پەیكەرەكەی جەیمس جۆیس

640
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سۆنیا سالار

جەیمس جۆیس یەكێكە لەو نووسەرانەی كەمی نووسیوە، بەڵام زۆری لە زاكیرەی خەڵكدا بەجێهێشتووە، ئەو چەند بەرهەمەی نووسیوێتی و بۆ مرۆڤایەتی جێیهێشتووە تاوەكوو ئەمڕۆش مشتومڕی لەسەر دەكرێ. بەرهەمەكانی لەسەر ئاستی جیهان دەخوێنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە پێشڕەوانی شێوازی مەنەلۆگ- شەپۆلی هۆش، خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ئەزموونی ئەم نووسەرە سەختە، ئەمما لەو نووسەرانەیە تاوەكوو ئەمڕۆ بەوردی دەخوێنرێتەوە و بەشێوەیەكی بەرفراوان وەك بەناوبانگترین نووسەری ئێرلەندا ستایشی دەكرێت.

توانا و سەلیقەی نووسین لای ئەم نووسەرە وای كردووە هەمیشە جێی سەرنجی خوێنەران بێ و بۆ ئیرلەندییەكانیش نووسەرێكی مەزنە و شانازی پێوە دەكەن. جیمس جۆیس كوڕی دبلنە، لە چیرۆكی دبلنییەكانەوە تاوەكوو ڕۆمانە بەناوبانگەكەی یولیسیس چیرۆكی ئیرلەندا و ژیانی خەڵكە لەچوارچێوەی تەكنیكێكی بەرزی ئەدەبیدا. هەر ئەمە وای كردووە پەیكەرسازێكی ئیرلەندی بەڕەچەڵەك ئەمریكی پەیكەرێك بۆ ئەم نووسەرە دروست بكات. ئەم پەیكەرەی نووسەری ناوبراو لە شەقامی نۆرس ئێرل لە دبلن، لەنێو خەڵكی خۆیدایە. چل و نۆ ساڵ دوای مردنی جۆیس و لە ساڵی 1990 دا پەیكەرێك لە دڵی شارەكەی خۆیدا بۆ دروست دەكرێ. خۆشەویستی خەڵكی بۆ ئەم نووسەرەی وڵاتەكەیان بەڕادەیەكە، كە پەیكەرەكە لە شوێنێكی گرنگی شارەكەدایە و ڕۆژانە خەڵكی بەر ئەو پەیكەرە دەكەون و بۆ پشوودان لە تەنیشتییەوە دادەنیشن و لێی دەڕوانن.

پەیكەرەكە قەبارەیەكی ئاستایی هەیە. هەرچەندە ئەم نووسەرە بەشی زۆری ژیانی لە دەرەوەی وڵات بەسەر بردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەبەرهەمەكانیدا گرنگی زۆری بە دۆزی نەتەوەیی و وڵاتەكەی داوە لەنێو میللەتەكەیدا خۆشەویستە و هێشتا بە جددی دەخوێنرێتەوە. پەیكەرە بەناوبانگەكەی جیمس جۆیس ساڵی 1990 لەلایەن پەیكەرتاشی ئیرلەندی – ئەمریكی مارجۆری فیتزگیبۆنەوە دروستكراوە. پەیكەرەكە بەشێوەیەكە جۆیس لە دۆخێكی ئارامدا سەیری شارە خۆشەویستەكەی دەكات. شەپقەیەكی لەسەرە و گۆچانێكی بەدەستەوەیە، دەستەكەی دیكەی لە گیرفانیدایە. ڕوخساری نووسەر لە پەیكەرەكەدا بەرەوە سەرەوەیە، ئەمەش وای كردووە هەندێك لە خەڵكی جۆیس وەكو كەسێكی لەخۆبایی و فیزن ببینن.

پەیكەرەكە لە شەقامی نۆرس ئێرل لە شانزەی حوزەیرانی 1990 لەلایەن سەرۆكی شارەوانی شارەكەوە پەردەی لەسەر لادراوە. دانانی ئەم كاتەش بۆ لادانی پەردە لەسەر پەیكەرەكە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ڕۆژ و كاتی دەستپێكی رۆمانە بەناوبانگەكەی یولیسیس. كە ڕووداوەكانی لەسەرانسەری شارەكەدا لە 16ی حوزەیرانی 1904دا دەگێڕدرێتەوە.

مارجۆری فیتزگیبۆن

فیتزگیبۆن خانمە پەیكەرساز و ئەكتەری ئەمریكی – ئیرلەندی لە 27ی ئابی 1930 لە شاری ڕینۆ لە ویلایەتی نیڤادا لە ئەمریكا لەدایكبووە. دوای ئەوەی ڕووی لە ئیرلەندا كردووە بووە بە هاووڵاتییەكی ئیرلەندی. فیتزگیبۆن دوای ئەوەی ماڵەباوانی لە سانفرانسیسكۆ بەجێهێشت و ڕووی لە لۆس ئەنجلۆس كرد، دەستی بەكاری نواندن كرد. لەوێ لە مۆزەخانەی هونەری لۆس ئەنجلۆس دەستی بە خوێندنی نیگاركێشی كرد، پاشان چووە بواری هونەری نواندنەوە و لەو بوارەشدا دەستی بە خوێند كردووە.

دوای فیتزگیبۆن هاوسەری یەكەمی خۆی بەناوی “هەنتینگتۆن هارتفۆرد” ناسی، لە ساڵی 1949 ژیانی خێزانییان دروست كرد. بەرهەمی ئەو ژیانی هاوسەرییەیان دوو منداڵ بووە بە ناوەكانی جۆن و كاترین. یەكەم ڕۆڵی سەرەكی لە بەرهەمهێنانی فیلمی پشیلە لەسەر سەقفی قەڵەوی گەرم بوو لە نیویۆرك لەلایەن تێنسی ویلیامزەوە لە ساڵی 1955 بەرهەم هێنراوە. فیتزگیبۆن لە ساڵی 1960لە هارتفۆرد جیابووەوە، هاوسەری دووەمی خۆی بە ناوی دودلی سوتۆن ناسی و لە ساڵی 1961 شووی پێكرد و لەویش كوڕێكی بووە بەناوی پیتەرەوە. پاشان وازی لە نواندن هێناوە. پاش ئەویش شووی سێیەمی كردووە. پیاوی سێیەمی ژیانی ئەم خانمە ناوی كۆنستنتین بووە. لە ساڵی 1967 چوونە كەژاوەی هاوسەرییەوە. لەم پیاوەش  كچێكی بەناوی ئۆناگ بووە. تاوەكوو لە 20ی ژانویەی2018 لە شاری دبلن لە تەمەنی 88 ساڵیدا مردووە.

فیتزگیبۆن لە ساڵی 1967 ئەو سەردەمە لە یۆنان بووە، حەزی لە هونەری پەیكەرسازی كردووە. بەهاندانی میشێل ماك لیمۆیری هاوڕێی دەستی كردووە بە پەیكەرسازی. ئەم خانمە چەند پەیكەرێكی دروست كردووە، بەتایبەت پۆرترێتی ئەدیبە دیارەكانی ئێرلەندا. یەكەم پێشانگای لە ساڵی 1970 لە گەلەری براون تۆماس لە دبلن كردەوە دواتر بە یەكێك لە پێشەنگەكانی پەیكەرسازی نەریتی لە ئێرلەندا وەسف كرا كە هاوشێوەیییەكی ڕەسەن و فەرمی لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتەكانیدا بەدەستهێناوە.

یەكێك لە بەناوبانگترین كارەكانی پەیكەری جەیمس جۆیسە لە شەقامی ئێرل- لەدبلن. لەلایەن كۆمەڵەی شاهانەی دبلن ڕاسپێردرا بۆ دروستكردنی زنجیرەیەك لە 12 وێنەی هونەرمەندانی زیندوو لە ئێرلەندا لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا. لەلایەن كۆلێژی ستۆنهیل لە ویلایەتی ماساشوستسەوە بڕوانامەی دكتۆرای فەخری لە هونەرە جوانەكاندا پێبەخشرا.

مارجۆری فیتزگیبۆن لە ژیانی هونەریدا چەند پێشانگایەكی تایبەتی كردۆتەوە، پێشانگای تاكەكەسی لە گەلەری ویلدنشتاین 1953- گەلەری گۆدۆلفین 1973- گەلەری تۆم كالدوێڵ لە ساڵی 1978-  گەلەری گرافتۆن لە ساڵی 1985.

بڵاوکردنەوە: