ڤکتۆر ھۆگۆ؛ ھۆزانڤانێکی ڕۆمانتیک

901
0
بڵاوکردنەوە:

لەلای زۆرینەمان وەک خوێنەر “ڤکتۆر ھۆگۆ” تەنیا وەک ڕۆماننوسێکی فەڕەنسی بەناوبانگ ناسراوە، وەئەو لایەنەی کە ھۆزانڤان و شاعیری یەکەمی فەرەنسا بووە فەرامۆشکراوە، وەھیچکام لە دیوانە شیعرییەکانی نەخراوەتە بەردیدی خوێنەر، بەزمانی ئینگلیزی نەبێت.

لەڕاستیدا “ڤکتۆر” یەکێک بووە لەھەرە گرنگترین پایەکانی شیعری فەڕەنسی لەجیھاندا، وەلە ئەوروپا و بەتایبەت لە فەڕەنسادا زیاتر وەک شاعیرێک ناسراوە وەک لەڕۆماننوس. ژمارەی دیوانە شیعرییەکانی زۆر زیاترە لە ژمارەی ڕۆمانەکانی، کە نزیکەی (٢٨) دیوانی شیعرییە، وەھەندێکیان لە( ٣٠٠) لاپەڕە زیاترە، لەکاتێکدا ژمارەی ڕۆمانەکانی نزیکەی (٩)ڕۆمانە و گرنگترین و ناسراوترینیان (بێ نەوایان) و ( قەمبورەکەی نۆتردام ) و ( دوا ڕۆژی مەحکومێک)ە. لەگەڵیشیدا نزیکەی(١٥) شانۆگەری نوسیوەو چەندین نیگاری شێوەکاریشی کێشاوە و لەدوای خۆی جێھێشتووە.

ئەگەر لە ئەوروپیەک یان فەڕەنسیەک بپرسین لەبارەی “ڤکتۆر ھۆگۆ” وە، زیاتر وەک شاعیرێک دەیناسن، ئەویش لەبەرئەوەی دەقە شیعرییەکانی تا ئێستاش دەخوێنرێت لەقوتابخانە فەڕەنسییەکاندا، وەکاریگەرییەکی زۆری ھەبووە لەسەر شاعیر و ھۆزانڤانەکانی دوای خۆی، وەزۆرینەیان ھۆنراوەی جۆراو جۆر و تایبەتیان پێشکەشکردوە و تەنانەت لەدوای مردنیشی، وە بەباوکی ڕۆحی خۆیان داناوە.

ڤکتۆر ھۆگۆ تەنیا ئەدیب نەبووە لەو سەردەمەدا کەتوانیبێتی سەرکەوتن بەدەست بێنێت، لە ھەردوو بواری شیعر و ڕۆماندا، بەڵکو زۆر لە ئەدیبە فەڕەنسییەکانی تریش بەھەمان شێوە بوون، وەزۆر لەشاعیرە گەورەکانیان ڕۆماننوسی بەتواناش بوون، وەرگێران و ڕەخنەی ئەدەبی و شانۆگەریشیان نوسیوە.

یەکێک لەھەرە بەناوبانگترین ھۆنراوەکانی، ئەو ھۆنراوەیە کە بۆ بیرەوەری مردنی کچە گەورەکەی ” لیوپۆڵدین” نوسیویەتی، دوای ئەوەی لەتەمەنی(١٩)ساڵیدا لە ڕووداوێکی دەریایدا لەگەڵ ھاوسەرەکەی، کەشتیەکەیان نقوم دەبێت و ھەردوکیان غەرق دەبن لە دەریادا. ڤکتۆر ھۆگۆ ئازارێکی زۆر دەچێژێت بەھۆی لەدەستدانی کچەکەی، چونکە بەر لە “لیوپۆڵدین”، کوڕە گەورەکەشی کە ناوی ” لیپۆلد” بووە ھەر بەمنداڵی لەدەستداوە، دەگێڕنەوەو دەڵێن تاچەند ساڵێک ڤکتۆر نەیتوانیوە ھیچ بنوسێت لەدوای کۆچی دوایی کچەکەی.

ھۆنراوەکە بەناوی “Demain Dès l’Aube ” ە کەبەمانای ” سبەینێ لەگەڵ کازیوەی بەیان” دا دێت .

لێرەدا دەقی ھۆنراوەکە دادەنێم، دوای وەرگێڕانی بۆ زمانی شیرینی کوردی.

سبەینێ لەگەڵ کازێوەی بەیان

سبەینێ لەگەڵ کازێوەی بەیان، کە تیشکی خۆر باڵدەکێشێت بەسەر گوندا، دەڕۆم.

خۆت دەبینی و دەزانم چاوەڕێم دەکەیت!

دەڕۆم،

لەتەنیشت دارستانەکانەوە، بەشاخەکاندا سەردەکەوم.

لەوە زیاتر،

توانام نیە چیدی لەدووری تۆ ئۆقرە بگرم.

دەڕۆم،

وچاوەکانم تەنیا لەسەر بیرکردنەوەکانمە،

ھیچ شتێک لەدەرەوەی خۆم نابینم، ھیچ ژاوەژاوێک نابیستم.

دەڕۆم،

تەنیا، نەناسراو، پشت چەماوە، دەست تێکئاڵاو،

غەمبار،

دەزانم ڕۆژ بۆ من وەک شەو دەبێت!

نە تەماشای ئاڵتونەکانی ئێواران* دەکەم کە دەکەون، نەتەماشای چارۆکەی کەشتییە دوورەکان، کە بەسەر “ھارفلۆر”** دا دەڕوانن.

دەڕۆم،

و کاتێک دەگەم، چەپکێک گەڵای ھۆلی سەوزو گوڵی ھیزەری ڕەنگین دەخەمە سەر گۆڕەکەت!

یەکێکی تر لەھۆنراوە بەناوبانگەکانی، ھۆنراوەیەکە بەناوی ” L’Homme et La Femme”

کە بەمانای ” پیاوان و ژنان ” دێت، کە بەشێوەیەکی جوان و ڕۆمانتیک باس لە بون و سروشتی پیاو و ژن دەکات، ئەمەی خوارەوەش دەقەکەیەتی :

پیاوان و ژنان

پیاو باڵاترین بونەوەرە،

ژن مەزنترین نمونەیە.

خواوەند عەرشی بەپیاو بەخشی، بە ژن میحراب

عەرش بەرزدەکرێتەوە، میحراب پیرۆزدەکرێت.

پیاو مێشکە، ژنیش دڵ

مێشک ڕووناکی دەبەخشێت، دڵ خۆشەویستی

ڕووناکی خولقێنەرە، خۆشەویستی زیندوکەرەوەیە!

پیاو بەھێزە بیری ھەیە، ژن نابەزێت فرمێسکی ھەیە

بیر قایلکەرە، فرمێسک بزوێنەر!

پیاو ئامادەیە بۆ ھەموو پاڵەوانیەک

ژن بۆ ھەموو گیانبەخشییەک

پاڵەوانەکان مەزنن، گیانبەخشەکان بەرز دەنرخێنرێن

پیاو خاوەنی زاڵبوونە، ژن پەسەندبوون

زاڵبوون بەھێزییە، پەسەندبوون حەقیقەتە

پیاو بلیمەتە، ژن فریشتە

بلیمەت بێھاوتایە، فریشتە پێناسەناکرێت

ئاواتی پیاو ئەوپەڕی شکۆمەندیە، ئاواتی ژن ئەوپەری چاکەکاری

شکۆمەندی مەزنێتی دەخولقێنێت، چاکەکاری پیرۆزی!

پیاو ھێمایە، ژن ئەنجیل

ھێما دروستە، ئەنجیل نایابە

پیاو بیردەکاتەوە، ژن خەون دەبینێت

بۆ ئەوەی بیربکەیتەوە پێویستە کرمێک ھەبێت لە مێشکتدا

بۆ ئەوەی خەون ببینی پێویستە خەرمانەیەکت ھەبێت سەروو برۆت!

پیاو ئۆقیانوسە، ژن دەریاچە

ئۆقیانوس مرواری ڕازاوەی تیادایە، دەریاچە ھۆنراوەی بریقەدار

پیاو ھەڵۆیەکی فڕیوە، ژن بولبولێکی سترانبێژە

بۆ ئەوەی بفڕیت پێویستە ئاسمان ببەزێنیت

بۆ ئەوەی ستران بچڕیت پێویستە ڕۆح داگیرکەیت

پیاو پەرستگایە، ژن مەزارگا

لەبەردەم پەرستگا خۆمان دەدۆزینەوە،

لەبەردەم مەزارگاش کڕنوش دەبەین!

بەکورتی،

پیاو لەو شوێنەدایە کە زەوی کۆتایی دێت،

ژنیش لەو شوێنەدایە کەبەھەشت دەستپێدەکات!

* ئاڵتونەکانی ئێواران: مەبەستی نەیزەکەکانە کە لەئاسمانەوە دەبارێن .

** ھارفلۆر: شارۆچکەیەکی فەڕەنسییە بەسەر دەریادا دەڕوانێت، و خانوەکانی زۆربەی لەدار دروستکراوە .

بڵاوکردنەوە: