بۆچی خوێن؟ تارانتینۆ چیمان پێدەڵێ؟

1487
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

وەکو ئاشکرایە لای زۆربەمان، کوینتین تارانتینۆ، گەورە دەرھێنەری دیاری ھۆڵیوود، لەناو فیلمەکانیدا بەشێوەیەکی نائاسایی خوێن و توندوتیژی بەکار دەھێنێ بۆ گەیاندنی مەبەست و پەیامی. بەڵام لەوەش زیاتر ئەوەیە کە ئێمە تێناگەین بۆچی تارانتینۆ وا دەکات! تارانتینۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەساڵی ٢٠٠٣ لە کەناڵی (کرۆن٤) ھەمان پرسیاری ئاڕاستە دەکرێ لەلایەن پێشکەشکارەوە، ئەویش پێشکەشکار لێی دەپرسێت دەربارەی فیلمی (کیڵ بیڵ) و دەڵێت: بۆچی ئەو ھەمووە توندوتیژی و دیمەنە جەرگبڕە بەدی دەکرێ لە فیلمەکانتدا؟ تارانتینۆش بە شێوازە شێتانە و سەیرەکەی خۆی پێی دەڵێ: چونکە زۆر خۆشە. پێشکەشکاریش دواتر دەڵێ: زۆر خۆشە؟ دەی ھیواخوازم چەند گەنجێك کە تەماشای فیلمەکانی تۆ دەکەن لە سەر جادە ڕۆژێك فەللاقەت بکەن. تارانتینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: ئاخر ئەمە ئەو شوێنەیە کە تۆ تیایدا بەھەڵە چووی، تۆ باسی ژیانی ڕاستی دەکەیت، بەڵام من باسی جیھان و ژیانی ناو فیلم دەکەم، گەر باسی ژیانی ڕاستی دەکەیت با باسی ژیانی راستی بکەین، گەر باسی فیلمیش دەکەیت با باسی فیلم بکەین. لێرەدا من گەشتووم بە دەرئەنجامێك کە:

١- تارانتینۆ ئەو ژانر و ستایلەی ھەڵبژاردووە بۆ خۆی تا پێی بناسرێتەوە، کە پێم وایە بۆ کۆمەڵێك لایەنی سایکۆلۆژیش دەگەڕێتەوە و بۆ ژیانی منداڵیشی دەگەڕێتەوە کە ھەر لە زووەوە حەزی بەو جۆرە ستایلە ھەبووە لە فیلمدا، وە چونکە پێشی وایە فیلمەکانی ئاساییە گەر منداڵی سەروو ١٢ ساڵ بینەریان بن، چونکە بەبڕوای ئەو مرۆڤ لەو تەمەنە ھەست بە زۆر شت دەکات لە فیلمەکاندا کە کەسی گەورە ناتوانێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری منداڵی خۆی دەردەخات بەسەر شێوازی فیلمەکانیدا. ٢- تارانتینۆ پێی وایە کە سینەما ئەو شوێنەیە کە دەکرێ تیایدا مێژوو و ڕووداو بگۆڕدرێ بەوجۆرەی کە دەرھێنەر دەیخوازێ. وە پێشی وایە سینەما جیھانێکی مەجازییە کە ھەبوونی خوێنی زۆر تیایدا ئاساییە و بگرە بەجۆرێکی باشتریش لە مێشک و نەستی بینەردا دەمێنێتەوە. تارانتینۆ لە دووتوێی فیلمەکانیدا ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدایە ئەو مەزنییەی ھۆڵیوود و ئەمریکا بڕووشێنێت و تانەی لێبدات، کە پێمان دەڵێ ئەمە ئەمریکایە، ئەمە ھۆڵیوودە. تەنانەت ئەمە زۆرجار پەڕیوەتە سەر کەسایەتییەکانی ناو ھۆڵیوود. بەھێزترین نموونەش بۆ ئەم قسەیەم، تانەدان و شکاندنی بروسلی بوو لە دوایین فیلمیدا، ھەر ئەمەش بووە ھۆکار کە ڕەخنەیەکی زۆر زۆری ئاڕاستەبکرێ، بەڵام ئەو دواجار وتی ئەمە ئەسڵی بابەتەکەیە و برووسلی ئەو کارەکتەر خەیاڵییە گەورە و مەزنە نییە ئێوە بیری لێدەکەنەوە. وە یەکێك لەو دەرھێنەرانەی پەنجەی بۆ زۆر پرسی ھەستیار درێژکردووە، لەوانە پرسی ڕەشپێستەکان و ڕەگەزپەرستی. کە تیایدا لە چەند فیلمێکیدا دەبینین چۆن ڕەشپێستێك دێت و سپیپێستەکان لە خوێندا نقووم دەکات. وە ھەروەھا جوانترین ئیشێك کە لەسەر ئافرەت و بەھێزی ئافرەت و جیاوازی نەکردنی لەگەڵ پیاودا کرابێ لە فیلمی (کیڵ بیڵ)دا دەیبینین. کچێك بە شمشێرێکی ساموورایەوە چۆن تۆڵە دەسێنێت و دونیا کاول دەکات! دونیای تارانتینۆ تایبەتە، گەر دەتەوێ شتی ڕۆمانسی ببینی و لایەنی سۆزداریت بجوڵێ، مەیە بۆلای تارانتینۆ، لای ئەو تەنھا خوێنت دەسدەکەوێ بە دیمەنی جیاوازی پڕ  لە  توندوتیژی کاریگەر گەمارۆت ئەدات. بە شێوەیەک تارانتینۆ زۆر جار بکوژ وەک پێرفۆرمانسی  هونەری  بینا ئەکات لە کارەکانیدا و توندوتیژییەکی  سەرەکی ستایلی سینەمایی ئەوەو بەشێوەیەک توندوتیژییەکە بەتاڵ دەکاتەوە، لە سەرئەنجامی  ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و بینەر رووبەڕووی شۆکی دەستبەجێ و هومۆر دەکاتەوە.

بڵاوکردنەوە: