مەسعوود محەمەد

945
0
بڵاوکردنەوە:

هزرێکی تاقانە و مۆدێلێکی ناباو

 

نووسین و ئامادەکردنی: ڕامیار محەمەد

 

لەدایکبوون، ژیانی منداڵیی و بنەماڵەکەیان

مەلای گەورەی کۆیە و کاریگەریی بەسەر بیری مەسعوود محەمەدەوە

مەسعوود محەمەد کوڕی مەلا محەمەدی گەورەی کوڕی مەلا عەبدوڵا کوڕی مەلا ئەسعەد کوڕی مەلا عەبدولڕەحمان کوڕی مەلا عەبدوڵا کوڕی مەلا محەمەد کوڕی مەلا ئیبراهیم کوڕی شێخ حەسەن کوڕی مەلا ئەبوبەرک ناسراو بە حاجی گەزۆی، کوڕی ئیبراهیمە.

لە ساڵی ١٩١٩ لە شاری کۆیە لەدایک بووە. وەکوو خۆی باسی لێوە دەکات، نازانین بە دروستیی مانگی چەند لەدایک بووە، بەڵام بەپێی لێکدانەوەکانی خۆی بێت، لە مانگی «گەلاوێژ/ئەیلوول» لەدایک بووە و ئەودەمەش ماڵیان لە گوندی «چنارۆک» بووە. چونکە دایکی توانای شیر پێدانی نەبووە؛ دایەنێکی هەبووە بە ناوی «یاعیسمەت». خۆی دەڵێت، لە دایکم زێدەتر ئولفەتم پێوە گرتبوو.

وەکوو ئاشنایە، باوکی مامۆستا مەسعوود مەلای گەورەی کۆیەیە «مەلا محەمەد». بنەماڵەی جەلیزادەکان بە تەقوا و خواناسیی بەناوبانگ بوون. ڕەچەڵەکی ئەم بنەماڵەیەش دەگێڕێتەوە بۆ شاری جزیرە و بۆتان. کە لەوێندەرەوە بە هۆکارێکی نادیار، ڕوو لە گوندی «بێگەڵاس»ی ناوچەی پشدەر دەکەن. کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ «شێخ برایمی جەزیرەیی»؛ هێندەش لەبارەی ژیانی و چۆنێتی ژیانی ئەم «شێخ برایم»ەوە نازانین، ئەوەندە نەبێ کە ئەویش ئەهلی ئایین و زانین بووە.

پاشان «مەلا عەبدوڵا» -باپیرە گەورەی- دەچێت بەرەو گوندی «جەلی» و هەر لەوێشەوەیە کە نازناوی جەلیزادە وەردەگرن.

بۆ ئەوەی لە دونیابینی و جیهانبینی مامۆستا مەسعوود محەمەد تێبگەین، پێویستە بزانین لە چ خانەوادەیەکەوە هاتووە و کوڕی چ خێزانێکە. چونکە ئەو بە دەمی خۆی دەڵێت، کەوا بە هەموو ژیانی قەرزداری باوکییەتی و، ئەو جودا بووە لە خەڵکی دیکە بەوەی ئەو کەسێكە، هەڵقووڵاوی ناو ڕۆشنبیرییەکی زۆر و باگراوندی خێزانییەکی زۆر باشی هەیە بەهۆی باوک و باپیر و باپیرەگەورەیەوە. بەڵام ئەو هێندە خۆی بە قوتابی بابی دەزانێ، هێندە خۆی بە قوتابی هیچ جۆرە فەلسەفەیەک و فەیلەسووفێك نازانێ. ئەسڵەن ئەو خۆی، وەکوو دەیڵێ: موعجیبی هیچ جۆرە فەلسەفە و فەیلەسووفێك نییە. لە ماوەیەکی گەنجییەتیدا، سارتەر و مارکس سەرنجی ڕاکێشاون، بەڵام هەر زوو لەو بابەتە دەرچووە و چیدی بە گرنگی نەزانیون وەکوو ئەوەی شوێنکەوتەیان بێ وەکوو قوتابخانەیەک.

مەلای گەورە، وەکوو ناوی لای زۆربەمان ئاشنایە، بەڵام هێندە دەبێ بزانین، مەلای گەورە کەسێتییەکی بەهێز و کاریگەری هەبوو لە ناوچەکەدا. هەم لە ڕووی زانست و زانینەوە، هەم لە ڕووی سیاسەت و کەسایەتییشەوە. ئەودەمەی مەسعوود محەمەد دوو ساڵان بووە، مەلای گەورە قازیی کۆیە بووە لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا، تا ئەودەمەی کۆیە بۆمباران دەکرێت لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ئەمەش لەدوای مردنی حەمەئاغای حەوێزییان، ئەویش ناوچەکە بەجێ دەهێڵێ و زۆر لە باروودۆخ و بەشێکی خەڵکەکەی ئەودەمەش توڕە دەبێت (جاشەکان). دەنگۆی هاتنەوەی تورک و عوسمانلی دەکرێت بۆ ناوچەکە و، بەو هۆیەوە کۆیە دەکەوێتە بەر بۆمبارانی تورک بەمەبەستی ڕاوەدوونانی ئینگلیز. بەڵام دواتر چەند خەڵكێک، کە خۆیشیان دەستوپێوەندی تورک بوون، دێنەوە بۆ خزمەتی مەلای گەورە و داوای لێ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ کۆیە، ئەویش پاشی ئەوەی قسەیان زۆر پێ دەڵێت، ڕازی دەبێ بە گەڕانەوەی بۆ کۆیە و دەستبەکاربوونی وەکوو مەلای گەورە.

مەلای گەورە هاوڕێی مەلا فەندی ناوداری هەولێر بووە. دوو زانای ئەودەم کە مەلیک و موتەسەڕیفیش نەیانتوانیوە عیزەتی نەفسیان بشکێنن. مەلای گەورە ئەو پیاوە بوو کە کچەکەی خۆی خستە بەر خوێندن. پیاوێك کە تەفسیری قورئانی کردبوو و زانای سەردەمەکەی خۆی بوو. هەر خۆی خێزانی جەلیزادەکان، لە ڕووی زانست و تەقواوە، لە ترۆپکدا بوون. مەسعوود محەمەد خۆی دەڵێت دوژمن و ناحەزانی باوکی ئەمانە بوون:

١- زۆردار

٢- ئەفسانەپەرست

٣- مێشكوشک

٤- دوژمنی کوردایەتی.

مەلای گەورە جگە لە دین، شارەزاییەکی باشی لە فەلەکناسیی و زانستەکانی دیکەی زمانیشدا هەبووە. هەربۆیە مەسعوود محەمەد، کە خۆی بە قەرزدارباری بابی دەزانێ، لەم ڕوانگانەوەیە. ئەو کەسێك نەبووە، لە خێزانێکی نەناسراو و کەم توانا لە ڕووی زانستییەوە گەورە بووبێ، بەڵکوو لە خێزانێك و لە ژینگەیەکی تەواو زانستی و ئەقڵییدا گەورە بووە. تا دواجار خەمەکانی باوکی، دەربارەی کورد و نەتەوە و لایەنێکی ڕاشناڵیش (ئەقڵانیی)، دەبنە خەمی مەسعوود محەمەدیش.

دەکرێ بڵێین مەسعوود محەمەد میراتێکە لە مەلای گەورە و خانەوادەی جەلیزادانەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە. کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەکانی ئەو، شاهێدی بۆ ئەم قسەیە دەدەن.

“باوکم لە دەرووندا ئیمانی بە حەق هێنابوو. لەو ئیمانەدا تێكڕای بوونەوەر لەبەر چاو و لەبار تەبعی جۆرێك لەنگەری بەستبوو کە ئیتر گۆڕانی باری بوونەوەر نەتوانێ لەنگەربەستنەکە تێك بدات، بۆیەبوو هەرگیز لە بارێكەوە بۆ بارێک نەدەگۆڕا. لە ماڵەوە و لە مزگەوت و لە نێوان ئاپۆڕەی خەڵق و لای دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات یەک زەڕڕە فەرق بە قسە و بە ڕەفتاری نەدەکرا، چ لە ژووری خۆی تەنها بایە و کتێبێکی خوێندبایەوە و چ لە دیوەخانە یان لە مزگەوت لەگەڵ خەڵق دانیشتبایە یان لە هەر هەڵکەوت و هەڵوەستی دیکەدا بایە هەمان ڕەفتاری دەکرد، واتە تەنهابایە و خەڵق دیاربایە بایی سەری موویەک حەرەکە و سەکەنەی نەدەگۆڕا، هەر بە قەدەر ئەوەی شەرم لە سێبەری خۆی بکات شەرمی لە خەڵق لە دەکردەوە. (گەشتی ژیانم: مەسعوود محەمەد: لا. ٢٦)”

ئەم کاریزمایەی مەلای گەورە نەک بەتەنها کاریگەریی بەسەر خودی مەسعوود محەمەدەوە جێ هێشت، بەڵکوو کاریگەریی هەبوو بەسەر تەواوی خەڵکی کۆیە بەگشتی و مەلاکانی ئەودەمی کوردستان بەتایبەتی. ئەم کەسایەتی تاقانەبوونە هەر وەک ئەوەی لە خوێنی ئەواندا بووبێت، چونکە مەلای گەورە لە هیچ مەلایەکی ئەودەم نەدەچوو، ئەو تاقانە بوو، مەلایەکی حەقبێژی حەقناس بوو، سڵی لە کەس نەدەکردەوە، گەر دوژمنەکەی زۆر بەهێزیش بووایە سڵی لێ نەدەکردەوە و قسەی خۆی پێ دەگوت، بێگومان ئەوەی بە حەقی دەزانی. هەر ئەو بوو پەلی موتەسەڕیفی هەولێری گرت و خستنییە دوای خۆیانەوە و نەیهێشت لە پێش ئەو و مەلا فەندی و مەسعوود محەمەدی منداڵدا بڕوات، چونکە ئەو خۆی لە کەس بە کەمتر نەدەزانی. هەر ئەویش بوو لە بەرانبەر مەلیکی عێڕاق حەقبێژانە گلەیی و گازندە و هەڵوێستی خۆی بە مەلیک گوتبوو بێ ئەوەی سڵ لە هیچ بکاتەوە.

ئەمانە و زۆر شتی دیکەش کاریگەرییەکی زۆری بەسەر بیر و بیرکردنەوەی مەسعوود محەمەدەوە بەجێهێشت و تا مردیش خۆی بە قەرزدارباری باوکی دەزانی، وەکوو خۆیشی دەیڵێت، تا تەمەنێکی گەورە، نەیتوانیوە لەو گرێی خۆی بەکەمزانینەی لە باوکی دەربچێت. چونکە ئەو هەردەم دەیویست وەکوو باوکی بێت.

 

خەمخۆریی بۆ ئاشناکردنی کورد بە بوون و ڕەچەڵەکە دێرینەکەی خۆی

مەسعوود محەمەد لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی شیعری نالی و حاجی قادری کۆیی، دەیەوێ ختوکەی هزر و بیرکردنەوەی کورد بدات. دەیەوێ لە ڕێی شیکردنەوەی شیعرەکانی ئەو شاعیرانە، کورد بە بوونە ڕەسەنەکەی خۆی شاد بکاتەوە. هەرچەند ئەو بێئومێدە، بەڵام خەمخۆریی ئەو بۆ کورد، وای لێ کردووە هەتا ئەودەمەشی کۆچی دوایی دەکات، دەست لەو ڕێبازە هەڵنەگرێ کە بڕوای پێیەتی. هەروەها مەسعوود محەمەد لە کتێبی ”زمانی کورد”دا دەیەوێ بوونی کورد لەنێو ماڵی زماندا نیشتەجێ بکا و لەم ڕێگەیەوە کورد بێنێتە نێو_جیهانەوە تاکوو وەک بوونێکی سەربەخۆ بێتە نێو مێژووەوە. بە بڕوای مەسعوود محەمەد، کورد دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە، دەرە مێژووە. ئەو لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە، بەتایبەتی (زمانی کورد) دەیەوێ کورد بهێنێتەوە ناو مێژووییەک کە هی خۆیەتی و لێی بێئاگایە. مەسعوود محەمەد بە ڕێگەیەکی ئیتمیۆلۆجیانە و ئارکیۆلۆجیانە، هەوڵدەدات ئەو توێكڵە مردووەی زمانی کورد هەڵبداتەوە کە دەمێکە لێی بێئاگایە. کاری مەسعوود محەمەد، لێکۆڵینەوە و بەکارهێنانی زمانە، بۆ خستنەوەناو بوونی مرۆڤی کورد. “وام هەست کرد ئەرکی من دەگاتە ئاستی واجبی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ ئەوەی چرا کزەکەی خۆم پێ بکەم و تیشکێک، ئەوەندەی هەیە، بخەمە سەر هۆکاری ئەو گومانانە، ئەوەش بە پێی ئاگاداریم لە سەرچاوەی کوردی و فارسی و زمانە ئاریاییەکانی تر، لە سانسکریتییەوە بگرە تا دەگاتە پەهلەوی و هی دی” (مەسعوود، محەمەد:زمانی کورد:لا ٨). بە بۆچوونی ئەو زمان هەمان ئەو ئەرکەی هەیە کە هایدیگەر باسی دەکات “زمان ماڵی بوونە.” ئەو دەیەوێ، لە ڕێگەی زمانی کوردییەوە، “کە بەهۆی بێ خاوەنی و بێ توانایی و ماڵوێرانییەوە، لە ماوەی بیستوشەش سەدەدا، زۆر لە وشەکانی تووشی تاڵانوبڕۆی زۆریش بوون (زمانی کورد:لا ١٠)” هەڵبەتە بەهۆی شارەزاییەکی زۆری مەسعوود محەمەد لە زمانی ئاڤێستایی، پەهلەوی، سانسکریتیی و زمانە ئارییایەکانی دیکە، توانیویەتی خاوەندارییەتی زمانی کوردی و سەربەخۆیی زمانی کورد بگەڕێنێتەوە. کارکردنی ئەو لەسەر زمان، بە بڕوای من ئەو پنتەیە کە دەبێ لە هزری مەسعوود محەمەددا زۆر بایەخی پێ بدرێت؛ چونکە تا ئێستایش، هیچ کەسێك نەبووە، بەوجۆرەی مەسعوود محەمەد، هەڵکۆڵین لە زمانی کوردیدا بکات و بەڕادەی ئەو خەمخۆر بێت بۆ گەڕانەوەی ڕەسەنایەتی زمانی کوردی. هەروەها بە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی و نالی، توانیویەتی هەروەتر خاوەندارییەتی زمانی کوردی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.

ئەو کارانەی مامۆستا لە دەوروخولی زمان و ئەدەبیاتدا، لە سۆنگی بیرۆکەیەکەوەیە، ئەویش پاراستنی زمانە. بەکارهێنانی قەڵەم و هزر وەکوو چەکێک بۆ پاراستنی زمان یەکێک بووە لەو پرەنسیپی کارانەی مامۆستا. بەگوێرەی ئەوەی هەموو ئەوەی مامۆستا مەسعوود لە ئەدەبیات و سیاسەت و زماندا کاری تێدا کردووە هەر بۆ یەکە ئامانج بووە، ئەویش پاراستنی کولتوور و زمان و ڕەسەنایەتی مرۆڤی کورد بووە.

 

هەوڵەکانی مەسعوود محەمەد لە زمانی کوردیدا

هەروەها مامۆستا مەسعوود محەمەد یەکێک بووە لەو خەمخۆرانەی زمانی کوردی کە لە هەوڵی بەستانداردکردنی زمانی کوردیدا بوو. چونکە ئەو یەکێکە لەوانەی زۆر کێشەی نێو زمانی کوردی بە شارەزایی و لێهاتوویی خۆی چارەسەر کردووە. مەسعوود محەمەد لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی «گیروگرفتەکانی ڕێنووسی کوردی» باس لەو کێشە و گیروگرفتانە دەکات کە: یەکەمیان بەشێوەیەکی تایبەتی دووچاری خۆی هاتوونەتەوە، دووەمیان باس لەوە دەکات کە گیروگرفتی ڕێنووسی کوردی لە کوێدایە؟ لەوێدا بەدرێژیی باس لەو کێشە و گیروگرفتانە دەکات کە لە زمانی کوردیدا هەیە. هەر لەوێدا باس لەوەش دەکات کە هەموو زمانێک گیروگرفتی هەیە و ئەوەش ئاساییە. چونکە گیروگرفتەکان دەبنە هۆی باشترکردنی هەر شتێک.

ئەو شارەزاییانە باس لە کێشەی فۆنەتیک و ڕێنووس و وشە و پیتەکانی زمانی کوردی دەکات. هەروەها بەراوردیان دەکات بە ئەلفبای لاتینی. بێگومان لەوێشدا بەراوردکارییەک دەکات لەنێوان ئەلفبای لاتینی کوردی و ئەلفبای ڕێنووسی کوردی. ئەو پێی وایە ئەلفبای لاتنیش کێشە و گیروگرفتەکانی زۆرن. هەروەها مامۆستا مەسعوود محەمەد کۆمەڵێک وتاری تێروتەسەلەی دەربارەی زمان و کێشەی ڕێنووسی کوردی دەکات. ئەو زیاتر لە خەمی حەقیقەت و ڕاستی شتەکان دایە. هەربۆیە هەوڵێکی بێوچانی داوە تاکوو ئەوەندەی لە توانای ئەودایە، ئەو خەم و کێشە و گرفتانە بڕەوێنێتەوە کە لەلای ئاخێوەران و ئەوانەی بە کوردی دەنووسن و دەخوێننەوە هەست پێ دەکرێت.

هەروەها مامۆستا مەسعوود بەهۆی شارەزاییەکەی لە بابەتی فۆنۆلۆجی و فۆنەتیکدا، هەڵکۆڵینێکی چاکی بۆ زمانی کوردی کردووە. هەرچەند لەو سەردەمەیشدا دووچاری چەندین ڕەخنە و توانج بووەتەوە، بەڵام ئەو بە سینگێکی فراوان وەری گرتوون و وەڵامی هەموو ڕەخنەکانیشی بە لۆجیک و ئارگیومێنت داونەتەوە. ئەوەتا لە وتاری «لەگەڵ دەنگسازیی کوردیدا» دەکەووێتە وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانی پرۆفیسۆر د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف. وێڕای ئەوەی د. ئەوڕەحمان کەسایەتییەکی ئەکادیمی و لۆجیکییە، بەڵام مامۆستا مەسعوود لەگەڵیدا دەکەوێتە ئارگیومێنتسازییەوە و وەڵامی هەموو ڕەخنەکانی بە لۆجیک دەداتەوە. هەر لەوێشدا بەتێروتەسەلی باس لە فۆنەتیک و کێشەکانی فۆنۆلۆجی و فۆنەتیکی کوردی دەکات. باس لە کێشەکانی دەنگسازیی و کێشەی دەنگ لە چاوگەکاندا دەکات.

هەموو هەوڵەکانی مامۆستا بۆ گەیشتنبوو بە پنتێک، تێیدا ئەنجامگیرییەک ڕوو بدات و هەمووان لەسەر ڕێنووسێکی ستاندەرد ڕێک بکەون. ئەو لە وتاری «گیروگرفتەکانی ڕێنووسی کوردی»یدا دەڵێ: “هەر ئەو خۆماڵییەی ڕێنووسەکەمان هۆی زۆربوونی چارەسەرکردن و پێشنیاری هەمەچەشنەی نووسەران و زمانەوانانی کوردە تاکوو حاڵ گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە کە پێشنیارەکان بۆ خۆیان بوونەتە ئیشکالی نوێ و سەختتر لە گرفتی ڕێنووسەکە خۆی. هەر پێشنیارێکی کە هەیە و لە دواکاتدا دەبێت لەگەڵ چەندین پێشنیاری تری حازربەدەست پێک دەکەوێتەوە کە هیچ کامێکیان خۆ بە کەمتر ناگرێ لە دراوسێکەی و بایی تۆسقاڵێک ئامادە نییە بەخۆشی هودنەی لەگەڵدا بکات.”

دەبینین لێرەدا خەمی گەورەی مامۆستا دووبارە یەکنەگرتوویی و ڕاڕایی تاک و مێنتاڵیتی کوردە. ئەو لێرەشدا هۆکاری ئەو هەموو کێشانەی ڕێنووسی کوردی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو کەسانەی لەو بوارانەدا کار دەکەن، کەسیان کەسیان پێ ڕاست نییە و کەسیشیان ئامادە نین سازش لەسەر بۆچوونێکی خۆیان بکەن، هەر بۆیە تا بێت کێشەکانی ڕێنووسی کوردی زیاتر دەبێت.

 

ڕۆڵی سیاسییانەی مەسعوود محەمەد (مەسعوود محەمەد وەکوو سیاسەتوان)

دەبێ سەرەتا ئەوە بخەمەڕوو، کە هەموو ئەو کارانەی مەسعوود محەمەد ئەنجامی داون، لە خەمخۆریی خۆیەوە بووە بۆ پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و گەیاندنی کورد بەو مەبەستەی کە هەیبووە؛ دەنا ئەو هیچ پێویستییەکی بەوە نەبووە کە لە کاری سیاسیی نزیک بێتەوە، چونکە ئەو خۆی کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراو و خاوەنپێگەن. خەمخۆریی ئەو وای کردووە هەموو کارێك بکات کە پێویست بووە بۆ بەئەنجامگەیاندنی کورد و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد.

ئەو یەکێك بوو لەو کەسانەی کە هیچ کات شوێنی هاشوهوشی سیاسیی و کۆمەڵایەتی نەکەوتووە. هەموو ئەو خاڵانەی بەوردی پێواوە تاکوو نەکەوێتە هەڵەوە. بەواتایەکی دیکە، ئەو کەسێکی پۆپۆلیست نەبووە و شوێن هەڵای جەماوەریی کەوتبێت.

هەروەها پێویستە ئاماژە بە ئەوە بکرێت ڕۆڵی سیاسیی مەسعوود محەمەد کە خاوەن بیر و ئەندێشەی تایبەت بە خۆی بووە جیاوازە لە ڕۆڵی ئەو کەسایەتییە سیاسیانەی بەسادەیی یاخود بەکاریگەریی و هەستوسۆز بۆ ئایدیولۆژیایەک یاخود ڕێبازێک خزاونەتە ناو کاری سیاسی. لەم سۆنگەوە مەسعوود محەمەد هەرگیز بیری خۆی نەبردۆتە ناو بازنەیەکی دیاریکراوی ئایدیولۆژی یان فەلسەفی یان مەزهەبی و ئایینی، هیچ یەکێکی لەمانە نەکردووەتە ڕێبازێک ڕەخنە و گۆڕانکاری هەڵنەگرێت. واتە ئەو هیچ کات مەیلبوونی بە ئایدیۆلۆژیایەک نەبووە و هەموو ڕووداو و پێشهاتێکی سیاسیی بە پێودانگی خۆی پێواوە.

ڕۆڵی سیاسیی ئەو لەودەمەوە دەست پێ دەکات کە پەیوەندی بە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ەوە دەکات. لێرەدا جێگای خۆیەتی هەڵوەستە لە سەر شێوازی پەیوەندیکردنەکە بکەین، چونکە ناوبراو هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی لەم ڕووەوە نواندووە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پاشخانە هزرییەکەی بوو. مەسعوود محەمەد بۆ بوونی بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان دوو مەرجی هەبووە، یەکەمیان: وەرنەگرتنی هیچ پۆستێکی سەرکردایەتیی

دووەمیشیان: لێبووردنی لە هەموو ئەو ئەرک و لێپرسراوییەتیەی دەخرێتە ئەستۆی هەر ئەندامێک.

لەڕاستیدا ئەو دوو مەرجەی مەسعوود محەمەد دیاردەیەکی دەگمەنی ناو کاری سیاسی ئەوسا و ئێستای پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانە. شایانی ئاماژە بۆ کردنە ئەم هەڵوێستەی لەم گۆشەنیگایەوە سەرچاوەی گرتبوو بە پێویستی زانیوە سەنگەرێک هەڵبژێرێت کە توانای ڕووبەڕوبونەوەی بیروباوەڕ و دروشمە توندەکانی حیزبی شیوعی لەم قۆناغەدا هەبێت، دیارە لەو کاتدا لە باشوری کوردستان جگە لە پارتی دیموکراتی کورد پارتێکی دیکە لە گۆڕەپانەکە بوونی نەبووە توانای ئەو ململانێیەی هەبووبێت. چونکە مەسعوود محەمەد هەر لە سەرەتاشەوە لەگەڵ بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای پارتە کۆمیونیستەکان نەبوو. ئەو پێی وابوو هیچ سیستمێکی هاوردەکراو جگە لەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا هەڵقوڵاوە و دروست بووە، کار ناکات و دەبێتە مایەی تێكچوون و خراپکردنی باری کۆمەڵگا و باری سیاسییش. تەنانەت ئەو لە جێگایەکدا لە کتێبی (مرۆڤ و جیهانبینی)دا دەڵێ کە دیموکراسییەت خراپی بەسەر کورددا هێناوە. واتە نەک هەر کۆمیونیزم، ئەو لەگەڵ هیچ سیستمێکی هاوردەکراو نەبوو.

 

مەسعوود محەمەد و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٣:

لە ساڵی ١٩٥٣، وێستگەیەکی دیکەی کارکردنی مەسعوود محەمەد دەستپێدەکات؛ ئەویش خۆپاڵاوتنییەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. پاڵاوتنی مامۆستا بە ئارەزووی خۆی نەبوو، بەڵکوو پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو نوێنەری شاری کۆیە دیاری کرد. هەرچەندە زۆر دژی ئەوە بوو خۆی بپاڵێوێ، بەڵام دواجار، دوای پاڵپشتییەکی زۆری خەڵکی کۆیە و سوربوونی پارتی دیموکرات خۆی پاڵاوت. هەرچەندە دژایەتی زۆر کرا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. تەنانەت (سەعید قەزاز)ی وەزیری ناوخۆ، خۆی بەتایبەتی تەلەفوون بۆ مامۆستا دەکات و ئامۆژگاری دەکات پاشەکشە بکات چونکە سەرناکەوێ، بەڵام مامۆستا مەسعوود لە پاش ئەو قسانەی سەعید قەزاز هێندەیتر سوور بوو لەسەر خۆپاڵاوتنی. حکومەتی عێراق ئەودەم (حەوێز ئاغا)ی وەکوو کاندید لە شاری کۆیە  وەکوو بەرەنگارێک دانا تاوەکوو نەهێڵێ مامۆستا مەسعوود سەر بکەوێ. بەڵام لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، مامۆستا مەسعوود سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەوڵەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەد زۆر بوون لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەکرێ بگوترێ زۆربەی هەوڵەکانیشی سەرکەوتوو بوون. سەرکەوتنی پڕژە و کارەکانیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مامۆستا جگە لەوەی خۆی دەرچووی کۆلێژی (ماف) بوو، ماوەیەکیش وەکوو پارێزەر کاری کردبوو. هەروەها شارەزاییەکی تەواوی هەبوو لە یاسادا. لێرەدا ئاماژە بە چەند هەوڵێکی ناوبراو دەدەم کە چەندین کار و پڕۆژەی ناوازە بوون:

  • بابەتی کشتوکاڵ:

مامۆستا بەرگرییەکی سەختی لە چینی جووتیارانی بچووک کرد، ئەوانەی کە خاوەن زەوی بچووک بوون. مامۆستا داوای لە دامودەزگاکانی عێراق کرد نابێ بۆ مەرامی سیاسی خۆیان یاری بە نرخی توتن بکەن و جووتیاران زەرەرمەند بن. بۆ ئەو مەبەستە فشارێکی زۆری کرد و پێداگیر بوو. بە فشاری مامۆستا و چەند ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەن، حکومەتی عێراقی ناچار کرا بە پڕۆژەی ئامادەکردنی توتندا بچێتەوە و گۆڕانکاریشی تێدا بکات.

 

  • دروستکردنی ڕێگای کۆیە-ڕانیە:

مامۆستا مەسعوود بە هێنانەوەی ئارگیومێنتی ئەوەی کە شاری کۆیە و ناوچەی پشدەر و بیتوێن و ڕانیە پەیوەندییەکی ئابووری پتەو لەنێوانیاندا هەیە و تەواوکەری یەکترن، پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای کۆیە-ڕانیە دا بە ئەنجوومەنی نوێنەران و پێداگیرییەکی زۆری لەسەر کرد. مامۆستا بەردەوام دەبێ لە هەوڵەکانی تاکوو چاوی بە (نووری سەعید)ی سەرۆک وەزیران دەکەوێت و ڕەزامەندی ناوبراو بەدەستدەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. بەمجۆرە لە هاوینی ١٩٥٣ دەستکرا بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە و دروستکردنی ڕێگاکە.

 

  • کێشەی بارزانییە دوورخراوەکان:

مامۆستا مەسعوود محەمەد لە ٢٣ی نیسانی ١٩٥٣ لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کێشەی بارزانییە دوورخراوەکان و گەڕاندنەوەی سەروەت و ماڵیانی خستە بەردەم ئەنجوومەن. (کێشەی ئەو بارزانییانەی لە ڕاپەڕینی ١٩٤١ بەشدار بووبوون). هەوڵدرا ڕێگری لێ بکرێت و ئەو بابەتە دابخەن، بەڵام مامۆستا بە سوودوەرگرتن لە ڕاپۆرتی هاوبەشی هەر دوو لیژنەی دارایی و ماف توانی سوور بێت لەسەر داواکەی خۆی. هەروەها لێدوانەکەی مامۆستا بەم جۆرە بوو: ” من لەم گۆشەنیگایەوە بابەتی بارزانییەکان بە بابەتی دیاریکراوەوە گرێ دەدەم، چونکە لە ڕۆژنامەکان ئاماژە بۆ ئەوە کراوە هەوڵێک هەیە بۆ پێدانی (١٠هەزار دینار) بە بارزانییە دوورخراوەکان، بەڵام من پێم وایە نەک (١٠ هەزار دینار) بەڵکوو لەوەش زیاتر کێشەکە چارەسەر ناکات، تاکە چارەسەری گونجاو گێڕانەوەیانە بۆ ناوچەکانیان، ئەمەش کۆتایی بە کێشەکە دێنێت و هەست و ویژدانی هەمووانیش ئاسودە دەکات.”

لە ١٩ی ئایاری هەمان ساڵدا، مەسعوود محەمەد هەمان بابەتی وروژاندەوە و لەوێدا بەتوندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی وەزیری ناوخۆ (سەعید قەزاز) گرت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو جگە لەوەی کە ئەرکی سیاسی لە ئەستۆیە، بەهەمان شێوە ئەرکێکی دیکەی هەیە کە کوردە. واتە لێپرسراوێتییەکەی دوو هێندەیە. بەهۆی سووربوونی لەسەر ئەو مەسەلەیە، مەسعوود محەمەد و چەند هاوەڵێکی، توانی سەرکەوتوو بێت لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە. ئەوەبوو لە ١١ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٣، بە بڕیارێکی میری، جگە لە خودان شێخ ئەحمەدی بارزان و کوڕەکانی و چەند کەسێکی دیکە، سەرجەم بەندکراوە بارزانییەکان ئازاد کران. پاشان دواترلە ساڵی ١٩٥٥ بڕیارێکی دیکە دەرچوو تێیدا لێخۆشبوون بۆ هەموو بارزانییەکان دەرچوو جگە لە شێخ ئەحمەدی بارزان.

 

  • ڕاپەڕینی ١٩٥٣ی جووتیارانی دەشتی هەولێر:

لە ساڵی ١٩٥٣دا پێکدادانێکی خوێناویی لەنێوان ئاغاکان و جووتیارانی دەشتی هەولێر ڕوویدا و بەوهۆیەوە حکومەتی عێراقی دەستتێوەردانی کرد، بەڵام لەبری بەرگریکردن لە مافی جووتیارەکان، هاتن بەشێکی جووتیارەکانیان دەستگیر کردن. پاشان بەهۆی بەدەنگەوەنەهاتنی حکومەت، چەند پارێزەرێک خۆبەخشانە دەستتێوەردان دەکەن و دەکەونە بەرگریکردن لە جووتیارەکان. بەڵام ئەوانیش لەلایەن حکومەتەوە تاوانبار کران و گیران. لەم ڕووەوە مامۆستا مەسعوود محەمەد ئەم باسەی خستە بەردەم ئەنجوومەنی نوێەرانی عێراق و زۆر ڕاشکاوانە کەوتە بەرگریکردن لە جووتیارەکانی دەشتی هەولێر. حکومەتیشی لە کارە هەڵەکانی بەرانبەر پارێزەرەکان و جووتیارەکان ئاگادار کردەوە.

 

دەکرێ ئاماژە بۆ ئەوە بدەین مامۆستا مەسعوود محەمەد هەموو هەوڵ و کۆششێکی داوە تاکوو بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکات لە عێراق. هەموو هەوڵێکی داوە تا کورد مافی نەخورێت، هیچ نەبێ ئەوەی لە توانای ئەودایە وەکوو ئەندمێک یان کاریزمایەکی سیاسی ئەنجامی بدات. هەر بۆیە هەوڵێکی زۆری دەدا بۆ چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووری عێراقی. هەڵوێستێکی ڕوونی مامۆستا کە بۆ مێژوو ماوەتەوە، ئەوە بوو: کاتێک هەر دوو پارتی (نیشتیمانی دیموکراتی – سەربەخۆیی) لە ساڵی ١٩٥٤ بڕیاریاندا پارتێکی نوێ بەناوی (کۆنگرەی نیشتیمانی) دابمەزرێنن، (کامیل چادرچی) سەرۆکی پارتی نیشتیمانی داوای لە مامۆستا مەسعوود کرد ببێتە ئەندام لە پارتە تازەکەیان؛ بەڵام لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوی پارتەکەیان هیچ ئاماژەیەک بە مافی کورد نەکرابوو تێیدا، ڕەتی کردەوە ببێتە ئەندام. پاشان کامیل چادرچی داوای لە مامۆستا مەسعوود کرد پەیڕەوێکی گونجاو و نوێ بنووسێ تاکوو ببێتە ئەندام لەگەڵیاندا. هەر بۆیە مامۆستا مەسعوود، لەگەڵ سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان (ئیبراهیم ئەحمەد) پەیڕەوێکی نوێیان بۆ پارتی (کۆنگرەی نیشتیمانی) نووسی، کە دواتر لەلایەن هەموو ئەندامانەوە ڕەزامەندی لەسەر درا، ئەویش ئەوە بوو: کورد و عەرەب هاوبەشن لە عێراق. جێی باسە ئەم هەنگاوە ڕێگەخۆشکە بوو بۆ چەسپاندنی ئەم بڕگەیە لە دەستووری ١٩٥٨.

بەدەر لەو هەڵوێست و کاروچلاکییانەی مامۆستا مەسعوود محەمەد کە باسکران، کار و چالاکیی و ڕۆڵی سیاسی ئەو بەردەوام بوو و زۆری خایاند. تەنانەت هەمیشە نێوەندگیر بووە لە نێوان حکومەتی عێراق و کورددا. هەردەم هەوڵی داوە کێشەکان بەڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکات و بیانگەیەنێتە بنبەست. هەموو هەوڵەکانی ئەو بۆ ئاشتی بوو. هەوڵەکانی بۆ کورد و نەتەوەکەی بوو، تا کوردیش لە عێراقدا چیدی مافخوراو نەبێ. لەسەر ئەم هەڵوێستانەی دووچاری دەستگیرکردن و ناڕەحەتی و دڵشکانی زۆر هاتووە. چەندین جار لەلایەن حکومەتە جیاجیاکانی عێراقەوە لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی دەستگیر کراوە. ئەو تەنانەت لەلایەن بەرەی چەپەکانی کوردستانیشەوە پشتگیری لێ نەدەکرا بەهۆی ئەو هەموو ڕەخنەیەی لە مارکسیزمی دەگرت. هەروەها لە پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا تاکە کەس بوو بابەتینا لە شۆڕشی تەمموزی ١٩٥٨ی ڕوانی و پێی دڵخۆش نەبوو.

بەشدارییەکی کارای هەبووە لە بڕیار و دانوستان و کاروباری سیاسییانەی گەلی کورد. بەوپێیەی ڕاوێژکار و کەسێکی خۆشەویست بووە لەلای مەلا مستەفای بارزانی -ڕێبەری شۆڕشی ئەیلوول. چونکە مامۆستا لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا ڕۆڵێکی چالاک و کارای هەبوو لە هەموو ئەو بڕیار و دانوستانانەی کورد و حکومەتی عێراقی ئەنجامی داون.

دەکرێ ئەوە بڵێین مامۆستا مەسعوود محەمەد، هەموو بەرژەوندییە تاکەکسییەکانی وەلا ناوە بۆ نەتەوەکەی، هەموو بەرژەوەندیەکی تاکەکەسی خستووەتە بەرژەوەندی گشتییەوە. زۆر لەخۆبردوانە، لە هەردوو سۆنگی سیاسەت و ئەدەبدا بۆ کورد ئیشی کردووە. ئەو کەسێکی نەتەوەیی و پاک و خاکپەروەر بوو. کوردێکی ڕەسەن و خاوەن فیکرێکی تایبەت بوو. ئەو نموونەیەکە بۆ ئەوەی چاوی لێ بکرێت و خەڵک لێوەی فێر بێت، کە دەشێت نەبیتە مۆدێلێکی باو و دووبارە و پۆپۆلیست، دەشێ هەمووان ڕقیان لێت بێت، بەڵام حەقیقەت لەلای تۆ بێ. حەقیقەتیش هەمیشە سەر دەکەوێت.

مامۆستا مەسعوود محەمە لە ١ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٢، لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر کۆچی دواییکرد و، تەرمەکەیشی برایەوە بۆ کۆیە و لە گۆڕستانی دەروێش خدر، لە تەنیشت باوکی (مەلای گەورە) بەخاکسپێردرا.

 

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

  • مەسعوود محەمەد ڕۆڵ و هەڵوێستی سیاسی (١٩٤٦-١٩٦٥)/ نووسینی: د. هیوا حەمید شەریف.
  • مەسعوود محەمەد/ گەشتی ژیانم/ چاپی یەکەم/ ١٩٩٢ ستۆکهۆڵم
  • مەسعوود محەمەد/زمانی کورد و. حەکیم کاکەوەیس/ ساڵی ٢٠١٤
  • مەسعود محەمەد هزراندێک لە خاکی شیعرییەتی حاجی قادری کۆیی/ نووسینی: هەندرێن – نەبەز سەمەد
  • مەسعوود محەمەد/شکۆی زمان/ ناوەندی ئاوێر ٢٠٢١.
  • مسعوود محەمەد/چەپکێک لە گوڵزاری نالی/ دەزگای ئاراس ٢٠١٠
  • مەسعوود محەمەد/حاجی قادری کۆیی، بەرگی یەکەم/ دەزگای ئاراس ٢٠١٠
  • مەسعوود محەمەد/ مرۆڤ و جیهانبینی/ دەزگای ئاراس
بڵاوکردنەوە: