هاڕە

بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

 

هات وەک چۆن زریان هەڵدەکات

ترووسکایییەک لەنێو دەستەکانیدا بوو

نەمایەوە

شار غەریبیی تێدا زریکاندم و هات

هەروەک چۆن دەریا کەنارگیر دەبێ شەپۆلی لێمنیشت

 

قیژە لە زارێک داییسا

کتوپڕ هۆڕنەیەکی نێو تاریکاییی

تێکچڕژاویی ئەم نزیکانەی هەڵخست نەئاخفت

نائاساییی شەوێکی درێژکەوتوو

کەوتە ئەستێرکێکی ڕێگەلێدزراو

مانگ سێبووریی لێهەڵما

دەبێ ئەستێرەیەک بخوشێت

 

ئازار دەرمانێک لە ماتڵییدا دەقیژێنێت

ئەوەتام گرێیەک

کەوتووەتە دۆڵێکەوە و خوێنی تۆ دەردەدات

مێشکم بەربووەتە نێو بێدەنگییەکی تێکچڕژاو

بێشوێنی شوێنێک گاز دەکات

تەنیایت دەزانم

تەنیاییت هەرەسی ڕێگەیەکی پێچاند

 

تەنیایت و چاوت پێکەنین نووقم دێنن

ویستم بیڵێم نەیبیستم

منارەیەک بەسەر ماڵی خوادا ڕما

دایک دەستەکانی بۆ ئاسمان گرتەوە

دڵۆپە بڵێسەی نێو دەستەکانی…

 

تەنیا ئێستا خاوەن ڕەسەنیەتی خۆیەتی

“ڕابوردوو ڕەسەنیەتی نییە”

دەیەویست ئاوهاش بیڵێت نەیگوت

 

یەکەم پیت

مرۆڤی هێڵنجدا

دەیەویست بڵێت: فرچکدا!

سەیری کەسیرەبووی هەنیەی چارەنووسی کرد

خەنیەوە

هەموو هێزم لەوەدا کۆکردەوە خۆشم نەوێت

جگە لەتاریکاییی دەستم هیچی تری نەبڕی

مرۆڤ خەرەندێکی بێداڵدەیە

قیژە قورگتە

ئەوکاتەی ڕیسی وشەکانت دەبنەوە خووریی و

زمانت قووتدەدەیت

 

٥-١٤/ ٧/ ٢٠٢٢

بڵاوکردنەوە: