ڤێرجینیا وۆڵف لە كەناری ئۆوس

426
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سۆنیا سالار

 

ڤێرجینیای وۆڵف ڕۆماننووسی گەورەی جیهان، یەكێكە لە ئایكۆنەكانی ئەدەبی مۆدێرن لەسەدەی بیستەمدا. ڤێرجینیا ناوێكی درەوشاوە لە مێژووی ئەدەبی بەریتانیا و جیهان. ژنێكی بەتوانا و بە سەلیقەیە لە نووسینی رۆمان و چیرۆكدا و لە ژیانی ئاساییدا نەخۆش و دەردەدار و خەمۆك. ڤێرجینیا كەم ژیا، ژیانێكی سەخت و ناخۆشی هەبووە و لەو تەمەنە كورتە و كەسەرەی ژیاوە داهێنانی گەورەی كردووە. ڕۆمانەكانی لەسەر ئاستی جیهان دەخوێنرێنەوە و یەكێكە لە پێشڕەوانی ڕۆمان بە شێوازی مەنەلۆگ- شەپۆلی هۆش. ئەم ژنە بەهرەمەندە لەدڵی میللەتەكەیدا هەمیشە زیندووە و یادی دەكرێتەوە، كتێبەكانی چاپ دەكرێنەوە.

هەشتا و یەك ساڵ دوای مردنی لە ساڵی 2022  پەیكەری ڤێرجینیا وۆڵف لەلایەن هونەرمەند لۆری دیزنگرێمێلەوە دروستكراوە و لە شاری ڕیچمۆند پەردەی لەسەر لادراوە. ئەو شارۆچكەیەی نووسەر ماوەی 10 ساڵی ژیانی تێیدا بەسەربردووە. پەیكەری ڤێرجینیا لە كەنار ئەو ڕووبارەدا دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە و ڕۆژانە خەڵكی دەچن لە تەنیشتییەوە دادەنیشن و وێنەی لەپاڵدا دەگرن. ئەوەی لە بنەماڵەی ئەم نووسەرە ماوەتەوە، نەوەكانیان دەچنە تەنیشتی پەیكەرەكەوە و وێنەی لەتەكدا دەگرن و شانازی بەم توحفە گەورەیەی ئەدەبیاتی جیهانەوە دەكەن. دڵخوازەكانی ئەدەبیات هەمیشە بە شەوقەوە ئەم نووسەرە دەخوێننەوە. نووسەرێكی خەمۆك و دەردەدار، بەڵام ئەوەی لە پەیكەرەكەدا دەبینرێ، بە پێچەوانەی ژیانی ڤێرجینیاوە كە نووسەرێكی نەخۆش و بەدبەخت و خەمۆك بووە، بەڵام پەیكەرەكەی دەم بەخەندەیە و بۆ ڕووباری ئۆوس پێدەكەنێ. كراسێكی ئاودامانی لەبەردایە و شەپقەیەك لای ڕانییەوەیە و كتێبێك لەسەر ڕانێتی و دەستی لەسەر كتێبەكە داناوە و چاوی لە ڕووبارەكە بڕیوە. پەیكەرەكە قەبارەیەكی ئاسایی هەیە و لەسەر ستوڵێك دانیشتووە، مرۆڤ دەتوانێت لەنزیكی ئەو دابنیشیت. بۆ دروستكردنی پەیكەری وۆڵف ئەم خانمە پەیكەرەتاشە بەوردی ژیاننامەی نووسەر و هەندێك لە بەرهەمە ئاڵۆزەكانی خوێندۆتەوە. شێوازی كارەكە بەوشێوەیەیە كە خەڵكی دەتوانن لە تەنیشتییەوە دابنیشن و چێژ وەربگرن، لە تەنیشتییەوە دابنیشن و ڕۆژنامە بخوێننەوە.

شاری ڕیچمۆند لە باشووری ڕۆژئاوای لەندەن، ئەو شارەی وۆڵف لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ساڵانی 1914- 1924دا تێیدا ژیاوە. ئەو قۆناغە لە ڕیچمۆند بۆ وۆڵف قۆناغێكی زۆر داهێنەرانەبوو، لەو شارەدا كۆمەڵێك لەبەرهەمەكانی نووسیوە، لەوانە ڕۆمانی شەو و ڕۆژ و خاتوو دالوای…

دوای هەڵمەتێكی پێنج ساڵی ڕێكخراوی خێرخواز ئاورۆرا میترۆ ئارتس و میدیا 50 هەزار پاوەندی كۆكردەوە بۆ دیزاین كردن و دروستكردنی پەیكەرەكە. پەیكەرێك بۆ ژنێكی داهێنەر و بەتوانا، ژنێك لەژیاندا بەدەست نەخۆشی خەمۆكییەوە دەیناڵاند و ئاخیری بەخۆ كوشتن خۆی لەو ژیانە سەختە ڕزگار كرد. لۆری دیزنگرێمێل داهێنەرانە و جیاواز پەیكەرێكی لە برەنز بۆ ئەو داهێنەرە گەورەیەی جیهان دروست كردووە. لە ڕۆژنامەی گاردیەن لە زاری بڵاوكەرەوە، شێریل ڕۆبنسن، كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پارەی ڕێكخستبوو، گوتوویەتی: من حەزم دەكرد ڤێرجینیا بەو شێوەیە نیشان بدەم كە زەردەخەنە دەكات بۆ سەرپێچیكردن لەو چەشنە چەقبەستووە، چونكە دەزانرێت نووسەرەكە تووشی خەمۆكییەكی توند بووە. بە گوتەی مێژوونووس ئان سێبا، ئەو كاتانەی كە ڤێرجینیا وۆڵف لە شاری ڕیچمۆند لە ساڵی 1914 تا 1924 بەسەر بردووە “قۆناغێكی زۆر داهێنەرانە” بووە.

لۆری دیزنگرێمێل

لۆری دیزنگرێمێل پەیكەرتاشێكی ناودارە و خاوەن چەندین خەڵاتە، لە ژیانی هونەریدا كۆمەڵێك پەیكەری دروست كردووە و هونەرمەندێكی بەتوانا و بەسەلیقەیە لە كارەكەی خۆیدا. لە سی ساڵی ڕابردوودا كارەكانی نەك تەنها لە بەریتانیا بەڵكوو لە چەندین وڵاتدا نمایش كراون لەوانە ئەمریكا، كەنەدا، فەرەنسا، ئێرلەندا، چین، ڤێتنام، هندۆراس… چەندین پێشانگای كردۆتەوە و سەرەتا لە ساڵی 1978هونەری پەیكەرسازیی لای مارتین ڤۆگێلە خوێندووە. پاشان وردە وردە كاری كردووە و لە ئاكامدا بووە بە هونەرمەندێكی بەتوانای ئەو بوارە. چەندین پەیكەری دروست كردووە. ئەم پەیكەرەی ڤێرجینیا وۆڵف یەكێكە لەكارە نایابەكانی.

بڵاوکردنەوە: