من شەقامم لە زماندا ھەیە

791
0
بڵاوکردنەوە:

حازم جەعفەر

سولاوکەکان دایمە چاوەڕوانی

ھەمبێزی بارانن.

منیش کە سەرم بردە ژێر کڵاوەکەم،

لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

باوەشێکم دەوێ.

باوەشێک نا لە شێوەی

ئەو قەد پالانەی زوو زوو ڕۆ دەچن،

بەڵکوو من باوەشێکم دەوێ،

تێیدا ھاوار بکەم و پەنجەرە گوێی لێ نەبێ،

توڕەبم و سەقفی خانووەکە گلەیی نەکا.

برینم ھەبێ و بەلای بەیانییەوە نامۆ نەبێ.

ئازار ھەر شکانی ئێسک و کەوتنی مەراقەکانمان نەبن.

دە تۆ سەیرکە، من شەقامم لە زماندا ھەیە،

گوڵی تۆی تێدا چێندراوە.

دە تۆ سەیرکە، من شەقامم لە زماندا ھەیە،

ئەو ڕۆژانە تۆ پیاسە ناکەیت.

دە تۆ سەیرکە، من شەقامم لە زماندا ھەیە و

شۆستە ھەموو ڕۆژێک گلەییت لێ دەکا.

تەواو، ئیتر تەواو.

تەواوی ڕۆژەکانم بەرەو ئاوابوون دەڕۆن،

ئەوەش نازانم ئاخۆ بەیانییەکانم پەلەی ھاتنیانە!

ئەو تەنیاییەم بە کەڵکی شەوانێک نایەت،

کە زام و برینەکانمی تێدا یەکدەگردنەوە.

زمانم تاقەتی گوتنەوەی

چیرۆکە سەختەکانی ژیانی نییە،

چونکە پەنجەکانم فێری

نووسینەوەی نیگەرانییەکان بوون،

زمان لە قاقاشدا، غوربەت دەنووسێتەوە.

لە چاوی چەم و ڕووبار،

ئەو ژیانە ھەمیشە لە یەکتر دەخشێ.

لە بیری مێژوو و ھەرەسی ئێستادا،

ئیشی مرۆڤ بەردەوامییە.

لە دەستی من و چیرۆکەکەی “با”دا،

ھەنگاونان ھەمیشە فڕینی بەرزە.

تۆ، تۆ پێت وانەبێ تەنیا کانی و

ڕووبار و جۆگەلە دروست دەکەن.

دە بزانە ژیان برینە لەنێو بڕبڕەی پشتی مندا.

بەڵێ، ڕووناکی جاروبار لە پەنجەرەی بەندیخانەوە

دێتە ژوورێ، بەڵام ئازادی

لە ڕژاندا پەلەی نییە.

نامەوێ ھێندە دووپاتی بکەمەوە کە ئەم شارە مەسکەنی

من نییە و نامەوێ ئەوەندیش گەڕیدەبم!

چونکە ژیان لە تابڵۆ تازەکەیدا، کەسەرێکی من نانەخشێنێ.

بڵاوکردنەوە: