وێنەکەی نێو ڕۆحم

403
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هیلال ئیبراهیم

ئەگەر وشەکان نەبوونایە لەوانەبوو شتێکی تر بناسین.

وێنەی خۆمان لە دەرەوەی ڕەنگ،

لە دەرەوەی ئەو سکێچەی بە وشەکان لەسەر لاپەڕەکان بەخواروخێچی دەیکێشین.

هەموو ڕۆژێ بە وشە خۆمان دەنووسین و پاشان بە نائومێدی دەیسڕینەوە.

ئەگەر وشەکان نەبوونایە ئێمە چیمان دەکرد و،

بە چییەوە سەرقاڵ دەبووین و چۆن ئەو دنیایەمان بەیان دەکرد.

ئەگەر وشەکان نەبوونایە تۆ باخەوانێک دەبووی،

دەچوویتە نێو دڵی بێدەنگی و خۆت فێری زمانی درەختەکان دەکرد.

هەموو ڕۆژێ لەگەڵ درەختەکان دەدوای، پاشان دەتگوت “درەختەکان هیچم فێر ناکەن”*.

ئەگەر وێنەکان نەدەبوون،

تۆ لەنێو دونیایەکی دیکە دەبووی،

شەپۆل دەبووی و دەنگت دەبەخشییە هەوا،

دەچوویتە بن هەر درەختێ، گۆرانی بەسەر سێبەرەکانیاندا دەباری و

باڵت دەبەخشییە ڕەنگەکان و بەسەر ئاسمانێکی دیکەدا دەفڕیت.

***                              ***                                 ***

ئەگەر وشەکان نەبوونایە، من مرۆڤێکی سادەی نێو کۆڵانەکان دەبووم.

ڕۆژانە خۆم دەدایە بەر خۆر و ئاسمان و هەوا.

ڕۆژانە وێنەکانم لەسەر شەقامەکان کۆ دەکردەوە و

لەگەڵ وشەکان فڕێم دەدانە نێو حاویەی گەڕەکەکان.

وێنەکان ڕۆژ بە ڕۆژ مردنی خۆیان تۆمار دەکەن و

وشەکانیش لە دایک دەبن و دەمرن.

ڕەنگە درێژترین لیستی مردن وشەکان لەنێو خۆیاندا بینووسن.

***                               ***                            ***

دەگەڕێم بەدوای دۆزینەوەی خۆم لە ڕۆحمدا.

ڕەنگە نهێنییەک لەو دیو وشەکان و وێنەکاندا هەبێ.

 

یۆنان

06.07.2022

پەراوێز:

* ئەو دێڕەی ناو کەوانە کە لە گوتراوێکی سوکرات لە دایەلۆگی فێزرۆسی پلاتۆندا وەرگیراوە. پاش ئەوەی سوکرات سەرلەبەیانییەک لەبەردەم ماڵەکەیدا فێزرۆس هاوڕێی دەبینێت، فێزرۆس داوا لە سوکرات دەکات ئەگەر پێی خۆش بێت ئەو دەقەی کە لیسیاس** داویەتییە بۆی بخوێنێتەوە دوای مشتومڕ دەقەکەی بۆ دەخوێنێتەوە، ئەو دەقە جگە لە بەها فەلسەفییەکەی بە یەکێک لە دەقە ئەدەبیە جوانەکانی نیو مێژووی بیرکردنەوەی مرۆیی دادەنرێت، سەرەڕای ئەوە نووسەرانی بواری مێژووی فەلسەفە پێیان وایە کە ئەو دایەلۆگە ئەوە ئاشکرا دەکات و دەتوانرێت وەک بەڵگەی ئەوە تەماشای بکەین کە لەو سەردەمەدا دەقی نووسراو بوونی هەبووە، هەر وەها دەقە نووسراوەکان گەیشتوونەتە دەست هاوشارانی ئەو کاتەی ئەسینا. ئەمە جگە لەوەی ئەو دەقە ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە سوکرات ئەسینای بەجێ نەهێشتووە و سەفەری بۆ هیچ شوێنێک نەکردووە تەنانەت لەو شوێنەی تێدا ژیاوە زۆر دوور نەکەوتووەتەوە.

« لەمن تێبگە، فێزرە، دۆستە هەرە باشەکەم، من حەزم لە فێربوونە، بەڵام شوێنی حەوانەوە(کێڵگەکان) و درەختەکان هیچم فێر ناکەن…… پەرەگرافی230d.

-**لیسیاس وتاربێژێکی بەناوبانگی ئەسینا بووە، لەماوەی ساڵانی ٤٥٩-٣٨٠ پێش زایین ژیاوە، یەکێک لە دیارترین وتارەکانی بەناوی ئۆلیمبیایە، وەک دەوترێت ئەو وتارەی  لە ساڵی ٣٨٨ پێش زایین پێشکەش کردووە.

بڵاوکردنەوە: