بۆچی (نالی) سلێمانیی بەجێ هێشت؟

712
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕێبوار حه‌مه‌تۆفيق

وه‌ڵامى باو ئەوەیە کە: نالی چووە بۆ حەج و لەکاتی گەڕانەوەیدا لە شام، هەواڵی ئەوەی بیستووە کە میرنشینی بابان کۆتایی هاتووە و کەوتووەتە دەست عوسمانییەکان، ئيتر ئەویش نامە شیعرییەکەی بۆ سالم ناردووە و دڵی نەیهێناوە و چاوی هەڵنەهاتووە تا بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. به‌ڵام چەند سەنجێک هه‌ن كه‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ له‌ ئاستياندا به‌ بێده‌نگى ماوه‌ته‌وه‌‌:

يه‌كه‌م: ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدا نییە کە نالی شاعیر پێش ١٨٤٧-١٨٤٨ حەجی کردبێت، تەنانەت ئەگەر کردبێتیشی، هیچ لە ڕاستی ئەو سەرنجانە کەم ناکەنەوە کە شاعیر لە چەند هۆنراوەیەکیدا -کە دەبێت لە کاتی چوونە حەجدا نووسیبنی- بەئاشکرا تێياندا هەست به‌ ته‌مه‌نى پیریی و بەساڵاچوویی شاعیر دەکرێت. بۆ نموونە گوزارشتی (پیرم و ئوفتادە کەوتووم) لە شیعری (ئەى تازە جەوان…)دا وێنەی کەسێک پیشان نادات کە لە تەمەنی چل و حەوت بۆ پەنجا ساڵیدا بێت.

دووه‌م: هەر لەو هۆنراوانەی -کە دەبێت لەکاتی چوونە حەج نووسیبنی- چەند وشەیەک دەبینرێن گوزارشت بۆ مەیل و ئارەزووی تایبەت بۆ مەبەستی چوونە حەج ناکەن، وەک وشەی (دەربەدەر) لە هۆنراوەی (ئەى ساکینی ریاضى مەدینە…)دا، کاتێک دەنووسێت:

ڕۆژی جەزا ڕجا بکە بۆ (نالی) دەربەدەر

چون لەم جیهان گوناهی گەلێ زۆر و ئەکثەر

هەروەها لە شیعری (وەی کە ڕوو زەردی مەدینە…)دا دەڵێت:

وەی کە ڕوو زەردی مەدینە و ڕوو سیاهی مەککە خۆم!

دەرکراو و دەربەدەر یارەب دەخیلی عەفووی تۆم

سێهه‌م: (احمد بن محمد الحضراوی) کە خۆی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٤-١٨٦٥ نالیی لە حیجاز بینیوە وەسفی ڕوخسار و تەمەنی شاعیر دەکات و دەڵێت (شێخ خزر ئەفەندی نالی کوردی لە ساڵی ١٢٨١ کۆچی هاتووەتە مەککە و بەهۆنراوەیەک ئەمیری مەککەی بەسەرکردووەتەوە و هەمیشە لە مەجلیسی ئەمیردا دانیشتووە و گفتوگۆ و بەدواداچوونی کردووە لە بواری زمان و ئەدەب و زانستی تردا، هەروەها لەنێوان ئەو و زانای گەورە شەنقیتیدا دیالۆگ و شرۆڤەی بابەتەکانی ئەدەب و زمان بەڕێوە چووە. نالی توانا و لێهاتوویەکی بەربڵاوی هەبووە لە ناسینی نەژاد و ئەدەب و زمانی عەرەبیدا. ئەم پیاوە، زانا و خاوەن فەزڵە، وەک پیرێکی جوان و بەهەیبەت، بەڵام داهێزراو و سست دەردەکەوێت)(١) ئاشکرایە کە ئەم وەسفەش دیسانەوە لەگەڵ تەمەنی کەسێکدا نایەتەوە کە چل و حەوت بۆ پەنجا ساڵ تەمەنی کردبێت.

چواره‌م: کەسێک لەتاو ئازاری داگیرکردنی شارەکەی لەلایەن عوسمانییەکانەوە نەیویستبێت بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی چۆن دەچێت لە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئەو داگیرکارەدا کە (ئەستەمبوڵ)ـە، نیشتەجێ دەبێت!؟

پێنجه‌م: لەنێوان ساڵانی ١٨٤٧-١٨٥٠ نالی لە ئەستەمبوڵ کاری لە نووسینی دوو کتێبدا کردووە ئەوانیش کتێبی (بعض فوائد عقلیە و نقلیە) و (مناظر الانشاء)ن. کەواتە نالی لەو سەردەمەدا نەچووە بۆ حەج و لە ئەستەمبوڵ بووە.

بانگکردنی ئەحمەد پاشا بۆ لێپرسینەوە لە ئەستەنبوڵ و هاتنی مەستوورەی ئەردەڵانی بۆ سلێمانی، هاوکاتن و لەیەک ساڵدا ڕوویان داوە. ئاشکراشە کە مەستوورە هاوسەردەمی نالی بووە و لە ساڵی ١٨٠٥ لە شاری سنە و لە گەرمەی دژایەتیکردنی نێوان هەردوو میرنشینی بابان و ئەردەڵاندا لەدایک بووە و ساڵی ١٨٤٧ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاک سپێرراوە.(٢) بوونی شیعرە داشۆرینەکەی نالی بۆ مەستوورە دوور نییە لە پاڵ کۆنە ڕقی ناکۆکی نێوان هەردوو میرنشیدا ڕێگەیان بۆ ئەم کۆچە کردبێتەوە وەک (مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی) دەڵێت (دوژمنایەتی و ساردی لە نێوان میرنشینی بابان و ئەدەڵاندا هەبووە، بۆ نموونە لە سەردەمی حوکمڕانی خوسرەوخانی ناکامدا، کە مێردی مەستوورەیە، بابانەکان هەڵمەتێکی زۆر گەورەیان بردووەتە سەر میرنشینی ئەردەڵان)(٣) ئەوەش ئاشکرایە کە جیاوازیی مەزهەبی و ئایینییش لەنێوان ئەم دوو میرنشینەدا هەبووە و لەمەش قووڵتر بابانییەکان شانازییان بە جافایەتییەوە کردووە و نالییش (لە ڕووی خێڵەکییەوە لە هۆزی جافە، مەستورەیش لە مێژووەکەیدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر میرەکانی بابان و بە ناشرینترین شێوە باسی جافەکانی کردووە.)(٤) مەستوورە خۆشی لە مێژووی ئەردەڵانەکەیدا، جەختی لەم ناتەباییە کردووەتەوە و دەنووسێت (لەبەر ئەوەی کە کوردی ناوچەی سلێمانیی و شارەزوور و هۆزی جاف، کە لەسەر سنووری ناوچەی سنە پەز و ئاژەڵیان دەلەوەڕاند، پێیان لەبەری خۆ زێتر ڕاکێشابوو و ئاژاوەیەکی زۆریان لەناوچەکەدا نابووەوە و والی هەرچەندی دەکرد، ئەم کردەوەیەی بۆ قووت نەدەچوو، بڕیاری سەرکوتکردنیانی دا و دە گژیان ڕاچوو و تیرە و هۆزەکانی جافی سەرلەبەر چەپاو دا و تاڵان و برۆی کردن و زۆربەی ناوداران و بەڕێزانیانی لە شیر کێشان. لەم دەگژڕاچوون و شەڕوشۆڕەدا لە شکری سەرکەوتووی ئەمانوڵڵاخان پەنجاهەزار تمەنی زێتر بەدەست کەوت و هەمووی بۆ سنە نارد بۆ والی، خۆیشی بە تەنتەنە و هەیتوهووتەوە، لەسەر مەریوان و شارەزوورەوە هاتە ناو شاری سلێمانییەوە، مەڵبەندی پاشاکانی بابان. ئەو سەروبەندە، مەحموود پاشا میری بابان بوو. پاش گەیشتنی والی چەند ڕۆژێ، مەحموود پاشا بە خۆی و دەستەو دایەرەو و پیاوماقوڵان و بازرگان و بازاڕیانەوە شاری سلێمانیان چۆڵ کرد و وردو باریک بۆی دەرچوون و هەرچی ماڵ و سامانێکی لە مزگەوت و تەکیە و خەڵوەتخانە و کولبەردا شاردبووە، هەموو وەگیر لەشکری ئەمانوڵڵاخان کەوت.)(٥) وەنەبێت بابانەکانیش لەمبارەیەوە کەمیان بەوان کردبێت و هەروا دەستەوەستان دانیشتبن، بۆ نموونە لەسەر هێز و زۆرێتيی سوپای بابان و ئەحمەدپاشای بابان بەرانبەر بە هەورامییەکان (محەممەد ئەمین زەکی بەگ) لە دەفتەرێکی دەستنووسی (حسین نازم)ـەوە دەنووسێت (ئەحمەد پاشا زۆر بە دەست و توندە تەبیات بوو. زۆری لێ دەترسان و کەس نەیدەتوانی خراپە بکا. بەعزێ لە پیاوخراپ ڕایان کردبووە ناو هەورامیی و ئەحمەد پاشا داوای ئەمانەی لێکردن و هەورامییەکان گوێیان نەدایە، لەسەر ئەمە لەشکرێکی ناردبووە سەر هەورامان و چەند هەزار تەور بەدەستێکی لەگەڵ ناردن، خەڵکی هەورامان ڕایان کرد و خۆیان شاردەوە. تەور بەدەستی بەبە، هەموو باخەکانیان بڕین و هەورامییەکانیان ماڵوێران کرد.)(٦)

مەستوورە خۆی سەبارەت بە هاتنی بۆ سلێمانی، لە کۆتایی (مێژووی ئەردەڵان)دا دەنووسێت: (محەمەد سوڵتان و میرزا عەبدوڵڵای مونشی باشی چوون بۆ سلێمانیی و بە خزمەت عەبدوڵڵاپاشای بابان گەیشتن و ڕێوڕەسمی پێشوازی لێکردنیان بەجێ گەیاند و پیاوماقوڵێکی لەتەکیاندا نارد بۆ ناوچەی شارەزوور، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بەسەر گوندەکانی شارەزووردا ببەشرێنەوە و دابین کرێن… هەردەستەیەک لە دڵسۆزانی گیانفیدای ئەمانوڵڵاخانی دووەم، کەوتنە وڵاتێکەوە و هەر بڕێکیان لەبنارێکدا گیرسانەوە. پورزاکەم کە حوسەین قولیخانی مامی ئەمانوڵڵاخانە، ڕووی لە سلێمانی کرد و بەوپەڕی ڕێزەوە پێشوازی لێ کراو گیرسایەوە و کاتێکیش هەواڵی کۆچی ئێمەی بیستەوە، خەڵکێکی زۆری بەئەسپ و ئێسترەوە نارد تا سەدکەسێک لەبنەماڵەی ئێمە بگوێزنەوە و لەلایەن خۆشییەوە جێگەی هێورین و گوزەرانی بۆ ئامادەکردین و هەریەکەی بەپێی پێداویستی خۆی، کۆمەک و یارمەتی دەدا و لە خزمەتیدا کاتمان بەخۆشی بەسەر دەبرد، بەڵام پاش چەنێ، چارەنووسی خودا لە خۆشی گوزەرانی ئێمە ڕازی نەبوو، ئەوەبوو، لە ڕۆژی ١٤ی مانگی “زی الحجە” ی ساڵی ١٢٦٣دا “١٨٤٧ز”جەنابی حوسەین قولیخان نەخۆشی بەسەریدا زاڵ بوو و لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا گیانی بەبەهەشتی بەرین شاد بوو و لەپرسەکەیدا هەزاران سینەی بۆ هەڵدڕان و منی مەستوورەی سەرلێشێواو و دەربەدەریش لە دووری لێکدابڕانی ئەو، گیانە ئازیزەکەم دووسێ ڕۆژێکە لەش و ڕوحم بە بەڵای تای نەخۆشییەوە دەتلێتەوە. بزانین خودا چیمان بەسەر دێنێ و ئارەزووی بەچییە…)(٧)

دوا دێڕی ئەو چامەیەشی کە گوایە بۆ سالم و هەواڵی سلێمانیی لێ پرسیوە، نالی دەڵێت:

خاڵی بکە بە خوفیە کە ئەی یاری سەنگ دڵ

نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور

شه‌شه‌م: لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٤ نالى لە مەککە دەردەکەوێت و هۆنراوەیەک بۆ ئەمیری مەککە لە حیجاز دەنووسێت (کە لە دیوانەکەیدا نەهاتووە)، شاعیر بە چاوی پڕ گریانەوە باس لە نالەباریی دەسەڵاتی ڕۆم و عەجەم دەکات و دەڵێت:

فيم تبكي من فرقة الفرق الرو

م وترك الأعاجم العجماء

كنت فاكهتهم فهل ذقت منهم

بلغة من بلاغة البلغاء (٨)

هیچ ئاسوودە نییە بەژیانی ئاوارەیی و خۆزگە بۆ ڕۆژانی ڕابردوو و شوێنی لەدایکبوون و شارەزوورەکەی دەخوازێت و نایگۆڕێتەوە بە بەغداد و شام و ئەستەنبوڵ و دەنووسێت:

زورت زورة الى الزوراء

أو الى الروم أو الى الشهباء

أو الي شهرزور مسقط رأسي

موطن العلو موطىء الآباء

حه‌وته‌م: دوو دێڕ شیعری نالیش هەیە کە بە زمانی فارسی نووسیونی و گەرچی کاتی نووسینەکەی نازانرێت، بەڵام هەمان هەنسک و سکاڵای ناوەرۆکی هۆنراوە عەرەبییەکەی تێدایە و باسی ڕۆیشتن دەکات بەرەو وڵاتی میسر:

سوى مصر است مرا عزم از اين لجه‌ى غم

تا كه‌ در نيل كشم جامه‌ ز بى داد و ستم

مى رود (نالى) از اين جا ضو حريص از دنيا

با لب خشك و كف خالى چشم پر نم

 

سه‌رچاوه و په‌راوێز:

١- نزهە الفکر، تالیف: احمد محمد الحزراوی المکی الهاشمی، حققه: محمد المسری، القسم الاول، دمشق، ١٩٩٦، ٣٥٧

٢- مستورەی اردلان زنگی و معرفی اثار، … ل٢٣

٣- هەمان سەرچاوە، ل ٢١

٤- هەمان سەرچاوە، ل ١٩٠

٥- مێژووی ئەردەڵان، سەرچاوەی پێشوو… ل ١٩٠-١٩١

٦- تاریخی سلێمانی وە وڵاتی، محەممەد ئەمین زەکی بەگ، سێیەم بەرگ، ئامادەکردنی: ڕەفیق ساڵح، چاپی دووەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٥، ل ١١٥

٧- مێژووی ئەردەڵان، مەستوورە، وەرگێڕانی: د.حسن جاف و شکور مستەفا، چاپی یەکەم، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، ١٩٨٩، ل ٢٣٢-٢٣٨ هەروەها هەمان کتێب لە لایەن مامۆستا هەژارەوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی تردا کراوە بەکوردی بڕوانە (مێژووی ئەردەڵان، مەستوورە، وەرگێڕانی: مامۆستا هەژار، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ٢٠٠٥، ل ٢٢٦-٢٢٨) و لەم سەرچاوەیەدا و لە (ل٢٢٩)دا ئەوە خراوەتە ڕوو کە دوای ئەوەی مەستوورە کۆچی دوایی دەکات و ناتوانێت (مێژووی ئەردەڵان)ـەکەی تەواو بکات، میرزا عەبدوڵڵا مونشی باشی کە مامی مەستوورە خانم و خاڵی حوسێن قوڵی خانی کوڕی ئامانوڵڵا خانی گەورەبووە، هاتووە مێژووی ئەردەڵانەکەی مەستوورە خانمی تەواو کردووە.

٨- نزهە الفکر، … ، ٣٦٢

بڵاوکردنەوە: