کێشەی ئۆکرانیا
نووسینی: خالیدی حاجی ئهحمهد
ساڵێک بەسەر پەلامارەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیادا تێپەڕی و هێشتا تروسکایی چارەسەر لە ئاسۆدا دیار نییە. وەک زۆر دیاردە و ڕووداوی تر، لەم بابەتەشدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەی یەکەم وڵاتانی ڕۆژئاوا و دونیای ژێر هەیمەنەی ناتۆو وڵاتە دیموکراسیی و نیمچە دیموکراسییەکانە. ئەم بەرەیە بەرگرییەکی سەرسەختانە لە ئۆکرانیا دەکەن و ڕوسیا بە دەستدرێژیکەر بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەریی و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانن. بەرەی دووەم ڕوسیا و ئەو وڵاتانەن کە بە پلەی یەکەم دژ بە هەیمەنەی ناتۆ و ئەمریکان لە جیهاندا و لە هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند جەمسەریدان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. گرنگ نییە بەلایانەوە ڕوسیا دیموکراتیی نییە. ئەرگومێنتی لەپێشینەی ئەم بەرەیە ئەوەیە: کە نەدەبووایە ئۆکرانیا هەوڵی بەئەندامبوونی بدایە لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا و لەبەرانبەردا مەترسییەکانی ڕوسیای لەبەرچاو بگرتایە.
دەکرێ بڵێین: ڕیشەی کێشەکان بە پلەی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەتەکان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت و پەیمانی وارشۆ بەگشتیی. دواتریش هەوڵی ڕوسیا بۆ گەیشتنەوە بە ئاست و گەورەیی سۆڤییەت و گەڕانەوە بۆ دووجەمسەریی کە تێیدا ڕوسیا سەرۆکایەتی جەمسەرێک بکات.
بەکورتی دوای ڕووخانی سۆڤییەت، سێ تێڕوانینی جیاواز، بۆ ئایندەی ئەوروپا لە کایەدا بوو:
١- ئەمریکییەکان دەیانویست ڕاکێشانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بۆ ناو (ناتۆ)، کە لەژێر هەیمەنەی خۆیدایە، ڕوسیا کەنار بخەن و لە هەمانکاتدا ڕێگر بن لە ڕەوتی یەکێتی ئەورووپا بۆ دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپیی کە لە ئاییندەدا کێبەڕکێی ئەمریکا و چین بکەن.
٢- بۆچوونی ئەوروپییەکان خۆی لەوەدا دەبینییەوە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا پەیوەست بن بە یەکێتی ئەورووپاوە بێ ئەوەی ناچار بن ببنە بەشێک لە ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانویست پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕوسیادا هەبێت.
٣- لەبەرانبەردا ڕوسەکان دەیانویست بازاڕێکی گەورەتری (ئێرۆ – ئاسیایی) بێتە ئاراوە کە وڵاتانی سەربەخۆبووی سۆڤییەتی کۆن لە ئاسیا و قەوقازدا لەخۆ بگرێت، کە بێگومان دەیتوانی خۆی ڕۆڵێکی گەورەی تێدا دەستەبەر بکات.
قەیرانی ئابووری ٢٠٠٨ لە ڕۆژئاوادا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە جیهاندا، بەهاری عەرەبی و دەرچوونی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وا دەخوێندرایەوە زۆرینەی ڕووداوەکان لە خزمەتی ڕوسیادان. بەڵام پێنەگەیشتنی دیموکراسییە ڕوسییەکە، ڕێگر بوو لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پۆتین وەک ئەردۆغان و زۆرینەی سەرکردە دیکتاتۆرەکان کەوتە ئاڵوگۆری یاسا و ڕێساکان لەبەرژەوەندی کەسیی خۆیدا. خۆی و دارودەستەکەی قۆرغی داهاتی وڵاتەکەیان کرد و ڕێگر بوون لەوەی ڕوسیا بتوانێت شانبەشانی کڵاوە ئەتومییەکانی هێزێکی ئابووری نەرم پێکبهێنێت کە لە دونیای پڕ لە کێشمەکێشمی ئەمڕۆدا توانای هەندێک مانۆڕی سیاسیی پێ ببەخشێ. لێرەوە پۆتین وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر پێویستی بە شەڕێکی دەرەکی بوو تا ڕەوایی بدات بە درێژەدان بە فەرمانڕەوایەتییەکەی. لە٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دا ڕوسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا. سەرەتا پۆتین هێرشەکەی بە کردەیەکی کاتی و دیاریکراو ناوزەد کرد و لەو باوەڕەدا بوو لەماوەیەکی کەمدا سوپای ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە دەدا و خۆپیشاندان و پشێوی سەرتاپای ئۆکرانیا دەگرێتەوە، حکوومەتەکەی زیلینسکی دەڕووخێت و حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان دێننە ئاراوە. بەڵام بەپێچەوانەوە ڕوسیا پەلکێشی جەنگێک کرا کە ئەوسەری دیار نییە، لەم جەنگەدا پێگە گەڕایەوە بۆ دەزگا جاسوسی و نهێنگیرییەکانی ڕۆژئاوا و ئەورووپا نوزەی دژ بە ئەمریکای تێدا نەما و پەیوەندی نێوخۆیی ئەورووپاش بەهێزتر بووەوە.
جیهانێکی سێ جەمسەریی
جەنگی ئۆکرانیا، دیاردەیەکی نوێی پێ ئاشناکردین کە سەرتاپای مێژوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو داگیر دەکات: ئەویش ئینتەرنێتە. هەر بۆ خۆشی جەمسەرێکی گەورە و بەهێز دەبێت لەگەڵ دونیا دوو جەمسەرییەکەدا کە پێی ئاشناین. ڕوسیا وەک هێزێکی باڵادەستی باو، لە چەند کاتژمێرێکدا کۆی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیای لەناوبرد. بەڵام هەموو چەند سەعاتێکیشی نەخایاند تا (ستار لینکێکی) بۆ کرایەوە و ئینتەرنێتەکەی کەوتەوە سەرپێ و ئێستا بە تەکنۆلۆژیایەکی بەرز، کۆی پەیوەندییە سەربازی و ئابووری و مەدەنییەکانی ئۆکرانیا پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوە و چیتر باسێک لە (فاکس و تەلەفۆن و جیهازی ڕاکال) لە کایەدا نییە. لەلایەکی ترەوە ئینتەرنێت: یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئابووری ئۆکرانیا بوو بەشێوازێک کە کۆی بانکەکان و دارایی وڵاتەکە لەم ڕێگەیەوە لە گەڕدایە و دراوی دیجیتاڵیی پانتاییەکی زۆری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئۆکرانیا دەستەبەر کردووە. هەر چی گرووپە هاککەرەکانە کە سەرەتا وا دەبینرا ڕوسیا باڵادەست بێت تێیدا، پێچەوانە بووەوە و بەتایبەت گروپی (ئەنۆنیمەس) تەنگیان بە ڕوسیا هەڵچنیوە و هەر ڕۆژەو لە شارێک وەزارەتێک یان دایەرەی دابەشکردنی ئاو یان بانکێکیان، یاخود زانکۆیەک کارەکانی ڕادەگیرێت. هەر وەک چۆن ئێمە ئاشناین بە وشەی (ستیزن_ کە بە مانای هاووڵاتی دێت)، لە ئێستا بە دواوە لە بەردەم کۆمەڵگایەکی نوێداین کە (نێتزن _ واتە هاووڵاتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) دەناسرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە هاوبەشە ڕوسەکانیشەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی پۆتیندا نین. بێگومان هێزی ئاگرینی ڕوسیا بەهێزە و تا دەیان ساڵی تریش بە بەهێزی دەمێنێتەوە. تائێستا زیاتر لە 13 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارە بوون. سەدان هەزار سەربازی ڕوسی و ئۆکرانی کوژراون، سەرباری ئەوەی باس لە کوشتنی 15 هەزار سڤیل دەکرێت. ڕوسیا دەتوانێت ئۆکرانیا لە بن بێنێت، بەڵام بە بردنەوەیشی هەر دۆڕاوە.