مەکتەبی مۆنتاژ، سینەمای هونەری

1404
0
بڵاوکردنەوە:

ئامادەکردنی: ئیدریس عەبدی

مۆنتاژ (فۆرمالیسم)

 

بێگۆمان شوێنی لە دایک بوونی مەکتەبی “مۆنتاژ” یەکیەتی سۆڤیەتە.ھەموو فیلمەکانی ئەم مەکتەبە لە ماوەی شەش ساڵدا بەرھەم ھاتن،بەڵام ئەم مەکتەبە لە مێژووی سینەمادا لەو رووەوە گرنگە کە تێکەڵاو کردنی گرتەکان وەکوو مۆنتاژ بایەخ و گرنگی پێدەدرێت و لەو کاتەوە بە گۆشە نیگایەکی دیکەوە دەرواننە پرۆسە ئێدێتی فیلم. وشەی فۆرمالیسم لە سینەمادا زۆر بابەت لە خۆ دەگرێت بەڵام ئەم ناوە بۆ یەکەمین جار لە سەر مەکتەبی مۆنتاژ دانرا. بۆ ئەوەی کە  باسێک لە چۆنییەتی داھێنانی ئەم رێبازە سینەماییە لە یەکیەتی سۆڤیەت بکەین سەرەتا پێویستە ئاماژەیەک بدەین بە  چالاکی و ھەوڵ و تێکۆشانی کەسانی سەرەکی ئەم رەوتە و رێبازە سینەماییە .

١-ژیگاورتۆف : کامێرامەن و ھەواڵسازێک بوو کە فیلمی دێکۆمێنتاری ھەواڵی بەرھەم دەھێنا ،لە لایەن لێژنەوە بووبە بەرپرسی لێکدانەوەی فیلمە دێکۆمێنتارییەکان.لە کاتی لێکدانەوەی فیلمە دێکۆمێنتارییەکان بەو قەناعەتە گەیشت :کە ئێمە ناتوانین لە رێگای فیلمی چیرۆکی (فیکشەن)ەوە بگەین بە ئامانجە کۆمۆنیستیەکانمان، ئەو لە سەر ئەو باوەر بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە کۆمۆنیستیەکانی یەکیەتی سۆڤیەت دەبێت فیلمی دێکۆمێنتاری ھەواڵی بەرھەم بھێنرێت.

لە کوتاییدا ژیگاورتۆف ئەم تێورییەی ھاوردە ئاراوە. فیلمی دێکۆمێنتاری ھەواڵی بە تەنھایی ئامانجە کۆمۆنیستییەکان ناپێکێت و دەبێت فیلمی دێکۆمێنتاری ئاسا و ھەواڵ ئاسا بەرھەم بھێنرێت.بە جۆرێک کە بینەر وا ھەست بکات واقعی و دێکۆمێنتارییە. ژیگاورتۆف ئەو فیلمە بەڵگەیانەی کە ئامانجی سەرەکی ئەو فیلمانە پەرەپێدان بە کۆمۆنیسم بوو، بە کەڵک وەرگرتن لە مۆنتاژ رازاندەوە.

ژیگاورتۆف بەم جۆرە روانیینە بە سینەما چەند فیلمی بەرھەم ھێنا:

١-سینەما چاو (زنجیرە فیلمی سینەما – حەقیقەت) ٢- زنجیرە فیلمی پیاوێک بە کامێرای فیلمھەڵگرتنەوە.

٢-ئایزنشتاین: کاری ھونەری بە دەرھێنەری لە شانۆدا دەستپێکرد.فیلمەکانی دەیڤید گریفیسی لێکدایەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری لە سەر ئەو فیلمانە کرد و چەندین وتاری لە سەر ئەو فیلمانە نووسی.

ئایزنشتاین لە سەر ئەو باوەرە بوو کە دەبێت بە جۆرێک لە مۆنتاژ کەڵک وەربگیرێت کە دیمەنەکان خوازە(ئیستعارە) تێدا بێت. ئەو دەیوت: گریفیس ئەوانەی وا لە بەر چاوە نیشان دەدات. ئایزنشتاین دەیوێست بە کەڵک وەرگرتن لە مۆنتاژ  بە بینەران بڵێت بۆچی گرتەکان تێکەڵی یەکتر دەکات و پێکەوەیان دەلکێنێت.

٣- لێف کۆڵێشۆف: فیلمساز و تێوریسیەنی قوتابخانەی حکومەتی ھونەری سینەما بوو. زۆرتر کاری ئەزموونی کردووە.

٤-پۆدۆفکین: قوتابی زیرەکی کۆڵێشۆف بوو لە قوتابخانەی حکومەتی ھونەری سینەما. ئەو لە سەر ئەو باوەرە بوو کە تێکەڵاو کردنی گرتەکان دەبێت بە شێوازی لۆژیکی سینەمایی بێت. پۆدوفکین :دەیگۆت کە تێکەڵاو کردنی دوو گرتەی جیاواز لە یەک ،گرتەیەکی دیکە دەخوڵقێنێت کە مانایەکەی نوێی ھەیە. ئەم تێورییە بە تێوری “بنەرەتی” ناسرا.

تاقی کردنەوەی بەناوبانگی کۆڵۆشۆف و پۆدۆفکین:

ئەم مامۆستا و قوتابیە پێکەوە تاقیکردنەوەیەکیان کرد بۆ ئەوەی کە بۆچوونەکانی خۆیان بسەلمێنن. تاقیکردنەوەکەی ئەوان بەم شێوازە بوو:گرتەیەکی close up  بە ماوەی چەند خولەک لە ماژوخین (یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئەو کاتەی سۆڤیەت)دانا. لە دوای ئەوە چەند گرتەی دیکە ١- قاپێک سووپ لە سەر مێزێک ٢تابووتێک کە جەنازەی ژنێکی تێدا بوو ٣- کچێکی منداڵ کە بە بووکەشووشەکەی یاری دەکرد. ھەموو ئەم گرتانە  لە گەڵ گرتە چەند خولەکیەکە ماژوخین پێکەوە کات دران. گرتەی ماژوخین +گرتەی قاپە سووپەکە + گرتەی ماژوخین + گرتەی مەیتەکە + گرتەی ماژوخین + گرتەی کچەمنداڵەکە.

ئەم گرتانە بەم شێوازە نیشانی خەڵک درا.دوای بینینی ئەم گرتانە خەڵک دەیانگوت ماژوخین ئەکتەرێک زۆر باشە  لەبەر ئەوەی بۆ ھەر گرتەیەک کارلێکی تایبەت بەو گرتەیەی ھەبوو. بەڵام خەڵک نەیاندەزانی ھەموو گرتەکانی ماژوخین ھەر یەک گرتە بووە کە چەند جار لە تەنیشت گرتەگەلی دیکە دانراوە. ئاکامی ئەم تاقیکردنەوە کۆلۆشۆف و پۆدۆفکینی خۆشحاڵ کرد ،چوون توانیان بیسەلمێنن کە مۆنتاژ دەتوانێت چەندە کاریگەری ببێت . ئەوان دواتر وتیان فیلم کاتێک بەرھەم دێت کە دەرھێنەر لە پشتی مێزی ئێدێت دادەنیشێت و گرتە جیاوازەکان پێکەوە دەلکێنێت. تاقیکردنەوە ئەوان رەسانییەتی دا بە مۆنتاژ.

جیاوازی بۆچوونەکانی پۆدۆفکین و ئایزنشتاین (کەسایەتیە سەرەکیەکانی رێبازی مۆنتاژ)

پۆدۆفکین لە سەر ئەم باوەرە بوو: گرتەی A+گرتەی B  = AB لە بەرامبەردا ئایزنشتاین لە سەر ئەم باوەرە بوو: گرتەی A+گرتەی B  = C

ئایزنشتاین دەیگووت بە کەڵک وەرگرتن لە مۆنتاژ دەتوانین مانایەکی نوێی بخوڵقێنین. ئەم تیورییەی ئایزنشتاین بە مۆنتاژی دیالکتیک ناسرا.

پۆدۆفکین ئاماژەی بەوە دا کە ھەر پارچەیەک لە فیلم بۆ فیلمساز وەکوو  نۆتەی موسیقایە بۆ مۆسیقار. پۆدۆفکین وتی: بە لە بەر چاوگرتنی کاری فیلمساز بۆمان دەردەکەوێت کە مادەی خاوی بکەر شتێک نییە جگە لە چەند پارچەیکی سلۆلۆیید کە بەشە جیاوازەکانی رووداوێک لە چەندین روانگەی جیاوازەوە لە سەری تۆمار دەکرێت. ئەو فۆرمانەی کە دەکەونە سەر پەردەی سینەما لە ئەم پارچانە دەخوڵقێت. ھەر بۆیە دەستمایەی فیلمساز لە پرۆسەیەکی واقیعی کە لە شوێنێکی واقیعی و لە کاتێکی واقیعدا روو دەدەن پێکنایەت، بەڵکوو لەم پارچە سلۆلۆییدانە پێکدێت،کە ئەم رووداوانە لە سەری تۆمار دەبێت. ئەم سلۆلۆییدانە بە تەواوەتی لە ژێر رکێفی ئیرادەی دەرھێنەرێکە کە دەیەوێت فیلمەکەی ئێدێت بکات. دەرھێنەر، دەتوانێت لە چوارچێوەی ھەر فۆرمێکی سینەماییدا ، زەمان تا ئەو ئاستەی کە دەیەوێت بباتە سەرەوە  و رووداوەکان لە زەماندا و بە جۆرەی کە خۆیی پێی خۆشە جێگیر بکات.

ھەروەھا ئایزنشتاین وتی: دەستمایەی سینەما لە کۆمەڵێک پارچەی فیلم پێکدێت و شێوازی تێکەڵاو کردن بریتیە لە چەسپاندنی ئەم پارچە فیلمانە پێکەوە بە جۆرێک ھەست بکرێت کە بە ھێزێکی داھێنەر خۆڵقاوە. ھونەری فیلم کاتی نواندنی ئەکتەرەکان و فیلم ھەڵگرتن لە دیمەنەکان دەست پێناکات بەڵکوو ئەمە تازە ئامادەکاریە بۆ دەستمایە. ھونەری فیلم لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە دەرھێنەر کاری تێکەڵاو کردنی  و لکاندنی پارچە فیلمەکان پێکەوە ، دەست پێدەکات. بەڵام ئەم تێکەڵاو کردنە بە شیوازگەلی جۆراوجۆر دەتوانێت ئاکامی جیاوازی ببێت. ئایزنشتاین بە کەڵک وەرگرتن لە ئێدێتی دیالکتیک دەیویست مانایەکی سێھەم بخوڵقێنێت. بۆ نموونە دەیگووت: ئەگەر گرتەی چەقۆیەک بلێکێنێن بە گرتەی دڵێکەوە ،ھەستێکی ماتەمینی بۆ بێنەر دەگۆازینەوە.

ئایزنشتاین بڕوای بە خوازەی ئەدەبی بوو. بۆ نموونە وشەی دەستمایە لە دوو وشەی دەست + مایە پێکدێت . ئەمە لە کاتێکدایە ئەم دوو وشە بە تەنھای مانای جێاوازیان ھەیە کە بە تێکەڵاو بوون لە گەڵ یەک مانایەکی نوێ دەدەن. ئەو دەیوێست ئەم بابەتە بکێشێتە ناو سینەما. چەند فیلمی گرنگی رێبازی مۆنتاژ: مانگرتن، ١٩٢٥. ئایزنشتاین. رۆزمنا و پۆدفکین ،١٩٢٥، ئایزنشتاین.دایک ١٩٢٦  پۆدۆفکین. ئوکتەبەر ،١٩٢٧، ئایزنشتاین.زەوی ،١٩٣٠، ئالکساندر داوژنکۆ.

لە فیلمەکانی ئەم رێبازەدا بایەخ بە یەک کەسایەتی نادرێت و زۆرتر کەسایەتیەکان گرووپین. ھەر بۆیە ئەکتەرەکان لەم فیلمانەدا ئاماتۆرن. کاتێک فیلمی ئوکتەبەری ئایزنشتاین بەرھەم ھات ئەوەندە ئیستعارەی زۆری تێدا بوو کە خەڵک فیلمەکەیان پێ خۆش نەبوو. کاتێک کە لە ساڵی ١٩٣٠ ستالین جێگای لنینی گرتەوە، وتی: چی دیکە فیلمی وەھا، کە پرە لە خوازە و ھێما بەرھەم ناھێنێن و داوای لە فیلمسازان کرد کە فیلمگەلێک بەرھەم بھێنن کە ھەموو خەڵکی لە تێبگەن. ھەر بۆیە لە ساڵی ١٩٣٠ بە دواوەوو ئەم رێبازە تووشی شکست بوو. بەڵام ئەم رێبازە تا ئێستاش کاریگەری ھەیە لە سەر فیلمسازان لە ئاستی ھەموو جیھاندا.

لەکۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێن بەم هۆکارانەی کە باسمان کرد،مەکتەبی مونتاژ هەوڵیکی بێ وچانی داوە بۆ ئەوەی سینەما تەنها وەکوو پیشە چاوی لێنەکرێت و سینەما وەکوو هونەرێک لێکدانەوە و شی بکرێتەوە.

بڵاوکردنەوە: