مشتومڕی من و مادام دانیل ستیل و مادام نایا ماری ئایت

381
0
بڵاوکردنەوە:

کورتە حەکایەتێکی شاعیرانە 

نووسینی: ئەرسەلان چەڵەبی

 

یەکەم:

بەر لەوەی بیناسم نەمدەزانی لە کوێوە دێت. هیچ ئادرەسێکیم نەبوو. تەنیا وشە بوو دەهات و دەچوو. ژنێکی کاڵ و کرچی لەبەردڵان و نەرمونیان. لە قسان بە سەر هەورانەوە ڕێبوار بوو. دەگەیشتە هەر شار و گوندێک چرایەکی دادەگیرساند و لەپاشان بە هەڵکراوی جێی دەهێشت. چی شەقام و شار و ماڵ نەمابوو نەیناسێ. دەگەیشتە سەر سەربانی هەر بنەماڵەیەک ئاوەدانی دەکردەوە. شەم بوو. ڕووناکی بوو. ئەوەی تیشکی دەناسی ئەویشی دەناسی. چشتێکی گەلێک سەیر بوو. زۆر جاران دەبوو بە کەوچک، هەندێک جار بە دەوری، جار جارەش بە چنگاڵ، یان قۆری نیویۆرکی. هەرچی بوو گەلێک بە ڕۆحی من ئاشنا بوو.

 

ئاخ ڕۆحی منی من! با نەیەمە سەر ڕۆحی من! ڕۆحی من کولەکەیەکی زەردە، نە ڕزیوە، نە گەییوە. نە لێکراوەتەوە و نە هەڵواسراوە، ئاخ ڕۆحی من لە کوێ سەرگەردانی؟ نە بە سەر هەورانەوەی، نە بە سەر سەربانان! نە لە ناو هیچ ماڵێک میوان، نە لە شەقامێک خەوتوو، نە کۆڵانێک لە باخەڵت دا، نە قاناوێک لە بەری دەستەکانتدا. ئاخ ئاخ ئاخ ڕۆحی بزری من؟ لە کوێ ون بووی؟ لە کام مزگەوت بانگەوازت بۆ بکەم؟ لە کام کەنیسە زەنگۆڵەکانت لۆ وەدەنگ بێنم؟ لە کام کێو فوو بکەم بە کلاڕنێتی سەر چۆمی وێنیز، ئەوێدەم کە بە سەر بەلەمێکەوە، ڕاوەستاو، قیت و قۆز، وریا و وشیار، ئەغیار یا مەست و سەرخۆش، بە هەر بارێکدا ئەی ڕۆحی من بیخوێنەوە یەکەم بەش لە حەکایەتی نوێی من!

 

دووهەم:

با ڕۆحم جێ بێڵم و بێمەوە سەر جەستەم، بۆ سەر سەری قامکەکانم. مەبەستم دوو لە قامکەکانمە، یەکی لای ڕاست و ئەوی دی لای چەپ، موسوڵمانگەل پێی ئێژن قامکی شادە و ئیمان. لێ با من ئیمان بێنم بە وشە، بە قەڵەم. بە هەرچی لاپەڕەی سپییە. بفڕێ بە شوێنتدا شارە و شار. لە گوندیش، هەڵبەت ئێوارەیە. ئەو کاتەی کە پایزە، هێمنی موکریانی ببینم. کە چاوی لە ژێڵارا هاتووە ژ بۆ پەریزادەیەکی موکریانی. فرمێسک بە چاویەوە قەتیس. ڕاماوە لە جادەکەی خوارەوە گوند. پرسیار پرسیار پرسیار پرسیار پرسیار لەکدا لەکدا و پەیتا پەیتا بەرۆکی گرتووە و لە ناو ڕۆحی شەکەت و ماندوویدا دەزیڕێنێ:

“بەو ئێوارەی پایزە کەسێک هەیە پێبکەنێ؟”

بەڵێ هەن و یەگجار زۆر، وەهای گوت هەر خۆی. بازرگانانی فرمێسک و خوێن. وەهای گوت هەر خۆی.

 

با دۆلار و یۆرۆ، با کڕۆن و دوبل، با لیر و تمەن، با چی پووڵی چرووکە، ئاسنە یا دار، کاغەزە یا ئاڵوگۆڕی شت و مەک، یانەکوو قەرزێکی بێ‌کۆتایی، یا کۆتایی بێت، یا نەبێت، بەر هەر بارێکدا با بمرێ و بتۆپێ سنوور. سنوور سنوور سنوور سنوور!

سنوور لە کوێ بێت من لەوێم. لەوێ دەخۆمەوە قاوەیەک. سیگارێک دادەگیرسێنم. چی سیمی خاردارە دەیبەزێنم. مەیدانی مین، مەیدانی مین دەبەمەوە سەر کەنارەکانی نۆڕماندی. لەوێوە دەگەڕیمەوە بەرەو خوار، هەتا ماڕسێی ڕاناوەستم. بەرەو بارسێلۆنا. بەرەو خوار و بەرەو خوار. تا دەگەمە سەر پردەکەی جاران.

ئاخ جاران، نا ساڵان، ئەوێ شەوێ کوڕێکی چڵکن و بۆر بە شەودا بە سەر پردێکدا خەو دەیبردەوە و کچێکیش خۆی دەشوشت و جار جارەش توونێلەکانی مێترۆکانی دەبەزاند.

 

سێهەم:

شانەیەکی بە دەستەوە بوو و قژی دادێنا. بە سەر باڵکۆنی هۆتێلێک لە پاریس چاوەڕوان بوو قاوەکەی تۆسقاڵێ سارد بێتەوە. ڕووی لە ئاسمان کرد و گوتی: ” کەشی ئەوڕۆ گەلێک خۆشە.”

چۆلەکەیەک بە تەنیشتییەوە نیشتەوە و هەڵیدایە: ” ئەوە بە ڕاستە؟ کچێ تاوێکی تر دەبێتە با و بۆران.”

کل و کلدانەکەی دەرێنا و شانەکەی خستەوە ناو جانتاکەی و لە وەڵامدا گوتی: “تۆ چ چۆلەکە بەڕەڵڵایەکی لەولاڕا بە بێ سڵاو و مەرحەبایی هاتوویە سەر باڵکۆنەکەی من.”

چۆلەکەکە چووە سەر شانی و گوتی: “من ناوم چێرگە. تۆ ناوت چییە؟”

” دە بەخواد ئەمنیش ناوم چێرگە، دەک بەزیاد بێ لەو بەشە.”

“دەی کەواتە تۆ چێرگی بەشەرانی و منیش چێرگی پەلەوەران” چۆلەکە وەهای گوت و هەڵفڕێ. هەور وردە وردە ئاسمانی داگرتبوو. مادام چێرگ قاوەکەی نیوە کرد و سیگارەی بە نیوەیی کووژاندەوە و ڕۆشتەوە ژوورەکەی و پەنجەرەکەی قفڵ و گاڵە دا و کاغەز و قەڵەمی لێ دەرێنا و ڕووی لە من کرد و گوتی:

“ئەوڕۆ وێدەچێ ببێتە هەور و هەڵا و باران، ناچمە دەرێ.”

 

*سیگارەکەم بە دەستەوە بوو، پەنجەرەی چێشتخانەکەم کرابوویەوە، کاتژمێر یەک و یەک دەقەی نیوەی شەوە. هەشتی ئاگۆستی ٢٠٢٢، شەو لە نیوەی شەوی دابوو، هیوامە سبەی هەوا خۆش بێت.*

 

چوارەم:

خۆشم دەوێی

دڵی من چییە؟ لەتە گۆشتێکە!

پڕ لە ورکە بەرد

ناڵە ناڵیان تەوژمێکە بێ هۆ

دەمێک بایە

دەمێک بەفر

لە زستانێکی ساردا بەستەڵەک

بە ژێر پێی ڕێبوارانەوە دەتوایەوە

قەندیل دەبوون و دەکەوتنە خوار

بە ژێر گوێسوانی سەربانانەوە

خوایە بیکەی بە هەور، ئاسمان ساو نەبێ

ئاسمانی ساوی پاش بەفرێ هەواڵی سەرمایەکی سەقەتی بۆ باخەڵم پێیە

ئەو کاتەی ڕۆژنامەیەک شک نابەم

یان کتێبێکی شیعر

کە بیخوێنمەوە

نەکا لە تیمارستانێک لە باوەشی کەوشەکانمدا بگریم

یان مانگ سیگارێکم نەداتێ

یان خۆر لێم زویر بێت!

 

خوایە داکەی بارانێ

بیدەی لە زەوی و زارێ

بڕوێ، شین بێ، شینی شین گشت وڵاتێک

شینی شین بووی ئەی شینی من

دەرگاکان شین

پەنجەرەکان شین

گشت ماڵێک ئاواڵە بوو

قاقای بزە خۆی داویشتە ناو چاوەکانمەوە

 

ئاخ ئاخ ئاخ ئاخ ئاخ چاوەکانم

چاوەکانم!

 

با بێمەوە سەر چاوەکانم. بە تەنیا یان لەگەڵ چاویلکەکانم؟ بە هەر بارێکدا ڕاکشاوە بە سەر ئیسفاڵتی شەقامێک کە ماشێن دەهاتن و دەچوون. چاویان دادەگرت، چاوە چاویان بوو. دەمێک پێدەکەنین، دەمێک دەگریان، دەمێکیش دادەبەزین. دەبوونە ڕێبواری نیگاکانم. ئاخ نیگاکانم، جێگەی کۆمەڵە پیتێکی سەرخۆش، هەر ئێستا لانکە لانکیانە و گەلێک ئاشنایە بە زبڵدانەکان. یان کیوسکی تەلێفوونەکان. یان لە بەر دەرکەی سینەمایەک. کە چاوەڕوانە بۆ بلیتێکی نیوەمردوو، تا خۆی ڕزگار کاتە ناو ساڵۆنی چاوەڕوانی. لە پۆستێرەکان ڕابمێنێ و لە کونی دەزگیرە شکاوەکانەوە بڕوانێتە ئەو پیاوەی چاوی دەرپەڕیون و ئەو پیاوەی گۆشەی چاوەکانی خەت خەتی بوون. خاڵێک بە سەر ڕوومەتییەوە دەشەکاوە وەک ئاڵای جیهان، ژنێک لە ناوەندیانا قژی کاڵ بوو. شەڕ بوو. شەڕ بوو، شەڕ بوو، شەڕ بوو، شەڕ بوو.

شەڕ رۆحی منی بزر کرد، شەڕ جەستەی منی لەتوکوت کرد.

 

 

پێنجەم:

ئەو دەمەی شەڕ بوو خۆر پرچی خۆی دەڕنی. مانگ بە تەنیشت ئەستێرەکانەوە لە من ڕامابوو. جووتێک گوارەی زێڕینی بە گوێوە دەزرینگایەوە. ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو و بە تاقی ئاسمانەوە خەریک بوو دەکەوتە خوار. دەستێک لە قووڵایی شەوەوە بەربینگی گرت و گوتی:

 

“تکایە مەڕۆ.”

 

مانگ بێدەنگی دایگرت و جووڵەی نەکرد. ڕەنگی لە زەردەوە گەڕایەوە بۆ سپی. هەر ئەوێ دەم زۆری نەخایاند ئاسمانیش بەرەو سپی چوو. باڵندەکان بە کۆ فڕین و گەینە شارێکی سەوز، زۆر شت سەوز بوو دارەکان نەبێ. دارەکان خوێنیان لەبەر دەڕۆیشت. گوڵەکان ڕەش هەڵگەڕابوون. دەریا نارنجی بوو. بەندەنەکان عەترەنگی و بنمیچی ماڵەکانیش ڕەنگێک لە توێخی تەنیایی.

 

هەر لەو بەرەبەیانییەدا مادام چێرگ ڕاست بوویەوە و یەکسەر بەرەو توالێت چوو. ددانەکانی شوشت و پەنجەرەی ژوورەکەی کردەوە.

 

بەهار بوو، چ بەهارێک، تەنیا شتێک کە سەوز مابوویەوە بەری دەستەکانم بوون. قامکەکانم، نینۆکەکانم، لەگەڵ ئاونگی ڕوومەتم کە لە بەرەبەیانییەکی ترسەنۆکدا سەوز دیار بوو، ماندوو بوو، شەکەت بوو. پشووی نەدەهاتە بەر. بەرە قاچانم سەوز و جادە سەوز و تابڵۆ سەوز و گشت ئەو باڵندانەی لە گەرمێنەوە دەهاتنەوە باڵیان سەوز. یەکیان ناوی “لەیدی بێرد” بوو.

 

شەشم:

مادام چێرگ سەر لە نیوەڕۆیەک لە باغی لوکزامبورگ خەریکی پێیاسە بوو. کۆمەڵێک پەپوولە بە دەورییەوە دەفڕین و پاش تاوێک هەر کامەی چوونە سەر گوڵێک نیشتنەوە. لە دوورەوە مادامیان باوەشێن دەکرد. نیوەڕۆیەکی گەرم بوو. هەر دارێک سێبەرێکی نەرم و نیان بوو لە بۆ مادامی. کوڵاوێکی سووری بە سەرەوە بوو لەگەڵ کراسێکی مۆری درێژ کە لیپاولیپ بوو لە گوڵەبەڕۆژە. لە بن نسێی دارێک دانیشت و جانتاکەی دانایە سەر کۆشی. قژەکانی نەختێ لوول بوو، چەند تاڵێ بە کۆ بە لا جانگی هەر دوو لای شۆڕ ببوونەوە بەرەو خوار. ئارەقەی ناوچاوانی چەند دڵۆپێکی ورد بوو. قوڵکی بەر گەردنی خۆی تەیار کردبوو.

پەپوولە‌گەل دیسان لێی کۆ ببوونەوە و بە باڵیان باوەشێنی ڕوخساریان دەکرد.

مادام هەڵیدایە:

“چما لێم کۆ وەبوون پەپوولەگەل؟”

لە ناکاوێکی چۆلەکەچێرگی سەر باڵکۆنەکە بە باڵەفڕکە گەیشتە لای و گوتی:

“دەک بێ قەزا بی، ئەو بەدبەختانە لە بۆ تۆ قوونی باڵی خۆیان دڕاندووە، چاوت لە قوڵکی بەر گەرنت نییە وەک گۆمەشینی لای سەردەشت و ڕەبەتی لێ هاتووە؟”

مادام چێرگ بە شاڵە سوورەکەی دەوری ملی لاجانگ و ناوچاوانی سڕی و گوتی:

“گەرماکەی چ نییە، ئەوەتا تا بەر چۆمەکەی سێن دەچم مەلەیەک دەکەم فێنک دەبمەوە، پشتم دێشێ پشتم!”

 

حەوتەم:

لێرەوە لە من ڕا دیاری ڕووت و قووت لە چۆمەکەی سێن خەریکی مەلە دەکەی، لا سمت و لاڕانانت دەرخستووە و مێشێکیشت میوان نییە، ئەمنیشت ناردە سەر چۆمەکەی کەڵوێ، شەپۆلێک خۆی پێدادام و هەتا گۆمەشین ڕایدام. گێژ و وێژ ببووم و دەخولامەوە لە ناو تەوژمی ئاودا، تا دەهات زۆرتر ڕۆی دێڵام. جەستەم نوقم بوو و خەیاڵم بە ناو ناوگەڵت دا سەری دەرهێنایەوە. دەستێکت گرتم و هێناتمەوە سەر. یەکسەر بورجەکەی ئیڤلم لێ وەدەرکەوت و گوتم:

 

“ئۆخەیش، خۆ ئەوە خەون بوو.”

 

هەشتەم:

بە ڕێگاوە هەر گووی سەگ بوو لە سەر چیمەنان پاڵی دابوویەوە. جەستەم ساڵگەلێکی زۆر بوو لە سەردەشت ڕزیبوو و ئێسک و پرووسکیشم کرمێ ببوون، لێ خەیاڵم لە سەر لووتکەی ئیڤلەوە لە پاریسی دەڕوانی.

 

تەنیشت ڕووباری سێن لیپاولیپ بوو لە کچ و کتێب. بەلەم لە هاتوچۆدابوون و بۆنی بسکی لوول و کاڵ خۆی گەیاندبوویە ناو کونە لووتانم، لەوێڕا زەفەری بردبوویە ناو دڵم و هەتا دوبلین ڕاوەنەستابوو!

 

ئاخ دڵم! لیپاولیپە لە لێو، چەنەگە، ڕوومەت، گەرنێکی سپی و سۆڵ و دوو مەمکی وەک کۆتر کە گۆرانیان دەچڕی؛ ڕیزێک ددانی سپی کە سەنگەر بوون بۆ شیعرەکانم، شیعرەکانم پاڵیان دابوویەوە، پشتیان گەرم بوو بە ناوک و لاسمت و لاڕانی مادام چێرگ کە لە ناو ڕووباری پڕ لە شەڕابی سێن بە سەر پشتەوە وەک ماسییەکی لووس و لەبار ڕادەخوشی.

شیعرەکانم پاڵیان وە پشت ڕیزێک ددانی سپییەوە نابوو کە مەودایان لە دوژمن بریبوو، شیعرەکانم چەک و چۆڵیان فڕێ هەڵدابوو، لە قسان شەڕ وشکەگێ کرابوو!

 

نۆهەم:

سڵاو، وشەکانم بۆنی تۆ دەدەن. نوختەکان ئازادن بەرەو هەر جێگەیەک بچن. ڕستەکان بوێرن، پاڕاگڕاف لە پشت پاڕاگڕاف قەتارەیان بەستووە. ڕیز بەرەو هەر جێگەیەک بیانەوێ دەڕۆن. وشەکانت لەگەڵمن، ڕستەکانت لە جانتاکەمدایە. نوختەکانت لە گیرفانم. پاڕگڕاف بە شوێن پاڕاگڕاف لە من بە تەنێ!

 

سڵاو، وشەکانت لە سەر شانمن، هەڵدەفڕن، بەندەناو و بەندەن و دەریا لە پشت دەریا، لە سەر دارستانەکان ئۆقرە دەگرن. دەبنە میوە و دەکەونە خوار، ڕێبواری ماندووی تەنیشت گشت دارەکان منم!

 

سڵاو، نوختەکانت پەڕاوێزێکن بۆ حەسانەوە!

 

سڵاو، ڕستەکانت سەنگەرن، هیچ گوللەیەک نایپێکێ!

 

سڵاو، منم!

 

دەهەم:

لە هێلکەی شەو دا ئۆقرەم گرتبوو، هێلکە شکا و پرسیارێک بەربینگی پێ گرتم. وەخت بوو بمخنکێنێ و تووڕم داتە ناو دەریای عەدەنەوە.

 

گیرفانم، باخەڵم و سەرشانم پڕی بوو لە وەڵام. دەستم جووڵەی نەدەکرد هەتا تاو دەمە یەکیان. قاچەکانم ماندوو بوون. پاش تاوێکی چۆلەکەچێرگ گەیشتە سەر شانم و گوتی:

 

«بێ قەزا بی لە پاریسەوە گەیمە لات بە هەڵەداوان».

 

گوتم: «بۆ؟»

 

گوتی: «چۆن ئەوەتا مێترۆکەی حەسەن ئاباد، یان سوار بە و هەتا پارکی دانشجوو بچۆ دەنا ئەوەتا کافە نادری دوو شەقاوە و بە پێیان بچۆ و قاوەیەک بخۆوە و سیگارێکیش داگیرسێنە تا بێیەوە سەر خۆ، لە پاشان هێز دێتەوە ناو شان و پیلت»

 

گوتم: «ئاخر ئەی ئەو هەموو درێل و ئاچار و دۆدی و بۆدییەی بە چەک کڕیومن چ لێ بکەم بێ بەڵا بی؟»

 

گوتی: «کوڕە بیانگێ و فڕێیان دە و دەستە چەکەکەشت بدڕێنە و فڕێی دە ناو زبڵدانەوە، چما ئەو سەگباب خێوانە چ گوویەکن؟ وەڵڵا مەگەر کیرت بگرن و زوڕنای پێ لێدەن»

 

گوتم: «واز بێنە با بگەڕێمەوە ناو هێلکەکەم»

 

گوتی: « نا نا، دوور بنواڕە، دوور بنواڕە، ئاسۆ ڕوونە»

 

یازدەهەم:

هەمووی شەش حەوتوو دەبوو لە خواردنەوەی قاوە و سیگارم تێپەڕ ببوو و تەختی جەمشیدم جێ هیشتبوو. مادام چێرگ نامەیەکی بۆ ناردبووم و نووسیبووی:

 

“پیاوێک هەیە باڵابارز، چوارشانە و گەلێک بە هەیبەت، بە شەودا پارێزەری خۆرە و بە ڕۆژدا تیشکەکان ڕێنوێنی دەکا. پیاوێک هەیە بێدەنگ! دەنگە دەنگی شاری لە گیرفانی خستووە و شەقامە و شەقام پڕ بە گەرووی وڵاتان دەیانقیژێنێ. پیاوێک هەیە لە ڕەگەزی با، ڕیشەی دەچتەوە سەر کەنارەکانی دەریا.”

 

نامەکەی مادام چێرگ گەیبوویە ناو سندووقی پۆست، لە پاش خوێندنەوەی بۆم نووسییەوە:

 

“بەڵێ، بەڵێ پیاوێک هەیە و دەیناسم! سەری لە سەر سەران و دەستی لە سەر بەردان، چاوەکانی دوو هەڵۆی تیژباڵە، هەنگاوەکانی ئاوەدانە ئاوەدان. گەلێک بە رۆحی من ئاشنایە ئاشنا.”

 

دوازدەهەم:

“دە هایێ، دە هایێ، شیوەن و خوێن و چ گۆڕ و گۆڕستانێ!”

تازەم دەست کردبوو بە چریکاندنی ئەو لاوکەی لە تەنیشت گۆڕستانی ئەرزروومێ. چی چۆلەکە هەبوون لێم کۆ وەبوون و تێکڕا دەیانقیژاند، دانەیەکیان “لەیدی بێرد” بوو، هاتە بن گوێم و گوتی:

 

“دە هایێ، دە هایێ؟ هایدە کوورا؟ بلیتێکم بۆ کڕیوی لە بۆ ستانبۆلێ یا ئانکارایێ؟”

 

گوتم «ئەی بێ بلیت دەبێ سوار بم؟»

 

گوتی: “نا نا، قەتارەکانی وێدەرێ پڕن لە سوڵتان، پڕن لە حەمید و پڕن لە چەکی ئاڵمانێ”

 

«کۆتایی»

 

پەڕاوێزەکان:

Danielle Steel

Naja Marie Aidt

 

بڵاوکردنەوە: