یه‌کێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مێشکی مرۆڤ بریتیە لە توانای پرسیاركردن دەربارەی جیهانی ده‌وروبه‌ری و له هەمان کاتدا توانای بیركردنه‌وه و داهێنانی بیرۆكه‌ی جیاجیا و خەیاڵی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه. كاریگه‌ری ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش به درێژایی مێژوو ده‌ركه‌وتووه، مرۆڤه‌كان پرسیاری جۆراوجۆرییان خولقاندووه و به دوای وه‌ڵامی هه‌مه‌جۆر كه‌وتوون بۆ پرسیاره‌كانییان و زۆرینەی جارەکان به‌پێی شیکردنه‌وه و بیردۆزه‌كانییان وه‌ڵامیان داناوه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت له جیهانی هه‌نووكه‌یی و به تایبه‌ت له چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌بینین كه مرۆڤایه‌تی به‌ر لێشاوی لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه كه‌وتووه كه زۆر له‌م لێكدانەوانەش دژیه‌كیشن.
نێوان ئه‌م هه‌موو وه‌ڵامه، قورسه وه‌ڵامه ڕاسته‌كه بناسینه‌وه. به‌ڵام ئایا شتێک هەیە بەناوی وەڵامی ڕاست؟ وە ئەگەر هەیە چۆن دەتوانین پێی بگەین؟ چ جۆره وه‌ڵامێك شیاوه بۆ ئه‌وه‌ی پێی بوترێت ڕاست؟ ده‌كرێت هه‌مان پرسیار به شێوه‌یه‌كی (فه‌لسه‌فی، ئاینی، زانستی،،هتد) وه‌ڵام بدرێته‌وه. به‌ڵام له چه‌ند سه‌ده‌ی رابڕدوودا تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه وه‌ڵامه زانستییه‌كان باوترین و ویستراوترینن. له دیبه‌یت و گفتووگۆكاندا بیردۆز و لێکدانەوە زانستییەکان وه‌ك دڵنییاترین سه‌رچاوه به‌كاردێن و له دڵی خه‌ڵكیش زانست خه‌ریكه له ڕكابه‌ره‌كانی ده‌باته‌وه. ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه، گرنگترینیشی ئه‌وه‌یه زانست ئیشده‌كات و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌بینرێن.
به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئایا بیردۆز و لێکدانەوە زانستییەکانمان چەندێک هاوتان له‌گه‌ڵ جیهانی ڕاستەقینەدا؟ ئایا تا چه‌ند ده‌توانین دڵگه‌رم و دڵنییابین له بیردۆزە زانستییەکان؟ ئایا زانست توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه جیهان وه‌ك خۆی بناسێنێت؟ و پێویسته زانست چۆن كاربكات تا بتوانێت وه‌ڵامه دروسته‌كان ببەخشێت پێمان؟ و زانین و مەعریفەیەکی ڕاست چۆن له ڕێگه‌ی زانسته‌وه به‌ده‌ست دێت؟ و ئایا وه‌ڵامێك كه نزیكترین بێت له جیهانی واقیع شایه‌نی ئه‌وه‌یه پێی بوترێت وه‌ڵامه ڕاسته‌كه؟
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسیارن كه دوو ڕووی بابه‌ته‌كه ده‌خه‌نه ژێر تێبینی، پرسیار له‌وه ده‌كه‌ین كه زانست چۆن كارده‌كات و چه‌ند دڵنییایی ده‌دات كه ڕووه وه‌سفییه‌كه‌ی زانسته(descriptive)، ڕووه‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یه پێویسته زانست چۆن كاربكات (normative). هه‌روه‌ها ئه‌م پرسیارانه ده‌كه‌ونه بازنه‌ی (epistimology)ه‌وه، كه بوارێكی فه‌لسه‌فییه گرنگی به سرووشت و سنووره‌كانی زانین ده‌دات و له چۆنییه‌تی به‌ده‌ستهێنانی زانین ده‌كۆلێته‌وه. له فه‌لسه‌فه‌دا، به‌تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی زانست، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه به چه‌ندەها جۆر دراونەتە‌وه كه باسی گرنگترین و نوێترینیان ده‌كه‌ین:
- بازنه‌ی ڤییه‌نا كه له چه‌ندین فه‌یله‌سوف و زانا و كۆمه‌ڵناسی وڵاتی نه‌مسا پێكهاتبوو كه له ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی فه‌یله‌سوفی نه‌مسایی ڤیتگنشتاین دا بوون. ڤیتگنشتاین له كتێبی تراكتاتسدا له‌وه ده‌دوێت كه ئێمه له‌ڕێی زمانه‌وه شیكردنه‌وه بۆ جیهان ده‌كه‌ین، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ تێگه‌شتن له‌وه‌ی ئێمه چۆن له جیهان تێده‌گه‌ین پێویسته سه‌ره‌تا له چۆنیه‌تی كاركردنی زمان بگه‌ین. بازنه‌ی ڤییه‌نا وه‌ڵامه‌كه‌یان به‌سته‌وه به لۆجیك و هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه و تیۆری زمان. ئه‌مانه كۆمه‌لێك زانا بوون كه له‌و بڕوایه‌دابوون زانین و زانست له ڕێگه‌ی ئه‌زموونكردنه‌وه به‌ده‌ست دێت (empricism)و ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌بستراكته‌ش له ڕێگه‌ی زمانه و باشترین شیكردنه‌وه‌ش بۆ زمان و ئه‌زموون برییته له شیكردنه‌وه‌یەكی لۆجیكی.
به‌م پێیه‌ش ڕاستییه‌كان به‌سه‌ر دوو جۆردا دابه‌ش ده‌بن(Analytic/ Synthetic Distinction)، كه(Analytic truthes) ئه‌و ڕاستییانه‌ن كه به‌هۆی زمانه‌كه‌یانه‌وه ڕاستن و ڕاستی و دروستی‌یان له چوارچێوه‌ی زمان ده‌رناچێت؛ بۆیه‌ش ڕاستی به‌تاڵن و هیچمان له‌سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه پێناڵێن وه‌ك ئه‌م ڕسته‌یه (هه‌موو پیاوێكی سه‌ڵت بێ ژنه)؛ یاخود ئەو بەشەی ماتماتیك کە ناتوانرێت بەشێوەی کردارییانە بەکار بهێندرێت .(Synthetic truthes) ئه‌و ڕاستییانه‌ن كه بۆ ئه‌وه‌ی ڕاست بن پێویسته ڕاستیان له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا پشتڕاست بكرێنه‌وه. وه‌ك: «ئه‌مڕۆ باران ده‌بارێت» یاخود ماتماتیكی پراكتیكاڵ. ڕاستییه زانستییه‌كانیش جۆرێكن له‌مانه، كه پێویستییان به‌وه‌یه بۆ زانینی ڕاستی و دروستیان له جیهانی ده‌ره‌وه لێیان بكۆڵدرێنە‌وه.
جا زانست به پێی(Analytic/ Synthetic Distinction) یه‌كه‌كێكه له ڕاستییه(Synthetic)ەکان كه دەکرێت پاسادانی بۆ بکرێت. ( تیۆری پاسادانی مانا) كه بۆ ڕاستییه (Synthetic)ەکان به‌كاردێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه هه‌ر ڕاستییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ڕاست بێت و مانایه‌ك ببه‌خشێت پێویسته بتوانرێت پاسه‌دان بكرێت. مه‌به‌ستیش له پاسه‌دان ئه‌وه‌یه كه بتوانرێت ڕاستی و دروستی‌یان له واقیع دا تاقیبكرێته‌وه هه‌تا ئه‌گه‌ر له تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا ره‌تیش بكرێنه‌وه. یان به جۆرێکی تر توانای ئه‌زموونكردن و تاقیكردنه‌وه‌یان هه‌بێت. به‌پێی بڕوای زانستی بازنه‌ی ڤییه‌نا، هه‌ر ڕاستییه‌ك له‌م جۆره نه‌بوو بەک بەس نازانستی بەڵکو بێماناش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
بازنه‌ی ڤییه‌نا ناوی به ڕێكخراوی (لۆجیكی-ئه‌زموونگه‌ر)یش ده‌ركرد له دوای جه‌نگی جیهانی و ئه‌و دیدگایه لۆجیكییه‌ش كه بۆ زانست هه‌یانبوو وه‌ك دیدگای (ده‌یڤید هیوم) بوو كه باوه‌ڕیان وابوو ڕاستییه زانستییه‌كان به شێوه‌ی ئیندەكشن (induction) و ئه‌زموونكردن به‌ده‌ست دێن.
(ئێندەكشن جۆرێكه له لۆجیك كه به‌م جۆره كارده‌كات: پێكدێت له به‌ڵگه‌یه‌ك یان زیاتر كه پێی ده‌وترێت(Premise) ئه‌م به‌ڵگه‌یه پاڵپشتی له بانگه‌شه زانستیه‌كه یاخود تیۆرییه‌كه ده‌كات كه ده‌بێته ئه‌نجام(Conclution). .بۆ نمونە ئێمە ٩٩ قازمان بینیوە ڕەنگیان سپی بووە، بۆیە بەپێی ئیندەکشن پێشبینی ئەوە دەکەین کە قازی ژمارە ١٠٠یش سپی بێت. واتە بەکارهێنانی زانیارییەکانی ڕابردوو و ئێستا بۆ پێشبینیکردنی ڕووداوەکانی داهاتوو.
جا لۆجیكی ئینداكشن به‌ڵگه‌كانی له ئه‌زموونه‌كانی پێشتره‌وه وه‌رگرتووه؛ به‌وپێیه‌ش ناتوانین لێی دڵنییابین و ناتوانرێت به دڵنییاییه‌وه هیچمان بۆ بسه‌لمێنێت، چونكه ئه‌و شته‌ی له ڕابردوو ڕووی داوه مه‌رج نییه به دڵنییاییه‌وه له داهاتوش رووبدات. نم\ دوێنێ و پێرێ و ڕۆژه‌كانی پێشتریش ڕۆژ له رۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵیكردووه كه‌واته به‌یانیش رۆژ له رۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵده‌كات. به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه به‌یانیش ڕۆژ له رۆژهه‌ڵات هه‌ڵده‌كات به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره %١٠٠ و دڵنییا نییه) . ئیتر ئه‌م جۆره لۆجیكه له زانست به‌كاردێت كه هه‌تا ئه‌گه‌ر سودبه‌خش و ڕاستیش بێت به‌ڵام دڵنییا و ڕه‌ها نییه. کەواتە ڕاستییه زانستییه‌كان ئه‌گه‌ر به زۆرترین ڕێژه‌ش ڕاست بن هیچ كات دڵنییایی و ڕه‌هایی %١٠٠ نادەن پێمان. ڕاستی ڕەها له زانست‌دا بوونی نییه و هه‌ر كاتێك له كاته‌كان ده‌كرێت گۆڕانكاریه‌كی كتوپر ڕووبدات. له‌مه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌زمونگه‌ره ڤییه‌نییه‌كان به زۆری باوه‌ڕیان به‌وه نه‌بووه كه زانست ده‌توانێت شیكردنه‌وه‌ی ڕاست و دڵنییای جیهان و واقیعمان بۆ بكات به ته‌واوی به‌ڵام له‌و بڕوایه‌شدابوون كه زانست ده‌توانێت دڵنییاترین وه‌سفمان بۆ بكات.
- كارڵ پۆپه‌ر یه‌كێك له كاریگه‌رترین فه‌یله‌سوفه‌كانی زانست له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه ئه‌میش به فه‌یله‌سوفیكی ئه‌زموونگه‌را(Empiricist) ناسرابوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كانی بازنه‌ی ڤییه‌نا، كه فه‌لسه‌فه‌ی زانستیان به لۆجیك و زمان ده‌به‌ستەوە، پۆپه‌ر ڕاسته‌وخۆ كاری له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی زانست كرد. پۆپه‌ر له لایه‌كه‌وه وه‌سفی چۆنییه‌تی كاركردنی زانستی كرد و له لایه‌كی تره‌وه ڕێسا و میتۆدی بۆ زانست دانا و جییاكاریكرد له نێوان زانستی راسته‌قینه(Science) و زانستی درۆیی یاخود زڕ-زانست. (Psudoscience)
تیۆرییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی پۆپه‌ر(falsificationism)، یا خود تیۆری به هه‌ڵه خستنه‌وه، جییاوازی ده‌كات له نێوان زانستی ڕاسته‌قینه (ئه‌م جۆره زانسته به‌ڵگه‌كان كۆده‌كاته‌وه و ئه‌نجامی لێده‌رده‌كات، و به زمانێكی ڕوون و ئاشكرا دەدوێت، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر بۆ ئه‌وه‌ی زانستێك ڕاستی بێت به پێی پۆپه‌ر پێویسته توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت به هه‌ڵه بخرێته‌وە). زانستی درۆ یاخود زڕ-زانست (كه له ئه‌نجامه‌وه ده‌ست پێده‌كات و ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌و پاساو و به‌ڵگانه‌ی كه پشگیریده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره زانسته به زمانێكی ناڕوون ده‌رده‌بڕدرێت كه وایلێده‌كات له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی به‌ڵگه له دژی پاساو بهێنێته‌وه و تیۆرییه‌كه به‌هۆی زمانه ناڕوونه‌كه‌ی ده‌توانێت له‌ژێر ترسی به هه‌ڵه‌خستن قوتاربێت. به‌م پێیه‌ش زڕ-زانست ناتوانرێت به هه‌ڵه بخرێته‌وه وه‌ك زڕزانستی ئه‌سترۆلۆجی).
له لای پۆپه‌ر، تاقیكردنه‌وه‌ی زانستی ده‌بێت به‌و جۆره‌بێت كه هه‌وڵی پوچه‌ڵكردنه‌وه و به هه‌ڵه‌خستنه‌وه‌ی تیۆرییه‌كه بدات، و زانستكار و زانستناسی باش، له جییاتی گه‌ڕان به‌دوای به‌ڵگه بۆ پشتگیری و چه‌سپاندنی تیۆرییه‌كه‌ی، پێویسته هه‌رده‌م به‌دوای به‌ڵگه‌ی دژ بگه‌ڕێت بۆ تیۆرییه‌كه‌ی و هه‌وڵی ئه‌وه بدات به‌هه‌ڵه‌ی بخاته‌وه، چونكه لای پۆپه‌ر چه‌سپاندن ته‌نها وه‌همێكه(confirmation is a myth)،
وه‌ك له سه‌ره‌وه باسم كرد لۆجیكی زانست لۆجیكێكی ئیندەكتیڤه. واتا چه‌ند به‌ڵگه‌ش پشتگیری تیۆرییه‌كه بكات هیچ دڵنیاییەكی %١٠٠ی تێدا نییه و ناچه‌سپێندرێت. بۆیه لای پۆپەر چه‌سپاندن و كۆنفیرم كردن له لۆجیكی ئیندەكتیڤدا ته‌نها وه‌همه، به‌م پێیه‌ش چه‌سپاندن له زانستیشدا ناكرێت.
به‌ڵام پۆپه‌ر بابەتەکە ئاڵۆزتر ده‌كات و ده‌ڵێت ته‌نها كه‌ڵكێك كه تاقیكردنه‌وه‌ی بیردۆزی زانستی ده‌كرێت هه‌یبێت ئه‌وه‌یه كه بیردۆزه‌كه به هه‌ڵه بخاته‌وه و هەرگیز ناتوانین به‌هۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌زموونیه‌وه پشتگیری بۆ بیردۆزاكانمان بهێنینه‌وه. لێره‌دا پۆپه‌ر بڕێک زیادڕه‌وی ده‌كات له‌وه‌ی كه ده‌ڵێت جیاوازی نییه له نێوان بیردۆزێك كه پێشتر به‌هۆیه‌وه پێشبینی داهاتوو کراوە و پێشبینییه‌كان ڕاست ده‌رچوون و بیردۆزێك كه پێشتر هیچ پێشبینییەکی نەکردووە. هه‌تا ئه‌گه‌ر بیردۆزێك بتوانرێت به‌كاربهێندرێت بۆ پێشبینیكردنێكی زانستی و پێشبینییه‌كه ڕاستیش ده‌رچێت تاكه شت كه ده‌توانین له‌سه‌ری بڵێین ئه‌وه‌یه كه بیردۆزه‌كه پوچه‌ڵ نه‌كراوه‌ته‌وه. به‌م پێیه‌ش پۆپه‌ر بڕوای وابوو كه زانست ناتوانێت وه‌ڵامی دڵنییامان بداتێ له‌سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه و واقیع و هه‌موو ئه‌وه‌ی كه ده‌توانێت پێمان بڵێت ئه‌وه‌یه كه چ شتێك و چ بیروڕایه‌ك هه‌ڵه‌یه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه. به‌م پێیه‌ش زانست توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه تیۆرییه‌كان به هه‌ڵه بخاته‌وه و ئه‌مه‌ش ڕێڕه‌وی گۆڕانكاری له زانست‌دا به‌ڕێوه‌ده‌بات. گۆڕانكارییه زانستییه‌كان به دوو قۆناغدا ده‌ڕۆن ئینجا دووباره ده‌بنه‌وه. یه‌كه‌م قۆناغ: كاتێك زانایه‌ك گریمانه‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه له‌وانه‌یه ئه‌و گریمانه‌یه ڕاستییه‌كمان بۆ ده‌ربخات، و گریمانه‌یه‌كی باش بریتییه له‌و گریمانه‌ی كه مەترسی ئه‌وه‌ی تێدایه به هه‌ڵه بخرێته‌وه و هه‌روه‌ها ده‌كرێ پێشبینی زانستییش بكات. پرۆسه‌ی دووه‌م؛ ئه‌و هه‌وڵه‌یه كه ده‌خرێته گه‌ڕ بۆ به‌هه‌ڵه‌خستنه‌وه‌ی ئه‌و گریمانه‌یه كه خراوه‌ته ڕوو. وە کاتێک گریمانه‌كه به هه‌ڵه خرایەوە دووباره زانست ده‌گه‌ڕێته‌وه قۆناغی یه‌كه‌م و گریمانه‌یه‌كی نوێ ده‌خرێته ڕوو.
- تۆماس كوهن، فیزییازان و فه‌یله‌سوفی زانست، خاوه‌نی یه‌كێك له گرنگترین په‌رتووكه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كه له‌باره‌ی زانسته‌وه نوسرابێت. (پێكهاته‌ی شۆڕشی زانستی) كه تێییدا وه‌سفی چۆنییه‌تی كاركردنی زانست به گشتی و پێكهاته‌كانی ده‌كات. به ڕای كوهن زانست و بیرۆكه و تیۆرییه زانستیه‌كان به قۆناغێكی بازنه‌ییدا ده‌ڕۆن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنه بنچینه‌ییه‌كه‌یان. قۆناغەکانیش بریتیین له (زانستی ئاسایی، لادانی مۆدێڵی زانستی، قه‌یرانی مۆدێلی زانستی، شۆڕشی مۆدێڵی زانستی، جێگۆركێی پارادایم، مۆدێڵێكی نوێ، قۆناغی پێش زانستی بۆ مۆدێله نوێیه‌كه، مۆدێله نوێیه‌كه ده‌گۆڕێت بۆ زانستێكی ئاسایی…هتد).
با له زانستی ئاساییه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین. كوهن تیۆری و ڵێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان به(paradigm) ناوده‌بات. پارادایمیش به چه‌ند مه‌به‌ستێك به‌كارهێنراوه له لایه‌ن خودی «كوهن»ه‌وه، به‌ڵام من لێره‌دا به مه‌به‌سته باوه‌كه‌ی پێناسه‌ی ده‌كه‌م كه بریتییه له‌و مۆدێل \بانگه‌شه\ یاخود تیۆرییه زانستییه‌ی كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای زانستییه‌وه قبوڵكراوه به‌و پێیه‌ی توانای لێكدانه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی هه‌یه كه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی زانستی دێنه پێش لە كاتێكی دیاریكراودا. هه‌روه‌ها توانای پێشبینیكردنی هه‌یه. نم: پارادایمی نیوتن.
دیارترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی قۆناغی زانستی ئاساییش ئه‌وه‌یه كه قۆناغێكی ڕێكخراوه. ئه‌م ڕێكخراوه‌ییه‌ش زیاتر به‌هۆی ڕۆڵی پارادایم (مۆدێڵی زانستی) یه‌وه‌یه كه وه‌ك بنه‌چه‌یه‌كی زانستی كارده‌كات كه زانایان كۆكن له‌سه‌ری به‌م پێیه‌ش زانسته‌كه خاوه‌ن بناغه‌یه‌كه. زانایان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جیهان به چ جۆرێك كارده‌كات هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنەما و كێشه زانستییه‌كان و ئه‌و ڕێگا زانستییانه‌ی كه پێویسته بگردرێنه به‌ر بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر. جا كوهن له‌و بڕوایه‌دابوو كه له هه‌ر بوارێكی زانستیدا ته‌نها یه‌ك پارادایم بوونی هه‌یه له كاتێكی دیاریكراودا. زانست كردن له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك دروستكردنی میکانۆ وایه، زانایان هه‌موو پێداویستییه‌كانیان به‌رده‌سته ته‌نها پێویسته رێكیانخه‌ن.
جا زانستی ئاسایی، وه‌ك كوهن باسیده‌كات، وا ڕێكخراوه كه توشی لادان و به هه‌ڵه‌خستنه‌وه بێت به‌و پێیه‌ی ڕاستی و تیۆرییه زانستییه‌كان ڕه‌ها و دڵنییا نین. به‌ڵام وه‌ها به ئاسانی نه كه پۆپه‌ر باسی ده‌كات. لای كوهن كاتێك پارادایمی زانست له ساتێك له ساته‌كاندا ناتوانێت پێشبینی زانستی بكات یاخود به هه‌ڵه ده‌یكات ئه‌و پارادایمه توشی لادان ده‌بێت. به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ ناڕوخێت، ئه‌مه‌ش چونكه زانایان به‌دوای هه‌ڵه‌كانی خۆیان ده‌گه‌ڕێن. زۆرجار هه‌ڵه له خودی پارادایمه‌كه نییه، به‌ڵكو له ورده‌كاری تره. هه‌ر بۆیه‌ش زانایان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پارادایمه‌كه ڕاست بكه‌نه‌وه و له قه‌یران رزگاری بكه‌ن. جا كه سه‌ركه‌وتوو نابن، ئیتر پارادایم یاخود مۆدێله زانستییه‌كه ده‌چێته قۆناغی (قه‌یرانی مۆدێلی زانست)یه‌وه. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و مۆدێله زانستییه‌ی كه زانایان له‌سه‌ری كۆك بوون و قبوڵكراو بوو و پرسیاری له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا ناتوانێت وه‌ڵامی پرسیاره زانستیه‌كان بداته‌وه یاخود پێشبینی زانستی بكات. ئیتر پرۆسه‌ی زانست ده‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌وە. به‌ڵام هێشتا، سه‌ره‌رای ئاڵۆزی و پشێوی، مۆدێڵه‌كه ڕه‌ت ناكرێته‌وه. به‌و پێیه‌ی له زانست‌دا بۆ ئه‌وه‌ی تیۆرییه‌ك یاخود مۆدێلێک به ته‌واوی ڕه‌ت بكرێته‌وه پێویسته مۆدێلێكی تر شوێنی بگرێته‌وه. جا هه‌ركه زانایان مۆدێلێكی نوێی جێگره‌وه‌یان پێشكه‌شكرد مۆدێله كۆنه‌كه به هه‌ڵه دووردەخرێتەوە و شۆڕشی زانستی ڕوده‌دات به‌و پێیه‌ی یاسا و ڕێسا زانستییه كۆنه‌كان كه زانایان له‌سه‌ری كۆك بوون ئیتر پراكتیكاڵ نین و ناتوانن پێشبینی بكه‌ن. دواتر مۆدێڵێكی نوێی جێگره‌وه دێته كایه‌وه كه ئه‌م پێشبینیانه ده‌كات به‌مه‌ش مۆدێڵه زانستیه‌كه ده‌گۆڕدرێت بەمەش دەوترێت «پارادایم شیفت» و پارادایم یاخود مۆدێڵێكی نوێی زانستی دێته جێی كه دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر به‌ره به‌ره ده‌بێت به پارادایم یاخود ستانده‌رده زانستییه نوێیه‌كه.
سەرچاوەکان:
١- Philosophy of Science: A Contemporary Introduction
٢- Theory and reality
٣- shorturl.at/guwxB
٤- The Structure of Scientific Revolutions
٥- https://plato.stanford.edu/entries/vienna-circle/
٦- https://plato.stanford.edu/entries/popper/