کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی

347
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕابەر تەڵعەت

لە سەردەمی جەنگی سارددا، هەموو هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاریی لە ڕژێم و سیستەمی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە شکستیان هێنا، وەک لە (هەنگاریا ١٩٥٦ و چیکۆسلۆڤاکیا ١٩٦٨). بایەخدان بە (کۆمەڵگای مەدەنی) و ڕێکخستن و سەرهەڵدانی بەشداریکردنی مەدەنی، تۆڕبەندی و نێتۆرکی نێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکان، وەک (بزووتنەوەی سۆڵیداریتی) لە پۆڵەندا، هاوکات بە پشتبەستن بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بانگەواز بۆ بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەتایبەت لە بارودۆخی ئەوکاتی جەنگی سارددا؛ بووە هۆی ئەوەی ئەم گروپانە بتوانن: یەکەم/ فەزای ترس و تۆقاندن لە سیستەمی کۆمۆنیزم بشکێنن. دووم/ فەزایەکی سیاسی دروست بکەن بۆ چالاکی مەدەنی و ناڕەزایی و بانگەشە بۆ کرانەوە، کە بووە پاڵنەری ڕێکەوتننامەی هێڵسنکی ١٩٧٥ بۆ پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییەکان و هاوکاری مەدەنی لەنێوان رۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەوروپادا.

لە دەیەی هەشتاکان بەدواوە، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر تێگەیشتنی ئەوروپییەکاندا هات بۆ کۆمەڵگای مەدەنی. گروپەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە هێزی خۆیان لە میانەی بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنن. لەبری ئەوەی ڕووی داواکانیان لە حکومەتەکانی خۆیان بێ، ڕوو لە هێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی بۆ چاکسازیی و ڕیفۆرم. ئەمەش بووە هۆی لەدایکبوونی پارادایمێکی نوێ لە مێژووی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکاندا و وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ ناسرا.

دەرکەوتنی تۆڕی چالاکوانانی نێودەوڵەتی لە نەوەدەکاندا، بەتایبەت لە بواری بەهاناوەچوونی مرۆییدا، کاریگەریی بەرچاویان هەبوو لە باشترکردنی ڕەوشی حوکمڕانی جیهان. ئەوانە بوونە هۆی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی لە زۆر کەیسی مرۆیی و سیاسیدا؛ وەک بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستانی باشور لەدوای کۆڕەوە ملیۆنیەکەی ١٩٩١، بەهاناوەچوونی خەڵک و لێقەوماوانی کۆسۆڤۆ و توندوتیژییەکانی بەڵکان. هەروەها چەندین کەیسی دیکەی مرۆیی لە ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین.

دوای ١١ ی سێبتەمبەر؛ هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هات. دژایەتیکردنی تیرۆر و بەگژداچوونەوەی سەربازی بوو بە بژاردەی یەکەمی زلهێزەکان بەتایبەت ئەمریکا. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، چ وەک مۆڵگەی تیرۆر و چ وەک ژینگەی دیکتاتۆرەکان، بووە چەقی زۆربەی پڕۆسە سەربازیی و داگیرکارییەکانی بیست ساڵی ڕابردووی جەنگ لە دژی تیرۆر. لەبەرامبەردا هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ بە ئاراستەی کرانەوە و بەدیموکراسیکردن ڕووینەداوە، توندوتیژی و جەنگی ناوخۆیی و لێکدوورکەوتنەوەی ناسنامە و سیاسەتی ناسنامە   Identity Politic بوون بە گوتار و سیاسەتی سەردەست لە وڵاتانی دوای تیرۆر یان دیکتاتۆر، وەک عێراق و سوریا و یەمەن و…هتد.

ئێستا عێراق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لەبەردەم قەیرانی حوکمڕانی و ئاشتی و سەقامگیریدان، دەپرسین: ئایا کۆمەڵگای مەدەنی، یان چالاکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەتوانن دەوڵەتان ڕازی بکەن تا سیاسەت و چوارچێوەیەکی فرەلایەنی بەدیل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتی حوکمڕانی عێراق و هاوشێوەکانی، تیرۆر و هەژاری بگرنەبەر؟ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ٦٨٧ ساڵی ١٩٩١ بە دژی عێراق گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوشێوە بوو کە پێشتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا جێبەجێکرابوو، بۆ پاراستنی عێراقییەکان و دراوسێکانی عێراق و بەگژداچوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژیی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئێستا کە عێراق بانگەشەی سیستەمی دیموکراسی دوای بەعس دەکات؛ لەکاتی بوونی ڕاپەڕین و ناڕەزایی جەماوەریی بەدژی ئەو سیستەمەی ئێستا، کە لە ٢٠١٦ بە پچڕ پچڕی دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لە گەشەکردندایە، کێ عێراقییەکان دەپارێزێ؟

ئەنجام؛ وەدیهاتنی کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، وەک چالاکێکی نێودەوڵەتی کە بتوانێ پارێزگاریی لە ئاشتی جیهانی و شکۆمەندی مرۆڤ بکات؛ لە ڕووی پراکتیکیەوە کارێکی ئەستەمە. چونکە کۆمەڵگای مەدەنی ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکانە، لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی زلهێز بەتایبەت، لە ئیدارەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەردەم بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە. لەپاڵ ئەوەشدا، ڕەشبینی چارەسەر نییە! هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە مەترسیدارەی ئێستا نابینم جگە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک یاسای جیهانی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی دەوڵەتان، بۆ پاراستنی خەڵک و کەمکردنەوەی قوربانییەکانی توندوتیژیی. دەبێت ڕێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهانیدا، هەروەک چۆن بیرمەندانی سەرەتای مۆدێرنە کۆمەڵگای مەدەنییان وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ئاستی ناوخۆییدا پێشنیار دەکرد.

 

بڵاوکردنەوە: