شانۆی لەندەن و شەکسپیر لە نێوان تاعونی سەدەی شانزە و کۆرۆنای ئیمڕۆدا.

677
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئامانج عەبدولا

لە سەدەی شانزەیەمەوە و بە درێژایی پێنج سەدەیە لەندەن یەکێکە لە سەنتەرە گرنگەکانی شانۆی جیهان، بە جۆرێک لە ئێستادا بە هۆی زۆری نمایش و چالاکیە شانۆییەکان و ئامادەبوونی بینەرێکی زۆری نمایشە شانۆییەکان بە پایتەختی شانۆی جیهان ناودەبرێت. هەڵبەت ئەم نازناوە بەبێ هۆ و هەروا ئاسان پێی نە بەخشراوە، بەڵکو بەهۆی ڕەهەندی مێژوویی و زۆری نمایشە شانۆییەکان و ئامادەبوونی بەردەوامی بینەرانەوە شانۆ بووەتە چالاکییەکی هونەری و کولتوری زۆر گرنگ تیایدا. هاوکات لە ڕووی لایەنی ئابوری و گەشتیارییەوە سودێکی زۆر بە شارەکە دەگەیەنێت. بە درێژایی ئەم پێنج سەدەیە شانۆ بەشێکی زیندووی دانەبڕاوی ژیانی شارەکە بووە و بەردەوامیش لە گەشەکردندا بووە.* شەکسپیر بەشێکی گەورەی ئەو مێژووە پێک دەهێنێت، کار و بەرهەمەکانی ئەو لە هەموو سەردەمەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو و کاریگەر بوونی هەبووە، وە بەبێ هیچ گومانێکیش تا شانۆ بوونی هەبێت ئەویش ئامادەبوونی دەبێت چونکە شانۆ و شەکسپیر دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و هەرکات باسی یەک لەو دووانە بکەیت ئەوەی تریان خۆی دێتە ناو باسەکەوە.

من لێرەدا ناچمە ناو دیتێڵەکانی ئەو مێژووە و قۆناغەکانی گەشەکردنی کە بەبێ دابڕان و بەردەوام بوونی هەبووە تا ئێستا، بەڵکو باسی دوو ڕووداو دەکەم لە دوو قۆناغی جیاوازی ژیانی ئەم شارەدا کە ڕاستەوخۆ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر شانۆکەی هەبووە و بووەتە هۆی پەکخستنی نمایشە شانۆییەکان و زەرەرێکی گەورەی پێگەیاندووە. دوو قۆناغ لە ڕووی مێژووییەوە زۆر دوور لە یەکتری، بەڵام لە ناوەڕۆک و بابەتییەوە زۆر نزیک لە یەکتری.

ڕووداوی یەکەم بریتییە لە بڵاو بوونەوەی پەتای تاعون لە سەدەی شانزەیەم دا  قۆناغی گەشەسەندن و بناغە پتەوەکەی شانۆی ئینگلیزییە کە بە سەردەمی شانۆی ئێلیزابێس یاخود شانۆی شەکسپیر ناودەبرێت. ڕوداوی دووەم چەندین سەدە دواترە، لە ئێستادا و لەم ساتەوەختەدایە کە من تیایدا دەنووسم ئەویش پەتای کۆڕۆنایە (COVID19). ئەم دوو پەتا کوشندەیە ئەگەر چی لە دوو سەردەمی زۆر دوور لە یەکتردا  پەیدا بوون بەڵام هاوشێوەی یەکتری هەمان کاریگەرییان لەسەر شانۆی لەندەن بەجێ هێشتتوە. من لێرەدا بە جیا باسی کاریگەریەکانی هەردوو قۆناغەکە دەکەم لەسەر پەکخستنی پرۆسەی شانۆ لە شاری لەندەن دا.

وەک زۆرێکی تر لە وڵاتانی  کیشوەری ئەوروپا لە نێوان ساڵانی ١٣٤٨ ـ ١٦٦٥ بۆ ماوەی زیاتر لە سێ سەدە و لە کۆمەڵێک شەپۆلی جیاوازدا پەتای تاعون ڕوو لە وڵاتی ئینگلتەرا دەکات و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی دەکوژێت. وەک گەورەترین شاری وڵات و بەهۆی زۆری دانیشتوانەکەیەوە شاری لەندەن زۆرترین قوربانی دەبێت. لەناو ئەو شەپۆلە جیاوازانەدا چەند  شەپۆلێکی زۆر وێرانکەر و بەهێز لە سالانی ١٥٩٢، ١٦٠٠، ١٦٠٣، ١٦٠٦ ڕوو لە شاری لەندەن دەکات، لەو ماوەیەدا هەزاران هاوڵاتی دانیشتوی ئەو شارە دەکوژێت. ئەمە لە کاتێکدایە  لەڕووی رێژەییەوە ژمارەی دانیشتوانی لەندەن لە گەشەیەکی گەورەدایە و لە چێوەی شارەکە گەورەترە. هاوکات لە زەمەنی گەشەکردنی شانۆی ئینگلیزی بە گشتی و بە تایبەت دەرکەوتنەکانی شانۆی شەکسپیر ـ دایە .

بە هۆی بڵاوی پەتاکە و زۆری قوربانیان و گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر،  شارەزایان و بەرێوەبەرانی ئەوکاتی شارەکە کۆمەڵێک بڕیار و یاسای تایبەت بە ڕێگریکردن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەرکردووە هاوشیوەی پەتای کۆڕۆنای ئەم سەردەمە، لەوانە: نیشانەکردنی دەرگا و کوارەنتینەکردنی نیشتەجێبووانی هەر ماڵ و ئەپارتمانێک کە کەسێکی توشبووی ئەو پەتایەی تیادا دەرکەوتبێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک. بڵاوکردنەوەی نیشانەی گەورە لەسەر شەقامەکان کە تیایدا داوا لە هەبوونی مەودا دەکات لە نێوان هاوڵاتییاندا، هەروەها داوای دوورکەوتنەوە لە قەرەبەڵغی و کۆبوونەوەکان دەکات. یاسایەکی تر هاوشێوەی ئێستای کۆڕۆنا ڕێگەدانیان بە بەشداری ژمارەیەکی دیاریکراو لە هاوڵاتیان لە  ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن و پرسەی مردووەکاندا، نەدەبوو لە چل کەس تێپەڕێت. ئەمانە و کۆمەڵێک یاسا و بڕیاری تر پێکهاتەی پلانی دەسەڵاتدارانی شارەکە بوون بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە.

لەو سەردەمانەدا خەڵکانێکی زۆر ڕوویانکردۆتە ماڵەکانی شانۆ و بینەرێکی زۆر لە دەوری نمایشە شانۆییەکان کۆبوونەتەوە. ئەمەش کاربەدەستانی ناچار کردووە بڕیاری داخستن و وەستانی نمایشەکان بدەن. تەنانەت هەوڵی ئەوە دراوە لە دوای کردنەوەی دەرگای شانۆکان هۆڵ و شوێنەکانی نمایش بگوازنەوە بۆ دەرەوەی شارەکە بۆ دوورخستنەوەی قەرەباڵغی لە سەنتەرەکان. بۆ نمونە بەپێی هەندێک سەرچاوە، جگە لە ناڕەزایی کۆمەڵێک لە ئاینپەرستان و کۆنەپارێزەکان کە شانۆیان بە شتێکی نەشیاو و دوور لە بەهای کۆمەڵایەتی زانییوە و پێیان باشبووە نمایشەکان لەدەرەوەی شار بن، هەبوونی پەتای تاعون و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی بینەران و کۆبوونەوەکان لە سەنتەری شارەکان هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ساڵی ١٥٩٩ شانۆی گڵۆب کە ئێستا بە (Shakespear’s Globe) ناودەبرێت لە دەرەوەی سەنتەری شار و لە ناوچەی ساوث بانک بکرێتەوە. گڵۆب شانۆیەکی کراوەی سەربەتاڵە و لە ڕووی تەندروستییەوە بەهۆی هەواگۆڕکێی سروشتییەوە کەشێکی تەندرووستی هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ساڵێک دوای کرانەوەی و لە شەپۆلێکی نوێی پەتاکەدا ساڵی ١٦٠٠ بۆ ماوەیەک داخرا (شانۆی گلۆب ـ ئەو شانۆیەیە کە زۆرترین تێکستە شانۆییەکانی شەکسپیر بۆ یەکەم جار لەسەر تەختەی ئەم شانۆییەدا نمایشکراون، وە خۆشی کاری تیادا کردووە، هەر لەبەر ئەوەشە ئێستا بە شەکسپیر گڵۆب ناودەبرێت). بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان لەو ماوەیەدا بە تێکڕا لە سەدا پەنجای کاتەکان ماڵ و هۆڵەکانی شانۆ داخراون، بۆ نمونە لە ساڵی ١٥٩٢ دا لەو کاتەدا کە شەکسپیر لەتەمەنی ٢٨ ساڵی و سەرەتای کارە شانۆییەکانیدا دەبێت لەگەڵ هاوپیشەکانی، بۆ ماوەی چواردە مانگ شانۆکان دادەخرێن. هاوکات ڕێگە نەدراوە بە تیپە گەڕۆکەکان نمایشەکانیان ئەنجام بدەن و گەشتە نمایشەکانیان بۆ دەرەوی شار و ناوچەکانی تر بۆ ماوەیەک وەستێنراون.

ئەوەی پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی و کارە شانۆییەکانی شەکسپیرەوە هەیە ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری تێکستە شانۆییەکانی لە نێوان ئەو ساڵانەدا نووسیوە لە نێوان ساڵانی ١٥٩٢ ـ ١٦٠٦. کەواتە بەشێکی ژیانی شەکسپیر لەو سەردەمەدا خۆ کوارەنتینەکردن و خۆپارێزی و مانەوە بووە لە ماڵەکەی خۆیدا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە بەشێک لە کارەکانی لە سەردەمی کوارەنتینەکردندا نووسیبێت. بەپێی هەندێک زانیاری بەهۆی توشبوونی چەند  ئەندامێکی ئەو (پاریش)ـەی شەکسپیری تیا بووە (St Olav’s Parish) ئەویش لە مەترسی توشبوون بە پەتای تاعون نزیکبۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ڕزگاری بووە و تووش نەبووە، بەڵام تا ساڵی ١٦٠٦ پێنج ئەندامی گروپە شانۆییەکەی بەو پەتایە مردوون. بە بڕوای بەشێک لە شەکسپیر ناسەکان ژیانی لەو دۆخەدا کاریگەری هەبووە لەسەر نووسینەکانی و بە ناڕاستەوخۆ لە تێکستە تراژیدییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە شانۆیی ڕۆمیۆ و جولێت و پاشا لیر دا نەبێت لە هیچ کام لە تێکستە شانۆییەکانیدا بە دیاریکراوی باسی ئەو پەتایە ناکات و نەبووەتە بابەتی سەرەکی یاخود گرێی ناو چیرۆکی شانۆییەکانی. بەڵام لە شانۆیی (ڕۆمیۆ و جولێت)ـدا بە ئاشکرا کاریگەری ئەو پەتایە و دەرئەنجامەکانی بەسەرەوەیە و دەیخاتە ڕوو. لە دیمەنێکی شانۆییەکەدا (فرایا لۆورانس)   (فرایا جۆن) ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی پەیامی بە درۆ مردنی جولێت و پلانی بەیەک گەیشتنەکەیان بە ڕۆمیۆ بگەیەنێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی کەسێکی تووشبووی پەتاکە لە ماڵەکەیاندا کوارەنتینە دەکرێت و ڕێگەی چوونە دەرەوەی لێ دەگیرێت و ناتوانێت پەیامە گرنگەکە بگەیەنێتە ڕۆمیۆ، ئەمەش دەبێتە یەک لە هۆکارەکانی مەرگی هەردووکیان و درووستبوونی تراژدیاکە.

واتە پەتای تاعون هاوشێوەی لایەنەکانی تری ژیان، ڕاستەوخۆ گاریگەری گەورەی لەسەر شانۆ و شانۆکارەکانی هەبووە، لە لایەک کاریگەری لەسەر تێکست و داهێنانەکانیان هەبووە و لە لایەکی ترەوە بووەتە هۆی پەکخستن و وەستانی ئەم هونەرە کە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەبووە لە لای بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان و (ئێلیزابێس)ـی شاژن، ئەو شاژنەی بایەخی زۆری بەم هونەرە داوە و هاوکاری درووستبوونی شانۆیەک بووە ئێستا شاری لەندەن و شانۆی ئینگلیزی پێدەناسرێتەوە.

لە ئێستادا کە لە سەرەتای هەزارەی سێیەم و سەدەی بیستویەک داین، دونیای هونەر و چالاکییە کولتوریی و تەرفیهییەکان لە قۆناغێکی ئێجگار جیاواز و پێشکەوتوودایە کە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ زەمەنەکانی پێشووتردا. بەجۆرێک دەیان ڕایەڵەی جیاواز هەیە بۆ ئەو مەبەستە. بەگشتی جیهانی سەرشاشە و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا لە مۆنۆپۆڵکردنی جیهانی کولتور و چالاکییە فیزیکییە هونەریەکاندان. بەڵام لەناو هەموو ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەدا، لە جیهاندا بەگشتی و بەتایبەت لەناو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا هونەری شانۆ هێشتا بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکی زیندوی ژیانی کولتوری شارەکانە. لەندەن یەکێکە لەو شارانەی شانۆ بەشێکی گەورەی ژیانی کولتوری و هونەری پێکدەهێنێت، بەجۆرێک ساڵانە پانزە بۆ بیست ملیۆن بینەر ڕوو لە هۆڵەکانی نمایش دەکەن کە بەسەر ٢٤٠ یەکەی شاۆدا دابەش بووە. ئەمەش جگە لە بەها هونەری و کولتوریەکەی کە بەشێکی گرنگی بە زیندوو مانەوەی شارەکەیە، جوڵەیەکی گەشتیاری و بازرگانی گەورەی پێ بەخشیوە. لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی ئەم شارەدا دەرگای هۆڵەکانی شانۆ بەردەوام  کراوە بوون و نمایشەکان بەردەوام بوون. تەنانەت لە جەنگی جیهانی دووەم دا تەنیا هەندێک لە هۆڵەکان بۆ چەند هەفتەیەکی کەم داخراون. واتە بە گشتی و لە ماوەی چەند سەدەی رابردوودا بەردەوام کراوە بووە و جوڵەی شانۆیی هەبووە، بەتایبەت لە سەدەی بیستەم دا بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە و داخرانی بەخۆیەوە نەبینیوە.

سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ هاتنی پەتای کۆرۆنا (COVID19) دا، وەک بەشی هەرە زۆری ناوچەکانی دونیا  لەندەنیش رووبەڕوی ئەم پەتایە بووەوە و بەشی هەرە زۆری کایەکانی ژیان بەرەو دۆخی سڕبوون چوون. هاوشێوەی سەردەمی تاعونەکەی سەدەی شانزەیەم، بەڵام لە قۆناغێکی زۆر جیاوازی ژیانی شارەکەدا و لە فۆڕم و پلانێکی نوێدا دەسەڵاتداران هەنگاو بە هەنگاو کۆمەڵێک یاسا و بڕیاریان دەرکرد تا بتوانن بە کەمترین قوربانی دۆخەکە تێبپەڕێنن. لە ناو ئەو یاسا و بڕیارانەشدا داخستنی هۆڵەکانی شانۆ لە هەنگاوەکانی یەکەمدا بوون، ئەمەش پەیوەندی بە قەرەباڵخی هۆڵەکان و نزیکبوونەوەی بینەران و نمایشکاران لە یەکتری هەیە کە وا دەکات پەتاکە زۆر بە ئاسانی و خێرا لە نێوان بینەراندا بڵاو ببێتەوە و زیانی گەورەی هەبێت. ئەگەرچی دوای چەند مانگێک و لە هاوینی هەمان ساڵدا هەندێک لە هۆڵەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی رێژەی بینەران و ڕەچاوکردنی یاساکانی خۆپاراستن کاریان بۆ بەردەوامی نمایشەکان کرد، بەڵام بەهۆی زۆر بوونی قوربانیان و خێرا بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە شەپۆلێکی نوێدا ئەو چەند هۆڵەش داخران. ئەوە بۆ ماوەی ساڵێک دەچێت و لە کەشێکی نامۆی هاوشێوەنەبووی مێژوویی نزیکی ژیانی شارەکەدا هۆڵەکانی شانۆ داخروان و بەشی هەرە زۆری شانۆکاران و کارگوزارانی هۆڵەکان لە ماڵەوە خۆیان کوارەنتینە کردووە و لە دۆخی سست بوونی چالاکییەکانیاندان.

لە کۆتاییدا ئەگەر گونجاو بێت ئەو پرسیارە بکەین: ئەگەر لە سەدەی شانزەدا خۆکوارەنتینەکردن و مانەوە لە ماڵەوە بەشدار بووبێت لە نووسین و بەرهەمهێنانی هەندێک لە کارەکانی شەکسپیر، دەبێت ئەم دۆخەی ئێستا و خۆ کوارەنتینەکردنی شانۆکاران چ کاریگەری و کاردانەوەیەکی هەبێت لەسەر شانۆ و ئەزموونەکانی دوای کۆتایی هاتنی ئەم پەتایە؟ ئایا شانۆی ئەم شارە دەگەڕێتەوە دۆخەکەی جارانی، یاخود ئەم دابڕانە و یاساکانی ئایندەی شێوەیەکی تری پێدەبەخشن؟

ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ

*بۆ زانیاری زیاتر و خوێندنەوەی داتای زیاتر لە بارەی شانۆی لەندەن، دەتوانی خوێنەری بابەتێکی ترم بیت لە (ژمارە ٢ ی گۆڤاری تاڤ ـ شانۆ و زیندویی شار، لەندەن وەک نمونەی شارێکی جیهانی، ل١٠٣ـ١١٣).

ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ

سەرچاوەکان:

  • Shakespeare – The Life, The Works, The Treasure (Catherine M S Alexander)
  • A plague on all your houses: when Shakespearean theatre went dark (Will Tosh & Giles Ramsay – The stage, 21, January, 2021)
  • How Shakespeare’s great escape from plague changed theatre (James Shaprio _ The Guardian, 24, September, 2015)
  •  Shakespeare In Quarto (British Library – Shakespeare Life, 2. London)
  • He Didn’t Flee; Shakespeare And The Plague (Robin Yong & Allison Hagan – Her & There , 06, April, 2020)
بڵاوکردنەوە: