یەکەم پرۆژە: ئەبو یەئقوب ئەلکندى

318
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئولریش ڕودۆلف

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

 

نەشیاوە ئەم سەرەتایانە لە ناوى ئەبو یەئقوب ئەلکندى (نزیکەى 800-870) جیا بکرێنەوە. کندى لە لایەن هاوچەرخانییەوە ناو دەنرا “فەیلەسوفى ئەرەبەکان”، لێرەشدا مەبەستیان لەوە بوو کە کندى بە زمانى ئەرەبى بەشدارییەکى بەواتاى لە هێنانەئاراى زانستی فەلسەفەییدا کردووە. جگە لەوە کندى خۆى دیاردەیەکى سەرنجڕاکێش بوو. بە هەر حاڵ سەرچاوەکان دەگێڕنەوە کە ئەو ژیانێکى خۆشگوزەرانی بەسەربردووە. ئەو، وەک کوڕى خانەوادەیەکى دەسەڵاتدارى ئەرەبیى باشوور، سەرەتا لە کوفە دەستى بە خوێندن کرد (باوکى لەوێ پۆستى پارێزگارى هەبوو)، پاشان لە بەسرا، ئەوجا لە کۆتاییدا چەند ساڵێکى درێژخایەنى لە بەغداد لە کۆشکى خەلیفەدا بەسەر برد (بە ڕوداوێکى کورتخایەنەوە کە وەک دۆگۆترێت گۆیا بەر غەزەبی خەلیفە کەوتووە).

ژیان لە گەورەشارى بەغداد ئەو سوودەى هەبوو کە کندى ڕاستەوخۆ گۆڕانى خێراى زانستە جیاوازەکانی ئەزموون دەکرد. هەر بابەتێک لە پایتەخت بۆ ئەرەبى وەربگێڕرایە، ئەو وەرى دەگرت و پاشان هێندەى نەدەخایاند دەستی دەکرد بە کارکردن لەو بابەتەدا. لێرەوە کۆبەرهەمێکى فراوانى زانستى سەریهەڵدا: نووسین لەبارەی ئەستێرەناسى و ئەسترۆلۆگى، ئۆپتیک و ماتماتیک، موزیک و پزیشکى، فۆنێتیک و ئەلخێمى. بە پێشکەشکردنەکانى سەر ئەم تێکستانەدا خویا دەبێت کە تێکستەکان ئاڕاستەى بەرپرسانى جیاوازى پەروەردەى نوێ کراون (خەلیفەکان، پزیشکان و هەڵبەستڤانان). بۆیە دەتوانین کندى ناو بنێین زانایەکى یونیڤێرساڵ. ئەو گرنگیى بە سەرجەمی ئەو زانستانە دەدا کە لەو سەردەمەی ئەودا لە سەرچاوەکانى ئەنتیکەوە وەرگیران، هەروەها کۆششی بەرپرسیارانەی ئەو رۆڵێکى بەرچاوى لەوەدا گێڕا کە زانستەکان لە جیهانى ئیسلامیدا بمێننەوە و پتر گۆڕانیان پێبدرێت. هاوکات ڕەوایە کە کندى ناو بنێین فەیلەسوف، چونکە سەربارى فراوانیى بەرهەمەکەى، هێشتا هەر فەلسەفە لەنێویدا زاڵ بوو، ئەمەش لە دوو ڕووەوە: یەکەم، لە مەغزایەکى فراواندا، زۆرینەى بەشە زانستییەکان کە کندى پێوەی خەریکبوو، بەگوێرەى تێگەیشتنى ئەو خۆى (و هەروەها بەگوێرەی دابی ئەڕیستۆتێلی) سەر بە فەلسەفە بوون؛ دووەم، لە مەغزایەکى تەسکدا، کندى بە چەند نووسینێک کۆتایی بە بەرهەمەکەى هێنا کە بەتەواوى بۆ بابەتى فەلسەفەیى تەرخان کرا بوون، ئەوەش هاوکات بەو مەبەستە کە ڕێنوما و ئامانجی هاوبەش بە دیراسە زانستییەکانى بدەن.

بێگومان کندی بۆ نووسینى ئەو جۆرە تێکستانە پێویستی بە شارەزایى فەلسەفەیى بوو، بەدەستهێنانی شارەزاییەکانیش لەو ساڵانەدا کە کندى بۆ بەغداد هات (واتا پێش 830)، هێندە ئاسان نەبوو، چونکە ئەو دەمە تەنیا ژمارەیەکى کەم بەرهەمى فەلسەفەیى بۆ ئەرەبى وەرگێڕرابوون (پێدەچێت تەنیا ئێتیکى باو، لۆگیکى گۆزارە و هەندێک بەشى فەلسەفەى سروشتى ئەڕیستۆتێلیس). بۆیە یەکەم هەنگاوى کندى ئەوە بوو کە زەمینەى لێهزرینەکانى خۆی فراوان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیی کرد بە چەند وەرگێڕێکەوە کە لە دەوروبەرى کۆشکی خەلیفە چالاک بوون و ڕایسپاردن تاکو نووسینى دیکە پەیدا بکەن و بۆى وەربگێڕن بۆ ئەرەبى. ناتوانین هەموو ئەو بابەتانە بەوردى دیاری بکەین کە بەم شێوازە تا ناوەڕاستى سەدەى نۆیەم وەرگێڕران. وەلێ ئێمە دەتوانین تا ڕادەیەک بەجەختى پێشانی بدەین کە کام تێکستانە لەو سەردەمەدا لە پێشخانى گرنگیپێداندا بوون و بە کۆششی تایبەتی کاریان تێدا دەکرا. لە نێو تێکستەکاندا ئەمانە هەبوون: نووسینە فەلسەفەیى-سروشتییەکانى ئەڕیستۆتێلیس، ئەوە بێگومان گەر پێشتر نەناسرابووبێتن (“مێتەریۆلۆگى“، “لەبارەى ئاسمان“)، هەروەها “مێتافیزیک” و “لەبارەى دەروون“، ئەوجا چەند بەرهەمێکى پلاتۆن کە لە نێویاندا بەبێ هیچ گومانێک “تیمایۆس” و “سیمپۆزیوم” هەبوون، ڕەنگە هەروەها دیالۆگی دیکەى ئەو، وەک “فائێدۆ” و “سۆفیستێس“. جگە لەوە کندى بەتایبەتى ئەو تێکستانەى ناسى کە لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا سەریان هەڵدا بوو. لەم ڕەوشەدا دەبێت حساب بۆ وەرگرتنێکى فراوان بکەین، ئەمەش لە ڕاڤەکەرانى سەرەتاى ئەڕیستۆتێلیسەوە (لەوانە ئالێکساندەرى ئافرۆدیسیاس) بڕى دەکرد تا دەگەیشت بە شوێنکەوتە کریستیانییەکانیان (لەوانە یۆهانس فیلۆپۆنۆس). بێگومان هەر لەم پەیوەندییەدا نوێپلاتۆنییەکان، بەتایبەتی پلۆتین و پرۆکلۆس، یەکجار گرنگ بوون و کاریگەریی زۆریان لەسەر کندی نواند. ئەوجا دەبێت ئەوەش ببێژین کە کندى هزرى ئەوانى لە نووسینە ئۆریجینالەکەیدا نەناسى، نەخێر، نووسینەکانی بەردەمی بریتی نەبوون لە کارە ئۆریجینالە گریکییەکانى ئەوان بە وەرگێڕراوی بۆ ئەرەبی، بەڵکو کارتێداکردنى دیکە و پارافراز بوون کە تا ئەمڕۆ ڕەچەڵەکیان ساغ نەکراوەتەوە. لەم نووسینانەدا هەندێک بەشى “ئیننێئادەکان”ى پلۆتین، “ئینستیتوتسیۆ تیۆلۆگیکا”ى پرۆکلۆس، ڕاڤەکرابوونەوە، ئەوەش لە ڕوانگەیەکی مۆنۆتایستیی پابەندەوە بەو تێڕوانینەی ئافراندنەوە کە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا داڕێژراوە. لێرەدا جێی سەرنجە کە ئەو نووسینە ناوبراوانە بە هینى ئەڕیستۆتێلیس دانرابوون (نووسینە بەناوبەنگەکەی “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس“، هەروەها “نووسراو لەبارەى هۆکارەکان” (Liber de Causis) و زۆرى دیکە).

کندى لە خستنەگەڕی ئەم پرۆگرامە بەرفراوانەى وەرگێڕاندا رۆڵێکی تەواو چالاکی گێڕا: ئەو نەک تەنیا تێکستە جیاوازەکانى بۆ کارتێداکردن هەڵدەبژارد، بەڵکو هەروەها ئەو بابەتە وەرگێڕراوانەشی لە ڕووی زمانەوە چاک دەکرد کە دەخرانە بەردەمی؛ جگە لەوە کندی ناساندنێکی دیکەی پێبڕا، کە بەو پێیە ئەو واژە فەلسەفەییەکانی لە ئەرەبیدا چەسپاندووە. نووسینەکەى بە ناونیشانى “لەبارەى پێناسە و ڕاڤەى شتەکان” یەکەم هەوڵ بوو بۆ ئەوەی گەنجی وشە زانستییە نوێکان کە مرۆڤ بۆ دانەوەى واژە گریکییەکان پێویستى بوو، پوخت بکاتەوە و وەک پێوەر بچەسپێنێت. باوەجو کندى تەنیا هاندەر و سوودوەرگری ئەو چالاکییە چڕەی وەرگێڕان نەبوو کە لە دەوری خۆی کارا بوو، بەڵکو پێچدەچێت تەنانەت قوربانیشی بوو بێت. ئاخر کاتێک ئەو خەریکی نووسینی فەلسەفەیی بوو، بەردەوام گۆڕان بەسەر بناغەی هزرینیدا دەهات، بەردەوام تێکستى نوێ بە هێنانەنێوانی پرسیارى دیکە و دەستپێکی دیکەى چارەسەرکردنەوە دەناسران، ئەویش لە لایەنی خۆیەوە زۆر جار ناچار دەبوو پێشبینییەکانى نوێ بکاتەوە و بەو وروژێن و سەرچاوانە ئیزافەیان بکات کە پێشتر دەستی پێیان نەدەگەیشت.

ئەمە بەتایبەتى لەو نووسینەدا خویا دەبێت کە دەتوانین ناوی بنێین بەرهەمە سەرەکییەکەى کندی: گۆتارێکی تا ڕادەیەک بەرفراوان لەبارەى مێتافیزیک (بە ناونیشانی “لەبارەى یەکەم فەلسەفە“). نووسینەکە بەگوێرەی ئەو داڕشتنە کە بە ئێمە گەیەنراوە، لە چوار بەش پێکدێت و بەشەکان نەک تەنیا لە ڕووى بابەتییەوە، بەڵکو هەروەها لە پاشخانی فەلسەفەییانەوە زۆر جیاواز بنیاتنراون.

کندى لە بەشی یەکەمدا دەخوازێت چێوەى توێژینەوەکە بچەسپێنێت. بە دیدی ئەو ئەرکى فەیلەسوف گەڕانە بەدووى ڕاستیدا، واتا گەرەکە ئامانجی ئەو گەڕان بێت بەدووى هۆکارەکانی فۆرم و ماتەری، بزووتن و مەبەستى شتەکاندا. ئەمە هەڵبەتە مێتافیزیکى ئەڕیستۆتێلیسمان دەهێنێتەوە یاد کە لە تێکستەکەی کندیشدا بەفراوانى بەکار دەهێنرێت و تەنانەت ناوبەناو سیتاتی (ئیقتیباسی) لێوەردەگیرێت.

وەلێ ڕوانگەی کندی لە بەشى دووەمدا دەگۆڕرێت. ئێستا ئەو خۆی بە جیهانەکەمانەوە خەریک دەکات، لێرەشدا وای دادەنێت کە فراوانیی جیهان بێدوایەکى نییە، بەڵکو دوایەکییانە کشاوە. کندى سەرەتا ئەم دوایەکێتییە بۆ فەزا گریمانە دەکات، لێرەشدا سەرلەنوێ خۆى بە ئەڕیستۆتێلیسەوە گرێ دەداتەوە، وەلێ ئێستا بەتایبەتى نووسینەکەى ئەو بە ناونیشانی “لەبارەى ئاسمان” وەک دەرچەى لێهزرینەکانى وەردەگرێت. سەرەڕای ئەوە کندى هەنگاوێک لە ئەڕیستۆتێلیس تێپەڕ دەکات و دەبێژێت، کە جیهانەکەمان لە ڕووى کاتیشەوە دوایەکییە، واتا گەردوون دەستپێکێکی کاتەکیى هەیە، ئەمەش پێچەوانەی تێڕوانینەکانى ئەڕیستۆتێلیسە، بۆیە ئێستا هانا بۆ ئەرگومێنتەکانى یۆهانس فیلۆپۆنۆس دەبات.

کندى لە بەشى سێیەمدا هەوڵ دەدات لێرەبوونی (وجودی) خودا بسەلمێنێت، لێرەشدا ئەرگومێنتێک وەک بناغە دادەنێت کە لە زۆرێتیى شتە بەرجەستەکانى شیاوى دەرککردنەوە لێرەبوونی یەک-ى بنەرەتی دەرئەنجامێنێت. وەلێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە زەمینەى پەرچاندنەکانی کندی سەرلەنوێ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، چونکە ئەوە کە لێرەدا ڕوون دەکرێتەوە، نە بە ئەڕیستۆتێلیس و نە بە یۆهانس فیلیپۆنۆس دەگونجێت، بەڵکو شیاوی گونجاندنە بە تێکستەکانى پرۆکلۆسى نوێپلاتۆنی.

تێڕوانینەکانى پرۆکلۆس هەروەها چوارەم بەشى نووسینەکە دیارى دەکەن. ئێستا کندى هەوڵ دەدات وەسفی خودا بکات، لێرەشدا گۆڕان بە تیۆلۆگییەکى نێگەتیڤ دەدات کە تەواو لەژێر کاریگەریى نوێپلاتۆنیزمى درەنگدایە. وەلێ ئەم تیۆلۆگییە تێکستەکە تەواو ناکات، بەڵکو لە کۆتاییدا هزرى کندی بۆ دوا جار وەردەچەرخێت. ئێستا کندى دەبێژێت، کە خوداى دوور و نەشیاوى ناسین گەردوونى لە ئەزەلییەتەوە نەخستۆتەوە، بەڵکو لە هیچەوە لە کاتدا ئافراندوویەتی. لێرەدا کندى دۆگمە ئایینییەکەى ئافراندن لە هیچەوە دەناسێنێت.

ئەمانە پێکڕا بەڵگەن کە کندى مامەڵەیەکى وردى لەتەک سەرچاوەکانیدا کردووە. ئەو، هاوشێوەى زۆر هزرڤانى کریستیانى لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا، هەوڵى دەدا کە گەلێک کۆنسێپتى فەلسەفەیى و ستراتیژیى ئەرگومێنتهێنانەوە تا ڕادەى شیان پەیوەند بکات بە بڕوا ئایینییەکانى خۆیەوە. ئەمەش، وەک بینیمان، چواندنی بۆ کارە سەرەکییە مێتافیزیکییەکەى ئەو هەیە، وەلێ هەروەها چواندنى بۆ نووسینە بچووکەکانیشى هەیە. ئەو کۆنسێپتە فەلسەفەیى و ستراتیژیانەى ئەرگومێنتهێنانەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخساند کە پرسیارى تایبەتى لە کایەکانى دیکەى فەلسەفەوە (فیزیک، پسیکۆلۆگى، ئێتیک و هتد) بهێنێتە بەر باس و بۆ هەر یەکەیان ڕوانگەى خۆى دەرببڕێت.

گەر مەسەلەکە بریتى بووایە لە بابەتەکانى فەلسەفەى سروشت، ئەوا هەڵوێستى کندى تەواو ئەڕیستۆتێلییانە بوو. ئەمە بۆ نموونە لەم توێژینەوانەی ئەودا خویا دەبێت: “لەبارەى هۆى سەیرورە و لەناوچوون“، یان “داڕشتنى ئەو هەقیقەتە کە سروشتى کایەکانى ئاسمان لە سروشتى چوار توخمەکە جیاوازە“. هەردوو نووسینەکە بەزۆری پشت بەم نووسینانەى ئەڕیستۆتێلیس دەبەستن: “لەبارەى سەیرورە و لەناوچوون” و “لەبارەى ئاسمان“. وەلێ ڕەوشەکە لە پرسیارەکانى پسیکۆلۆگى و ئێتیکدا جیاوازە. کندى ئێستا خۆی بەڕوونى لەنێو دابى پلاتۆندا دەبینێتەوە، لێرەشدا تاکە توخمى ڕێبازەکەی تەنانەت هەندێک جەرەیانى جیاوازى پلاتۆنیزم دەپەرچێنن (وەک: کۆنسێپتی داخراویى لە پلاتۆنیزمى قۆناغى ناوەڕاستدا؛ ڕاڤەیەکى پلاتۆنیزەکەرى نووسینی “لەبارەى دەروون” لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا؛ ئەوجا نیۆپلاتۆنیکاى ئەرەبى، بۆ نموونە “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس“).

وەلێ کندی، سەربارى پابەندی بە نووسراوەکانى بەردەمییەوە، ڕێگەیەکیشى بۆ تێڕوانینەکانی خۆی دۆزییەوە. ئەمە بەتایبەتى لەو گوتارەدا ئاشکرا دەبێت کە بە ناونیشانى “لەبارەى زەین” نووسیوێتی. نووسینەکە لە چەند پەڕەیەکى کەم پێکهاتووە، وەلێ ئەوپەڕى کاریگەر بوو. ئەم گوتارەش بە بابەتێکى کلاسیکییەوە خەریکە، هەروەها ئەمجارەش لە گەیاندنى فێرگەییانەى ئەڕیستۆتێلیزمەوە. وەلێ هەر بەم تێکستەدا دەبینرێت کە کندى نەک تەنیا توانیویەتى وەستایانە مامەڵە لەتەک ئاستی هەنووکەیی زانستە گەیەنراوەکەدا بکات، بەڵکو خۆیشى بەشدارییەکی ڕەسەنی لە بنیاتنانی فەلسەفەدا کردووە.

ئەو پرسیارە کە بۆ دانوستاندن لە بەردەمدا بوو، بەگشتى ناسراوە: پرسیارەکە ڕووى دەکردە ئەو کێشەیە کە داخۆ مەبەستى ئەڕیستۆتێلیس لە جیاوازیکردنى نێوان زەینێکى ناچالاک و زەینێکى چالاکدا (نووسینى “لەبارەى دەروون“، بەشى سێیەم، 5) چى بووبێت. ڕاڤەکەرانى ئەڕیستۆتێلیس لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا، لەوانە ئالێکساندەرى ئەفرۆدیسى، تێمیستیۆس و یۆهانس فیلۆپۆنۆس، خۆیان بەم کێشەیەوە خەریک کردبوو بەبێ ئەوەی بە هاوڕاییەک بگەن. کندى پێشنیارەکانى ئەوانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە دەناسى، سەرەڕای ئەوە ڕێگەیەکی خۆیى بۆ ڕاڤەکردنی دەربڕینەکەی ئەڕیستۆتێلیس هەڵبژارد. کندى لێرەدا دوو نوێکاریى ئەنجام دا کە بوون بە پێوەر بۆ سەرجەم دانوستاندنەکانى ئایندە لەبارەى پرسیارەکە: لە لایەک زەینى چالاک کە لە نووسینى “لەبارەى دەروون“دا دیارى کراوە، لە ڕۆشنایى نوێپلاتۆنیزمەوە ڕوون دەکاتەوە. کندى دەبێژێت، زەینى چالاک هۆکار و پرنسیپى گشتگیری (یونیڤێرساڵێ) سەرجەم زەینەکانە، بەمەش کندی بناغەیەک بۆ ئەو شتاندنە / بابەتاندنە (هیپۆزتازکردنە) دەچەسپێنێت کە درەنگتر لاى فارابى دەیبینین. وەلێ کندى لە لایەکى دى هەوڵ دەدات وردتر لە زانایانى پێش خۆى وەسفى ڕوداوی هزرین بکات، لێرەشدا ئەو یەکەم نووسەرە کە گریمانەى سێ پلەى مەئریفەى هۆشەکی لەنێو تاکە دەروونەکاندا دەکات و بریتین لە: 1) زەینى هێزەکى / شیمانەیى (پۆتێنسیەل)، واتا توانستى مروڤ بۆ هزرین؛ 2) زەینى بەکردەکیکراو (ئەکتوالیزەکراو) یان بەدیهێنراو کە فێرى زانین (بۆ نموونە فێری هونەرى نووسین) بووە، وەلێ هەنووکە بەکاریناهێنێت (ئێستا نانووسێت)؛ 3) زەینى دیار کە هەنووکە زانینی بەدیهێنراو بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە خۆى بۆ دەرەوە بەیان دەدات.

گۆتاری “لەبارەى زەین” بوو بە مایەى ناوبانگێکی نەمر بۆ کندی. ئەم نووسینە نەک تەنیا لە لایەن زۆر نووسەرى جیهانى ئیسلامییەوە خوێنرایەوە، بەڵکو هەروەها لە چەرخى ناڤینى لاتینیشدا بە گرینگیپێدانێکى زۆرەوە وەرگیرا. ئەوجا نابێت ئەم پرسەش لەیادبکەین: تێزێکى دی کە کندى بڕوای پێی هەبوو، بۆ ماوەیەکى درێژخایەن (لایەنى کەم لە ناوچەى کولتووری ئیسلامیدا) بە ناوى ئەوەوە گرێدرابوو. لێرەدا مەبەستمان لە هەڵوێستى ئەوە بەرانبەر ئایین. کندی لەم هەڵوێستەدا زەمینەیەکى ئێپێستیمۆلۆگیانەی نێوکۆیى بۆ مەئریفەى فەلسەفەیى و زانینی دەرئەنجامێنراو لە سروشەوە دانانێت، بەڵکو هەردووکیان سووک و ئاسان بەپاڵ یەکدییەوە دەهێڵێتەوە، یان گەر ڕەوشی ناکۆک لە نێوانیاندا هەبێت، پێشتریی بە ئایین دەدات.

پێشتر نموونەیەکى ئەم هەڵوێستەمان بینى. مەبەست لەو هەقیقەتەیە کە کندى، لە کۆتایى نووسینەکەیدا لەبارەى مێتافیزیک، تیۆریى ئافراندن لە هیچەوە دەهێنێتە بەر باس بەبێ ئەوەی بەوردی ڕوونی بکاتەوە (بێگومان ئەم تیۆرییەى لە جێیەکى دیکەدا فراوانتر ڕوونکردەوە). لەپاڵ ئەمەدا دەتوانین نموونەى دیکە بۆ پاڵیەکیى بڕوا باوە ئایینى و فەلسەفەییەکان بهێنینەوە: بڕوابوون بە زیندووبوونەوەى لەش (کە بە تیۆریى دەروون لاى پلاتۆن ناگونجێت)؛ هەوڵدان بۆ تەفسیرى قورئان کە هەوڵێکی بەتوانای وردە، وەلێ ناسیستەماتیکییە (واتا نووسینىڕوونکردنەوەی فڕێدانى دەرەکیترین جەستە (ى ئاسمان)”، کە بریتییە لە تەفسیرى سورەتى 55، ئایەتى 6)؛ یان ئەو ئیئتیرافەى کندى، کە بەو پێیە فەلسەفە هەمیشە هەنگاو بە هەنگاو لە ڕاستى نزیک دەکەوێتەوە، وەلێ پەیامهێنەکان زانینێکى کامیل و ئەزەلییان پێدەدرێت (چونکە زانینەکە خوداییە).

بەهۆی ئەو دەربڕینانەوە هەوڵ درا کندى لە تیۆلۆگیى ئیسلامى نزیک بخرێتەوە، لێرەشدا بەتایبەتى دوو ئەرگومێنت هێنرانەوە: گۆترا کە کندی ڕەچاوى دۆگمى ئیسلامى دەکات و ئەوەش لە زۆر دەربڕینى ئەودا هەستی پێدەکرێت؛ هەروەها ئەو تیۆلۆگانە کە کندى پەیوەندیى پێیانەوە هەبوو (بەتایبەتى مەدرەسەی موئتەزیلە)، لە لایەنى خۆیانەوە ئەوپەڕى ئاوەزگەرایانە ئەرگومێنتیان دەهێنایەوە و بەوەش لە هزرینى فەلسەفەیى نزیک دەکەوتنەوە. ئەم دوو ئەرگومێنتە ڕاستن، وەلێ ناشێت لێوەیان پابەندییەک وەک دەرئەنجام دەربکێشرێت، چونکە سەربارى هەموو نێوکۆییەک لە بابەت و پرسە پێویستەکاندا کە مرۆڤ پێوەیان خەریک دەبوو، هێشتا هەر ڕێگەکانى مەئریفە کە کندى و موئتەزیلەکان گرتیاننە بەر، لە پرسە کرۆکییەکاندا جیاواز بوون. هەر لایەنە خاوەنى دابی هزرى و سەرچاوە و نموونەى خۆى بوو، هەر لایەنە تێگەى خۆیى هەبوو و گۆڕانى بە مێتۆدى خۆیى دا. بۆیە ڕەوا نییە کندى بە کەسێکى نزیک لە تیۆلۆگیى ئیسلامى دابنرێت. کندى فەیلەسوف بوو، هاوچەرخەکانى و فەیلەسوفانى پاش خۆى ئەویان بە فەیلەسوف دادەنا – جا گەرچى فەیلەسوف بوو بە تایبەتمەندییەکەوە: ئەو فەلسەفەى خستە خزمەتى دۆگمى ئیسلامییەوە.

 

سەرچاوە

Ulrich Rudolph: Islamische Philosophie. München 2004

 

فەرهەنگۆک

مۆناتایستی: مۆنۆتایزم ڕێبازێکی فەلسەفەیی یان ئایینییە کە یەک خودا بە بنەڕەتی جیهان و ژیان دادەنێت. مۆنۆتایست کەسێکە کە بەگوێرەی ئەم ڕێبازە دەهزرێت.

پارافراز: تێکستی فەیلەسوفێک یان زانایەکی دی بە زمانی خۆ بدرێتەوە.

شتاندن: (یان بابەتاندن) بریتییە لە هیپۆزتازکردن، واتا ئەوەکەیەکی تێگەیی یان ئەبستراکت ئەدگاری شت یان بابەتی پێدەدرێت. ئەمە دەشێت پەیوەند بە خودایەتیشەوە ئەنجام بدرێت.

تیۆلۆگیى نێگەتیڤ: (theologia negativa) وەڵامدانەوەی بڕوای ئایینی بە یاریدەی فەلسەفە و ئاوەز. کاتێک “تیۆلۆگیی سروشتی” جەخت لە مەئریفەی ئۆبژێکتیڤی و شیمانەی سەلماندنی خودا دەکات، ئەوا تیۆلۆگیی نێگەتیڤ بە پێچەوانەوە ئەو تێڕوانینە ڕەتدەکاتەوە و سەرجەمی ئەو ناو و ئەدگارانە کە بە خودا دەنرێن، نەفی دەکات، کە ئیدی خودایەتی دەبێت بە “هیچ / نەبوون”ێکی نەشیاوی پێشبییکردن و دیاریکردن لەوبەر جیهانەوە. بڕوانە:

 

Universal-Lexikon. Negative Theologie. https://universal_lexikon.de-academic.com

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: