نووسینی: هەڵگورد عەبدولوەهاب جوندیانی
- شا ڕۆیشت، ئایەتوڵڵا هات!
كاتێك گەلانی ئێران بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە كۆتاییان بە حوكمرانی محەمەد رەزا شای ئێران هێنا، ئایەتوڵڵا خومەینی كە بۆ فەڕەنسا دوورخرابووەوە، لە پاریسەوە گەڕێنرایەوە تاران و زۆرینەی خەڵك خۆشحاڵ بوون و لەپێشوازیدا بوون. هەمووان وایان دانابوو كە ئەم پیرە پیاوە ئاینییە هیچ پەیوەندی بە سیاسەت و دەوڵەتدارییەوە نابێت و دەچێتەوە شاری (قوم) كە گەورەترین بنكەی مەزهەبی شیعەیە دوای شاری (نەجەف)ی عێراق، لەوێ خەریكی خوداپەرستی و ڕۆحانییەت دەبێ؛ بەڵام چەند مانگێكی پی نەچوو كە ڕاستییەكان بەتەواوی پێچەوانە دەرچوون، لەوساتەوە تاكوو ئێستایش، ئەم وڵاتە لە گێژاوێكی بێكۆتایدا دەخولێتەوە.
- لە تونێلێكەوە بۆ تونێلێكی تاریكتر
بە نەمانی ڕژێمی پاشایەتی، خەڵكی ئێران دڵخۆشبوون بە دەرچوون لەو تونێلە تاریكە، بەڵام زۆری نەخایاند كە گەلانی ئێران بەگشتی و نەتەوەی كورد بەتایبەتی خۆیان لەناو تونێلێكی تاریكتر دیتەوە.
كاتێك نەتەوەی كورد بەئاشكرا داوای مافە ڕەواكانی خۆی كرد، لەلایەن خومەینی و دارودەستەكەی بە لادەر و (كافر) هەژماركران و فەتوای لەناوبردنیان بۆ دەركرا. ئەمە لە كاتێكدا بوو چەند مانگێك بوو ڕژێمی پادشایەتی ڕووخا بوو، حوكمی ئاینیی مەزهەبییش تازە بەركار ببوو، خومەینی بۆ سەركوتكردنی ڕاپەڕینی كورد ئەرتەش (سوپای نیزامی) و سوپای پاسداران (كە چەند مانگیك بوو دامەزرا بوو) ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد، لەگەڵ ئەوانیشدا پیاوێكی ئاینیی سەرشێتی بەناوی (سادق خەڵخاڵی) نارد كە تا ئەوکاتە كەس نەیدەناسی، خەڵخاڵی بە دەسەڵاتێكی ڕەها و بێسنوورەوە ڕەوانەی كوردستان كرابوو، كە دەسەڵاتی گرتن و زیندانیكردن و دادگایكردنی خێرا و كوشتن و لەسێدارەدان و گوللـەبارانكردن و جوڵاندنی سوپای زەمینی و ئاسمانییشی هەبوو.
- ئێوارە شوومەكەی سنە
لە ئێوارەی ڕۆژی 27/8/1979دا لە فڕۆكەخانەی سڤیلی شاری سنە 11 كەسی سڤیلیان هێنایە هۆڵی ژووری چاوەڕوانی گەشتیاران و، هەر هەموویان لەسەر تەختەیەكدا دانیشاندن، تەنیا یەكێكان نەبێ كە بریندار بوو لەسەر (نەقالە)ی برینداراندا لە تەنیشت دەرگاكەوە ڕاکشێنرابوو، لەبەرانبەر ئەو خەڵكە بێتاوانە (خەڵخاڵی) مێزەرەكەی هەڵگرت و پێڵاوەكانی داكەند و قاچەكانی خستە سەر كورسییەك و دەستی كرد بە دادگاییكردنی ئەو یازدە كەسە و هەر هەموویانی تومەتباركرد بە (دزینی چەك و ئاژاوەگێڕی و كوشتن) لەکاتێکدا هەر هەموویان ئەم تومەتانەیان ڕەتكردەوە. ئەو 11 كەسە كەسانی نەتەوەیی و چەپ بوون، جگە لە یەكێكیان نەبێ كە كەسیكی لەفەفرۆش بوو.
خەڵخاڵی هیچ بەڵگەیەكی لەلا نەبوو بۆ تاوانباركردنی ئەو 11 كەسە، هەروەها ئەو كەسە سەرشێتە توندڕەوە مەزهەبییە، هیچ بڕوانامە و شارەزاییەكی یاسایی نەبوو كە ڕێگەپیدراو بێ بۆ دەركردنی بچووكترین سزا، كەچی تەنیا لە ماوەی كەمتر لە 30 خولەكدا كۆتایی بە دانیشتنی دادگاییكردنەكە هێناو فەرمانی گوللـەبارانكردنی بۆ هەر هەموویان دەركرد و هەموویانی بە تۆمەتی (المفسدون فی الارض) تومەتبار كرد!
- بەڵگە تۆماری گولـلەبارانكردنەكە
هەر یازدە سزادراوەکە بۆ گوللـەبارانكردن هێنرانە ئەردێكی كراوەی نێو فڕۆكەخانەكە، دوو ڕیزی 11 كەسی ڕێكخرا، ریزێك 11 كەسی سڤیل كە چاوەروانی گوللـەبارانكردن بوون، لە بەرانبەریان بە دووری دوو مەتر 11 كەسی چەكداری پاسدار وەستابوون كە هەر هەموویان خۆیان دەمامك دابوو، تەنیا یەكێكیان نەبێت كە سەر و سیمای دانەپۆشیبوو.
كەسێك كە یاوەری خەڵخاڵی بوو نازناوی (كەریمی) بوو، بە پێڵاو و كراس و پانتۆڵێكی سپی جانتایەكی بچووكی دەستییەوە سەد مەترێك دوور لە هەردوو ریز وەستابوو، كەریمی داوای لە گشت سزادراوان كرد كە دواین وتە یاخود وەسیەتنامەیان بڵێن، بەڵام هەموویان بێدەنگیان نواند، تەنیا یەك كەس نەبێ كە ئەویش (عیسا پیر والی)ی لەفەفرۆش بوو كە بەدەم گریان و پاڕانەوەوە دەیگوت: بێتاوانم. لە ترساندا نەیدەتوانی لەسەر پێ بوەستێ! سزادراوان بە پەڕۆیەك چاویان بەسترا بوو، دەستەكانیان شۆڕكردبووەوە خوارەوە، تەنیا یەكەم كەسی دەستەڕاست نەبێ كە ئەویش كارمەندی تەندروستی (ناسڕ سەلیمی) بوو، دەستی ڕاستی بریندار بوو و خستبوویە سەر سینگی. كاتێك كەریمی فەرمانی بۆ ڕیزە پاسدارەكە دەر كرد، كە ئامادەبن و بكەونە سەر ئەژنۆ، زۆری نەبرد دوای چەند ساتێك فەرمانی تەقەكردنی دا و هەر پاسدارێك گوللـەیەكی ئاراستەی دڵی كەسی بەرامبەری كرد و یەكە یەكە جەستەی 10 كەسە سڤیلەكە بەهەوادا فڕین و كەوتنە سەر ئەرد و تەپ و تۆزیان دروست كرد، تەنیا یەكیان نەبێت كە ئەو بریندارە بوو لەسەر (نەقالە) لەتەنیشی ڕیزبووەكان ڕاکشێنرابوو، ئەویش سەروەختێک ڕاکشابوو، گوللـەی ئاڕاستەكرا.
لەكۆتاییدا كەریمی یەكە یەكە بەسەر هەموو گولـلەبارانكراوەكاندا چووەوە کاتێک لەسەر ئەرد بەملا و ئەولادا كەوتبوون و هێشتا كەسیان گیانیان نەسپاردبوو، لەناو جانتا دەستییەكەیدا دەمانچەیەكی دەرهێنا و هەر یەكێكیان گولـلەیەك (گولـلەی ڕەحمەت) ئاڕاستەی كەللەی سەریان کرا و كۆتایی بە ژیانیان هێنا.
بێگومان هەر لەو ڕۆەژدا لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە دەیان كەسی تری سڤیل گوللـەبارانكران.
- وێنەكە دونیای هەژاند
ڕۆژی دواتر وێنەی گولـلەبارانكردنەكە لە ڕۆژنامەی (ئیتلاعات) بڵاو كرایەوە، كە هێشتا ئەم ڕۆژنامەیە سەر بە كۆمپانیایەك بوو، دواتر حكومەت دەستی بەسەر داگرت.
هەرلەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەكە، كە بە پیتی گەورە نووسرابوو: لە سنە و مەریوان و سەقز چل كەس گوللـە بارانكران. ئیتر ئەم وێنەیە بەخێرایی هەموو ئاژانس و ڕۆژنامەكانی جیهان مافی بڵاوكردنەوەی وێنەکەیان لە ڕۆژنامەی (ئیتڵاعات) كڕیەوە و لەهەموو دونیادا بڵاوكرایەوە، ڕژێمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران بەتەواوی شەرمەزار كرا و خرایە نێو بازنەی ڕژێمێكی تیرۆركاریی خوێنڕێژ.
- مەزنترین خەڵات بۆ وێنەگرێكی نادیار و گوم ناو!
لە 14/4/1980 لەلایەن لیژنەیەكی یەكێتیی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی (United Pres International) بڕیار درا كە ئەم وێنەیە بە باشترین وێنە هەڵبژێردرێ و مەزنترین خەڵاتی فۆتۆگرافی (لە جۆری وێنەهەواڵ) بە وێنەگرێكی گومناو ببەخشرێت كە ئەویش خەڵاتی بەناوبانگی پۆلیتزر (Pulitzer Prize) بوو.
- بۆچی بۆ ماوەی27 ساڵ وێنەگرەكە گومناو بوو؟!
تا ڕێكەوتی 27/8/1979 وێنەگری ڕۆژنامەوانی (جیهانگیر ڕازمی) (لەدایكبووی 1947) شتێكی ئەوتۆی دیار و مەزنی لە بواری وێنەهەواڵ و وێنەی ڕۆژنامەوانی نەكردبوو، بەڵام كاتێك ڕۆژنامەی (ئیتڵاعات) جیهانگیری لەگەڵ پەیامنێرێكی تر دەنێرێتە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ڕاپەڕینی جەماوەری تێیدا سەری هەڵدابوو، هاوكات لە شوێنی ڕووداوی گولـلەبارانكردنەكە ئامادە دەبێت و بەكامێرایەكی جۆری نیكۆن و بە كۆمەڵێك وێنەی ڕەش و سپی سات بەساتی ئەم تاوانە مەزنە تۆمار دەكات و هەر ئەو ڕۆژەش بە فڕۆكەی نێوان سنە و تاران بەهۆی یەكێكەوە فیلمە نەشۆراوەكان دەگەیەنێتە بارەگای ڕۆژنامەكەی كە تا ئەو كاتەش ڕۆژنامەیەكی كەرتی تایبەت بوو، هێشتا حكومەت دەستی بەسەردا نەگرتبوو.
جیهانگیر دواتر لەكاتی شەڕی عێراق- ئێران لە بەرەكانی جەنگدا بوو بە وێنەگری هەواڵ، تا ئەو كاتەی بە ساچمەی گوللـەهاوەنێك بریندار دەبێت و واز لە وێنەگریی هەواڵ دەهێنێ و خانەنشین دەبێ و ساڵۆنێك دادەمەزرێنیت بۆ وێنەگرتنی ئاهەنگی زەماوەند و بووك و زاواكان، پاشان لەگەڵ هاتنە سەر حوكمی چاكسازییخوازەكان (خاتەمەنی)، جیهانگیر كرا بە وێنەگری فەرمی خاتەمی و ئەنجومەنی وەزیران، تەنانەت تا سەردەمی ئەحمەدی نەژادیش هەر لەم ئەركەدا بوو.
بێگومان شاردنەوەی ناوی وێنەگرەكە بۆ ماوەی 27 ساڵ بۆ سەلامەتی گیانی ئەو بوو، تا 2006 ئەوكاتەی ئیتر پێویست بوو جیهانگیر چیتر بێدەنگ نەبێت و ڕاستی خاوەنداری وێنەكە ئاشكرا بكات و ڕاستی ڕووداوەكانی ئەم ئێوارە شوومەی شاری سنەش بە وردەكاری زۆرترەوە بخاتە ڕوو.