ئەلڕازى و گومانگەرایى فەلسەفەیى

322
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: گێرت ‌هێندریش

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

 

ئەوە کە پێشتر گۆتمان (واتا پشتگوێخستنى وەڵامدانەوەى پرسیارە فەلسەفەییەکان بۆ خاترى وەڵامدانەوەى ئایینى کە لاى کندى بینیمان – و) دووەم سیستەماتیکییە مەزنەکەى سەدەى نۆیەم ناگرێتەوە: ئەبوبەکر محەمەد ئیبن زەکەرییا ئەلڕازى. ئەم وەک گومانگەرا و ڕەخنەگرێکى ناوداری ئایین دەیگۆت کە فەلسەفە پێشتریی لە ئایین هەیە. وەلێ پەیوەند بە ئەمیشەوە تەنیا چەند بەشێکى بەرهەمە فەلسەفەییەکەیمان پێگەیشتووە، بۆیە داڕشتنێکى سەرجەمییانەى بەرهەمەکەى زەحمەتە. ڕازى هەروەها لە لایەن چەرخى ناڤینى لاتینییەوە دەرککرا، بێگومان سەرەتا نەک وەک فەیلەسوف، بەڵکو وەک پزیشک. ئەو لە ئەوروپا کە بە ناوی “ڕازێس” ناسرا بوو، ڕیزێک نووسینى پزیشکیى بەجێهێشت و ئەمڕۆ پتر لە پەنجا دانەیان ماونەتەوە. ئەم نووسینانە نەک تەنیا پوختەى تێکستى گریکى و ئەرەبین، بەڵکو بەتایبەتى توێژینەوەى مەیدانیى پزیشکین و ڕازى پەیوەندی کردوون بە گۆزارەی تیۆریانەوە، لێرەشدا گۆزارەکانی خۆی ڕەخنەییانە یان بە ڕاستاندن ڕاڤە کردووە. هەر بەم شێوەیە ڕازی تەنانەت ڕەخنە ئاڕاستەی مەزنترین ناسێنراوە پزیشکییەکەی چەرخی ناڤینیش دەکات، واتا گالن، کە پزیشک و فەیلەسوفێکی گریکی-ڕۆمی بوو (129-199). بەرهەمە سەرەکییە پزیشکییەکانی ئەو بریتی بوون لە: ئێنسیکلۆپێدیای “ئەلجامیع ئەلکەبیر” (کۆبەرهەمی گشتگیر)، ئەوجا “ئەلحاوی فی ئەلتوب” (دەفری پزیشکی)، هەڵبژاردەیەکی ئەم نووسینەش ساڵی 1279 لە سیسیلیا بە ناونیشانی “کتێبی پاراستن” (Liber Continens) بۆ لاتینی وەرگێڕرا و ساڵی 1486 لە برێشا (Brescia) بە چاپکراوی بڵاوکرایەوە. ئەوجا لە سەدەی هەژدەیەمدا کتێبەکەی ڕازی کە لەبارەی نەخۆشییە درمییەکان (“لەبارەی ئاوڵە و سورێژە”) نووسیبووی، لە ئێنگلاند بڵاوکرایەوە، ئەوە بێگومان وەک کەرەسەیەک بۆ ئەو ناکۆکییە کە سەبارەت بە شیمانەی کوتانی پاراستن لە ئاوڵە سەریهەڵدابوو. تێکستەکانی ڕازی بەدێژایی چەرخی ناڤین لەپاڵ زانا کلاسیکەکانی ئەنتیکە و “کانۆن ی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینادا گرنگترین نووسراوی ناسێنراوی بواری پزیشکی بوون. ڕازی سەر بەو هزرڤانانە بوو کە لە زانستە سروشتییەکان و پزیشکیدا پتر پشتیان بە توێژینەوەی ئەمپیری (تەجریبی) دەبەست نەک زانایانی ناسێنراوی پێش خۆیان وەک دەرچەی هزرین دابنێن. ئەمەش چۆنێتییەکی باڵای بە نووسینەکانی ئەو دەدا و هەر بەو هۆیەشەوە گەلێک بەرز دەنرخێنران. وەلێ هەر خودی ئەو هەڵوێستەی ڕازی لە لایەکی دیکەوە بوو بە مایەی تانوتدان لێی، کە گۆیا ئەو “ئازادانە تێڕوانینەکانی خۆی دەهزرێنێت” و نەک تەنیا پسپۆرە ناسێنراوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو لە کۆتاییدا سەرجەمی ناسێنراوانیش (ئۆتۆرێتییەکان). ئێمە ئا لێرەدا گەیشتووین بە واتای فەلسەفەیی ڕازی.

زەکەرییا ئەلڕازى خەڵکى “ڕاى” بوو، ناوچەیەک کە دەکەوێتە باشوورى تارانەوە و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لێوەى دوورە. کەواتە ڕازى یەکەم فەیلەسوفى بەواتاى ڕەچەڵەک فارسییە، لێ بۆ ئەو ئەرەبى زمانى زانست بوو و شوێنى کارکردنى سەرەکیشى بەغداد بوو، کە لە سەدەى نۆیەمدا سەنتەرى جیهانى ئیسلامی بوو. ئێمە زۆر کەم لەبارەى ژیانى ڕازى دەزانین: ئەو ساڵى 865 هاتە جیهانەوە، لە ڕاى سەرجەم کانۆنی (پرنسیپی – و) بەشە زانستییە ناسراوەکانى ئەو سەردەمەى خوێند. پێدەچێت ئەو سەرەتا وەک توێژەرێکى ئەمپیرى خۆی بە کیمیاوە خەریک کردبێت کە بە ئەرەبی ناودەنرا “ئەلخیمیا”. ئێمە پێویستە لە لایەک لە “ئەلخیمیا” ڕاڤەیەکى خوازەیی-تەسەوفییانەى کاردانەوە کیمیاییەکان تێبگەین، لە لایەکى دى، لە مەغزایەکى مۆدێرندا، وەک هەوڵدان بۆ پشکنینی سیستەماتیکییانەی پێکهاتەى ماتەرى لێی تێبگەین. هەردووکیان لە زانستى ئەرەبى-ئیسلامیدا تێکەڵ دەبن. ئەمە هەروەها ڕازیش دەگرێتەوە. ڕازى وەک پزیشک گواستییەوە بۆ بەغداد و لەوێ ڕابەرایەتیى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى کرد، کە پێدەچێت هەر خۆی پاشان بووبێت بە بەڕێوەبەرى. ئەو لە کۆتایى ژیانیدا کوێر بوو و ساڵى 925 یان 932 مرد. ئەلبیرونى لەبارەى ناوبانگى ڕازى وەک پزیشک دەگێڕێتەوە: “ئەو لە هونەری چارەسەرکردندا بە ناوبانگێکى بڵند گەیشت؛ پاشا مەزنەکان داوایان دەکرد، بەدوویاندا دەنارد و ڕێزیان لێدەنا؛ ئەو بەردەوام بە ئەوپەڕى پەرۆشەوە خەریکی دیراسە بوو” (Albiruni, 1991, 148). بێگومان فەیلەسوفە کلاسیکییەکانیش سەر بە لێتوێژینەوەکانى ڕازی بوون و لێرەشدا وەک نووسەرێکى زۆر ڕەخنەیى و هەروەها زۆر بەبەرهەم دەرکەوت. بەداخەوە زۆرینەى بەرهەمە فەلسەفەییەکانى بزر بوون. ئێمە بڕێکى زۆرى هزرى ئەو لە داڕشتنى نووسەرانى دیکەوە دەناسین، لێرەشدا هەڵوێستی ڕەتکەرەوەیان بەرانبەر ڕازى ئەو مەترسییە لەتەک خۆیدا دەهێنێت کە بڕێکى زۆرى بیرۆکەکانی تەنیا بەتەزویرکراوى بە ئێمە گەیەنرابن.(1)

فەلسەفەى ڕازى بەتایبەتى پشت بە ئەتۆمیستە گریکییەکان، واتا دێمۆکریت و ئێپیکور دەبەستێت، لێ هەروەها بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن. بێگومان ڕازى ئەم دیالۆگەى پلاتۆن لە پوختەکراوەکەى “گالن”دا دەناسێت. ئەو لەم خەریکبوونانەوە گۆڕان دەدات بە کۆسمۆلۆگى و ئێتیک و ڕەخنەى ئایین. هەرسێکیان لاى ئەو پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەیە و شێوەیەکى سیستەمى فەلسەفەیى دەخەنەوە. ڕازى سەرەتا لە پێنج پرنسیپى ئەزەلییەوە دەردەچێت: ماتەری، فەزا، کات، دەروونى گەردوونى و ئافرێنەر (خولقێنەر). ئەلبیرونى ئەم دەستپێکەى ڕازى بەم چەشنە پوخت دەکاتەوە:

“هەر پێنجیان (واتا پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە) پێشمەرجى زەروورین بۆ هەر شتێک کە هەیە. ئەوە کە لە بوونەوەردا بە سێنسەکان دەرک دەکرێت، بریتییە لە “هیولە” (کەرەسە – و) (2) کە بەڕێى ئاوێتەبوونەوە فۆرمى وەرگرتووە، ئەوجا لەبەر ئەوەى هیولە لە فەزادایە، ئەوا دەبێت فەزایەک هەبێت. ئەو ڕەوشە جیاوازانە کە ماتەری موئایەشەیان دەکات، بەزەرووری بەندن بە کاتەوە، چونکە هەندێک (ى ڕەوشەکان) زووتر و ئەوانى دیکەیان درەنگترن. هەروەها مرۆڤ بەڕێى کاتەوە لەبارەى ئەزەلیبوون و سەرهەڵداویى، هەروەها لەبارەی زووتر و درەنگتر و هاوکاتێتى دەزانێت. بۆیە دەبێت (کات) هەبێت. لەنێو بوونەوەردا زیندە هەیە، کەواتە دەبێت دەروون (گیان – و) هەبێت، لەنێو ئەوانیشدا زیندەى ئەوتۆ هەن کە ئاوەزمەندن. هەروەها ئافراندن باڵاترین کامیلکردنە، کەواتە بەزەرووری ئافرێنەرێکی دانا و زانا و کامیلکەر هەیە کە ڕژانى ئاوەز لە خودى خۆیەوە بۆ چاککردن (ى مرۆڤ) دەشێنێت” (رازى، رازى ئەلفەلسەفییە، بەیروت، 1982، 195(3))

کاتێک ڕازى لە “هیولە” دەدوێت، لێرەدا ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەو خۆی گرێ بدات بە تێڕوانینی ماتەرییەوە لای ئەڕیستۆتێلیس. وەلێ ئەم ماتەرییە لە ڕاستیدا هەمیشە “ئاوێتەیە”، بێگومان ئاوێتەیەکی پێکهاتووە لە ئەتۆم. کەواتە ماتەری ئەوها نییە کە ئەڕیستۆتێلیس گریمانەى دەکات، واتا ماتەری شیاوى کەرتاندن نییە تا بێدوایەکى، بەڵکو لە بچووکترینی گەردیلەکانیدا بریتییە لە “ئەتۆمۆس” (بەگریکى واتا “نەشیاوى کەرتاندن”). ئێستاش ئافراندنی خودایی هیچی دیکە نییە جگە ڕێکخستنی ئەم ئەتۆمانە و بەم ڕێیەشەوە گەردوونى ماتەرییانە (ماتەریەل) دەسازێنێت. کاتێک ئەتۆمەکان ئەزەلین (نەئافرێنراون – و)، بە پێچەوانەوە فۆرمەکەیان تەنیا سەرئەنجامى کردارێکى ئافرێنەرانەیە. کەواتە ئافراندنەکەی خوداش کردارێکە لە کاتدا. ڕازى لێرەدا خۆی بە “تیمایۆس”ى پلاتۆنەوە گرێ دەدات: لە “تیمایۆس”دا دەمیورگى (وەستای – و) ئەفسانەیى، واتا ئافرێنەرەکەى جیهان، گەردوون بە یەک دەگەیەنێت، بێگومان ئەو گەردوونە کە لە بنەڕەتدا کردەکێتییەکی پەتیى ماتەریانە بوو و وەک ئەوەش نە فۆرم و نە دەروونى هەبوو. وەلێ ماتەری بە پێکەوەلکاندنی دەبێت بە سەرجەمێک و “نادیارەکە”ى بوون، واتا دەروونى جیهان یان ئیدێکان، بۆ نێو خۆی وەردەگرێت. (4)

تیۆریی ئەتۆم، وەک سەرئەنجامی ئەمەش تیۆریی جیهانى ماتەریی ئافرێنراو، خودادیدیى ڕازى دیارى دەکەن. سەرەتا بونیادى ئەتۆمى لە لایەنی خۆیەوە ئەزەلییە، ئەوجا خودای ئافرێنەری جیهان ئەو بونیادە ئەتۆمییە وەک سەرجەمێکى ڕێکخراوى پڕمەغزا دەسازێنێت؛ خودا دەروونى پێدەدات، ئەم دەروونەش بریتییە لە ئاوەزى پەتى. گەر خودا لە زەروورەیەکەوە بۆ ئەم ڕێکخستنە ناچار بکرابایە، ئەوسا ئەو چیدى خودا نەدەبوو، بەڵکو تەنیا هۆکارێک دەبوو لە کاتدا؛ ئەوسا دەبوو خودی ئەم هۆکارە دوایەکى بووایە و هەروەها هۆکاری هەبووایە. لەبەر ئەم هۆیە دەبێت خودا تەنیا بە خواستی خۆی گەردوونى وەک ماتەریی ڕێکخراو ئافراندبێت. ڕازى ئەم کردارەى ئافراندن وەک نیشانەى خۆشەویستى و چاکیى خودا دەبینێت. خودا لە بەزەیی خۆیەوە جیهانى ناڕێکخراوى ئەتۆمى دەبووژێنێتەوە، ئەوجا بە ڕژاندنى ناخەکیترین کرۆکى خۆی شیمانەیەک بەم ژیانە دەدات کە لەنێو مرۆڤدا خۆى سەرلەنوێ لە فۆرمى ماتەری جیا بکاتەوە و خۆى لەتەک خودادا بهاوشێوەێنێت. کەواتە توانستى ئاوەز لاى مرۆڤ نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستیى خودا، لێرەشدا ڕازى سەرلەنوێ پشت بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن (30a) دەبەستێتەوە. ڕازى درێژە بەو ئافراندنەی جیهان دەدات کە لە “تیمایۆس”دا داڕێژراوە، ئەویش کاتێک جیهان وەک دوایەکى (کۆتامەند) دیارى دەکات. کۆتایى جیهانى ئافرێنراو لەو ساتەدایە کە دەروون دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە سەرچاوەییەکەى هۆشەکێتیى پەتى، واتە “بۆ لاى خودا دێت”. لەبەر ئەم هۆیە ئەرکى مرۆڤان ئەوەیە کە خۆیان بە یاریدەی فەلسەفە بهۆشێنن و بەوەش خۆیان لە ماتەری جیا بکەنەوە.

لێرەوە پرسیارێک سەرهەڵدەدات: گەر دەروونى هۆشەکى ی ئازادکراو لە ماتەری، باشترینى سەرجەم ڕەوشە شیاوەکان بێت، ئیدی ئایا لەبەر چە هۆیەک خودا لێرەبوونى (وجودی) ماتەرییانەی ئافراند؟ پەیوەست بەم پرسیارەوە ئەبو حاتەم ئەلڕازى (932 مردووە) دانوستاندنێکی نێوان خۆى و زەکەریا ئەلڕازی دەگێڕێتەوە (al-Munazarat, ar-Razi 1982, 291-316). بەم پێیە وەڵامى ڕازى پەیوەند بەم پرسیارەوە ئەوە بووە، کە گرێدانێک لە نێوان دەروون و ماتەریدا خۆزگەى خودا بووە، ئەویش تاکو دەرفەتێک بە دەروونى توانامەند بۆ ژیری (vernunftbegabt) بدات کە پەیوەند بە قەدەری خۆیەوە ئازادانە ئیختیارێک بکات. ئاخر دەروونێک کە ئازادانە کردار بنوێنێت، باشترە لە دەروونێکی جڵەوگیراو. ئا لێرەدا گەردووندیدیى ڕازى دەچێتە نێو ئێتیکەکەیەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکى دەرووندار و ئاوەزمەندە، بۆیە هەروەها بوونەوەرێکى ئازادە. ئەو بە کردارى ئافراندنی خودا داواى لێکراوە کە خۆى فۆرمى لێرەبوونى دیارى بکات. ئەو بێگومان دەتوانێت بە کایەى ماتەرییەوە پابەند بمێنێتەوە، وەلێ ئەو لەم ڕەوشەدا ناتوانێت بە لێرەبوونێکى ڕاستینە بگات؛ ئەو هەروەها دەتوانێت بەڕێى هۆشەکێتیى خۆیەوە هەڵزنێت بەرەو فۆرمێکى باڵاترى لێرەبوون، کە ئیدی ڕزگاری دەبێت لە مەزنەگوناهى پێکەوەگرێدانەکەی ماتەری و هۆش. بێگومان ئەم مەزنەگوناهە لەو شێوەیەدا نییە کە لە تێڕوانینى بیبلیانە و قورئانیدا جەختی لێدەکرێت، واتا “دواى” ئافراندن سەرهەڵنادات، هەروەها بەند نییە بە گوناهى خودى مرۆڤەوە (ئادەم و حەواوە – و، بەڵکو لەنێو خودى کردارى ئافراندنی خودادایە. پێدەچێت هەروەک خودا بییەوێت نەهێشتنی ئەو گوناهە کە ئەو خۆى لە ئافراندنی جیهاندا کردوویەتى، بۆ مرۆڤ جێبهێڵێت. نەهێشتنی گوناهەکە، هاوشێوەى نوێپلاتۆنیزم، بە بزووتنێکى هەڵچوو دەشێت، کەواتە ئەمیش پشت دەکاتە فۆرمى ماتەرییانەی یان فۆرمى زەمینیانەى لێرەبوون، هێندە نەبێت کە ئەم بە پێچەوانەى نوێپلاتۆنیزمەوە بەبێڕێزى لە لێرەبوونى ماتەرییانە ناڕوانێت. ڕازى لە نووسینە گەیەنراوەکەیدا بە ناونیشانى “شێوازى ژیانى فەلسەفەیی” (ئەلسیرە ئەلفەلسەفییە، 97-112) بەرگرى لە خۆی دەکات وەک کەسێک کە پابەندی نموونەى کەسی “دانا” بووە، ئەم دانایەش بە دیدی ئەو لە سۆکراتێسدا بەرجەستە بووە. ئێمە بێگومان لێرە سۆکراتێسى ترادیسیۆنى ئەرەبیمان هەیە کە تێکەڵکراوە بە مۆرکەکانى دیۆگینێسى سینۆپەیى: هەروەها سۆکراتێسەکەى ڕازیش لەنێو کووپەیەکدا و تەنانەت هەندێک جار لە بیابانێکدا دەژى (5). پاشان، وەک ڕازی دەبێژێت، سۆکراتێس واز لەم شێوازە ئاسکێزییەی (زاهیدییەی) ژیان دەهێنێت تاکو خۆى بۆ فەلسەفە تەرخان بکات، ئەم فەلسەفەیەش هەروەها واتاى دانایى پراکتیکییانەى ژیان دەگەیەنێت، چونکە سۆکراتێس دەچێتە پەیوەندیی هاوسەرییەوە، زارۆک دروست دەکات، چێژ لە خۆراکى بەتام وەردەگرێت و (بە ڕێژەیەکى کەمتریش) لە شەراب، جگە لەوە وەک هاوڵاتى فرمانەکانى خۆى بەجێدەگەیەنێت، ئەویش کاتێک لەدژى دوژمنانى شارەکەى دەجەنگێت. کەواتە دوژمنایەتیکردنی پەتیى لەش و ئەوجا ئاسکێز (زوهد) ڕێگەیەک نین ڕووەو لێرەبوونێکى هۆشەکییانەى باڵاتر، بە پێچەوانەوە تەقەلادانى فەلسەفەیی ئەو ڕێگەیە پێکدەهێنێت، بێگومان تەقەلادانێک کە گەرچی دەیەوێت خۆى لە لەش جیابکاتەوە، سەرەڕای ئەوە نابێت لەتەک لەشدا بکەوێتە ناکۆکییەوە، بەڵکو گەرەکە ڕێگەیەکى نێوانى بگرێتە بەر.

ئەم تێڕوانینە هەروەها لەتەک تێڕوانینێکی ڕازیى پزیشکدا یەکدەگرێتەوە کە ئەو سەبارەت بە پەیوەندییەکانى موئاناتی ئۆرگانى و پسیکۆیی هەیەتی. کاتێک گالن، لەتەک ئەویشدا ژمارەیەکى زۆری شوێنکەوتووانی لە چەرخى ناڤیندا، بڕوایان وا بوو کە ڕەوشی پسیکۆ بەندە بە ساغیى لەشەوە، ئەوا ڕازى خۆگرێداو بە ڕەچاوى مەیدانیانەى نەخۆشخانەییەوە ئەم ڕوانگەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پسیکۆ دەشێت مایەى نەخۆشکەوتنى لەش بێت یان نیشانەی نەخۆشیی لا دیاربهێنێت، بەبێ ئەوەى لێرەدا نەخۆشییەکى ڕاستینەى ئۆرگانى لەگۆڕێ بێت. بەم شێوەیە بیرۆکەی نەخۆشکەوتنى پسیکۆسۆماتى (پسیکۆ-لەشەکی) دێتە ئاراوە و بەتەواوى لە لایەن پزیشکیى ئەرەبى-ئیسلامییەوە وەردەگیرێت. بۆ نموونە پزیشکە ئیسلامییەکان هەوڵیان دەدا کە تا ڕادەى شیان بە ئانامنێزەیەکی تەواوەتی و گشتگیر هۆکارى “دەروونیانە”ى سەرجەم نیشانەکانی نەخۆشی بدۆزنەوە. کەواتە بۆ ڕازى ڕووکردنە هۆشەکێتی گرنگترە لە پشتکردنە لەشەکێتى. ئەم هەڵوێستە بۆ کەسی “دانا” کە نموونە و ئیدیالى ڕازییە، واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت کە ئەو خۆى وەک بەرپرسیار دەبینێت “لە چاکێتیى بێسنوور و کۆششکردن بۆ خاتری پێشکەوتنى سەرجەم مرۆڤان”: “ئەو ژیانە کە فەیلەسوفە مەزنەکانى ڕابردوو بەڕێوەیان بردووە، دەشێت بە چەند وشەیەکى کەم دیارى بکرێت: ژیانی بەو چەشنە بەدادییە بەرانبەر سەرجەم مرۆڤان” (Zit. Nach Jockel, 131, 1981). ئێمە، وەک بوونەوەری ئاوەزمەند، خاوەنی ئازادین بۆ وەرگرتنی ئەو هەڵوێستە، وەلێ ئێمە هاوکات بانگکراوین بۆ ئەوەی خۆمان بەڕێى فەلسەفەوە کامیل بکەین. بە هەر حاڵ، ئاوەز میدیەمەکەیە چە بۆ خەڵاسی کەسى خۆ و چە بۆ بەڕێوەبردنى ژیانێکى چاک و بەداد. هەروەها ڕازى لێرەشدا ڕەهەندی بەگەڕخستنەکەى کارکردن بە ئاوەز دەبینێت، ڕەهەندەکەش بەشێکە لە پلانى خودایانەى ئافراندن:

“ئافرێنەر زەینی پێداین تاکو بەڕێیەوە هەر پێشکەوتنێک بەدیبهێنین کە گەرەکە بەگوێرەی جۆری خۆمان و ئەودنیاش دەرگیری بین. ئەوە مەزنترین چاکەی ئافرێنەرە لەتەک ئێمەدا، هیچ شتێکیش پڕبەهاتر نییە لە مشورخواردنی ئەو بۆ پێشکەتن و سوودی ئیمە. […] ئێمە بە یاریدەی زەین لە شتی ئەوتۆی نامۆ و ئەوبەرەکی تێگەیشتووین کە پێشتر نهێنی و لێمان شارراوە بوون. ئێمە بە یاریدەی زەین ڕووبەری زەمین و ئاسمانمان ناسی، یان بارستایی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، دووری و بزووتنیان. تەنانەت بە یاریدەی زەین گەیشتین بە مەئریفەی ئەو مەزنە، هینی ئافرێنەرمان، ئەوەش شکۆمەندترین بوو کە ئێمە هەوڵی گەیشتمان پێی دەدا و سوودمەنترین دەستکەوتیشمان بوو. […] کە ئەمە بێت بەها و پلە، نرخاندن و واتای زەین، ئیدی هەقە لە پێگەی باڵای خۆی داینەگرین یان بە هەر شێوازێک ڕسوای نەکەین، بەڵکو لە هەموو دۆزەکاندا ڕاوێژی پێبکەین، ڕێزی بگرین و پشتی پێببەستین، ئەویش بەوە کە دۆزەکانمان بەگوێرەی فەرمانی ئەو بەڕێوەبەرین و هەر بەگوێرەی فەرمانی ئەویش کۆتاییان پێبهێنین.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 129 بەدوواوە)

کەواتە بە دیدی ڕازى نەک خودا، نەک پەیڤى خودا کە لە نووسراوێکى سروشیدا تۆمارکراوە، پێوەری گەرەکی بایەخپێدانە لە لایەن مرۆڤەوە، بەڵکو بڕیارى ئاوەزی خۆیی ئۆتۆنۆم پێوەرە. هەر بەگوێرەی ئەم بنەمایە ڕازى هەڵوێستێکی ڕەخنەیى، بەڵێ ڕەتکەرەوە بەرانبەر ئایینە سروشییەکان وەردەگرێت. بە بڕواى ئەو پەیامهێنى (پێغەمبەرایەتی) شتێکى ناپێویستە، چونکە مرۆڤ تەنیا بە کۆششى فەلسەفەیی خۆی، واتا بە کۆششى هۆشەکى، دەتوانێت خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت. سەرجەمی مرۆڤان دەتوانن ئەم ڕێگەیە بگرنە بەر. ڕازى بەم تێڕوانینە یەکسانگەرییە بەئاشکرا لە سەرجەم فەیلەسوفانی دیکەی ئەرەبى-ئیسلامی جیا دەبێتەوە، کە گەر تەنانەت جەختیان لە باڵادەستییەکەی جیهاندیدیى فەلسەفەیى-ئاوەزمەندانە کردبێت، هێشتا هەر هەموویان نزیکەى بە یەک دەنگ دەیانگۆت کە پەیامهێنی، وەک ڕێبازێکی دانایى، پێویستە بۆ گەلی سادە. جگە لەوە ڕازى تێڕوانینێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە خودى ئایینیش هەیە. ئەو دەبێژێت کە نەشیاوە خودایەکى میهرەبان و بەداد هەرگیز پەیامى خۆى بۆ گەلێکى “هەڵبژێرراو” (ئەلموختار) بنێرێت. گەر هەر یەکەى ئایینەکانى یەهودى و کریستیانی و ئیسلام بەرانبەر یەکدى جەخت لە بەربژێریی خۆی بکات، ئەوا لەو ڕاگەیاندنەدا بڕوایەکی چەوت خویا دەبێت کە تەنیا ناکۆکى و جەنگی لێدەکەوێتەوە. هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینەش پەیامهێنانى هەر یەکەى ئایینەکان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە خۆیان تەنیا لە تەماحى دەسەڵات و لەخۆباییبوونەوە بە پەیامهێنى خودا دانابێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە مرۆڤانیان فریوداوە و خستویاننەتە نێو ناکۆکیى بێواتاوە. ڕەنگە گۆتەی “سێ فریودەرەکە” (De tribus impostoribus) کە لەبارەی موسا، ئیسا و محەمەد دەربڕراوە و لە چەرخى ناڤینى کریستیانی و هەروەها ئیسلامیشدا بڵاوبوو، ڕاستەوخۆ بۆ ڕازى بگەڕێتەوە، جا گەرچى هیچ کتێبێکى ئەو لەم بارەیەوە بە ئێمە نەگەیەنراوە.(6) لە سەدەکانى ئایندەدا تەنانەت زانایانى ڕەخنەیى و واتامەندى فەلسەفەى ئیسلامى خۆیان بە تووڕەییەکی زۆر کەم شارراوە لەبارەی ڕازى دەردەبڕن، ئەمەش پێشانى دەدات، کە ڕەخنەى ئەو لە ئایین بەڕاستى بنەڕەتى و ڕیشەیى بوو. سەبارەت بەمە ئەلبیرونى تێبینى دەدات:

“ئەو لە ڕووى ئایینەوە نەک تەنیا بەوە ڕازی بوو کە سەرکەشانە ئایین پیشتگوێ بخات یان بێدەنگانە وەلاوەی بنێت، بەڵکو ئەو تەنانەت دەستی دایە تەوسگرتنە ئایین و بە بەرهەمى خێو و شەیتانی دەدەنا. […] مرۆڤ دەتوانێت ڕاستاندنى ئەم دەربڕینانەم لە کۆتایى کتێبەکەیدا لەبارەى پەیامهێنى ببینێت، کە ئەو تێیدا ئابڕوبەرانە لەبارەى پیاوانى شایانی ستایشکردن دەدوێت. ڕووهەڵماڵراوییەکى بەم چەشنەش بێئەدەبییە” (ئەلبیرونى، 1991، 146).

ئەم دەربڕینە گەلێک بەواتایە بۆ نرخاندنى قۆناغى “کلاسیکى”ى کولتوورى ئەرەبى-ئیسلامى، ئەویش چونکە ڕازى دەیتوانى تێڕوانینى ئەوها ڕادیکالی هەبێت بەبێ ئەوەى لەتەک نوێنەرانى ئۆرتۆدۆکسیى ئایینیدا یان دەسەڵاتى دەوڵەتدا بکەوێتە ناکۆکییەکەوە. ئەمە سەرلەنوێ نیشانەیەکە بۆ کەشى لیبەرالى هۆشەکى کە لە چەرخى ناڤینى ئیسلامیدا لایەنى کەم تا ڕادەیەک سەروەر بوو. وەلێ ئەوە تێگەیشتنێکی سەهوو دەبێت گەر ڕوانگەیەکى ئاتێئیستى (ئیلحاد) بدرێتە پاڵ ڕازى. لە ڕاستیدا ڕەخنەى ئەو لە ئایین تا ئەو ڕادەیە ئایینییە، کە خوداى ئافرێنەری میهرەبان نەک تەنیا جیهانى ماتەری ى لە پەیوەندیدا بە هۆش و دەروونەوە ئافراندووە، بەڵکو ئەو بە ڕژانى خۆی دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت کە ببێت بە بوونەوەرى هۆشمەند. وەلێ خوداکەى ڕازى خوداى فەیلەسوفەکانە، نەک خوداى کتێبە پیرۆز و دۆگمە ئایینییەکان. بەتایبەتى بەم خوادیدییە ئاوەز لاى ئەو پێشتری وەردەگرێت. ئەمە و جەختکردنە زۆرجارییەکەى ڕازى لە بەرپرسیاریى مرۆڤ بۆ کردارى بەداد و چاک، دەیکەن بە هومانیستێکى مەزنى فەلسەفەى چەرخى ناڤین.

ڕەخنەى ئایین لای ڕازى هەڵوێستێکی بێهاوتا نەبوو لە مێژووى هزرى ئەرەبى-ئیسلامیدا  – وەک چۆن زۆر جار نووسینە ئەوروپییەکان جەختی لێدەکەن. ئیبن ئەلڕەوەندى (نزیکەى 910 مردووە)، کە پێدەچێت خەڵکى وڵاتى فارس بووبێت، لە ڕازى ڕادیکالتر بوو. ئەو سەرەتا سەر بە نێوەندى موئتەزیلە بوو، هەروەها تیۆلۆگێکى ناسێنراو و ڕێزلێگیراو بوو. وەلێ پێدەچێت کە بیروباوەڕە موئتەزیلەییەکان نەیانتوانى بێت تینوێتیى ئەو بۆ زانین بشکێنن و وەڵامى پرسیارە ڕیشەییەکانى بدەنەوە. کۆششى تیۆلۆگى-فەلسەفەیى ئیبن ئەلڕەوەندی لە کۆتاییدا گەیشت بە ڕەخنەیەکى ڕادیکالى ئایین، وەلێ ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی نەک تەنیا پەیامهێنیى وەک شتێکى زیادە دەبینی، بەڵکو تەنانەت قورئانى بە “پەرجو”ى سروشى خودایی دانەدەنا، بە پێچەوانەوە دەیگۆت کە قورئان تەنیا هەوڵێکى ئەدەبییە لەنێو کولتوورى ئەرەبیدا. “پەرجو” بۆ ئیبن ئەلرەوەندى هیچى دیکە نەبوو جگە لە “وەهم” یان فریودان. ئەو هەروەها سەرجەمى ئەو دۆگمە ئایینییانەى ڕەتدەکردەوە کە بە ئاوەز بەڵگەیان بۆ نەدەهێنرایەوە، لێرەشدا بە بڕواى ئەو زۆرینەى دۆگمە ئایینییەکان بەدەر بوون لە بەڵگەهێنانەوەی ئاوەز. کەواتە هیچ جێى سوڕمان نییە کە ئەلڕەوەندى لە چاوى موسڵمانانی ئیمانداردا زەندیقێکى پڕمەترسى بوو، وەک سەرئەنجامى ئەمەش بەرهەمە فەلسەفییەکەى، بەهێزتر لەوەى ڕازى، بەر نالێبوردەیى و هۆشی ئینکاری سەردەمى پاش خۆى کەوت: ئێمە تێڕوانینە فەلسەفەییەکانى ئەلڕەوەندى زۆر ناتەواو لە داڕشتنەکانى دەستى سێیەمەوە دەناسین، داڕشتنەکانیش تەواو هێرشبەر و دوژمنانەن، بۆیە ناتوانین بەوردی لەبارەى فەلسەفەى ئەلڕەوەندى بدوێین. ناوبانگى ئەو تەنیا وەک ڕەخنەگرێکى ڕادیکالى ئایین ماوەتەوە. باوەجو ڕەخنەى ئایین زۆر دەرخراوتر وەک لە فەلسەفەدا لاى هەڵبەستڤانان دەبینرێت. ئەبو نەواس (753-811) گاڵتەجاڕێکى ساتیری بوو لە دژى هەموو شێوەیەکی دۆگماتیزم و دوژمنایەتیکردنی حەزەکان. سرودەکانى سەبارەت بە خۆشەویستى و شەراب بەناوبانگن. هەروەها بە نموونەى ئەبو ئەلا ئەلمەئەری (975-1058) دەگەین بە هەڵبەستی هزریی فەلسەفەیى. ئەو لە هەڵبەستەکانیدا وێنەى پەیامهێنانى ئایینە جیهانییەکان، واتا وێنەی “سێ فریودەرەکە”، گرێ دەدات بە ئاشکراکردنی ئەو ڕەوشەوە کە چۆن ئایین کراوە بە ئامرازی سیاسی: “ئەو مەزهەبە جیاوازانە کە تەفرەقە لە نێوانتاندا چێدەکەن / تەنیا هەڵبەستراون بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی دەسەڵاتداران” (Zitiert nach Jockel 1981, 169).

 

پەراوێز

(1) بڵاوکراوەیەکی بەرهەمە کەمەکانی ئەو کە بە ئێمە گەیشتوون، هەروەها هەواڵنامەکانی سەردەمانی درەنگتر لەبارەی فەلسەفەکەی لە ساڵی 1939دا بە ناونیشانی “ڕەسائیل فەلسەفییە / Opera Philosophica” بە ئەرەبی لە بەردەستدان.

(2) “ئەلهەیولا” بەئەرەبیکردنی “هیولە”ی گریکییە؛ لێرە نەک تەنیا بۆ ماتەریی بەرجەستە بەکارهێنراوە، بەڵکو لەکاتی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەم واتایەش دەگەیەنێت: “شیاو بۆ فۆرمپێدان”، کەواتە: شیمانەی فۆرم لە پەیوەندیدا بە کردەکێتییەوە.

(3) لە: ئەلبیرونی، فی ئەلقودەما ئەلخەمسە (“لەبارەی پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە“)، 191-216.

(4) هەروەها ئەم بەشەی کۆسمۆلۆگییەکەی ڕازیمان وەک هەواڵ لە دەستی دووەمەوە پێگەیشتووە، لە لایەن ناسڕی خوسرەو: “لەبارەی دەروون و کۆسمۆس” (بڕوانە ئەڵڕازی 1982، 282-290).

(5) پزیشک و زانا ئیبن جولجول ی کۆردۆبەیی (944-994) زۆر جوان ئەم وێنەیەی لە وەسفکردنی سۆکراتێسدا داڕشتووە. بڕوانە: Fleischhammer 1991, 139f..

(6) پێدەچێت سەرای کایزەر فریدریشی دووەم کە سەر بە خانەوادەی شتاوفەکان بوو، ئەم ڕەخنەیەی ئایینی بە چەرخی ناڤینی لاتینی ناساندبێت. ئەم کایزەرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی سیازدەدا پەیوەندییەکی چڕی بە جیهانی ئیسلامییەوە هەبوو، هەروەها ناسرابوو بە کراوەیی و لێبوردەیی بەرانبەر کولتووری ئیسلامی. بۆ یەکەم جار ساڵی 1562 ناوی کتێبێک بە هەمان ناونیشانەوە هاتووە، یەکەم داڕشتنە چاپکراوەکەی ساڵی 1688. ڕەخنەیەکی ئایین کە ساڵی 1719 بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە، تەنیا بە ناونیشانەکەی لەتەک ڕەشنووسە ئەرەبییەکەدا یەکدەگرێتەوە.

 

سەرچاوە:

Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

 

فەرهەنگۆک

ئانامنێزە: یادهێنانەوەی مێژووی نەخۆشییەکانی پێشین

پسیکۆسۆماتی: (پسیکۆ، واتا ژیانی ناخەکی، سۆماتی، واتا لەشەکی) ئەو نەخۆشیانەن کە هۆکارەکانیان بەتەواوی ئۆرگانیانە ڕوونناکرێنەوە. پسیکۆسۆماتیک ڕێبازێکی “سەرجەمیانە”ی چارەسەرکردنی نەخۆشییە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: