تەناف

485
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: نارین ڕۆستەم

 

ئەو ڕۆژەی درێژیی شیعرەکانی گەیشتە باڵای،

لە کەلی شەیتان ھاتە خوارەوە و

قاچی خزا..

بەسەر قەرەوێڵەدا کەوت.

 

چاوی لە دەسکی دەرگە،

کۆکەیەک نەکات و میوان کەوڵی بکەن!

لە سێبەری ژوورەکەی…

پەپوولەیەک بەدوای شیلە دەگەڕێ، لە گوڵێکی باغەدا.

بەدەم پرتەوبۆڵەوە کەپووی دەگرێت:

بێگانەیەک لێرەیە.

دوێنێش کە فریشتەی مەرگ برۆی لێ ھەڵتەکاند

گەشایەوە: لەنێوان دۆزەخ و بەھەشت کەلێن ھەیە،

بەوە پڕی دەکەمەوە.

 

دوێنێ، تەپوتۆزی سەروسەکوتی دەتەکێنێ و

بەیانی دەردەکەوێ.

بە مەراسیمی ئوتووکراو

بە تەنیشت گۆڕەکەی، ڕەگی پەیکەرێک داکوترا.

پەیکەر پێدەکەنێ..

ئەوە تاقە پێکەنینی شاعیرەکەیە بینرابێ.

لەم بێنەوبەردەیەدا…

شێف، لە جیاتی کەوگیر

مایکرۆفۆن دەشەقێنێ و

جاڕی شیعری ترش و تیژ دەدات.

حەشامات ئاو دەزێتە دەمیان و

بە ناو زبڵداندا دادەوەرێ.

زبڵدان سەرخۆشە، خۆی لێ بووە بە نشتمان

کەس ئەوەندە بێئیش نییە بڵێ:

نشتمان نا! نیشتمان.

 

دوای خووسانەوەی کەفوکوڵ،

میوان پەرت دەبن و

گۆڕەکە ئامانەتی دەستی پەیکەر (ئەوەیان نا کە قۆپاوەتەوە) دەکەن.

 

پەیکەر گۆڕەکە ناناسێ

شڕە شەبقەکەی بۆ بەرز دەکاتەوە،

سەرقاڵە و ئاگای لێ نییە

لە خوارەوە ئاھەنگە…

دەنگی تەراتێنی مشک و جرجەکان، خرمەخرمی کاغەز

دێت.

بڵاوکردنەوە: