دەقی تیژ تێنەپەڕ، لە ستایشی قووڵدا

560
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: گۆران سەمەد

 

(ئەمێدیۆ مۆدیگلیانی Amedeo Modigliani)ی نیگارکێشی ئیتاڵی، تابلۆی سیمای هەمیشە غەمباری ئەوینەکەی (جێنی هیبۆتیرن/ jeanne hebuterne)ی دەکێشا، ڕەنگە هەر ئەو کارەشی، بەناوباگترین کاری وی بێت. تابلۆکە وا ناوی دەرکردووە (when i know your soul, i will paint your eyes)ە و خاڵی بەهێزی فیلمەکەیشتییەتی.

فیلمەکە (Modigliani 2004) ژیانی تایبەتی وی و ڕکابەرییەکانی لەگەڵ نیگارکێشانی دیکە دەخاتە ڕوو. مۆدیگلیانی ئەوەندە تێکەڵ بووە بە بۆییە و پەڕەمووچەکەی، بینەریش لەگەڵیدا ورد دەبێتەوە و ڕۆدەچێتە نێو جووڵەی تاڵەکانی پەڕەمووچەکە، کاتێک کار لەسەر تابلۆکەی دەکات. ئەم دۆخەی تێکەڵبوون و دەرککردنە بە قووڵایی کارێکی هونەریی، بۆ چیرۆکیش ڕاستە. بنۆڕە چیرۆکی (گەڕان بەدوای قووڵایی)ی زوسکیند، کە چۆن بینەری تابلۆکە دەیەوێت لە قووڵاییدا مانایەک هەڵگۆزێت.

نووسەری لێهاتوو بەشێوازی خۆیی، نایەت هەموو شتێک لە دەستپێکدا نیشان بدات. ئەو خوازیارە و دەیەوێت لە ڕێگەی دەقەکەیەوە، بە کاریگەریی لێزانی زمانی هۆنینەوەیی، خوێنەر ئالوودەی ڕووداو و کارەکتەرەکانی بکات. زەمینەیەک دەئافرێنێت تا خوێنەر ڕامێنێت و ببێت بە بەشێک لە دەقەکەی. تۆ ببینە کاتێک (ئانا کارنینا) بە ژێر شەمەندەفەرەوە دەبێت، خوێنەر/ بینەر چۆن تووشی وەستان و چاونووقان دەبێت تا قووڵایی دیمەنەکە بیری غلۆر دەبێتەوە، بەڕادەیەک دەیەوێت بەشدار بێت لە گۆڕینی چارەنووسی کارەکتەرە دڵخوازەکەی، بەڵام کاتێک دەرک دەکات ناتوانێت دەست بۆ شتاق دێڕان ببات، ناچار ڕێگە خۆش دەکات تا جۆگەلەی فرمێسکان بەرەو لێژیی بە گۆنایدا شۆڕببنەوە بۆ مەرگی ئانا.

هاوئاهەنگ خوێنەری بە سەلیقە و “ئەزموونکار”یش، دەستبەرداری “ئەنجامی پێشوەختە” دەبێت و گیرۆدەی وردەکارییەکانی دەقە (بێگومان هونەریی چیرۆکیش هەر لەوە دایە). دەیەوەێت بەدوای نهێنی دەقەکەدا بگەڕێت و خوازیارە چرکەساتی قووڵاییەکە کەش بکات، ئاخۆ کام کارکتەر، یان رووداو سەچاوەی ئەو پەرجووەن لە چیرۆکەکەدا.

ماریۆ فارگاس یۆسا، بۆ ئەزموونی گەڕان و قووڵبوونەوە لە دەستکەوتنی زانیاری لە بارەی (ڕافائیل)ی دیکتاتۆری دۆمينیکان، هەشت مانگ دەچێتە دوورگەی دۆمینیکان و لەوێدا ورد و درشت، سووڕە سووڕ دەکات و دەخوێنێتەوە و پرسیار دەکات لە بارەی دیکتاتۆرەکە. نزیک لەو باسە و لە کتێبی (دوازدە وانە بۆ…) شتێکی لەم شێوەیە دەڵێت: “جیهان ئەوەیە کە ئێستا تیای دەژین و دەبێت هەوڵبدەین بە قووڵی تیای بژین[1]“. یۆسا، ئەو قووڵڕووانین و ژیانەی لە کارەکانیشیدا بەجێ هێناوە، ئەوە بۆیە شاکارەکانی تا هەنووکەش دەخوێندرێنەوە و ماریا فاگاس یۆساش لە ساڵی (دووهەزار و دە) خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێت.

چیرۆکی کۆن گرنگی بە ڕوخساری دەرەوەی کارەکتەرەکان دەدات، وەک چۆن چیرۆکی نوێ زێتر گرنگی بە زمانێکی پاراو دەدات و ناخوازێت دەقەکەی ملکەچ و پێبەند بکات بە زمانێکی میللی و گوندی. ئاوهاش سیمای چیرۆکی نوێ ڕۆچوونە و کەشفی قووڵایی ناوەوەی کارکتەرەکانە بە زمانێکی زنە ئاسا. نایەت بە وشەی ناڕوون و ئاماژەی لێڵ دەقەکەی بچنێت. بنۆڕە (پاسەوانێک لە مەزا)ی سالنجەر، لە سەرتاپای کتێبەکەدا لێڵییەک نادۆزیتەوە دەقەکەی کوشتبێت، کەچی هۆڵدن، قارەمانی ڕۆمانەکە، ڕەنگدانەوەی کۆژان و کۆدژوارییەکانی لاوێکی شازدە ساڵانە دژ بە توراس و سەردەمەکەی. سالنجەر لە ڕێگەی ئافراندی کەسایەتی هۆڵدن. پەردە لەسەر بێ متمانەیی زەمەنێک هەڵدەداتەوە. هەموو پێوەندییەکان دەخاتە ژێر پرسیار (مامۆستا و خوێندکار/ باوک و منداڵ/ هۆڵدن و هاوڕێ…).

ئەوە زمانە بێ زۆر لەخۆکردن دەق دەئافرێنێت، بێگومان ئەوەش کاری نووسەری داهێنەرە، نەوەک کاری کەسێک، تازەکی پێنووسی خستبێتە لەپی دەستی. جیمس جۆیس لە چیرۆکی (ئێڤەلاین)دا ئەو فەزاسازییەی خولقاندووە لە ڕێگەی شەپۆلی هۆش و زمانە جادووییەکەی. (دینۆ بوتزاتی)یش نووسەری مۆدێرن و ئیتالی، یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی توانیویەتی پانتایییەکی فراوان داگیر بکات بە گێڕانەوەکانی.

ئەو سەردەمیانە ئاوڕ لە ناوەوەی قارەمانەکانی دەداتەوە و دۆخە دەروونییەکانی (خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و شادەی)ی کەسەکان وێنا دەکات. بوتزاتی، لە چیرۆکی (چاکەتی ئەفسووناوی) هەروەها لە چیرۆکی (دڵۆپێک)یشدا ئەوەی گەیاندووە.

دواجار باسەکە بەدەوری ئەوەدا دەخولێ؛ چی وا دەکات دەقێک پڕ بێت لە وردەکاری و قووڵی لە مانا، لەبەرنبەردا لێشاوێک دەق.. زوو زوو و بەخێرایی لەدایک دەبن، کەچی کەم دەمێنەوە!

 

پەراوێز:

هێنری جیمز دروست گوتوویەتی: ڕۆمانی خراپ بەقەڵەمی نووسەری خراپ دەنووسرێ و ڕۆمانی چاک بەقەڵەمی نووسەری چاک[2]. 

[1] یۆسا، شیرین. ک، ١٢وانە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو، لا٩.

[2] چالز برێسلێر، عەبدولخالق یەعقووبی، ڕەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی،لا ٧٤.

بڵاوکردنەوە: