ژیریی دەستکرد ژیانە: تەکنەلۆژیا ئامرازێکی دەستکرد نییە بۆ شوێنگرتنەوەی ژیان – هەر خۆی ژیانە

338
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سارا وۆڵکەر – فیزیازان، گەردوونزانی بایۆلۆجی

لە ئینگلیزییەوە: چیمەن ساڵح

لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٤، خولگەی مەریخ و زەوی ئەو دوو هەسارە خوشکەی لە یەکتر نزیکتر کردەوە لەوەی کە لە نزیکەی سەدەیەکدا هەبووە. گەرموگوڕیی بۆ ئەو چالاکییە لە سەرانسەری ئەمریکادا بڵاو بووەوە. لە بابەتێکدا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا پێشبینی ئەوە کراوە کە فەلەکناسەکان “ڕەنگە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو پرسیارە چارەسەر بکەن کە ئایا مەریخ خەڵکی لێ نیشتەجێیە یان نا؟” حکوومەت لە تەواوی وڵاتەکە داوای پێنج خولەک بێدەنگی تەواوەتی ڕادیۆیی کرد.  لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە هەسارەکان لە یەکترەوە نزیکترین بوون، بەو هیوایەی کە ئەم بێدەنگییە ڕادیۆییە دەرفەتی دەستنیشانکردنی هەر سیگناڵێک زیاد بکات کە لە لایەن خەڵکی مەریخەوە پەخش دەکرێت.

هیچ پەیامێک نەهات

تا ئەو کاتەی سەیری ئەو جیهانانەمان کردووە کە ڕەنگە لە نێو ئەستێرەکاندا بن، هیوامان بەو جیهانانە خواستووە و گریمانەمان کردووە کە مەکۆی ژیان بن. بە نائومێدی و هێدمەیەک پێشوازی لەو هەواڵە کرا، گوتیان بە گوێرەی ئەو وێنانەی دەستمان کەوتوون هیچ ژیانێکی هەستپێکراو لەسەر مەریخ نییە. لەو کاتەوە تا ئێستا ئێمە دەیان ساڵە بە وێنەی جیهانە بێ ئەنجامەکانی دیکە ڕاهاتووین.

بەڵام ئایا دەتوانین ژیان بدۆزینەوە ئەگەر بەڕاستی لە دەرەوە بێت؟ ئێمە لە جیهانێکی زیندووداین، لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت هەموو ژیانی سەر زەویەکەی خۆمانیش شارەزانین.

لە زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئێمە بێ ئاگا بووین لەو بەکتریایانەی کە لە سەرانسەری ڕووی هەموو شتێک لە ژینگەکەماندا دەژین و دەمرن – تەنانەت لەناو خۆشماندا. هەتا داهێنانی تەکنەلۆژیای مایکرۆسکۆپی لە کۆتایی سەدەی ١٦دا ئینجا دواجار توانیمان جیهانێکی گەردیلەیی ببینین کە پڕە لە ژیان. یەکەم ئاماژە کە هەمانبوو بۆ ڤایرۆسەکان، شێوازی نهێنی بوو کە دەبنە هۆی نەخۆشی ئەو کەسانەی کە تووشی دەبن، بەڵام بوونیان تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا پشتڕاست کرایەوە. هەروەها تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم زانیاریمان نەبوو دەربارەی ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە لە نزیک دەرچەکانی گەرمی ئاو لە تاریکترین قووڵاییەکانی بنی زەریاکان گەشە دەکەن، کاتێک ژێردەریاییەکان دەبوو بەرگەی فشارە زۆر توندەکان بگرن، ئیتر ئەوەندە نزیک بووینەوە کە بتوانین سەرنجیان لێ بدەین.

دۆزینەوەی فۆرمەکانی نوێی ژیان پێویستی بە هاتنی ئەو تەکنەلۆژیایانە هەیە کە ڕێگەمان پێ دەدات هەست بە جیهان بکەین و بە شێوازی نوێ لێی بگەڕێین. بەڵام دەتوانم بڵێم هەرگیز خودی ئەو تەکنەلۆژیایانە خۆیان بە ژیان نازانین. میکرۆب ژیانە و بە دڵنیاییەوە مایکرۆسکۆپیش ژیان نییە. ئەمە ڕاستە، بەڵام جیاوازیی نێوان تەکنەلۆژیا و ژیان چییە؟ ژیریی دەستکرد وەک مۆدێلی زمانی گەورە، ڕۆبۆتەکان کە بە شێوەیەکی نامۆ بۆ مرۆڤ دەردەکەون یان بە شێوەیەکی جیاواز لە ئاژەڵەکان کاردەکەن، کۆمپیوتەرەکان کە لە ئەندامە بایۆلۆژییەکان وەرگیراون – سنووری نێوان ژیان و تەکنەلۆژیا خەریکە کاڵ دەبێتەوە.

جیهانێک کە تیایدا ئامێرەکان زیرەکییەکی تەواو بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەی جێگەی ژیانی بایۆلۆژی بگرنەوە، مۆتەکەیە! بەڵام ئەم ترسە لە دەستکردێتی تەکنەلۆژیا، ئەو ڕۆڵە دوور مەودایە لەدەست دەدات کە ڕەنگە تەکنەلۆژیاکان لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی جیهانە زیندووەکاندا بیگێڕن.

شتە ئاڵۆزەکان (تەکنەلۆژییەکان) تەنیا لەخۆوە لە گەردووندا دەرناکەون، سەرەڕای فۆلکلۆری باو بە پێچەوانەوە. خانەکان، سەگەکان، دارەکان، کۆمپیوتەرەکان، من و تۆ هەموومان پێویستمان بە پەرەسەندن و هەڵبژاردن هەیە بە درێژایی ڕەچەڵەکێک بۆ بەدەستخستنی ئەو زانیاریانەی کە پێویستن بۆ بوون.

لێرە لەسەر هەسارەی زەوی، ئەمە تەنانەت لە بەردەکانیشدا دیارە: هەمەجۆریی کانزاکان هاوکات لەگەڵ ژیاندا پەرەی سەندووە، بۆ نموونە لە ڕێگەی پرۆسەی بایۆکانزاسازییەوە، کە تێیدا زیندەوەران کانزاکان بەرهەم دەهێنن بۆ پتەوکردنی توێکڵ یان ئێسکەپەیکەرەکان یان بەدیهێنانی هەندێک ئامانجی دیکە. تۆماری بەردی جیهانی بە هەموو مانایەکەوە پاشماوە بەردبووەکانی مێژووی ژیان لەخۆ دەگرێت، چونکە ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو جیۆسفێری گۆڕیوە. بەهۆی ئەمەوە پێشبینی دەکەین ئەو جیهانانەی هیچ ژیانێکیان تێدا نییە، پێکهاتەی جیاوازیان هەبێت لەوەی کە زەوی هەیەتی، تەنانەت لە ماددە نازیندووەکانیشدا کە پێکیان دەهێنن.

زۆرێک لە ئێمە هەمەڕەنگی کانزایی بە ژیان دانانێین، یان ئەو ڕووپەڕەی کۆمپیوتەر یان گۆڤارەی کە ئەم دەقەی لەسەر دەخوێنیتەوە وەک “ژیان” هەژمار ناکەین، بەڵام ئەمانە بەرهەمی زنجیرەیەک ڕووداوی پەرەسەندنن کە تەنها لەسەر زەوی چالاک کراون. ئەمە ئەوەندەی بۆ داڵێک ڕاستە، ئەوەندەش بۆ مۆدێلێکی زمانی گەورەی وەک چات جی پی تی ڕاستە. هەردووکیان بەرهەمی چەند ملیار ساڵێک لە خۆگونجاندنێکی هەڵبژێردراون: داڵەکان  بەبێ پەرەسەندنی دایناسۆرەکان و پەرەسەندنی باڵ و پەڕەکان بوونیان نەدەبوو، هەروەها چات جی پی تی بەبێ پەرەسەندنی ڕەچەڵەکی مرۆڤ جیابوونەوەی لە مەیمونەکانەوە بوونی نەدەبوو، کاتێک مرۆڤەکان بەرەو پەرەپێدانی زمان چوون.

هەوڵەکان بۆ پێناسەکردنی ژیان تا ئێستا شکستیان هێناوە، چونکە سەرنجیان لەسەر لەخۆگرتنی چەمکی ژیان لەڕووی تاکەکانەوەیە نەک پەرەسەندنی ڕەچەڵەک. بەنەگۆڕی شتێک لە پۆلی “ژیان”دا دەخرێتە ناوەوە یان دەخرێتە دەرەوە کە دەبێ وانەبێت. ئەگەر هێڵەکە لە زاوزێکردن یان خۆهێشتنەوەوە بکێشیت، ڤایرۆس یان مشەخۆرەکان لەم بابەتەدا دوور دەخرێنەوە. (زۆرجار ڤایرۆسەکان وەک حاڵەتێکی سنووریی ئاماژەیان پێ دەکرێت هەر بەو هۆیەوە.) ئەگەر هێڵەکە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی وزە بکێشیت، ئاگر دەتوانێت بە شێوەیەکی مەنتقی سنوورەکە دابنێ. پێناسەکانی تریش ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە دەبنەوە. یەکێکی بەناوبانگ کە بۆ یەکەمجار لە لایەن گرووپێکی کاری ناسا پەرەی پێدراوە – “ژیان سیستەمێکی کیمیایی خۆبەڕێوەبەرە کە توانای پەرەسەندنی داروینی هەیە” – سەرەتا بێ زیان دەردەکەوێت. بەڵام لە پشکنینی چەمکی وردتردا، ڕووبەڕووی هەمان ئەم تەڵانە دەبێتەوە. تەنها دانیشتووان پەرەدەسێنن — تاکەکان پەرەسەندن ناکەن. ئەوە پرسیارێک دەوروژێنێت نەک وەڵامێک بداتەوە: ئایا دەبێت هەموو ژیان بە تێکڕا پشت بە کارلێکی کیمیایی ببەستێت بۆ ئەوەی بوونی هەبێت؟

بۆ ئەوەی لەم مشتومڕە خولاوانە تێپەڕین، پێویستە بەسەر پۆلێنکردنی دووانەیی خۆماندا تێپەڕین بۆ هەموو شتەکان وەک یان “ژیان” یان “نا”. نابێت نموونەکان بەدەر بکەین کە لەسەر بنەمای گریمانە کرچوکاڵانە سەبارەت بە ژیان چییە، پێش ئەوەی تێگەیشتنێک لە پێکهاتەی قووڵتر کە بنەمای ئەو دیاردانەیە کە بە شێوەیەکی میللیانە پێیان دەڵێین “ژیان” پەرەپێبدەین.

با دۆزینەوەی سروشتی جووڵە لەبەرچاو بگرین. کاتێک فیزیازانەکان باس لە جووڵە دەکەن، وردەکارییەکانی لە بارەی نموونە جیاوازەکانی شتە جووڵاوەکان هیچ نیگەرانییەکیان نییە. ڕەنگ، قەبارە، پێکهاتە، تەمەن — هیچ کام لەوانە گرنگ نین بۆ حیسابکردنی چۆنیەتی جووڵەی تەنەکان لە بۆشاییدا. ئێمە تەنها گرنگی بە بارستە و شوێن و خێرایی دەدەین (لەگەڵ وەرگیراوەکان). درککردن بەوەی کە دەتوانرێت شتە جووڵاوەکان تەنها لەڕووی چەند شتێکی چاودێرکراوەوە وەسف بکرێت، بازدانێکی چەمکی گەورە بوو کە لەلایەن جۆرەکانمانەوە ئەنجامدرا. بە وتەی ئیسحاق ئاسیمۆڤ، “هەموومان دەزانین کە دەکەوین. دۆزینەوەی نیوتن ئەوە بوو کە مانگیش دەکەوێتە خوارەوە — و بە هەمان یاسا کە ئێمە دەکەوین.”

هەموو جووڵەیەک، جا لێرە لەسەر زەوی بێت یان لە دیوەکەی تری گەردوونی مەزەندەکراو، دەتوانرێت بە هەمان شێوە وەسف بکرێت. ئەم دۆزینەوە – ئەم پەرەسەندنەی ئەو یاسایانەی کە وەسفی ڕەهای جووڵە پێک دەهێنن – ئەوەی لە ڕووی زەویدا ڕوو دەدات لەگەڵ ئەوەی لە ئاسمانەوە ڕوو دەدات یەکخست. پێش ئەوەی لە جووڵە لە ئاستێکی وا لە قووڵایی و ڕەهادا تێ بگەین، هیچ بیرۆکەیەکمان نەبوو کە ئاسمانەکان بە هەمان یاساکانی زەوی بەڕێوە دەبرێن.

هەروەک چۆن باوباپیرانی کۆنمان نەیاندەتوانی پێشبینی ئەوە بکەن کە هەمان یاساکانی بەڕێوەبردنی جووڵە لێرە لەسەر زەوی بۆ ئاسمانەکانیشدا بەکار بهێنرێن، پێکهاتەیەکی قووڵی ئەبستراکت کە بنەمای ژیانە پێویست ناکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئێستاماندا بگونجێت. لە کاتێکدا زۆر تایبەتمەندی ژیان هەن کە ڕەنگە لە زۆرێک لە نموونەکاندا چاودێری بکرێن، وەک دووبارەبوونەوە یان میتابۆلیزم، ئەمانە بە تەواوی گشتگیر نین – هەریەکەیان حاڵەتی ڕیزپەڕیان هەیە.

لە گەڕان بەدوای چوارچێوەیەکی بیرکاریی قووڵی ئەبستراکتدا کە ژیان ڕوون بکاتەوە، ئێمە بەدوای ئەو تایبەتمەندیانەدا دەگەڕێین کە چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەموو ژیان لە گەردووندا هاوبەشی بکات، جا لێرە لەسەر زەوی بێت یان هەر شوێنێکی دیکەی گەردوون کە ڕەنگە بیدۆزینەوە. کاتێک یاسای گشتگیرمان بۆ جووڵە پەرە پێدا، توانیمان پێشبینی تایبەتمەندییەکانی تەنە جووڵاوەکان بکەین کە هێشتا نەماندۆزیوونەتەوە. بە هەمان شێوە ئەگەر ئێمە “یاساکانی ژیان” دەستنیشان بکەین، دەبێ بتوانین پێشبینی تایبەتمەندییەکانی تەنە نامۆکان بکەین. هەر وەک چۆن لەگەڵ جووڵەدا، دەبێت زۆر وردەکاری پشتگوێ بخەین بۆ ئەوەی بگەینە تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و بەو هۆیەوە قووڵتر.

تەکنەلۆژیا پەرەی سەند

باشترین مەزەندەکانمان بۆ سەرەتای سەرچاوەی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە بە نزیکەی ٣.٨ ملیار ساڵ لەمەوبەر دادەنێن. بوونەوەرە بایۆلۆژییە زیندووەکانی ئەمڕۆ بەشێکن لە ڕەچەڵەکی زانیاری کە دەتوانرێت لە ڕێگەی جینۆمەکانەوە تا سەرەتای ژیان بەدواداچوون بۆ دواوە لە کاتدا بکرێت. بەڵام پەرەسەندن زانیاری بەرهەم هێنا کە تەنها جینۆمی نییە. پەرەسەندن هەموو شتێکی لە دەوروبەرمان بەرهەم هێنا، لەوانەش ئەو شتانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی بە “ژیان” دادەنرێت. تەکنەلۆژیای بەبێ مرۆڤ بوونی نەدەبوو، بۆیە بەشێکە لە هەمان ڕەچەڵەکی کۆنی زانیاری کە لەگەڵ سەرچاوەی ژیاندا سەریهەڵداوە.

تەکنەلۆژیا وەک بایۆلۆجی لە غیابی پەرەسەندندا بوونی نییە. تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی دەستکرد جێگەی ژیان ناگرێتەوە —تەکنەلۆژیا خۆی ژیانە.

گرنگە ئەوەی لێرەدا مەبەست لە “ژیان” جیا بکرێتەوە وەک جیاواز لە “زیندوو”. مەبەستم لە “ژیان” هەموو ئەو شتانەیە کە تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەی پەرەسەندن و هەڵبژاردنەوە لە گەردوونی ئێمەدا بەرهەم دەهێنرێن. “زیندووبوون”، بە پێچەوانەوە، جێبەجێکردنی چالاکانەی داینامیکی پەرەسەندن و هەڵبژاردنە. هەندێک تەن – وەک پشیلەیەکی مردوو – نوێنەری “ژیان”ن (چونکە تەنها لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە لە گەردووندا سەرهەڵدەدەن) بەڵام خۆیان “زیندوو” نین.

بۆیە ڕەنگە بۆ تێگەیشتن لە ژیان پێویست بکات کە بایۆلۆژی و تەکنەلۆژیەکان یەکبخەین، هاوشێوەی ئەوەی کە چۆن ئاسمانی و زەمینی لە ڕوونکردنەوەکانماندا بۆ جووڵە یەکگرتوو بوون.

پێناسەی کانۆنیکی تەکنەلۆژیا بریتییە لە بەکارهێنانی زانیاری زانستی بۆ بەکارهێنانی پراکتیکی. لە ڕووی مێژووییەوە لەو شوێنەی فەلسەفە و تەکنەلۆجیا یەکتر دەبڕن، ئامانج ئەوە بووە کە بیرۆکەی فەلسەفی کۆن بۆ تێگەیشتن لە تەکنەلۆژیای نوێ جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەک فەیلەسوفی ژیریی دەیڤید چالمێرز ئاماژەی پێ کردووە، لە بواری تەکنۆ-فەلسەفەدا، دەتوانرێت ئەم لۆژیکە پێچەوانە بکرێتەوە: تەکنەلۆژیا دەتوانرێت وەک چاویلکەیەکی نوێ بەکار بهێنرێت کە بەهۆیەوە سەردانی پرسیارە کۆنەکانی فەلسەفە بکرێت.

هەروەها دەتوانین بپرسین چ تێڕوانینێکی نوێ بەدەست بهێنرێت بە گرتنەبەری ڕوانگەیەکی فراوانتر و نامرۆڤ – سەبارەت بەوەی کە تەکنەلۆژیا چی پێک دەهێنێت و چۆن دەتوانرێت ئەمە بەکاربهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسیارە کۆنەکانی بواری فەلسەفە و هەروەها لە بایۆلۆژی. تەکنەلۆژیا پشت بە زانستی زانیاری دەبەستێت، بەڵام زانینی زانستی خۆی زانیارییە کە لە بایۆسفێری ئێمەدا سەریهەڵداوە. وا دەکات شتگەلێک بتوانن کە بەبێ ئەو نەدەبوون.

مانگە دەستکردەکان بە نموونە وەربگرن. هەڵدانیان بۆ بۆشایی ئاسمان بەبێ داهێنانی نیوتن بۆ یاساکانی کێشکردن، لەسەر هەسارەکەمان نەدەکرا. نیوتن خۆی نەیدەتوانی ئەو یاسایانە دابهێنێت ئەگەر، چەند سەدەیەک پێشتر، مرۆڤایەتی لە بیرکاریی تەنەئەندازەیی تێ نەگەیشتبایە یان کاتژمێری دروست نەکردبا کە ڕێگەمان پێ بدات شوێنپێی چرکە بگرین. بێگومان هیچ کام لەمانە نەدەکرا ڕووبدات ئەگەر بایۆسفێرەکەمان لە پلەی یەکەمدا زیندەوەرانی پەرەی نەسەندبا کە توانای دروستکردنی ئەبستراکتەکانی وەک ئەمانەیان هەبێت.

کاتێک زانستی یاساکانی کێشکردن لە بایۆسفێرەکەمان ترنجا، تەکنەلۆژیای نوێ هاتەبوون، لەنێویاندا مانگە دەستکردەکان. مانگە دەستکردەکان لە جیهانە مردووەکانەوە یان جیهانێکەوە نەهاتوون کە تەنها ژیانی میکرۆبییان تێدابێ. ئەوان پێویستیان بە ڕێڕەوێکی پەرەسەندنی درێژترە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری. دەتوانیت ئەو لەناو مێژووی جۆرەکانماندا بەدوای ئەو ڕەچەڵەکەدا بگەڕێیت، بەڵام بۆ قسەکردن لەسەریان بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ژیان لەسەر زەوی.

تەکنەلۆژیا، بە مانا فراوانەکەی، بریتییە لە بەکارهێنانی زانین (زانیاری هەڵبژاردە بە تێپەڕبوونی کات) کە ڕێگە دەدات ئەو شتانە بەرهەم بێن کە لە غیابی ئەو زانستەدا بەرهەم نایەن. لە ڕاستیدا، تەکنەلۆژیاکان لەو شتانە سەرهەڵدەدەن کە هەڵبژاردەن بۆ مانەوە. هەروەها ئەوانەش کە لە داهاتوودا ئەگەری مانەوەیان هەیە — و بنیاتیان دەنێن. تەکنەلۆژیای بەهێزی لابردنی کاربۆن لەبەرچاو بگرن، کە دەتوانێت ڕێڕەوی پەرەسەندنی داهاتوو نەک تەنها مرۆڤەکان بەڵکو جۆرەهەمەڕەنگەکانی سەر زەوی بگۆڕێت.

ئێمە ڕاهاتووین بیر لە تەکنەلۆژیا بکەینەوە وەک مرۆێتی، بەڵام لەم پێناسە فراوانترەدا، نموونەی زۆر لە سەرانسەری کایەی بایۆلۆژیدا هەیە. هەروەک چۆن ڕەنگە شتەکانی ژیان قەڵەم و مانگی دەستکرد لەخۆ بگرن، بەهەمان شێوە تەکنەلۆژیاش ڕەنگە باڵ و وەرگێڕانی پرۆتینی لەخۆ بگرێ.

فۆتۆسیستەمی یەک و دوو-تۆپەڵی فرە پرۆتین لە ڕووەک و بوونەوەری تردا دۆزراوەتەوە کە ڕۆشنەپێکهاتن دەکەن.فۆتۆنەکان دروێنە دەکەن بۆ بەکارهێنانی وزەی ڕووناکی بۆ هاندانی کارلێکەکان. وەک داهێنانی پەرەسەندن، ئەم تەکنەلۆژیایانە کەشوهەوای زەوییان بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی لە ڕووداوی ئۆکسجینی گەورەدا، کە ماوەیەکە نزیکەی ٢.٥ ملیار ساڵ لەمەوبەر بوو کە بەکتریا سیانۆکان بڕێکی زۆر ئۆکسجینی بەرگەهەوایان بەرهەم دەهێنا، ئەمەش بەشداربوو لە بارودۆخی دواتر کە پشتگیری ژیانی فرە خانەیی دەکرد.

ڕەنگە خەڵک بیانەوێت جیاوازی بکەن لە نێوان پەرەسەندنی بایۆلۆژی و مەبەستداری مرۆڤەکان کاتێک ئێمە تەکنەلۆژیا دروست دەکەین. ئاخر گەشەپێدەرانی نەرمەکاڵا و کۆمپانیاکان هەڵدەبژێرن کە تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی جیاواز بەرهەم بهێنن لەوەی کە داڵەکان باڵەکانیان پەرەپێداوە بۆ فڕین. بەڵام هەردووکیان لە بنەڕەتدا پشت بە هەمان بنەماکانی هەڵبژاردن دەبەستن.

دەتوانین بڵێین ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی مرۆڤ دەیکات زۆر کاراترە لە هەڵبژاردنی سروشتی لەسەر دانیشتوانی بایۆلۆژی. زیاتر ئاراستەکراوە، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئێمە خۆمان لە ئێستادا پێکهاتەیەکین کە لە لەماوەی ملیاران ساڵدا دروستکراوین. ئێمە کۆمەڵێک ئەگەرین کە بەهۆی پەرەسەندنەوە مێژووی چۆنێتی هاتنە ئارامان بەرجەستە دەکەین. ئەو فیزیایەی کە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەوەی دروستی دەکەین، ڕەنگە جیاوازی نەبێت (جگە لە پلەی ئاراستەکردن) لەوەی کە چۆن لەلایەن پەرەسەندنەوە هەڵبژێردراوین. ئاخر ئێمە دەرکەوتنی ئەو فیزیایەین کە ڕێگەی پێداین بێینە بوون.

داهێنانە بایۆلۆژییەکان تەکنەلۆژیان

نزیکەی ٣.٨ ملیار ساڵ لەمەوبەر، هەندێک لە کۆنترین تەکنەلۆژیاکانی ئێستا لەسەر هەسارەکەمان بۆ یەکەمجار داهێنران. لە نێو ئەوانەدا کیمیای وەرگێڕان هەیە. وەرگێڕان ڕێگە دەدات ئەو زانیاریانەی لە زنجیرەکانی دی ئێن ئەیدا هەڵگیراون لە لایەن سیستەمی وەرگێڕانی خانەکەوە بخوێنرێنەوە بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەی پڕۆتینی تایبەت. کۆدێکی گشتگیر – کە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لە زنجیرەی بنکە ناوکەکاندا کۆدکرابوو – کە لە لایەن هەموو زیندەوەرانەوە بەکاردەهێنرا (بە گۆڕانکاری بچووکەوە) پەرەی سەندبوو کە ڕێگەی دەدا جینەکانی زیندەوەرێک لەگەڵ زیندەوەرێکی دیکەدا هاوبەش بکرێن وبەهاکانیان بپارێزن. ئەم تەکنەلۆژیایە ئەوەندە بەهێزە کە نزیکەی ٤ ملیار ساڵە بەردەوامە و بەشێکە لە نزیکەی هەموو شتێک کە لە ئێستادا لەسەر ئەم هەسارەیە زیندووە. هیچ تەکنەلۆژیایەک کە تا ئێستا لەلایەن مرۆڤەوە داهێنراوە، ئەوەندە درێژە ناخایەنێت، هەرچەندە ئەگەر بگەینە ئەوەی تێبگەین کە ئێمە چیین، ڕەنگە شتێک.

زۆر زووتر لە مرۆڤ، ئەوە بایۆسفێر بوو کە چەندین تەکنەلۆژیای داهێنا. لە ماوەی ملیاران ساڵدا، داهێنانەکانی بینین و بیستن، لە نێو زۆرێکی دیکەدا، لە ڕێگەی پەرەسەندن و هەڵبژاردنەوە سەریان هەڵدا. ئێمە بە تەواوی نازانین زەوی چۆن بووە کاتێک ژیان بۆ یەکەمجار سەریهەڵدا. لە ڕاستیدا ئەو ژیانەش کە لەو سەردەمەدا هەبووە، نەبووە. هیچ شتێکی زیندوو ئەو کاتە نەیدەتوانی ببینێت. پەرەسەندنی وەرگرەکانی فۆتۆن و لە کۆتاییدا چاوەکان پشتیان بە چەندین داهێنانی دیکە بەستووە کە پێشتر لە ماوەیەکی زۆردا لەلایەن زیندەوەرە تاکە خانەییەکانەوە ئەنجامدراون. بوونەوەرە فرە خانەییەکانی وەک شیردەرەکان کە پشت بە نزیکەی ٧٠ خانەی تایبەتمەند و جیاواز دەبەستن بۆ بینین، تەکنەلۆژیای بینینیان زیاتر پێشخست، بەڵام تەنها بە بنیاتنانی ئەوەی پێشتر هاتبوو. ڕەنگە کریستاڵی مانتیس ئاڵۆزترین چاوی فرە خانەیی بێ پەرەی سەندبێت: چاوی ئاوێتەی هەیە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەجووڵێت و تا ١٦ وەرگری ڕەنگی هەیە (چاوەکانمان سێ وەرگری ڕەنگیان هەیە).

مێژووی ژیان لەسەر زەوی پڕە لە زیندەوەری نوێ و باشتر کە پەرە بە تەکنەلۆژیا دەدەن بە داهێنان لەسەر ئەوەی پێشتر هەبوو، بە هەموو شێوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی قووڵی ژیانی کۆن. تایبەتمەندییەکی سەرەکی ژیان پشتبەستن بەم پەرەسەندنەیە: شتە نوێیەکان تەنها دێنە ئاراوە، چونکە مێژوویەک هەیە کە پاڵپشتی لە دروستبوونیان دەکات. چاوە فرە خانەییەکان نەیانتوانی پێش خانەکان کە وەرگرەکانی فۆتۆنیان هەیە پەرەبستێن، وەک چۆنوەک چۆن چات جی پی تیش نەیتوانی پێش زمانی مرۆڤ پەرەبسێنێت – هەردووکیان پشت بە گەشەسەندنەکانی پێشوو پشت دەبەستن لە ڕەچەڵەکی تەکنەلۆژیای پەرەسەندوودا.

ئەو تەکنەلۆژیایانەی ئێمەین و کە بەرهەمی دەهێنین بەشێکن لە هەمان تاڵی زانیارییە کۆنەکان کە لە ڕێگەی مادەکانەوە بڵاودەبنەوە و پێکهاتەیان لە هەسارەکەماندا هەیە. ئەم پێکهاتەی زانیارییە لە تەواوی کاتەکەدا لەگەڵ سەرچاوەی ژیان لەسەر زەوی سەریهەڵدا. ئێمە ڕەچەڵەکین نەک تاک.

بۆیە تەکنەلۆژیاکانی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ داهێنانەکانی دیکە کە لە مێژووی زیندووی ٣.٨ ملیار ساڵەی هەسارەکەماندا بەرهەم هێنراون — تەنها ئەوە نەبێت کە لە داهاتووی پەرەسەندنی ئێمەدان نەک ڕابردوومان. زیندەوەرە فرە خانەییەکان بینینیان پەرەپێدا؛ ئەوەی من پێی دەڵێم “کۆمەڵە فرەکۆمەڵایەتییەکان”ی مرۆڤەکان مایکرۆسکۆپ و تەلەسکۆپی پەرەسەندوو، کە توانای بینینیان هەیە بۆ بچووکترین و گەورەترین پێوەرەکانی گەردوونەکەمان. ژیان ژیان دەبینێ. هەموو ئەم داهێنانانە لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە و هەڵە و هەڵبژاردن و پەرەسەندن لەسەر شتەکانی ڕابردوو دامەزراون.

زیرەکی ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن، بەڵام ئەوە چاوەڕوانکراوە — زیرەکی خۆی لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە پێش دەکەوێ. سیستەمی ئاڵۆزتر دروست دەکات – خانەکان، کۆکراوە فرە خانەییەکان وەک مرۆڤ، کۆمەڵگاکان، زیرەکی دەستکرد و ئێستا کۆکراوەی فرەکۆکۆمەڵ وەک کۆمپانیا و گروپە نێودەوڵەتییەکان کە لە ئاستی هەسارەییدا کارلێک دەکەن. ئەوانەی پێیان دەوترێت “زیرەکی دەستکرد” – مۆدێلی زمانی گەورە، بینینی کۆمپیوتەر، ئامێرە ئۆتۆماتیکیەکان، ڕۆبۆتیک و زۆر شتی تر – زۆرجار وەک بێ جەستە و جیابووەوە لە هەر چوارچێوەیەکی پەرەسەندن باس دەکرێن. بەڵام ئەو تەکنەلۆژیایانەی ئەمڕۆ دایاندەهێنین نوێنەرایەتی کۆکردنەوەی داهێنانەکانی ژیان دەکەن بۆ ژێرخانە نوێیەکان و ئەمانە ڕێگە بە سەرهەڵدانی ژیانی زیرەک دەدەن لە ئاستێکی نوێدا — هەسارەیی. لە گۆشەگیریدا “ژیری” نییە؛ بەڵکو ئیکۆسیستەمی ئاڵۆزی تەکنەلۆژیاکان کارلێک لەگەڵ بایۆلۆژیادا دەکەن بۆ هێنانەدی توانای نوێ.

سەرەتا خانەکان هاتن کە وەرگری فۆتۆنیان هەبوو، پاشان چاو، پاشان مایکرۆسکۆپ و تەلەسکۆپ. ئێستا، ئێمە لە ناوەڕاستی گواستنەوەیەکی دیکەداین لە بایۆلۆژییەوە بۆ تەکنەلۆژی: ئێمە ئەلگۆریتم بەکاردەهێنین بۆ لێکدانەوەی داتا و “بینینی” جیهان بۆ  خۆمان.

کەمێک وەک ئەوە وایە کە چۆن مێشک دەبوو هاوبەشی پەرەسەندن بێت بۆ پرۆسێسکردنی ئەو زانیاریانەی کە چاوەکان کۆیان دەکەنەوە. چۆن بیردەکەینەوە داهێنانێکی دیکەیە کە لە ماوەی ملیاران ساڵدا پەرەی سەندووە، کە تازە لە ئێستادا بە قەبارەیەکی گەورەتر لە مێشکی تاکەکەسیمان کۆدەکرێتەوە. پێویستە تەکنەلۆژیا پەرە پێ بدەین بۆ پرۆسێسکردنی ئەو بڕە زۆرەی داتا کە وەریدەگرین و دروستی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین جیهان وەک هەسارەیەک “بینین”.

تەکنەلۆژیای حیسابکردن سەرەتا لە مێشکی مرۆڤەکانەوە سەریهەڵدا، کە خۆیان لە ماوەی ملیاران ساڵدا پەرەیان سەند، لە هەوڵێکدا بۆ بنیاتنانی ئەبستراکتێکی بیرکاری کە پێکهاتەی بیرکردنەوەی مرۆڤی گرتبێت. هەروەک چۆن هەندێک لە تێڕوانینە هەستیارەکانمان دەدەین بەو تەکنەلۆژیایانەی کە لە ماوەی سەدەکاندا دروستمان کردوون، ئێستاش بەشێک لە  شێوازی کارکردنی مێشکی خۆمان وەک هاوکاری بەکاردەهێنین. ئەمەش ڕێگە دەدات هەمان ئەو بنەمایانەی کە لەناو ئێمەدا کاردەکەن، ئێستا لە ئاستە بەرزەکانی ڕێکخستندا کاربکەن، لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانەوە بەرەو سەرەوە دەڕۆن بۆ کۆمەڵگە جیهانییەکان.

ژیریی دەستکردن (AI) گواستنەوەیەکی گەورەیە لە پەرەسەندنی هەسارەکاندا

گریمانەی گایای جەیمس لۆڤلۆک و لین مارگولیس – کە زیندەوەرە زیندووەکان کارلێک لەگەڵ زەویدا دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمێکی ئاڵۆزی خۆڕێکخەر کە بارودۆخێکی لەبار بۆ ژیان دەستەبەر بکات – هەندێکجار بەو مانایە لێک دەدرێتەوە کە زەوی خۆی زیندووە. تێڕوانینەکەی مارگولیس و لۆڤلۆک ئەوە بوو کە بزانن کە، بەدرێژایی چەندین سەدە، زیندەوەرە زیندووەکان (بۆ نموونە دارەکان) گاز بەرهەمدەهێنن کە کاریگەرییان لەسەر بەرگەهەوا هەیە، ڕووی زەوی گەرم دەکەنەوە یان سارد دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە مەودای گونجاودا بمێنێتەوە بۆ ژیان. توێژەرانی دیکە تێبینیان کردووە کە لە هەندێک کاتدا لە مێژووی زەویدا (گەرمبوونەوەی  زەوەی و گۆڕانی کەشوهەوای ئەمڕۆ بەهۆی مرۆڤەوە دوایین نموونەیە)، ژیان نەیتوانیوە ئەم هاوسەنگییە وردە بپارێزێت، ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچوونی بەرفراوان. بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە کاریگەرییەکانی چەمکسازی  بۆ گریمانەی گایا بکەین، چونکە هێشتا تێناگەین کە ژیان چییە.

کێشەیەک ئەوەیە کە شێوازە بایۆلۆژییەکانی پەرەسەندن بۆ بایۆسفێرەکان ناگونجێت. ئێمە هێشتا بە تەواوی لەوە تێنەگەیشتین کە پەرەسەندن لە ئاستی هەسارەکاندا چی دەکات. ئێمە دەزانین کە مێژووی تاک زیندەوەران لەناو بایۆسفێردا لە سادەییەوە بۆ ئاڵۆزتر گۆڕاوە (هەرچەندە لەسەر هەموو ڕەچەڵەکێک وا نییە). پرۆکاریۆتەکان “سادەن” – زۆربەیان ژیانی تاکە خانەیی و هیچ ئۆرگانیلێکی ناوەوەیان لەناو خۆیاندا نییە. ژیانی “ئاڵۆز” پەرەی سەند لەگەڵ زیاتر پێکهاتەداربوونی خانەکان، لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوەوە و دەرەوە، ڕێگە بە ژیانی فرە خانەیی و شانەکان دەدات کە ئەرکی تایبەتیان هەیە.

پاشان سیستەمی فرە خانەیی تاکەکەسی، کۆمەڵگایان پێکهێنا. لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا، ئێمە بەرەو پەرەسەندنی زمان ڕۆیشتین. وەک زانایانی بایۆلۆجی پەرەسەندن ئیۆرس ساتماری و جۆن ماینارد سمیس ئاماژەیان پێکردووە، هەریەکێک لەم گواستنەوە پەرەسەندنە گەورانە پەیوەست بوون بە شێوازە نوێیەکانی گواستنەوە و هەڵگرتنی زانیاری. ئەو کۆکراوە فرەکۆمەڵایەتیانەی کە تەنیا بەم دواییە لەسەر ئەم هەسارەیە سەریان هەڵداوە، لە ڕێگەی کارلێکی کۆمەڵگا زمانەوانییەکانەوە دەکرێت.

درێژکراوەیەکی سروشتی ئەم مێژووی پەرەسەندنە ئەوەیە کە بزانین کە چۆن تەکنەلۆژیاکانی “بیرکردنەوە” ڕەنگە نوێنەرایەتی گواستنەوەی گەورەی داهاتوو بکەن لە پەرەسەندنی هەسارەیی ژیان لەسەر زەوی. ئەوە ئەوەیە کە ڕەنگە چاوەڕێی بکەین لەگەڵ گەورەبوونی کۆمەڵگاکان و ئاڵۆزتربوون، هەروەک چۆن ژیان سادەتر لە ئێمە لە ڕابردوودا کردوویەتی. توانا کاراییەکانی کۆمەڵگا ڕەگ و ڕیشەی قووڵی خۆی لە ژیانی کۆندا هەیە، ڕەچەڵەکی زانیارییە کە لە ڕێگەی ماددە فیزیکییەکانەوە بڵاودەبێتەوە. هەروەک چۆن خانەیەک ڕەنگە بە درێژایی ڕەچەڵەکی دیاریکراو پەرە بسێنێت بۆ پێکهاتەیەکی فرە خانەیی (شتێک کە حەتمی نییە بەڵام لانیکەم ٢٥ جار بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەسەر زەوی ڕوویداوە)، دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد و داتا و حیساباتی قەبارە هەسارەیی دەتوانرێت وەک پێشکەوتنێکی پەرەسەندن سەیر بکرێت — بایۆسفێرێک کە دەبێتە تەکنۆسفێر.

“دەتوانرێت سەرهەڵدانی ژیریی دەستکرد و داتا و ژمێرەی قەبارە هەسارەییەکان وەک پێشکەوتنێکی پەرەسەندن سەیر بکرێت – بایۆسفێرێک کە دەبێتە تەکنۆسفێر”.

نموونەیەک لە ژمێرەری قەبارەی هەسارەکان چاودێریکردنی جیهانی تەندروستی هەسارەکانە، ئەگەر بتوانرێت داتاکان بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی گونجاوی هەبێ. نموونەیەکی دیکە مۆدێلی زمانی گەورەیە چونکە پێویستیان بە یەکخستنی جیهانی بڕێکی زۆر لە داتاکانی زمان هەیە بۆ مەشقەکانیان.

گریمانەی گایا مەبەست لێی ئەوە بوو کە چۆن ژیان بە بازنەی فیدباک لەگەڵ هەسارەکەدا ڕێکخراوە بەجۆرێک ڕێگەی پێدەدات بە تێپەڕبوونی کات خۆی بپارێزێت. باسی ئەو پلەبەندییە ئاڵۆزییەی نەکرد کە ژیان بە تێپەڕبوونی کات پەرەدەستێنێت – واتە گواستنەوە سەرەکییەکانی ژیان کە لە سەرانسەری پێوەرەکاندا دووبارە دەبنەوە، لە گەردیلەیەوە بۆ خانەیی، بۆ فرە خانەیی بۆ کۆمەڵایەتی، بۆ فرە کۆمەڵایەتی بۆ هەسارەیی.

ئەگەر ژیان بەڕاستی دیاردەیەکی هەسارەیی بێت، پێویستە چاوەڕێی ئەوە بین کە هەمان تایبەتمەندییەکان ببینین کە لە ئاستە نوێیەکانی ڕێکخستندا دووبارە دەبنەوە بە تێپەڕبوونی کات، کاتێک وردە وردە گەورە دەبنەوە بۆ هەسارەیی. ئەوەی ئێستا لەسەر زەوی سەرهەڵدەدات ژیانێکی هەسارەیی و فرەکۆمەڵایەتییە کە کارایییەکی نوێی هاوشێوەی مێشکی هەیە کە توانای یەکخستنی زۆرێک لەو تەکنەلۆژیایانەی هەیە کە ئێمە وەک توخم لە ماوەی هەزاران ساڵدا دروستمان کردووە. بۆ ئێمە سەختە ئەمە ببینین چونکە لەم سەردەمەی پەرەسەندندا لە پێشمانەوەیە و ئایندەمانە نەک لە پشتمانەوە و هەر بۆیەش پێکهاتەیەکی زۆر گەورەتری هەیە لەڕووی کاتەوە لەگەڵ ئێمەدا. جگە لەوەش سەختە بیبینین چونکە ئێمە ڕاهاتووین بە ئەندازەی تەمەنی مرۆڤ سەیری ژیان بکەین نەک لەڕووی ڕێڕەوی هەسارەیەکەوە.

ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە زۆر بە قووڵی لە کاتدا چەسپاوە و ئێمە وەک تاکێک نموونەی کاتین لە کۆمەڵێک ڕەچەڵەکی زانیاری. ئێمە بە قووڵی مرۆڤین (3.8 ملیار ساڵی ویستووە تا بگەینە ئێرە)، ئەمەش ساتێکی گرنگە لە مێژووی هەسارەکەماندا بەڵام لوتکەی پەرەسەندن نییە. ئەوەی هەسارەکەمان دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت ڕەنگە تەنها دەست پێ کردن بێت. بە هەموو ئەگەرێک، ئێمە لە ئێستاوە چەند پلەیەک لە خوارەوە لە پلەبەندی سیستەمی زانیاریداین کە ڕەنگە لە ئێستادا لەسەر ئەم هەسارەیە بە “زیندوو” هەژمار بکرێین.

ئێمە ڕەچەڵەکی ٣.٨ ملیار ساڵەی مادەی پێکهێنانی زانیارین لەسەر هەسارەکەمان. پێویستە بزانین جیهانەکەمان پڕە لە ژیان و هەروەها ژیان ئەوەیە کە ئێمە پەرەدەستێنین بۆی. تەنیا کاتێک کە لەم چوارچێوەیەدا لە خۆمان تێ دەگەین هەر نەبێ هیوایەکمان دەبێ بۆ ناسینی هەر ژیانێک کە لە ئێستادا خەیاڵی نییە و بە درێژایی ڕەچەڵەکی جیاوازی ڕیشەیییانە پەرەی سەندووە، ڕەنگە هەبێت، یان ڕەنگە ئێمە دروستی بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵماندا هاوبەشی پەرەسەندن بێت.

 

سەرچاوە:

  • https://www.noemamag.com/ai-is-life/
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: