خوێنی پەیڤەكان

343
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: غەمگین خدر

 

ژەهرت بەسەر هەنگوینی پەیڤەكاندا ڕژاند

ئارەقەی جەستەی ڕەشهەڵگەڕا و تێكەڵ بە شەڕابی شەوی ژینم بوو

ئەوەندە مەست بووم

دونیام لە پێش ئەو شیعرەیش لە بیر كرد

تەنیا یادەوەریی تۆ

ئێسقانەكانمی بە پێستی ئەڤین داپۆشی

مەست بووم و تەنانەت ناوی خۆشم لە بیر چۆوە

تەنیا ناوی تۆ

فیكەی بۆ ڕۆژانی تێپەڕیوم لێ دەدا

هەر بۆ ئەوەی مۆتكەی ئەو بەدمەستییە بەرم بدات

لە فەزای پەیڤەكاندا

مەلەم كرد

خۆم هاویشتە ناو دەریا

دەریای بێ بنی شیعرێكی (ئارتۆر ڕامبۆ)وە

هەر بۆ ئەوەی هەست نەكەیت

پیاوێكی لاوازم، دەموچاوم بە پێکەنین قەرەباڵغ کرد

تاڵی ڕۆژ و تفتی شەوم

قووت دەدایەوە

كە فەزای قسەكانیشمان

زایەڵەی دەنگی تەقەی لێ هەستا

گوللە ئاسمانی ماڵەكەمانی كونكون كرد

قاوەی دەستەكانت

لەبەردەممدا سارد بووەوە

ئەڤینی گەرموگوڕت بووە بەستەڵەكی جەمسەرەكان و

دڵم چەشنی كوژراوێك سارد سارد

گوڵەكانی حەوشەش

بەفرێكی تووڕەی بەسەردا باری

هەموو هەبوونی پەیڤەكانت وێران كردن و

لەبەردەم شەبەنگی شیعردا خوێنت ڕێژتم

ڕۆحت لە ڕەندەی كوشتن دا و

لەناو مەرگێكی ناچاریدا بەسەر چاودا كەوتم و

بێ ڕووناكی بەزۆری هەستامەوە

نوقتەی كۆتایی ئەو چیرۆكەم ڕەشكردەوە

دەستكاری پەیڤەكانی ڕۆژگاری خۆم كرد

وەك سەگ برینی شیعرەكانم بە زمان دەلێستەوە

وەك پشیلە بۆنی دەستەكانتم بە ئازار ناسییەوە.

 

بۆ ئەوەی هەر وەفاداری پەنجەكانیشت بم

ئەڵقەكەت لە پەنجەمدا

گوڵی لێ ڕوواوە و

پەنجەم لەناو ئەڵقەكەتدا

گۆڕانی دەڵێت

ئەو ڕۆژگارانەی بەبێ ویستی من

هاتن و

هەرگیز تێنەپەڕین

وەك پێڵاوێكی كۆن فڕێیان دەدەم

ساڵەهای ساڵ دركم بەوە كردووە

ئەڤینداری بەس لە زماندا كورت ناكرێتەوە

دەبێت لە شیعردا بچینە دەرەوە

بە خوێنی تەڕی پەیڤەكان

داهاتوومان بنووسینەوە

ئەڤین قسەی ڕووت نییە

سەلماندنی مستێك خوێیە لەناو برین.

 

هەمدیسان بۆ هەبوونی تۆ

هەمدیسان بۆ ژیانێک هەناسەی تەنگە

ئەڤینی پاكی خۆم سەلماند و

ڕۆحی خۆم

لەناو مەرگی تۆدا

سەربڕی.

بڵاوکردنەوە: