لیۆن ترۆتسکی و تیۆری شۆڕشی بەردەوام

1423
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئاسۆس ساڵح

لیۆن ترۆتسکی یەکێکە لە فیگۆرە شۆڕشگێڕەکانی سەتەی ڕابردوو، لە پاڵ “لینین”دا وەک سیمبولێکی شۆڕشگێڕیی بۆ مارکسیست و هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکاندا ماوەتەوە. بە پێچەوانەی هەموو سەرکردەکانی تری یەکێتی سۆڤیەت بەتایبەتیش جۆزێف ستالین، ترۆتسکی خۆشەویستر و جێگەی بایەخترە لەلای چەپەکان. ئێستا ڕێکخراو و بزوتنەوە چەپەکان، کرێکار و زەحمەتکێشان بۆ هزر و تێڕامانەکانی ترۆتسکی دەگەڕێنەوە لەمەڕ شۆڕش و سۆسیالیزم. ئەم شۆڕشگێرە مارکسیستە لە هەرە سەرکردە بەرجەستەکانی سەتەی بیستەم بوو، جگە لەوەی گوتاربێژ و بیرمەند بوو لە مەیدانی تیۆریی و پراکتیکییشدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، وەک سەرکردە و ڕێکخەری بنچینەیی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧ دادەندرێت. هەروەها، ئەندازیاری ڕکخستن و سەرکەوتنی سوپای سوورە لە جەنگی ناوخۆدا.

لیۆن ترۆتسکی، ناوە ڕاستەقینەکەی ”لیڤ داڤیدۆڤیچ بڕۆنیشتاین”ـە لە سالی ١٨٧٩ لە دایکبووە. شەست و یەک ساڵی تەمەنی لە دەربەدەریی و شۆڕشگێریی بەڕێکرد. ”ترۆتسکی زۆر بە توندی دژایەتی ستالینی دەکرد بە گۆڕهەڵکەنی شۆڕشی ناوزەد دەکرد. هەر بۆیە ترۆتسکی لە ڕوسیا دوورخرایەوە. لە پاش ئەوەی بۆ چەند وڵات دەربەدەر کرا، لە کۆتاییدا لە وڵاتی مەکسیک لە ساڵی ١٩٤٠ لەلاین دەزگا سیخوییەکانی ستالینەوە تیرۆرکرا.” (مایک گۆنزالێس – ئیسەم کۆنار، ٢٠١٦؛ ل٨٨) هزر و تێڕامانەکانی ترۆتسکی بۆ ئەمڕۆ گرینگی زۆری هەیە، بەتایبەت تیۆری ”شۆڕشی بەردەوام”، تیۆرێکی درەوشاوە و جێگەی بایەخە بۆ گروپ و ڕەوتە شۆڕشگێرەکان بەتایبەتتر بۆ وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان، کە زۆر جار ئەو وڵاتانە بە جیهانی سێیەم ناو دەبرێن.

لە بارەی مانای شۆڕشەوە ترۆتسکی دەڵێت: ”شۆڕش واتا گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتیی. (شۆڕش) دەسهەڵات لە چینێکەوە کە خۆی لەناوبردووە دەگوازێتەوە بۆ چینێکی دیکە کە ڕووی لە سەرهەڵدان و دەرکەوتنە. ڕاپەڕینی چەکدارانە توندترین و قەیراناویترین ساتە لە خەباتی دوو چیندا بۆ دەستوەرگرتنی دەسهەڵات. ڕاپەڕینی چەکدارانە تەنها کاتێک دەتوانێت بگات بە سەرکەوتنی ڕاستەقینەیی شۆڕش و سیستەممێکی نوێ دابمەزرێنیت، کە لە لایەن چینێکی پێشکەوتنخوازەوە ڕابەرایەتی بکرێت. ئەو چینەی بتوانێت زۆرینەی گەورەی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.” (لیۆن ترۆتسکی، ٢٠١٨؛ ل١٤) ئەمە تێگەیشتنی ترۆتسکییە لە مەڕ مانای شۆڕش کە پێی وایە شۆڕش دەبێت ڕادیکاڵانە بێت و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگە بکات، ئەمەش تەنها بە چینێک دەکرێت کە توانای لە خۆگرتنی زۆرینەی خەڵکی هەبێت، بە پێیتێگەیشتنی ئەو تەنها چینی کرێکار دەتوانێت ئەم سەرکرداییەتیی و پێشڕەویییە بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکات. بەڵام شۆڕش پێویستە بەردەوام بێت و نەوەستێت، ئەگینا دژەشۆڕش بەرهەم دێت و کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەباتەوە. هەروەک تۆتسکی دەڵێت: ”هەمیشە شۆڕشگێڕەکان لە مێژوودا دژە-شۆڕش بەدوای خۆیاندا دەهێنن. هەمیشە دژە-شۆڕشەکانیش کۆمەڵگە دەگەڕێننەوە بۆ دواوە، بەڵام نەک هێندە بۆ دواوە کە خاڵی دەستپێکی شۆڕشەکە بووە.” (ئالان ودس – ڕۆب سیوێڵ، ٢٠١٥؛ ل٥٣) لێڕەدا ترۆتسکی مەبەستییەتی بڵێت کە بەردەوامیدان بەشۆڕش تایبەتمەندێکی سەرەکی شۆڕشە بۆ سەرکەوتن، بۆ ئەوەی دژە شۆڕشگێرەکان دروست نەبن دەبێت ڕێگریی لە دەسهەڵاتی بیۆکراتیی بکرێت و هێز و دەسهەڵات لە لایەن کەمینەیەکەوە بەڕێوە نەبرێت تاوەکوو سەر نەکێشت بۆ دیکتاتۆرییەتی کەمینەیەکی دەستهەڵاتدار بەسەر زۆرینەی خەڵک، هەروەک ستالین کردی و دەسهەڵاتی خۆی بەسەر حیزب و چینی کرێکار و یەکێتی سۆڤیەتدا چەسپاند. هەر ئەمەش وایکرد ترۆتسکی دژی ستالینیزم بوەستێتەوە، چونکە ستالین بەتێڕامانێکی جیاوازەوە لە مەسەلەی شۆڕشی دەڕوانی و ڕوسیای لە دەوڵەتی کرێکارییەوە گۆڕی بۆ سەرمایەداریی دەوڵەتیی، سۆسیالیزمی تاک وڵاتیی چەسپاند.

تیۆری شۆڕشی بەردەوام لەلایەن ترۆتسکییەوە داندراوە، کە ململانێی ئایدۆلۆژیی و چینایەتیی گەیشتبووە ئەوپەڕی خۆی، ترۆتسکی ئاماژەی بەوەداوە کە لە ڕێگەی شۆڕشی بەردەوام ئەو وڵاتانەی لە گەشەی خۆیان دواکەوتوون، یاخود لە ژێر چەپۆکی کۆڵۆنیاڵ و ئیمپریالیزمدان دەتوانن بگەن بە سۆسیالیزم و کرێکاران پێشڕەویی بکەن بۆ سەرخستنی شۆڕش لەم وڵاتانەدا. ئەو پێیوا بوو ”جوتیاران بەهۆی پەرتەوازەییانەوە، بەهۆی دواکەوتوویی سیاسییانەوە، بەتایبەت پارادۆکسییە ناوەکییە قوڵەکانیانەوە، کە لە نێو چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا محاڵە چارەسەر بکرێت، تەنها دەتوان چەند لێدانێکی بەهێز لە پشتە سەری ڕژێم بدەن وەک ڕاپەڕینە خۆڕسکەکانی ناوچە گوندنشینەکان لەلایەکەوە، لە لایەکی دیکەوە دروستکردنی ناڕەزایەتیی و بێزاریی لە ناو سوپادا” (ئەلێکس کالینیکۆس ٢٠١٦؛ ل١٦) هەروەها لە کتێبی ”بەرگریکردن لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر” لە بارەی تیۆری شۆڕشی بەردەوام و شۆڕشی ڕووسا دەڵیت: ”بەم جۆرە مەتەڵی ڕاپەرینی پرۆلیتاریی لە وڵاتێکدا کە لە ڕوانگەی مێژووییەوە دواکەوتووە، خێمەی ناڕوونیی خۆی دەدڕێنێت. مارکسیستە شۆڕشگێرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پێش ڕووداوەکان پێشبینیی پێشرەوایەتیی شۆڕش و ڕۆلی مێژوویی پرۆلیتاریای لاوی ڕوسییان کردبوو. ڕەنگە بتوانم ئەو دەربڕینەی لە نووسینەکەی ساڵی ١٩٠٥ ی خۆمدا (مەبەست کتێبی ئاسۆکان و دەرەنجامەکانە) باسم کردووە، لێرەدا دووبارەی بکەمەوە: ”لە وڵاتێکدا کە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە دواکەوتووە، پرۆلیتاریا دەتوانێت زووتر لە وڵاتێکی سەرمایەداریی پێشکەوتوو بگاتە دەسەڵات”…” (لیۆن ترۆتسکی، ٢٠١٨؛ ل٤١-٤٢) هەرەرها، ترۆتسکی لە وتارێکیدا بەناوی ”شۆڕشی بەردەوام چییە؟” ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر تیۆرەکەی دەدات و دەنوسێت: ” مانای بیرۆکه‌ی شۆرشی به‌رده‌وام بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی که گه‌شه‌ی بۆرژوازیه‌ت تیایاندا دواکه‌وتوه، به تایبه‌ت کۆلۆنیال و نیمچه کۆلۆنیاله‌کان چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ و ته‌واو بۆ مه‌هامه دیموکراتییه‌کان و مه‌هامی ڕزگاری نه‌ته‌وایه‌تی تیایدا ناتوانرێ بێته دی ته‌نھا به دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا نه‌بێت، که‌وا پێشره‌وایه‌تی گه‌لی ژێرده‌ست ده‌کات، وه‌به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت جه‌ماوه‌ره جوتیاریه‌که‌ی.” (لیۆن ترۆتسکی، ٢٠١٩)

مارکسیستی شۆڕشگێر ”تۆنی کلیف” توخمە سەرەکییەکانی تیۆری ”شۆڕشی بەردەوام”ـی لیۆن ترۆتسکی لە شەش خاڵدا کۆکردووەتەوە کە ئەمانەن:

”١/ بۆرژوازییەک دوای شۆڕش دێتە گۆڕەپانەکەوە کە بەشێوەیەکی ریشەیی جیاوازە لەگەڵ پێشووی خۆیدا و لە ڕووی پێشکەوتنەوە دوو سەدە لە پێشترە. بەڵام بێ توانایە لە خستنە ڕووی چارەسەرێکی ریشەدار و دیموکراتی و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو زولم و ستەمەی دەرەبەگایەتی و ئیمپریالیزم ناویانەتەوە . بێ توانایە لە بارەی تێکشکاندنی سەرتاپای رژێمی دەرەبەگایەتی و بەدیهێنانی سەربەخۆییەکی نیشتمانی راستەقینە و بەرپاکردنی دیموکراتیەتێکی سیاسی. ئەوان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بن یاخود لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا بە شۆرشگێڕ لە قەڵەم دراون، بەڵام بە شێوەیەکی رەها هێزێکی خۆپارێزن.

٢/ ئەرکی سەرەکی بینینی رۆڵی شۆڕشگێرانە دەکەوێتە ئەستۆی پڕۆلیتاریاوە، هەرچەندە ئەو ئەو پرۆلیتاریایە لاو بێت یاخود ژمارەکەی کەم بێت.

٣/ جووتیاران لەبەر ئەوەی ناتوانن کرداری سەربەخۆ بنوێنن بە ناچاری دوای ئەو بزووتنەوانە دەکەون کە لە شارەکاندا سەرهەڵدەدەن و لە بەر ئەوە پێویستە پەیوەست بن بە رابەرایەتی پڕۆلیتاریای پیشەسازییەوە.

٤/ چارەسەرە بنەڕەتییەکانی مەسەلەی وەک: چاکسازی زەوی ، نیشتمان و کۆتایهێنان بە ئەو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و دەروونیانەی – کە رێگری لە پێشکەوتنی ئابووری دەکەن، بەناچاری پێویستی تێپەڕاندنی سنوورەکانی خاوەندارێـی تایبەتی بۆرژوازی دێنێـە ئاراوە. شۆڕشی دیموکراتی بەرە بەرە گەشە دەکات بەرەو شۆڕشێکی سۆسیالیستی . بەمەش دەبێتە شۆڕشێکی بەردەوام.

٥/ تەواو کردنی شۆڕشی سۆسیالیستی “کە هەرگیز لە سنوورەکانی نیشتمانێکدا نایەتەدی و بەمەش شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئاستێکی تازە و فراوانتری وشەکەدا دەبێتـە شۆڕێکی بەردەوام و تەنها بە سەرکەوتنی یەکجارەکی و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە سەرتاسەری زەمیندا بەکامڵبوونی خۆی دەگات”. ئەوپەڕی دواکەووتویی و بیرتەسکی یە هەوڵ بدرێت “سۆسیالیزم لە یەک وڵات” بهێنرێتە دی.

٦/ لە کۆتاییدا، شۆڕشی وڵاتە دواکەوتووەکان دەبێتە هۆی بەگوڕخستنی شۆڕش لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا.” (تۆنی کلێف، ٢٠١٩)

ئەمەی سەرەوە کورتەیەک بوو لە سەر ترۆتسکی و تیۆری شۆشی بەردەوام، ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئەوەیە، ترۆتسکی وەک سیمبول و زەرورەتێکی شۆڕشگێریییە بۆ چینی چەوساوەی کرێکاران و ڕەنجدەران، لە سەتەی بیست و یەکدا کە جیهانگیریی نیولیبرالیزم تەنگی بە زۆربەی گەلان و چینی چەوساوە هەڵچنیوە شۆڕش وەک زەروورەت خۆی نیشان دەدات زۆربەی ئەو وڵاتانەی بە جیهانی سێیەم ناو دەبرێن هەموو ڕۆژێک تارمایی شۆڕش خۆی نیشانی کاپیتالیزم و بۆرژوازیی دەدات، عێڕاق و کوردستانیش بەدەرنین لەو وڵاتانەی کە ناڕەزاییەتیی و خۆپیشاندانی جەماوەریی تێیدا غیاب نییە، بۆیە گەڕانەوە بۆ تیۆری شۆڕشی بەردەوام گرینگە بۆ ئەوەی تێبگەین ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەش دەتوانن بە پێشڕەوایەتیی چینی پرۆلیتاریا بگەن بە سۆسیالیزم. بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێوستی بە خۆرێکخستنی چینی کرێکارە، هەروەک ترۆتسکی دەڵیت: ”بەبێ ڕێنمایی ڕێکخراوێک وزەی جەماوەر بە با دەچێت.” تێڕاونینی ئەو بەرامبەر حیزبی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست جیاوازە و بڕوای تەواوی بە حیزبێکی شۆڕشگێر هەیە کە بتوانێت چینی کرێکاران بگەیێنێتە دەسهەڵات. لە بارەی گرتنە دەستی دەسهەڵاتیش لە لایەن پرۆلیتاریاوە دەڵیت: ”دکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا که ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست وه‌ك هێزێکی سه‌رکردایه‌تی شۆرشی دیموکراتی، به دڵنیاییه‌وه به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و خێرا رووبه‌رووی هه‌ندێ تێکشکاندنی قووڵ ده‌بێته‌وه له یاسای خاوه‌ندارێتی بۆرژوازی، شۆرشی دیموکراتی، له کاتی گه‌شه‌کردنیدا راسته‌وخۆ ده‌گۆرێت بۆ شۆرشێکی سۆسیالیستی و پاشان ده‌بێته شۆرشێکی به‌رده‌وام.” (لیۆن ترۆتسکی، ٢٠١٩) بەپێی ئەم تێگەیشتنە بە گرتنە دەستی دەسهەڵای لەلایەن پرۆلیتاریاوە، شۆڕش کۆتایی نایەت بەڵکو واڵای دەکات و بەردەوامیی پێدەدات، تاوەکوو بپەڕێتەوە بۆ وڵاتانیدیکەش و لە دەوڵەتێک و نەتەوەک نەوەستێت، چونکە دەوڵەت نەتەوە بەدەر لەوە کێشەی زۆری چەوسانەوەی هەیە داهێنەرەکەشی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریییە، ئەگەر بێت و نەشپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی تر سۆسیالیزم لە تاکە وڵاتێک تووشی تەگەر و بەربەستی زۆر دەبێتەوە. هەر بۆیە دەبێیت شۆڕش بەدەوام بێت و لە شوێنێک قەتیس نەبێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی سەرچاوە:

_ کۆمەڵێک نووسەر، ئاشنابوون بە ترۆتسکی، و/ پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی سلێمانی.

_ لیۆن ترۆتسکی، بەرگریکردن لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر، و/ پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم ٢٠١٨، چاپخانەی سارا.

_ ئالان ودس – ڕۆب سیوێل، ماتریالیزمی مێژوویی، و/ کارزان عەزیز، چاپی یەکەم ٢٠١٥، چاپخانەی تاران – پەنجەرە.

_ مایک گۆنزالێس – ئیسەم کۆنار، کارڵ مارکس و لیۆن ترۆتسکی، و/ بابان ئەنوەر، چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی دلێر.

_ لیۆن ترۆتسکی (٤/١٠/٢٠١٩)، شۆڕشی بەردەوام چییە؟، و/ ئاسۆ شابان، سۆسیالیزمی شۆڕشگێر، ١٢/ ١٢/ ٢٠٢٠.

_ تۆنی کلێف (١١/١١/٢٠١٩)، توخمە سەرەکییەکانی شۆڕشی بەدەوام، و/ ئازاد ئارمان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی، ١٢/١٢/٢٠٢٠

بڵاوکردنەوە: