داستان بەرزان
تیۆتایەكى شڕ لە كۆڵانەكەدا هاوار دەكات:
ماڵێك ژیانى شكاوى هەبێت
ماڵێك مرۆڤى تەلەفى هەبێت
ماڵێك خەونى سوتاو
شیعری نەكوڵاوى هەبێت
بۆی فڕێبدەین!
من گرێبەستم لەگەڵ ژیانى خۆمدا هەیە
كە هەرگیز باش نەبم
منداڵیم تاریك
هەرزەكارییم تۆقین
گەنجیم پوشى دەم با-
ئێستام كە نزیكە دەبمە چل ساڵ
بریا چل قوتوى بە تاڵى پیپسی دەبووم
كە لە ناو زبڵدانێك پیاوێكى پیر هەڵیان دەگرێتەوە
بۆ ئەوەى بە پارەى فرۆشتنەوەیان
چەند نانێكى بۆ خۆی و ژنە نەخۆشەكەى پێبكرێت.
دەزانم تۆ گاڵتەت بە قسەكانم دێت
چونكە تۆ بێ ویستى خۆت
بەشێكى لە ژیانێك كە مرۆڤ دەكاتە ئاژەڵێكى بێ بەزەیی
بەڵام من لە جیاتى تۆش خەمى ژیانمە
ژیانێك كە خەریكە دەبێتە هى ئەو كەسانەى كە بەرگرییان بەهێزە
ئەوانەى خواردنى باشیان خواردووە و دەخۆن
ئەى من چیبكەم كە منداڵێك بووم بێ لەتێك نان
ئەى ئەو پیاوە پیرە چیبكات
كە لە ناو زبڵدانێكدا خەریكى كۆكردنەوى قوتوى بەتاڵى پیپسییە
بۆ ئەوەى بە پارەى فرۆشتنەوەیان
چەند نانێكى بۆ خۆی و ژنە نەخۆشەكەى پێبكرێت؟
من گرێبەستم لەگەڵ تۆش هەیە
كە نەهێڵم خۆت ببینیت چ مەیمونێكى ڕەنگینیت
بە دەست سیستمێكەوە كە تەنیا بێئەخلاقەكان ئیشیان تێیدا دەڕوات.
.
دەزانم تۆ بڕوا بە قسەكانم ناكەیت
كێشە نییە
من لە جیاتى تۆش ئازار لە مووى سەرى ئەو كچانە دەچێژم
كە شێرپەنجە وەكو سەگى هار
كەوتۆتە گیانیان و
خانە خانەى وجودیان قووت دەدات.
دەزانم تۆ ئەم قسانەى منت بۆ گرنگ نییە
ئاساییە
من لە جیاتى تۆش خۆزگە دەخوازم خەروارێك خرۆكەى سور دەبووم
بۆ ناو خوێنى منداڵانى تالاسیمان.
من بۆیە ئیشم كەوتە نووسینى شیعر
چەكى دیكەم نەبوو لە بەرامبەر ژیانى ناڕێكمدا.
دەزانم تۆ بە ژیانەكەى قایلیت
دەمامكێك لە دەمت و
دەستكێشێك لە دەستت
ڕۆژانە زۆر خۆت دەشۆیت و
جارجارەش پاككەرەوەك كە لە سەدا 70 زیاترى كهول بێت
لە ناو لەپت دەسویت و
مەترێك زیاتریش لە نێوان خۆت و خەڵكیدا دەهێڵیتەوە و
هەر كات هەستت بە نیشانەكانى پەتاكە كرد
تێل دەكەیت بۆ بنكەیەكى تەندروستى.
چونكە تۆ بڕیارت داوە بە ژیانەكەى قایل بیت
بڕیارت داوە لە بیر خۆتى ببەیتەوە ڕۆژگارێك وەها نەبوویت
نیوەى دەموچاو
لەتێكى خۆت
دەستێكى شین یان سپی یان ڕەش
دەستى خۆت پێستى خۆت بوو
ئەو هەمووە خۆتت نەدەشت
خۆشتن بە پێی پێویست
ئەو هەمووە كارت بە پاككەرە نەبوو
پاككەرەوەى ڕووكەش
ئەو هەمووە لە خەڵكى دوور نەبوویت
دۆستەكانت دەبێت لێت نزیك بن.
ئەم ژیانەى ئێستا ژیان نییە
ئەم تۆیەى ئێستا خۆت نیت
بەڵام تۆ بڕیارتداوە قایل بیت.
لە خوارەوەى ئەم گرێبەستەى من و ژیاندا نووسراوە:
ژیانى فرۆشراو وەرناگیرێتەوە
هەڵەى خۆت لە ئەستۆی خۆت.
تیۆتایەكى شڕ لە كۆڵانەكەدا هاوار دەكات:
ماڵێك ژیانى شكاوى هەبێت
ماڵێك مرۆڤى تەلەفى هەبێت
ماڵێك خەونى سوتاو
شیعری نەكوڵاوى هەبێت
بۆی فڕێبدەین!