ئاستەنگەکانی بەردەم بەمۆدێرنبوونی کۆمەڵگەی کوردی

1027
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: موحسین عیسا

کۆمەڵگە داهێنانێکی مرۆییە و تایبەتە بە مرۆڤەکان، چونکە کۆمەڵگە بەرهەمی ڕێکخستنێکە کە تەنها مرۆڤەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن. هەر کۆمەڵگەیەکیش لە کۆمەڵە خەڵکێک پێک دێت، کە چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش بەدەوری یەکیان کۆ دەکاتەوە و کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە خۆیان بوونیاد دەنێن. هەڵبەتە هەر کۆمەڵگەیەکیش تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی هەیە و لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی تردا جیاوازە.

ئەگەر بێت و پیناسەیەکی کۆمەڵگە بکەین، ئەوا دەبینین لە چەندان ڕوانگەیەکی جیاوازەوە پێناسەی کۆمەڵگە کراوە، یەکێکیش لەو ڕوانگانەی کە پەیوەستە بەم بابەتەوە، ڕوانگەی کۆمەڵناسییە. کۆمەڵناسانیش بەم جۆرە پێناسەی کۆمەڵگەیان کردووە: “کۆمەڵگە بریتیە لە کۆمەڵێک کەس، کە خاک و کارلێک و کولتووری هاوبەشیان هەیە”. هەروا گرنگیشە بزانین، کە وشەی کۆمەڵگە بە زمانی فەرەنسی societe  وە ئینگلیزی society   دێت، کە هەردوو وشەکانیش لە ڕەگی وشەی لاتینی socieum  وەرگیراوە، کە بەمانای دۆست، هاوڕێ و هاوپەیمان دێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵیین، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە، یان هەڵگری خەسڵەتگەڵی مۆدێرنە؟ هەڵبەتە هەر کۆمەڵگەیەکیش چەند بنەمایەکی تایبەت بەخۆی هەیە و پێی دەناسرێت، یەکێکیش لە بنەماکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، بوونی پارچە خاکێکی هاوبەشە. کۆمەڵگەی مۆدێرن، کۆمەڵگەیەکی یەک پارچەیە، کە تەواوی ئەندامەکانی تێیدا هاوبەشن. ئەگەر لەم ڕووەوە بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردی، ئەوا بە هۆکاری ئەوەی تاکی کورد تاکوو ئێستەش خاوەن عەقڵیەتێکی خێڵەکییە، هەر ئەمەش وایکردووە حوکمڕانییەکی ناوچەیی هەبێت و خاکەکەی دابەش بەسەر چەند ناوچەیەکی جیاجیا بێت.

ئەگەر بیت و ئاوڕێک لە  سەردەمی میرنشینە کوردیەکان بدەینەوە، ئەوا دەبینین کورد خاوەنی زیاتر لە ٦٠ میرنشین بووە، هەر میرنشینێکیش لە ناوچەیەکدا حوکمڕانی کردووە، ئەمەش وایکردبوو کورد بەسەر چەند حوکمڕانییەکی ناوچەیی کوردیدا دابەش بێت.

ئەگەر بێت و لە ئێستای باشووری کوردستانیش بڕوانین، ئەوا شتێک بەناوی یەکپارچەیی لە باشوور بەدی ناکەین، بەڵکوو زۆر بەڕوونی دابەشکاری لەم پارچەیەیی کوردستاندا دیارە. ئەوا بەپیی ئەم بنەمایەش بێت، کورد خاوەن خاکێکی هاوبەش نییە، کە کۆی ئەندامەکانی تێدا هاوبەش بن، بەڵکوو ئەوەی هەیەتی، خاکێکی دابەشبووی نێوان چەند دەستەڵاتێکی ناوچەییە.

هەڵبەتە ئەم دابەشکاریەش، وایکردووە کورد تاکوو ئیستەش نەبێت بە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ، چونکە دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ بە یەکگرتنی ئەندامەکانییەتی، مانەوەی دابەشکاریش، لەبەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردە. داگیرکەران هەمێشە هەوڵی زیندوو کردنەوەی خێڵە کوردیەکانیان داوە و پالپشتی لایەنێکیان دژ بە لایەنێکیتر کردووە، کە ئەمەش کوردی بەرەو دابەشکاری و مڵملانی ناوەخۆی بردووە.

لە پاڵ ئەم بنەمایەشدا، بنەمایەکی تری کۆمەڵگە مۆدیرن بوونی هەیە، ئەویش بوونی کۆمەڵە خەڵکێکی هاوبەشە. کۆمەڵگە ئەو شوێنەی کە مرۆڤاکان تێیدا دەژین و کارلێک لەگەڵ یەکتری دەکەن، هەر کۆمەڵگەیەکش پێویستی بە بوونی کۆمەڵە خەڵکێکی یەکگرتوو هەیە، چونکە بە بوونی کۆمەڵە خەڵکێکی یەکگرتوو، ئەوا کۆمەڵگەیەکی ئارام بەرهەم دێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵە خەڵکێکی یەکگرتووش دروست بکرێت، ئەوا پیویستی بە دروستکردنی هاوبەشی نێوان تاکەکانیەتی، ئەو هاوبەشیەش لە گۆمەڵگەی مۆدێرندا، لە ڕێگەی بەرژەوەندی هاوبەش، کولتوورێکی هاوبەش، و…تاد، دێتەکایەوە. بەڵام ئەگەر بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردی، ئەوەی تاکەکانی بە دەوری یەکتریدا کۆ دەکاتەوە، خێڵە(هاوخوێنی)، هەربۆیەش یەکگرتنی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی شتێکی ئەستەمە، چونکە بە هۆی ئەو جیاوازیانە خێڵەکان وەکوو کۆمەڵگەی بچووک پەیوەندیان لەسەر هاوخوینی و کولتوورە جیاوازییەکانی هاوخوێنییە، هەروەک دەزانین کۆمەڵگەیەکی مۆدیرن لەسەر بنەمای پەیوەندی کولتووری،  قانونی، ئەرک و ماف دروست بووە، کە ئەمەش وادەکات هەموو تاکەکان ببنە هاووڵاتی ئەم کۆمەڵگەیە. بەڵام کۆمەڵگەی خێڵەکی، لەسەر بنەمایەکی کولتوور و پەیوەندییە نەریتییەکان دامەزراوە، کە هیچ هاوبەشیەک لەگەڵ کولتوور و پەیوەنییە کۆمەڵیەتییەکانی دیکە نابەستێتەوە.

یەکێکی تریش لە بنەماکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، بوونی مێژوویەکی هاوبەشی وشیارییە لە نێوان ئەندامەکانیدا. ئەگەر بیت و ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، ئەوا کورد تا کۆتاییەکانی سەتەی ١٦ خاوەنی هیچ مێژوویەک نەبووە، کە خۆی نووسی بێتی، بەڵکوو ئەو مێژوویەی هەشی بووە، بێگانەکان لەبارەی کوردەوە نووسیویانە. هەڵبەتە ئەو مێژوویەی بێگانەکان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە، تژی لە کەم و کوڕی بووە، چونکە زۆربەیان شارەزای کورد نەبوونە، یاخود مێژوو نووس نەبوونە، بەڵکوو بە هۆکاری جیاوازی وەک: سیخوڕی و سەربازی، لەژیر ناوی مێژوو نووس و گەڕیدە، سەردانی کوردستانییان کردووە.

هەڵبەتە ئەو مێژووەیەی کورد هەیەتی، مێژوویەکی ناوچەییە، یاخود مێژوویەکی وەسفی بووە. یەکەم مێژوو نووسی کوردیش، شەرەفخانی بەدلیسی بووە، کە شەرەفنامەی نووسیوە. هەرچی لەبارەی شەرەفنامەشەوەیە، ئەوا شەرەفخان نەیتوانیوە بێلایەنانە مێژووی کورد بنووسێتەوە، بەڵکوو ئەوەی نووسیویەتی لایەنگری پێوەدیارە، هەروەک ئەوەی کە بە ناراستەوەخۆ بنەماڵەکەی(بنەماڵەی ڕۆژەکی)، بە باشترین بنەماڵە دەزانێت بۆ حوکمڕانی کردنی کورد. وێرای لایەنگرییەکەی، بەڵام تا ئێستەش ئەو کێشەو گرفتانەی سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی و کورد بە گشتی باسی دەکات، ئەوا کورد تا کوو ئێستەش بە دەستییەوە ئاڵوودە بووە، بۆ نموونە: خۆ خۆری، شەری بەردەوامی خێلەکان، بوون بە پاشکۆی دوژمن، نەخویندەواری، نیشتیمانپەروەری و…تاد. ئەمەش سروشتی کۆمەڵگەی خێڵە و تاکوو ئێستەش کۆمەڵگەی کوردی بە دەستییەوە دە ناڵێنێت، هەر ئەمەش وادەکات ئاسان دابەش بێت و دوژمنیش کار لەسەر ئەم لاوازیانە بکات. دواجاریش ئەمە وادەکات کۆمەڵگەی کوردی نەبیت بە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و بیر لە دروست بوونی ئەم بنەما مۆدیرنانە بکاتەوە کە کۆمەڵگەی مۆدێرن پێویستی پێیەتی.

بۆیە لێرەدا ناتوانین بڵێین کورد مێژوویەکی هاوبەشی هەبووە، بەڵکوو ئەوەی هەیبووە، مێژوویەکی ناوچەیی بووە، چونکە کورد خاکێکی هاوبەش و حوکمڕانییەکی هاوبەشی نەبووە، هەر بۆیەش هەر ناوچەیەک مێژوویەکی تایبەت بەخۆی نووسیوە و وەسفی لایەنێک یاخود میرنشینێکی کردووە.

هەروەها گرنگە لیرەدا جەخت لە گرنگی مێژوو بکەینەوە، چونکە هەر گەڵ و نەتەوەیەک لە ڕێگەی مێژووەکەیەوە دەتوانێت داهاتووی خۆی بنەخشێنێت. واتە لە ڕێگەی مێژووەکەیەوە دەتوانێت سوود لەو شکستانە وەربگرێت کە لە ڕابردوودا ڕوو بەڕووی بونەتەوە. بۆ ئەمەش پێویستی بە مێژوویەک هەیە، کە ئەو ڕوودا و شکستانەی تێدا تۆمار کرابێت.

ئەگەر لە ڕوانگەی کولتووریەوە بڕوانینە کۆمەڵگەی مۆدێرن، ئەوا کۆمەڵگەی مۆدێرن خاوەن کولتوورێکە کە تەواوی ئەندامانی تێدا هاوبەشن، واتە کولتوورێکی گشتگیری تەواوی ئەندامەکانی کۆمەڵگەیە. بەلام کورد تاکوو ئێستەش خاوەن کولتوورێک نییە کە تەواوی ئەندامانی بە هی خۆیان بزانن، بەڵکوو ئەوەی هەیە، کولتوورێکی خێڵەکی ناوچەییە. لە کۆمەڵگەی خێلەکیشدا، ئەوەی زاڵە وردە کولتوورە(کولتووری لاوەکی)، ئەم وردە کولتوورەش تایبەتە بە خێڵێک یاخود ناوچەیەک، کە ئەمەش وایکردووە کورد لە ڕووی کولتووریەوە دابەش بێت، چونکە هەر ناوچەیەک کولتووریکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەگەڵ ناوچەیەکی تردا جیاوازە.

لە پاڵ ئەمەشدا، پێکهاتەیەکی تری گرنگی کولتووری هەیە، کە بە یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەش دەژمێردرێت، ئەوش زمانە. ڕاستە زمان ئامرازیکی پەیوەندییە لە نێوان تاکەکاندا، کە ئەرکی گواستنەوەی وێنەی هزرییە، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا، زمان یەکێکە لە تایبەتماندییەکانی کولتوور.

هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ئەندامەکانی خاوەن زمانێکی هاوبەشن، کە یەکێک لە  شێوەزارەکان دەبێت بە زمانێکی  ستانداردی کۆمەڵگە و تەواوی ئەندامانی پێی دەپەیڤن. هەرچی لەبارەی کۆمەڵگەی کوردیشەوە، ئەوا کورد خاوەن زمانێکی دەوڵەمەندە، کە لەچەندین شێوەزار پێکهاتووە، بەڵام تاکوو ئیستەش نەیتوانیوە یەکێک لە شێوەزەکان بکات بەزمانێکی ستاندارد و هاوبەشی تاکەکانی، بەڵکوو  هەر ناوچەیەک بە شێوەزارێک  قسەدەکات و دەخوێنێت، بۆ نموونە: ئەگەر بڕوانینە باشووری کوردستان، ئەوا دەبینین کە دوو شێوەزار، زمانی پەروەردە و فێرکردنیەتی. گریمانە ئەوە دامانا کە دوو شێوەزار زمانی پەروەردەو فیرکردنە، بەڵام دەبێت سیستەمێکی سیاسی و پەروەردەی نیشتیمانی هەبێت، تا بتوانێت ئەو فرە شێوەزارییە، بکات بە مۆدیلێکی سەرنج ڕاکێش و لێک نزیک کردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی، نەک پەڕەدان بە لێکدابڕانی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام تاکوو ئێستەش ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردی ڕووی نەداوە، بە پێچەوانەوە ڕەهەندی سیاسی و مەڕامی زیاتر لێک دابرانی ناوچە و شێوەزارەکانی زەقتر کردووە.

سەرباری ئەو تایبەتمەندیانە، تایبەتمەندییەکی تری کۆمەڵگەی مۆدێرن بوونی هەیە، کە ئەویش کار دابەشکردنە. لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، کار دابەشکردن بەپێی پسپۆڕییە. واتە تاکەکانیان خاوەنی شارەزای پسپۆڕانەن لە بوارە جیاجیاکاندا، هەر ئەمەش وادەکات تاکەکان نیازیان بەیەک هەبێت بۆ یارمەتیدانی یەکتری، ئەم یارمەتیدانەی ئەندامەکانی، بووتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی یەک پارچە بەرهەم بێت. بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کار دابەشکردن لەسەر بنەمای خزم خزمێنە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لایەنگری حزبییە، واتە ئەگەر ناسیاوێکی کاربەدەستت هەبێت، ئەوا دەکرێت نەخویندەواربیت و ببیت بە وەزیری ڕۆشەنبیری. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە کار دابەشکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتییە، نەک لەسەر بنەمای پسپۆڕی و بەرژەوەندی گشتی.

ئەگەر بێت و باس لە لایەنی ئاینی کورد بکەین، ئەوا دەبینین کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی موسلمانە و ڕێژەیەکی کەم لە پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکەی تێدایە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی موسلمانن و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکەن، بەڵام پەیڕەوکەرانیان دابەش بەسەر چەند مەزهەب و تەریقەتێکی ئاینی بوونە و هەریەکێکشیان دونیابینینێکی جیاوازیان بۆ ئیسلام هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە هەر مەزهەبێک یاخود تەریقەتێک شوێنکەوتووی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەمەش دووبارە تاکی کورد بەهۆکاری بیر و باوەڕی ئاینییەوە دابەشبووە. ئەم دابەش بوونەش پێچەوانەی بنەماکانی کۆمەڵگەی مۆدیرنە، چونکە کۆمەڵگەی مۆدیرن، کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووە.

هەروەها لە لایەنی سیاسیشەوە(ڕامیاری، ئابووری و سەربازی)، ئەوا کۆمەڵگەی مۆدێرن خاوەن سیاسەتێکی گشتگیرە، کە دەڵالەت لە تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگەکەی دەکات. بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەهۆکاری دابەشبوونی ناوچەی و خێڵەکی، ئەوا سیاسەتێکی دابەشبووی هەیە. ئەم دابەشبوویە ناوچەییەش، وایکردووە کە هەر ناوچەیەک سیاسەتێکی تایبەت بەخۆی هەبێت. واتە بەجۆرێک سیاسەت دەکات کە لە بەرژەوەندی ناوچەکەی دابێت، نەوەک خاوەن سیاسەتێکی گشتگیربێت. جا سیاسەتەکە لە ئاستی نێوەخۆی یاخود دەرەکیدابێت. ئەم جۆرە سیاسەتەش (سیاسەتی ناوچەی)، وادەکات هەر ناوچەیەک هێزێکی سەربازی و ئابووریەکی تایبەت بە خۆی هەبێت. هەروەها هەبوونی هێزی سەربازی و ئابووری ناوچەیش، دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی ملمڵانێی لە نێو خودی کورددا. جگە لەمەش، لە هەرکات و ساتێکدا مەترسی بەریەک کەوتنیان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، بە هۆکاری بەرژەوەندییە ناوچەیی و تایبەتییەکانیانەوە.

بە پیی ئەو بنەمایانەی خستەمانە ڕوو، ئەوا کورد هیچ یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی تێدانییە، بەڵکوو ئەو کۆمەڵگەیەی کورد هەیەتی، کۆمەڵگەیەکی نەریتییە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی دابەشبووی دەستی خێڵ و عەشیرەتە، هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی چەق بەستووبێت و لەوەی هەیە زیاتر گەشەنەسەنێت.

هەروەها بوونی کۆمەڵگەیەکی نەریتی، زۆر گرفتی گەورەی بۆ کورد دروستکردووە، چونکە کۆمەڵگەی نەریتی کۆمەڵگەیەکی شێواوە. واتە کۆمەڵگەیەکە تژییە لە ملمڵانێ، بەهۆی ئەو جیاوازیانەی کە لە نێوانیانداهەیە، ئەمەش وایکردووە  کورد پەرتەوازەبێت و هیچ وابەستە بوونێک لەنێویاندا نەبێت.

هەڵبەتە بوونی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بۆ کورد زۆر پێویستە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان لە پەرتەوازەی ڕزگاربکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی ئاشتی و هاوسەنگی لە نێوان تاکەکانیدا، بەمەش کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر بەرهەم دێت. لە هەمان کاتیشدا، تاک لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، تاکیکی داهێنەرە، چونکە خاوەن بیرکردنەوەی خۆیەتی و جیاواز لە ئەندامەکانی تر بیردەکاتەوە، ئەم جیاواز بیرکردنەویەش لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازی لێدەکرێت و هانیش دەدرێت،  بەمەش تاکێکی داهێنەر و نوێگەر بەرهەم دێت. واتە تاکی کۆمەڵگەی مۆدێرن خاوەن بیرکردنەوەیەکی عەقلانییە. بەلام تاکێکی کۆمەڵگەی نەریتی، خاوەن بیرکردنەوەیەکی هەست و سۆزی خێڵەکییە، کە بەوشێوەی هەیە زیاتر ناتوانێت گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات، کۆمەڵگەش بە بوونی تاکێکی خاوەن بیرکردنەوەیەکی چەق بەستوو، ئەوا کۆمەڵگەیەکی چەق بەستوو بەرهەم دێت.

کورد بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگەیەکی مۆدیرن دروست بکات، ئەوا پێویستی بە تاکیکی مۆدیرنە، چونکە تاک ڕوحی کۆمەڵگەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت سیستەمی حوکمرانی لە ڕێگەی دامەزراوەی پەروەردەیی و رۆشەنبیرییەکانییەوە، کۆمەلگەیەکی مۆدیرن بەرهەم بهێنێت، چونکە زانکۆکان و خوێندنگەکان، دامەزراوەیەکی مۆدیرن و ئەرکی دروستکردنی تاکێکی مۆدێرنە. هەرچەندە لە کوردستاندا دامەزراوەی پەروەردەیی هەیە، بەڵام تەنها شتێکی ڕواڵەتی مۆدێرنە، تاکو ئێستەش نەیتوایوە تاکێکی داهێنەر و مۆدێرن  پێشکەش بە کۆمەڵگەکەی بکات، بەڵکوو ئەو دامەزراوانە، بڕەو  بە نەریت و بڕوا باوەکانی کۆمەڵگە دەدات.

هەروەها لە پاڵ دامەزراوەی پەروەردەییشەوە، دەتواندرێت لە ڕێگەی شارنشینی و بە پیشەسازیکردنیانەوە، کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بوونیاد بندرێت، چونکە شارە پیشەسازییەکان،  ئەو شوێنەیە کە تەواوی تاکەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا، بەمەبەستی کاردکردن کۆچی بۆ دەکەن، بەمەش تێکەڵاویەک لە نیوان تاکەکان دروست دەبێت، ئەو وردە کولتوورەی پێیەوە پابەندبوونە، لە نێویاندا دەتوێتەوە و کولتوورێکی نوێ هاوبەشی تەواوی دانیشتوان لە دایک دەبێت، کە دەبێتە کولتووری رەسەنی تەواوی ئەندامەکانییان.

ڕاستە کورد زۆر شاری هەیە، بەڵام شارە کوردیەکان تەنها شتێکی ڕوالەتین و هیچ تایبەتمەندییەکی شاریبوونی تێدا نییە، واتە دەتوانین بڵێین: ئەو شارانەی کورد هەیەتی، هاو شێوەی گوندێکە بەڵام لە جوگرافییایەکی گەورەتردا. ئەگەر بێت و بڕوانینە سروشتی شارە کوردییەکان، ئەوا دەبینین کە هەر گەڕەکێک تایبەتە بە ئەندامانی خێڵێکە، بەمەش نەتوانراوە تیکەلاوییەک لەنیوان تاکەکانی ناوچە جیاوازەکان دروست بکرێت و کولتوریکی هاوبەش بۆخۆیان بونیادبنێن.

هەرچەند کورد لەڕووی کەرستەی مۆدێرنەوە هەموو ماتڕیالەکانی لەبەردەستە، بەڵام ئەم ماددانە بەجۆرێکن کە تەنها وەکو ماددە خراونەتە ناو کۆمەڵگە و بەبێ ئەوەی کە ئەو ماددانە ببنەهۆی دروست بوونی مەعریفەیەکی نوێ و تواندنەوەی وردە کولتوورەکان، بەتایبەتیش کولتوورە ناوچەییەکان. لەوەشدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبیتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی بوتە گۆڕەپانی ماددە مۆدێرنەکان و بەبێ ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر پانتایی کۆ هزری کۆمەڵگە.

لە دەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین، کە کۆمەلگەی مۆدیرن کۆمەلگەیەکی یەک پارچەیە، ئەم یەک پارچەییەش لە دەرئەنجامی بەرژەوەنی هاوبەش، خاکێکی هاوبەش، خەڵکێکیی هاوبەش، کولتووری هاوبەش و…تاد، هاتووتە کایەوە. بەڵام کۆمەلگەی کوردی، کۆمەلگەیەکی شێوا و تژی لە ململانێیە، کە تاکەکانی خاوەن بیرکردنەوەیەکی نەریتین و دابەشبووی دەستی خێڵ و عەشیرەتن. واتە ئەوەی تاکی کورد بە یەکەوە دەبەستێتەوە هاوخوێنییە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردیش لە دۆخە چەق بەستوویە ڕزگاربێت و بەرەو مۆدێرن هەنگاو بنیت، ئەوا باشتروایە سیستەمی حوکمرانی سوود  لە دامەزراوەی پەروەردەی و ڕۆشەنبیری وەربگرێت، چونکە ئەم دامەزراوانە، لە ڕێگەی دارشتنی پرۆگرامێکی مۆدێرن، ئەوا دەتوانێت تاکێکی مۆدیرن بەرهەم بێنێن. هەرەها لە پاڵ ئەمەشەوە، دەتواندرێت لە ڕێگەی بە پیشەسازیکردنی شارەکانەوە، کۆمەڵگەی کوردی لەو ئەقلیەتە نەریتییە ڕزگار بکات، چونکە شار ئەو شوێنەیە کە تیکەڵاوی و هامۆشۆی نیوان ئەندامەکانی ناوچە جیاوازەکان دروست دەکات، بەمەش لەگەڵ یەکتری کارلێک دەکەن و کولتوریکی هاوبەشی نیوان تاکەکان دیتەکایەوە، کە ئەم کولتوورەش قوبولکراوی تەواوی ئەندامەکانییەتی.

 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوودیان لێ وه‌رگیراوه‌:

  • پیرباڵ، د.فەرهاد،(٢٠١٩). زمانی حەیزەران. چاپی دووەم، هەولێر، چاپخانەی کولتووری.
  • دیلانی، تیم، (١٣٩٥).تێئورییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی. و:خالید شێخی، چاپی یەکەم، مسەقز، بیریار.
  • عبدالخالق، مسعود،(٢٠١٤). ناسنامەی حزبە کوردستانیەکان. چاپی دووەم، هەولێر، چاپخانەی هیڤی.
  • کورد نەتەوەیەکی بێ مێژوو، ٢٠٢٢. {online}. ١٩/١/٢٠٢٢، کەناڵی یوتوبی فریدون هیرانی، ١١/١٢/٢٠٢٢، https://youtu.be/y4zRvK4Ym6c
  • موحسنی، د.منوچهر، (٢٠٠٥). کۆمەلناسی گشتی. و: موسڵح ئیروانی، چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.
  • وسوقی، مەنسوور و خوڵق، عەلی ئەکبەر نیک، (٢٠١٣). بنەماکانی کۆمەڵناسی. و: سیروان محەمەد حاجی، چاپی یەکەم، هەولیر، چاپخانەی موکریانی.
  • ئەلحەسەن، د.ئیحسان محەمەد، (٢٠١٢). ئینسایکۆپیدیای کۆمەڵناسی. و: دانا مەلا حەسەن، چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
  • What is a society.

shorturl.at/cfq26

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: