فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی

296
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: گێرت هێندریش

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

 

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانى خۆرهەڵات: ئەلفارابى و ئیبن سینا

فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى لە کۆتایى سەدەى نۆیەمى زایینیدا دێتە نێو قۆناغێکى نوێوە. ئێستا سەردەمى وەرگێڕانەکان تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایى پێهێنرا بوو و فەلسەفە لەسەر بناغەی ئەو بابەتە وەرگێڕراوانە ئەدگارێکی سەربەخۆی وەرگرت: ئێستا هەوڵ دەدرا بەرهەمەکانی وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنى) ئەنتیکە ڕێکبخرێن و بە توخمە پێوارەییەکانى ئایین تێکهەڵکێش بکرێن. فەلسەفەى پێشین بەزۆریى ناتەواو بوو، جا گەرچى لە هەندێک ڕەوشی تایبەتیدا پرشنگدار بوو و هاوشێوەى ئایینى شێوەوەرگر هەستى بەدووداگەڕانێک بێدار دەکاتەوە، وەلێ فەلسەفەى دواى ئەو بە پێچەوانەوە دەرچەیەکی یەکانەیی هەیە. ئەم دەرچەیە وایدادەنێت کە هزرى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس لە پرنسیپدا یەکدەگرنەوە، ئەوەش بە فۆرمولەکراوى لە نوێپلاتۆنیزمدا دەبینێتەوە. نوێپلاتۆنیزم گریمانەی “یەک”ى (ئەلئەحەدی – و) سەرەتایی دەکات وەک بنەڕەتی جیهان، وەلێ ئەم تێزە هاوکات پنتى گەیاندنە بە ئایینى سروشیانەى ئیسلام و دەرفەت بۆ هێنانەگۆڕێی یەکێتییەک لە نێوان مەئریفەی فەلسەفەیی – کە بەڕێی ئاوەزەوە چێدەبێت – و ڕاستییەکانی ئاییندا – کە مرۆڤ وەک ئەزەلی لێیان تێدەگات – دەڕەخسێنێت. جێی سەرنجە ئێستا فەلسەفە بەم هەوڵە کامیلبوونى تاکەکەسییانەی مرۆڤ کە بە یاریدەی ئاوەز بەدیدەهێنرێت، وەک لەبرییەک دادەنێت بۆ “شێوازى ژیانى” (واتا بۆ “سیرە”ی) ترادیسیۆنیانەى پەیامهێن و لایەنگرەکانى کە وەک نموونە و پێوەر بۆ هەموو ئیمانداران دانرابوو و باڵادەستانی ئایینی پێشەنگی بوون. ئەوە بێ هۆ نییە کە ڕازى یەکێک لە نووسینەکانى خۆى ناو دەنێت “سیرە فەلسەفییە”، واتا شێوازى ژیانى فەلسەفەیی. ڕازى بەم نووسینە خۆى ئاگامەندانە لەو کۆنسێپتە دەپچڕێنێت کە گۆیا مرۆڤ ژیانێکى سەرکەوتووی پێبەدیدەهێنرێت گەر شوێن باڵادەستانی ئایینی بکەوێت، نەخێر، ڕازی لەبریى ئەوە هومانیزمێکى تاکەکەسی بە ڕێبەرایەتیی ئاوەز دەخوازێت. ئەم داواکارییە بوو بەهۆی ڕەخنەی توندی زانایانى ئایینی کە خۆیان بە پارێزەر و ڕاڤەکەرى “کۆنسێپتى سیرە” لە ڕۆشنایى ئایینى سروشییەوە دادەنا. جگە لەوە فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى سەرجەمی مەئریفە زانستییەکانى سەردەمەکەى بەکارهێنا، کەواتە نزیکەى پانتاییەکى ئێنسیکلۆپێدییانەى هەبوو، لەمەشدا دەگەڕێتەوە بۆ زەخیرەیەکى سەرچاوەى فەلسەفەیى و زانستیی زۆر دەوڵەمەندتر لەو زەخیرەیە کە لە ئەوروپاى کریستیانیدا هەبوو. فەلسەفە و زانست بەردەوام لەنێو چێوەى دامەزراوەکانى فێرکارى و توێژینەوەدا دەگۆڕران، بۆ نموونە لە “بەیت ئەلحیکمە”، وەلێ بەتایبەتى لەو جێیانە کە لایەنگرانى بەدەسەڵات و دەوڵەمەند دەیانپاراستن.

بێگومان فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى پەرچەکرداریشە لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەم. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین هەوڵى فارابى و ئیبن سینا، وەک نوێنەرە مەزنەکانى ئەو فەلسەفەیە، تا ڕادەیەک پابەند بە کەشى دۆخگۆڕیوى جیهانى ئیسلامییەوە ڕوونبکەینەوە: ئەوان هەوڵیان دا بۆ ئەوەی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلى بکەن و بەم شێوەیە چارەیەک بۆ دەلاقەی سەرهەڵداوى نێوان هزرى ڕاسیۆنال و ئیمانى سروشى بدۆزنەوە. جیهانى “ئیسلامى” هەمیشە پتر گەلان و کولتوورانى دیکەى لە خۆ دەگرت، کشانى گەیشت بە ڕادەیەک کە ئیدی لە ئەوروپاوە بەقووڵی تا نێو ئاسیاو و ئەفریکا بڕی دەکرد، بەم ڕێیەشەوە توخمى ئەرەبی هەمیشە کەمتر دەبووەوە. گەرچی گەلانى دیکە و کولتوورە تایبەتییەکانیان بەئیسلامی کرابوون، سەرەڕای ئەوە هەمیشە پتر رۆڵى گرنگیان دەگێڕا. جگە لەوە هۆى پەرەسەندنى واتاى زانایانى ئایین، واتا ئولەماکان، کە لە دەستەبژێرانی شارییەوە پێگەیشتبوون و پەیوەندیشیان هێشتا هەر بەچڕی بەو دەستەبژێرانەوە مابووەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونى دەوڵەتى خەلافەت. سەردەمى مەزنە دەوڵەتێکى ئەرەبى-ئیسلامى بە سەنتەرێکەوە کە بەڕوونى پێناسە کرابێت، لە ڕووى سیاسییەوە کۆتایى پێهات و دەوڵەتانى ناوچەیى جێیان گرتەوە. هەروەها کۆچى پەرەسەندووى گەلە تورکییەکان کە مەزنە دەوڵەتى ئەرەبى-ئیسلامییان لە ناوچە کەنارییەکانەوە ناسەقامگیر کردبوو، رۆڵى خۆی لە لاوازکردنى دەوڵەتى خەلافەتدا گێڕا. ئەوجا جیهانى ئەرەبى-ئیسلامى لە ڕووى ئابوورى-جڤاکیشەوە بەنێو پرۆسەیەکى دۆخگۆڕیدا تێپەڕى. ئەو دەوڵەتانە کە بە جیابوونەوە لە خەلافەتەکەى بەغداد سەریان هەڵدا، بەزۆریى پشتیان بە سوپاى دەرەبەگان دەبەست؛ ئەوان مافى بەکارهێنانى زەوییان بۆ کشتیارى دەبەخشی تاکو بەو ڕێیەوە موچەی سەربازان و فەرماندەکانیان، هەروەها کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى، دابین بکەن، ئەمەش توێژى کشتیارە سەربەخۆکانی لاواز کرد، هەروەها کاریگەرییەکى ئەوتۆى نواند کە ئابووریی شارییانەى ڕووکردووە پارە و بازرگانى گوڕ ڕووەو دەرەبەگایەتى بسێنێت. تا ڕادەیەکى زۆر ئابووریى کشتیاریانەى گوزەراندابینکەر جێى ئابووریى پێشینى بازرگانى و مانوفاکتورى گرتەوە، بەمەش کۆتایى بە گۆڕانیک هێنا کە پاش چەند سەدەیەک لە ئەوروپا، لە شارەکانى ئیتالیا و فلاندریادا، بوو بە ڕێخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانى جڤاکی بۆرژوازى-سەرمایەگەرى. بێگومان لە کۆنتێکستى ئیسلامیدا هەمیشە سەرلەنوێ سەردەمانى گەشانەوەى ناوچەیى دەهاتنەوە گۆڕێ کە تەنانەت واتاى ئابوورییان هەبوو، وەلێ مۆرکى ئەو سەردەمە بەگشتى بریتی بوو لە تەنگژەیەکى ئابوورى و جڤاکى و سیاسى کە هەروەها لە ڕەوشە هەنووکەییە سەختبۆوەکانى دێباتى هزریشدا خۆی نواند. سەرهەڵدانی بەردەوام بەهێزتربووی ئۆرتۆدۆکسییەکى ئایینى و لەتەکیدا کاریگەریی جڤاکییانەی زۆرتری نوێنەرەکانی، پتر فەزاى ئازادیان بۆ زانستەکان و فەلسەفە تەسککردەوە.

 

ئەلفارابى

ژیانى ئەبو نەسر محەمەد ئیبن تەرهان ئیبن ئوزلوغ ئەلفارابى (نزیکەى 870 تا نزیکەی 951) وێنەى ئەم گۆڕانانە دەداتەوە. ڕەچەڵەکى فارابى نەدەگەڕایەوە بۆ سەنتەرەکانى جیهانى ئیسلامى: بۆ بەغداد یان لایەنی کەم بۆ وڵاتى کولتووریى دێرینی فارس، بەڵکو دەگەڕایەوە بۆ ئەوپەڕى چێوەى ناوچەى دەسەڵاداریى ئیسلامى. ئەو لە فاراب هاتە جیهانەوە کە دەکەوتە سەر کەنارەکانى ڕوبارى سیر دەریا لە باکورى ڕۆژئاواى تەشکەند لە کازاخستانى ئەمڕۆ. باوکى فارابی ئەفسەرى میرنشینی سامانییەکان بوو کە هۆزە تورکییەکانى کارلوک و ئۆگوزى لەوێ نیشتەجێ کردبوو و ئەوانیش لەباتی ئەوە دەبوو وڵاتەکە لە هێرشى گەلە دەشتەکییەکان بپارێزن. پێدەچێت باوکى فارابى بە ڕەچەڵەک بگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانى تورکڕەگەزى ئەو وڵاتە و یەکەم کەسى خانەوادەکەى بووبێت کە بڕواى بە ئیسلام هێنابێت. زمانى دایکی فارابى دیالێکتێکى تورکى بوو، ئەو هەروەها زمانى فارسیشى دەزانى. ئەو درەنگتر فێرى زمانى ئەرەبى بوو کە زمانى باڵاى دەوڵەتە ئیسلامییەکان و هاوکات زمانى فەلسەفە و زانستەکان بوو. فارابى سەرەتاى سەدەى دەیەم ڕۆیشت بۆ بەغداد و حەرران و بوو بە فێرخوازى زانایانى کریستیانی، بۆ نموونە یوحەننا ئیبن حەیلان (910 مردووە) و (بەگوێرەى هەندێک سەرچاوە) ئەبو بیشر ماتتا ئیبن یونیس (940 مردووە). جگە لەوە فارابى وەک پزیشک پێگەیەنرا، وەلێ بە پێچەوانەى ڕازى و ئیبن سیناوە هەرگیز ئەم پیشەیەى پراکتیزە نەکرد، چونکە پزیشکی بە دیدی ئەو “پیشەى دەستى” بوو، بۆیە وەک زانستێک بۆ توێژینەوە لە ڕاستى نەیدەبینی. تەنیا تیۆریى پەتى توانای بە مرۆڤ دەدا لە ڕاستی بتوێژێتەوە. ئەمە بە هەمان شێوە موزیکیشى دەگرتەوە. گەرچى فارابى بە موزیکییەکى ئاستباڵا دادەنرا، لەم بوارەشدا بە نووسینى “کتێبى مەزن لەبارەی موزیک” وەک یەکێک لە واتادارترین تیۆریارانى موزیک لە جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوت، سەرەڕای ئەوە توانستەکانى خۆى نەکرد بە پیشە. فارابى بەگشتى لە بەغداد ژیانێکى سادە و دوورەپەرێزی بەسەربرد، بۆیە هیچ سەرچاوەیەکى هاوچەرخى یان درەنگتر زانیاریی زۆری سەبارەت بە ژیانى ئەو نییە. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو گوزەرانی خۆی وەک پاسەوانى باخچەیەک دابین کردووە، ئەم کارەشى گۆیا هەڵبژاردووە، چونکە کاری شەوانە دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە کە بپەرژێتە سەر هزرین بەئارامی. ئەم جۆرە چیرۆکانە تێڕوانینێکى ئەوتۆیان سەبارەت بە فارابى هێنایە گۆڕێ کە گۆیا ئەو دانایەکى سادە و پشتکردووە جیهان بووە و ڕێى نەداوە بخزێنرێتە نێو ناکۆکییە جڤاکییەکانى سەردەمەکەیەوە. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت فەلسەفەى فارابى زۆر ڕوونتر لە فەلسەفەى پێشین ئاوێنەى وەرچەرخانە جڤاکییەکانە.

لە سەدەی دەیەمدا بۆ یەکەم جار بەفراوانی دانوستانی ئەوە کرا کە داخۆ کولتووری گریکی، کەواتە کولتوورێکی “نامۆ”، چیی پێ بێت بیدات بە کولتووری ئیسلامی و داخۆ ئەو کولتوورە لادان نەبێت لە ئیسلامی پاکژ کە گەرەکە ترۆپکی کولتووری مرۆڤایەتی بێت. ئەم گرنگیدانە نوێیە بە “پاکژێتی” و “خاڵسێتی” ی ئیسلام پەرچەکردارە لەسەر تەنگژەی بەردەوامی سیاسی و جڤاکییانەی دەوڵەتی خەلافەت. خەلیفە بوو بوو بە بووکەسەماکەرەی فەرماندە سەربازی و خانەوادە بەگزادییەکان، بەوەش ئەو، وەک پارێزەری ئیمانی پەتی، لە چاوی موسڵماناندا مافی ڕێبەریکردنی ئوممەی ئیسلامیی لەدەستدابوو. “گەڕانەوە بۆ ڕیشەکان” (واتا بۆ ئاییندارییەکی خاڵس) وەک بناغەی زاڵبوون بەسەر تەنگژەیەکی جڤاکیدا، لەو کاتە بەدوواوە تا ئەمڕۆ وەک کۆنستانێکی (نەگۆڕێکی) مێژووی ئیسلامی ماوەتەوە. گەڕانەوەکە لە سەدەی دەیەمدا ئاماژە بۆ پەڕگەیەک دەدات لە نێوان دوو بەرەدا: کولتوورێکی زانین کە هاوکات بۆ هزرینی فەلەسەفەییش کراوەیە، هەروەها پەرچەکردارێکی جڤاکی-سیاسی وەک هەڕەشەیەک لەسەر کەلاخستنی فەلسەفە.

 

ئەوە هیچ جێى سوڕمان نییە کە فارابى بەغدادى بەجێهێشت و لە جێى دی کەوتە گەڕان بۆ چاودێری و دەستى پارێزەرى دەسەڵاتدارێک، ئەوەشی لە ئالێپۆ (حەلەب) لاى سەیف ئەلدەولە بینییەوە کە دەسەڵاتدارى دەوڵەتى ئەرەبیى حەمدانییەکان بوو. ئەم دەسەڵاتدارە لەنێو کەشێکى کراوەدا بۆ هونەر و زانست هەندێک لە بەواتاترین زانا و هەڵبەستڤانانی لە دەورى خۆى کۆکردەوە، فارابیش یەکێک بوو لەوان. کاتێک فارابى ساڵى 950 یان 951 مرد، وەک دەگۆترێت، سەیف ئەلدەولە مەرگگۆتارى ناشتنەکەى لە دیمەشق خوێندەوە. وەلێ هیچ گومانى تێدا نییە کە نوێنەرانى ئولەما خۆیان بەئاشکرا لە ناشتنى ئەو بەدوور گرت. پاش مەرگى فارابى شتێکى هاوشێوەى “فێرگە”یەکى فەلسەفەکەى هاتە ئاراوە و لە نێویدا بەتایبەتى ئەرەبە کریستیانییەکان چالاک بوون، ئەوەش بە چەشنێک کە هەر یەکەیان بەجیا و بە دەرخستنی خۆیی کەوتە داڕشتن و پتر گۆڕاندان بە هزرى فارابی. هەندێکی ئەو زانایانە بریتى بوون لە یەحیا ئیبن ئادى (893-974)، ئەبو سولەیمان ئەلسیجیستانى (913-988)، یوسف ئەلئامرى (992 مردووە)، هەروەها ئەبو حەیان ئەلتەوحیدى (نزیکەى 925-1021). ئەم زانایانە خۆیان لەسەر بناغەى فەلسەفەى فارابى بە فیزیک و لۆگیک، تیۆریى مەئریفە یان تیۆریی زەینەوە خەریک دەکرد.

 

پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک و ئێتیکى سیاسى

بەرهەمە فەلسەفەییەکەى فارابى پەرچەکردارێکى ڕاستەوخۆ بوو لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەمەکەى. لەبەر ئەم هۆیە دەشێت ئەو بە یەکەمین هزرڤانى ئەرەبى-ئیسلامى دابنرێت کە ئاگامەندانە ڕاڤەیەکى نوێپلاتۆنییانەى جیهان بە فۆرمولەکردنى تیۆرییەکى سیاسییەوە گرێدەدات. کاتێک مێتافیزیک و تیۆریى ئێتیکیانەى سیاسى لاى فەیلەسوفانى پێشین بەپاڵ یەکدییەوە بوون و سیستەماتیکییانە پێکەوە گرێنەدرابوون، ئەوا بە پێچەوانەوە لاى فارابى یەکێتییەک پێکدەهێنن و دەچنە نێو یەکدییەوە. فارابى تەقەلایەکى زۆرى دا بۆ ئەوەى سەرلەنوێ بە فەیلەسوفە کلاسیکییەکانى گریکدا بچێتەوە، پێدەچێت تەنانەت خۆی بۆ ئەم مەبەستە هەندێک تێکستى وەرگێڕابێتەوە. بە هەر حاڵ، فارابى بەشێکى زۆرى نووسینەکانى ئەڕیستۆتێلیس و زۆرینەى دیالۆگەکانى پلاتۆنى دەناسى. لە یەکێکى نووسینە سەرەکییەکانیدا بە ناونیشانى “فەلسەفەى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس“، هەردوو فەیلەسوفى کلاسیکى سەربارى جیاوازییەکانیان دادەڕێژێت بەبێ ئەوەى هەوڵ بدات جیاوازییەکانیان پێکەوە بسازێنێت. وەلێ فارابى لە بەشى ڕێبەرییەکەی ئەو نووسینەیدا نەک تەنیا جەخت لەوە دەکات کە کامیلکردنى مرۆڤ ئامانجى هاوبەشى هەردوو فەیلەسوفە، بەڵکو هاوکات سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیشى وەک پردێک لە نێوان هەردوو فەیلەسوفى نموونەییدا بنیات دەنێت. لێرەدا دەبێت ڕەچاوی ڕەوشێکی گرنگ بکەین: ئەو کورتەیەی “ئێننێئادەکان”ى پلۆتین (IV-VI) کە لە چەرخى نێڤیندا وەک “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس” ناسرابوو، فارابی بە هەمان شێوە وەک کارێکی ئەڕیستۆتێلیس وەریدەگرێت. بەم ڕێیەوە ئیدی باری سەر یەکێتیى سیستەماتیکییانەى فەلسەفەى فارابى سووک دەبێت کە بریتییە لە: گەردوونناسى کە لە گەردوونى دەرەکیدا (ماکرۆکۆسمۆسدا) ڕێکخراوى گەردوون دادەڕێژێت، هەروەها تیۆریى زەین کە بەڕێیەوە ئەم ڕێکخراوەى گەردوون وەک شیاوى ناسین دەسەلمێنرێت، ئەوجا تیۆریى سیاسى کە کامیلێتیى ئەم ڕێکخراوەى گەردوون بەسەر شیمانەکانى جڤاکی مرۆڤدا بەکاردەبات. بە دیدى فارابى مێتافیزیک، گەردوونناسى، تیۆریى مەئریفە و سیاسەت، پەیوەندییەکى چڕیان بە یەکدییەوە هەیە، لێرەشدا پێناسەکەى ئەڕیستۆتێلیس بۆ مێتافیزیک وەک مەئریفەى بوونەوەر، دەرچەی هزرینی فارابییە. بوونى کردەکییانەی شتەکان، واتا ناسینی سروشتى ئۆبژێکتیڤییانەى شتەکان، بریتییە لە ئەرک و شیمانەى مرۆڤ. ئەمە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە مەئریفەى بوونەوەر هەروەها شیمانەى ڕێنومایی بۆ مرۆڤ لە خۆ دەگرێت. واتای ئەم تێڕوانینە بە دەرئەنجاماندنێکى ئاوەژوو بریتییە لە: مرۆڤى سەر چەوتەڕێ یان کردارنوێن لە نەزانییەوە، ڕێبەر و ڕاوێژکەرێکى نالەبارە بۆ جڤاک. کەواتە کامیلکردنى مەئریفەى خۆیى، سەروەری بەسەر بەکارهێنانى ئاوەزدا، پێشمەرجى ڕێکخراوێکى سەرگرتووى جڤاکین. هەر بەم شێوەیە تیۆریى “دەوڵەتى چاک” لە تیۆریى مەئریفەى ڕاستییەوە سەرهەڵدەدات، بە پێچەوانەشەوە تیۆریى سیاسى وەک تیۆریى دەوڵەت بریتییە لە تەکمیلەکردنى مێتافیزیک. کەواتە فەلسەفە سیاسییەکەى فارابى نەک تەنیا دەیەوێت فەلسەفەى تیۆرییانە و پراکتیکى پێکەوەبلکێنێت، بەڵکو هەروەها دەیەوێت تێیان بپەڕێنێت. ئەمە لە گرنگترین نووسینەکانیدا ئاشکرا دەبێت کە سێ دانەن: “کیتاب تەحسیل ئەلسەئادە” (کتێب لەبارەى گەیشتن بە بەختیارى)، “ئاراء ئەهل ئەلمەدینە ئەلفازیلە” (تێڕوانینەکانى هاوڵاتیانى شارى فەزیلەمەند – بەکورتى: “مەدینە”)، هەروەها “ئەلسیاسە ئەلمەدەنییە” (لەبارەى بەڕێوەبردنى دەوڵەت – بەکورتى: “سیاسەت”).

بە تێڕوانینى فارابى مرۆڤ دەتوانێت ئاوەزمەندانە ڕێکخراوى سیاسى بنیاتبنێت، ئەویش چونکە خودی جیهان ڕێکخراوە و ئاوەز دەتوانێت لێی تێبگات. ئەم ڕێکخراوە بەندە بە پێشبینیی گەردووندیدییەکی جیۆسەنترییەوە کە تێیدا کایەکانى ئاسمان (مانگ، خۆر، پلانێتەکان) لەسەر هێڵى چەسپیو بە دەورى زەمیندا دەسووڕێنەوە. ئەڕیستۆتێلیس گۆتبووى، کایەکان (سفێرەکان) لە لایەن بزوێنەرانەوە دەبزوێنرێن، پاشان فەیلەسوفانى موسڵمان ئەم بزوێنەرانەیان ناو نا “ئینتەلیگێنسەکان”. وەلێ ئێستا فارابى ئەم گەردوونناسییە ئاسان دەکاتەوە، ئەویش بە وەرگرتنى ڕاڤەى نوێپلاتۆنیانەى خودی گەردوونناسییەکە: یەکەم بزووتن لە لایەن یەکەم بزوێنەرەوە، واتا لە لایەن “یەک”ـە (ئەلئەحەدە – و) سەرەتاییەکەى پلۆتینەوە، واتا لە لایەن خوداوە دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا لە خوداوە کە هۆشى پەتییە، کەواتە زەینە (ئینتەلێکتە)، هۆش بۆ کایەکەى دی “دەڕژێت”، لەوێشەوە بەردەوام دەبێت بۆ نێو کایەکەى دی. بێگومان ئەم زەینە سەربارى ڕژانى هەمیشە هەر هەمان زەین دەمێنێتەوە. ئاوەزى ڕەهاى (ئەبسولوتی) خودا جیاوازییەکى توخمیى (زوبستانسیەلی) لە ئاوەزى مرۆڤ نییە، بەڵکو جیاوازییەکەى کردەکییە (ئەکتوێلە). ئەمەش بەواتای: کاتێک دەروونى خودا هەمیشە هەر هۆشى پەتییە، ئەوا دەروونى مرۆڤ دەبێت بە پێچەوانەوە بۆ ئاوەزمەندێتیى خۆى تێبکۆشێت. کاتێک ئاوەزى مرۆڤ خۆى بەکردەکی (ئەکتوالیزە) دەکات، لێرەشەوە توانا بۆ ناسینی ڕێکخراوی گەردوون و بەمەش بۆ ناسینی خودى خۆی وەردەگرێت، ئیدی لەم ڕەوتەدا خۆى لە لێرەبوونە ماتەرییە پەتییەکەى بەر دەدات و دەگات بە ژیانێک لەنێو تێڕامان و داناییدا. لێرەدا پێویستە ڕەچاوی دوو تایبەتمەندی بکەین کە فارابى دەیانخاتە سەر نەخشەى ڕژانەکەی پلۆتین: گەرچی پرۆسەى ڕژان لە هۆش-دەروونى پەتییەوە ڕەوتێکی “بەرەو ژێر”ی هەیە، وەلێ گەر لێرەبوونی ماتەریانە نەبایە، ئەوسا ئەم هۆشە یان ئەم زەینە نەیدەتوانى خۆى بەرجەستە بکات. فارابى لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “لەبارەى زەین” دەبێژێت: “نەشیاوە زەینى چالاک پرنسیپى سەرجەم شتە هەبووەکان بگرێتەوە، چونکە ئەو خۆى بۆ چالاکییەکەى پێویستی بە هەبوونى کەرەسەیەکە، هەروەها پێویستی بە نەبوونی ئاستەنگێکە، کەواتە لەنێو سروشتى ئەودا هێزى کافى نییە کە وا بکات سەرجەمی شتەکان کامیل ببن” (al-Farabi، 1892، 78). لەم ڕوانگەیەوە دەبێت یەکەم بزوێنەر، وەک یەکەم هۆکار، دوو پرنسیپ لەنێو خۆیدا یەک بخات: ئەو نەک تەنیا دەبێت هۆش-دەروون یان زەینى پەتى بێت، بەڵکو هەروەها دەبێت پرنسیپى کەرەسە لە خۆ بگرێت. کەواتە یەکەم هۆکار کە خودایە، تەنیا ئەوەکەیەکی هۆشەکى نییە بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە ماتەرییەوە، واتا بەو ماتەرییەوە کە لاى کندى هێمای خراپە بوو، هێمای نا-هۆشەکێتى بوو.

دووەم تایبەتمەندیى فارابى بریتییە لە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى ئەو بە زەینى ڕەهاوە، یان بە زەینى خوداوە. نەخشەی نوێپلاتۆنیانەى ڕژان هەمیشە وایدادەنا کە ڕژانى “یەک-ی سەرەتایی”، یان ڕژانى خودا، بەرەو پلەکانی ژێرەوە دەڕوات و لە دوایەمین پلەشدا مرۆڤ و زەینى ئەو خۆیان دەبیننەوە. لەم تێڕوانینەوە دەرفەت ڕەخسا بۆ دەرئەنجاماندنی سەروەرى و کامیلێتیى زەینى خودا. وەلێ فارابى ئەم بەڵگەهێنانەوەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پرۆسەى ڕژان کەمبوونەوەى زەین نییە لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکى دی، بەڵکو ئەدگارێکە کە پێگونجاو دراوە بە هەر پلەیەک و هەر فۆرمێکى بوون: “هەبووی بەرجەستەیی لە ئەوەوە ڕێکخستن وەردەگرێت و هەر هەبوویەک، بەگوێرەی پلەکەی، کارایی ڕاستینەى خۆی لە بووندا دەنوێنێت. جگە لەوە ئەو بەدادە و دادپەروەرییەکەشى بەگوێرەی گەوهەری خۆیەتی” (al-Farabi، 1985، 26). هەروەها پێگەی تایبەتی زەینى مرۆڤیش بەو ڕێیەوە ڕووندەبێتەوە کە پرۆسەى ڕژان بە دادپەروەرى و خۆشەویستیى خودا بنیاتنراوە. هەموو مرۆڤێک “لە سروشتەوە، هەر لە سەرەتاوە”، زەینى پێدراوە، زەینیش بەگوێرەی کرۆکى ئامادەیە بۆ “ناسینی ئەدگارانی تایبەتى بابەتەکانی زەین” (das Intelligible)” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 69). وەلێ بابەتەکانی زەین هۆشەکێتیى پەتین، ئەوجا بەو ڕێیەوە کە زەینى مرۆڤ لە توانایدایە یەک-ی سەرەتایی یان خودایەتی بناسێت، ئیدی لە هۆشی پەتیی خودا نزیک دەکەوێتەوە، جا گەرچى بە پێچەوانەی خوداوە ناتوانێت بوون بئافرێنێت. لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک ئەم توانستەى ئاوەزى پێدراوە، بێگومان هێندە نەبێت کە تەنیا فەلسەفە باڵاترین پلەى ڕاستینەى مەئریفەیە. ئەوجا گەر هاتوو فەیلەسوفێک هاوکات پەیامهێن بێت، ئەوسا دەتوانێت مەئریفە فەلسەفەییەکان کە بەڕێى ئاوەزەوە بەدییهێناون، بە توانستى ئەندێشەوە گرێبدات تاکو ئیدی بە لێچواندن و ئانالۆگى و سیمبۆل بەو کەسانەشیان ڕابگەیەنێت کە فەیلەسوف نین. ئەمەش هیچی دیکە نییە جگە لە سروش، ئاخر سروش مەئریفەى ئاوەزە کە ڕەوانبێژیانە بە کەسانی دی گەیەنراوە. فارابى لە “مەدینە“دا دەنووسێت:

گەر زەینى ئافرێنەر لە هەردوو بەشى هێزى هزرینیدا، واتا لە هەردوو بەشى تیۆرى و پراکتیکیدا، ئەوجا پاشان لە هێزى پێشبینییدا، کارایی وەربگرێت، ئەوسا ئەم مرۆڤە کەسێکی سروش وەرگرە، ئەوەش خوداى مەزن و پەروەردگارە کە بە یاریدەی زەینى ئافرێنەر سروشى بۆ دەنێرێت. (…) ئەوسا ئیدی مرۆڤەکە لەو زەینە ناچالاکەوە بە یاریدەی ڕژان دەبێت بە دانایەک، بە فەیلەسوفێک، بە لایەنگرێکى تەکامول، وەلێ مرۆڤەکە هەروەها بەو ئەوەکەیە کە لە ئەوەوە (خوداوە – و) بەسەر هێزى پێشبینیی خۆیدا ڕژاوە، پەیامهێنێکە، بەئاگاهێنێکە سەبارەت بەوە کە لە هاتندایە، هەروەها ڕاگەیەنەرێکە سەبارەت بەوە کە چۆن تاکە شتەکان هەنووکە لەنێو بووندان. بەڵێ مرۆڤەکە لەنێو بوونێکدایە کە دەتوانێت تێیدا خودایەتى بهزرێنێت” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 93).

کەواتە پەیامى خودایانەى سروش بەگوێرەی کرۆکی تەنیا مەئریفەى ئاوەزە کە فەلسەفە پێیدەگات. ئەمەش بەواتای، ئایینى وەک سروش نێرراو هیچى دیکە جگە لە فەلسەفە لە خۆ ناگرێت، وەلێ هێندە نەبێت کە سروش بۆ نا-فەیلەسوفانیش دەرووی گەیشتن بە ئاوەزى پەتى دەکاتەوە. فارابى هاوکات دەبێژێت کە هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان جۆرە جیاوازەکانى مەئریفەى ئاوەز لاى مرۆڤ و فۆرمەکانى زەیندا کە بەڕێى ڕژانى خوداییەوە کاریگەرى لەسەر گەردوون دەنوێنن. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ “گەردوونێکى بچووک”ـە (Marmura) کە تێیدا هارمۆنى و ڕاسیۆنالێتیى گەردوون دیاردەداتەوە.

 

دەوڵەتى ئیدیال و فەیلەسوفەکان

تەواو وەک زەروورەیەکی لۆگیکی دەبێت هارمۆنیى جیهانى ئاوەزمەند هەروەها لە پێکەوەژیانى مرۆڤاندا، کەواتە لە دەوڵەتدا، وێنەبداتەوە. هەر تاکە مرۆڤێک کە خودا ئاوەزی پێداوە، گەرەکە تێبکۆشێت بۆ گەیشتن بە کایەى “هۆشەکێتیى کردەکى (ئەکتوێل)”، واتا بە کایەى ئاوەزى پەتى، چونکە هەروەها کایەى ئازادیى پەتى و خوددیاریکردن و باڵاترین بەختیارى شیاو بەتەواوى لەم کایەیەدایە. ئەمە لە هزرى فارابیدا بۆیە زەروورەیەکی لۆگیکیشە، چونکە ئاوەزى پەتى ئاوەزى خودایە و ئەوجا دەبێت کە چە ئەوەکەیەک لە خودا ئازادتر و بەختیارتر بێت. بێگومان ئاشکرایە مرۆڤان توانستى جیاوازیان لە یەکدی هەیە، بۆیە ئەوە بیرۆکەیەکی ئاوەزی پراکتیکییە کاتێک مرۆڤان خۆیان بە بوونەوەری جڤاکی دادەنێن. فارابى، هاوشێوەى ئەڕیستۆتێلیس، مرۆڤ وەک سۆۆن پۆلیتیکۆن (بوونەوەرى جڤاکی – و) دەبینێت: مرۆڤ بڕیار بۆ جڤاک دەدات، چونکە ئەوە ئاوەزمەندانەیە. هاوکات ئاوەز هەمیشە واتاى مەئریفەى ڕاستى دەگەیەنێت، ئەمەش بۆ فارابى تەنیا دەشێت مەئریفەی ڕێکخراوی بوون بێت. کەواتە ڕێکخراوى “چاک”ى جڤاک ى مرۆڤ لاسایى ڕێکخراوى “چاک”ى گەردوون دەکاتەوە، کەواتە دەوڵەتى ئیدیال (نموونەیى) لاسایى بونیادى گەردوون دەکاتەوە کە بێگومان بونیادێکی هیرارشییانەیە: یەک-ى سەرەتایى، واتا خودایەتى، لە ترۆپکی هیرارشییەکەدایە و تەنیا بە ڕژانى ئەو شیمانەکانى (die Potentiale) تاکە پلەکان دەبن بە کردەکی (ئەکتوالیزە دەبن). فارابى تەواو بەم شێوەیە لە ڕێکخراوى سیاسیى نێو دەوڵەت تێدەگات: لە ترۆپکى دەوڵەتدا پاشا-فەیلەسوفێک خۆى دەبینێتەوە (بە ئەرەبى: ڕەئیس، کەواتە سەرۆکێک، ڕێبەرێک) کە هاوکات پەیامهێنە، چونکە تەنیا بەم شێوەیە گەرەنتى دەدرێت کە سەروەر تەنیا پێڕەوی مەئریفەکانی ئاوەز بکات و بتوانێت ئەم مەئریفانە لە فۆرمێکى ئەوتۆدا ڕابگەیەنێت کە تەنانەت نا-فەیلەسوفانیش لێیان تێبگەن.

کەواتە ئایین و فەلسەفە دژبەرى یەکدى نین، یان ڕاڤەى بەیەک نەسازى (کۆنترێری) جیهان نین، بەڵکو لە کۆتاییدا هەمان مەبەستیان هەیە، بۆیە فارابى دەتوانێت ڕێبەرى دەوڵەت ناو بنێت “فەیلەسوف” و هاوکات “ئیمام”، واتا ڕێبەرێکى ئایینى. سەرباری ئەوە فارابى هیچ گومانێک لەسەر ئەوە ناهێڵێتەوە کە ئایین و پەیامهێنى تەنیا لاساییکردنەوەی مەئریفە فەلسەفەییەکانن، واتا مەئریفە ئاوەزمەندانەکان، بێگومان لاساییەک کە بە شێوازە سیمبۆلییەکانى یان ئاسانکەرەوەکانى داڕشتن ئەنجام دەدرێت. ئەوجا لەبەر ئەوەى شێوازەکانى داڕشتن بە زمانى ڕەوانبێژی دەدرێنەوە و ئەم زمانەش لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکى دیکە جیاوازە، ئیدی ئایینە جیاوازەکانیش سەرهەڵدەدەن. بێگومان لەمەدا نەک ئەوە جێی سەرنجە کە ڕەنگە سەرجەمی ئایینەکان هەمان هزرى کرۆکى لە خۆ بگرن و تەنیا بە سیمبۆلى جیاواز گەیەنرابن، بەڵکو ئەوە جێی سەرنجە کە هەموو ئایینێک تەنیا گۆزارەی سیمبۆلییانەى ڕێکخراوێکى ئاوەزە کە فەلسەفە سەربەخۆ بنیاتی ناوە. کەواتە لای فارابی فەلسەفە پێشتریی لە ڕاستییەکانى ئیمان هەیە، ئەمەش نەک لە مەغزایەکى ناوەرۆکیدا (ئاخر فەلسەفە و ئایین بە هەمان ڕاستییەوە خەریکن)، بەڵکو لە مەغزایەکى ئێپیستێمۆلۆگییانەدا: لەبەر ئەوەى ڕێکخراوى جیهان ئاوەزى پەتییە، ئەوا مەئریفەی گونجاوی جیهان تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە دەشێت. هەر لێرەوە ئەو دەربڕینەش لەبارەى “ڕاستیى جووتەنى” ڕوون دەبێتەوە کە دەدرێتە پاڵ هەندێک بەشى فەلسەفەى ئیسلامى و هەروەها هەندێک بەشى فەلسەفەى چەرخى نێڤینى کریستیانى.

 

لە بنەڕەتدا بە تێگەى “ڕاستیى جووتەنى” جیاوازیى نێوان ڕوانگەى فەلسەفەیى و تیۆلۆگییانە دەردەبڕرێت. ئەوە کە فەلسەفە باوەڕ دەکات وەک “ڕاست” ناسیبێتى، پێدەچێت لە ڕوانگەیەکى تیۆلۆگییەوە هەڵە بێت (و بە پێچەوانەشەوە). وەلێ ئەم تێڕوانینە فارابى و فەیلەسوفە مەزنەکانى کولتوورى ئیسلامى کە پاش ئەو هاتن، ناگرێتەوە: گەرچی هەرگیز ناشێت ڕوانگەى ئیمان و ڕوانگەى فەلسەفە دژبێژیی یەکدی بکەن، سەرباری ئەوە فەلسەفە پێشتریى هەیە، چونکە ئەو ئەرگومێنتانە دەخاتەوە کە شیاوى تێگەیشتنن، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕاستیى ئایینى خۆی لە پشتى شیفرە و سیمبۆلانەوە حەشار دەدات. بۆیە دەبێت سەروەرى دەوڵەتێکى فەزیلەمەند سەرەتا فەیلەسوف بێت تاکو پاشان بتوانێت وەک پەیامهێن ڕاستى بگەیەنێت.

 

 

ڕێبەرى دەوڵەت بە دیدی فارابى سەرجەم فەزیلەکان لە خۆیدا یەکدەخات: فەزیلەی تیۆرییانە کە لە مەئریفەی زانستییانەى جیهاندا خویا دەبێت؛ فەزیلەی هۆشەکى کە دەرفەت دەڕەخسێنێت مەئریفەی زانستى لە کرداردا بەگەڕبخرێت؛ فەزیلەی مۆرالى کە توانا بە ڕەئیس دەدات ژیانى خۆى و تەقەلادانى تەنیا پابەند بە کاتێگۆرییەکانى ئێتیکەوە ئاڕاستە بدات؛ لە کۆتاییدا فەزیلەی پراکتیکى کە نەک تەنیا حوکمڕانییەکەی بەداد و دانا دەکات، بەڵکو هەروەها توانستى بۆ پەروەردەکردنی ئەندامانى دەوڵەت پێدەدات. بێگومان فارابى دەزانێت کە ڕەئیسێکى بەو چەشنە، یان ئیدیالى دانایەک، بەزەحمەت دەبینرێتەوە، بۆیە واى بەچاک دادەنێت کە لە ڕەوشە نادیارەکاندا ڕێبەرایەتیى دەوڵەت بدرێتە دەست ژمارەیەکى فرەى کەسان وەک لەوەی دەسەڵاتدارێکى بێتوانا دابنرێت:

“گەر پیاوێک نەبێت کە تێیدا هەموو ئەم مەرجانە بەدیهاتبن، بەڵکو دوو پیاو هەبن کە یەکێکیان دانا بێت و لە ئەوى دووەمیاندا مەرجەکانى دیکە بەدیهاتبن، ئەوا هەردووکیان ڕێبەرى شارن. وەلێ گەر ئەم مەرجانە تەنیا بەپەرشى لەنێو کۆمەڵەیەکدا ببینرێنەوە، (…)، ئەوا هەموویان پێکەوە چاکترین ڕێبەران پێکدەهێنن” (Al-Farabi 1985, 97)

لێرەدا مەبەستى فارابى بە هیچ شێوەیەک ڕێکخراوێکى دێموکراتى نییە، ئەمەش پەیوەست بە دەوڵەتە نا-فەزیلەمەندەکانەوە ڕووندەکاتەوە و لە نێویاندا بەئاشکرا دەسەڵاتدارییە دێسپۆتى و دێمۆکراتییەکان دادەنێت. لە دەسەڵاتداریی دێسپۆتیدا بەرژەوەندییەکانى تاکە مرۆڤێک چواندنی ڕەهایان هەیە، جا گەرچى ئەو مرۆڤە تەنیا گرنگى بە سوودى تایبەتى خۆى دەدات و نە مەئریفەی فەلسەفەیی و نە بەهرەى پەیامهێنییانەى هەیە. بە پێچەوانەشەوە دانیشتوان لە دێمۆکراتیدا تەنیا بۆ ئازادى تێدەکۆشن، ئەوە بە چەشنێک “کە ئیدی هەر یەکێک ئەوە ئەنجام دەدات کە خۆى دەیەوێت” (هەمان سەرچاوە، 99)، بەمەش مانەوەى جڤاک دەخاتە مەترسییەوە. وەلێ دەسەڵاتداریى پەیامهێنانى ناڕاستینە، بەسەهوودانانی سوودى ماتەریانە بە فەزیلە، یان بەرپاکاریى جەنگ و دەردى ناوبانگ، نموونەن بۆ “دەوڵەتانى گەمژەیى و بەدکاری”. ئەوجا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێڕوانینی دەوڵەت لای فارابى جیاوازە لە تێڕوانینی فەیلەسوفانی پێشەنگی ئەنتیکەش. بۆ نموونە پلاتۆن پۆڵیسى گریکیى وەک زەمینەى ئیدێى دەوڵەت دانابوو، کەواتە هەمیشە لە مۆدێلى شارەدەوڵەتێکى بەئاشکرا سنووردارکراوەوە دەردەچوو. بێگومان فارابیش لە “مەدینە” دەدوێت کە وشە ئەرەبییەکەى شارە، وەلێ ئەو لە یەکگرتنى کۆی شارەکان بۆ سەرجەمێک دەهزرێت. تەنیا کاتێک دانیشتوان دەتوانن بە کامیلێتى بگەن، گەر “ژمارەیەکى زۆرى کۆمەڵان” یەکبگرن کە لە سەرئەنجامدا ئوممەیەک وەک “کۆمەڵەى فەزیلەمەند” سەرهەڵدەدات (هەمان سەرچاوە، 54). ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەمە گەڕانەوە بێت بۆ ئیدیالەکانى سەردەمى سەرەتاى ئیسلام و بەمەش بۆ هێزى پێوارەیی ئایین، وەلێ دەتوانین پتر وەک پەرچەکردار لەسەر تەنگژەى جیهانى ئیسلامى ڕاڤەی بکەین کە لە سەردەمى فارابیدا قووڵ بووبۆوە. داوەشانى مەزنە دەوڵەت بۆ کەرتە دەوڵەتانى جەنگگێڕ لە دژى یەکدى، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو تێزە دەردەکەوت کە دەبێژێت، جڤاکێکى فەزیلەمەند تەنیا لەنێو پەیوەندییەکى فراوانتردا شیاوى بەدیهێنانە. ئەوجا گەر بۆ پاڵ ئەمە ئاوەزگەراییە توند جەختلێکراوەکەی فارابى بەهەند وەربگرین، ئەوسا ناشێت تێگەى “ئوممەت ئەلفازیلە” هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی ئیمانداران” دابنرێت، بە پێچەوانەوە دەشێت هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی” دەوڵەتى فەیلەسوفان بێت. وەلێ فارابى، بە پێچەوانەى پلاتۆن، گەرەنتیى مانەوەی ئەم کۆمەڵە فەزیلەمەندە تەنیا لە هاوکاریى نێویەکییانەى هەموواندا دەبینێت کە پێکڕا بەگوێرەی فەزیلە کردار دەنوێنن، کەواتە لە کۆتاییدا لەنێو دەوڵەتێکى گشتگیری جیهانیدا دەیبینێت.

 

مێژووى کاریگەریى ئیدیالى فارابییانەى دەوڵەت

جێی سەرنجە کە کاریگەریی فارابى کەمتر لە تیۆرییە سیاسییەکەیدا بوو، بەڵکو پتر لە پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک / کۆسمۆلۆگى و پراکسیسى ژیاندا بوو. ئەو کامیلبوونى هۆشەکییانەی بە ئامانجى کۆششى مرۆڤ دانا و هاوکات زەینى چالاکى ڕێکخراوى کۆسمۆلۆگییانەى لکاند بە جیهانى ماتەرییەوە، بەمەش شتێکى زیندوو و واتامەندى بە نەخشەی ئەبستراکتى ڕژان بەخشى. گەر دەوڵەتێک بتوانێت هێندە چاک بێت و بەو ڕێیەوە دەرفەت بۆ هاوڵاتیانى بڕەخسێت کە کارایی لە هۆشاندنى لێرەبوونی خۆیاندا وەربگرن، ئەوسا تێکۆشین بۆ دانایى تەنیا بریسکانەوەی ڕێکخراوى گەردوونییانەى خودا نابێت، ئەوسا تەنیا کامیلکردنى مۆرالییانەى هەر تاکەکەسێک نابێت، بەڵکو هەروەها بریتیش دەبێت لە چاککردنى ژینجیهان. فارابى لە “مەدینە” و “سیاسەت“دا خۆى هەروەها بۆ تێڕوانینى ئێشاتۆلۆگییانەى کۆنسێپتەکەی لەمەڕ دەوڵەت تەرخان دەکات. گەر پرسەکە بریتی بێت لە “دوایەمین شتەکان”، لە ئامانج و مەبەستى ژیانى مرۆڤ، ئەوسا ئەو مرۆڤە کە لە دەوڵەتێکى فەزیلەمەنددا دەژی، دەرفەتی هەیە خۆی هێندە بهۆشێنێت و لێرەبوونێکى ئەوتۆی مۆرالى بەڕێوەبەرێت، کە ئیدی دەروونى دوای مردنی لە لەشی جیادەبێتەوە تاکو لە بەختیارییەکى هۆشەکییانەى ئەبەدیدا بژی. وەلێ هاوڵاتیانى دەوڵەتێکى نامۆرالى ئەم هەلەیان بۆ ناڕەخسێت، بەڵکو پاش مەرگیان بە نەفرەتى ژانى ئەبەدی دەبن. بێگومان لەو دەوڵەتانەدا کە نەزانى سەروەرە، ناشێت هاوڵاتیانیان لە شکستیان بەرپرسیار بکرێن، چونکە ئەوان تەنیا کەرتێکى پرۆسەى ئەزەلییانەى سەرهەڵدان و لەناوچوونن، یان دەشێت بە بەختیاری بگەن گەر هاتوو خۆزگەى لێرەبوونێکى مۆرالییان هەبێت، سەرباری ئەوە بۆیان نالوێت ئەم لێرەبوونە لەژێر مەرجەکانى دەوڵەتەکەیاندا بژێنن. ئەم جۆرە بیرۆکانەن لە پابەندییاندا بە کۆسمۆلۆگییەکەى فارابییەوە کە دیسانەوە کاریگەرى لەسەر دێباتە نێوخۆیى-ئیسلامییەکان دەنوێنن.

 

دابەشبوونى ئیسلام بەسەر زۆرینەیەکى سوننى و کەمینەیەکى شیئیدا پێش سەردەمى فارابی ڕوویدابوو. جگە لەوە لەنێو ئەم دوو گرووپەشدا کەرتەگرووپى دى هاتنە ئاراوە، بەتایبەتى لەنێو شیئەکاندا. ئیسمائیلییەکان یەکێک بوون لەم کەرتەگرووپانەى نێو شیئیزم کە بەتایبەتى پەیوەندییان بە دەوڵەتى فاتیمییەکانەوە لە تونس هەبوو و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەشدا سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم لە میسر و سوریا بۆ ماوەیەک باڵادەست بوون.

 

 

وا دادەنرێت سەیف ئەلدەولە کە پشتیوانى فارابى بوو، لایەنگرى شیئیزمى ئیسمائیلی بووبێت و هەر لێرەشەوە کاریگەرى لەسەر فەلسەفەکەى چێبووبێت. وەلێ ئەوەى ڕاستی بێت زۆرینەى نووسینەکانى لە کاتى ژیانیدا لە بەغداد سەریانهەڵدا، بۆیە کاریگەرییەکە بە پێچەوانەوە بوو: ئیسمائیلییەکان توخمى کۆسمۆلۆگی و ئێشاتۆلۆگییەکەى فارابییان وەرگرت، ئەوەش سەرئەنجامێکى ئاسایی بوو، چونکە شیئیزم بەگشتى و ئیسمائیلییەکان بەتایبەتى وایان دادەنا کە پێشبینییەکانیان سەبارەت بە خەڵاس و کامیلبوون ئامانجى خودی ڕێکخراوى گەردوونن. هەر لەم پەیوەندییەدا زۆر جار ئاماژە بۆ نزیکیی نێوان ئیسلامى شیئی و ئایینى کریستیانی دراوە، وەلێ هەروەها لایەنى کەم پەیوەندییەکیش بە پێشبینییە گنۆستیکى و نوێپلاتۆنییەکانى دەمەو کۆتایى ئەنتیکەوە گرنگە. ئیسمائیلییەکان لەو بڕوایەدا لەتەک فەیلەسوفانی نوێپلاتۆنیدا یەک دەگرنەوە، کە ئەوانیش خەڵاسى مرۆڤان بەند دەکەن بە کامیلبوونیانەوە، هێندە نەبێت کە ئاوەزى مرۆڤیان وەک سنووردار دەبینى، بۆیە دەیان گۆت مرۆڤان پێویستیان بە ڕێبەرایەتیى پەیامهێنێک یان ئیمامێکە. سەربارى ئەوە هزرڤانانى ئیسمائیلى هەوڵیان دەدا ئاوەزمەندانە لە ڕێکخراوى گەردوون تێبگەن، لەم پەیوەندییەشدا گەرەکە یەکگرتنەوەیەکى سووڕهێنەر لەتەک نەخشەی ڕژاندا دەربخەین: ئیسمائیلییەکان پێڕەوی کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنییان دەکرد، بۆ نموونە لەو شێوەیەیدا کە لاى فارابى داڕێژراوە. “پردى نێوان فەلسەفە و ئایین” (HI, 226) کە بەم نەخشەیە ڕادەکێشرێت، پێگەى ئیمام و هەروەها ئیماندارانیش دەگرێتەوە. پێگەى ئیمام گەیاندنێکە لە نێوان: یەکەم زەین کە پەیامهێنە، و مرۆڤان کە وەک بوونەوەرى دەرووندار سەر بە ئاستى باڵاترى هۆشەکییانەى پەتین، وەلێ هاوکات تووشی جیهانى ناپاکژی سەرهەڵدان و لەناوچوون بوون. گەر مرۆڤ خۆى بەڕێى داناییەوە لە جیهانى ماتەری بەربدات، ئیدی بە دۆخى بەختەوەریى ئەبەدى شاد دەبێت. بێگومان ئێشاتۆلۆگیی ئیسمائیلی، بە پێچەوانەی قورئان و حەدیسەوە کە تەواو ڕەنگین و پڕژین وەسفی بەهەشت دەکەن، تەنیا سیمبۆلیانە، واتا وەک پرۆسەى هۆشاندن، لە بەهەشت تێدەگەیشت.

 

ئیخوان ئەلسەفای بەسڕە

هۆشاندن تەواو پراکتیکییانە واتای وەرگرتنی زانینیش دەگەیەنێت، وەک سەرئەنجامی ئەمەش “سێکتە” شیئییەکان بەرانبەر فەلسەفە و زانستەکان زۆر کراوەتر بوون لە ئولەما: لە زانایانی سوننەمەزەبی ئایین. تێکەڵبوونی فەلسەفەی نوێپلاتۆنی و ئەنتیکە و زانستە سروشتییەکان بە پێشبینییە ئایینی و ئێشاتۆلۆگییەکان ئەدگارێکی تایبەتی کولتووری شیئی-ئیسلامییە لەم سەردەمەدا. ئەمە بە نموونەی فێنۆمێنی “برایانی بێگەردی بەسرە” (ئیخوان ئەلسەفا) ڕووندەبێتەوە کە کۆمەڵەیەکی فەیلەسوفان و زانایانی سروشتی بوون. هاوکارانی ئەم کۆمەڵەیە دەمەو کۆتایی سەدەی دەیەمی زایینی لە شاری بەسرەی باشووری ئێراق دەژیان و پێدەچێت پێکرا پێڕەوی بیروباوەڕی ئیسمائیلییان کردبێت. نووسینە بەناوبانگەکەیان بە ناونیشانی “ڕەسائیل” داڕشتنێکی سەرنجڕاکێشی فەلسەفە (پێکەوە لەتەک لۆگیک و ئێتیکدا)، ماتماتیک و فیزیک، گەردوونناسی و تیۆریی زەین، لە خۆ دەگرێت. سەرجەمی ئەم بوارانە تێکەڵ دەبن بە ناوەرۆکە غەیبییەکانی (ئێسۆتێرییەکانی) ئەلخێمی، ئەسترۆلۆگی و ئەفسونگەری، ئەوجا هەروەها داڕشتنی ڕێبازی شیئییانەی (ئیسمائیلییانەی) ئیمامەت و ئێشاتۆلۆگی دێتە پاڵیان. ڕەنگە ئامانجی ئەوان کەمتر داڕشتنێکی ئێنسیکلۆپێدییانەی زانین بووبێت، چونکە داڕشتنی مەئریفە زانستییەکان لە زۆر بەشیدا رواڵەتییە و بە بیرۆکەی غەیبانی شێوێنراوە، نەخێر، پتر پێدەچێت ئامانجی ئیخوان بریتی بووبێت لە گەیاندنی پراکتیکییانەی پێشبینیی فارابییانە و نوێپلاتۆنیانە، لێرەشدا بێگومان ڕێگەی ڕووەو خەڵاس بەسەر مەئریفە و تێڕوانینی فەلسەفەییدا تێدەپەڕێت. کەواتە مەسەلەی ئەوان داڕشتنی دانایی بوو، وەلێ دانایی نەک وەک مەبەستێکی پێشتریپێدراو، بەڵکو وەک ڕێبەرییەک بۆ گەیشتن بە بەختەوەری و هەروەها بۆ گەیاندنی ڕێگەیەکی خەڵاس. ئەوجا پێشبینییەکی بڵاوی نێو ئیسمائیلییەکانیش سەر بەم مەسەلەیە بوو کە وای دادەنا، ئایینی پۆزەتیڤ بە ئیسلامیشەوە تەنیا خاوەنی ڕاستییەکی ڕێژەییە. تەنیا کاتێک مرۆڤ ناوکی قووڵتری ئەم ڕاستییە دەناسێت، گەر ئەو بە لێرەبوونێکی هۆشەکی بگات، بەمەش خۆی لە سەرجەم زەبر و فریودانەکانی ژیانی ماتەریەل بەربدات. لەم ڕوانگەیەوە نووسینی “ڕەسائیل” کەمتر نیشانەی هەڵوێستێکی تایبەتی ئیسمائیلی بوو، بەڵکو پتر هێڵێکی ترادیسیۆنی بوو کە لەکاتی ئەنتیکەوە بڕوای ئێشاتۆلۆگیانەی خەڵاسی بە پێشبینییە فەلسەفەیی و گەردوونناسیەکانەوە گرێ دەدا. باوەجو لەنێو بازنەی ئەم پێشبینییانەوە هەروەها “سێکتە” ئیسلامییەکانی زەیدییە شیئی و دروز و ئەلەوییەکان سەریانهەڵدا.

 

ئیبن سینا (ئاڤیسێنا)

سەرچاوە:

Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

 

گلۆساری وەرگێڕ

ئایینی پۆزەتیڤ (religio positiva): تێگەیشتنە لە ئایین وەک سروش و دامەزراوە، بە پێچەوانەی “ئایینی سروشتی” یان “ئایینی ئاوەز”ەوە وەک جیهانبینی کە سەربەخۆیە لە ئایینە ناونراو بە ئاسمانییەکان و دەشێت ببێت بە فۆرمی ژیانی تاکەکەسێک.

ئێشاتۆلۆگی: وشەیەکی گریکییە، بەواتای: پاشەڕۆژناسی کە بەندە بە ڕۆژی قیامەتەوە.

ئیسمائیلییەکان: (ئەلئیسمائیلییە)، شیئەی حەوت ئیمام، بە پێچەوانەی شیئەی دوازدە ئیمامەوە، کە وا باوەڕ دەکات گۆیا ئیسمائیل کە پێش جەئفەر ئەلسادیقی باوکی مرد، حەوتەمین ئیمامە، نەک موسا ئەلکازم کە دووەم کوڕی ئەلسادیق بوو.

گنۆستیک، زانینومای ئەو جەرەیانە هزری-ئایینییەی سەرەتای کریستیانەتی بوو کە جیهانی سەرمەدیی لە تێڕوانینی خوداوە ئەزموون دەکرد.

ئەلخێمی: خیمییا وشەیەکی گریکییە کە پاشان چووە نێو زمانی ئەرەبییەوە. ئەلخێمی لکێکی فەلسەفەی سروشت و دەرمانسازی بوو کە سەدەی حەڤدەیەم لە کیمیای مۆدێرن جیاکرایەوە، شێوازێکی هزرین بوو سەبارەت بە کارایی جیهان، ئامانجیشی ئەوە بوو کە کەرەسەکان لە یەکدی جیابکاتەوە یان گۆڕانیان بەسەردا بهێنێت، بۆ نموونە قوڕقوشم یان مێتالی دیکەی کەم بەها وەربگۆڕێت بۆ ئاڵتون.

ئەسترۆلۆگی: ڕێبازی ڕاڤەکردنی ڕووداوە زەمینییەکان بەگوێرەی هەڵکەوتەی ئەستێرەکان و ڕووداوەکانی نێویان.

زەیدییەکان (ئەلزەیدییە): باڵێکی شیئی بوون و خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ زەیدی کوڕی ئەلی، کە نەوەی حسێنی کوڕی ئەلیی ئەبی تاڵیب بوو. زەید، بەگوێرەی گێڕانەوەکان، ساڵی 740 لە دەسەڵاتداریی ئەمەوییەکان یاخی بوو و تێیدا خۆیشی کوژرا.

زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.

ئەڕیستۆتێلیس سەرجەم جیهان و کەرتەکانی وەک زوبستانس (گەوهەر) دەبینێت، وەلێ جیاوازی دەکات لە نێوان یەکەم و دووەم گەوهەردا. یەکەم گەوهەر لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، وەلێ دووەم گەوهەر گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / کرۆک / فۆرم کە ئامانجی توێژینەوەی زانستییە، لە لێرەبوونی تاکە شتەکاندا دەردەکەوێت، ئاخر لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەشدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.

سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش (دەروون) دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە کە بریتییە لە پێشبینییەکی سێنسی و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى سێنسى”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادەوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە سێنسییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە و تەنانەت تەواو لە خودى تێگەى گشتێتى نزیک دەکەوێتەوە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی سێنسییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. بێگومان کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە کە ئاوەزی پەتی (نووس) دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات)، ئاوەزیش هەمیشە لە خۆیەوە چالاک دەبێت، جا گەرچی بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاوەزی پەتى کە تێگەکان چێدەکات، خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و لەنێو خۆیەوە بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە کرۆکی تێگەیى دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەڕیستۆتێلیس زەینی چالاک بە ئەزەلى و نەمر دادەنێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: