شتێکی کورت دەربارەی مرۆڤ و سینەما

932
0
بڵاوکردنەوە:

توندوتیژی

شتێکی کورت دەربارەی مرۆڤ و سینەما                        

شەنگار سابیر

توندوتیژی لە دەرەوەیی واتا ڕووتەکەی هەموو ئەو ئەگەرانەش دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی تەکنیکی ڕوودەدەن و دەشبن بە بەشێک لە گشتە شارستانیەکە. واتا توندوتیژی تەنیا ئۆبێکتێک نییە، کە لە دەرەوەی ئاکت بتوانێت درێژە بە ئۆبێکتڤیتەی خۆی بدات، بەڵکو قاچێکی بە تەواوی لە ناو پڕاکتیکدا هەیە. مەبەستمان لە پڕاکتیک ئەو هێڵە مۆدێرنەیە کە تێگەیشتنی جووڵە و جالاکی دەگۆڕێت، وەک   ئیش کردن، خەیاڵکردن و سێکس کردن، لێرەدا بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوەوە ئەم ئاڵوگۆڕانە ڕوودەدات. ئامادەی سینەما؛ خۆی ئامادەییەکی توندوتیژانەیە کە سینەما خۆی بەرهەمی ڕووداوە، بەرهەمی کۆمەڵێک ساتی جووڵە و چالاکی نەستی مۆدێرنەیە. سینەما کاتێک خەیاڵ لە ڕیاڵیزە دەکاتەوە، کاتێک توانای لەسەر گۆڕینی ئوستورە هەیە بۆ سەر دونیایەکی مۆدێرن، کاتێک کە دەتوانێت حەقیقەت بە شێوەیەکی مێژووی بیگێڕێتەوە، دابڕان درووست دەکات لە نێوان کۆمەڵێک تەسەوراتی جیاواز  بەرامبەر دونیا، مێژوو ئایندە. ئەو ساتە سینەما خۆی شتێکی تەواو توندوتیژانەیە، وەختێک هەموو هێزی لاپەڕەکانی ئیلیادە لە ناو دەبات و تۆش وەک بینەر بە کوالێتییەکی بەرز و بێ ئەوەی خەیاڵ بکەیت، هەموو شتێک دەبینیت. توندوتیژی ڕاستەقینە لە سینەمادا ئەوەیە کە لە خەیاڵی سوبێکت زیاتر تەجاوز دەکات، بە جۆرێک هەندێک جار گەیشتن بەو خەیاڵ کردنە، تەواو ئەبستراکت دەبێتەوە و دەبێت بە کۆمەڵێک شتی هێمایی. ئەمە جودا لەوەی سینەماش خۆی بە کۆمەڵێک  ساتی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت و ژانرەکانی جیا دەبنەوە، تەکنیک، چیرۆک و پۆشاییەکان گۆڕانی سەیر دەژین. ئەمەش جارێکی تر لە خوێندنەوەی بە پەیوەندی مرۆڤ و سینەماوە دیسان دابەش دەبێتەوە بەسەر کۆمەڵێک ساتی توندوتیژی تردا. لە ڕۆژگارێکدا هەندێک لەو هێمایانەی لە سینەمادا درووست دەبن، دەگۆڕدرێنە سەر مۆدێلی حەقیقی، لاسایی کردنەوەی ستایلی پاڵەوانەکان، خەیاڵ کردن بۆ سەر زەمینە دوورەکان لە ڕێگەی سینەماوە، تەواو ئاکتێکی توندوتیژانەیە. مرۆڤ لەو درووستکراوە سەیرانەیە هەر هێندەی توانای خەیاڵ کردنی هەبوو، قەدەری دەگۆڕێت، ستایلی ژیانی گۆڕانی بەسەردا دێت، شووناسی دابەش دەبێت لە ناو پانتایی کۆمەڵگەدا. من وای دەبینم هیچ ئۆبێکتێک؛ هێندەی ئۆبێکتی سینەما، مرۆڤی هان نەدابێت بۆ سەفەر کردن و گەڕان بە دونیادا. کەسێکمان نییە، ڕۆژێک نەیویستبێت لە یەکێک لە شەقامەکانی ناو فیلمێکدا، نەوەستابێت، لە باڕ و  قاوەخانەیەکی ناو فیلمێکی دیکەدا دانەنیشتبێت، لەگەڵ پاڵەوانی فیلمێکی دیکەدا سێکسی نەکردبێت. هەموو ئەو شتانە وادەکەن حەقیقەت کۆمەڵێک نرخ لە دەستبدات، ناڵێم؛ کۆی بەهاکان، بەڵام بڕێکی باش لە دەست دەچیت، لانیکەم ئەو حەقیقەتە بچوکەی سوبێکت تێک دەچێت کە بە شێوەیەکی فەنتازی بۆ خۆی درووست کردووە. کاتێک دادەنیشین بە دیار فیلمێکی {لارس ڤۆنترێرەوە} کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو توندوتیژیەدا دەکەین، کە ناوی سێکسە، چێژ دەبینین، لێرەدا پەیوەندی مرۆڤ و سینەما دەبێتە پەیوەندییەکی جەبری لە نێوان _سادیەت و مازوخیەتدا_بینەرێکی مازۆخی بە دیار فیلمێکی سادیەوە دادەنیشێت، توندوتیژییەکان تا پەنهانترین تاریکایەکانی ناو نەست شۆڕ دەبنەوە. مامەڵە کردن لەگەڵ_تابۆ_کان و هەل ڕەخساندن بۆ خەیاڵ کردنێکی فراوانتر، ئەو ڕووخسارە ترسناک، توندوتیژەی مۆدێرنە و سینەما پیشان دەدات. ئەمە بۆ بینەرێک ڕەنگە پەسەند نەبێت، لەبەرئەوەی ئەو دانیشتووە لە ئامێرێکی مۆدێرنەوە سەیری چیرۆکێکی کۆن دەکات، بەرگری لێ دەکات لەبەرئەوەی دەتوانێت بە دیار کچێکی کلاسیکی ناو فیلمێکەوە کە باسی دوو سەدە بەر لە ئێستا دەکات [دەستپەڕ دەکات] یان بە دیار سایبۆرگێکەوە هەمان شت دووبارە بکاتەوە. پەیوەندی چێژ و زەمەن، سێکس و کات، غەریزە و مێژوو بە شێوەیەکی جاڵجاڵۆکەی تێکەڵ ببن. بە گشتی پەیوەندی مرۆڤ و حەقیقەت گۆڕانی بە سەردا هاتووە، بەو واتایە، نا، کە کۆی مرۆڤ ڕەمزی و مەجازی بووبێتەوە، چونکە ‌هێشتا  بەشە ترسناکەکانی حەقیقەت بەدوامانەوەن، بەڵام؛ ئامێرەکە هەڵیان دەلوشێت و دەچنە ناو یارییەکەوە، دەبن بە پاڵەوانی ناو یارییەکە و دەشبێت بیبەنەوە، خۆ ئەگەر لەوێدا بمرن، ئەوا لە حەقیقەتیشدا دەمرن. ئەمەس ئەو وێنە زەق و ترسناکەیە کە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە، بە کورتی ئیمڕۆ مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکدا لە پەیوەندییەکی قوڵ و سەرگەرمکەری توندوتیژدایە.

 

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: