خەم لە (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلی

1133
0
بڵاوکردنەوە:

گۆران سەباح

با ڕۆمانەکە بۆ یەک ڕستە کورت بکەمەوە.

تورکیە هەوڵ دەدات زمانی کوردی بنبڕ بکات، کەچی لە ١٩٧٧ پەتایەک بڵاو دەبێتەوە، تورکی کوردکوژ زمانی خۆیان بیر دەچێتەوە و تەنێ بە کوردی قسە دەکەن.

دەتوانم ئەم ڕستەیەی سەرەوە کورتتر بکەمەوە: تورکیە کوردی بنبڕ دەکات بەڵام تورکەکان زمانی خۆیان لەبیر دەچێت و بە کوردی قسە دەکەن. لەوەش کورتتر دەتوانم: تورکیە کوردی دەسڕێتەوە و فریای (تورکی)ش ناکەوێت.

ئاخۆ ناتوانم بە کەیفی خۆم بڕێسم و بە سەت ڕستە باسی ڕۆمانەکە بکەم؟ دەتوانم. خوێندکارێکی پۆلی هەشتیش دەتوانێت. درێژدادڕی هونەر نییە، کورتبڕی هەوە.

ئەگەر دەتوانی بە شەش وشە پەیامەکەت بگەیەنی، بۆ پازدان ڕیز دەکەی. خۆ نووسین گەمەی منداڵان نییە، هی خەڵەفاوانیش نییە. کاکە ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە (باسی پێشووم بخوێنەوە). دەربڕین بە کورتترین ڕێگە وەستای دەوێ، تەنێ نووسەری بە ئەزموون دەرەقەتی دێ. ئێ خۆ بەختیار ئەزموونی هەیە لە نووسین. عەجەبە دێ ڕۆمانێکی ٧٠٠ لاپەڕەیی بە قەبارەی گەورە دەنووسێت؟

کێشەم لەگەڵ ڕۆمانی درێژدا نییە، لەگەڵ بێ سەروبەری و ناماقووڵییە لە نووسین.

گوتومە و دەیڵێمەوە: کێشەی بەختیار فیکر نییە، نووسینە. بیرمەندێکی مەزنە و شانازی پێوە دەکەم، بەس کۆلەوارە لە هونەری نووسین. ناتوانێت کورت و جوان و ڕەوان بنووسێت، ناشیەوێت فێر بێت. بڕیاری داوە تەنێ بە گوێی خۆی بکات و هەر خۆیشی پێ ڕاست بێت.

کێشەی ئەو هەر درێژدادڕی نییە، جوینەوەی وشە و ڕستە و پەرەگرافە. زۆر چت هەن ئەلف و بێی ڕێنووس و نووسینن، نایانزانێت. (دەزانم) جیایە لەگەڵ (دەزانم بەکاری ببەم). نەزانین عەیب نییە، وێرانکردنی زمانی کوردی عەیبە. کاکە داکەسێ، وا مەکە.

لە خوارەوە بە وردی هەڵە و پەڵەی ڕۆمانەکە دەخەمە ڕوو، هی نووسەرێکن تازە دەستی دابێتە نووسین و یەکەم ڕۆمانی بێت. خەفەتەکە ئەوەیە هەڵەکانی بۆتە ڕاستی و باو. ناکرێ ڕێ بە هیچ کەس بدەین زمانی کوردی ڕەزیل بکات. چەند عەیبە ڕۆمانێکی ئەستوور لەسەر زمان بنووسی و هێندەش کۆلەوار بیت لە زمانی نووسین. ئاخر ئەم هەڵانە کار لە نەوەی نوێی نووسەران دەکەن. کردیتیشیان. دەیان گەنجی نووسەر لاسایی بەختیار دەکەنەوە، لەبەر ناوەکەی، وا دەزانن ئەوە ڕاستەکەیە. کاکە وا نییە. تکاتان لێ دەکەم وا نییە.

پێش ئەوەی باسی کەموکوڕییەکان بکەم، دەبێ ڕاستییەکی تریش بڵێم: بیرۆکەی ڕۆمانەکە نایابە. دەبێ هەموو دنیا ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، ئەوجە لە دڕندایەتیی تورکیە بەرانبەر بە کورد تێدەگەن. هێندەی ئەم ڕۆمانە خزمەتی پرسی کورد دەکات لە تورکیە، پەکەکە لە هەشتاکانەوە تا هەنووکە پێی نەکراوە. پێشی ناکرێت. بەڵام بەو کەموکوڕییانەی ئێستەی، هیچ چاپخانەیەکی پڕۆفێشناڵی بیانی چاپی ناکات.

ئەوانەی لە خوارەوە باسیان دەکەم سەتا پەنجای کێماسییەکانن و هەڵەی چاپیش نین. سەتا پەنجاکەی تر جێدەهێڵم بۆ ڕەخنەگرانی تر.

درێژدادڕی

هێندە داوی داوەتێ بێتامی کردووە. تەنیا ئەوە دەڵێم، ڕۆمانەکە پێویستی بە ئێدیتێکی باشە. من ئێدیتی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەیکەمە ٣٠٠ لاپەڕە، بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی کەم بکەمەوە. بەڵێ ٤٠٠ لاپەڕەی قسەی قۆڕ و زیادەیە. جوینەوەیە. کورد دەڵێ: هێندەی مەڕێسە.

لاپەڕە ١٠٣ و ١٠٤ دیالۆگی وەزیرەکانە، لە لاپەڕە ١٠٥ دێ قسەی ئەوان دەجوێتەوە. لە لاپەڕە ١٩٢دا دەنووسێ، “دکتۆر سینان سوپاسی کرد و گوتی “نا، سوپاس”. ئەمە بێ لەوەی ڕێستن و کۆلەوارییە لە نووسین و دەربڕین، حسێبنەکردنە بۆ ئاستی خوێنەریش. کاکە ئەتو خوێنەرت پێ چییە؟

ناوهێنانی کارەکتەر

(عیسمەت ئۆکتای) یەک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانە. چیرۆکخوان (کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان) دەمێک بە عیسمەت ناوی دەبات و دەمێکیش بە ئۆکتای. خۆ لەگۆترە و خۆڕایی نییە. بۆ سەر لە خوێنەر دەشێوێنی؟ هەمان شت ڕاستە بۆ تاریق ئاکانسو و عەبدولڕەحمان کەسابئۆغلو و هتد. ئەمە واتە نووسەر لە بیری چووە پیشتر چی نووسیوە.

کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان

دیارە چیرۆکخوان (نەرێیتەر) نووسەرەکەیە. هەندێ جار نووسەر بیری دەچێت و دەیکاتە کەسی یەکەمی تاکی هەموو شتزان. لە لاپەڕە ١٧: “ئەحمەد ئۆکتای لەبەردەم مەولوددا ترسەکانی خۆی دەرنەخست، بەڵام هەستێکی ناوەکی پێی گووت گەر هۆی نەخۆشییەکەی عیسمەت پەیوەندی بە کارێکی ئابڕووبەرانەوە هەبێت، چاکترە بێدەنگەی لێ بکەم، چاکترە ئەو ڕیگایە نەگرم و شتێکی تر بدۆزمەوە زیانی بۆ ناوبانگی خانەوادەکەمان نەبێت.”

پاشان هە لەر لە لاپەڕە ١٧، پەرەگرافی سێیەم، دەیکاتە کەسی یەکەمی کۆ: “ناتوانین بڵێین دکتۆر سەبری ئەیوبی هەبوو . . . ”

لە لاپەڕە ٦٨١، بەشی ٨٢، لە کەسی سێیەمی تاکی هەموو شتزان دەبێتە کەسی یەکەمی کۆ. “چوار ڕۆژ بەر لەوەی بگەینە کۆتایی ساڵ . . .”

ڕێزمان

جیاکردنەوەی زەمەنی ڕابردوو و ڕانەبردوو ئەلف و بێی ڕێزمانە. لە زۆر شوێن نووسەر هۆردووکی تێکەڵ کردووە. گێڕانەوەکە بە زەمەنی ڕابردووە، بەڵام لە لاپەڕە، ١٣٩، ١٤١، ٢٢٧ ٣٩١، ٥٤٣ و چەندان شوێنی تر لەهیکڕا دەبێتە ڕانەبردوو. بۆ نموونە، لاپەڕە ٢٢٧، ” ژمارەی قوربانیانی دەستی گورگە بۆرەکان لەم ساڵانەدا هەزاران هەزار کەسە، سەد هەزار ئەندمی مەشقدیدەهان هەیە . . .”

لە لاپەڕە ٣١٤ زەمەنەکە ڕابردووی دوورە: “جەوهەر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشابوو، بە غەمەوە پێکێکی هەڵدابوو، بەڵام بە پێکەنینەوە گووتبووی . . .” هەروەها لە لاپەڕە ٥١، “دکتۆرەکان هەوڵیاندابوو لە ڕێگای چارەسەری ئەلیکتڕۆنییەوە کە بۆ نەخۆشانی کێشە دەرونییەکان دەکرا، ئەو زمانە لە یادچووەوەی سەری عیسمەت زیندووبکەنەوە.” هەڵەیە. دەبێ بە ڕابردووی سادە بێت، “جەوهەر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا . . .”

لە لاپەڕە ٣٠٧، سەرەتای بەشی ٤٣، ڕابردووی بەردەوام بەهەڵە بەکار براوە: “ئارسین لەسەر دەستی . . . لە ماوەی ساڵێکدا زمانێکی ڕەوانی کوردی قسەیدەکرد.” دەبێ ڕابردووی سادە بێت، “. . . کوردییەکی ڕەوان فێر بوو.”

کێشەی تێکەڵکردنی تاک و  کۆ هەیە. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ٤٨،  “هیچ مەخلوقێک . . . ناژین”. دەبێ وا بێت، “هیچ مەخلوقێک . . . ناژیت.”

لە لاپەڕە ٥٥، تاریق ئاکانسو بە ناڕاستەوخۆ قسە دەکات. “لە هەموو جێگایەک دەیگووت، من بە تەنیا هیچم پێ ناکرێت، پێویستم بە مامۆستای تورک هەیە، پێویستم بە سەربازی تورک هەیە.” ئەوە قسەی ڕاستەوخۆ نییە، دەبێ وا بێت: “لە هەموو جێگایەکدا دەیگووت، ئەو بە تەنیا هیچی پێ ناکرێت . . .” سەیرە دوای نووسینی دوازدە ڕۆمان قسەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێک نەکەیەوە.

لە لاپەڕە ١٧٥دا دەڵێ، “عەلی ئیحسان لەسەر لێواری تەختەخەوەکەی دادەنیشت . . .” ئەمە ڕابردووی بەردەوامە کە دەبێ ڕابردووی سادە بێت، “دانیشت”. لە لاپەڕە ٢٨٩ و ٢٩٠ هەمان هەڵە هەیە.

ڕێنووس

خۆزگە کورد لەسەر یەک ڕێنووس ڕێک دەکەوت. پیاو ڕاست بڵێ، لەسەر ئەوە کۆکین کە چاوگ بە یەک وشە دێتە نووسین. بۆ نموونە: دروستکردن، بڕیاردان. لە حاڵەتی کار لێک جیا دەکرێنەوە: دروست دەکات، بڕیار دەدات. نابێ و ناکرێ و تاوانیشە بەختیار بەکەیفی خۆی بەناو بکەوێت و زمانی نووسینی کوردی تێک بدات. ئەو پێکوەیان دەنووسێنێت. بۆ؟ تکایە چی تر وا مەکە، لەبەر خاتری من نا، لەبەر خاتری زمانی نووسینی کوردی، ئەگەر خەمتە.

زاراوەسازی و دەربڕین

ویلیەم زینسە (William Zinsser) لە کتێبە نایاب و پڕفرۆشەکەیدا (On Writing Well) دەڵێ: دەبێ نووسەر ڕێز لە وشە بگرێت و ڕەگیان بزانێت، ئەگینا بە نووسەرێکی سەرەڕۆ دەچێت. بەختیار، تکایە، ڕێز لە وشە بگرە.

لە لاپەڕە نۆ، دە و یازدە وشەیلی بیمارستان، خەستەخانە و نەخۆشخانە هەن. لە لاپەڕە ١٣، لە پەرەگرافی سێیەمدا دەڵێ، “بەڕێوەبەری نەخۆشخانە . . .”، لە لاپەڕە ١٤دا دەڵێ، “بەڕێوەبەری بیمارستان . . . “. یەکیان بەکار ببە، پێشانمان مەدە چەند موڕادیف دەزانی.

لە لاپەڕە ١٨دا دەڵێ، “دکتۆری بەڕێوەبەری خەستەخانەی نوشەهیر . . .”،  مەبەستی بەڕێوەبەری خەستەخانەکەیە، بەڵام لەم ڕستەیە وا دەردەکەوێت کە بەڕێوەبەری خەستەخانەکە دکتۆری خۆی هەبێت. لە لاپەڕە ٤١، بەشی حەفتەم، دەنووسێ، ” ماشێنی فریاگوزاری پزیشکی”، دواتر دەڵێت ئەمبولانس، دواتر ئومبولانس. کامیانە؟ بێ سەروبەری وای زۆر تێدایە.

لە کوردی دەنووسین، “بیری کردەوە، بیر دەکاتەوە؛ ویستی بڵێ، ویستم بڵێم”، قەت نانووسین، “ویستی بیر بکاتەوە”. لە لاپەڕەی یەکەم و ٤٥دا دەنووسێ، “ویستی بیر بکاتەوە . . .” کاکە بە چ هەقێک ڕێ بەخۆت دەدەی زمانی کوردی وا ڕەزیل بکەی؟

لە لاپەڕە ٥٠دا دەنووسێ، “بە خێراییەک لە خێرایی مردن دەچوو، بێهۆش بوو، بەڵام لەگەڵ بێهۆشیشدا هێشتا تروسکەیەک لە هۆشیاریی هەبوو بلێ بێهۆشم.” تو شەرەفت ئەوە چییە؟ ها؟ سەتان ڕستەی وات ڕیز کردووە، خۆشت نازانی چیت نووسیوە.

لە لاپەڕە ١٠١دا دەڵێ، “زرمەی تەلەفۆن . . . “، زرمە بۆ تەلەفۆن بەکار نایەت. لە لاپەڕە ٢٩٠دا دەڵێ، “موحافەزەکارتر”. لە لاپەڕە ١٤٣دا دەڵێ، “دەمێک لەخۆشتن تەواو بوو و هاتە دەرێ”، هەڵەیە. لە لاپەڕە ١٤٣دا دەنووسێ، “تەوقەیەکی کورت” و لە ١١١ش دەنووسێ، “تەوقەیەکی دۆستانە”، دیارە تەوقەی درێژ و دوژمنانەش هەن.

ئەمانەش هەڵەن، تکایە ڕێز لە وشە بگرە: ئاژۆ بدەن، ڕێسازیبوون، ئەوەتەی، جێگای خەوەکەی، خانووی بە بناغە، کابڵ، هەوای کراوە، دەشت، بۆچووندان، قوشقی، ڕوقی، بوغرد، پرسچی، پرسیاری دوور، ئەمانە و دەیانی تر. کەس ناڵێت پرسیارێکی دوور یان پرسیارێکی نێزیکت لێ دەکەم. کەس ناڵێت خانووی بە بناغە، هەموو خانووێک بناغەی هەیە. بۆچوون نادرێت، دێتە دەربڕین. بابەتەکە زۆر درێژ دەبێتەوە بە هەموویاندا بچم و ڕاستیان بکەمەوە.

چاکی کردووە هەندێ وشەی هەولێری بەکار بردووە، بەڵام زۆربەیان هەڵەن. بۆ نموونە، وشەی (لەمێژە) چەند جارێک هاتووەتە دووبارەکردنەوە، بەم شێوەیە هاتووەتە نووسین (لە مێژە).

خاڵبەندی

نیشانەی پرسیار (؟) خاڵی لە پاش دانانرێت، هەڵەیە بەم شێوەیە بینووسین (؟.). خاڵ و نیشانەی پرسیار دوو شتی جیاوازن و کاریشیان جیاوازە. ئەم هەڵەیە، زۆر تووڕەی کردم، لەم لاپەڕانەدا هەیە: ١٩، ٢١، ٣٤، ٤٤، ٤٥، ٤٦، ٥٤، ٧٢، ٧٣، ٧٥، ٧٨، ٥٢٤، ٦٠١، ٦١٢، ٧١٧.

 دیالۆگ یان وتار

دیالۆگ لە ڕۆماندا ئیشی خۆی هەیە. سەتا نەوەتی دیالۆگەکان لە (داگیرکردنی تاریکی) وتارن، ئەمەش گێڕانەوەکەی سەقەت کردووە. چۆن دەبێ دیالۆگ هێندە درێژ بێت؟ سەیری لاپەڕە ٢٠ بکە. لاپەڕەیلی ٣٦، ٣٧ و ٣٨، وتارێکی تەواون لەمەڕ دڕندایەتیی تورک. بەشی ١٧ وتارێکی درێژە، ئەو دەمەی تاریق ئاکانسو باسی ورچەکە دەکات. دیالۆگەکانی نێوان وەزیری تەندروستی و ناوخۆ، سەرئێشەن. لاپەڕە ١٧٩ و ١٨٠ وتارێکە لەبارەی هێربەرت سپێنسەر لەسەر زاری تاریق ئاکانسو. پێویست ناکات نووسەر پێمان بڵێت چەند لە هێربەرت تێگەییوە.

ئیمران قسە لەگەڵ پڵنگەکە دەکات لە ئەنکەرە، درێژ و بێزارکەرە (لاپەڕە ٢٨٨)، لاپەڕە ١١٥ وتارێکی درێژە لەسەر زاری تاریق ئاکانسو. لاپەڕە ١١٦ زۆروەڕییەکی بێ مانایە لە نێوان ڕەمەزان و تاریق لە کاتی ڕاوەماسیدا. هەر یەک لەمانە بە یەک پەرەگرافی چوار ڕستەیی دێتە چارەسەرکردن.

دیالۆگەکانی دکتۆر سینان و عەلی ئیحسان، ئەوانە هەر نایەنە باس. دیارە نووسەر تام لەو بێ سەروبەرییە دەکات. نووسەرم نەبینیوە هێندە فشەی بە نووسین بێت.

چۆنێتیی نووسینی دیالۆگ لە توانستە هەرە سەرەتاییەکانی نووسینە. شێوازی نووسینی دیالۆگەکانی ئەم ڕۆمانە هەڵەیە. بۆ خاتری زمانی کوردی لەنێو پاش وای بنووسە: ئەو گوتی، ” . . . . . ”

تۆن (Tone)

تۆنی نووسین وەک تۆنی قسەکردنە. بە ڕووخۆشی، بە مۆنی یان بە تووڕەیی قسە دەکەی؟ نووسینیش هەمان شتە. تۆنی نووسەر بەرانبەر سەلما، زەینەب، فاتیح، مەهدی، عیسمەت، عەلی ئیحسان، ئارسین، هتد یەک تۆنە. تۆنێکە حوکم بەسەر کارەکتەرەکاندا دەدات. بۆ نموونە لە لاپەڕە ٤٥دا دەنووسێ، “کچە قەحپەکەی پەکشان.” تۆنێکی ڕقەستوورە بەرانبەر بە کورد و تورک و ئەرمەن و یۆنانییەکانیش. ئەم تۆنە گێڕانەوەکەی خنکاندووە.

دەنگ و ستایل (Voice and Style)

جیاوازی چییە لە نێوان دەنگ و ستایل؟ جێیمس سکۆت بێڵ (James Scott Bell) دەڵێ، “دەنگ تۆنی وشە، ڕستە، پەرەگراف و لاپەڕەکانە. ستایل ئەو هەستەیە خوێنەر دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هەستی پێ دەکات. دەنگ و ستایل و تۆنی بەختیار لەم ڕۆمانە بێتامن. هەناسەی خوێنەر تووند دەکەن. خوێنەر پێیان قەڵس و قەبز دەبێت. دەنگ و ستایل و تۆن ئاستی هونەری پێشان دەدەن، بەم پێیە، ئاستی هونەریی ڕۆمانەکە زۆر نزمە. باوەڕت بە من نییە؟ بڕۆ ڕۆمانەکە بخوێنەوە، ئەوجە دەزانی باسی چی دەکەم.

پەرەگراف

پەرەگراف برێتییە لە ڕستەیەک یان کۆمەڵە ڕستەیەک بۆ باسکردنی خاڵێک یان بیرۆکەیەک. ئەرکی پەرەگراف ڕێکخستنی بیرۆکەکان و ڕوونکردنەوەیانە بۆ خوێنەر. پەرەگرافی ئاسایی لە سێ تا پێنج ڕستە پێک دێت. پەرەگرافیش هەیە یەک ڕستەیە. کاکە ئەوە پازدە ڕستە بۆ تۆ. بەس هیچ مانای نییە پەرەگرافێک دوو یان سێ لاپەڕ بێت. ئەوە ڕەزیلکردنی زمانی کوردییە. گاڵتەکردنە بە خوێنەر و هونەری نووسین. دیزاینی پەرەگراف لە ڕۆمان هونەرە. تەکنیکێکە بۆ کیشکردنی سەرنجی خوێنەر. ڕۆمانەکە پڕە لە پەرەگرافی درێژ درێژ، ئابڕووی پەرەگراف و ڕۆمانی بردووە. نموونەت دەوێ؟ تەماشای ئەم لاپەڕانە بکە: ١٧٥، ١٧٦، ١٧٧. یان، هەر چۆنی کتێبەکە بکەیەوە، دەیبینی.

پڵۆت

جوانیی پڵۆت لە بێخەوشییەکەیدایە. پڵۆت نابێ کەلێن و چاڵی تێدا بێت. خۆ هەموو کارێک بای خۆی کێماسی هەس، بەڵام (داگیرکردنی تاریکی) تژییە لە خەوش، کەلێن و چاڵ. بۆیە دەڵێم نابێ بەو حاڵەی ئێستەی بچێتە بەردەمی هیچ چاپخانەیەکی پڕۆفێشناڵ. ئەمە جگە لەوەی پڵۆتەکە کڕۆنۆلۆژی و سواو و دووبارەیە. کاکە قەیناکە با وا بێت، بەس تۆزێک بە وردی کارت لەسەر کردبا.

ڕۆمانەکە لە ١٢/٧/١٩٧٧دا دەست پێ دەکات. عەلی ئیحسان درەنگ دێتە ناو بابەتەکە، لە لاپەڕە ٥٦٦دا دەڵێ، “ئەوە دە مانگ زیاترە لەگەڵ نەخۆشییەکەیە . . .” کەچی بۆ عەلی ئیحسان تەنیا شەش مانگە. جیاوازیی چوار مانگ چاڵێکی گەورەیە لە پڵۆت.

نووسەر هێندە ماندوو بووە بە درێژکردنەوە و ڕێستن، دیسان دەیڵێمەوە لە زۆر شوێن ئاگای لەوە نەماوە پیشتر چی نووسیوە. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ١٠دا دەڵێ عیسمەت هەستی بە گۆڕان و ترس نەکرد، پاشان لە لاپەڕە ١٢، کاتێ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دێتە لای، دەڵێ عیسمەت ئەو ترسەی نەماو بوو. دیسان لە لاپەڕە ١٩دا دەڵێ عیسمەت ترسی دوێنێی نەمابوو، پێشتر دەڵێ ترسی نەبووە. بێ لەوە، کابرایەک بەیانی لەخەو هەستێت و زمانی خۆی بیر بچێتەوە، چۆن دەستی دەچێتە تراشینی ڕدێن و بەرچایی.

نووسەر عیسمەت بە تورکێکی ئەسڵی و توندڕەو دەناسێنێت، بەڵام لە کۆتاییەکەی تێدەگەین، هێندە ئەسڵ نییە، چونکە دایکی کوردە. سەر و بنی یەک ناکاتەوە.

سەرەتا ژن و کەسوکاری عیسمەت زۆر خەمیانە، پاشان لە لاپەڕە ٢١دا لیژنەکە بڕیار دەدات بیگوازنەوە بۆ ئەنکەرە، هیچ ڕای ژن و کەسوکاری وەرناگیرێت. ئەمە کەلێنێکی گەورەیە.

کاتە سەرەکییەکان ئەمانەن: ١٩٧٧، ١٩٧٨، ١٩٤٥، ١٩٤٦، بەڵام هیچ شتێکمان پێشان نادات کە بەو ساڵانە بچێت. وەسفێکی دەرەوە، جلوبەرگ، یان هەر شتێک.

وەرە تۆ لە ٧٠٠ لاپەڕەدا بیرت بۆ ئەوە نەچێت ڕستەیەکی کرمانجی بنووسی. نەزانین عەیب نییە، نەپرسین عەیبە.

لە لاپەڕە ٢٥، لە سەرەتای بەشەکەدا مێژووی نووسیوە، کەچی دواتر دەڵێت بەیانییەک، بیری چووە لە سەرەوە کاتەکەی نووسیوە.

لە بەشی ٣٠، ئەفسەری چاودێر بە تاریق دەڵێ کەوا کوردەکان ئیش ناکەن، دواتر دەڵێ، “کارەکە بە باشی دەکەن”.

لە لاپەڕە ٢٠٣، کرێکارە کوردەکە بە تاریق دەڵێ، “تەنیا کرێکارە و شتێکی کەم دەزانێت لە زمانی تورکی . . . ” پاشان لە لاپەڕە ٢٠٤ دەڵێ لە سامسون فێری تورکی بووە و زۆر باشیش دەانێت.

لە لاپەڕە ٢١١، باکلان و عەلی ئیحسان سەر و بیرەیەک داوا دەکەن، واتە دوو بیرە، کەچی گارسۆنەکە چوار بیرەیان بۆ دێنێت.

لە لاپەڕە ٤٧ و ٧٧ باسی تیرباران دەکات، پاشان لە لاپەڕە ٢٣٧ کارەکتەرەکە گوللەباران دەکرێت.

لە لاپەڕە  ٢٣٢، (مەتین)یان هێنایە بەردەمی تاریق، لە لاپەڕە ٢٣٣ دەڵێ تاریق چووە لای مەتین. کاکە کەنگین نووسینی ڕۆمان ئەوها بووە؟

ناولێنان لە کارەکتەر

پێویست ناکات هەموو کارەکتەرێک ناوی هەبێت. ڕۆمان هەیە کارەکتەرەکانی بێ ناون، ئەوە بابەتێکی ترە. بەس بە گشتی لە ڕۆماندا، ئەوانەی ڕۆڵیان هێندە نییە، پێویستیان بە ناو نییە. بۆ نموونە، یوسفی باوکی عیسمەت، ئەبروی دایکی، مەولودی برادەری، عەبدولڕەحمانی سەرۆک لق لە نوشهیر، ئەحمەدی برای و جەلال ئەرتوغ، ئەیوب خانی وێنەگر، ئێهەم و ئیزەت و دەیانی تریش. هەشە ڕۆڵی گرینگە و ناوی نەداوەتێ، بۆ نموونە، ئەو پیرەمێردە کوردەی بە کوردی قسە لەگەڵ عیسمەت دەکات (لاپەڕە ٥٢). ئەو گەنجە تورکمانەی یارمەتی عیسمەت دەدات (لاپەڕە ٧٠٧).

ئەمانەی خوارەوە بۆ من جوان بوون و تامم لێیان کرد:

  • تێکهەڵکێشی دوو مێژوو (١٢/٧/١٩٧٧-١٩٧٩) و (١٩٤٥-١٩٧٧ لەوێشەوە بۆ١٩٩٤). گێڕانەوەکە کڕۆنۆلۆژییە، سواوە، کۆنە، بێتامە، زێتر بۆ کتێبی مێژوویی دەشێت، بەڵام تێکهەڵکێشی هۆردوو کات جوانە.
  • بوونی کارەکتەری جۆری داینامیکی (dynamic character)، واتە کارەکتەر گۆڕانی بەسەردا دێت. ئارسین تاریق دەبێتە یەنار سیزار؛ عیسمەت ئۆکتای دەبێتە یوسف عیرفان؛ زەکی ڕەزا باکلان دەبێتە هونەرمەند و بە کوردی گۆرانی دەڵێت. هەر لۆ سوندێ، دوا ڕستەی ڕۆمانەکە کە گۆرانییەکی زەکییە بە کرمانجی هاتووەتە نووسین.
  • لە لاپەڕە ٢٢٩دا دەڵێ، “تاکە شوێن ئازادانە بە کوردی تێیدا قسە بکەی شێتخانەیە.”
  • کوردێک لە ئەستەنبۆلەوە دێت کوردەکان فێری زمانی جەستە دەکات بۆ ئەوەی بە تورکی قسە نەکەن.
  • جەوهەر سیزار و ماڵباتەکەی سەعات دووی شەوێ هەڵدەستن بە کوردی قسە دەکەن بۆ ئەوەی زمانەکەیان بیر نەچێتەوە.
  • کارەکتەری ئارسین و دژایەتیکردنی باوکی. ململانەی کوڕ و باوک. ڕاستە بابەتەکە کۆنە، بەس زیندووە.
  • خۆکوشتنی تاریق ئاکانسو زۆر سەرنج ڕاکێشە. لە دارێک دێتە بەستانەوە و دڕندەکان تەواوی دەکەن.

بۆ ئەوەی بەختیار هونەری نووسین و دەربڕینی خۆی دەوڵەمەند بکات، پێشنیاری بۆ دەکەم ڕۆمانەکانی ئارام محمد، گۆران سەباح، عومەر سەعید، کیاکسار ئەحمەد، میران ئەبڕاهام و هۆشەنگ شێخ محمد بخوێنێتەوە. ئەگەر بەوانەش قایل نییە، با ڕۆمانەکانی ماکسێنس فێرمن بخوێنێتەوە، زۆر کەیفی بە ڕۆژئاوا دێ. بێو لە ڕۆمانی نوێی ئەو هەڵانەی سەرەوە دووبارە بکاتەوە، ئەوا ناچارم بڵێم تووشی (دەنینگ-کروگەر ئیفێکت) بووە.

بڵاوکردنەوە: