ئیستیتیکیی هونەری باڵابوون لە سترانەکانی هۆزان کاوەدا

968
0
بڵاوکردنەوە:

نوسینی: بەرەڤان

هۆزان کاوە، یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و شۆڕشگێرەکانی باکووری کوردستان، کە ئێستاش لە کاری  هونەریدا بەردەوامە. بە گوتەی خۆی لە چاوپیکەوتنێکی لەگەڵ میدیای دهۆکدا، ئەو پێی وایە، ڕوژی لە دایکبوونیی شتێکی زۆر نهێنی و تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە، بە نادیاریی هێشتویەتەوە. لە هەموو کوردستاندا، گوێگری هەیە. لە نەوەتەکانی سەتەی  ڕابردوودا، هاتووەتە ناو کاری هونەری و بە تایبەتیش لە دوای دووهەزارەکانەوە، بە گوێگرەکانی هونەری کوردی ئاشنابووە. کە خاوەنی چەندین گۆرانی قوڵ، سۆزداری و شۆڕشگێڕییە. ئەم جۆرە نووسینە لەسەر کاوە، بۆ حەزی خۆم بۆ دەنگ و ئاوازی ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە، سترانە بێتام و بێڕۆحەکانی ئێستای کورد، بەتایبەت باشوور، مرۆ ناچاردەکات بەدوای جوانییدا بگەڕێت.

ئەوتشتەی ئەو گوتارەی خوڵقاند، پەیوەستە بە چەند پرسێکەوە سەبارەت بە هونەری سترانبێژی کاوە. باڵابوونی هونەری سترانبێژی کاوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ هونەر لەلای کاوە لە لە ڕۆحدا سەرچاوە دەگرێت؟ یان لە سروشت و دەرەوەی خۆی؟ بلیمەتبوونی کاوە پەیوەستە بە بلیمەتی هونەری ستراندنی باکوور؟ کاوە چەوا داهێنانی کردووە؟ ئاگامەندی هەیە سەبارەت بەو داهێنانەی دەیکات؟ چۆن هزر دەفوڕمێنێت؟.

ئەم نووسینە، لە ڕوانگەی ئێستاتیکای هیگڵ(١٧٧٠- ١٨٣١)، کە فەیلەسووفێکی ئاڵوزە، لەرووی تێگەیشتن لە هزرەکانی، ئەم پرسانە شلۆڤە دەکات. هیگڵ چونکە لە بنەماڵەیەکی پرۆتستانتی بوو، بەڕەچەڵەک سەر بە هەرێمی (کرنتیای) سەر بە نەمسایە، فردیناندی دووەم کە سەرۆکی ئەو هەرێمەبوو، کاسولیکییەکی توندڕەوبوو، بۆیە هیگڵ بۆ باشووری ئەڵمانیا، کۆچی کرد. هیگڵ بە فەلسەفەی یۆنانی، سەرسامبوو. هەرهوساژی، لە ڕوانگەی هیگڵەوە، بابەتی داهێنان و ڕۆحی ڕەها لە هونەری سترانبێژیدا، هەڤپەیڤین دەکەین. کاتێک باسی هیگڵ دەکەین، پێویستە چەند چەمکێک لەلای هیگڵ، ڕوونبکەینەوە. ئەمەش وادەکات پەیڤەکان لەسەر فەلسەفەی جوانیی و هونەر، چڕ و ڕوونبکاتەوە.

باڵابوونی هونەری داهێنان لەلای هیگڵ

ڕێبازی تێفکرینەکەی هیگڵ پەیوستە بە دیالێکتیکەوە، دیالێکتیکی هیگڵ پێکڤە هاوئاهەنگکردنی دژەکانە، تێز و ئەنتی تێز، واتە ئەم دژانە لە قوناغێکی نوێدا یەکدەگرن بە ناوی (کۆتێز)، دواتر ئەم کۆتێزەش دژی بۆ پەیدادەبێت. بە مانایەکی تر، هەست و بەرهەست یەکدەگرن لە بەرهەمی هونەریدا وەک: مۆسیقا، شیعر، نیگارکێشی ..هتد. بەڵام دواتر، ئەم بەرهەمانەش هەڵگری دژن.

کەچی باڵایی لەلای هیگڵ لەوکاتەدا دێتەبوون، کە دونیای هزر و هەست لەگەڵ دونیای دەرەوە و ماددە/بەرهەست لە فۆرمێکدا خۆیان بخەمڵێنن. ئەم خەمڵاندنە، دەبێتە خولقاندن و ئافڕاندن، ئەم ئافڕاندنە دەبێتە باڵابوون. بەجۆرێک لە جۆرەکان باڵابوون لەناو هەموو شتێکدا بوونی خۆی هەیە، ئەم باڵابوونە، لەناو هەموو چەمک و تێزەکان و هزری هیگڵیشدا هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە و دیالێکتیکیش بۆ ئەو دەگەڕێتەوە و لە کوراهی هەموو بزاڤێکی جیهان، ڕۆڵی خۆی هەیە، باڵایی مەبەستێکی شاراوەیە[1]. مەبەست لە شاراوەی باڵابوون، ئەوەیە کە وزەیەکی بەرهەست نییە، بڵێین ئەوە باڵابوونە، بەڵکو پەیوەندی بە بلیمەتبوونی هونەرمەند و ڕوحی ڕەهاوە هەیە. چونکە، کاتێک بلیمەتێک ڕوح دەفوڕمێنێت، ئافراندن دێتەبوون. باڵابوونیش، لەناو بلیمەتی تاکەکەس، نەتەوە، ڕوح و ئافراندن، بوونی هەیە. بۆیەش هونەر لە ڕوحی ڕەهادا، بە باڵابوونی خۆی، دەگات.

هونەر لەلای هیگڵ

هیگڵ تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ هونەر و مێژووی هونەریش، هەیە. هونەر لە ئاستی فەلسەفە و دیندایە، بەڵام لە ناو ڕۆمانتیکیەتدا، مەرگی هونەر ڕادەگەیەنێت. ئەوەی دەخوازرێ ڕوونبکەینەوە هونەر چییە لەلای هیگڵ. کەواتە، پرسیارێک دێتەبوون، جوانی هونەر باڵاتر و بەشکۆترە یان جوانی سروشت؟

هیگڵ پێی وایە، ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، لە شێوەوەرگرتن، یان بە ڕووخساربوون و بە خەمڵاندن دێتەبوون، چونکە هیگڵ بەدوای ڕوحی ڕەهاوەیە، هونەر دەتوانێ بگاتە حەقیقەتێکی ڕەهایی. هاوکات، لە مەسەلەی هونەردا ئەوە دێنێتە سەرزمان، کە ئەرکی هونەر ئەوە نییە شتێک دەرببڕێ کە پێشتر هەبووە، بە مانایەکی تر، هونەری ڕیالیستی کە لە ناو واقیعدا چ هەیە بیگوێزییەوە داهێنان نییە، چونکە پێشتر هەبووە. کەوایە ”هونەر لەدیدی هێگڵەوە لەلایەکەوە سروشتی نێواخندۆزیانەی هەیە و ئەمەش بۆ چرکەساتی پەیدابوون و ئافراندنی دەگەڕێتەوە و هەم بۆ چرکەساتی وەرگرتن و درکپێکردنی لەلایەن بەرامبەر (خوێنەر- گوێگر)ەوە”، ئەمە ئەو دۆخە دژییەکەی هیگڵە، کە لە دوای داهێنانیش، واتە لە دوای (کۆتێز)یش، لێکدژی بوونی هەیە.

لە سروشتدا جوانیی هەیە، بەڵام ئەم جوانییە ناگاتە ڕەهایی و باڵاییبوون. چونکە ”زادەی ئۆرڤەن (رۆح) نییە، نایەتە زانین”[2]، ئافراندن لە ڕۆحەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوە ڕۆحە، جوانیی و هونەریش دەخوڵقێنێت، سرووشت ڕۆحی نییە، کەوایە داهێنان و خوڵقاندنی نییە، تەنها جوانییەکی سروشتی و بێڕۆحی هەیە، بۆیە مادەم سروشت ڕۆحی نییە، داهێنانیشی نییە، ئەمەش وادەکات ڕۆحی ڕەها تەنها لە هونەردا بێتەبوون. ڕۆح مەحکوومە، بە دۆزینەوە و داهێنان و گەیشتن بە حەقیقەتی ڕەهایی و باڵابوون.

لەگەڵ ئەمەشدا، جوانیی لەلای هیگڵ ئەو ئایدیایەیە، کە لە شێوەی هەستەکیدا خۆی دەنوێنێ، لەهەمانکاتدا، هونەر ئەو ڕۆحەیە، بە پەیوەستییەوە خۆی دەنوینێ، جوانیی لەخۆیەوە نایەتە بوون و بوونێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خود(سوبێکت)ەوە، پەیوەستە بە ڕۆح و هزرەوە. هونەر، دین و فەلسەفە یەک ناوەڕۆکیان هەیە، ئەویش ڕۆحی ڕەهایە، حەقیقەتی ڕەهایە، بەڵام لە فۆرمدا جیاوازن، بەتایبەت ئەو فۆرمەی، کە ناوەڕۆکەکە بەرجەستە دەکاتەوە.

مێژووی هونەر

دیالێکتیکی نێوان (ناوەڕۆك و فۆڕم) لە هونەرسازیدا، هیگڵ دەگەیەنێتە پۆلێنبەندییەک لە ڕەوتی مێژوودا. ئەمەش وادەکات هونەر بەسەر سێ قوناغدا دابەشبکات، سەرەتای هونەر و گەشەی هونەر و مردنی هونەر. کە ئەم قوناغانە، بە بڕوای هیگڵ بە ڕیزبەندی دێن. بەڵام لێرەدا پێویست دەکات ڕوونکردنەوەیەکی کورت لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بدەین، کە لە سێ بەش پێکدێت. یەکەمیان: هزر(ئایدیا)ە، ئەو هەقیقەتەی لە خودی خۆیدایە، بە مانایەکی تر لایەنی تیۆری فەلسەفەکەیە. دووەمیان: فەلسەفەی سرووشتە، کە هزر لە خودی خۆیەوە بۆ دەرەوەی خۆی واتە سرووشت، دەڕوات. سێیەمیان: بریتییە لە هۆش، کە ئەمەش لە سروشتەوە بۆ خودی خۆی، دەگەڕێتەوە. واتە بۆ هزر دەگەڕێتەوە. بەشێکی زۆری فەلسەفەی هیگڵ بەم سێکوچکەیەوە بەندە.

هیگڵ قۆناغی سەرەتایەی هونەر، بە هونەری سیمبول، ناوی دەبات.

  • هونەری سیمبولی: ئەم هونەرە لە سێکوچکەی هیگڵدا، وا دەردەکەوێت کە هزر، ڕۆح، ڕەهایی و حەقیقەت لەم هونەرەدا، نەیتوانیوە خۆی بە جوانی لە فۆرمدا، دەربخات. بۆیە پەنای بۆ ڕەمز بردووە. بە مانایەکی تر، لێرەدا هزر ڕووی لە دەرەوی خۆی کردووە، ڕووی لە سرووشت کردووە، بەڵام نەیتوانیوە ئاوێتەیی ببێت و دواتر وەکو هۆش یان زانین بگەڕێتەوە ناوخۆی. سیمبول وەکو ئاماژەیەکی ئاڵۆز تەعبیر لە هۆش و هزرەکان دەکات. بەمەش هیگڵ هونەری میسری کۆن(فیرعەونەکان) دەخاتە ئەم خانەیەوە.

لە گەڵ ئەوەشدا، چۆن هونەر سیمبولی هەیە، زمانیش سیمبولی خۆی هەیە. چونکە ”دەنگەکانی زمان سیمبولێکن کە ئاماژە بۆ شتەکانی جیهان دەکەن، بەڵام ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەنگەکانی زمان و ”ئاماژەبۆکراو”دا (شتەکانی جیهان) نییە، چونکە تێگەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازن”، ئەمەش وادەکات سیمبولی هونەری و زمانی لێک جیاواز بن، لەبەرئەوەی لە کاری هونەریدا ئاماژەیەکی بێ پێچ و پەنا بۆ (ئاماژەبۆکراو) هەیە، بەڵام ئەمە لە سیمبولی زماندا بوونی نییە.

  • هونەری کلاسیکی: هیگڵ گەشەی هونەری بە هونەری کلاسیک، ناویبردووە. کە ئەمەش بە پێچەوانەی هونەری سیمبولە، هونەری کلاسیکی هاڕمۆنییەتی و هاوئاهەنگی لە نێوان ناوەڕۆک و فۆرمدا، درووست دەکات. ئەم یەکانگیرییەش بە دیدگای هیگڵ لە پەیکەرسازی یۆنانیدا، دەگاتە لوتکە. هەروەها، هونەری سیمبولی لە خواوە سەرچاوەی دەگرت، بەڵام، هونەری کلاسیکی لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە. هونەر لە کلاسیکدا، بە باڵایی خۆی، دەگات. چونکە ڕەهایی یان حەقیقەت، کە لە خودەوە هاتە دەر، دواتر دەبێتەوە بابەت(ئوبێکت)ی خۆی. بە مانایەکی تر، خود(سوبێکت) کە لەگەڵ سروشت یان فۆرم یەکدەگرێت، بەخۆی دەبێتەوە بابەت(ئوبێکت)ی خۆی. بەمپێیە دا‌هێنان دەگاتە حەقیقەتی ڕەهایی لە هونەردا. چونکە، ڕوحی ڕەها لە هونەردا، لە بەشێوەییبووندا، دەردەکەوێت. خودا خۆی لە فۆڕمدا، لە شێوەی جوانیی پیشاندەدات، ئەم خودایەش کە هیگڵ باسی دەکات ڕوحی ڕەهایە.
  • هونەری ڕۆمانتیکی: هیگڵ قوناغی کۆتایی هونەری بە ڕۆمانتیک، ناساندووە. ئەو یەکگرتنەی فۆرم و ناوەڕۆک لە کلاسیکدا هەبوو، لە ڕۆمانتیکدا نامێنێت. ئەمەش بۆ خودخوازیی دەگەڕێتەوە، کە ڕۆمانتیکییەت ناوەڕۆک بە شتێکی باڵا دەزانێت و فۆڕم ئەو باڵاییەی ناوەڕۆک هەڵناگرێت، بە دەربڕینێکی تر، ڕۆمانتیکییەت زیاتر خودخوازییە، واتە لەگەڵ دەرەوەی خۆی ناسازێ. ئەمەش وادەکات هونەری ڕۆمانتیکی لەگەڵ فۆرم نەسازێ، بەمەش داهێنان ڕوونادات، چونکە هیگڵ پێی وانییە بەبێ یەکگرتنی ناوەڕۆک و فۆرم، داهێنان درووست ببێت. بۆیە، هیگڵ (مەرگی هونەر)ی ڕاگەیاندووە.

هەرچەندە هونەری ڕۆمانتیکی بەرجەستەکەرەوەی ڕۆحی هونەرمەندە، بەڵام زمانی ڕۆمانتیک، زمانی نەسازان و نەگونجانە کە هیگڵ بە (هەپروون بوون) ناودێری دەکات[3]، ئەم زمانەش ناتوانێ هاڕمۆنییەت درووست بکات. لەهەمانکاتدا، مەرگی هونەر لە هونەری ڕۆمانتیکیدا، پەیوەستە بە تێڕوانینی هیگڵ سەبارەت بە کۆمەڵگای مۆدێرن، پێی وایە مرۆڤی مودێرن ناتوانێت لە ڕێگای هونەرەوە خۆی بدۆزێتەوە. چونکە هونەر لە ژینگەیەکی دوورلە جوانیناسی ناتوانێ بەیانگەر بێت. هونەر لە ڕۆمانتیکییەت و کومەڵگای مودێرندا، دەبێتە بابەتێک کە ئەکادیمیا قسەی لەسەربکات، نەک داهێنان بکات. ئەکادیمیا ناتوانێت هونەرمەندی بلیمەت درووستبکات، بەڵکو تەنها ئیش لەسەر بابەتی هونەر دەکات. ئەم تێگەیشتنەی هیگڵ سەبارەت بە نەمانی هونەر، پەیوەستە بەوەی کە ئەوروپا دەگاتە کۆتایی مێژوو. بۆیەش، لە سەردەمی مودێرندا(ڕۆمانتیکییەتدا)، چیتر داهێنان نامێنێ.

کەواتە، هونەری کلاسیکی بە هۆی یەکگرتنی هزر و فۆرم، کامڵترین دەربڕینی هونەرە. بەڵام لە ڕۆمانتیکییەتیشدا، ڕۆح زیاتر خۆیدەنوێنێ. هەروەها، هیگڵ بۆ ئەم ڕۆحە چەند هونەرێک دەهێنێتەوە، کە تاڕادەیەک ڕۆحیان ئاشکرا کرد، لەوانەش: بیناکاری، پەیکەرسازی، شێوەکاری، مۆسیقا و شیعر. کە بیناکاری دەچیتە هونەری سیمبولەوە، پەیکەرسازیش دەچێتەوە خانەی هونەری کلاسیکەوە، شێوەکاری و مۆسیقا و شیعریش دەچنە خانەی هونەری ڕۆمانتیکییەوە.

مۆسیقا و شیعر

مۆسیقا زیاتر هونەرێکی هەستی و خودییە. چونکە بابەت لە مۆسیقادا، بە تەواوی پەراوێزخراوە، ئەمەش وادەکات زەینیترین و سۆزدارترین هونەر بێت. شیعریش بەهەمانشێوە، زیاتر هەستییە تا بەرهەستیی بێت. لێرەدا، فۆرم بە تەواوی بەلاوە خرا، چونکە زیاتر ڕۆحانین، مۆسیقا و شیعر؛ ناتوانن لەگەڵ فۆرم هاوئاهەنگ بن.

هونەرمەند لەلای هیگڵ

هونەرمەندە لەلای هیگڵ، ڕۆحی موتڵەق دەدۆزێتەوە و داهێنان دەکات. بەڵام ئەم داهێنان و دۆزینەوەیە لە کوێ سەرچاوە دەگرێت؟ ئەمە وادەکات هیگڵ باس لە بلیمەتیی هونەرمەند بکات. ئایا هونەرمەند لە بنەڕەتدا بلیمەتە؟ ئەو بلیمەتییە تەنها لە خودی خۆیدایە یان پەیوەندی بە جڤاک و ژینگەی دەورووبەر و مێژووی هونەرمەندەوە هەیە؟ هیگڵ پێیوایە  بلیمەتی تەنها پەیوەندی بە کەسێک و داهێنەرێکەوە نییە. بەڵکو پەیوەستە بە هەموو داهێنەرەکان. واتە مانایەکی گشتیی هەیە. ئەم بلیمەتییەش لە سێ دیدگاوە دیاری دەکات. کە وێناکردن، بەهرەمەندی و سرووشن. وێناکردن لەلای هیگڵ، زیاتر پەیوەستە بە خەیاڵکردنەوە، واتە هونەرمەند چۆن خەیاڵدەکات و خەیاڵەکانی چی بەرهەمدەهێنن، جیاوازی چییە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی. بە مانایەکی تر، دیدگایە. بۆیە ”وێڕای یادەوەرییەکی بەهێز بۆ گلدانەوەی وێنە جۆراوجۆرەکانی جیهانی سێنسی. ڕۆڵی هونەرمەندیش  ڕێکخستنەوەی ئەو وێنانەیە بە پێی ئاگامەندیەکەی سەبارەت بە (ئیدێ)ی خوایەتی”، هونەرمەند لەگەڵ خودی خۆی دەژی، بۆیە ئەم یادەوەرییەی خۆی دەیکات بە بەرهەمی هونەری. هەروەها، هونەری ڕەسەن یان زەینی ڕەسەن، ئەوەیە کە توانای گلدانەوەی زۆری هەبێت، هونەرمەند دەبێ هەستێکی وەها ناسکی هەبێت هەموو شت ببینێت و هەموو شت ببیستێت، لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە هەست و قوڵایی دەروونی خۆی، لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، گوزارشت بکات.

لەسەروبەندی ئەمەشدا، هونەرمەند بە شێوەیەکی نائاگایی ئەم ڕۆحە دەفوڕمێنێت، واتە هوشیارییەکی ئاوەزمەندانەی نییە سەبارەت بەوەی کە دایهێناوە. بە تێڕوانینی هیگڵ، ئەمە ئیشی فەلسەفەیە، کە ئەوە ڕوونبکاتەوە هونەرمەند چی کردووە، یان چۆن دایهێناوە. چونکە خورپەی هونەرمەند وەکو وزەیەکە و هونەرمەند ئاگای لێنییە وەکو زانین، بۆیە ناتوانێ ئەوە ڕوونبکاتەوە کە کوسای خوڵقاندووە[4]

هەروەها، هەرچەندە مرۆڤ بلیمەت بێت، پێویستی بە فێربوون و لێزانین و خۆ درووستکردن هەیە. سنووری بلیمەتیش لەلای هیگڵ تەنها لە تاکەکەسیدا نامێنێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە بلیمەتی نەتەوەیی[5].

هەرچی سرووشە لەلای هیگڵ، پەیوەندی بە ئامادەیی ناوەڕۆکی هونەرمەند خۆیەوە هەیە، سروشتی جوان و دیمەنی دڵڕفێن نابنە هۆی سرووش بەخش بۆ هونەرمەند، هەروەها ویستی هونەرمەندیش بۆ داهێنان نابێتە هۆی سرووش، بەڵکو وێنەیەک لە زەینی هونەرمەنددا هەیە، بە ئاوەزمەندی دەیفۆڕمێنێت، یاخود خودی هونەرمەند بخزێتە قوڵایی ئەو شتەی کە دەیەوێت بیفوڕمێنێت[6]. ئەو هەستەی هونەرمەند هەیەتی، توانایەکی بەهێزی یادەوەری هەیە، ئەمەش گەورەترین کۆگای سرووشی هونەرمەندە. چونکە، هیگل سرووشی هونەرمەند، بە هەست و ئاوەزی هونەرمەند، پەیوەستدەکات.

کەواتە، بەهرەمەندی، ئامادەیی سروشتی، بلیمەتی هونەرمەند، بلیمەتیی نەتەوەیی، ناوەڕۆک و فۆڕمە دەرەکییەکان هەموویان پێکەوە، ڕوحی ڕەها لە هونەردا، دەخەمڵێنن.

جوانیناسی لە سترانەکانی هۆزان کاوەدا

ئەگەر، سەرنج بخەینە سەر پاشخانی بلیمەتیی، لە هونەری سترانبێژی باکووردا، ئەوا، بۆ بارودۆخی سیاسی و سرووشتی چیای و دەنگبێژیی، پەلکێشمان دەکات. کە ئەمەش تایبەتمەندی هونەری باکوورە. هاوکات، قەدەغەکردنی زمان لە ئاخافتن، ستراندن و خوێندنیش، لەبەرئەمەیە، کە لە موسیقادا هزری  خۆیان دەفۆڕمێنن. بە مانایەکی تر، قەدەغەکردنی زمان، بەرەنگاری و کولتووری بیرکردنەوە لە هونەردا، دەخەنە ڕوو. هەر لەو ماوەیەدا، بە پاساوی ئەوەی گەنجێک، گوێی لە گورانی کوردی ڕاگرتووە، کوشتیان. بە تێڕوانینی هیگڵ، هۆزان کاوە یەکێکە لەو هونەرمەندانەی، کە لەسەر ئەو یاداوەرییە ئیشی کردووە. بارودۆخی سیاسیش، سەرچاوەی هزری گۆرانییە شۆڕشگێرییەکانی باکوورە، بەتایبەت لە ١٩٩٩ەوە، تا ئێستا گرتنی ئاپۆ، بەرەنگاری گەریلایەکان دژی ڕژێمی فاشیستی تورک، ئەمەش وادەکات کاوە، هزر و ڕۆح لە ستراندا، بفوڕمێنێت. هەروەها، دەنگە تایبەتیی و چیاییەکەی هونەرمەندانی باکوور، پەیوەندی بە سروشتی چیا و ژینگەوە هەیە. کە چیا لەوێ ڕەمز و وێنەی تایبەتی هەیە، لەلای هونەرمەندان، کە هەر یەکێکیان، لە فۆڕمێکی جیاوازدا، بەرجەستە دەکەنەوە. نەک هەر کاوە، بەڵکو چەندین هونەرمەندی دیکەی باکوور، بە ستایلی تایبەتی خۆیان، ئەو ڕۆحە دەفوڕمێنن. لەوانەش: ڕۆژدا، شەهریبانا کوردی، هۆزان سەرحەد، ئارام تیگران، ئاینوور دۆغان، دیاردێرسیم، خەلیل خەمگین، کەماڵێ ئامەد، هۆزان دینو، بەیتوجان، سەیدا پەرینچەک ….هتد. ئەمە بێجگە لەوەی چەند کۆم(گروپ)یان هەنە، کە سترانیان لەسەر شۆڕش و زمان، خوێندووە.

لە کولتووری سترانبێژی کوردیدا، زەمینەیەک هەیە، کە هونەرمەند بتوانێت لێیەوە بخوێنێت. ڕۆحی کوردی بکاتە دەنگ و ئاواز، بە موزیک و هەست، خۆی نەمر بکات. کام هونەرمەند نەمر دەبێت و دەبێتە بەشێک لە کولتوور، ئەمەیان پێویستی بە ڕۆحییەتێکی داهێنەرانەی سترانبێژ و زمانی کوردی هەیە، هەموو ئەمانەش یەکایەتییەکی پێویستە کە بتوانێت جوانیی بخوڵقێنێت  لە جەستەی ستراندا، نمایشیان بکات.

ستایلی سترانخوێندنی کاوە، دەتوانین بە کورتەئاواز، ناویان بنێین. چونکە زۆربەی گۆرانییەکانی لەکاتی ستراندنیدا، هەر لە سەرەتایەکەیدا بە دوو وشە تا چوار وشە، تایپی ئاوازی یەکەم تەواودەبێت. بۆ ڕۆشنایی قسەکانمان یەکەمین گۆرانی کاوە وەردەگرین. ئەویش سترانی (کانی کانی)ییە.

ئەم سترانە، کەم تا زۆڕ لە یادەوەری زۆربەی کورددا زیندووە، هەرچەندە کاوە بە سترانی (حەلیام) کە بە سەرۆک ئاپۆی گوتووە، ناوبانگبووە. بەڵام هونەری کاوە لە گۆرانی (کانی کانی)دا گەیشتە ڕوحی ڕەها. ئەمەش بۆ تایبەتمەندییەکی زۆر ورد دەگەڕێتەوە، ئەویش ” کولتووری کۆمەڵایەتی و خۆشەویستیی، لە هونەری مودێرندا، بەرجەستە دەکاتەوە”، لە هەمانکاتدا، ئاوازی ئەم گۆرانییە زۆر پڕ و تێرە بە دەنگی کاوە، پڕکردنی ئاواز بە دەنگی خۆی ئەمە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکانی هونەرەکەی. موزیکەکەی خودی و ڕۆحییە. بەزۆڕی بەشوودانی کچی کورد بەشێک بووە لە کولتووری کورد، گۆرانی کۆنی کوردیش کاتێک باسی ئەم کێشەیەیان دەکرد، هەر بە ستایلی کۆن و هونەری کلاسیکی کوردی کە (دەنگبێژ)ی باکووریە، دەیانلاوەندەوە. وەکو: شاکرۆ، کاویس ئاغا، محمد عارف، کاراپاتێ خاچۆ و هتد… بەڵام، کاوە ئەو ڕۆحە غەمگینییەی لە ئاواز و موزیکی مودێرندا، بەرجەستەکردەوە. واتە یادەوەری ئەم بەسەرهاتە لە بوونمان ئامادە دەکات. هەروەک هیگڵ دەیگووت ئەو بلیمەتییەی کاوە پەیوەندی بە هونەری سترانگووتنی باکوورەوە هەیە، کە ڕەگەکەی لە ناو دەنگبێژیی دایە و پەیوەندی بە کولتووری چیاوە هەیە. ئەو حەسرەت و کولتوورە، لە ناو هونەردا، جورێک لە تایبەتمەندی بە هونەری سترانگوتنی باکووردەدات، بەرجەستە کردنەوەی ئەو بلیمەتییەیە. چونکە کورد لە وتەی مێژووی دیارە، سترانبێژیی هەبووە. خاوەنی چەندین جۆر ستایلی تایبەت بە خۆیە. بۆیە، کاوەش بە ئاواز، موزیک، هەست و دەنگێکی تایبەتیی، خوڵقاندووە. بە مانایەکی تر، موسیقا و نواندنەکەی لە بەرگێکی مۆدێرندا، کە تایبەتە بە خۆی و ستایلی خۆی، ڕۆحێکی دیکەی بە هونەر، بەخشی.

کاوە ئەو بلیمەتییەی کە وەرگرتووە، لە جەستەیەکی نوێدا، دەخاتەڕوو. کە مرۆڤ هەستناکات ئەمە سترانێکی کۆنە، یان دەنگبێژییە، بەڵکو لە فۆرم و ئاوازێکی تردا، دەیاننەخشێنێت.

ڕوحی ڕەها لەم گۆرانییەدا، بە یەکایەتی بوونی ڕۆح و ئاواز و دەنگ و موزیک، دێتەبوون. ئەو هەستەی کاوە هەیبووە، بە عەقڵ و لێزانینی نەخشاندوویەتی. سرووشی کاوە لەم گۆرانییەدا، بە وتەی هیگڵ، لە ناو خودیدایە و پەرەیپێداوە، چۆن بیکاتە تشتێک و بباتە دەرەوی خۆی. واتە کاوە وەک هزر ئەم ئاواز و پەیڤانەی لە هەستیدا بووە، دەریبڕیوە و دواتر وەکو هۆش بۆ خۆی و گوێگرەکانی، خەمڵاندووە. دەنگی ڕۆحی لە گەڵ ئاوازدا یەکانگیر دەبێت و دواتر خۆیان لە ناو ژێیەکانی ئامێرێکی ژەنین دەبیننەوە، بەم شێوەیە سەمای ڕوحی دەکەن بە یەکەوە و هاوکات خۆیان لە ناو هۆش و ڕۆحی بیسەر، دەبیننەوە. چونکە بەرهەمێک لە ڕۆحەوە سەرچاوە بگرێت، لە ڕۆحیش دادەنیشێت.

ئەم گۆرانییە، بە وتەی هیگڵ دەچێتە خانەی هونەری کلاسیکییەوە، چونکە ناوەڕۆک و فۆڕم یەکدەگرن. خود و بابەت تێکدەئاڵێن و لە جەستەی گۆرانیدا، دەزرینگێنەوە. ئەمەش وادەکات ئەو واقیعەی هەیە بە گوتەی هیگڵ، تێکەڵ بە خەیاڵ و هەست دەکرێت و شێوە وەردەگرێت و جوانی نمایشدەکات. مرۆ کاتێک خەم و ئازار و یادەوەریی لە ڕوحیدا، دەتوێنەوە، تەنها ڕێگای ئافراندن و جوانینواندنی لێ دەبێتە ئازادبوون. ئەمەش خۆی باڵابوونە. هەروەها، ئارتور رامبۆ دەڵێت: ”شاعیر {هونەرمەند} پێویستە ئەو نادیارییە گەمارۆ بدات کە لە سەردەمی ئەودا خەرمانەیەکی لە ناخی جیهانیدا فەراهەم کردووە، بەلام داهێنەری ”ڕوانینوان” بۆ دۆزینەوەی ئەو نادیارییە، شێوەی تازەی پێویستە”[7]، ئەمە یەکانگیرییەکی جوانی هەیە لەگەڵ تێڕوانینی هیگڵ. لەم ڕوانگەیەوە، گۆرانییەکانی کاوە، بەدوای ئەو باڵابوونە ڕۆحییەی، کە لە پەیڤ و ئاوازەکاندا، خۆیان مەڵاسداوە، دەگەڕێن. دووبارە ژیان و کولتووری کوردیی لە هونەردا، دەخوڵقێنێت.

بەهۆی ئەو دۆخە سەرگەردانییەی کورد تێیکەوتووە، هەم لە ڕووی ژیان و هونەر و ستران و هتد… ئەمە وایکردووە مرۆڤی کورد، یاخود داهێنەری کورد، لە هونەرەکەیدا، بەدوای ژیاندا بگەڕێت.  واتە؛ ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، بەرجەستە بکاتەوە. کاوە لەم سۆنگەیەوە، لە گۆرانییە ناوازەکەی بە ناوی (ڕاستی)، دەگاتە قوڵایی ڕۆح. چونکە پرسیارێکی زۆر گرنگ دەورووژێنێ، لە جەستەی سترانەکەدا. ئەویش ئەوەیە دەڵێت: ”ڕاستی ل کویە؟ ڕاستیێ ژ من بێژن. هۆ گەلێمنۆ ئێدی ژێ وەرە”، ئەو دۆخە سەگڕەفتارییەی کورد تێیدایە، نە حەقیقەتێک مانای ماوە، نە سترانبێژێکی بلیمەت ماوە، ئەکادیمیای کوردیش، توانای ئەوەی نییە، لەسەر بابەتی هونەریش قسەبکات، چ جای هونەرمەندی بلیمەت بەرهەمبهێنێ. بە دەیان پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەشی هونەری هەیە، کەچی هونەر، هەر لە پاشەکشێدایە. بۆیە ئێمەش لەگەڵ دەنگی هونەریانەی کاوە دەپرسین، حەقیقەت لە کوێیە هەڤاڵنۆ؟ لە هەمان گۆرانیدا کاوە بە تۆزێک هۆشیارییەوە لە کۆپلەی دووەمی گۆرانییەکە، کە بە دەنگ و ئاوازێکی دۆپاتکردنەوە و جەختکردنەوەدا، واتە لە جەوابەکەیدا دەبێژێ: ”ئەزێ بیژم ئەزێ بێژم، سەر ڤێ ڕەوشێ دەنگبێژم، ئەزێ بێژم ببێژم، کا وەلاتێ مە کانی”، ئاواز خۆی قسە دەکات. بۆیە، ئاوازی ئەم سترانە، بە نەرمی و پرسیارکردن دەستپێدەکات. بەڵام، لە دوایدا بە دەنگێکی خورت و بۆ ناو خودی خۆی دەگەڕێتەوە، جەخت لەسەر خودی خۆیدەکاتەوە و دەڵێت: دەنگبێژم و بۆ ئەم پرسانە دەسترێنم. چونکە لەلای مرۆ، یەکەمجار پرسیار دەورووژێ، دواتر شۆڕش، یاخیبوون و بەرەنگاریی، سەرهەڵدەدەن. کاوەش، لەم سترانەدا، درێژە بە بەرەنگارییەکەی خۆی دەداتەوە.

هەروەها، یەکێکی تر لە گۆرانییەکانی کاوە، کە لەلای من زۆر تایبەتە بە ناوی (حوجرا تاری)یە، لەم گۆرانییەدا لە وێنەکردنیشیدا دیارە ئەگەر سەرنجی لێبدرێ. کاوە لە ناودۆخێکی پڕ ناعەدالەتی و نەخوازراودا، ئەو هەموو مەینەتی و ئازارەی لە دڵی مرۆڤدا، پەنگی خواردووە، بە ئاواز و ستراندن، دێنێتە سەرزمان. دواتر، ئەم دیمەنانە کاری تێدەکەن و ئەوجار دەست بۆ مایکی ستراندن، دەبات. بەڵام لێرە لە باشوور ناهونەرمەند کەی دەست بۆ سترانگوتن دەبات، ئەوکاتەی کچێک ڕەفزی پێدا، یان بەهۆی بازاڕ و پارەپەیداکردن و ناوبانگ پەیداکردن، کە بە وشەی کومێدی و پەیڤی داماڵڕاو لە جوانی و بەها، هەروەها، بە کچ و سەیارە و ماددە، وێنەی سترانەکەیان دەگرن. کەچی توزقاڵە ڕوحیبوون و تایبەتمەندییەکی تێدا نییە. تایبەتمەندییەکی تری ئەم گۆرانییە ئەوەیە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە ئەم گازەندەییە. چونکە موزیک ”هونەری بەیانکردنی هەستەکانی مرۆڤە لە بۆتە [[form ی دەنگدا و وابەستەی هەستە خودییە دەروونییەکانێتی. گوزارشتی ئەم هونەرە بە (ئاواز، هارمۆنی، بەرزی و نزمی دەنگ، ڕیتم، تیمبەر، ئارتیکولەیشن) وابەستەیە”، ئاوازی ئەم گۆرانییە لە دەنگێکی بەرز و توڕەیی ڕۆحەوە دەستپێدەکات. ئەمەش، وەکو ئەوەی دەنگی بەرز و ئاوازەکە، ڕۆح و ئەندێشەکانی کاوە لە یەکایەتی ستراندا، بنەخشێنن. بەلام لە ئاوازی دواتردا، بەرزی دەنگ کەمێک نزم دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیەش چەندجار دووبارە دەبێتەوە. وەکو ئەوەی وێنای میژووی مرۆڤایەتی بکات. کەچەندین جار مرۆڤایەتی توشی تاڵانکاری هاتووە و هەر بێهیواشبووین. لە کۆپلەیەکدا، دەڵێت: ”چاخام خوەدی ل ڤێ دنێ، هەرتم ل من بەلایە، چ دنیاکی درەوینە چما داوی لێ نایێ”، ئەمە دەرخەری ئەو بلیمەتییەیە، کە بەم شێوە لە هونەردا ڕەنگدەداتەوە. زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحە لە بۆتەکانی ستران و ڕیتمی گۆرانی بالایی. هاوکات، ئەم سترانە بە دوو دەنگ دەگووترێ کە تێکەڵ بە یەکن، دەنگێکیان ئاوازەکەی نزم و خاوە، دەنگەکەی تر، بەرز و توندە، کە هەردووکیشیان دەنگی کاوەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ بە گوتەی هیگڵ کە دەیگوت (کۆتێز)یش لێکدژی هەڵدەگرێ. بۆیە، لێرەشدا بەرهەمی هونەری دیالێکتیکە، بە دوو دەنگی دژیەک ئەوها لە (کۆتێز)دا، دلەرنەڤە. بە دەنگێکی پڕ حەسرەتەوە، لە کۆپلەی کۆتایدا، مەرگی ڕوحی هاوکاری و مرۆڤایەتی ڕادەگەیەنێت. وەک چۆن هیگڵ لە ڕۆمانتیکییەتدا مەرگی هونەری راگەیاند، چونکە زۆر خودییە و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ناسازێ. کاوەش لێرەدا، دەڵێ” دکم قێڕین دبێم گازی کەس هاوارا من نایێ، ئەوێ کەتی کەس لێ تونە، توکەسی دەست نەدایێ، تەنێ مامە ل ڤێ دونێ من نە دوست و برایە”، کاوەش لێرەدا تەنها هونەرەکەی خۆی و سترانەکەی خۆمان بۆ بەجێ دەهێڵێ، بە مانایەکی تر، ڕوحی زیندوو تەنها لە گۆرانیدا بۆمان وێنا دەکات و ڕوو لە خودی خۆی دەکاتەوە. واتە؛ هزری کاوە ڕوو لەدەرەوەی خۆیدەکات، لەگەڵ سروشتی نادادیدا، ناسازێ، بۆیە ڕوو لەناو خۆیدەکاتەوە و من نە دوست و برایە. گیانی هاوکاری مرۆڤایەتی، لەلای کەس نەمایە، کەس یارمەتی دەرەوەی خۆی نادات. کاوەش، ئەو جیهانە هزری و هەستییەی خۆی لە ستراندا، بەیاندەکات. بەمپێیەش هونەر (بەیانگەر)ە.

ئەگەر مرۆڤ، بیەوێت یان حەزبکات یان هوشیاری هەبێت. بە ئاسانی دەتوانێت هونەرمەندی بلیمەت و لاسایکەرەوە و سوک، لەیەکدی جودا بکاتەوە. بەڵام، ئەمەش بۆ تێڕوانینی جوانیناسی گوێگر دەگەڕێتەوە. هاوکات، گوێگر جوانیناسییەکی تایبەتی هەیە؟ یان گشتی؟ چونکە گوێگرتن لە گۆرانی تەعبیر لە جوانی و چێژبینی گوێگرەکەش، دەکات. ئەمەش، هێربێرت مارکوزە لە هونەردا، جەختی لەسەر ئەم جوانیناسییەی، کردووەتەوە. کە پێی وایە هونەر مەحکوومە بە ئاوەڵاکردنی هەست و عەقڵ و هزر و ئەندێشە لە ڕێگرییەکانی دەروونخوازی و دەرەکیخوازیی[8]، ئەمە بۆ گوێگریش هەر ڕاستە، چونکە بەرهەمێک کە لە ئەندێشە و ئاوەزدا بێتە بوون و بەربەستەکان دەشکێنێت. گوێگریش، دەبێ ئەم زانیارییەی هەبێت، کە کام هونەرمەند ئەو توانایەی هەیە و دەتوانێت بەرهەمێک بەم پرۆسەیەدا، بخوڵقێنێت.

هونەر زۆرجار بەرهەمی خەیاڵ و خەونبینی هونەرمەندەوە هەیە. بۆ نمونە کاوە یەکێک لە گۆرانییەکانی خۆی بە ناوی (ئاڤا ئەڤینێ)ی لە خەونی خۆیدا دیتبوو، پێش ئەوەی ئەو بەرهەمە بێتەبوون، ئەم خەونە ئەو بەرهەمە جوانەی خوڵقاند، بەڵام لێرەدا ئەو دەرفەتەمان نییە ئەم سترانەش شیبکەینەوە. ڕاستە دەتوانین ئەم خەونە وەک سرووش سەیری بکەین، بەڵا ئەم هونەرە بەرهەمی خودی هوزان کاوەیە. چونکەر بەرهەمەکە پێویستی بە لێزانی و خۆ پەروەردە کردن هەیە، لەسەر ئاواز و دەنگ. چونکە هونەرمەند ئەوە دەزانێ کام هونراوە بە کام ئاواز و دەنگ دەرببڕێ. خۆ ناکرێت بابەتی تراژیدی لە موزیکی شاد دەرببڕی.

کاوە لە گۆرانییەکی تردا، بە ناوی (بێ تە)، ڕیتمی یادەوەری لەسەر موزیک و تێلەکانی ساز، دەنەخشێنێت. هاوکات موزیکی ئەم سترانە، بەو بەرزی و نزمییەی خۆی ئەوە دەردەبڕێ، کە مرۆڤ لە ژیاندا، تەنها بەهۆی یادەوەرییەکانی دەژیت. خولقی مرۆڤی کوردیش بە شیوەیەکی گشتی وەک ئەو موزیکەیە، زوو هەڵدەچێ و زوو ئارامدەبێ. بەم شێوەیە موزیک لەناو کولتووردا، خۆی دەناسێت. هەروەکو مێژووی بزاڤی سیاسی کورد، کە لەسەرەتادا ڕادەپەڕن و زۆر گەرم و گوڕن، بەڵام لە دوایدا شینیی و لاواندنەوە دەستپێدەکەنەوە. ئەم سترانەش بەهەمانشێوە، لە سەرەتادا بە گەرم و گوڕی و ئارامی دەستپێدەکات، بەڵام لەدوایدا، دەنگی پڕ حەسرەتی کاوە و خۆبەستنەوەی بە کەسی بەرامبەر ئاواز و گوێی مرۆڤ پڕ دەکات، هەر وەک هاوارێکی پڕ لە جودایی و جەختکردنەوە لەسەر یەکایەتی بوون.

جەختکردنەوە لەسەر یەکایەتی هەستی و بەرهەست، لە یەکاتی بوونی کاوە و خۆشەویستەکەیدا، دەردەبڕدرێ. چونکە ڕوحی ڕەها لە هونەردا، لە شێوەی هەستەکیدا خۆی دەنوێنێت. کاوە لەم سترانەدا، بوونی خۆی بە بوونی ئەو دەبەستێتەوە، واتە بوونی خۆی لە دەرەوەی خۆیدا دەفوڕمێنێت. هەر وەک دەڵێت ”شەڤێن بێتە ڕوژێن بێتە، مەهێن بێتە ئەز بێتە نابم”، بەو مانایەی ئەگەر تۆ نەبیت، منیش بوونم نییە. ئەو هزرەی کاوە هەیتی، لەگەڵ دەرەوەی خۆی دەسازێنێ، دواتر وەک هۆش بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە. وێناکردن/خەیاڵکردن ی کاوە لەم سترانەدا زیاتر لە بوون، دەئاخڤێت. هەروەها، ئەم خەیاڵەی لە ڕێگەی بەهرەمەندی خۆی، بەفۆڕمکرد. بە مانایەکی تر، ئەندێشەی خۆی، کردییە شتێکی زیندوو و لە هونەردا، ڕۆحی بەبەرداکرد. لە ڕێگەی ئاوەزەوە، سرووش وەرگرتنی خۆی، جەخت دەکاتەوە. چونکە بە وتەی هیگڵ بۆ داهێنانی هونەر و بەرهەمێکی هونەری، پێویستە لەسەر داهێنەر سرووش لە عەقڵی خۆی وەربگرێت. بۆ ئەوەی زیاتر بەرهەمی عەقڵ و خودی بێت. ئەم سترانەش زۆر دیالێکتانەیە، چونکە ئەگەر تەنها گوێ لە موزیکەکەی بگرین، هەست بەوە دەکەین کە چەندجار هەڵچوون و لێکدابڕان و توڕەیی تێدایە، بەڵام ئەگەر سەیری شیعرەکە بکەین، دەبینین هەمووی جەختکردنەوە و توانەوەیە، لەناویەک جەستەدا.

ئەو هزرە خودیەی کاوە لەم سترانەدا، بە بلیمەتییەکی تەواوەوە هاتووەتە بوون. چونکە شێوەی گوتنی ئەم سترانە قوڵە. هاوکات ئەم قوڵایەتییەش، بۆ قوڵای ڕۆحی داهێنەر دەگەڕێتەوە. هاوکات ئەم قوڵاییە لە ستران و شیعردا، خۆی بینییەوە. واتە ئەم هەستە لە یەکایەتی بوون لەگەڵ بەشەکانی ستراندا، یەکانگیردەبێت. ئەو ڕۆحە لەگەڵ ماددەدا، هاوئاهەنگبوو. ئەم جۆرە جوانییە، تەنها مرۆڤە دەتوانێت بیانخوڵقێنێت و ئەو جوانی و ڕوحی ڕەهایەی لەم سترانەدایە، هەرگیز لە سروشتدا بوونی نییە. واتە تەنها مرۆڤ داهێنەرە. سروشت مادەم ڕۆحی نییە، کە ڕۆحیش مەحکوومە بە دا‌هێنان، بۆیە ناتوانێت دۆزەرەوە یان خوڵقێنەر بێت.

کۆتا ستران کە شیبکەینەوە، سترانە بەناوبانگەکەی کاوە (حەلیام)ە. کاوە بەخۆیشی لەم گۆرانییەدا بە دوای بڵند فڕین و باڵابوونەوەیە، کە لە سەرەتای سترانەکەدا دەڵێت: ”پەر و باسکێ من هەبیا ئەزێ بڵند فڕیام ل سەر دەشت و زوزانا خوەزیا ئەس بگەڕیام” لیرەدا، کاوە بە هەستە هونەرمەندییەکەی و لە ناو هونەرەکەیدا بە دوای فڕین و گەیشتنە بە هێزێکی ناسروشتی بۆ ئەوەی بگاتە ئەوپەڕی باڵابوون. ئاواز و ریتمی سترانەکە زۆر تراژیدیانە دەردەکەوێت، چونکە لە کۆپلەی دووەمدا دەڵێت: ”پەر و باسکێ من تونە، ئەس نکارمە بێمە، چەند ساڵا ل غەریبیێ، ژ وەڵات ئەس دوور مامە، دکشینم ئەڤینیێ، بێ جی وبێ وار مامە” ئەو ئالانگارییەی کاوە لە پەیڤەکاندا، کە لە سەرەتای سترانەکەدا دەستی پیکرد، لە کۆپلەی دووەمی سترانەکەدا، پوکایەوە. بەڵام، ئەو بەرەنگارییەی کە لە ئاوەزەکەدا هەیە، هەر وەک خۆیەتی. چونکە ئاوازەکە نەگوڕایە. هەموو ژیانی خۆی لە دەرەوەی نیشتیمانەکەی بردە سەر، بە هۆی عەشقی وی بۆ ئاپۆ، کە وەکو گڕ و تینێک لە ڕۆحیدا چەکەرە دەکات. هاوکات، ئەو ڕۆحە لە غەریبی و یادەوەریی، لە ستراندا جیهانەکەی خۆی درووست دەکاتەوە، جیهانی ڕۆحی و عەشقی خۆی لەگەڵ سروشتدا لێکدژ دەبن، بۆیە لە ستراندا، ئەو ڕۆحە ئەڤینییە تراژیدییە بەرجەستە دەکاتەوە. ئاپۆ کە خۆی بیرمەند و سەرکردەیەکی باڵایە، ئەو هونەرەیشی کە لە عەشقی وی دێتەبوون، هەرخۆی دەبێتە باڵابوون. ئەم غوربەتی و عەشقە قوڵەی کاوە تێدایە، تەنها بە ئافڕاندن کەمێک سەبووری وەردەگرێت. ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانی جوانیناسیی. کە مرۆڤی بلیمەت مەحکوومە بە داهێنان. بەڵام ئەو هەستە غەریبییە وا لە کاوە دەکات، بە دەنگێک کە پڕ بێت لە غەریبی و حەسرەت و تاراوگەیی، هاوار بکات و بڵێت: ”حەلیام حەلیام ژ بوونا تە ئەی سەرۆک، ناڤێ تە گوتنێ تە هەبوونا تە بو دیروک” هونەر ئەو ڕۆحەیە کە بە ناچارییەوە لە دایکدەبێت. خوداش لە هونەردا لە شیوەی جوانیدا دەردەکەوێت. هزری سیاسی خۆی، لەناو ئاپۆدا، جەختدەکاتەوە و لەناو هونەریشدا، نمایشدەکات. باڵابوون لە ناو هەریەکێک لەو وشانە و لەو ئاوازانەدا، خۆی پەنهان کردووە. کاوە کە دەسترێ مێژوویەک پڕ لە یادەوەری دەسترێ. کاوە بە تەنها ناسترێ، بەڵکو مرۆڤایەتی دەسترێ. کاوە کە وشەکان بەیاندەکات هونەر دەکاتە بەیانگەر، کاتێک ئاوازیان لەبەردا دەکات باڵابوون خۆی نمایش دەکات. کاتێک یەکایەتیان لەناودا دروست دەکات، خوڵقاندن دەلەرێتەوە، بەمەش ڕوحی ڕەها لە هونەردا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی.

کەواتە، کاوە بە کاوەیی خۆی لە ناو ستراندا دەناسرێتەوە. چونکە کاوە بە دەنگ و ئاوازی خۆی مێژووی کورد و کولتوور و بزاڤی سیاسی لە جەستەیەکی نەمردا، زیندوو دەکاتەوە. وەک چۆن دیۆژین، بە فانوسێک بەدوای مرۆڤدا دەگەڕا، ئێمەش بە فانوس(ئێستاتیکا)ی هیگڵ، بە دوای هونەری باڵا و هونەرمەندی بلیمەتدا دەگەڕێین. چونکە لەو دۆخە سەرمایەدارییە و ماددەخوازییەدا، هونەر ڕوڵی شمەکێکی بازرگانی دەگێڕێت، هاوکات بەبێ بوونی هونەرمەندێکی خاوەن تایبەتمەندی و خاوەن هەست و عەقڵێکی ئێستاتیکی، داهێنان مەحاڵە. ئەمە جگە لەوەی، کورد زۆر زەوق مردووە و هیچ بەهایەکی جوانیناسی و مرۆڤانەی لە کن نییە. تەنانەت هۆشیارییەکی واشی نییە بزانێت چ شتێک جوانە. ئەگەر بڵێتیش ئەم شتە جوانە، نازانێ بۆ جوانە، یان خودی جوانی چییە. هیگلیش بۆیە گوتی هونەر لە ڕۆمانتیکییەتدا و لە ناو کۆمەڵگای مۆدێرندا، ناتوانێت بەردەوام بیت. چونکە پیویستی بە ژینگەیەکی جوانیناسانەی هەیە. بە گوتەی هیگڵ، ئەم ژینگەیە لە کودستانی باکووردا، هیشتاش لەبارە. چونکە مادەم ڕۆحی بزواو و هزری ئازادی هەیە، هونەریش دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، ئەو ڕۆحەیە لە باکوور وادەکا هونەر پێگەی خۆی لەدەست نەدات.

ئەنجام

  • کەواتە لە ڕوانگەی هیگڵەوە، ئەوەمان روون کردەوە، کاوە توانیوییەتی ڕۆحی ڕەها لە هونەردا، بەرجەستە بکات. هاوکات هونەری سترانگوتن بگەیەنێتە باڵابوونەکەی خۆی.
  • لە ڕوانگەی هیگڵەوە، بلیمەتی کاوە پەیوەستە بە بلیمەتی هونەری دەنگبێژی و کولتووری چیایی لە باکوور. بۆیەش لەوێ ستران ڕۆحی ڕەها و هزر، دەفوڕمێنێت.
  • کاوە ئەو هۆشیارییەی نییە، سەبارەت بە چۆنییەتی داهێنان و باڵابوون لە هونەردا. بەڵکو بە واتای هیگڵ، ئیشی ئیستیتیکایە، ئەوە ڕوونبکاتەوە. کە کاوەش، وەک هونەرمەندی بلیمەت دەتوانێ ئەوە بکات.
  • ئەگەرچی موزیک و شیعر، لە ڕوانگەی هیگڵەوە، دەچنە خانەی ڕۆمانتیکییەتەوە، چونکە زیاتر خودینە، تا بابەتی بن. بەڵام، لە ڕووی خوڵقاندنی واتاو و بلیمەتییەوە، کە هۆکاری ئەو پاشخانە دەنگبێژیەی لە باکوور هەیە، توانیوییەتی فۆرم و ناوەڕۆک لە فۆرمێکی باڵادا، بەرجسەتە بکاتەوە.
  • ژینگەی جوانیناسی و دوور لە کۆمەڵگای مودێرن، یەکێکە لە مەرجەکانی هیگڵ بۆ مانەوەی هونەر. ئەم ژینگەیە جوانیناسییەش، تا ڕادایەکی زۆر لە باکووردا، بوونی هەیە ولەبارە.

ژێدەرەکان

  • هێربێرت مارکوزە، ڕەهەندی جوانیناسی، و. رامیار حسەینی، چاپخانەی گەنج، ساڵی چاپ ٢٠١٧.
  • توانا حەمە، موزیک و سیاسەت، چاپخانەی چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵی چاپ ٢٠١٧.
  • بابەک ئەحمەدی، هەقیەت و جوانی، و. مەسعوود بابای، چاپخانەی خانی(دهوک)، چاپی یەکەم ٢٠٠٨.
  • مقداد حمەساڵح، ئێستاتیکا، چاپەمەنی گەنج(سلێمانی)، لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی رێنما، چاپی یەکەم ٢٠١٣.
  • هیمدام مەحمود حەمەساڵح، بونیادی بناغەیی ئیستیتیکی هیگڵ، چاپخانەی موکریانی(هەولێر)، چاپی یەکەم ٢٠١٠.
  • هەندرێن ، مەدحەت کاکەیی؛ لە نەوای هێڵکارییەوە بۆ خەڵوەتگەی ڕۆشنایی ڕەنگەکان، لە کتێبی نامەکانی ڕامۆدا، هەیە.
بڵاوکردنەوە: