سۆسیالیزاسیونى منداڵ تا پێش قۆناغى هەرزەکارى (بەشی یەکەم)

677
0
بڵاوکردنەوە:

بەشی یەکەم

نووسینی: کاوە جەلال

پێشگۆتن

ئەم توێژینەوەیەی سۆسیالیزاسیۆن تەرخانکراوە بۆ قۆناغێکى پێگەیشتنى مرۆڤ کە قۆناغى منداڵییە لە زایینەوە تا پێش هەرزەکارى. توێژینەوەکە خەریکبوونە لەتەک پرۆسەى سۆسیالیزەکردنى مرۆڤدا وەک بوونەوەرێکى گەردوونى، کە دەبێت لەنێو کۆمەڵدا بژى، کە پێدەگەیەنرێت و ئەویش دەبێت کەسێتیى خۆى پێبگەیەنێت.

بێگومان ئاشکرایە توێژینەوەى سۆسیالیزاسیۆن بەرهەمێکى خۆرئاوایە، لێرەشدا دەشێت کار بە دەستکەوتە هەمەلایەنییەکانى توێژینەوەى سۆسیالیزاسیۆن بکرێت، یان فاکتەرە گرنگەکانى سۆسیالیزاسیۆن لێبتوێژرێنەوە کە زۆر جار هەر یەکەیان بۆ خۆی بنەماى مێتۆدێکى پسیکۆلۆژییە، لێ ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە یەکێک لەو مێتۆدانە کراوە بە ڕێگەبڕینى هزریانەى توێژینەوەکە. بۆ نموونە ئێمە پابەند بە سۆسیالیزەکردنى منداڵەوە ناچارین جەخت لە پرسیارى فێربوون بکەین بەبێ ئەوەى بەند بین بە تیۆریى فێربوونەوە (پاڤلۆڤ)، یان پێویستە شکۆفە و وەرگۆڕینى کۆمەڵایەتییانەی ڕەفتار ئاشکرا بکەین، لێ مەرج نییە لێرەدا ڕەفتارگەرى (واتا بێهاڤیۆریزم کە دەمێکە شکستى هێناوە) وەربگرین، هاوکات پێویستە ڕووبکەینە پرسیارى ئاوەڵابوونى هزرین و زمان لاى منداڵ، لێ ئەمە وەرگرتنى مێتۆدى مەئریفە (cognition)  نییە. نەخێر مێتۆدى ئەم توێژینەوەیە شرۆڤەیى ڕەخنەییە و مرۆڤ دیالێکتیکییانە لە پەیوەندیدا وەردەگرێت، واتا وەک پابەند بە ژینجیهانێکى تایبەتییەوە کە مۆرک بە کەسێتى و ڕەفتارى ئەو دەدات، لێ ئەویش لە لایەنی خۆیەوە بە کردار و ڕەفتار و شێوازى هزرینى کاریگەرى لەسەر ئەو ژینگەیە دەنوێنێتەوە کە ئەو تێیدا دەبزوێت.

١ـ تێگەى سۆسیالیزاسیۆن

ئایا لە چ روانگەیەکەوە دەتوانین پرسى سۆسیالیزاسیۆن بەگونجاوى ڕوونبکەینەوە؟ ئایا پێکهاتەى سروشتیى مرۆڤ پاڵهێزە بۆ ئەوە کە تاکەکەس خۆى بە ژینگەکەى بگونجێنێت، وەک چۆن ئالپۆرت بەگوێرەى ‘تیۆریى پێکهاتەى ناخەکى (Dispositionstheorie)جەختى لێدەکات (1)، یان سۆسیالیزاسیۆن بەڕێى کۆمەڵگەوە وەک پرۆسەیەکى نۆرماتیڤ (پێوارەیی) شیاوى ڕوونکردنەوەیە، وەک دورکهایم دەیبینێت؟ بە دیدى دورکهایم گەرەکە لە سۆسیالیزاسیۆندا “کرۆکێکى دى بە بوونەوەرى منگەرا و ناسۆسیالى ساوا بدرێت، کرۆکێک کە بتوانێت ژیانێکى سۆسیال و ئاکاریى بەڕێوەبەرێت”(2).

گەرچى مرۆڤ بوونەوەرێکە لە سروشتییەوە دەتوانێت خۆى بە ژینگەکەى بگونجێنێت، لێ یەکلایەنى دەبێت گەر تەنیا لە پێکهاتەى سروشتیى مرۆڤەوە لە پرسى سۆسیالیزاسیۆن بڕوانین، هاوکات یەکلایەنى دەبێت گەر واى بۆ بچین کە سۆسیالیزاسیۆن لە لایەنێکەوە کە کۆمەڵگەیە، ئاڕاستەى مرۆڤ دەکرێت و لێرەشدا وەک بابەتێکى ناچالاک (پاسیڤ) یان وەک دەستوێژ بۆ گونجاندن دایدەنێت. بە پێچەوانەوە سۆسیالیزاسیۆن ڕوو دەکاتە مرۆڤ وەک کەسێکى چالاک کە خۆى لە نێوچالاکیدا (Interaktion) دەبینێتەوە. ئەمە لە ڕوویەکى سنووردارەوە بەکۆمەڵایەتیکردنە، لێ سۆسیالیزاسیۆن زۆرتر لەمە و بەتایبەتى بریتییە لە ‘بەکەسکردن’ (Personalization)، لێرەشدا ‘کەس’ واژەیەکە بۆ “ڕەهەندى هۆشەکیى مرۆڤ و توانستى ئەو بۆ لێرەبوون (الوجود)”(3). سۆسیالیزاسیۆن وەک بەکەسکردن بریتییە لە “پرۆسەى گۆڕانى تاکەکەس بە ئاڕاستەى ئۆتۆنۆمى و سەربەخۆیى (…). تاکەکەس دەتوانێت بەڕێى خەریکبوونى چالاکەوە لەتەک نۆرم و بەها و هەڵوێستى کۆمەڵگەیەک و کولتوورەکەیدا پتر گەشە بکات و ئەرکەکانى هاوڵاتییەکى بەتوانا وەربگرێت”(4). ئێمە لێرەدا بەندین بە پرۆسەیەکى سەرجەمییەوە کە لە ڕەوتیدا تاکەکەسێک، بەڕێى مامەڵەى چالاک یان ناچالاکەوە لەتەک کەسانى دیکەدا، دەگات بە شێوازەکانى ڕەفتارى سۆسیال و فۆرمە کولتوورییەکان، ئەم شێوازانەش پاشان تایبەتمەندییەکى کەسیی وەردەگرن. بەمەدا دەردەکەوێت کە بۆچى لەنێوان کەسانى کۆمەڵگەیەکى تایبەتیدا، سەربارى کاریگەریى پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن، جیاوازیى درشت هەیە.

لێ هەڵە دەبێت گەر باوەڕ بکەین، کە سۆسیالیزاسیۆن تەنیا بەکەسکردنى منداڵە. لە بنەڕەتدا نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو کەسى کامڵیش بەدرێژایى ژیانى لەنێو پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندایە، ئەمەش وەک خەریکبوون و ناکۆکى یان خۆگونجان بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دراوە کولتوورییەکان. نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو کەسانى کامڵیش لە ڕەفتاریاندا هەندێک جار “چاو لە کەسانى دیکە دەکەن”، هەندێک جار ڕەفتارى ڕەچاوکراو ڕاستەوخۆ دەکەن بە نموونەى کردارى خۆیى، یان هەندێک جارى دى درەنگتر لاسایى دەکەنەوە، چونکە “من”-ى مرۆڤ چەقى پەیوەندییەکانى خۆى لە “ئەوانیدی”دا دیارى دەکات: “هەڵوێستى، هزرینى، پلاندانان و کردارى، هەمیشە ڕووەو ئەوانیدى ئاڕاستە دەدرێن، جا گەر تەنانەت ئەوانیدى لە کەتوارى دەرەکیى ئەودا ” ئامادە نەبن (5).

ئێمە پێویستە هاوکات جیاوازى بکەین لە نێوان تێگەى سۆسیالیزاسیۆن و پەروەردەدا. سۆسیالیزاسیۆن پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا ئۆرگانیزمێکى مرۆڤیی بە پێکهاتەیەکى بیۆلۆژییەوە گەشە دەکات بۆ کەسێتییەکى بەتوانا بۆ کردار، لێ پەروەردە تێگەیەکە “لەژێر سەرتێگەى سۆسیالیزاسیۆندا”، یان “واژەیەکە بۆ هەموو ئەو کردار و ئیجرایانەى مرۆڤان کە دەنوێنرێن بۆ ئەوەى کار بکەنە سەر گەشەى کەسێتیى مرۆڤ و پشتگیریی ئەو گەشەیە بکەن بەگوێرەى پێوەرى تایبەتی بەهایى”(6).

٢ـ شکۆفەى کەسێتى لە نێوچالاکیدا  (Interaction)

سۆسیالیزەکردنى منداڵ لە کاتى زایینەوە لەنێو خێزاندا سەرچاوە دەگرێت و لە فێرگە درێژەى پێدەدرێت. لەم ڕەوتەدا منداڵ بەڕێى نێوچالاکییەوە فێردەبێت خۆى بە داواکارى و چاوەڕوانیى ئەو گرووپانە بگونجێنێت کە ئەو لەنێویاندایە.

 ٢ـ١ـ سۆسیالیزاسیۆنى خێزانى پێش فێرگە

٢ـ١ـ١ـ منداڵ لە باوەشى خێزاندا

منداڵ لە یەکەم ساتى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەندە بە ئەوانیدییەوە و بەبێ لالێکرنەوە و ئاگاداریى ئەوان ناتوانێت خۆى بژێنێت، بۆیە چەقى گۆڕانى کەسێتیى منداڵ هەمیشە لەو جۆرەى پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندایە کە سەرەتا لەنێو خێزانی ناوکیدا (core family) دێتە گۆڕێ. لێرەدا جیهانبینیى دایک و باوک، واتا شێوازى بیرکردنەوە و تێڕوانینیان بۆ جیهان، رۆڵى گرنگ لەوەدا دەگێڕێت کە چۆن منداڵەکەیان ئامادە دەکرێت بۆ بوون بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵ، ئەمەش شەقڵ بە شێوازە تایبەتیەکانى ڕەفتارى منداڵ دەدات پێش ئەوەى فێرى رۆڵ و نۆرمى کۆمەڵایەتى بووبێت. لە بنەڕەتدا شێوازەکانى سۆسیالیزاسیۆن بەزۆریى سەرەنجامى ئەم جیهانبینیەن: خێزان، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، شاریى بێت یان گوندى یان ڕەفتارلادێیى، بە شێوازى بیرکردنەوەى کاریگەرییەک لەسەر جۆرى چێبوونى ئەو تاکە دەنوێنێت کە لە ئایندەدا وەک کردارنوێنێکى کۆمەڵایەتى دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە خێزانێکى ئۆتۆریتێرى باوکسالاریدا پتر ڕەچاوى ‘بەخێوکردن‘ یان ‘خۆشەکردن‘ دەکرێت و هەوڵ دەدرێت منداڵ لەنێو ئەو نەریت و ڕەوشتانەدا ببەسترێتەوە کە باوک و دایک، بێگومان بەزۆرى باوک، وەک هەقیقەتى ئەزەلى و نەشیاوى خۆلێلادان سەیرى دەکەن. پێگەیشتنی کەسێتیی منداڵ لە خێزانێکی بەم شێوەیەدا تەواو جیاوازە لە شێوەی پێگەیاندنی منداڵ لە خێزانێکی کراوەی ڕا-جیاوازدا کە تێیدا دەرفەت ڕەخساوە بۆ ئەوەی پێکڕا گفتوگۆ یان تەنانەت دانوستاندن لەسەر ڕا جیاوازەکانی یەکدی بکەن.

بێتوانایی مرۆڤى منداڵ کێماسێکى مرۆڤییە کە بەهۆیەوە فێربوون واتایەکى کرۆکی وەردەگرێت، ئەمەش لە یەکەم ڕۆژى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان، لە یەکەم گرتنى گۆى مەمکى دایکییەوە بە لێوەکانى، کەواتە لەو کاتانەوە کە منداڵ هێشتا فێرنەبووە تێڕوانین لەسەر شتەکانى ژینگە چێبکات. لێرەشدا “فێربوون بەگشتى لەسەر ڕەوتێکى ئۆرگانى ڕوودەدات، ئەویش کاتێک منداڵ گرنگیدانەکانى خۆى بە شێوەیەکى سپۆنتان (عفوى) ئاڕاستەى ئەو جێیانە دەکات کە ئەو لێیان جۆش و شیمانەکانى جووڵە بۆ خاترى ئەو گۆڕانە هۆشەکى و جەستەییانە بەدیدەکات کە لە پێگەیشتندان”(7). کەواتە لە یەکەم رۆژى هاتنى منداڵەوە بۆ نێو جیهان شێوەیەکى لێکخشان لە نێوان ئەوى کۆرپە و ژینگەدا (سەرەتا خێزان وەک ڕاسپێرراوى رێکخراوى کۆمەڵایەتى و پاشان دامەزراوى دیکەى وەک باخچەى منداڵان و فێرگە و هتد) دێتە ئاراوە و نیشانەیە بۆ ئەوە کە منداڵ تەنیا لەنێو کۆمەڵ و کولتوورێکى تایبەتیدا شیمانەى ئاوەڵابوونی هەیە. “کاریگەریى ئەوانیدى لەسەر ڕەفتارى تاک بەوەدا دەردەکەوێت کە زۆرینەى ڕەمەک و پێداویستییە مرۆڤییەکان تەنیا لەنێو چێوەیەکى سۆسیالدا شیاوى بەدیهێنانن. بەتایبەتى لە منداڵیدا کە بەها بناغەییە کولتووریەکان سۆسیالیزە دەکرێن، تاک بەندە بە لالێکردنەوەى کەسانى دیکەوە و ناتوانێت بەبێ ئەوان پێداویستیەکانى خۆى ساتار بکات، ئەمەش تەنیا وەرگرتنى خۆراک و پاراستن لە سەرما ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها هێمنکردنەوەى منداڵ بەهۆى پەیوەندییەوە. لەبەرئەوەى ئەم پێداویستیانە بەڕێى پەیوەندیى نێویەکییەوە ساتار دەکرێن، ئەوا لە ڕەوتی هەوڵەکانى سۆسیالیزاسیۆندا دەبن بە بناغەى یەکەم ئەزموونەکانى منداڵ. لەم هەوڵە دامەزراوەییە بنەماییەوە، هەروەها لە هەوڵەکانى خێزانى ناوکییەوە کە بەڕێیانەوە مەرجى جیاواز بۆ دابینکردنى پێداویستییە کەسییەکان ئامادە دەکرێن، تایبەتمەندیەکانى ڕەفتارى کۆمەڵگەیەک سەرهەڵدەدەن و زەمینەى ڕەفتارەکانى تاکەکەسان و پەیوەندیە نێوکەسییەکان پێکدەهێنن”(8).

لەنێو چێوەى سۆسیالیزاسیۆندا پێداویستیە خۆییە بناغەییەکان، بە تایبەتى ڕەمەکەکان (برسێتى، سێکسوالێتى، نووستن)، هەروەها پاڵهێزە (دافع) ناخەکییەکان (واتا هەوڵدان بۆ ناساندن لەلایەن ئەوانیدییەوە، لالێکردنەوە)، لە ڕەوتی وەرگرتنى توخمە سۆسیۆکولتووریەکاندا (زمان، نۆرم) بە شێوەیەکى ئەوتۆ کاریان تێدەکرێت کە ئیدی لە سەرەنجامدا کەسێتییەکى سۆسیۆکولتوورى وەک سەرەنجامى کاریگەرییە نێویەکییەکانى تاک و ژینگەى کۆمەڵایەتى دێتە ئاراوە.

لێ دەبێت پەیوەست بە کێشەى کاریگەرییەوە دوو ئاڕاستە دیارى بکەین: لە لایەک گەشە یان بەدگەشەى منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵى دایک و باوک، هەروەها بۆ پەروەردەکاران (بۆ نموونە فێرکاران)، لێ لە لایەکى دى، وەک ئاڕاستەى دووەم، “منداڵانیش کاریگەرى لەسەر دایک و باوک و پەروەردەکاران” و لێرەشەوە “لەسەر سەرجەم گۆڕانى کولتوورى” دەنوێنن (9). توێژینەوەکان لە بوارى (child effect)دا ئاشکراى دەکەن کە کاریگەریى منداڵ لەسەر دایک و باوک و کێشەى خۆگونجاندن لەکاتى “دووگیانییەوە” سەرەتا دەگرێت و منداڵان “تا تەمەنى پێگەیشتوویى ڕیزێک ئەرکى گەشەیى دەخەنە بەردەم دایک و باوکیان: زایین، مشوورى خۆراک و سەرپەرشتیى مەلۆتکە، ناونووسکردنى منداڵ لە فێرگە، هەڵبژاردنى پیشە” و هتد. ئەم جۆرە ئەرکانە بریتین لە “پەڕینەوەى کێشەیى بۆ دایک و باوک، کە لەتەک خۆیاندا دۆخگۆڕیى ئاشکرا لە ڕەوتی ژیانى رۆژانە و پیشە و هاوسەرێتیدا دەهێنن”؛ ئەو شتانە کە واتاى کرۆکییان بۆ ئەوان هەیە، هەروەها بەرپرسیارییەکان، ئەوجا دۆخى ناخەکییان و ئەو شتانەى ئەوان لە ژیانیاندا گرنگییان پێدەدەن، لە ڕەوتی کێشەکانى گەشەى منداڵەوە کرۆکیانە کاریان تێدەکرێت(10). منداڵان لە هەموو قۆناغێکى تەمەندا دایک و باوکیان بەرەنگارى روانگە و نرخاندنى “لەڕێچکەلادەر” دەکەنەوە(11). لێ منداڵان هەروەها زۆر جار لە ڕەوتی فێربوونى فێرگەییدا، هەروەها لە ڕەوتی ئەزموونیاندا کە بەهۆى پەیوەندییەوە لەتەک منداڵانى دیکەدا دەیکەن، زانینى نوێ بە دایک و باوکیان دەگەیەنن، لێرەشەوە زۆر جار تێڕوانین و هەڵوێستى ژیانیان دەگۆڕن.

٢ـ١ـ٢ سۆسیالیزاسیۆنى تایبەت بە ڕەگەزەکان

سۆسیالیزاسیۆن ڕووداوگەلى ئاڵۆزتر لەخۆدەگرێت کە دەتوانین ناویان بنێین فێربوونى رۆڵ: “رۆڵ بریتییە لە (…) نموونەیەک بۆ سەرجەمێتیى ڕەفتار (…): رۆڵى رەگەزى، رۆڵى خزمایەتى، رۆڵى پیشەیى و هتد. لێ بە فێربوونى رۆڵەوە فێربوونى نۆرم و بەها لکاوە”، ئەم نۆرم و بەهایانەش “کە چاوەڕوانین و کۆمەڵایەتییانە پێناسەکراون، دەدرێن بە هەڵگرانى رۆڵەکە و بۆ ئەوانیش واتاى فرمان دەگەیەنن تاکو بەو چاوەڕوانییانە بگونجێن”(12).

فێربوونى رۆڵ پەیوەست بە رۆڵى نێرینە و مێیینەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە منداڵ “فێر ببێت هێدى هێدى ڕەفتار بنوێنێت و هەست بکات و جیهان راڤە بکات وەک ئەو کەسانەى کە خۆیان لەنێو هەمان جۆرى کەسییدا دەبیننەوە”(13). تەنانەت لە تەمەنى منداڵیدا کوڕان و کچان فێرى ڕەفتارى رۆڵئاسا دەبن، ئەوان لە لایەن دایک و باوک، هەروەها هەڵگرانى دیکەى سۆسیالیزاسیۆنەوە، بەجۆردەکرێن و بەم ڕێیەشەوە شوێن ى کرداریان دیارى دەکرێت. “یەکەم داواکارییە سادەکان بۆ ئەوە کە چۆن گەرەکە مرۆڤ وەک کوڕ یان کچ ڕەفتار بنوێنێت، لە ڕەوتی ئایندەى پێگەیشتنیاندا و هەروەها تەنانەت لە خودى تەمەنى کامڵیدا تایبەتێتییان پێدەدرێت. بەم شێوەیە تێڕوانینى کڵێشەیی سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە: پیاوان گەرەکە بەهێز و بێسۆز و سەرکەوتوو بن، لێ کچان بە پێچەوانەوە لاواز و هەستدار بن و کەسانى دەوریان سەغڵەت نەکەن. ئەم شێوازانەى تێڕوانین تەنانەت لاى منداڵانى پێنج ساڵان بەدیدەکرێن (…).”(14)

منداڵان لە ڕووى بیۆلۆژییەوە وەک کوڕ یان کچ دەزایێنرێن، لێ ئەو پرسیارە کە چۆن ئەوان گۆڕان بە تایبەتمەندییە ڕەگەزییەکانى ڕەفتار دەدەن یان “ئەوان چە چاوەڕوانییەک بە ‘نێربوون‘ یان ‘مێبوون‘ـەوە دەلکێنن، ئەوە بە سروشتى نەدراوە. کەواتە پێشبینی سەبارەت بە مێبوون یان نێربوون مەرجى سۆسیالی هەیە، ئەم پێشبینییەش بەڕێى وەرگرتنى پێشدراوە سۆسیالەکان و هەروەها لە خەریکبووندا بە ژینگەوە دێتە ئاراوە”(15). ئاخر منداڵ لە یەکەم رۆژى هاتنیەوە بۆ نێو جیهان بەرەنگارى چاوەڕوانى و شێوازى ڕەفتارى ڕەگەزییانە دەکرێتەوە: “دایک و باوک بە زایینى کوڕێکەوە روانگە و ڕەوتی ژیان و هیوا و مشورى جیاوازتر دەلکێنن وەک بە زایینى کچێکەوە. ئەوان (زۆر جار بەبێ ئاگا) بەرانبەر شیرەمژەیەکى نێرینە فۆرمى دیکەى نێوچالاکى، یان بزووتنى جیاوازى جەستەیى و گوزارشتى ڕوخسار پیشان دەدەن وەک بەرانبەر شیرەمژەیەکى مێیینە، ئەوان کوڕان جیاواز لە کچان دەپۆشن و هتد. بەم شێوەیە ئەوان لاى مەلۆتکەى نێر و مێ شێوازى جیاى ڕەفتار دەهێننە ئاراوە.”(16)

لە ڕەوتی ساڵانى سەرەتاى ژیاندا چاوەڕوانى و وەڵامدانەوەکان، راڤەى تایبەتیى ڕەفتار، دەستوێژەکان بۆ نواندنى فشار کە تایبەتمەندیى ڕەگەزییان هەیە، هەمیشە پتر پەرەدەسێنن، کە ئیدی منداڵ زۆرتر چالاک دەبێت و لە پراکتیکە سۆسیالەکاندا بەشدارى دەکات. هاوکات منداڵ لە ڕووى ڕەگەزییەوە وردتر دەرکى ژینگە دەکات و ڕاڤەى دەکات. بەم شێوەیە منداڵ لە خێزاندا و بەڕێى لایەنە دەرەکییەکانى سۆسیالیزاسیۆنەوە، بۆ نموونە هەڤاڵان، پەڕتوکى وێنەیى، تەلەڤیزیۆن، نێوەندى گشتى (شەقام، دوکان، هۆکانى گەیاندن) و رێکلام و هتد، ئەزموونى ئەوە دەکات کە مێبوون یان نێربوون چە واتایەک دەگەیەنێت (17).

منداڵ دواى زایین پەیوەندییەکى بەهێزى بە دایکەوە هەیە، چونکە دایک لە پلەى یەکەمدا مشوورى منداڵ دەخوات، لێ بۆ ئەوەى منداڵ بتوانێت گۆڕان بە ئاگایى کەسێتیى خۆى بدات، ئەوا دەبێت خۆى هێدى هێدى لە دایک جیابکاتەوە. “ئەم پرۆسەیەى جیابوونەوە لاى کوڕان و کچان جیاوازە. کچان زۆرتر لە کوڕان لە دایکیان نزیک دەمێننەوە. کچ لێرەدا دەتوانێت بەڕێى نزیکییەوە لە دایک هەستێکى بۆ شوناسى کەسیى هەبێت و ئەم هەستە زۆرتر رێ بە بەردەوامى (ئیدامە) و نزیکى دەدات وەک لاى کوڕان. لێرەوە لاى کچان ئەوە وەک سەرەنجام دەکەوێتەوە کە لای ئەوان ئەدگارەکانى وەک هەستناسکى و هاوهەستیى سۆزمەند”(18) سەرهەڵدەدەن. گەیشتن بە شوناسى ڕەگەزى بریتییە لە پرۆسەى گەشەى منداڵ بۆ بوون بە کوڕ یان بە کچ.

باخچەى منداڵان لەپاڵ خێزاندا گرنگترین نێوەندەکانى سۆسیالیزاسیۆنی منداڵانە لە نێوان تەمەنى سێ تا شەشساڵیدا (19). لێرە نەک تەنیا ژینگەکى تایبەتى و پسپۆرانە (وەک ئامرازى گەمە، ڕووى دەرەوە و ناوەوەى بینا و هتد) بە مەبەستى پەروەردەییەوە چێدەکرێت، بەڵکو لێرە منداڵان ڕۆژانە فێر دەبن لە پەیوەندییەکى سۆسیالى گەورەتردا کرداربنوێنن. لێرە زۆر جار پرۆسە ڕەگەزییەکانى سۆسیالیزاسیۆن بە چەشنێک ڕوودەدەن کە خودى پەروەردەکاران ئاگایان لێیان نییە. ئەوان زۆر جار دەرک بەوەش ناکەن کە چە وێنەیەکى تایبەتیى ڕەگەزییان هەیە کە ڕەفتارى خۆییان دیارى دەکات و کاریگەرى لەسەر منداڵان دەنوێنێت. لە بنەڕەتدا کوڕان و کچان لە سەرەتاى تەمەنى باخچەى منداڵاندا فێربوون کە چاوەڕوانییە ڕەگەزییە تایبەتیەکان چە واتایەکیان بۆ ئەوان هەیە، ئەوان هەروەها گۆڕانیان داوە بە شوناسێکى سەرەتایى سەبارەت بە ڕەگەزى خۆیان. ئەوان دەزانن کور یان کچ بە چى گەمە دەکات، چە ئەدگارێکى ڕەفتار بەگشتى بە کوڕان یان بە کچان دەدرێت و هتد.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: