌رگیز به‌كارمه‌هێنه چونكه درێژدادڕت دەکەن .
١٦-متمانه به‌خۆت بێت….. یه‌كه‌میان نه‌بوونی متمانه‌یه به خۆت و دووه‌میان داوخستن و خۆسه‌رقاڵكردن بۆیه زیاتر بخوێنه‌ره‌وه و ئەزموون بکە تا متمانه‌ت به‌خۆت هه‌بێت.
ته‌نها یه‌ك سكریپت مه‌نووسه وته‌واو ئیتر… به‌رده‌وام به وپهیوهندییهكانت به‌هێز بكه.. ئه‌بێت بزانیت چی له‌و نووسینه‌ت ئه‌كه‌یت كه ته‌واوت كرد هاوبه‌شی پێ بكه، ڕه‌نگه بتوانیت له‌سه‌ر تۆره‌كان بڵاوی بكه‌یته‌وه. هەرگیز دەست مەنێ بەڕووی کەسەوە، گەر داوات لێ‌کرا بنووسە بە مەرجێک لە بیڕووباوەڕی خۆت لا نەدەیت.
١٧- تامه‌زرۆمان بكه.. بۆ ئه‌وه‌ی تامهزۆرمان بكه‌یت هه‌ر په‌ڕه‌یەکی سكریپته‌كه‌ت پێویسته وه‌ك درامایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بنوسیت و خوێنه‌ر تووشی خرۆشان بكه‌یت، و ووزه‌ی زیاتری خوێندنه‌وه‌ت بداتێ.
١٨– ووشه چنینی و مۆنتاژكردن… گه‌ر هه‌ستت كرد زیادهرۆیت له نووسینه‌كه‌ت دا كردووه ئه‌وه هه‌ڵده‌گرێ کە كورتی بكه‌یته‌وه. نەک تەنها زۆر وه‌ك كەم وایه، بەڵکو ڕەوتی نووسینەکەت دەشێوێنێت. زۆر هاوڕێمان هەبووە دڵی نەهاتووە دیمەنێک لە نووسینەکەی لا بدات لە بەر زۆر هۆکار، بۆیە لە دواییدا زیادە ڕۆی درووستکردووە و ئاقاری سکریپتەکەی بەلاڕێدا بردووە.
دیالۆگ.. وێنه‌یه‌ك بارته‌قای هه‌زاره‌ها ووشه‌یه
ده‌بێت دانانی دیالۆگ دوا قۆناغی كاركردنت بێت، له‌دوای ته‌واوكردنی ڕشه‌نووسی سكریپته‌كه‌ت.. ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه كه باسی لێوه ده‌كه‌م.. كه چوارچێوه‌ی سكریپته‌كه‌ت ته‌واوكرد به‌ووردی كار له‌سه‌ر دیالۆگ بكه.
وێنه‌یه‌ك بارته‌قای هه‌زاره‌ها ووشه‌یه.. بۆیه نابێت دیالۆگ دووباره باسكردنه‌وه‌ی ئاكشن بێت.. كه ئاكشنت هه‌بوو ، با دیالۆگ دووباره باسی ئاكشنه‌كه‌ت نه‌كاته‌وه ،. شتێكمان پێ مەڵێ كه بینیومانه..
سێ خاڵ گرنگه له دیالۆگدا ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه با كاره‌كته‌ره‌كه‌ت قسه بكات نه‌ك بینه‌ره‌كه‌ت، و چیرۆكه‌كه‌ت نه‌هاژوێت، هه‌میشه باكارهكتهرهكانت هه‌ڵگری نهێنینهیهكی خۆیان بن ڕه‌نگه دیالۆگ گوزارشت لەوه بكات.
كاتێك دیالۆگ ده‌نوسیت ڕه‌چاوی ئه‌م مه‌رجانه بكه:
١-دراسه‌ی كاره‌كته‌ر: هه‌ر كاره‌كته‌رێكت له مێشكی خۆتدا نه‌خشاندبێت ده‌بێت بواری ئه‌وه بده‌یت له مێشكی خۆتدا پرسیاریان لێ بكه‌یت و قسه‌یان بۆ بكه‌یت له‌ده‌ره‌وه‌ی سكریپته‌كه‌ت، گهرنهتوانیت وه‌ڵامیان بده‌یته‌وه ئه‌وا به‌باشی كاركته‌ره‌كانت نه‌ناسیوه له‌به‌رئه‌وه كاره‌كته‌ره‌كانت بناسه.
٢- سكیچی دیمەنه‌كه‌ت هه‌بێت.. چونكه ده‌بێت بزانیت هاتنه ناوه‌وه وچوونه ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت كه‌یه و بۆچی..
٣- هه‌ڵپێچانه‌وه و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت.. ده‌بێت زۆر ڕوون بێت لات، كاتێك كه ڕووداوكانت هه‌ڵپێچینه‌وه‌ی تیا ده‌كه‌یت..
٤-لیستی كارەکتەرەکانت … ده‌بێت بزانیت چ كاره‌كته‌رێك هه‌یه له دیمەنه‌كه‌دا و هۆكاره‌كان چین و سیاقه‌كانت چین.
٥- جیاواز قسه‌كردن… نابێت كه‌س له كه‌س بچێت له قسه‌كردندا و زۆر وه‌ك كەم وایه.. رۆڵی بچووك نیه له قسه‌كردندا هه‌مووی قورسایی خۆی هه‌یه.
٦- نابێت زۆر به‌ئاسانی ئه‌وه‌ی له مێشكی كارهكتهكانتدایه بیدركێنیت.. چونكه نابێت بهراستهوخۆی قسه بكات.
٧-ڤۆیس ئۆڤه‌ر… نابێت ڤۆیس ئۆڤه‌ر ئه‌وه بڵێت كه ده‌بیننن یان دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیا بێت.
٨-شه‌ڕانگێزی دەبێت به‌زمانی شیرین قسه بكات:
هه‌ندێ نووسه‌ری نۆێ کە دەست بە نووسینی سکریپت دەکەن، دیالۆگی پاڵه‌وانی باش وه‌ك هه‌نگوین ده‌نوسن و كه‌سە دژە شه‌ڕخوازەکەش وه‌ك ژه‌هر قسەدەکات، ئه‌مه نابێت زۆر په‌یره‌و بكرێت. بۆ نموونە ڕه‌نگه واباشتر بێت كرده‌ی پاڵه‌وان زۆر مرۆڤانه بێت و دایه‌لۆگ جۆرێك گاڵته‌جاری پێوه بێت وه هه‌روه‌ها كاره‌كته‌ری دژ به‌باشی قسه بكات ، به‌ڵام كرده‌كانی شه‌ڕاگێزانه بێت.
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
- کۆرسی زانکۆی نۆتینگهام لە سینەمای برۆدوای
- Raindance Writers’ Lab: Write + Sell the Hot Screenplay, Elliot Grove
- How to write great dialogm Iinoldraft.com