پێشنیازێکی ئاشتیخوازانە بۆ سەرکردەکانی جیهان

469
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دیپاک چۆپرا

وەرگێڕانی: داڤان فاتح

 

هەمووان ڕۆژانە ئاگاداری کارەساتی شەڕ و مەترسی سەرهەڵدانی شەڕن لە تەواوی جیهاندا. وادەردەکەوێ کە ئێمە بوونەوەرێکی توندوتیژ بین. پێویستە هەمووان بە نیەتێکی پاکەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە خۆیان بپرسن؛ چی ئەبێت ئەگەر ئەم بارودۆخگەلە ناهەموارەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت؟ ئەوکات تا چ ڕادەیەک هەستت بە دڵنیایی و سەلامەتی ئەکرد، نەک تەنها سەلامەتی و دووربوون لە توندوتیژی بەڵکو هەست بە دڵنیاییش بکەیت لەمەڕ ئابووری و داهاتووی گۆڕانی کەشوهەوا؟

ئاشکرایە کە ئەو ڕێگایەی ئیمڕۆ بەکاریدێنین بۆئەوەی ڕووبەڕووی کێشە جیهانییەکان ببینەوە تەنها نائارامی بۆ دەستەبەرکردووین لە گشت بەرەکاندا. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە لەگەڵ یەکتر ناتەبا و ناکۆکین. بەناوی ”دامەزراوەی چۆپرا”وە، من ئامادەم یارمەتی هەر سەرکردەیەک بدەم تاوەکو خراپترین ئەو کێشە و ململانێیانە چارەسەر بکات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. شەڕ و پێکدادان جگە لەوەی ڕاستەوخۆ زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە، لەلایەکی تریشەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر بوارەکانی پەروەردە و گەشەکردن و بووژانەوەی مرۆیی دەبێت و هەروەها بەمەش شادمانی و بەختەوەری لە تاکەکەسدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات. ئێمە یان تۆوی شادی وە یاخود تۆوی خەم بۆ منداڵ و نەوەکانمان دەچێنین، بە هەڵبژاردنی ئاشتی هەڵبژاردنێکمان کردووە بەمەبەستی بنیادنانی داهاتوویەکی فراوان و پڕ لە دەرفەتگەلی بێشومار کە شەڕ و پێکدادان دەبنە تێکدەر لەبەردەم ئەم دەرفەتانەی داهاتوودا.

شەڕ و پێکدادانی نێوان لایەنەکان و وێرانکارییەکانی بوونەتە سەردێڕی هەواڵەکان، بەڵام هەموو پێکدادانێک لە بنەڕەتدا شەڕی نێوان بیرۆکەکانە: ڕاستڕەو لە دژی چەپەکان، کۆمۆنیستەکان لە دژی سەرمایەدارەکان، ئایینێک لە دژی ئایینێکی تر و بەم شێوەیە.

ئەم بیرۆکانە لەبری ئەوەی گەشەبکەن و پەرەبسێنن دەبنە سیستمی باوەڕی چەقبەستوو و ئایدیۆلۆژی و ڕوانگەی دنیایی. وازهێنان لە تێڕوانینێکی دیاریکراو تاڕادەیەکی زۆر ئەستەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویست ناکات وازی لێ بهێنیت. لە ئێستادا سەلمێنراوە کە دەتوانی ئاشتی بەرقەرار بکەیت بەبێ ئەوەی واز لە ڕوانگە تایبەتییەکەی خۆت بهێنیت. لەڕاستیدا بیرۆکەی ئەوەی کە دەبێ بە توندوتیژی بەرگری لە دید و ڕوانین بکرێت هەڵوێستێکی باو و لە هەمان کاتدا نالۆژیکییە کە سەرکردەیەک بیگرێتە بەر.

چەندین بنەمای سەلمێنراو هەن کە ناکۆکی و ناتەبایی چارەسەر دەکەن، هەمووشیان لە ئاگایی ئاشتییەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەمەش تاکە بنەمایە بۆ دەربازبوون لە ئاگاییەک کە ڕەگی لەنێو ناکۆکی و توندوتیژی داکوتیوە.

نەخشەیەک بەرەو ئاشتی:

بنەماکانی ئاگایی ئاشتیخواز:

– یەکەم شت، بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕکابەرەکەت بکە. ئەمە تاکە بنچینەیە تاوەکو گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی ئەنجام بدرێت. چونکە ئەگەر ڕێزگرتن بوونی نەبێت ئەوا سەرنجت لەسەر لایەنی بەرامبەر نامێنێت کاتێک دەست بە قسەکردن ئەکەیت. هیچ شتێک هێندەی بێڕێزی نابێتە هۆی سوکایەتی و شەڕەنگێزی.

– بزانە کە هەردوو لایەن پێیان وایە لایەنی بەرامبەر نادادپەروەرە. زۆرجار ڕاستە کە نادادپەروەری زیاتر بە یەک لایەندا دەشکێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەردوو لایەن هەست بە نادادپەروەری ئەکەن.

– ئەوەندە بوێر بە کە بتوانی داوای لێخۆشبوون بکەیت و هێندەش بەهێز بە کە بتوانی لایەنی بەرامبەر ببەخشیت. ئەمە پێویستی بە پڕۆسەیەک هەیە، چونکە لێبوردن بە یەک جووڵە بەدەست نایەت. دەکرێ ئەم وتەیە: ”بۆ ئەوەی لە هەمووان تێبگەیت دەبێ هەمووان ببەخشیت”، وەک ڕێنوێنییەک کاری خۆی بکات. تەمومژی جەنگ کاتێک پاک دەبێتەوە کە لەلایەنی بەرامبەر تێبگەیت و بەرچاوڕوونی وەدەستبخەیت.

– خۆت بەدوور بگرە لە شەڕەنگێزی، شەڕەنگێزی کردەوەیەکە کە لە ناپێگەیشتوویی هەست و سۆزەوە سەرچاوەی گرتووە. شەڕەنگێزی هەڵسوکەوتی کەسێکە کە بەهۆی ئەوەی ئەندێشەیەکی داهێنەرانەی نییە تاوەکو چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆیە ئەم هەڵسوکەوتەی هەڵبژاردووە.

– کار بکەن لەسەر نەهێشتنی بیرۆکەی (ئێمە دژ بە ئەوان)، کە ئەمە بەو مانایە دێت ئەگەر لەگەڵ من نەبیت ئەوا دوژمنی منی. ئەم بیرۆکەیە ئامرازێکی بەهێزی دەستی ستەمکارەکانە لەبەرئەوەی ترسی ئەوە زیاددەکات کە بەردەوام لەژێر مەترسیدایت، کە ئەمەش تەنها لەڕێگەی دروستکردنی ترسێکی ترەوە وەڵام دەدرێتەوە.

– ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی زیرەکی هەستەکی (Emotional Intelligence) بکەن، چونکە ناتوانرێ شەڕ و ناکۆکی تەنها لەڕێگەی لۆژیکەوە چارەسەر بکرێت. لە هەموو ناکۆکییەکدا هەست و سۆزەکان لە مەترسیدان، هەتا پێکدادانەکەش بەردەوام بێت، هەست و سۆزەکان زیاتر و زیاتر ئاڵۆز دەبن. یەکەمین بنەمای ”زیرەکی هەستەکی” ڕێزگرتن و فەزڵدانی هەستە ئەرێنییەکانە بەسەر هەستی نەرێنیدا. تەنانەت بچووکترین ویست و ئارەزوو بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی ئەنجامی زیاتری هەیە لەو ئارەزووە بەهێزەی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئارادایە.

– بەبێ هیچ توندوتیژییەک پەیوەندی ببەستە. ئەگەر گلەیی و لۆمە و کردەوە هەڵەکانی ڕابردوو بهێنیتەوە بەر باس، هەروەها ترس و هەڕەشەت لە بەرامبەردا دروست کرد لەئەگەری ئەوەی بارودۆخەکە بە دڵی تۆ نەبوو، ئەوا تۆ لایەنی بەرامبەر لەڕێگەی شێوەیەکی هەڵەی پەیوەندی بەستنەوە دەجوڵێنیت. پەیوەندی بەستنی ئاشتیخوازانە بەجۆرێکە کە بەرلەوەی قسەکانت بکەیت بزانی لایەنی بەرامبەر چۆن دەیبیستێ.

– بەخۆت بەئاگا بە. بەئاگابوون بە خود دەربارەی ئەوەیە هەست بە چی ئەکەیت، پێویستت بە چییە و مامەڵەکردنت لەگەڵ کەسانی بەرامبەر چۆنە، بەڵام ئەگەر هەنگاوێک قووڵتر بڕۆی، ئەوا بەئاگابوون بە خود زیاتر دەیەوێ گرنگی بە چارەسەر بدات لەبری کێشەکان. چارەسەرەکان لە قووڵایی ناخی خودی مرۆڤەوە دێنە بوون، ئەمە لەکاتێکدا ناکۆکی لە ڕووکەشیترین ئاستی وەک بیرکردنەوەی ڕۆتینی و کاروباری بازرگاری و دووبارەکردنەوەی هەڵەکاندا خۆی دێڵێتەوە، ئەمەش بە ئومێدی ئەوەی ڕەفتارە کۆنەکان ئەنجامی نوێیان لێ بکەوێتەوە. باڵاترین فۆڕمی خود ئاگایی ئەوەیە کە بگەڕێی بەدوای ئەو ئاستەی ناخت کە تێیدا چارەسەرەکان بوونیان هەیە و کەشف دەکرێن.

– دان بەو ڕاستییەدا بنێ کە باڵاترین بەها مرۆییەکان لە کلتورەکانی تریشدا بوونیان هەیە. هیچ کۆمەڵگەیەک خاڵی نییە لە خۆشەویستی، میهرەبانی، داهێنان، دووربینی، ڕۆشنبوونەوەی ڕۆحی و بلیمەتی. ڕێگە مەدە چاوەکانت تەنها خراپەی لایەنی بەرامبەر ببینێت و هەروەها واش بزانی لایەنی بەرامبەر تەنها خراپەکانی تۆ ئەبینن. باڵاترین بەها مرۆییەکان هەمیشە دەیانەوێ لە هەموو کلتورەکاندا خۆیان دەربخەن بەبێ گوێدانە ئەوەی بارودۆخی ڕۆژگاری ئەمڕۆ باشە یان خراپ.

– با تێڕوانین و بۆچوونت وەها بێ کە جیهان بە جیاوازییەکانەوە دەوڵەمەندە و هەمیشەش بەم جۆرە بووە. ناکۆکی و پێکدادان بە سروشتی خۆی دەیەوێ ڕێگەی لایەنێک بسەپێنێ و بەهۆی ئەمەوەیە لایەنی بەرامبەر بە مەترسی دەبینێت. لەڕاستیدا لایەنی بەرامبەر کلیلی جیاوازی و هەمەچەشنییەکانە و نوێگەرییەکی بێهاوتا پێشکەشی کلتوری جیهانی ئەکات.

– خۆت بەدووربگرە لەوەی بیسلەمێنی کە لایەنی بەرامبەر هەڵەیە، چونکە کاتێک پێداگریت لەسەر ڕاستبوونی خۆت کرد ئەوا بەشێوەیەکی نائاشکرا زیانت گەیاندووە. لەڕێگەی پێداگری کردن لەسەر ڕاستبوونی خۆت ڕاستەوخۆ لایەنی بەرامبەر بە هەڵە لە قەڵەم ئەدەیت، لە ئەنجامدا ئەوانیش قسەکانت نابیستن ئیتر گرنگ نییە بەلایانەوە ئەگەر قسەکانت ڕاستیش بن.

– ئایدیۆلۆژی وەلابنێ، چونکە ئایدیۆلۆژییەکان هەر لە بنەڕەتەوە لەڕێگەی ناکۆکی و ناتەباییەوە دروست بوون. سیستمە باوەڕە نوێیەکانی وەک ئایینی، سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی لە کاردانەوە و وەڵام بۆ سیستمی باوەڕە کۆنەکانەوە پەیدابوون. ڕەگی باوەڕەکە زۆر قووڵ ڕۆچووە و بۆ گفتوگۆکردن ناشێت، لەبەرئەوە ڕێگە بدە هەمووان خۆیان بیروباوەڕیان هەڵبەسەنگێنن بەبێ ئەوەی تۆ خۆت هەڵبقورتێنی.

– ئەو ڕاستییە بزانە کە توندوتیژی هەمیشە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە. لە هەموو شەڕ و ناکۆکییەکدا لە هەردوو لایەندا ترسێک بوونی هەیە، بۆیە باسکردنی کێشەی ترسەکە گرژی و کاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت، لەبەرئەوەی هەردوو لایەن پێویستیان بەوەیە هێزی خۆیان نیشان بدەن. تەنها بەبێدەنگی بزانە کە ترس دەنگێکی خامۆشی مەیدانەکەیە.

ئەمانە زۆر بە پوختی بنەماکانی ئاگایی ئاشتیخوازن. ئەم بنەمایانە یاسا یاخود داخوازی نین بەڵکو ڕەفتار و هەڵسوکەوتی سروشتی مرۆڤێکە کە خاوەنی ئاگاییەکی ئاشتیخوازە. لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ئاژاوە و ناکۆکی زۆرە، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی تایبەتی نێو ناخی تاکەکەسەوەیە. بەرلەوەی شەڕ و ناکۆکی دەرەکی سەرهەڵبدا، ناکۆکی و ناتەبایی لەنێو ژیانی تایبەتی کەسەکاندا بوونی هەیە.

پێشنیاری دامەزراوەی چۆپرا بۆ هەر سەرکردەیەک ئەوەیە کە لە هەر بوارێکدا شەڕ و ناکۆکی بوونی هەبێت، گرنگە ئەوە ئاشکرا بکەین کە ئاگایی ئاشتیخوازانە چۆن کار دەکات. ئەمە پڕۆسەیەکە بە فێربوون بەدەستدێت، وەک هەموو ئەو شتانەی لە ژیاندا بەهای بۆ دائەنێین. پێویستمان بە ئاگاییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی. لەڕاستیدا پڕۆسەکە بۆ زۆربەی خەڵکی پڕۆسەیەکی نەناسراوە، بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی کە وەکو سەرکردە هەڵبژێردراون. ئاگایی ئاشتیخواز پەیوەندی بەوەوە نییە چەنێک زیرەکیت، تا چەنێک ڕاستیت و چەند کەس هاوڕاتن، یاخود وەک سەرکردەیەک هێزت چەنێکە. سووربوون لەسەر ئەوەی کە زیرەکیت، بیرکردنەوەت ڕاستە، کەسێکی بەڕەوشتیت و هێزی تەواوت هەیە تاوەکو کەسێکی تر کۆنترۆڵ بکەیت هیچ پەیوەندی بە دۆزینەوە و بەرقەرارکردنی ئاشتییەوە نییە، ئیتر چ ئەوەی بۆ ناخی خۆت بێت یاخود بۆ چارەسەرکردنی ئاژاوەیەکی جیهانی گەورە.

ئاگایی ئاشتیخواز یان ئەوەتا لە ئارادایە یان نییە. هەروەک ئەو وتە بەناوبانگە کە دەڵێ: ”هیچ ڕێگایەک بەرەو ئاشتی بوونی نییە. ئاشتی خۆی ڕێگاکەیە!” خۆشبەختانە ئەمە کلیلی دۆزینەوەی ئاشتییە، کە لەنێو ئاستی هۆشیاری هەمووماندا بوونی هەیە و هەر لەوێشدا ئاشتی هەنووکە ئامادەیە. لەڕاستیدا گەیشتن بەو جێگایە ڕێگای گەیشتن بەرەو ئاشتییە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: