شەڕە کەلتوورییە ڕاستەقینەکان

901
0
بڵاوکردنەوە:

چۆن هونەر بووەتە سەرمەشقی ململانێی نێوان دیموکراسی و دەسەڵاتخوازی؟

 

نووسینی: سوزان نۆسێل

وەرگێڕانی: ئارا هێمن

دەسەڵاتخوازەکان پەی بەوە دەبەن کە کۆتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەکانیان تەنیا بە دەستوەردان لە دەسەڵاتی پۆلیسی و دادگادا بەرجەستە نابێت، بگرە لە پاڵ ئەوەدا پێویستیان بەوەیە بیرکردنەوە و دنیابینی خەڵکەکەیان لەقاڵب بدەن، پێویستە دیدێکی تایبەت بۆ خەڵکەکەیان بدورن بەوەی چۆن سەرنج لە ڕووداوەکانی دەوروبەریان دەدەن، هەروەها چۆن دنیا ئەوان دەبینێت و چۆن ئەوان دنیا دەبینن. لە ساڵی ٢٠٢٠ چین یاسایەکی ئاسایشی نیشتیمانیی نوێی بەسەر یەکەی ئیداری هۆنکۆنگدا سەپاند، ئەمەش بە مەبەستی قووڵکردنەوەی بەستنەوەی یەکجارەکیی ناوچەکە بە پەکینەوە. لەگەڵ ئەوەی یاساکە بووە هۆی قەدەخەکردنی جیابوونەوی هۆنکۆنگ لە چین – یان تێکدانی سیستەمی چینی لە لایەن هۆنکۆنگەوە – بڕگەیەکی دیکەی یاساکە بریتیی بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی مۆزەخانە و دامەزراوە هونەرییەکانی هۆنکۆنگ. سەرۆکەکانی دامودەزگا هونەرییەکانی هۆنکۆنگ کە لە لایەن چینەوە دەستنیشان کرابوون، دەبوو بە سەرۆکی دەستە کەلتوورییەکان بڵێن ئاگایان لە کارەکانیان بێت و ڕێ لەو کارە هونەرییانە بگرن کە دەبێتە هۆی درووستبوونی ڕق و کینە لە نێوان خەڵکی هۆنکۆنگ و پەکیندا. پارتی کۆمۆنستیی چینی پەخشکردنی فیلمە بیانییەکانی کۆتایی پێ هێنا و هەروەها وەبەرهێنان کرا لە بەرهەمهێنانی فیلمی خۆماڵی کە چیرۆکەکانی لەو کتێبە پڕفرۆشترینانە وەردەگیرێت کە بە دڵی حکوومەتە و خەڵکی ڕووی تێدەکەن. لە فیلمەکاندا چینییەکان وەک هەرقل و ڕۆژئاواییەکانیش وەک تێکدەر پیشان دەدرێن، تاکڕەوەکان لە شوێنانی دیکەش بەدوای ئەوەوەن کەلتوور کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان. بۆ نموونە، کوبا بەهۆی کاری چالاکوانییەوە مایکێل کاستیلۆ پێرێزی گۆرانیبێژی براوەی خەڵاتی گرامی دەستگیر کرد. لە نیسانی ٢٠٢٣ چەند دۆکومێنتێکی دزە پێراو ئاشکرایان کردووە کە ئێران لیژنەیەکی نهێنی دامەزراندووە بۆ ئەوەی ئەو هونەرمەندانە بخاتە لیستی ڕەشەوە کە پاڵپشتییان لە خۆپشاندانەکان کردووە (هەڵبەتە مەبەست لێی خۆپشاندانەکانی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادییە” کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینییەوە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەریهەڵدا). لە ساڵی ٢٠٢٠ هەنگاریا سیستەمی نوێی وانەبێژی کردەبەری خوێندنگەکان، کە تێیدا فرۆشتنەوەی شانازی نیشتیمانی و ڕەشکردنەوەی شکستەکانی وڵاتەکە لە کاتی جەنگدا ئامانجی سەرەکی بوون.

سیستەمە دیموکراسی و دەسەڵاتخوازییەکان جەنگێکی جیهانییان لە دژی یەکتری ڕاگەیاندووە، لە بنەڕەتدا شەڕەکە شەڕێکی سەربازی و سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسییە، بەڵام دەرئەنجامی ئەم کێشمەکێشە پەیوەستە بە کەلتوورەوە. دنیابینی خەڵکی لە سیستەمی دەسەڵاتخوازی و دیموکراسیدا بەندە بەو فیلم و کتێب و گۆرانی و کەناڵە تەلەفزیۆنییانەی کە گوێبیستین و تەماشای دەکەن و دەیخوێننەوە، یانیش ئەو مۆزەخانانەی کە سەردانی دەکەن، هەروەها ئەو کتێبانەی کە لە خوێندنگەکان پێوەی پابەندن. بەمەش کەلتوور تەنیا کارەکتەرێکی جیۆپۆلیتیکی نابێت، بەڵکو کاریگەریی بەرفراوان دادەنێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە سەدەی بیستەکاندا ئاژانسەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان ئەکتەری سەرەکی بوون لە شەڕە کەلتوورییەکاندا، ئەو ئاژانسە دەوڵەتییانە شێوازی ژیانکردنی خۆیان و نموونە باڵاکانی کۆمەڵگەکانی خۆیان هەناردەی دەرەوە دەکرد، بەمەش پەخشی هێزی نموونەکەیان دەکرد. ئێستە دەسەڵاتداران لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە چیرۆکە هەڵبەستراو و ئایدۆلۆژیا کەسییەکانی خۆیان بەسەر خەڵکەکەیاندا دەسەپێنن کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەخشکردنی نموونەی دەسەڵاتخوازەکە لە ڕێگەی خەڵکەکەیەوە بەرەو دەرەوە. لێرە بەدواوە ڕکابەرەکانی دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی نییە، ئەو نووسەر و هونەرمەند و کەلتوورپارێزانەن کە لە مەیداندان و زۆرانیان گرتووە بەرانبەر بە کەلتوورە دەسەڵاتخوازییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ نموونە، لە ئۆگەندا و ئۆکراینا ئەو کەسانەی کە سەرمەشق و کەواسوری بەرلەشکری شەڕەکەن لەگەڵ بەرەی دەسەڵاتخوازەکاندا بریتین لە کەسە ڕەسەنەکانی ئەو دوو وڵاتە و لە توانایاندایە شەڕی دابونەریت و چیرۆک و مێژوو و بیری شوناسی نەتەوەیی بکەن. لە ڕێگەی پاڵپشتیکردن لەو کەسانەی کە کەلتوورپارێزن و بونیادنەرن، ڕکابەرەکانی سیستەمە دەسەڵاتخوازییەکان دەتوانن هێزێکی چالاک کارا بکەن بۆ هێنانەکایەی ئازادی.

دەمێکە دیکتاتۆرەکان پەیان بەوە بردووە کە دەتوانن بەرهەمەکانی هونەرمەندن و گۆرانیبێژان و بەرهەمهێنەرانی فیلم و نووسەران و شانۆنووسان و زانایان بخرێنە خزمەت ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵاتدان. دەسەڵاتی تۆتالیتاری تینووە بەوەی پێشەنگ و داهێنەرانی کۆمەڵگە و بیرە سەربەخۆکان و بیرە تێکدەرەکان کۆنتڕۆڵ بکات. دەسەڵاتی نازییەکانی ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت لە نێوان نموونەی ئەو ڕژێمە سەرکوتکەرانەدان کە زۆر بە توندی سنووریان بۆ هونەر و ئەدەب و گۆرانی داڕشتووە. لە سەردەمی جەنگی ساردا دەسەڵاتدارانی بەرەی (بلۆکی) ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هونەریان بەکار دەهێنا بۆ خستنەڕووی ژیانێکی کۆمۆنستی نموونەیی.

لای خۆیەوە ئەمریکا وێنەکەی خۆی درەوشاندۆتەوە بەوەی کە دەوڵەتێکی ئازاد و دەوڵەمەندە، ئەمەش بە هیوای ئەوەی کە خەڵکی هان بدات کە لە پشت دیواری بەرلینیشەوە سیستەمی کۆمۆنستی ڕەت بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا لە ڕێگەی پاڵپشتی CIA لە ڕۆژئاوای بەرلین کۆنگرەی ئازادیی کەلتوورییان دامەزراند و ئەمەش دەروازەیەک بوو بۆ پاڵپشتیکردن لە بڵاوبوونەوەی گۆڤارە دژە شوعییەکان و کۆنفرانس و ئەو ڕۆژنامانەی کە پاڵپشتییان لە هونەرمەند و نووسەرە دیارەکان دەکرد بە مەبەستی هەڵبەستنی بیرێکی جیهانی. تۆڕی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا هەوڵی دا دژی هەژموون و پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستەکان بوەستێتەوە و ژیانی ئازادیخوازانەی ڕۆژئاوای بەراورد دەکرد بە ژیانکردن لە ناو دەوڵەتە تۆتالیتاریانەکانی وەک یەکێتیی سۆڤێت. لەو ساڵانەدا و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٥٣ ئەمریکا ئاژانسی زانیاری دامەزراند و لە ڕێگەی ئاژانسەکەوە شارەزاکانی بواری مۆسیقای جازی ئەمریکی (کە تایبەتە بە ئەمریکا) ڕەوانەی جیهان دەکرد و لە ئەوروپا مۆزەخانە و شانۆگەری هونەری سوریاڵی و هزری دەکردەوە.

بەڵام هێدی هێدی ئەمریکییەکان بێزار بوون لە دەستوەردانەکانی دەوڵەت لە کاروباری کەلتووری. لە سەردەمی ”ترسی سوور” و ماکارتی کە سیناتۆرێکی ئەمریکی بوو و هۆشداری دەدا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەمریکا لە لایەن شوعییەکانەوە، ئەوەی بەدەر کەوت بریتی بوو لە ترسی حکومەت لە شانۆکار و گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکان، حکومەتی ئەمریکا لەوە دەترسا کە هونەرمەندەکان مەیلێکی شوعییان هەبێت، لە بەرانبەردا هەر دەستێوەردانێکی حکوومەت لەو بارەیەوە وەک دەستێوەردانێکی حکوومی لە کاروباری هونەری لێک درایەوە. داڕێژەرانی سیاسی و کەلتووری ئەمریکا ترسی ئەوەیان لێ نیشت حکوومەت هەوڵی ئەوە بدات هونەر و زانست و کەسە کارامەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی کۆنتڕۆڵ بکات و پێیان وابوو ئەمریکا سوودی لە فۆڕمی دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان وەرگرتووە بۆ ئەو مەبەستە. هەوڵی حکوومەتی ئەمریکا بۆ دروستکردنی پڕوپاگەندەیەکی کۆمەڵایەتی و کۆنتڕۆڵکردنی بیرە ئازادەکان دژی ئەو بەهایانە بوو کە ئەمریکا باسی لێوە دەکردن وەک هەریەکە لە دامودەزگای لیبڕاڵی و ئازادی لە بەرەوپێشبردنی بەهرە و کارامەییەکان و جیاوازی کەلتووری و ئازادییەکی ئایینی بەرفراوان. لە ساڵی ١٩٧٠ بە دواوە ئەمریکییەکان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانستگەری و هونەری و خوێندەواری و گەشتەوە دەستیان کرد بە گواستنەوەی کەلتووری خۆیان بۆ دەرەوە، ئەمەش جیاواز بوو لە هەوڵی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەپاندنی بیر و کەلتووری ئەمریکا بەسەر گەلانی تردا بۆ مەبەستی جیۆپۆلیتیکی خۆی.

 

دیسپلین و بڵاوکراوەکان

هەنووکە دەسەڵاتخوازەکان کەلتوور وەک ئامرازێکی گرنگ وێنا دەکەن کە پێیان وایە دەکەوێتە ژێر هەژموونی دەستی دەرەکی و بەمەش کاری ئەوان قورس دەبێت لەوەی بتوانن بە تەواوەتی دەست بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکیدا بگرن. هەوڵێکی بێشومار هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەلتوور و ململانێ سەرەکییەکەش لەسەر چۆنییەتی نووسینەوەی مێژووە، واتە کێبڕکێیەکە لەسەر نووسینەوە و گێڕانەوەی مێژوو. بۆ دوورینی بەرگێکی حکوومڕانی بەبەری دەسەڵاتەکەی خۆیدا لە ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا هەوڵیداوە میراتی ”پیاوی بەهێز” وەک ستالین بە نموونە وەربگرێت و بیکات بە بەری خۆیدا، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو ڕاستیانەی شاردووەتەوە کە پەیوەست بووە بە تاوان و دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت. لە شەڕی ئۆکراینادا کاتێک ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا، کەلتوور وەک ئاماراز و وەک ئامانجیش بەکار هێنراوە. ئامانجی سەرەکی پوتین بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا بۆ ئەوەیە کە شیمانەکەی خۆی بسەلمێنێت کە پێی وایە نەتەوەی ئۆکراینی و ناسنامەی ئۆکراینی ڕەسەن نین و ڕاستییەکی مێژووییان نییە. لە میانی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە هەموو ئەو ناوچانەی کە بە زەبری هێز ڕووسیا خستوونیەتە ژێر ڕکێفی خۆی، سیستەمی خوێندنی منداڵان کراوە بە ڕووسی و لە لایەن سوپاوە هێرشکراوەتە سەر مۆزەخانە و کتێبخانە و مۆنۆمێنتە ئۆکرینییەکان.

لە لایەکی ترەوە پارتی کۆمۆنستی چینی لە ساڵی ٢٠٢١ نوێترین کتێبی مێژووی لە دیدگای پارتە چینییەکەوە بڵاو کردەوە، کە تێیدا باسی سەدەیەک لە مێژووی چین دەکات و چارەکێک زیاتر لە کتێبەکە باسی ئەو نۆ ساڵەیە کە شی جین پینگ سەرۆکایەتی چینی کردووە و کتێبەکە بە زۆرەملێ لە هەموو خوێندنگە و پێشانگە و فیلمێکی ئەو وڵاتەدا دەبینرێت و ئامانج لێی بریتییە لە بەخاوەندارییەتیکردنی چین لە لایەن شیەوە وەک فریادڕەسی مێژووی ئەو وڵاتە. لە یەکێکی تر لە هەوڵەکانیدا پارتی کۆمۆنستی چینی کۆنتڕۆڵی دامەزراوەی ئاینیی و کەلتووری چینییەکانی کردووە بە ناوی کۆنفۆشیۆس و هەوڵی داوە لەو ڕێگەیەوە تەنانەت زانکۆکان لە ناوەوە و دەرەوەی چینیش کۆنتڕۆڵ بکات و بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێی چینی دایان بڕێژێتەوە، لە ڕێگەی ئەمەشەوە چین دەیەوێت کۆنتڕۆڵی چینییەکانی دەرەوەی وڵات بکات.

لەو وڵاتانەی کە تێیدا سیستەمە دیموکراسییەکان لە پاشەکشەدان، سەرۆکە دیماگۆگەکان (هەلپەرستەکان) هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کەلتوور دەدەن و دەست لە دابونەریت وەردەدەن. لە دەمی دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆ ئوربان هەوڵی داوە کۆنتڕۆڵی هەموو دامودەزگا هونەرییەکان بکات و هونەرمەندە سەربەخۆکان و هونەری ئازاد بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، یەکێکی تر لەو کارانەی کە ئوربان ئەنجامی داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بیری خەڵکی بریتیی بووە لە دەرکردنی زانکۆی ناوەندی ئەوروپا لە هەنگاریا و کۆتایپێهێنان بە دامودەزگا ئەوروپییەکان لەوە وڵاتە، چونکە ئوربان دژی جۆرج سۆرۆس (ملیاردێرێکی داکۆکیکارە لە دیموکراسی و بیری ڕۆژئاوایی و ئەوروپی) بوو و دژی ئەو دامودەزگایانەش بوو کە لە لایەن سۆرۆسەوە پاڵپشتی دەکران. یەکێکی تر لەم نموونانە بریتییە لە دەرکردنی مێژوونووس و کەلتوورپارێزە پۆڵەندییەکانی پۆڵەندا لە کارەکانیان لە لایەن دەسەڵاتی پۆپۆلیستی حکوومەتی پۆڵەنداوە لە پێش شکستهێنانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٣، ئەو مێژوونووسانە بەوە تۆمەتبارکرابوون کە نەیانتوانیوە وەک پێویست خەڵکی هانبدەن و تۆوی نیشتیمانپەروەری لە ناو دڵی خەڵکیدا بچێنن، هەروەها لە کۆتاییەکانی ئەو دەسەڵاتە پۆپۆلیستییەی پۆڵەندادا پۆپۆلیستەکان ڕێگەیان لە توێژەرەکان گرت دەستیان بە هەموو ئەرشیفەکانی مێژووی پۆڵەندا ڕابگات ئەمەش بۆ رێگریکردن لە نووسینەوەی توێژینەوەی سەربەخۆ و ڕێگریکردن لەوەی توێژەران بە مێژووی هۆڵۆکۆست ئاشنا بن لە پۆڵەندا. لە هیندستان نارێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە مۆزەخانەیەکی نیشتیمانیی گەورەی دروست کردووە، ئەگەر کاری دروستکردنەکەی کۆتایی پێ بێت بەدەر دەکەوێت کە مۆزەخانەکە گەورەترین مۆزەخانەی جیهانە و تێیدا هەوڵدراوە ناسنامەیەکی هیندی ناوەندی و یەکانگیر بە بیری پارتی دەسەڵاتدار (پارتەکەی مودی) بونیاد بنرێت. هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستەی تورکیا چەندان مۆنۆمێنت و پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی دروست کردووە بۆ یادکردنەوە و خستنەڕووی ناسنامەی عوسمانییەکان و لە ڕێگەی هەڵگرتنەوەی شوێن پێی سوڵتانەکان دەسەڵاتی خۆی بەهێز کردووە.

تەنانەت لە ئەمریکاش کەلتوور بۆ مەبەستی ئەجێندا و مەرامی سیاسی بەکار هێنراوە. ئەو ویلایەتانەی کە لە لایەن کۆمارییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون چەندان کتێبیان تێدا قەدەخەکراون و هەوڵ دراوە بۆ قەدەخەکردن یان لابردنی هەندێک لە پڕۆگرامەکانی سیستەمی خوێندنی خوێندنگەکان و زانکۆکان لەو ویلایەتانە. ئەم هەوڵانەی سیستەمە دەسەڵاتخوازەکان بە مەبەستی ئەوەیە ڕێگری بکەن لەو گێڕانەوانەی میێژوو کە باس لە ڕەگەز و ناسنامەی کەمینەکان دەکەن، ئەو دەسەڵاتخوازانە پێییان وایە هەموو ئەوانە دژی بەها کۆمەڵایەتییەکانن و شانازی نەتەوەیی تێکدەشکێنن.

 

بەرخۆدان

سەرەڕای هەموو ئەو هێزەی کە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکات، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕەها کۆنتڕۆڵی کەلتوور بکات. تەنانەت لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا سەرەڕای هەموو ئەو دەسەڵاتەی کە دەوڵەت هەیبوو لە سەرکوتکردنی بڵاوکراوە و کەلتوورە جیاوازەکان، بەڵام خەڵکی ناڕازی ناو یەکێتییەکە هەڵستاون بە چاپکردنی کتێب و بڵاوکراوەکانیان بە شێوازی نهێنی. چیرۆکەکان و کارە هونەریەکان و شیعرەکان و جۆرەکانی تری دەربڕین و هونەر دەتوانن وەک دژەتەنێک ناو گیانی دەسەڵاتە پاوانخواز و دەسەڵاتخوزەکان کار بکەن. هەموو ئەو هۆنراوە و کارە هونەرییە جۆراوجۆرانە دەتوانن ببنە هۆی دروستکردنی مشتومڕ و شکاندنی نەریتە باوەکان و بەهێزکردنی سۆزداری نێوان خەڵک و هەروەها نموونەیەک پێشکەش دەکەن بۆ جێگرتنەوەی سیستەمی بەردەست و دیدگایەکی نوێ نیشان دەدەن بۆ ئایندە.

ئەمڕۆ زانایان و نووسەران و چالاکوانان و هونەرمەندان لە هەردوو جۆرە سیستەمە سیاسییەکانی وەک سیستەمی تاکڕەوی و ئەو سیستەمە دیموکراسییانەی کە لە پاشەکشەیەکی خێرادان، لە هەوڵدان بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو دیدگایەی کە دەوڵەت بە نیازە بیسەپێنێت. لەو شوێنانەی کە تێییدا خۆپشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوازێکی ئاشکرا ڕێگەپێدراو نییە، کەسانی ناڕازی لە ڕێگەی هەریەکە لە هونەر و شیعر و گۆرانی و ئەدەب و پڕۆگرامی تەلەفزیۆن و نووسینەوەی مێژووەوە خەریکن بۆ ئەوەی پەیامەکانیان بگەیەنن. لەو دەوڵەتانەی کە تێیدا ئەوانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن دووچاری گرتن و زیندان دەبنەوە، کەسە بەناوبانگەکان و گۆرانیبێژە ناودارەکان دەبنە دەنگی ناڕازی، وەک بۆبی واین لە ئۆگاندا، کە ئێستە ئەو کەسە دەتوانێت شوێنکەوتوویەکی زۆری جەماوەری بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ڕووبەڕووی ڕژێم ببێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکراینا پێترۆ پۆرۆشنکۆ سەرۆکی ئۆکرانیا ناسنامەی نەتەوەیی میخیل ساکاشڤیلی ڕکابەری هەڵدایەوە بەوەی کە ئەو کەسە ئۆکراینی نییە و جۆرجییە، ئەمەیش هەموو سیاسەتی پێترۆ بوو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بێ ئاگا لەوەی ڤلادیمێر زێلێنسکی هونەرمەندی کۆمیدی و ئەستێرەی تەلەفزیۆنەکان دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکان. سەرەڕای ئەوەی خۆ بەربژێرکردنی زێلێنسکی وەک نوکتە و کۆمیدیا بوو، بەڵام ئەوەتا سەرۆکەکەی ئۆکرینا سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەکات لە یەکێک لە سەخترین و چارەنوسسازترین ساتەوەختەکانی مێژووی ئۆکراینادا کە ڕاوەستانەوەیە بەرانبەر بە لەشکرکێشی ڕووسیا.

لە زۆرێک لە وڵاتان کەلتوور ڕۆڵی باڵای هەبووە لە وەستانەوە بەرانبەر بە سیستەمی دەسەڵاتخوزی. بۆ نموونە ئەو فلیمسازە پۆڵەندییەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ فیلمی ”گرین بۆردەر”ی بەرهەمهێنا و لە پێش هەڵبژاردنەکانی هەمان ساڵی ئەو وڵاتە پەخش کرا، کە تێیدا باسی لە خراپ مامەڵەکردنی پارتی دەسەڵاتداری پۆڵەندای دەکرد لە بەرانبەر پەنابەرەکاندا، ڕووبەڕووی ڕەخنە و تانەی پارتی دەسەڵاتداری پۆڵەندا بووەوە. پەخشکردنی فیلمەکە پێش هەڵبژاردن بووە هۆی توڕەکردنی ئەندرێج دودا سەرۆکی ئەو کاتەی پۆڵەندا، سەرۆکەکە هێندە بێزار بوو لە پەخشکردنی فیلمەکە کە هەموو بینەرانی فیلمەکەی چواند بەو کەسانەی کە لەسەردەمی داگیرکاری نازییەکان لە پۆڵەندا دەچون بلیتی فیلمیان دەبڕی و تەماشای فیلمە ڕێگەپێدراوەکانی نازییەکانیان دەکرد لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، دودا دەیگوت: ”تەنیا بەرازەکان لە سینەما دادەنیشن”. دواتر حکوومەت بە مەرجی ئەوەی پێش فیلمەکە بنووسرێت ئەو فیلمە ”بێبنەمایە و شێواندنی” تێدایە، ئینجا بواریان دا پەخش بکرێت. دواتر فیلمەکە بووە دووەم پڕ بینەرترین فیلمی وڵاتەکە. خەڵکی پێویستیان بەوە بوو کە یەکێک پێیان بڵێت و ڕایان بچڵەکێنێت كە هەموو شت باش نییە، دوای فیلمەکە خەڵکی چونە دەنگدان و دەسەڵاتی دوودا و پارتی دادیان دوای هەشت ساڵ لە حکووم کردنی پۆڵەندا کۆتای پێ هێنا.

بە هەمان شێوە لە بەڕازیل هونەرمەندان و کەلتوور دۆستان توانیان ببنە بەربەست لەبەردەم جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی پۆپۆلستی ئەو وڵاتە و شکستیان بە دەسەڵاتەکەی هێنا. حکوومەتەکەی بۆلسۆنارۆ لە ساڵی ٢٠١٩ ڕێگری کرد لە پەخشکردنی فیلمی گەریلا و سیاسی چەپ بە ناوی کارلۆس ماریگێلا. هەر ڕێگری حکوومەتەکەی بۆلسۆنارۆ بوو کە وایکرد لە ساڵی ٢٠٢١ فیلمەکە پڕ بینەرترین فیلم بێت لە بەڕازیل، ئامادەبوانی فیلمەکە بە یەک دەنگ لە کاتی پەخشکردنی فیلمەکە گوتافیان دژ بە بۆلسۆنارۆ دەدایەوە. لەو کاتانەدا لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی بەڕازیلی بانگەشەی مافی ڕەشپێس و کەمینەکانیان دەکرد. زۆرێک لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی بەڕازیل بە ئاشکرا دژی بۆلسۆنارۆ دەستیان کرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

لە ئۆکراینا کەلتوور بووەتە هێمای یەکێتی ئۆکراینییەکان و ڕووبەڕووبونەوەی لەشکرکێشی ڕووسەکان. نووسەر و فیلم سازەکان و هونەردۆستەکان لە ڕێگەی بەرهەم و پێشانگا و کارەکانیانەوە دنیایان لە دۆخی ئۆکراینا ئاگادار کردووەتەوە. هونەرمەندەکانی ئۆکراینا دنیا دەکێڵن بۆ گەیاندنی پەیامی وڵاتەکەیان بە جیهان و پشاندانی ڕووی مرۆڤانەی ئۆکراینا و بەرگری ئەو وڵاتە دژ بە هێرشی ڕووسەکان.

تەنانەت لە دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکانیشدا بونیادنەرانی کەلتوور دەتوانن یارییەکی دوورمەودا بکەن. لە کتێبی ”سپارکس: مێژوونووسە ژێربەژێرەکانی (نهێنییەکانی) چین و شەڕی داهاتوو”دا، ڕۆژنامەنووس ئیان جۆنسۆن بە شێوەیەکی قایلکەر دەڵێ، نووسەران و فیلمسازان و هونەرمەندان کە دژ بە مێژووی نوسراوەی دەستی دەوڵەتی دیکتاتۆری مێژوو دەنووسنەوە، ڕەنگە لە کۆتایدا داهاتوویەکمان پێشکەش بکەن کە دوور بێت لە دەسەڵاتی پارتی کۆمۆنستی چینی لە چین. هەموو ئەو بیرمەندە ئازادانە تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنن بۆ دەربازبوون لەو سیخوڕییەی کە بەسەریانەوە دەکرێت. هەندێک لە کەسایەتییەکان مەودایەکیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین هێشتۆتەوە و بایەی ئەوەندە ئازادن کە دەتوانن ڕای خۆیان بڵێن و شتێکیان لێ سەوز دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوتکارییەی کە لە دەوڵەتەکەیاندا هەیە.

 

پارێزەرانی دیموکراسی

ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەتوانن هێزی کەلتوور بەکار بهێنن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتخوازی تەنانەت بە بێ بەکارهێنانی ئەو تەکتیکە پیلان بۆ داڕێژراو و سەختانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو بەکاریان دەهێنا. دیبلۆماسییەتی ئەمریکا هەوڵی داوە ناوبانگی ئەمریکا پێش بخات و لە ڕێگەی گەشتەوە ئەمریکا بناسێنێت و پڕۆگرامی خوێندن و ئاڵوگۆڕپێکردنی هەیە بۆ ئەو مەبەستانە. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و فیلمەکانی هۆڵیود لە نێوان ئەو بەرهەمە کەلتووریانەدان کە ئەمەریکا هەناردەیان دەکات و هەژموونی خۆی لە ڕێگەیانەوە پەخش دەکات.

جیا لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم و جەنگی سارد، ئێستە ئەمریکا پێویستی بەوە نییە کەلتووری خۆی بۆ دژایەتیکردنی تاکڕەوەکان بڵاو بکاتەوە، ئەمە لە کۆتایدا زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت. لەجیاتی ئەوە، پێویستە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئەندامەکانی کۆمەڵگەی سڤیل دەستی بیرمەندە ئازادەکان بگرن و پاڵپشتی لەو بیرە ئازادانە بکەن کە لە وڵاتەکانیان تێدەکۆشن. هەر دۆخێک و شێوازێکی مامەڵەی خۆی هەیە. بۆ نموونە ڕاستەوخۆ پارەدارکردنی ئەکتەر و بیرمەندەکانی چین و هۆنکۆنگ دەبێتە کێشە بۆ ئەو کەسانەی کە پارەکە وەردەگرن. بەڵام بە پێچەوانەوە ئۆکراینییەکان دەتوانن گەرچی بە ئاشکراش بێت سوود لەو پارە وەرگرتنە ببینن لە لایەن ئەمریکاوە. بۆ نموونە بە پارەدارکردنی ئۆکراینا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شوێنە دێرینەکانی ئەو وڵاتە، ئەمریکا دەتوانێت پارێزەری کەلتووری ئەو وڵاتە بێت. ئەمریکا دەتوانێت کتێب و نووسینە مێژوویەکانی خۆی بداتە کتێبخانە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئۆکراینا. دەتوانرێت لە ڕێگەی پارەدارکردنی نووسەرانی ئۆکرایناوە، هەموو نووسینە مێژووی و هونەرییەکانی ئۆکراینییەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانی ئینگلیزی و بە دنیادا بڵاو بکرێتەوە. بۆ بەرزڕاگرتنی یەکگرتووی ئۆکراینا و ئەو نەتەوەیە دژ بە داگیرکاری ڕووس، دەتوانرێت سوود لە پەخشکردنی ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگیرێت و لە ڕێگەی بەرزڕاگرتنی کەلتوورەکەیەوە یەکێتی ناو ماڵی ئۆکراینییەکان بەرانبەر بە ڕووسیا بپارێزرێت.

ئەمریکا و دەوڵەتانی تر دەتوانن هاوکاربن لەوەی لە سەرانسەری جیهان هونەرمەندە ئازادەکان پارێزراوبن. هەموو ئەو هونەرمەند و نووسەرانەی کە بوونەتە هۆی ئەوەی سیستەمە سەرکوتکەرەکان بێزار بکەن و لایەنە تاکڕەوەکان دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن، پێویستە لە لایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی ترەوە ئامۆژگاریان پێ بدرێت و پارەدار بکرێن و پاڵپشتیان لێ بکرێت. پێویستە لە نزیکەوە چاودێری نووسەرە ئازادەکان بکرێت چونکە زۆرکات دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان هەڵدەستن بە بڕینی قووتی ئەو هونەرمەند و نووسەرە ئازادانە، پێویستە لە کاروباری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتان ئاسانکارییان بۆ بکرێت، چونکە زۆرکات جێهێشتنی وڵاتەکەیان تاکە ڕێگەچارەیە بۆ ئەو کەسانە. پێویستە دەوڵەتە دیموکراسییەکان هەڵستن بە دروستکردنی کۆدەنگی و پاڵپشتی بۆ هونەرمەند و نووسەران لە ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، وەک چۆن نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر مافی ڕۆژنامەنووسان یەتە گۆ، بە هەمان شێوە پێویستە داکۆکییەکی هەمیشەیی هەبێت لە مافەکانی نووسەر و هونەرمەندە ئازادەکان. بەم دواییە نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵستاوە بە ئەنجامدانی سیمینار و کۆرسی جیاواز بۆ ڕاهێنانی دادوەرەکان لە سەرانسەری جیهان لە کاتی بەڕێوەبردنی دادگاییکردنی کەسێک کە نووسەرە یان هونەرمەند. پێویستە دەوڵەتانی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهان ئەوە لە مێشکی خۆیان بچەسپێنن کە داکۆکارانی کەلتوور ئەوکەسانەن کە ئەکتەری سەرەکین لە بەگژداچوونەوەی سیستەمە دەسەڵاتخوازەکاندا. باڵوێزخانەکانی ئەمریکا پێویستە گوێ لە کەلتوور دۆست و هونەرمەندەکانی ئەو وڵاتانە بگرن و لەگەڵیان مامەڵە بکەن و پشتگیریان بکەن، بە بێ ئەوەی کارێک بکەن زیانیان پێ بگات. ئەوەی کە ئەو نووسەر و هونەرمەندانە دەیانەوێت بریتییە لە بوونی کەناڵێک کە لە ڕێگەیەوە دەنگیان بە جیهان بگەیەنن و کارەکانیان وەربگێڕن و لە کۆنفڕانسەکانی دەرەوە بەشدار بن و لە ناوەوەی وڵات و دەرەوە کارەکانیان زۆرترین جار پەخش بکرێن و بڵاو بکرێنەوە. ئەم هەوڵەش بە شێوازێکی ڕێکخراو و پرۆفیشناڵ دەبێت و دەکرێت ئەو کەسانەی بیرمەندی ئازادن وەک ڕەمزێکی بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکاری تەماشا بکرێن و وێنا بکرێن. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی پارەدارکردن و داکۆکیکردن لە هەموو ئەو بیرمەندانە دەتوانن دژی ستەمکاری و پاوانخوازی دەوڵەتی تاکڕەو و خۆسەپێن ببنەوە. ئامانجەکەش بریتییە لە بەرز ڕاگرتنی هەموو ئەو بیرە ئازادانەی کە ئەو بیرمەند و هونەرمەندانە هەیانە، نەوەک فشارخستنە سەریان و لە قاڵبدانی بیروڕای ئەو تاکانە. پێویستە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەو قۆناغە بێنە دەرەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان دەدا هەموو بیرمەندەکانی دنیا لە ڕێگەی پڕووپاگەندەی ڕۆژئاواییەوە بە بیر ڕۆژئاوایی بکات، بەڵکو دەبێت پشتگیرییەکەی ڕۆژئاوا بۆ ئەو بیرمەندانە بەجۆرێک بێت کە بیر و هزریان بە ئازادی بهێڵێتەوە دژ بە ستەمکاری و نادادی. دەبێت ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانەوەی هەمان میتۆدی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان، وەک کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و بیری ئازاد.

لەوانەیە کەلتوور لە پەراوێزدا بێت بەهۆی هەموو ئەو شەڕ و کێشمەکێشە ئابووری و پێکدادانە سیاسییەی کە بەدی دەکرێت. بەڵام تەکتیکە تەقلیدییەکانی بەرەوپێشخستنی دیموکراسی لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامەزراوەکانەوە بۆ ماوەی دەیەیەکە شکستی هێناوە، ئازادیش لە سەرانسەری جیهان لە پاشەکشەدایە. چەقبەستوی لە بەرەوپێشبردنی دیموکراسی دەرگا بۆ کردارگەل و ڕێ گەلێکی نوێ ئاوەڵا دەکات لە بەرەوپێشخستنی دیموکراسی. پێویستە ڕێگە نوێییەکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆر و سیستەمە دەسەڵاتخوازەکان بریتیبێت لە درووستکردنی هیوا لە نێوان خەڵکی ئەو کۆمەڵگانەدا هەروەها وا لە خەڵکی بکرێت ویست و ئیرادەی گۆڕانکارییان لا بەرجەستە بێت. نووسەران و فلیمسازان و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان دەتوانن لەگەڵ کۆمەڵگەکانیان تێکەڵ ببن و لە ترس و هەستی خەڵکەکەیان بگەن. بۆ مانەوە و سەرخستنی، سیستەمی دیموکراسی پێویستی بە ئیرادەیەکی جەماوەرییە. ئەو ئیرادە جەماوەرییەش بە هیچ شێوازێیک لە دەرەوە درووست ناکرێت نادورێت بە بەردا. بەڵکو لە لایەن کەسانێکەوە بونیادی ئەو ئیرادە جەماوەرییە دەکرێت کە لە ناو کۆمەڵگەکەدا دەژین و هەڵقوڵای ناخی خەڵکین، ئەو کەسانەش بریتین لە پارێزەرانی کەلتوور و ئەوانەی کەلتوور بنیات دەنێن.

 

سەرچاوە:

  • https://www.foreignaffairs.com/united-states/real-culture-wars
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: