نووسینی: سۆران محه‌ممه‌ده سووره
پێشكه‌شه به هه‌ندرێن
وه‌رگێڕی نامه‌كانی “ڕوانینوانێك و مه‌رگ”
“له‌م چاوترووكانه‌دا هه‌رچه‌ندێ له توانامدا هه‌یه واده‌كه‌م كه بێزم لێ بكرێته‌وه. بۆچی؟ ده‌مه‌وێت ببم به شاعیر، كاریش بۆ ئه‌وه ده‌كه‌م بێزه‌وه‌رتر بم” له نامه‌ی (بۆ جۆرج ئیزامبار 13ی مای 1871)“
ئه‌مڕۆ كه‌متازۆر خوێنه‌ر شه‌به‌نگێك له ئاشنایه‌تیی له‌گه‌ڵ ڕامبۆدا هه‌یه. بۆیه گه‌ره‌كه هه‌ڵوه‌سته‌ی ئێمەش ده‌رباره‌ی ئه‌و نامه‌یه بێت، كه ڕامبۆ له 15ی نیسانی 1871بۆ پاول دیمینی ناردووه، کە ئەو نامەیەیش لە “نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ“دا هەیە، کە لە 2007 له‌لایه‌ن هه‌ندرێن له سوێدیییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردیی. سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ به‌رهه‌می “وه‌رزێك له دۆزه‌خ” بگه‌ڕێینه‌وه و هه‌ندێك له ئایدیاكانی بترنجێنینه نێو ئه‌م نووسینەوە. ئه‌گه‌ر ڕوانینوانیش (ڕامبۆ) ده‌ستی نه‌خستبا بینه‌قاقامان، له خواستماندا نه‌بوو ئه‌م نووسینه، ژیان و ناسكردنی ئارتۆر ڕامبۆ بگرێته خۆی. ئاخۆ ئه‌مه له كران به‌ده‌ر نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر نامه بكرێت! هه‌رچۆنێك بێ نێونیشانه‌كه‌یش زێتر هه‌ڵگری چۆنیه‌تی ژیان و سه‌رهه‌ڵگرتنیه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ن له شیعری ڕامبۆدا.
ئه‌ز، په‌ڕتووكی “نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ”ـم له ساڵی 2011دا خوێندبووه‌وه، لێ ئه‌وه‌ی هانده‌ر بوو بۆ نووسین؛ به‌تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌م نامه‌یه (بۆ پاول دیمینی)، بۆ ڤانه‌ی ڕه‌خنه‌ی پڕاكتیكیی ده‌گه‌ڕێته‌وه، کە ئەوکاتەی له قۆناغی چواره‌می به‌شی كوردیی -زانستگه‌ی سۆراندا دەمخوێند. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كه لێره‌دا بگوترێت، ئه‌وه‌یه؛ كه ئه‌م ڤانه‌یه به‌ری من بگه‌مه دوا قۆناغی خوێندنم، هه‌رگیز وه‌تۆ به‌م شێوه‌یه‌ی، كه مامۆستاكه‌م گرینگی پێدا و تێكڕای بوونمی له دۆخێكی خۆخواردنه‌وه، مكووڕنه‌بوو و كه‌مته‌رخه‌مییەوە بۆ کارایی وه‌رچه‌رخاند، به بایه‌خ و گرینگ لێینه‌نۆڕدرابوو.
باش بیرمه، سه‌ره‌تای مانگی سێی 2015 مامۆستاكه‌م دوو له نامه‌كانی بۆ (جۆرج ئیزامبار و پاول دیمینی) كرد به ئه‌ركی دوای پشوومان، كه وتارێك ده‌رباره‌ی هه‌رتك له نامه‌كان بنووسین، هه‌ڵبه‌ت بۆ من ئه‌رك بوو و بۆ كۆی خوێندكارانی تر، هه‌م مامۆستا و هه‌م ئه‌ركه‌كانی -كه ئه‌و له خه‌مخۆریی و زێتر تێگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕووحێكی هۆشیارانه- بۆیان بوو بووه به‌ڵای لابه‌لا، بارگرانیی و به‌ردی سیزیف. وه‌نه‌بێت ئه‌ز سیزیفاسا به‌رده‌كه تا ترۆپك ببه‌م، لێ هه‌میشه له‌و ساڵی خوێندنمدا، نه‌ك ساڵانی پێشتر، مكوڕبوون و كاركردنم زێتر تێدا فراژا. بۆیه‌شه ئه‌م نووسینه، كه ئێسته تۆی خوێنه‌ر ده‌یخوێنیته‌وه، له خه‌مۆریی ئه‌م مامۆستایه هاتووه‌ته بوون و پێشكه‌شی ئه‌ویش كراوه.
ئه‌م نامه‌یه ده‌كرێت ببێته مانیفێستۆیه‌ك بۆ بوێژ، شاعیر و هونه‌رمه‌ندانی كورد، له ده‌راوی ئه‌وه‌ی ده‌كرێت زێتر له هه‌ر گۆڤار و په‌ڕتووكێكی ڕه‌خنه‌یی كوردی، كاریگه‌ریییه‌كی قووڵ دروست بكات، چون چه‌قبه‌ستوویی وێژه و هونه‌ری كوردیی ئه‌مڕۆ و وابه‌سته‌بوونی به بازاڕ، شاگه‌شكه‌بوون به ڕابردووی وێژه، تووشی نه‌خۆشیی ناسراوبوونی كردوون، یه‌كدێته‌وه له‌گه‌ڵ قسه‌ی ڕامبۆ كه ده‌ڵێت: “زۆر كه‌س به‌دوای ئه‌وه ده‌گه‌ڕێن كه ژیان بكه‌نه به‌ر پاشماوه كۆنینه‌كان” {ڕامبۆ. 2007؛ 20}. ئاخۆ گه‌لۆ ئه‌و دۆخه درێژخایه‌نه‌ی، كه ڕامبۆ نامه‌كه‌ی له‌دژ ده‌نووسێت، هه‌مان ئه‌و دۆخه بارگرانه نییه، كه ئه‌مڕۆ ئێمه تێیداین؟ بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه كه‌ڕووگرتووه‌ش پێویست به بێزهاتنه‌وه، تاوان و سووكته‌ماشاكردن هه‌یه، چون مرۆڤ بۆ په‌ڕینه‌وه به دۆزه‌خدا، گه‌ره‌كه به ئایدیای ڕوانینوان ڕووحی ئارامگر كردبێ تا سه‌رتاپای نه‌سووتێت، له‌كوێ مرۆڤ/شاعیری ده‌سته‌ودووعا دكاره له‌به‌رده‌می خۆی دووربكه‌وێته‌وه، له كاتێكدا مناره خه‌ونی ئه‌م تاكه ده‌ڕسكێنێ و نوێژه‌مێگه‌ل سه‌رمایه‌ی ڕووحی ئه‌م شاعیر؛ (هه‌ڵبه‌ت شاعیر به ده‌ربڕینی باو)ـه‌یه، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه نییه ژیان و ئاقیبه‌تێكی باشی هه‌یه و له دووماهیشدا هیچی پێنییه تا بیخاته دۆزه‌خه‌وه و خۆیشی نه‌سووتێت!
ده‌كرێ بپرسین بۆچیی شاعیربوونی هه‌ریه‌كێك له‌مانه (شێركۆ بێكه‌س، جگه‌رخوێن، قه‌دریجان، عه‌بدوڵڵا په‌شێو، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، قوبادی جه‌لیزاده، ڕێبوار سیوه‌یلیی، هاشم سه‌ڕاج، دلاوه‌ر قه‌ره‌داخیی، جه‌مال غه‌مبار، ڕۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی و لازۆ… تاد) شاعیربوونیان له ئاماده‌یی خۆیاندابووه/دایه له‌نێو كۆمه‌ڵ، ڕوونتر له‌نێو بازاڕی چه‌پڵه و پێرچییه‌تیی، كه دوای مه‌رگی هه‌ر یه‌كێك له‌مانه و ئه‌وانه‌ی به‌دوای ئه‌وانی تردا ماڵاواییی ده‌كه‌ن، هه‌ر زوو ئاگره‌كه‌یان كوژاوه‌ته‌وه و ده‌كوژێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌شی كرده ناوه داهێنه‌ر و شاعیری مه‌زن، په‌راوێزی ڕه‌خنه‌سازییی كوردیی، نه‌ڕسكاویی خوێنه‌ر و ناهۆشیاریی له ڕه‌خنه و خۆته‌ریكگرتن بووه له چییه‌تیی شیعر و خۆسه‌رقاڵكردنی بووه بۆ بازاڕگه‌رمیی ڕۆمان و ده‌مقه‌ڵه‌باڵغیی مێدیا. ئه‌م بازاڕگه‌رمییه‌ش وایكرد، له‌دوای دووهه‌زاره‌كانیشه‌وه، بازاڕی به‌ناو شیعر و شاعیر گه‌رمتر ببێت، كه ڕسته‌یه‌ك ده‌روه‌ستی وه‌سفكردنی بێت ئه‌وه‌یه، كه تێكڕا بوون به؛ گه‌نه‌ی مه‌راق به‌نێو گه‌ڵی ژن‌دا.
***
ڕامبۆ سه‌ره‌تا وه‌ها به غرووره‌وه بۆ پاول دیمینیی ده‌نووسێت: “بڕیارم داوه وانه‌یه‌كت له ئه‌ده‌بی تازه‌دا پێ‌بڵێم” {ڕامبۆ. 2007؛ 19} ئه‌م كاتیگۆریه دوانه‌یییه. چونكه هیچ شتێكی تازه و نوێ ناپشكوێت، ئه‌گه‌ر وه‌رچه‌رخان نه‌بێت له پێشه‌خۆی، بۆیه‌شه ڤانه‌ی خۆی له كه‌وناراوه ده‌ستپێده‌كات، كه ڕه‌خنه‌گرتنه له وێژه و هونه‌ری كه‌ونارا و به‌ری، ئه‌وجا ڕوانینخوازیییه‌كه‌ی خۆی بۆ داهاتووی شیعر ده‌خاته ڕوو. بۆیه‌ش له گرێك و هۆنه‌رانی گرێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات، چونكه خۆی گوته‌نی “هه‌موو شیعری كۆنینه ده‌ڕژێنه نێو گرێكه‌وه” {ڕامبۆ. 2017؛ 19}، كه زێتر په‌خشانیان به شیعر كردووه و دوو هه‌زار ساڵیشه درێژه‌ی پێده‌درێت، ده‌یجوون، كاوێژی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام نایتفێننه‌وه. هه‌ر دوای ئه‌مه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ڕه‌خنه‌ییی برووسكه‌ئاساش ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه و نووسه‌ره كه‌ڵه‌كه‌كا‌رانی كتێب دوای گرێك لێده‌دات و ڕۆمانتیك ده‌خاته به‌ر توانجی ڕه‌خنه‌ی خۆیەوە، چونكه “ڕۆمانتیك هه‌رگیز به یه‌كسانی هه‌ڵنه‌سه‌نگێنراوه” {ڕامبۆ. 2007؛ 20} ئاوها ڕامبۆ زیتانه سه‌یرده‌كات؛ ورد ده‌بێته‌وه، لامل ده‌بێت و ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرێت، كه “مرۆڤ هه‌رگیز كاری له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌كردووه. چونكه هێشتان نه له خه‌و بێداربووه‌ته‌وه و نه خه‌وی گه‌وره‌ش باوه‌شی پێداكردووه” {ڕامبۆ. 2007؛ 20} ڕامبۆ به چاوێكی زیخ له ئه‌ده‌بیات، بوێژ و داهێنه‌رانی به‌ریی ڕاده‌مێنێت و ڕوانینه‌كانی خۆی له‌مه‌ڕ شیعر و شاعیران ده‌رده‌بڕێت و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه شاعیربوون، یان نووسه‌ر، ده‌بێت شاره‌زایی به‌ده‌ست بێنێت ده‌رباره‌ی خودی خۆی و دواتریش كاری ئه‌وه‌بێت ببێت به ڕوانینوان، “مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه مرۆ ده‌بێ “ڕوانینوان”ی ئه‌ودیو بێت، واته خۆی بكا به “ڕوانینوان”ی ئه‌ودیو” {ڕامبۆ. 2007؛21}
شاعیربوون، له ڕوانگه‌ی ڕامبۆوه له ئه‌شكه‌نجه و خۆئازاردان، كه هه‌میشه خۆكوشتنێكی سه‌ركێشانه بۆ ڕێكردن و دێوانه‌بوون له گۆڕێدایه، خۆكوشتنێك ئاڵووده‌بوو به “ئازادیی ئازاد”(1) ، بێزراو له هه‌دادانی ژیانێك، كه مرۆڤگه‌ل خوازیاریه‌تی بێهه‌ژمار قه‌وانه‌كه‌ی لێبداته‌وه، بۆیه په‌یامێكه، كه ژیانێكی به‌خته‌وه‌رانه به شاعیر ڕه‌وا نابینێت و لای ڕامبۆ لای لێناكرێته‌وه؛ هه‌رچی ئه‌وه‌یش، كه له سه‌ره‌تای خۆخه‌مڵاندنی خۆیدایه ده‌بێت تف بكاته پێشه‌نگه‌كانی پێش خۆی، چونكه ڕێگه بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایه و “یه‌كه‌م كاری نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، كه به باش و بە ته‌واوی شاره‌زایی سه‌باره‌ت به خودی خۆی به‌ده‌ست بێنێ: پێویسته خودی خۆی پاكژبكاته‌وه و بیخاته به‌رده‌ستی خۆیه‌وه، لێی بكۆڵێته‌وه، تاقی بكاته‌وه، فێری ببێ، كه چاك شاره‌زایی سه‌باره‌ت به‌و خوده په‌یدا كرد، جا ده‌ست به چاندنی ده‌كا…”{ڕامبۆ. 2007؛ 21}
شاعیر له‌لای ڕامبۆ، واته چاره‌ڕه‌شیی و تلانه‌وه، ئاواره‌یی و بێماڵبوون، ئه‌مه‌ش شاعیر به بێزه‌وه‌ربوون و ڕقەستووربوون، دووگیان ده‌كات و منداڵێكی نوێ ده‌خاته پزدانیه‌وه، منداڵێك بۆ ئه‌وه‌ی “له‌سه‌ر زه‌ویی جه‌ژنی له‌دایكبوون بنرخێنین”{ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 72}. منداڵێك هه‌ر له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه چاوان ده‌ترووكێنێ و ده‌یه‌وێ مرۆڤ له ویستێكی پۆلایین بۆ خۆپچڕاندن له‌و ته‌نافه‌ی به ئاسمانه‌وه شه‌ته‌كدراوه و هه‌ڵمان بكێشێت، پێیه‌كانمان له زه‌ویی مه‌حڕووم بكات و زه‌ویی له نائاماده‌یی نسرمی شاعیر به‌كوشت بدات؛ ئه‌وه منداڵ/شاعیر بكات/ببێت به ڕوانینوان.
پرسیاری ڕوانینوان ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئێمه ده‌بێ هه‌ر ڕابمێنیین و خه‌فه‌بین؟ له كاتێكدا مرۆڤ ده‌بێ پێداگربێ له‌وه‌ی، كه هه‌ساره‌ی تریش بدۆزێته‌وه تاسه‌ی به زه‌ویی نه‌شكێت، چونکە تێنووه، تێنووش/ڕوانینوان به چاوه‌كانی خۆراسا قووڵایی زه‌ویی ده‌قڵیشێنێ. ئه‌مه تا ئه‌و ده‌مه‌ی، كه جادووه‌كه به‌ری نه‌داوه، یان هۆراس گوته‌نی شاعیر “شێته، وه‌ك ورچ وایه…” {هۆراس، 2002، 42}، وای له‌و جه‌نگه‌ی، كه دواتر ڕووده‌دات و ورچه‌كه قه‌فه‌زه‌كه ده‌شكێنێت. شاعیر بۆ ئاگری دووریی ئه‌م جه‌نگ و ئاژاوه‌یه‌یه؛ كه له‌ژێر هه‌تاوی خۆی ده‌ڕوات و گه‌رمایی ناوه‌وه‌یش هه‌ر له‌و جه‌نگه وه‌رده‌گرێ، كه ڕامبۆ وه‌ك نموونه‌یه‌ك، هه‌ر ده‌ناویدا له‌دایكبوو و مرد.
ڕامبۆ تێنووی ڕچه، كازیوه، مه‌ودا ئافراندن، هه‌تاو و به‌ربه‌یان بوو. نه‌ده‌حه‌جما، ڕێكردن حه‌وانه‌وه‌ی بوو؛ “ترسم له زستانیشه چونكه وه‌رزی حه‌وانه‌وه‌یه.” {ئارتۆر ڕامبۆ. 2018؛74}. ئه‌وجا پشووی له‌نێو شیعریشدا، كۆچێكی به‌رده‌وام و بێ‌پشوو بوو. بێپشوویی له شیعریدا گه‌یاندییه خۆنه‌بانكردنی به‌رده‌وامبوون له كه‌ڵه‌كه‌كردنی نووسینی شیعر؛ كه له‌م نامه‌یه‌دا ڕه‌خنه له‌م خووه ده‌گرێت، بۆیه هه‌ر زوو له‌مه‌ش یاخی ده‌بێت. چوون ده‌یه‌وێت خۆی به شتێكی تریش كامڵ بكاته‌وه، “كامڵ بووبووم بۆ له‌ناوچوون” {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 63}، كامڵبوونیشی له شیعر، ده‌ستبه‌رداربوون و فتكردن له شیعر و ژیانێكی شاعیرانه نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك گوتمان له كه‌ڵه‌كه‌كردنی نووسینی شیعردا بوو. له كۆچه‌ریی و پێهه‌ڵهێنانیشدا گه‌یاندییه قاچبڕینه‌وه و هه‌م مه‌رگێكی شاعیرانه. بۆیه‌ش له چاوه شینه‌كانی ڕامبۆدا: هه‌میشه كوناشكردنی ژیان و جه‌سته‌ی شاعیر له ڕێگه‌ی ڕمێكه‌وه بووه‌ته چاره‌نووس. چاره‌نووس بار‌ته‌قای چاوانێك، كه پڕن له نیگه‌رانیی.
ڕامبۆ نه ده‌رگه شكێنه. نه له په‌نجه‌ره‌كانیشه‌وه بۆمان دێته ژووره‌وه، به‌ڵكو ئه‌و له گه‌واڵه‌هه‌وری سه‌ربزێوی وشه‌دا، كه “هه‌ر وشه‌یه‌ك بۆ خۆی هزرێكه” {ڕامبۆ. 2007؛ 22} له كڵاوڕۆچنه‌كانه‌وه داده‌گرمێنێ، نه‌ك سه‌ره‌تاتكێ بكات.
هه‌ر زووش مامۆستایه‌كی ده‌رباره‌ی گوتوویه‌تی: “تا بڵێی زیره‌كه، خه‌نده‌یه‌ك و چاوێكی پێوه‌یه، كه به‌دڵم نین. ئاكامه‌كه‌ی خراپ ده‌بێت.” {پۆل ڤێرلین. 2017؛ 100} وه‌ك گوته‌كه‌ی پلاتۆن هاتبێته دی، “لاساییكردنه‌وه په‌یوه‌ندی به به‌شێكی ده‌روونه‌وه هه‌یه. ئه‌و به‌شه‌ش هۆش نییه. نزیكبوونه‌وه له‌م به‌شه ئاكامێكی چاكی نییه.” {ئه‌فلاتۆن. 2009؛ 331}، ئاكامی ڕامبۆش شه‌ڕ ده‌رچوو، ئه‌و خۆی ناخی خۆی پاكژ كردبووه‌وه و سازاندبووی. دەبا ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی نامه‌كه بخوێنینه‌وه:
“شاعیر به‌هۆی ئاگایی هۆش له ده‌ستدانێكی درێژخایه‌نی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه خۆی ده‌كا به “ڕوانینوان”ێكی ئه‌ودیو. به ئاره‌زووی خۆی به‌دوای هه‌موو شێوه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی، ئازار چه‌شتن، دێوانه‌یی، هه‌رچی ژه‌هره‌كانی ناخی خۆی هه‌یه ده‌سووتێنێ هه‌تا ته‌نیا گه‌وهه‌ره‌كه‌ی بهێڵێته‌وه، ئه‌وه ئه‌شكه‌نجه‌كێشانێكی له نووسین به‌ده‌ره كه باوه‌ڕكردنێكی له وزه‌ی مرۆڤ باڵاتر ده‌خوازێ، ئه‌وه‌یه ده‌یكا به نه‌خۆشترین كه‌س له كه‌سه نه‌خۆشه‌كان، گه‌وره‌ترین تاوانبار، نه‌فره‌تلێكراوترین كه‌س له كه‌سه نه‌فره‌تلێكراوه‌كان، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌یه كه ده‌یكا به‌و كه‌سه‌ی له هه‌موو كه‌س زیاتر ده‌زانێ. به‌وه‌یه كه ده‌گاته ئه‌و نادیارییه! ئه‌مه‌ش خه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی چونكو پێشتر به به‌رده‌وامی له هه‌موو كه‌س زیاتر ناخی خۆی به ده‌وڵه‌مه‌ندی چه‌كداركردووه. ئه‌و ده‌گا به‌و نادیارییه، هه‌رچه‌نده به‌وه له كۆتاییدا ده‌بێ به دێوانه كه له رامانه‌كانی خودی خۆی تێناگا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیایدا ژیاوه! وا دانێ كه ئه‌و به بازدانێك به شوێن نه‌بیستراوه و نه‌بینراوه‌كه‌دا پێشكه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه: هه‌ندێ له كارگه‌ره سامناكه‌كان ئه‌وه‌نده له‌و ئاسۆیه نزیك ده‌بنه‌وه كه خودی خۆی له‌وێدا كوژراوه.” {ڕامبۆ. 2007؛ 21}، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی زویربوونی پلاتۆن و وایلێكرد، كه له بیردۆزی لاساییكردنه‌وه، شاعیران به لاساییكار دابنێت و به سه‌لێشێوێنه‌ری خه‌ڵك مه‌حكوومیان بكات، چونكه گرینگیدانی شاعیران به ده‌روون و خود، ئاكامی باشی لێناكه‌وێته‌وه. سه‌رباری ئه‌مه “شاعیر ده‌ستوورێكی خراپ بۆ خه‌ڵكی داده‌نێت، چونكه ڕاستی ده‌رناخات” {ئه‌فلاتۆن. 2009؛ 333-334}. به‌ڵام ڕامبۆ، شاعیر به ئاگردز ناس ده‌كات، چون هه‌ر ئه‌وه ده‌توانێت مه‌شخه‌ڵ به‌ده‌سته‌وه بگرێت، له نه‌ریت و فۆڕمی باو غه‌یانه‌ت بكات. ئه‌مه‌ش قه‌ده‌ری شاعیره، شاعیریش نه‌فره‌تلێكراوه و سترانی ئه‌و؛ “من سه‌ر به ڕه‌گه‌زێكم، گۆرانی له‌نێو ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌چڕێ” {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 32}یه، شاعیر ڕه‌گه‌زێكی له‌ده‌ست ده‌رچووه، نه مرۆڤێكی ئارام و له‌سه‌رخۆیه، نه دڵگیر و سێبوورییبه‌خشیشه. ئه‌گه‌ر مه‌یلیداریی بكات؛ ده‌رووخێنێ، ئه‌گه‌ر ململانێش بێكات؛ ده‌سازێنێ. هه‌ر ئه‌م دووانه‌یییه‌ش بوونه‌ته جێگه‌ی ڕقلێهه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خوداكان له‌م مرۆڤ/شاعیره‌ی، كه دوای پرسیارێك ده‌كه‌وێت كه ده‌نێویشیدا ده‌ژێت: “ئایا له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه به‌پێی پێویست نه‌فره‌تلێكراوین؟ {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 65}.
ترسی پلاتۆن له وه‌ها مه‌یلێكی گه‌شه‌سه‌ندوو بۆ وێنرانكاریی بوو له‌لای شاعیر، كه له دوا به‌شی كۆماردا، شاعیران تڕ‌ۆ ده‌كات، چون شاعیران چاكه‌كار، وابه‌سته به یاسا و فێركار نین و تاعوون بڵاوده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵێ. شاعیران له ئاست كۆمه‌ڵگه كه‌مته‌رخه‌من و گرینگیی به خودی خۆی ده‌دات و پاكژی ده‌كاته‌وه. ئه‌مش واده‌كات شاعیر ئاژاوه‌گێڕ بێت و ده‌مبه‌دمه له‌گه‌ڵ خوداكانیش بكات.
بۆیه‌شه خودبوون له شاعیر داده‌ماڵێت و تاك وابه‌سته به ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه ده‌كات، ئه‌وجا ده‌بێ شاعیر وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه، خزمه‌تكاری ده‌ستوور و یاساكانی ده‌وڵه‌ت بێت، تا داوێنگیر به كۆماره‌كه‌ی پلاتۆن بێت؛ ملكه‌چی هه‌ر شتێكیش بێت، كه له ده‌ره‌نجامی یاسا و بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت و ژیان دێته كایه‌وه، “ژیان وه‌كو زار فڕێدانه و ده‌بێت ڕازی بین به‌وه‌ی ڕووده‌دات” {ئه‌فلاتۆن. 2009؛ 333} ئه‌مه‌ش به‌رگێكه، كه تاك تێیدا له ئارامیی خۆیدا نابێت، به‌ڵكو له ئارامیی كۆمه‌ڵدا ده‌بێت. ڕازیبوون به‌وه‌ی كه ڕووده‌دات، ڕێك شاعیر به پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه. كه‌سێكی ناڕازیی، بێزه‌وه‌ر و نه‌فره‌تلێكراوە.
“شاعیر به ده‌ربڕینێكی تر خۆی ئاگردزێكی ڕاسته‌قینه‌یه” {ڕامبۆ. 2007؛ 22} به ڕێگه‌وه‌بوون؛ سه‌ركێشییی و مه‌یلخوازیانه‌ی ڕامبۆیه بۆ دزینی ئاگر و جارێكی تر له گۆڕنانه‌وه‌ی كه‌شێكی ئارامه بۆ چه‌كه‌ره‌كردنی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی دۆگما. شاعیر ده‌بێت جارێكی تر پرۆمیسۆس ئاسا گێژنه بۆ له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رانسه‌ریی نوێ له دنیا بگێڕێت. پرۆمیسۆس ئێستا له شاعیرێكی زیته‌ڵه‌ی مه‌یلكرده بۆ شاعیربوون و پێشڕه‌وخوازیی، سیزیف ئاسا خۆی له ژێر باری ژیانێكی پڕ ماندووبوون و دانه‌سه‌كنین ده‌بینێته‌وه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاگر، كه شیعره/ڕێكردنه، ڕێكردنیش به‌نێو خۆكوژییدایه.
ڕامبۆ ده‌یه‌وێ په‌یامی هه‌ره‌سهێنانی ئه‌ده‌ب لێبدات و جاڕ بۆ پێشڕه‌وخوازیی له ئه‌ده‌بدا بدات و بڵێت؛ كه دوای گرێك ئه‌گه‌ر مرۆڤ خه‌ونی نه‌بووبێت، ئه‌وه كاتی له خه‌و ڕابوونه‌وه‌یه و ده‌بێ خه‌ون بۆخۆی چێبكات، ده‌یه‌وێت بڵێت: گه‌ره‌كه مرۆڤ مه‌یل و خه‌ونێك به پرۆمیسۆسه‌كه‌ی ناخی خۆی بداته‌وه و هه‌نگاو بهاوێژێت بۆ شاعیربوون، چونكه شاعیر ڕێگه‌یه‌كی دژوار و سه‌ختی له به‌رده‌مدایه، هه‌روه‌ك “پرۆمیسۆس”یش ده‌بێت جه‌رگوهه‌ناو له پێناو مه‌رام و خه‌ونه‌كه‌یدا بدات و باوك/كۆمه‌ڵگه له‌و داگیركاریییه و كپكردنه‌ی مرۆڤه‌كان ئاگا بهێنێته‌وه و له ته‌خت بیهێنێته خواره‌وه، چونكه “شاعیره نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌كا، بگره ئاژه‌ڵه‌كانیش”{ڕامبۆ. 2007؛ 22}.
زمانی شاعیر له ڕوانگه‌ی ڕامبۆوه ده‌بێت “له ناخه‌وه بۆ ناخ بێ، هه‌موو شتێك له‌خۆ بگرێ، بۆن، ده‌نگ، ره‌نگ، هه‌ر هزرێك و به‌وی ترا بچه‌قێنێ له‌گه‌ڵ خۆی راپێچی بكات.” {ڕامبۆ. 2007؛ 22} چونكه ئه‌مه واده‌كات “ئه‌و نادیارییه گه‌مارۆ بدات كه له سه‌رده‌می ئه‌ودا خه‌رمانه‌یه‌كی له ناخی جیهانیدا فه‌راهه‌م كردووه.” {ڕامبۆ. 2007؛ 22}، دێنامیتی مرۆڤ زمانه. چونكه له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه شه‌یتانی نوێ سه‌رده‌مه‌كانمان بۆ كۆپله ده‌كه‌ن. ئه‌وجا ئه‌و زمانه هه‌ر نووسین نییه، كرداره، پیته، ده‌نگه، ئاوازه و ڕۆیشتنه،…
ڕامبۆ -بۆ له‌مه‌و دوا- وا ده‌نواڕێته هونه‌ر؛ كه ده‌بێت ئه‌ركێكی هه‌بێت و ئه‌م ئه‌ركه‌ش كارێك درووستی ده‌كات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، كه پێشتر كرداره‌كه كراوه. واته:
شاعیرده‌بێت كردار بكات.
هونه‌ر ده‌بێت ئه‌ركێكی هه‌بێت.
به‌و واتایه‌ی شاعیر كردار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی بكات، به‌مه‌ش ئه‌ده‌بیاتی نوێ ده‌ست پێده‌كات، كه خودی شاعیر ده‌خاته به‌رده‌م كارێكی سپه‌نته‌ی گه‌وره و هونه‌ریش/شیعر ئه‌ركێكی گه‌وره ده‌خاته‌وه.
هه‌روه‌ها ڕامبۆ باس له ئه‌ده‌بیاتی ژنان ده‌كات، كه دوای ئه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له‌لای پیاو كۆتا دێت، ئه‌وه ژنانی شاعیریش دروست ده‌بن و نوێنه‌رایه‌تیی مرۆڤ ده‌گرنه ئه‌ستۆ. ئه‌و نادیاریییه‌ی، كه ڕامبۆ شاعیران (نێر)ی بۆ وێڵ و سه‌رگه‌ردان ده‌كات، كه گه‌مارۆی بده‌ن، ئه‌وه ژنانیش بۆ ئه‌م نادیاریییه و ئه‌و دیوی دیارده‌كان، سوڕگووم ده‌كات، ژنانیش خه‌ونی خۆیان و جوانییی خۆیان هه‌یه، كه جیاوازه له هی پیاو، ئه‌وه كارێكی پڕ شكۆ ده‌كه‌ن و مرۆڤایه‌تیی كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێت. گه‌ره‌كه بگوترێت له‌م نامه‌یه‌دا ژنیش ده‌بێت به ڕوانینوان.
***
شاعیر له‌م نامه‌یه‌دا شاعیری هه‌واڵه مه‌ترسیی و ئایدیا خه‌ته‌رناكه‌كانه. ئه‌گه‌ر نه‌توانین به ڕه‌هایی ئه‌وه بڵێین، كه شاعیر شه‌ڕه و نه‌خۆشییه‌كی به‌رترسه؛ ئه‌وه به دڵنیایییه‌وه هاوتاكه‌ی ده‌ڵێین؛ شاعیر بكوژ و نه‌گیراوه.
ڕامبۆ هه‌ر خۆی نموونه‌یه‌كه له‌مه، ئاخۆ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نكورتیی ڕێگه‌ی لێنه‌گرتبووایه، ده‌بوو چ هه‌واڵێكی تری له كۆچ، به‌ڕێگه‌وه‌بوون و ژیانی سەرگەردانیی، به‌وهیمیی خۆی، بۆ به‌جێهێشتباین و چۆن وه‌رچه‌رخانێكی تری له فه‌ره‌نسادا ده‌هێنایه كایه‌وه، كه ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی ئێستا شتێكمان لێی ده‌زانی. به‌ڵام به‌هه‌مه حاڵ. خه‌ونه‌كانیشی به نهێنیی ماونه‌وه و بوونه هۆی سرووش بۆ نووسه‌ران. به‌ڵێ دووانه‌ی به‌ڕێگه‌وه‌بوو و به‌دبه‌ختیی(2) خودای ڕامبۆ و شاعیره، وه‌كچۆن ئه‌و به نه‌فره‌تی منداڵییشی گۆڕێكی بۆ كۆنینه پێشوه‌خته سازاند و “وه‌ك شه‌یتان سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی كه‌وا له‌خۆی بكات له ئاسمان ده‌ربكرێت” {هنری میله‌ر. 2000؛ 51} ئه‌وه دووه‌میشیان، هه‌میشه له ده‌می جه‌ڵجه‌ڵووتدایه، ڕاڕا و خه‌ڵه‌فاوه، مه‌یلی گێچه‌ڵنانه‌وه‌یه و خه‌نده‌ی نابه‌دڵه.
ڕامبۆ خۆی له شیعر و ژیانی خۆیدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی به كرده‌یی كردن، كه له‌م نامه‌یه‌دا هه‌ڵقووڵاوه و هه‌ڵده‌قووڵێت. بۆیه‌شه خوێندنه‌وه‌ی؛ یه‌كڕاست ته‌زوو، مووچڕك به له‌ش و جه‌رگدا دێنێت و پێملت ده‌كات، له كاتێكدا خۆی و شیعری هه‌رچه‌ند تێڕامێنیت هه‌ر به‌رزه‌فڕتر و ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتووتر ده‌بن. ئه‌مه له به‌رده‌م هه‌موو ڕوانینوانێكی تردا، به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئێمه چۆن گونجاویی، هاوڕووانین ده‌بین له‌گه‌ڵ ڕامبۆ، كه ناته‌با و دژه به هه‌ر چ ڕێگه‌یه‌ك، كه خۆت هاوسۆزی شیعری و شاعیری به‌ربار(3) بوویش بیت!
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م مه‌ترسیییه‌ش، ئه‌م ته‌حه‌ددایه‌ش بێت، كه له خوێندنه‌وه‌ی لێمان ده‌كات و دواجار منی تووش به گه‌ڕانه‌وه بۆ دووباره داڕشته‌وه‌ی ئه‌م نووسینه كرده‌وه-دوای پێنج ساڵ له جێهێشتنی-. ڕامبۆ چه‌ند فریوكارانه بێت له وشه و زماندا، به‌هه‌مان ڕاده‌ش، جادووكاره و خۆیمان به نامۆ بۆ ده‌نوێنێت. بۆیه پۆل ڤێرلین یێژێ ئه‌و “خۆی نه‌فره‌تی له زاتی خۆی كردووه. ئه‌و شاعیره نه‌فره‌تلێكراوه!” {پۆل ڤێرلین. 2017؛ 232}. به‌ڵێ. ڕامبۆ زیاد له‌هه‌ر نووسه‌رێك به‌رترسه. مه‌ترسییه‌كه ده‌بێ به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی بیری لێبكرێته‌وه، ئه‌وه نییه ژیان و شیعری چۆن ڤێرلین ناكام ده‌كات و له‌نێوان هاوسه‌ر و ڕامبۆ، مه‌ترسییه‌كه خۆی پێهه‌ڵده‌بژێرێت! ئه‌و به‌رانبه‌ر به هه‌موو ئه‌مانه تاوانبارێكه، كه دادگه نایگرێته خۆی، چجای ئه‌وه‌ی شوێنێكی مه‌یسه‌ر ببێت له شاره‌كه‌ی پلاتۆن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئاخۆ له‌نێو ئێمه‌دا، وه‌ها تاوانبارێك خۆی ناساندووه، هاونیشین بووه، یان ئاماده‌یی تێدایه خۆی بێزه‌وه‌ر و تاوانبار بكات و بۆ خۆشیییه له‌ده‌ستچووه‌كانی خۆی، خۆزگه به‌داخیان نه‌بێت؟ ئاخۆ ئه‌و ڕووحه له خۆماندا ده‌ڕسكێنین، كه ڕامبۆ خۆی له‌به‌ر بای تاوان هیشك ده‌كاته‌وه؟(4) به‌و پێیه‌ی ڕامبۆ بۆ چاوی كۆگه‌ل، خه‌نده و نووقڵانه‌ی پێنییه. نه شادییبه‌خشه و نه په‌یامی خۆشبه‌ختییشی به‌ره‌و وێرانیینه‌بردنی به‌های كۆن، بنه‌ماكانی وێژه و هونه‌ره، هه‌ر بۆیه‌ش ڕامان له چاوه زیته‌كانی بۆ ڕووانینی له شیعر/وێژه و هونه‌ردا، مه‌ترسیی ده‌بینین نه‌ك پشوو، خه‌نینه و بێندان. ئه‌و چاوه زیتانه‌ی، كه هه‌مان چاوه پڕخه‌ون و جادوویییه‌كه‌ی پرۆمیسۆس بوو، كه وای له هه‌رقه‌ل كرد سه‌ركێشیی بكات و پرۆمیسۆس له چاره‌نووسی سزادان ڕزگار بكات، لێ گه‌لۆ فڕیادڕه‌سی ڕامبۆ كێ بوو؟ مه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و شه‌یتانه نه‌فره‌تلێكراوه خودسازێنراوه‌ی ناوه‌وه‌ی ڕامبۆ نه‌بوو، كه توانی چاوی زیتی ده‌باره‌گه‌ی خودا‌ش ببڕێت!
ئه‌مه به‌و مانایه‌ی ڕامبۆ شتێك ناخاته سه‌ر شتێكی تر، تا لێی زیاد بكات، -ئه‌وه‌ی كۆگه‌ل دڵخۆش ده‌كات- به‌ڵكو خۆی ڕوانینوانێكه، كه هه‌میشه ڕیسه‌كه ده‌كاته‌وه به خوریی و ته‌واف به‌ده‌وری خۆیدا ده‌كات. بۆیه مه‌یلی ڕامبۆ چه‌واشه‌كارانه نییه، به‌ڵكو خه‌رمانه‌یییه.
ڕامبۆی زه‌ڤه‌ر مرۆڤ و نیتشه‌ی ڕوانینوان
ڕامبۆ له 1873 وه‌رزێك له دۆزه‌خ ته‌واو ده‌كات، هاوكات نیتشه كۆتا به‌شی “ئاوا ئاخافت زه‌رده‌شت” له 1883 به دووماهیی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌نێو ئه‌م دوو نووسه‌ره‌دا مه‌ودایه‌ك هه‌یه، كه نیتشه ڕوانینوانی خه‌رمانه‌یییه و ڕامبۆش زه‌ڤه‌ر مرۆڤی به‌وه‌خت ژیا‌و(ه). كه هه‌ر یه‌كه‌یان یه‌كێكی تر به مه‌ودای ده ساڵ نێوانیان، بۆ له‌دایكبوونه‌وه‌ی زه‌ویی؛ به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یییه‌وه، گێژنه ده‌گێڕن. ڕامبۆ ئه‌ویتری نیتشه‌یه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. “من ده‌یه‌وێ ئه‌وی تر ئاوێته بكات (له‌گه‌ڵ خۆیدا پێناسه‌ی بكا)، ئه‌مه‌ش به‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سه بكاته تشتێك بۆ خۆی یان وه‌ك تشتێك ئه‌و بخوێنێته‌وه، یانیش ئه‌و منه ده‌یه‌وێ له ئه‌ویتردا خودی –منێكی تر بدۆزێته‌وه.” {چه‌ند نووسه‌رێك، 2010؛18} ئه‌وه ئه‌م “من كه‌سێكی ترم” {ڕامبۆ. 2007؛ 20}ـه‌یه، كه ڕامبۆ له نامه‌كه‌دا(6) باسی ده‌كات، كه له پێوه‌ندییدایه له‌گه‌ڵی، ده‌كرێ هه‌ردووكیان ئاڵوگۆڕ به جێگه‌كه‌یان بكه‌ن. ئه‌و بۆ من ده‌بێت به من و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. به مانایه‌كی تر، خود جێگه‌ی من بگرێته‌وه و منیش جێگه‌ی خود. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خوده بینینی خودی منه له ئه‌وی تردا، ڤێرلین ئه‌ویتری ڕامبۆیه. ئانكیدۆش ئه‌ویتره بۆ گێلگامێش.
ئۆكتاڤیۆ پاز یێژێ: “مه‌زنایه‌تیی شاعیره گه‌وره‌كان، هه‌میشه تازه‌گه‌رییان، توانستیان له‌وه‌دایه، كه ده‌بن به كه‌سانی تر بێ ئه‌وه‌ی بشزانن كه خۆیانن.” {چه‌ند نووسه‌رێك. 2010؛ 87}.
نیوه‌ی دووه‌می ئه‌و سه‌ته‌یه به نه‌فره‌ت له خوداكانه‌وه گه‌مارۆ درابوو. ئه‌ی وانییه؟ ڕامبۆ له‌نێو ژیانی خۆیدا ئێمه‌ی به‌خۆ سووڕگووم كرد. ئه‌و سه‌فه‌ری كرد و به‌مه‌ش دێوی نه‌فره‌تی خۆی له‌گه‌ڵ خۆی برد و ئاشنای بیابانی كرد، “ئازاترین كرده ئه‌وه‌یه، ئه‌م كیشوه‌ره جێبهێڵم، چونكه شێتی ده‌خولێته‌وه تا ئه‌م كه‌ساسه بكاته بارمته. {ڕامبۆ. 2007؛ 33} ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌فه‌ر و به‌ڕێگاوه‌بوونه نه‌بووایه، ئه‌م نه‌فره‌تی شێتیگرتنه‌وه‌یه، به شێتیییه‌كی كوشنده، له‌هه‌مان ساڵی مه‌رگی خودی ڕامبۆ، خۆی ماره‌بڕیی نیتشه ده‌كرد؟
به‌ڵێ. “مرۆڤ شتێكه و ده‌بێ به‌سه‌ری زاڵ ببی” { فریدریش نیچه. 1395؛ 21}. ڕامبۆ به ڕووكردنه سارا و نیتشه‌ش كه شێتیی مه‌گیرانییی ده‌كرد، ده ساڵ، له‌گه‌ڵه خۆی هێشته‌وه و به‌سه‌ر غرووری خودایانه‌ی زیۆس، ئاوابوو.
بۆچی ئه‌م گوته‌یه‌ی نیتشه “مرۆڤ ده‌بێ باشتر و شه‌ڕانیتر بێته‌وه” { فریدریش نیچه. 1395؛ 309} كاركرده‌ی ڕامبۆمان به ئه‌مه‌كه‌وه بۆ ڕابوون ده‌خه‌مڵێنێ، به‌ڵام ئه‌م تێگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی شه‌ڕه‌نگێزبوونه/ نه‌فره‌تلێكراویییه بۆچی؟ ڕامبۆ بۆچی ڕێك به‌سه‌ر وێژه و هونه‌ردا ئه‌مه ده‌كات؟ ئه‌م ڕووحاوێزانبوونه چییه له‌نێوانیاندا؟ ئه‌وانه منداڵی یه‌ك پزدانن. واته یه‌ك سه‌رده‌م؛ بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێ.
ده‌بێ ئه‌م ڤانه‌یه‌ی ئه‌وین به ژیان فێرببین: خۆشیی خۆڵه‌مێش نییه تێیدا زیندوو ببیته‌وه. جوانیی ئاكامگیریییه، تاڵه(7) و مشتوماڵكردنیشی چێژه. ده‌ستڕاگه‌یشتن به چێژیش مرۆڤ/شاعیر وه‌زایه‌ڵه ناخات، چونكه شاعیر شه‌یتانێكه، له چاره‌نووسی به‌نه‌مرییبوونی خوداوه‌ندان، قووچ بووه‌ته‌وه. بۆیه كاكڵه‌ی پرسیاره‌كه‌ی شاعیر ئه‌وه‌ده‌بێت؛ ئاخۆ شیعر بیرچووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بیرچووه‌ته‌وه ده‌بێ بیربكرێته‌وه؟
***
كاتێك له كۆتاییی نامه‌كه نێزیك ده‌بینه‌وه، ڕامبۆ ده‌ستنیشانی هه‌ندێك له ڕوانینوانانمان بۆ ده‌كات، “رۆمانتیكی تازه به پله‌یه‌كی باڵای روانینوانه” {ڕامبۆ. 2007؛ 24}. وێجا بۆدلێر له ڕیزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی ڕوانینوانه‌كان داده‌نێت و به خودایه‌كی ڕاسته‌قینه و دانسقه‌ی ده‌زانێت. له پارناسییه‌كانیش دوو شاعیر به ڕوانینوان ده‌ستنیشان ده‌كات، ئه‌لبێرت میرات و پاول ڤێرلینن، هه‌روه‌ها چه‌ندانی تر له ژن و پیاوان ناو ده‌هێنێت و بۆ ڕامبۆ كه‌سێكی ترن، چونكه كاریگه‌رییان به‌سه‌ردا جێهێشتووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێده‌كات له كۆتاییی خستنه‌ڕووی ڕوانینوانه‌كان، كه كۆتاییی نامه‌كه‌یشه بێژێت “كه‌واته من بۆ ئه‌وه كارده‌كه‌م تاكو خۆم بكه‌م به‌م ڕوانینوانه.” {ڕامبۆ، 2007؛ 25} ئه‌و ڕوانینوانه‌ی، كه ده‌بێت: شاره‌زایی به‌ده‌ستهێنانی سه‌باره‌ت به خود هه‌بێت. ڕوانینوان بێت. ڕوانینوانی ئه‌ودیو بێت. كه‌سێكی تر بێت. پرۆمیسۆس بێت. نوێنه‌رایه‌تیی بكات. نادیاریی گه‌مارۆ بدات. هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تیی بكات و كردار پێشكه‌ش بكات – كه ئه‌رك خستنه‌پاڵی هونه‌ره-. قوربانیی بدات… كه یه‌كێك له قوربانیدانه‌كانی ڕامبۆ، كه له سه‌ره‌مه‌رگیشدا ده‌یگوته‌وه ئه‌وه بوو كه: ”ئایه مرۆڤ خۆی بخه‌سێنێ چاكترین ڕێگه نییه بۆ خۆڕیسواكردن؟)){میله‌ر. 2000؛ 69} ڕامبۆ بۆ ئاگره‌كه و نوێنه‌رایه‌تی قوربانیی، گه‌وره‌ترین قوربانیی دا، كه نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی كرد، به‌ڵكو به كردار هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌كردن، كه ده‌یگوتن.
به‌ڵێ. ده‌بێ شاعیر به وه‌خت بژێت و به وه‌ختیش بمرێت.(8)
كۆتاییی
په‌راوێزه‌كان:
- به كورتی ئازادیی ئازاد ئه‌وه‌یه كه: نابێت ئه‌وه له مرۆڤ بستێنرێته‌وه، كه پێویسته ئه‌و شته بكات، كه خۆی ده‌یه‌وێت. خوێنه‌ر ده‌توانێت بۆ په‌ڕتووكی “نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ” بگه‌ڕێته‌وه، كه له كۆتاییی ئه‌م په‌ڕتووكه‌دا، وتارێكی وه‌رگێڕدراو هه‌یه، ده‌توانێت سوودی لێوه‌ربگرێت.
- “به‌دبه‌ختی خودای من بوو.” {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 24}.
- به‌ربار: 1- ئارام. 2- ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لای “دێوانه”كان جزیه نه‌دات، پێیده‌گوترێت به‌ربار. فڵانه‌كه‌س به‌رباربووە. لێره‌دا وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه، سه‌رپێچیكار و لاده‌ر له وشه‌كه ڕوانراوه. خوێنه‌ر بۆ زانیاریی وه‌رگرتن له‌مه‌ڕ دێوانه‌كان ده‌توانێت بنواڕێته ئه‌م نووسینه: “گێڕانه‌وه و شتی تریش (خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه و شتی تریش)”
- “به بای تاوان خۆم هیشكرده‌وه.” {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 24}.
- “به وه‌خت بمره.” {نیچه. 1395؛ 87}.
- “من كه‌سێكی تره.” ڕامبۆ له نامه‌ی “بۆ پاول دیمینی و جۆرج ئیزامبار” به‌كاری هێناوه.
- “ئێواره‌یه‌كیان جوانیم له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانا. –بینیم تاڵ بوو- جنێوم پێی دا.” {ئارتۆیر ڕامبۆ. 2018؛ 23}.
- “به وه‌خت بمره.” {نیچه. 1395؛ 87}.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئارتۆر ڕامبۆ. نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ، و: هه‌ندرێن. چ1، چاپخانه: وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی، هه‌ولێر 2007.
لینكی نامه‌كانی ڕوانینوانێك و مه‌رگ:
http://www.dengekan.com/doc/2007/9/kteb_handren10.htm
- ئارتۆیر ڕامبۆ. وه‌رزێك له دۆزه‌خ و دره‌وشانه‌وه، و: ئه‌حمه‌دی مه‌لا. چ3، چاپخانه: تاران- بڵاوكاری ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، سلێمانیی 2018.
- پۆل ڤێرلین. شاعیره نه‌فره‌تلێكراوه‌كان. و: به‌یان سه‌لمان. گۆڤاری شیعر. ژ: 5، سلێمانیی 2017.
- چه‌ند نووسه‌رێك. وه‌رگێڕانی ڕووخساری ئه‌وانیتر، و: هه‌ندرێن. چ1، چاپخانه: شڤان؛ به‌ڕێوه‌به‌رێتی خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانیی 2010.
- فریدریش نیچه. وه‌ها ئاخافت زه‌رده‌شت، و: هادی محه‌ممه‌دی، چ1، چاپخانه: كانی كتێب، سنه 1395.
- ئه‌فلاتۆن. كۆمار، و: محه‌ممه‌د كه‌مال. چ1، چاپخانه: سه‌رده‌م، سلێمانیی 2009.
- هنری میله‌ر. ڕامبۆ و زه‌مانی پیاو كوژان، و: غفور سالح عه‌بدوڵڵا. چاپخانه: سه‌رده‌م، سلێمانی 2000.
- هۆراس. هونه‌ری شیعر، و: حه‌مید عه‌زیز. چ:2، چاپخانه: چوارچرا، سلێمانیی 2005.